پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لەڕروانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، دە ژمارەی لە پەیڕەوەکانی هەڵبژاردنەکەی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و رۆشنبیریی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا و هاوکات هاندانێکیش بێت بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەوەی لەمەودوا گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدات لە بڵاوکراوەکانی خۆیدا. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرمەبنای چێوەی یاسایی هەڵبژاردنەکە و بە مەبەستی رێکخستن و رووماڵکردنی رەهەندەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ژمارەیەک پەیڕەوی تایبەت بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری و هاوبەشەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەرچوواندووە. وا بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژدە بازنەی هەڵبژاردن (پارێزگا)دا بەڕێوەبچێت بە سیستمی هەڵبژاردنی لیستی کراوەی نوێنەرایەتی رێژەیی و کردەی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی بە شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەبێت بە پلەی (1,7). بۆ زانیارى زیاتر لەسەر ئەم بایەتە سەردانى ئەم ئەم لینکە بکە... https://kielection.wordpress.com/2025/07/31/%d9%be%db%95%db%8c%d9%85%d8%a7%d9%86%da%af%db%95-%d9%be%db%95%db%8c%da%95%db%95%d9%88%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%a6%db%95%d9%86%d8%ac%d9%88%d9%85%db%95%d9%86%db%8c-%da%a9%db%86%d9%85%d8%b3/
پۆلیسى سلێمانى بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێک خۆى رادەستى هێزەکانى پۆلیس کردووە، کە هەستاوە بە کوشتنى خوشکەکەى خۆى. ڕووداوەکە نیوەڕۆى ئەمڕۆ گەڕەكی شێخ عەبدولقادرى چوێسە لەشاری سلێمانی روویدا و بە گوێرەى قسەى کەسە نزیکەکانى، ئەو ژنەى کوژراوە، کارمەندى هێزێکى ئەمنى بووە لە هەولێر دەوامى کردووە دەقى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیس.. لەسەر دۆسیەی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، تۆمەتبارێك خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاگادار كرایەوە لە بوونی ڕوداوێكی كوشتن لە گەڕەكی شێخ عبدالقادری چوێسە لەشاری سلێمانی ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشف و هێڵكاری شانۆی تاوان ئەنجامدرا. بەبڕیاری بەڕێز دادوەر هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ، پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار ، سەرئەنجام تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد . لە ئێستادا تۆمەتبار ( ت ، س ،أ ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەتۆمەتی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
ستیڤ ویتکۆف نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، بزووتنەوەى حەماس بۆ دانانی چەک نەرمیی نواندووە و نەتانیاهۆش پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە. رۆژنامەى “هائارتس”ـی ئیسرائیلی لە زاری ستیڤ ویتکۆف بڵاویکردووەتەوە، لەئێستادا پلانیان هەیە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بهێنن، دەشڵێت، حەماس لەبارەى پرسى چەکدانانەوە نەرمى نواندووە. نێردەکەى ئەمریکا باسى لەوەشکردووە، ئامانجیانە لە یەک رێککەوتندا تەواوى بارمتەکان ئازاد بکرێن و تا ئەوکارەش نەکرێت سەرکەوتن بوونى نابێت. هەروەها ویتکۆف ئەوەشى ئاشکراکردووە، هەوڵێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەیاندنى هاوکاریییە مرۆییەکان بۆ کەرتى غەزە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە زیادی کرد: دانوستانەکان وەستاون و لە دوای کشانەوەی شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە وەستاون. ڕۆژنامەکە هەروەها لە زاری نێوەندگرانەوە ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان هێشتا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی حەماس کە "پێشکەوتنی بەدەست هاتووی خاوکردەوە". لاى خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێن: سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکان، شانۆگەرییەکى پێشوەختە بوو. ئامانجی سەردانەکە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پۆلیشکردنی وێنەی داگیرکاری و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆ شاردنەوەى برسێتیەکەی بوو، ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تاوانی برسێتی و جینۆساید. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، حەماس "هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دانوستان" لەسەر شەڕی کەرتی غەززە. ڕۆژنامەکە لە زاری ویتکۆڤەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەبیب لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلییەکان، ڕایگەیاندووە "برسێتی لە غەززەدا نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "پلانەکە فراوانکردنی شەڕەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو شەڕە". ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەبێت گفتوگۆکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان چڕبکرێنەوە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ویتکۆڤ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بنەماڵەی دیلەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب وتی: بەبێ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت. جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت شەڕی غەززە فراوانتر بکات، هەروەها هەمووان دەیانەوێت کۆتایی پێبێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "گوشارێک هەیە بۆئەوەی پەلە بکرێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچە." شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەبێ بڕیاری دادگەی فیدراڵی مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، "دەبێت مووچەکانی مانگەکانی شەش و حەوتیش خەرجبکرێت." بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دروستبوونی هەر گرفتێک بۆ مووچە "سیاسییە" و لەبارەی رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەکو خۆی." شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشى وت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی بەغدادی ئاگاداركردووە كە ئامادەیە نەوت رادەستبكات. ئەوەش دەخاتەڕوو ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا كۆبوونەوەمان هەبوو، ئەوانیش پێیانوایە چیتر نابێت حكومەتی فیدراڵی موماتەڵە بەم بابەتەوە بكات، فشارێك هەیە بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە هەناردەكردنەوەی نەوت و خەرجكردنی موچەی هەردوو مانگەكە. لەسەرەتاوە هیچ بیانوویەك نەبووە بۆ بڕینی موچە، ئەوەی كە هەبووە سیاسییە، ئێستاش سیاسییە، ئەگەر بەبیرتان بێت ئەیانوت دادوەرەكانی دادگای فیدراڵی لێرە نین، دەبێت دادگای فیدراڵی پێمان بڵێ لە دەرەوەی یاسا چی بكەین! كەچی بەبێ دادوەرەكانیش موچەی مانگی پێنجیان نارد. حكومەتی عێراق خۆیان سەیری بەرهەمی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، خۆیان ئەزانن چ گروپێك كێڵگەكانی هەرێمی كردوەتە ئامانج.. ئێمەش ناوی ئەو گروپانەمان بە وردەكارییەوە لایە، بۆیە موحاسەبەی ئەوان بكەن نەك خەڵكی كوردستان. بۆ ئەم قۆناغە چەنێك نەوت هەبێت هەرێمی كوردستان ئەوەندە رادەست دەكات. هەندێك یاسا هەیە بۆ توێژێكی دیاریكراوە، بەڵام زیانەكەی بۆ هەموو عێراقە، ئەم پەیامە سوننەو شیعەكانیش لێی تێگەیشتوون. دەرچواندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی مەترسی گەورە دروست دەكات لەسەر عێراق و پەیامی لایەنی تریش لەسەر ئەم بابەتە روونە، بۆیە ئێمە پێمان وایە كاتی ئەوە نییە ئەم یاسایە دەرچێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی ئەدیرنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای ئاشتی و یەکسانیی بۆ تورکیا کرد. دەمیترتاش دەڵێت، جگە لە چەکدانان هیچ رێگەیەکی دیکە نیە بۆ ئاشتی لە تورکیا. عومەر فاروق پەرلەمانتاری دەم پارتی دوای سەردانی بۆ زیندان و چاوپێکەوتنی دەمیرتاش، پەیامەکەی لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی هەمووان بە بێ ماندووبوون بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ دادپەروەری راستەقینە، یەکسانی و دیموکراسی و بەردەوام دەبین لە گوتنەوەی ئاشتی. دەمیرتاش هیوای داهاتوویەکی باشتری بۆ تورکیا خواستووە و گوتوویەتی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا هیواخوازە، بە ئاشتی لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا بکرێتەوە و زەمینەیەکی زۆر بەهێزتر بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی رووناک پێکەوە دروستبێت.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. کەجەکە قووربانیانی کۆمەڵکووژی ٣ـی ئابـی بە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکووژی، هاوکات بەرخۆدانی گەلی شنگالیشی نووسییەوە، ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان لە ڕێگەی پڕۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، لە ١١هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی سەر شنگال، کە چەتەكانی داعش بە دڕندانەترین شێوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامیاندا، ڕاگەیانداوێکی بڵاوکردەوە. دەقی بەیاننامەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە بەم شێوەیەیە: “ماوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکووژی شنگال تێپەڕدەبێت، کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام درا و لە لایەن گەلی ئێزدییەوە وەک فەرمانی ٧٤هەمین ناو دەهێندرێت. وێڕای ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕبووە، هێشتایش ژانی ئەم کۆمەڵکوژییە کە گەلی ئێزدی ئەزموونی کردووە زیندووە و برینەکانی ساڕێژ نەبووە. ڕووداوێک کە گەلی ئێزدی لە ٣ـی ئابدا لە شنگال ئەزموونی کرد، دڵی مرۆڤ ئازار دەدات، بەشێوەیەک دڵتەزێن و شەرمهێنەر و بەرگەنەگیراوە. بە هەزاران ئێزدی کوژران، بە هەزاران ژن ڕفێندران و لە بازارەکاندا وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەکرا، دووچاری دەستدرێژی کرانەوە، ماڵ و موڵکی ئێزدییەکان تاڵان کرا، بە سەدان مرۆڤ، منداڵ و پیرەمێرد لە ترسی کۆمەڵکووژیی هەڵهاتنە چۆڵەوانییەکان و بە هۆی برسێتی و تینوویەتییەوە گیانیان لە دەستدا. هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن، بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە. ئەو ڕووداوەی گەلی ئێزدی لە سەدەی بیست و یەک کە مرۆڤایەتی بە پێشکەوتنەکانییەوە شانازی دەکات، بە هەموو شێوەیەک بووە شەرمەزاری مرۆڤایەتی. جارێکی دیکە کۆمەڵکووژی شنگال شەرمەزار دەکەینەوە، کە یەکێکە لە دڕندەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. هەروەها داعش و هەموو ئەو هێزانە شەرمەزار دەکەین کە پاڵپشتییان دەکردن. بە ڕێز و حورمەتەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژی شنگال یاد دەکەینەوە و دیسانەوە دیاری دەکەین لە قوڵای دڵەوە ئازاری گەلی شنگال دەکێشین و هەمووکاتێک لەسەر ڕێگەی تێپەڕاندنی فەرمانەکان و پێکهێنانی ئازادییان هاوشانیان دەبین. بەداخەوە پێشمەرگەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە بەرپرسیاری ئاسایشی شنگال بوون، گەلی شنگالیان بۆ داعش جێهێشت و ئەمەش بووە هۆکاری لێکەوتنەوەی تراژیدیایەکی گەورە. وێڕای هەموو ئەم ئازارانە، ڕەخنەکردن و لێپرسینەوەیەکی کردەیی ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێویستە بزانرێت پەڕەکانی مێژوو ئەم دڕندەی و شەرمەزارییە مەزنەی تۆمار کردووە. داعش و هێزەکانی پشتەوەیان ئامانجیان بوو بە تەواوەتی گەلی ئێزدی لەناوبەرن، بەڵام ئەم پلانە لە سایەی دەستوەردانی مێژوویی گرووپێکی کەمی گەریلا لە چیاکانی شنگال و بەرخۆدانی گەلی شنگال، بە تایبەت ژنان و گەنجان بەتاڵ کرایەوە. هێرشە قڕکارییەکە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا و گەلی شنگال بە تەواوەتی پوچەڵ کرایەوە و بە سەدان ڕۆڵەی ئێزدی لە بەرەی بەرخۆدانی دژ بە داعشدا هاوشانی گەریلا جێگەیان گرت و شەهید بوون. بەڕێز و حورمەتەوە یادی گەریلا و کچ و کوڕە ئێزدییەکان شەهیدبووەکان دەکەیەنەوە و لەئاست بیرهێنانەوەیاندا بەژنمان دادەنەوێنینەوە. ئەم هەڵوێست و هێڵی تێکۆشانە شکۆمەنددارە نەک بە تەنها ڕێگەی لە کۆمەڵکووژییەکی مەزن گرت، هاوکات بناغەی هەبوونی گەلی شنگالی بە زمان، باوەڕ، چاند و ناسنامەی خۆیەوە هێنایەئاراوە و پەرەی بە خۆپاراستنێک دا کە جارێکی دیکە کۆمەڵکووژییان بەسەردا نەیتەوە. تێکۆشانی گەلی شنگال، کە دووچاری کۆمەڵکوژی ببوونەوە و ئەزموونی ئازارێکی مەزنی کرد، بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کۆمەڵکووژی لەو شێوەیە نەیەتەوە، زۆر مافدار و ڕەوایە. لەگەڵ ئەوەی دۆزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردنی گەلی شنگال جێگەی نەگرتووە، بە تایبەت لەدژی ڕاوەستەکردن جێگەی قبوڵ کردن نییە و بەهیچ شێوەیەک وەک نیازپاکی شرۆڤە ناکرێت. گەلی ئێزدی لە تەواوی مێژوودا بە هۆی ناسنامە و باوەڕەکەیەوە دووچاری کۆمەڵکووژی بووەتەوە، لە ئێستادا بوونە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییەک و هێزی خۆپارێزی پێشلکردنی مافی هیچ کەسێک نییە. بەتەواوەتی خواستێکی ڕەوایە، پێداویستییەکی سرووشتی مرۆڤبوون و کۆمەڵگەیبوونە. دژایەتیکردنی خواستەکانی گەلی شنگال هیچ بنەمایەکی ڕەوا، یاسایی، مافدار و کۆمەڵایەتی نییە. بە پێچەوانەوە خواستەکانی گەلی شنگال لە ڕووی یاسای نێونەتەوەیی، یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لە ڕووی بەها گەردوونییەکانی مرۆڤایەتی، ئەخلاق و ویژدانییەوە پێویستە پشتوانیکردنە. درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. ڕێگەی درووست چارەسەرکردنی لەم شێوەیەیە هاوکات پێویستییەکی دەستووری بنەڕەتی عێراقە. جارێکی دیکە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژی ٣ـی ئاب بەبیردەهێنینەوە و لە قوڵای دڵەوە سڵاو لە گەلی گەلی شنگال دەکەین کە لەبەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانەیە بەرەنگار بوونەوە و خۆیان پاراست. مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکوژی، هاوکات بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی شنگالیشی نووسییەوە. لەوباوەڕەداین ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنج و ژنان لە ڕێگەی پرۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات.”
فەرماندەی گشتی هەسەدە، جەختیی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت، وتیشى: كاردەكەین بۆ فراوانكردن و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری رابردوو، بەڵام لە ئێستادا كار لەسەر وردەكارییەكان دەكەین. لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئیندیەن ئێکسپرێس، مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی کردەوە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە 10ی ئازاری 2025 لەگەڵ حکومەتی سوریا واژۆ کراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا کار بۆ فراوانکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری وڵات و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی هەر بۆشایییەکی ئەمنی. ئەو وتیشی، رەزامەندییان لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت كار لەسەر وردەكارییەكان بكەن بۆئەوەی سەقامگیریی تێكنەچێت و هیچ لایەنێك بۆشایی ئەمنی نەقۆزێتەوە. عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی ئەوەی سوپای سوریا خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ڕۆڵی سوپا بەرگریکردن لە هەموو گەلی سوریا بێت و ملکەچی هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت نەبێت". عەبدی جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە ڕێگایەکی ڕوون کردەوە بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە سەربازییەکان لەگەڵ سوپای سوریا، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ڕێگری لە دووبەرەکی. ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی هەسەدەئەزموونی "ئیدارەی خۆسەر"ی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە مۆدێلێکی ئەرێنی زانی بۆ حوکمڕانی لە سوریای داهاتوودا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئیدارەیە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا توانیویەتی ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون و ئاسایش لەوێدا جێگیر بکاتەوە. عەبدی پێی وایە "ئەمڕۆ سوریا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ گواستنەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی و لامەرکەزی"، ئەمەش دوای داڕمانی "سیستەمی ناوەندگەرایی و دیکتاتۆری" لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو. جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆمەڵگەی سوریا تەنیا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت".
لەڕاگەیەندراوێکیاندا کۆمپانیاى سۆمۆ، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە نەوتى عێراق مەحاڵە بەقاچاخ بفرۆشرێت و دەلێت: هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان. كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی نایاسایی سۆمۆیان بڵاوکردووەتەوە، ئاڕاستەی هەندێک لایەنی ئەمنیی پەیوەنداری کردبوو، کە ناوەڕۆکەكەی پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەو بەرنامە بەدواداچونانەی کە کۆمپانیا بەکاریدەهێنێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی نەوتهەڵگرە دەرچووەکان كە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان هەڵگرتووەو بەگوێرەی رێكارەكان هەناردەكراوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ دڵنیابون لەوەی کە کۆمپانیا کڕیارەكان پابەندن بە مەرجەکانی گرێبەستەکانیان. سۆمۆ دەڵێت: تێگەیشتنێکی هەڵە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە لەلایەن میدیاکانەوە هەیە، بەو پێیەی بەڵگەنامە فەرمییە دزەپێکراوەکە بە پرسێكی ئاسایی (رۆتین)ی کارکردنی توندوڵ دادەنرێت کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار دەرچووە، هەرکاتێک لە بەرنامەکانی بەدواداچووندا ناوی ئەو نەوتهەڵگرانە ئاشکرا بکرێت کە لە کۆمپانیاکەدا تۆمار نەکراون بەوەی كە رێگەی بارکردنیان پێنادرێت، لە پێگە جیهانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ، دواتر تەواوی لایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەكان لەسەر زەوی ئاگادار دەكرێنەوە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و راستی و مەبەستی ئامادەبونیان دەستنیشان بكەن. كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی، یان بەهۆی ئەوەی سروشتی بەڵگەنامەکە بۆ میدیا نەبووە، بەڵکو لە نێوان کۆمپانیاکەمان و لایەنەکانی دیکەدا كە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و ئەرکی جێبەجێکردنی، هەندێک کەناڵی میدیایی و پێشکەشکارانی بەرنامەكان و هەندێك بەناو شارەزا، کە زانیاری و ئەزموونی وردیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە بەپێچەوانەی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە، بانگەشەی ئەوەیان كردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دان بە قاچاغچێتی و تێکەڵکردنی نەوت و پێكهاتەكانیدا دەنێت لە بەندەرەکانی عێراق و ئاوە هەرێمایەتیەكانی. جەختیشكردووە: ئەمە پێچەوانەی راستییەکانە، هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و هاوبەشکردنی هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوە هەرێمایەتیەكانی عێراق و بەندەرەکانی بارکردن و بەتاڵكردنی تیایاندا.
مەسعوود پزیشکیان ئەمڕۆ شەممە، پێش ئەوەی بەرەو پاکستان بڕوات، ڕایگەیاند: "لەگەڵ شاندێکی باڵا لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، گەشت بۆ ئەم وڵاتە دەکەم". سەرۆک کۆمارى ئێران ئەوەشى زیاد کرد: پێوەندی باش، دڵسۆز و قووڵی نێوان ئێران و پاکستان لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم وڵاتە خۆشەویستە درێژەی هەبووە؛ ئەو پەیوەندیانە لەبوارى ئابووری، زانستی، فەرهەنگی و سنوورییەکان جێبەجێ دەکرێن و پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان خەڵکی ئێران و خوشک و برا خۆشەویستەکانمان لە پاکستاندا هەیە. پزیشکیان باسی بەهێزکردن و پەرەپێدانی بازرگانی سنووری لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە لەگەڵ پاکستان کرد وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئەم گەشتە و دەشڵێت: لە ڕێگەی پاکستانەوە دەتوانین پەیوەندی بە ڕێگای ئاوریشمی نێوان چین و پاکستانەوە بکەین و ئەم ڕێگایە دەتوانین لە ڕێگەی ئێرانەوە بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە. سەرۆک کۆمار پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و پاکستانی بە باشی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە: پلانمان هەیە بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بۆ ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. هەر لەوپەیامەیدا سەرۆک کۆمارى ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجمان پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئێران و پاکستانە، جەختی لەوە کردەوە: دوژمن پلانی هەیە بۆ دروستکردنی ناتەبایی لەنێوان موسڵمانان و ان شاءاللە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پلانی دوژمن دەدەین. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو لە پرۆسەی نادادپەروەرییەکان و دەسدرێژکاری ترسنۆکانەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر خاکی خۆشەویستی ئێران کە دژی یاسا نێودەوڵەتییە، پاکستان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە توندی ئەم دەستدرێژییەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە هەر پاڵپشتییەکی پێویست بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران و هەروەها حکومەت و خەڵکی ئێران پێشکەش دەکات و ئەمەش جێی ڕێزو پێزانینە. پزیشکیان زیادی کرد: پرسی ئاسایش و سنوور بۆ ئێمە و بۆ براکانمان لە پاکستان گرنگییەکی زۆریان هەیە و لەم بارەوە گفتوگۆمان دەبێت و هەوڵ دەدەین بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەوە.
پەرلەمانی عێراق لەبارەی چەند پرۆژە یاسایەکەوە کۆدەبێتەوە، لە یەکێک لە بڕگەکان تاوتوێی یاساى ئازادیى رادەربڕین و خۆپیشاندان دەکات. بەگوێرەى کارنامەی کۆبوونەوەکە، دەنگدان و خوێندنەوە بۆ نۆ پرۆژە یاسا دەکرێت، یەکێک لەو پرۆژە یاسایانەی لە شەقامی عێراقی کاردانەوەی لێکەوتووەتە و بەشێک لە چالاکان دژین، پرۆژە یاسای ئازادیى رادەربڕین و مافى خۆپیشاندانى ئاشتییانەیە. بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، دەبێت بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەى مەدەنییانە پێنج رۆژ پێشتر لە لایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە مۆڵەتى فەرمی بە نووسراو لەیەکەى ئیداریی ئەو شوێنە وەرگیرابێت و ئامانج و مەبەست، شوێن و کاتى تێدا دیاریکرابێت. بەگوێرەی بڕگەیەکی دیکەی پرۆژەیاساکە، ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە کاتژمێر 10ـی شەو بۆ حەوتی بەیانی قەدەغە دەکرێت. چالاکانی مەندەنی و بەشێک لە شەقامی عێراقی لە ناڕازین لە پرۆژەیاساکە، بە خامۆشکردنی دەنگی ناڕەزایەتی ناوی دەبەن.
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە سوریا بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە پێکدادان و توندوتیژییەکانی پارێزگای سوەیدا بکات کە مانگی ڕابردوو سەدان کەسی تێدا کوژرا. ئەمەش دووەم گەورەترین ڕووداوى توندوتیژی تائیفییە لە دوای لادانی بەشار ئەسەدی سەرۆکى پێشووى سوریا. لە فەرمانێکدا کە لە ٣١ی تەمموزدا دەرچوو، مەزهەر وەیس، وەزیری دادى حکومەتى کاتى سوریا ڕایگەیاندوە، لیژنەیەکی حەوت کەسی - کە دادوەر و پارێزەر و بەرپرسێکی سەربازیی تێدایە - بەدواداچوون بۆ ئەو هۆکارەکان و ئەو هەلومەرجە دەکەن کە بووەتە هۆی "ڕووداوەکانی سوەیدا" و لە ماوەی سێ مانگدا ڕاپۆرتەکەیان ئامادەکەن. لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە هێرش و پێشێلکاریانەش دەکات کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارکراوەو هەر کەسێک کە سەلمێنرا بەشداری لەو جۆرە هێرشانەدا کردووە، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت. توندوتیژی لە سوەیدا لە ١٣ی مانگى ڕابردوو لە نێوان چەکدارانى هۆزەکان و گروپى دروزەکان دەستیپێکرد. هێزەکانی حکومەت بۆ کۆنرۆڵکردن و دامرکاندنەوەی شەڕەکە ڕەوانەى ئەو پارێزگایە کران، بەڵام خوێنڕشتنەکە بەردەوام و زیاتریش پەرەى سەند، ئیسرائیلیش بە ناوی پاراستنى دروزەکانەوە چەند جارێم هێرشی کردە سەر سەربازانی سوریاو بۆردومانى کردن. دروزەکان لقێکی کەمینەی ئیسلامن و شوێنکەوتووانی لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیلن. پارێزگای سوەدا زۆرینەی دانیشتوانی دروزن، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزە سوننەکانیشە و هاوڵاتیانى ناوچەکەو گروپە جیاوازەکان چەند جارێک گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر زەوی و سەرچاوەکانی تر لەنێوانیاندا ڕویداوە. پێکدادانەکانی سوەیدا، کە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، سەرەتا چەکدارانی دروز و عەرەبە سوننە دەشتەکییەکان رووبەرووی یەکدی بوونەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەتحاڵان، شارەزایان و سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی حکومەت لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کردووە. ئاگربەستێک لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە دەشتەکییەکان لە شاری سوەیدا کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە بەشێک لە پارێزگاکەدا جێگیر کران. لە مانگی ئازارى ئەمساڵدا، سەدان هاوڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان کوژران، دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەت لەناوچە کەنارییەکانی سوریا جێگیرکران. لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە دوای کوشتنەکانی مانگی ئازاری مانگی ڕابردوو دامەزرا، ٢٩٨ کەسی گومانلێکراوی ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی عەلەوییەکانیان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد. سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١ لە ناو زۆرینەی سوننەی سوریا بۆ سەر ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ئەسەد بوو بە شەڕێکی نزیکەی ١٤ ساڵە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاریی دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق رەتیدەکاتەوە بڕى 62 ترلیۆن دینارى کاش، مشک و جرج خواردبێتیان و دەڵێت، ئەم هەواڵە هیچ راستی و لۆژیکێکى تێدا نییە. دەنگۆی ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاوبووەتەوە، راوێژکارەکەی سودانییش وێڕای رەتکردنەوەی دەڵێت، پارەى کاش لە عێراق لە 100 ترلیۆن دینار تێناپەڕێت و ئەوانیش پێکدێن لە پارەى ئاڵوگۆڕ و پارەى یەدەگ، فەوتانی نیوە زیاترى ئەم پارەیەش بەهۆى رووداوێکى لەم شێوەیەوە هیچ لۆژیکێکى تێدا نییە. جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە سیستمى کاشى عێراقدا، رێکارى زۆر توند دەگیرێتەبەر و ناکرێت ونبوون و نەمانى بڕێکى لەم شێوەیە بێ چاودێرى و ئاگادارکردنەوە رووبدات. قەبارەی دەرچووی كاشی عێراق 100 ترلیۆن دینار تێپەڕ ناكات بە سوڕاو و یەدەگیشەوە، بۆیە قسەكردن لەبارەی لەناوچوونی نیوەی پارەی كاش بەهۆكاری ژینگەیی یاحود بایۆلۆژییەوە، لەڕووی ئابورییەوە شتێكی مەحاڵەو جێگەی باوەڕ نییە. داتا فەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نزیكەی 88%ی قەبارەی گشتیی كاش لە دەرەوەی سیستەمی بانكییەو لای تاكەكەسەكانە، ئەمەش بەهۆی كلتوری بۆماوەیی كۆمەڵگەی عێراق لەبارەی دراوەوە، نەك لەناو گەنجینەی یەك دامەزراوەدا بێت كە ئەگەری هەیە توشی ئەم جۆرە لەناوچوونە ببێتەوە. داوا لە هاوڵاتیان دەكەین دوای هەواڵی هەڵبەستراو نەكەون كە یاریكردن بە عەقڵی خەڵك و هیچ بەهایەكی ئابوری نییەو نالۆژیكییە.
کامەران عوسمان لە ڕێكخراوی (CPT) ڕایدەگەیەنێت سەرباری بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی نێوان پ.ە.کە.کە- تورکیا، لە رۆژی سێشەممە، ٢٩ی تەموز، سوپای تورکیا بە بەشداری نزیکەی (250) سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری (گولی) لە قەزای باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەستپێکرد. بەپێى ئەو زانیاریانەى ئەندامەکەى رێکخراوى سى پى تى خستویەتیەڕوو سەرەتا لە رۆژی سێشەممە، سەربازەکان لەڕێگەی چەند هەلیکۆپتەرێکەوە لەسەر چیای (سیارا ستەورێ) جێگیرکران و بارەگایەکی سەربازیان لەسەر چیاکە دروستکرد. لە بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە، 30ی تەموز، سەربازەکان دەستیان کرد بە کیوماڵکردنی تەواوی گوندەکانی دەڤەری گولی و هاتن و چونی ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەکرا. سەربازەکان، لە گوندی (کەشان)ەوە بەرەو گوندی (بانکێ) رۆشتن و بازگەی هێزی پاراستنی سنوری عێراقیان تێپەڕاندو دواتر بەرەو گوندەکانی (شلین، شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەڤلەهێ و پیربلا) بەردەوامیان بە کیوماڵکردنەکەیاندا. سوپای تورکیا، لە رۆژی دوو شەممە، 28ی تەموزەوە هەموو رێگاکانی گوندی کەشانی بۆ سەر ڕەزو باخ و بێستانی جوتیارەکان داخستووە و تەواوی گوندنشینەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. سوپای تورکیا، مەبەستیەتی لەڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بکات و پرۆژەی دروستکردنی (ناوچەی دابڕ) لە گوندەکانی سەرسنور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێبکات و؛ بەتەواوی هەژموونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە ماوەی شەوێکدا ٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر چەند ناوچەیەکى وڵاتەکەى لەناوبردووە. بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیا، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی شەوەکەدا، لە کاتژمێر 23:30 بەکاتی مۆسکۆ لە 31ی تەمموز تا 04:10 بەکاتی مۆسکۆ لە 1ی ئاب، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی ڕێگری لە 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی کردووە و لەناویانبردووە". لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ناوچەی بێلگۆرۆد 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ناوچەی ڕۆستۆڤ 12، لە خاکی کراسنۆدار 5، لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 4 لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 3 لە ناوچەی ڤۆرۆنیژ، 2 لە ناوچەی لیپێتسک، 2 لە ناوچەی تولا، 1 لە سەر دەریای ئازۆڤ تێکشکێندراون". لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، بۆ ٢٦ کوژراو و ١٥٩ بریندار بەرزبووەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لە پۆستێکی تێلێگرامدا ڕایگەیاندووە، "لە شەوێکدا و ئەم بەیانییە تیمەکانی فریاگوزاری 10 تەرمیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سڤیاتۆشینسکی دەرهێناوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکە 159 کەسیشی بریندارکردووە. هەفتەى پێشوو ترەمپ و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلاند کۆبوونەوە. دواتر، هەردوولا قسەیانکرد لەسەر جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا دوا هۆشداریی دایە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتی، "مۆڵەتێکی نوێی نزیکەی 10 یان 12 رۆژی دادەنێم کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانی نییە، ئێمە هیچ پێشڤەچوونێک بەدیناکەین." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە سزای لاوەکی بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، رەنگە رێککەوتنێک بکەین، نازانم، بەڵام پووتین دەبێت رێککەوتنێک بکات. رووسەکان و ئۆکراینییەکان بێ هیچ هۆکارێک یەکدی دەکوژن." جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا هۆشداریی بە سەرۆکی ئەمریکاش دا، "رووسیا، ئیسرائیل یان ئێران نییە" و هەموو هەڕەشەیەک لە وڵاتەکەی، هەنگاوێک لە جەنگ نزیکتریان دەکاتەوە، نەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی، "سێ جار وا دەرکەوتووە کە نزیکین لە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەناکاو مووشەکەکان ئاراستەی کیێڤ دەکرێن، ئەمە زۆرجار روویداوە و بەدڵم نییە."
لەکاتێدا نزیکەى هەفتەیەکە ئیسرائیل و وڵاتانى دبکە، لەئاسمان و زەویەوە هاوکارى مرۆیی و خۆراک دەگەیەننە غەززەو کار بۆ ئەوەدەکەن دۆخى هاوڵاتیان باشتربکرێت، بەڵام ئەمە کاتێکی دەوێت تا هەست بە گۆڕانکارییەکە بکرێت. بەهۆی ئەوەى یارمەتییەکان وەک یەک ناگاتە زۆرێک لە خەڵکی غەززە، هەروەها ناتوانن ئەوەی لە بازاڕەکاندا هەیە بیکڕن، لەئێستادا نرخى زۆربەى خۆراک و پێداویستیەکان دەهێندەى پێش جەنگ بەرزبۆتەوە، بۆ نمونە کیسەیەک ئاردی کە پێش شەڕ بە ١٠ دۆلار فرۆشرا ئێستا ٣٠٥ دۆلارە. قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕۆژ بەڕۆژخراپتر دەبێت، بەهۆى سەردانەکەی نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف بۆ ئیسرائیل و غەززە و سەردانکردنی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە بکات دۆخەکە گۆڕانکارى بەسەربێت. ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز باس لەبەرزبوونەوەی زۆری نرخی کاڵا بەکاربەرییە سەرەتاییەکان دەکات، ئەمەش لەهەمان کاتدا سندوقی یارمەتییەکان بەردەوامە لە دابەشکردنی خۆراک بەسەر خەڵکی غەززداو نزیکەی ١٥٠ پاکێج لە ڕۆژی شەممەوە بە فڕۆکە خراوەتە خوارەوە بۆ ناو غەززە. ڕۆژنامەی تایمز بە کەڵک وەرگرتن لە نموونەی بەهای بەرهەمەکانی پێش جەنگ بە بەراورد بە ئەمڕۆ باس لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی کردووە. داتاکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەرتی غەززە - کە لە شاری غەززە و خان یونس و دێر بەلاح کۆکراونەتەوە - دەریدەخەن کە لە ئێستادا کیلۆیەک شەکر لە بازاڕەکاندا بە ١٠٦ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ٨٩ سەنت بوو؛ کیلۆیەک ئاردی بە ١٢ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ٤٢ سەنت بوو؛ کیسەیەکی ئاردی ٢٥ کیلۆیی بە ٣٠٥ دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگ ١٠ دۆلار بوو؛ و ئێستا کیلۆیەک تەماتە بە ٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێش جەنگ ٥٩ سەنت بوو. ڕۆژنامەی تایمز بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆرێک لە دانیشتوانی غەززە هێشتا ناتوانن ئەو هاوکارییە بەدەستبهێنن کە دەخرێنە ناوەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە لە کەرتی غەززەدا هەیە. لەناچاریدا بەشێک لەوانە لەبازاڕى ڕەشدا ئەو خواردنانە دەکڕن کەئەمەش بۆ هەمووى ئەوە بەردەستنیە، بەهۆی نرخە بەرزەکەیەوە، تا مانگی ئازاری ڕابردوو، نرخی بەرهەمەکان لە غەززە دابەزینیان بەخۆوە بینی، بەهۆی ئاگربەست و ئەو سەدان بارهەڵگری هاوکارییەی کە دواتر ڕۆژانە دەبرانە شارەکەوە. لە سەرەتای ئەو مانگەدا، نزیکەی دوو هەفتە پێش شکسهێنانى ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئیسرائیل چونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو غەززە ڕاگرت ، ئەمەش بووە هۆی کەمیی و بەرزبوونەوەی نرخ و دروستبوونى پشێوى. عارف حسێن، سەرۆکی ئابووری بەرنامەی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: هەرگیز تووشی دیاردەیەکی لەو شێوەیە نەبووم، بەو قەبارەیە. هەروەها نرخی بەرهەمە غەیرە خۆراکیەکانی دیکەش لەناو کەمییەکانیشدا بەرزبووەتەوە: سابونێک بە ١٠ دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێش جەنگ ٥٩ سەنت بوو. پاکەتێک لە ٤٠ دایبی بە ١٤٩ دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێش جەنگ ٨.٦١ دۆلار بووە؛ نرخی لیترێک سووتەمەنی گازۆیل ٣٦ دۆلارە لە کاتێکدا پێش جەنگ ١.٨٧ دۆلار بوو؛ و 400 گرام خۆراکی منداڵان نرخی 51 دۆلارە، پێش جەنگ 7.43 دۆلار بوو.
