ئێوارهی ئهمڕۆ مهزڵوم عهبدی فهرماندهی گشتیی هێزهكانی قەسەدە، گهیشته پاریس و وابڕیارە ههینی بهنێوهندگیری ئهمریكا و فەڕهنسا و بەریتانیا لهگهڵ وهزیری دهرهوهی سووریا كۆببێتهوه، پاشانیش ئیمانوێل ماكرۆن سهرۆكی فەڕهنسا به فهرمی له كۆشكی ئهلیزێ پێشوازی لێ دهكات. ئێوارهی ئهمڕۆ مهزڵوم عهبدی فهرماندهی گشتیی هێزهكانی قەسەدە، به سهردانێكی فهرمی گهیشته پاریسی پایتهختی فڕهنسا، بڕیاره ڕۆژی ههینی ٢٥ـی تهمووز به ئامادهبوونی نوێنهرانی فەڕهنسا، ئهمریكا و بەریتانیا لهگهڵ ئهسعهد شهیبانی وهزیری دهرهوهی سووریا كۆببێتهوه. وابڕیارە له كۆبوونهوهكهدا باس له پڕۆسهی چارسهری و گفتوگۆكان له سووریا دهكهن، كه بهمدواییانه كۆبوونهوهكان ههڵگیران و گهیشتنه بنبهست. هەروەها وابڕیارە جگه لهو كۆبوونهوهیه، ئیمانوێل ماكرۆن سهرۆكی فەڕهنسا له كۆشكی ئهلیزێ بهفهرمی پێشوازی له مهزڵوم عهبدی دهكات و پێكهوه ههردوولا كۆدهبنهوه.
وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزەکانى ئیسرائیل دەکەن لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت: وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان. وتیشى: حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. حکوومەتی عێراق سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزە داگیرکەرەکان لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە دووپات دەکاتەوە، کە بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیک و نامرۆڤانەی برسیکردنی گەلی فەڵەستینی زیان لێ کەوتوو. دیمەنەکانی منداڵانی برسی کە لە ڕیزدا وەستاون بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، و وێنەی پاڵ بەیەکەوە نانی ژنان و پیاوان لەبەردەم بارهەڵگرە کەمەکانی یارمەتیدان، کە بوونەتە تەڵەی مردن و هێزە داگیرکەرەکان بەکاریدەهێنن، گوزارشت لە پراکتیزە نا ئەخلاقییە قێزەونەکان دەکەن، کە داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لابردنى گەمارۆ و گەیاندنی پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ زیان لێکەوتوان. وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەردەوامیدان بە ئاشتی و بەرگریکردن لە ماف و شکۆی مرۆڤ، بۆیە حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی بەپەلە ڕێگە بە گەیاندنی کەرەستەی فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە بدەن. باسم عەوادی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق 23ی تەمموزی 2025
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت ، کاتی ئەوە هاتووە کە دەرگا بەسەر هەموو ڕێککەوتن و ئاگربەستێکدا دابخەین، فەرمان بە سوپای ئیسرائیل بکرێت کە غەززە بەتەواوى کۆنترۆڵ بکەین. وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەگەر ئەوەش ناکرێت پلانى دابڕانی مرۆیی جێبەجێبکرێت بۆ ملکەچکردنی بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ مەرج، یان بەتەواوی لەناوبردنی کەرتەکە. لەلایەکى دیکەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارى توند دەداتە حەماس و دەڵێت ئەگەر بەم زووانە بارمتەکان ئازاد نەکرێن، دەروازەکانی دۆزەخ دەکرێنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێ ئێمە بڕیارمانداوە لە غەززە بمێنینەوە و داوای پاراستنی ستافەکەمان دەکەین. دەشڵێت: 90%ی دانیشتووانی غەززە ڕووبەڕووی سەختی دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەبنەوە، بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی کوشندە زیادبووە هەروەها جەنى لەوەکردەوە، خاڵە نوێیەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە کەرتی غەززە بوونەتە ناوەندی توندوتیژی، زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی خۆراک لە غەززە کوژران. ڕیاز مەنسور باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هەموو شتێکی لە غەززە لەناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل بە ئەنقەست برسیەکانی ناوچەی فەلەستین دەکاتە ئامانج. ناوبراو لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی فەلەستین درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: غەززە بە تەواوی وێران بووە... و هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەماوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت کۆتایی بە کارەساتەکەی غەززە بهێنن.
هاوسەرۆکی کەجەکە، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە پەکەکە لە هیچ لایەنێکەوە هێز وەرناگرێت، پەکەکە خودی خۆی سەرچاوەی هێزێتی. فەلسەفە، ئایدۆلۆژ، هێڵ و پرەنسیپی خۆی هەیە. هەروەها باس لەوەش دەکات کە لە ڕێگەی ڕێبەر ئاپۆوە ئاشنای خۆمان بووین، شتەکە بۆمن و گەلی کوردیش بەو شێوەیە. ئەوەیمان بە دەستهێناوە لە سایەیی ڕێبەر ئاپۆوە بووە، گەل باش ئەم ڕاستییە دەزانێت. لە چاوپێکەوتنێکییدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی یەشامدا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، وەڵامی پرسیارەکانی نەزاهەت دۆغانی ژنە ڕۆژنامەوانی دایەوە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. دەقى چاوپێکەوەتنەکە.. لە وەڵامەکانییدا جەمیل بایک سەرەتا سەرەنجی خستەسەر تێکۆشانی پڕ لەدەستکەوتی ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵە و منداڵی بنەماڵەیەکی پەرتەوازە بوو. منداڵی بنەماڵەیەکی هەژار بوو. ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە کۆمەڵگە و گەلێکی لەو شێوەیە دەکات کە هیچ هیوایەکییان نەماوە و هەموو شتێکییان لە دەستداوە. هەرخۆی ڕێبەر ئاپۆ لە خۆی دەپرسێت؛ 'چۆن دەتوانم کۆمەڵگەیەک زیندوو بکەمەوە کە پەرتەوازەیە و هیچ هیوایەکی نەماوە، چۆن بتوانم ژیانی بە بەردا بهێنمەوە، بیکەمەوە بە خودی خۆی و بیکەم بە خاوەن هێزی خۆی؟، ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەی پەیدا کرد. هەموو هەوڵێکی بۆئەوە بوو لە سەختترین هەلومەرجدا گەل بکاتەوە خاوەن ئیرادە و ئاشنای کاتەوە بە ئازادی خۆی. لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانی دەستپێکرد و هەنگاوی هەڵگرت." جەمیل بایک پەیوەست بە داگیرکاری کورسستان ئاماژەی بەوەدا لە جیهاندا نموونەی ئەم داگیرکارییە نییە و نەبووە و ئەمەی گوت: "ڕەنگە وڵاتگەلێکی زۆر داگیرکرابێتن و لە نێو ستاتۆی کۆڵۆنیالییدا هێڵدرابێتنەوە، بەڵام کوردستان وڵاتێکی زۆر جیاوازە. نەک بە تەنها داگیرکراوە، بەڵکو هەموو شتێکی لێ وەگیراوە. بە تەواوەتەی ڕوو لە نەمان بووە. بە تەواوەتی هیوای لە دەستدابوو. هیچ ژیانێکی تایبەت بەخۆی نەماوە. خاوەنداریکردن لە گەل و خاکێکی لەم شێوەیە شتێکی لەو جۆرە نییە هەموو کەسێک بتوانێ و بوێری هەبێت. بەڵام بینیمان ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە گەل و وڵاتێکی لەم شێوەیە کرد. دۆزی ئازادی گەلێکی لەم شێوەیەیی لە ئەستۆ گرت. پەیوەست بە دۆزی ئازادی گەلێکی لەم شێوەیەوە، ڕێبەرێتی، ڕێکخستنی، کادرایەتی، شێواز و ڕێبازێکی گونجاوی ئافراند. وە لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەییدا گەلێکی کۆکردەوە و گەیاندییە ئاستی نەتەوە، کە هیچ کەسێک دانی پێدا نەدەنا و بە جددیەتی نەدەبینی." لە بەردەوامییدا بایک سەرەنجی خستەسەر کاریگەری ڕێبەر ئاپۆو و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ چی گوت؟ گوتی، 'بەرگرینامەکانم لە هەر جێگەیەک بێت، ئەوا من لەوێم'. پەیوەست بە ئێمەوە هاوشانی ئافراندنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان، گرنگترین شت بەلامانەوە ئافراندنی یەکێتی و یەکگرتووییە بە گوێرەی فەلسەفە، ئایدۆلۆژیا، هێڵ، ئامانج، ڕۆح و ڕێبازی کارکردنی ڕێبەرمانە. دوای پێکهێنانی ئەمە، بەبێ ئازادی جەستەیی هەموو ئەمانە هێندە مانادار نابن. بێگومان ئازادی جەستەیی و هەموو ئەو پێکهێنانە بۆ گەل و دۆستانمان گرنگە. ئێمە بە ڕێبەر ئاپۆ ئاشنای خۆمان بووین. ئەم شتە بۆ من و گەلەکەشمان هەمان شتە. ئەوەیمان بە دەستهێناوە لە سایەیی ڕێبەر ئاپۆوە بووە. گەلیش ئەم ڕاستییە دەزانێت. میلیتان و ئەندامانی ئەم تەڤگەریش ئەم ڕاستییە دەزانن. بۆیە هەرچەندی گۆشەگیری بە سەختی سەپێندرابێت، ئەوا هیچ کاتێک ڕێبەرێتی لە گەل و تەڤگەری دانەبڕیەوە. گوتیان، 'ئەم تەڤگەرە تەڤگەری ڕێبەرێتییە، گەر ڕێبەرەکەیان بگرین، ئەوا کاریگەری لەسەر تەڤگەرەکە دادەنێین و ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت. ئێمە ناتوانین بە ئاسانی ئامانجەکانمان پێکبهێنین.' بۆیە لەم پێناوەدا هەموو دەرفەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان بەکارهێنا. خواستییان ڕێبەر ئاپۆ لە بیری گەل و ڕێکخستن بەرنەوە. بەڵام نەیاتوانی و بە پێچەوانەی ئەوەوە دڵسۆزی گەل و ڕێکخستن بۆ ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەهێزتر بوو." پەیوەست بە بابەتی هۆکاری بەهێزی دڵسۆزی بە ڕێبەرێتی، جەمیل بایک ئەمەی گوت: "چونکە هەر کەسێک ئاگاداری ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بێت و زانیبێتی چی کردووە، ئەوا تێدەگات لەوەی ئەوەی بە دەستی هێناوە لە سایەیی ڕێبەر ئاپۆوە بووە. باش دەزانن بوون بە خاوەنی ڕێبەرێتی چ مانایەک دەگەیەنێت، وە لە دەستدانی ڕێبەرێتی چ دەرنجامێکی لێ دەکەوێتەوە. بەم هۆکارە پەیوەندی خۆمم لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەوەندە بەهێز کرد. لەم تێکۆشانەدا تورکیا دووچاری کێشەی زۆر قورس بووەوە. تورکیا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کەوتە نێو کێشەی زۆرەوە. یانی بە چاوی خۆیان ئەوەیان بینی ئەو سیاسەتەی دەیکەن مایەپوچ بووە. زانیان گەر جەخت لەسەر ئەو سیاسەتە بکەنەوە ئەوا بە سەختتر بەسەریاندا دەشكێتەوە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پێشهاتی نوێ دەقەومێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دادەنێت. هەستییان بەمە کرد؛ 'گەر لەگەڵ کورداندا پەیوەندی دانەنێین، نەتوانین پشتگیری کوردان بەدەست بهێنین، ئەوا پرسە ناوخۆیی و هەرێمییەکان کە لە ئارادان دەتوانن کۆتایمان پێبهێنن.' چونکە پێشتریش دووچاری دۆخێکی لەو شێوەیە هاتبوون. ئەو دۆخەی بەسەر ئیمپراتۆرێتی عوسمانییدا هات. دەزانرێت بێ گەلی تورک، دەوڵەتی تورک ئەم پرۆسەیەیی چۆن تێپەڕ کردووە. موستەفا کەمال لەگەڵ کوردان و سۆڤێتدا پەیوەندی دانا. پەوەیست بوو بەوەوە و کاری کرد و ڕۆشتە لۆزانەوە. ئەمانە ئاشکران. بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کێشەیەکی لەم شێوەیە نەیتەوە، پێویستییان بە کورد کەوت، پێویستییان بە ڕێبەرێتی کەوت. گوایە ویستییان ناوی ڕێبەرێتی لە ناواندا نەهێڵنەوە، قڕکردنی کوردان بگەیەنن بە ئەنجام، بەڵام کەچی دەبینین پێویستییان کەوت بە کورد و ڕێبەرێتی. لە نکۆڵی و لەناوبردنەوە هاتنە هەبوون. ڕێبەر ئاپۆ لە دەستپێکردنی تێکۆشانیەوە لە ئەنقەرەوە تا ئێستا گۆڕین و وەرچەرخاندی بە بنەمای خۆی گرتووە. ڕەنگە کەسانێک بڵێن گۆڕانکاری و وەرچەرخاندیان خستووەتە ڕۆژەڤەوە، بەڵام شتەکە بەو جۆرە نییە و مێژووییەکی هەیە. تەڤگەرمان هەر لەسەرەتاوە گۆڕانکاری کردووە بە بنەمای خۆی. هۆکاری پەرەسەندن و پێشکەوتنشی هەر ئەمە بووە. گەروانەبوایە ئەوا هەر زوو تەسفییە ببوو." جەمیل بایک جەختی لەوەکردەوە زیندوێتی تەڤگەری ئازادی کوردستان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییەکانییەوە و ئەمەی گوت: "لە ئێستا هەندێک قوت دەبنەوە ئێژن 'پەکەکە لە کێ وە وەردەگرێت. گوایە لە فڵان لاینەوە هێز وەردەگرێت.' پەکەکە لە هیچ لایەنێکەوە هێز وەرناگرێت. پەکەکە خودی خۆی سەرچاوەی هێزێتی. فەلسەفە، ئایدۆلۆژ، هێڵ و پرەنسیپی خۆی هەیە. لەبەرئەوەی ئەم تەڤگەری ڕوویکرد ئازادی، هەمیشە هێزی خۆی دەئافرێنێت. هەموو ئەو جۆرە ژیانەی ڕەتکردەوە کە خزمەتی ئەم ئامانجەی نەدەکرد، هەمیشە خۆی سەرچاوەی هێزی خۆی بووە. هەموو لایەنە ئەرێنێ و نەرێنییەکانی هەڵسەنگاندووە و گۆڕاندوونی بۆ ئەرێنی و بەم شێوەیە خستوویەتییە خزمەتی تەڤگەرەوە. لە جیهاندا هێزێکی دیکە نییە خاوەنی ئەم فەلسەفەیە بێت." هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆتاییدا ئەمەی گوت: "ئەم تەڤگەرە خاوەن پرەنسیپی خۆیەتی، بێگومان یەک لەو پرەنسیپانە ڕەخنە و ڕەخنەکردنی خۆیەتی. لەم ڕێگەیەوە خۆی دابڕکردووە لە هەموو کەموکوڕییەکانی. هەمیشە خۆی بەهێز کردووە و خۆی زیندوو ڕاگرتووە. بەم شێوەیە هەموو ڕەهەندەکانی سەرکەووتن و هەتا ناسەرکەوتنەکانیش دەخاتە خزمەتی پێشکەوتنی تەڤگەرەوە. لە جیهاندا هیچ بزووتنەوەیەک نییە ئەمە بکات. تا وەک ئێستا بەرچاوم نەکەوتووە و نەمخوێندووەتەوە. ئەم تەڤگەرە بە دیوی ئەرێنی و نەرێنیشەوە خۆی بەهێز دەکات. لەبەرئەوەی لایەنی نەرێنی لە نێو ئەم تەڤگەرەدا دەبێتە پاساوی چارەسەری دۆزینەوە. هەموو ئاستەنگی، هەڵە و کەموکوڕی، نەرێنییەکان پێویستی چارەسەرکردنییان تێپەڕاندنیانە. ئەوەی هەمیشە پەرە بە تەڤگەر دەدات و زیندووی دەیهێڵێتەوە ئەم خاڵەیە. ڕێبەر ئاپۆ هیچ کاتێک شتێکی لەکەس داوا نەکردووە. بۆ ئامانجی ئازادی پێویستی بە هەرچی بووبێت، جێگیری کردووە و بەجێی هێناوە. ڕێبازێکی لەم شێوەیەیی کردووە بە بنەمای خۆی. هیچ کاتێک نەبووە بە خاوەن بیرکردنەوەک کە بڵێت، 'با فرسەتێک بێتە دەستەوە، هەندێک دەرفەت بڕەخسێت، ئەوا پەرە بە تێکۆشان دەدەم.' وی خودی خۆی دەرفەتەکانی ئافراندووە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو پابەندییەکانیان بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و 120 ملیار دیناریان بە کاش ناردووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە. رۆژی چوارشەممە، 23-07-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەی سێ مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە." تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش جێبەجێکردووه بۆیە دەبێت حکومەتی فیدراڵیش لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت ئەنجومەنی وەزیران بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا. ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە. سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک لە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە هاتووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەردەوامیی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم لە وردبینی وەرزیی داهات و خەرجییەکان ، لەم ڕووەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو داهات و خەرجییەکانی، شەفافانە خستووەتە بەردەمیان. سەبارەت بە نەوتیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەستخستنی زانیاریی و داتاکان و سەردانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت ، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردووە. ئەم ڕێکارانەش پابەندیی هەرێم بە ڕێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەستبەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێ بەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بيانوويەک، ئەم مافە پێشێل بکرێت بە تایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێ کراوە. ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی مووچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت . لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی) و ( وەزارەتی دارایی وئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی ) و ( وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدڕاڵ. لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ وئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببوە مایەی گلەیی وگازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدڕاڵ.
ڕەوشی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار، غەززەییەکان بە رووخسارێکی لاواز و رەنگی زەردەوە، بە مەنجەڵێکەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خواردن دەکەن. زیاتر لە 100 ڕێکخراوی ناحکومی ڕۆژی چوارشەممە هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی "برسییەتی بەکۆمەڵ" لە غەززە، هاوکات ئەمریکا ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا گەشت دەکات بۆ ئەوروپا بۆ دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە. زیاتر لە دوو ملیۆن غەززەیی، لەوپەڕی برسێتیدا شەڕ بۆ مانەوە لە ژیان دەکەن، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی دەڵێت، رۆژ بە رۆژ راپۆرتی نائومێدکەریان لەبارەی برسێتی لە کەرتەکە پێدەگات. ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە بریتین لە پزیشکانی بێ سنوور، لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئۆکسفامی نێودەوڵەتی و لقەکانی پزیشکانی بێسنوور و کاریتاس دەڵێن: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی برسێتی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری غەززە، هاوکارەکانمان و ئەو کەسانەی کە یارمەتیان دەدەین لاواز دەبن". هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ڕێکخراوەکان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و کردنەوەی هەموو دەروازە وشکانییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە و دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی ئازادانەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززەیان کردووە. منداڵ، گەنج و پیر، ژن و پیاو لە نۆرەی وەرگرتنی ژەمێک خواردنن لەو کەمپە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی غەززە. شەکەتی کاریگەرییەکانی جەنگ و برسیەتیی لە رادەبەدەریان پێوە دیارە. بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، نرخی ئارد 3 هەزار هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە، هەندێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەش نرخەکانیان 40 هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە. ڕێکخراوە مرۆییەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە "تەنها لە دەرەوەی کەرتی غەززە، لە کۆگاکاندا - و تەنانەت لەناو کۆگاکانیشدا - تەنێک خۆراک، ئاوی خواردنەوە، پێداویستی پزیشکی، کەرەستەی پەناگە و سووتەمەنی بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە، چونکە ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان پێ بگات یان بیگەیەنن". ە گوێرەی ئەو پێوانانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاردێن، لە 2.2 ملیۆن غەززەیی 96٪ییان برسین و نزیکەی 30٪یشیان لە برسیەتی تووندان. ئێستا تادێت نرخی خۆراک لە کەرتەکە بەرزدەبێتەوە، پێش جەنگ، کیلۆیەک شەکر بە دۆلارێک بوو، ئێستا 60 هێندەیە. هەروەها، نرخی کیلۆیەک ئاردیش لە 2.5 دۆلارەوە بووەتە 70 دۆلار. دەزگای مرۆیی غەززە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی دەستپێکرد و ڕایگەیاند "هیچ ڕێکخراوێک ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم تەحەدایە ببێتەوە. ئێمە بەردەوامین لە داواکردن لە کۆمەڵگەی مرۆیی جیهانی، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستوەردان بکەن و هاوکاربن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ئەوەی خۆراک بە خەڵکی زیاتر بخۆن". ئەم لێدوانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە، کە زۆربەیان لە نزیک ئەو شوێنانەن کە سەر بە دامەزراوەی مرۆیی غەززەن، کە ڕێکخراوێکە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت و پارەدانیان ناڕوونە.
شاندێکی گەورەی سعودیە گەیشتنە دیمەشقى پایتەختى سوریا، بەمەبەستی سازدانی کۆڕبەندی سعودیە و سوریا کە لەلایەن شازادەی جێنشینی سعودیەوە سەرپەرشتى دەکرێت. شاندێکی گەورەی ئابووری سعودیە کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 130 بازرگان و وەبەرهێنەر و بە سەرۆکایەتی خالید بن عەبدولعەزیز ئەلفالیح وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە بۆ تاوتوێکردنی هاوکاری و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی گەشەپێدان لەگەڵ سوریا گەیشتنە دیمەشق هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان بە بەهای 4 ملیار دۆلار. وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودیە، بە بەشداریی بەرفراوانی نوێنەرانی کەرتی گشتی و تایبەت، ڕێکخستنی "کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سوریا-سعودیە 2025"ی لە دیمەشقی پایتەخت ڕاگەیاند. ئامانجی کۆڕبەندەکە بەدواداچوونە بۆ ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک کە پاڵپشتی گەشەسەندنی بەردەوام لە سوریا دەکات. لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، کۆڕبەندەکە لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و وەک درێژکراوەی هەوڵەکانی سعودیە دێت کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سوریایە لە قۆناغی بوژانەوەی ئابووریدا، لەژێر ڕێنمایی شازادەی شاهانەی شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیران. دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار و هاتنە سەر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، یەکەم سەردانی فەرمیی وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بۆ سعودیە بوو. ئەوکات شەیبانی بە یاوەریی هەریەک لە مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، بەڕێوەبەری هەواڵگری چووە ریاز و گوتی: "هیوادارین لاپەڕەیەکی نوێ و گەشاوە هەڵبدەینەوە."
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیەکى تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، نوسینگەی سودانی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی بڵاوکردەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاندوە سەرمان سوڕماوە لە هێرشە درۆنییەکان کە هاوکاتبوو لەگەڵ رێککەوتنی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان. هەروەها ئەوەى وتووە: گرنگە هەناردەی نەوت لەڕێی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە و پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت و داهات چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغداد دەکات.. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی: محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت: سودانی پاڵپشتی عێراق بۆ هەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەو رێککەوتنەکانی ئاگربەست و راگرتنی دوژمنكارییەكان دووپات كردووەتەوە. دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چاودێری سەرچاوەی هێرشەکانی ئەم دواییە دەكەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک. سودانی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕیووە کە ئەم هێرشانە هاوکات بووە لەگەڵ رێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێم کار دەکەن، بۆ وەبەرهێنان كردن لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین. خستنەڕووی یاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی ئەمنی كە حکومەت پیادەی دەكات. هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا کاردەکات. سودانی جەختی لە پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە بە رادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتە نانەوتیەکان بۆ خەزێنەی گشتی، لە رێگەی بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە. سودانی جەختی لە دیدگای ئابوری عێراق و گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت كردووەتەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق و تورکیاو راگرتنی هەموو جۆرەکانی قاچاغ و کارێکی نایاسایی کە کاریگەری لەسەر سامانی نەوت هەیە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ كاروباری سوریا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" داوا لە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا دەكات، هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەکانی بکاتەوەو رێبازێکی گشتگیرتر بگرێتەبەر، ئەگەر نا روبەڕوی هەڕەشەی لەدەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و پارچەپارچەبونی وڵاتەکەی دەبێتەوە، ئەوەش دوای خولێکی نوێی ململانێی تائیفی خوێناوی، كە هەفتەی رابردوو لە سوریا سەریهەڵدا. باراک دەشڵێت: لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا ئامۆژگاری شەرعی کردووە، پێداچوونەوە بە پێکهاتەی سوپاكەیدا بکات و هەژمونی ئیسلامییەکان کەم بکاتەوە و داوای هاوکاری ئەمنی هەرێمایەتی بکات، چونكە بەبێ ئەنجامدانی گۆڕانکاری خێرا، شەرع مەترسی لەدەستدانی ئەو هێزەی هەیە کە هێنایە سەر دەسەڵات. ئاماژەی بەوەشکردووە: شەرع دەبێت بڵێت بەخێرایی خۆم دەگونجێنم، چونکە ئەگەر ئەوە نەكەم، وزەی ئەو گەردوونە لەدەست دەدەم کە لەپشتمەوە بوون، شەرع دەتوانێت وەک سەرۆکێک پێبگات و بڵێت، کاری دروست ئەوەیە هەمان هەنگاوەكانی پێشوو نەنێم، کە ئامانجی خوازراو بەدیناهێنێت. نێردەی ئەمریكا لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی: پێویستە حکومەتی نوێ بیر لەوە بکاتەوە بەشێوەیەكی خێرا گشتگیرتربێت لە تێکەڵکردنی کەمینەکان لە پێکهاتەی حوکمڕانیدا. جەختیشكردووە: مەترسییەكان لە سوریا لە ڕادەبەدەر بەرزن، بەهۆی نەبوونی هیچ پلانێکی جێنشین و ئەگەری جێگرەوەیەك بۆ حکومەتی سوریا. باسی لەوەشكردووە: لەگەڵ ئەم رژێمى سوریایە، پلانی "بی" نییە، ئەگەر ئەم رژێمە لە سوریا شکستی هێنا... كە هەن هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی شکست بهێنێت.. (بەڵام) بۆ چ مەبەستێک؟ هیچ جێگرەوەیەكی نییە.
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند لە ناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی خەونێكە كە بەدی نایەت و سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی هێرشەكان دژی ئێران دەكاتەوە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، گوتی: هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ لێدان لە قوڵایی ئیسرائیل، دەشڵێت: ئەو بانگەشانەی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکرێن، تەنیا خەیاڵە. ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە وڵاتەکەی داوە، بەڵام ئێرانیش زۆر بەهێز لە قوڵایی ئیسرائیلی داوە، هەر لەبەر ئەوەشە زیانەکانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل نایەوێت کەس باسی سەرکەوتنی هێرشە مووشەکیەکانی ئێران بکات، داوای ڕاگرتنی شەڕیش ئاماژەیەکی ڕوون بوو لە سەرکەوتنەکانی ئێران. سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەی جەنگی ناوێت، هەروەها باوەڕی بەوە نییە ئاگربەست کۆتایی بێت، جەختیشی کردەوە، بە بەهێزی بەرگری لە خۆیان دەکەن. پزیشکیان دانی بەوەدانا، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەی هەبووە، بەڵام سوودیان لە تەکنۆلۆژیا و تواناکانی ئەمەریکا وەرگرتووە، جەختیشی کردەوە کە ئێران ملکەچ نابێت، بەڵام باوەڕی بە دیپلۆماسی و گفتوگۆ هەیە. سەربارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پزیشکیان گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەڵێت لە هێرشەکاندا بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بەتەواوی لەناو بردووە، ئەمە "خەیاڵە"، چونکە توانای ئەتۆمی ئێمە لە مێشکی زاناکانمانە نەک دامەزراوەکان." باسی لەوەش کرد، بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکانیان، بەڵام لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی. دەشڵێت: سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، تارانیش ئەمە قبووڵ دەکات. مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند، هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت لەسەر بنەمای بردنەوە و سەرکەوتن بۆ هەردوولا بێت.
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەكەی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێرشە درۆنییەكان و پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كردووە. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندروێكدا دەڵێت: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو كێڵگە نەوتیانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبونەوەیان کردەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسیشی لە گرنگی بەردەوامی پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کردووە. بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، روبیۆ، نیگەرانیی قوڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، جەختی لەوە کردووە، هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژمونی ئێران و گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات.
بەپێى راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تەمووزی 2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، كۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە تاووتوێ دەكات. لە بڕگەی یەكەمدا پێشهاتەكانی ئەمدواییەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دواڕێككەوتن و لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیی پەسندكراو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی تاووتوێ دەكرێ. لە بڕگەی دووەمدا كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی ڕێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بە مەبەستی دانانی میكانیزمی ڕێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم تاووتوێ دەكرێ. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانن ئەمڕۆ چوارشەممە پارەى مووچەى مانگى پێنج لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و راستەوخۆ خشتەى مووچەش رابگەیەندرێت. سەرچاوەکە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت، وت "بەغداد رێکارەکانى ناردنى مووچەى مانگى پێنجى تەواوکردووەو لەسەدا سەد ئەمڕۆ پارەى مووچەى دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى". وتیشى "هەر رۆژى چوارشەممە، خشتەى مووچەى مانگى پێنج رادەگەیەندرێت و هەوڵى تەواو دەدرێت لەماوەى چەند رۆژێکدا مووچەى سەرجەم فەرمانبەر و خانەنشینان دابەشبکرێت".
وەزیری دەرەوەى ئێران جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە وڵاتەکەى، لە ئێستادا پیتاندنى پۆرانێۆمى ڕاگرتووە، بە دوو مەرجیش ئامادەن جارێکى دیکە گفتوگۆو دانوستانلەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکنەوە. لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران سەبارەت بەمەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستان وتى: دەبێت سزاکان هەڵبگرێت و بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەمان بەردەوام بێت. ئەو وتیشى: ئەگەر ئامانج ئەوە بێت کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، ئەم ئامانجە بەدی دێت، بەڵام ئەگەر ئامانج لێمان بێبەشکردن بێت لە مافە زەوتنەکراوەکانمان، لەوانەش مافی پیتاندنى زیاترى یۆرانیۆم، پێموایە ئەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکى گەورەمان دەکاتەوەو ڕازى نابین. وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەوەش دەخاتەڕوو لە ئێستادا پیتاندن ڕاگیراوە چونکە هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانمان. بەڵام هەر ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت بەردەوامی پیتاندن لە داهاتوودا لەخۆبگرێت، چونکە ئەمە مافی ئێمەیە و هەرگیز دەستبەرداری نابین. دۆناڵد ترەمپ لە چەندین وتارو لێدوانیدا بانگەشەى ئەوەدەکات کە بۆمب و مووشەکەکانی ئەمریکا "بە تەواوی" دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە، ئەمەش چانسی دروستکردنی بۆمبى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە کۆتایی هاتووە. بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنها چەند مانگێک دواکەوتبێتەوە، بەپێی چەند بەرپرسێک کە بەڵگەنامەکانیان بینیوە و قسەیان لەگەڵ سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز کردووە. وەزیری دەرەوەى ئێران لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: وەک وتم مووشەک متمانەپێکراوترین ئامرازی بەرگریمانە. چۆن خۆمان چەک داماڵین؟، کێ دەتوانێت شتی وا قبوڵ بکات؟ هەرگیز خۆمان چەک داماڵین. ئەوەشى وت: بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە مووشەکەکانی ئێران لە سروشتدا ڕێگرین؛ ئەوان بۆ بەرگرین نەک هێرشکردن و منیش بە متمانەوە دەڵێم مووشەکەکانی ئێران هەرگیز سەری ئەتۆمی هەڵناگرن؛ ئەمە دڵنیایە.
بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن زۆر نزیکن لەوەى ئاگربەستى غەززە ڕابگەیەنن، لەئێستاشدا ستیڤ ویتکۆف بەڕێگاوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل، بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بەئاگربەستى غەززە دڵخۆشکەربوون و بەرپرسانى ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئێمە مەزەندە دەکەین بەم زووانە وەڵاممان دەست دەکەوێت و پێدەچێت سبەینێ ئەوە ڕوبدات. هاوڵات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمشەو ڕایگەیاند ستیڤ ویتکۆف نێردراوى تایبەتى دۆناڵد ترەمپ لەئێستادا بەڕێگاوەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو هیوایەی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت و ئەویش چاودێرى بارودۆخەکە دەکات. لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەرچاوە باڵاکان بە کەناڵی ١٤یان ڕاگەیاندووە کە ناوبژیوانەکان فشارێکی زۆریان خستوەتە سەر حەماس بۆ ئەوەى بەئاگربەست ڕازى ببێت. زیاتر لە هەفتەیەکە دانوستانەکان لە دۆحە بەڕێوەدەچن و شاندێکی ئیسرائیلیش ١٥ ڕۆژە لەوێ ماونەتەوەو لەوانەیە لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بێت بۆ ئاگربەستەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى یونسئێف بەدخۆراکیە کارەساتبار لە غەززە بڵاوبۆتەوەو کەمیی یارمەتییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 101 ها,لاتى فەلەستینی کە 80یان منداڵن. ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕێگری لە هاوکارییەکان بکات، حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەى هاوکارییە مرۆییەکان و خۆراک دەدزێت، کارمەندانی UNRWA بەهۆی برسێتیەوە لەهۆش خۆیان دەچن و ناتوانن ئەرکەکانیان ئەنجامبدەن، نەخۆشخانەکان بەهۆی قوربانیی و بریندراو نەخۆشى زۆرەوە خەریکە دادەڕمێن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانن سبەى چوارشەممە پارەى مووچەى مانگى پێنج لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و راستەوخۆ خشتەى مووچەش رابگەیەندرێت. سەرچاوەکە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت، وت "بەغداد رێکارەکانى ناردنى مووچەى مانگى پێنجى تەواوکردووەو لەسەدا سەد سبەى پارەى مووچەى دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى". وتیشى "هەر رۆژى چوارشەممە، خشتەى مووچەى مانگى پێنج رادەگەیەندرێت و هەوڵى تەواو دەدرێت لەماوەى چەند رۆژێکدا مووچەى سەرجەم فەرمانبەر و خانەنشینان دابەشبکرێت". سەرچاوەکەى وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، سبەی شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغداو سبەی تاوەکو نیوەڕۆ، پارەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت. رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەوەى خستەڕوو بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی ئایار نەنێردرا، بەڵام بڕیارە سبەی تاوەکو نیوەڕۆ بنێردرێت و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی بکرێت'. ئەو سەرچاوەیە وتی: هەر سبەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6 دەستپێدەکات، دواتر لیستەکە رادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچنە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهات و خەرجی مووچەی مانگی 6 و مانگەکانی دواتر و رێکارەکان تاوتوێ دەکەن''. دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو. وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ رایگەیاند، ''داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی''.
