بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەخنەی تووندی لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا گرت و رایگەیاند، کۆنگرەکە نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی سووریا ناکات. ئێوارەی سێشەممە، 25-02-2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، سەرجەم گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چاویان لەوە بوو سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان بنیاد بنرێت، بەبێ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن. کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە دوێنێ دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایێنێت. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، رەنگە کۆنگرەی نیشتمانی یەکێک بووبێت لە داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشەکەی کە زیاتر لە 14 ساڵی خایاندووە، لە سەرەتای رووخانی رژێمی لەناوچوو، سەرجەم سوورییەکان گفتوگۆیان دەکرد و چاویان لە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا بوو لەگەڵ هەنگاوە کردارییەکان بۆ قۆناخی بنیادنانی دەوڵەت. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوانەی کە ئیدارەی جێبەجێکردنی کارەکان لە سووریا هەڵیدەگرێت، سەبارەت بە پرسی گفتوگۆ و بەشداریکردن، جێگەی هیوا نەبوون. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رای وایە، لە سەرەتاوە پێویستبوو لیژنەیەکی تەواو بۆ ئامادەکاری پێکبهێنرێت، پاشان گفتوگۆ بکرێت لەسەر نوێنەرایەتیی ئەوانەی کە ئامادەی دەبن، دوای ئەوە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر ببەسترێت، بەڵام هەموو ئەوەی روویدا و ئێستا روودەدات، دوورە لەوەی کە سوورییەکان تامەزرۆی بوون و تامەزرۆی دەبن بۆی. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خەخت لەوە دەکاتەوە، لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی گەلی سووریا ناکات، تەنانەت لێدوانەکانیشیان دوور بوون لە زمانی گفتوگۆ و نزیککردنەوەی بیروڕاکان، دوای ئەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی سووریا بەڕێوەچوون، بە ناوی ئامادەکاری بۆ دیالۆگی نیشتمانی، بەڵام ئەم کۆبوونەوانە تەنیا رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتانە بوون کە گەلی سووریا بۆ لەناوبردنیان خەباتی کرد. ئاماژە بەوەش دەکات "ئەمڕۆ، لەدوای ئەو کۆبوونەوانەی کە نوێنەرە راستەقینەکانی گەل تێیدا بەشدار نەبوون، روون بوو کە نزیکترە لە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن، و رەچاو نەکردنی موزاییکی گەلی سووریا، لە پایتەختی دیمەشق ئەو کۆنگرەیە دەبەسترێت کە ناوی لێنراوە دیالۆگی نیشتمانی'. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتی دەکاتەوە "ئەم کۆنگرەیە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات، ئێمە وەکو بەشێک لە سووریا، نوێنەرایەتیمان نەکراوە، تێبینمان لە شێوە و ناوەڕۆکی کۆنگرەکە هەیە، نابینە بەشێک لە جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی". بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە "وەک سورییەکان، ئامانجی یەکەم و کۆتاییمان، لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە، رزگارکردنی کۆمەڵگەی سوورییە لە ستەم و زۆرداری و سیاسەتەکانی پەراوێزخستن، ئێمە دەستپێشخەری گرنگمان لەم چوارچێوەیەدا هەبووە". هەروەها دەشڵێت "ئەمڕۆش داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە کە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی راستەقینە ببەسترێت، کە نوێنەرایەتی سەرجەم سوورییەکان بکات، هیچ کەس پەراوێز نەخات."
هێزەکانى پاراستنى هەپەگە ئەنجامى لێکۆڵینەوەى لەسەر بە ئامانج گرتنى سێ گەریلا لە سنورى گوندى گوهەرزێ لە ئامێدى لە ئۆتۆمبێلێکى تایبەتەوە ئاشکراکرد. رۆژى 21ى شوباتى 2025 ژمارەیەک چەکدار لە سنورى گوندى گوهەرزێ لە ئامێدى لە ئۆتۆمبێلێکى تایبەتەوە تەقەیان لە ژمارەیەک گەریلا کرد و بەهۆیەوە سێ گەریلا گیانیان لەدەستدا. رۆژى 22 ى شوبات، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، بەهۆى ئەو رووداوەوە سێ گەریلا شەهیدبوون و لەمەودوا هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نێوان دێرەلوک و ئامێدیدا هاتوچۆ دەکەن و ئاڵاى هەرێمیان لەسەر نەبێت دەکرێنە ئامانج. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، پێشتر لەسەر بۆسەکەی ڕۆژی ٢١ـی شووبات ڕاگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە لە بۆسەیەکی خیانەتکاران لە نزیکی گوندی گوهەرزێ، لەسەر بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوە ئێمە لێکۆڵینەوەمان کرد، دەستنیشان کرا ئەوانەی ئەم بۆسە نامەردانەیان لەبەردەم هەڤاڵانمان دانا تیمێکی تایبەتی کۆنترای سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوون، ئاشکرایە ئەوانەی کە بۆسەکەیان دانابوو هێزی دەوڵەتی تورک بوون و لەدەرەوەش هەندێک هەندێک یارمەتییان وەرگرتووە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی گوندی گوهەرزێ تاوانبار کراون، بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان خەڵکی گوندی گوهەرزێ هیچ ڕۆڵێکیان لەم ڕووداوەدا نییە، پەیوەندییدار بەو بابەتەوە ئەمە ڕاگەیاندراوی کۆتاییمانە و بە ڕای گشتیی و وڵاتپارێزانی ڕادەگەیەنین. هەپەگە سەبارەی بە چالاکییەکانی گەریلا ئاماژەی بەوەداوە، گەریلاکانی ئازادیی لە ٢٢ـی شووبات دوو چالاکییان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە زاپ و گردی سەری مەتینا ئەنجامداوە و بە چەکی قورس لە گورز لە داگیرکەران دراوە. باسیان لەوەشکردووە، لە ٢٤ـی شووبات دوو جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە زاپ بۆردوومان کراوە. سەبارەت بەهێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەپەگە بەمشێوەیە زانیاری خستووەتەڕوو: لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٤ـی شووبات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە گشتیی ١٥ جار بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی هەرێمەکانی خواکورک، گارە و مەتینا کردووە.
سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، لە سەروبەندی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لە بازگەی دێگەڵە ٥٤ حاڵەت و لە شارۆچکەی عەربەتیش ٢٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کراوە. ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە خستەڕوو. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ڕایەگیاند، لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕێپێوانی درێژی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بازگەی دێگەڵە، ٥٤ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٤ ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە، هەروەها دوو ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون و هەشت ڕۆژنامەنووسیش نەیانهێشتووە بگەڕێنەوە هەولێر. ئاماژەی بەوەشدا، کە ١٦ کەس ڕێگرییان لێکراوە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن، دەست بەسەر کەلوپەلی هەشت ڕۆژانامەواندا گیراوە، هەروەها ١٩ کەسیش بە گازی فرمێسکڕێژ برینداربوون و تووشی هەناسەتەنگی بوون و هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کەناڵێکی ڕاگەیاندنیش لە هەولێر. هەروەها دیاری محەمەد سەبارەت بە توندوتیژییەکانی شەوی ڕابردوو لە شارەدێی عەربەت، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران کرا ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٩ حاڵەتی توندوتیژی ١٣یان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە. وتیشی: پێنج ڕۆژنامەنووس لە گرژی و ئاڵۆزییەکەی دوێنێشەودا دەستگیرکراون و ١١ حاڵەتی ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن و گواستنەوەی هەواڵ تۆمارکراوە، هەروەها هەشت حاڵەتی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تۆمار کراوە، پێنج لە ڕۆژنامەنووسانیش تووشی لێدان و سووکایەتی بووونەتەوە و بە گشتی ٢٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە. وتیشی: یاسا بەرکارەکان مافیان بە ڕۆژنامەنووسان داوە بە ئازادانە ڕووماڵی چالاکییەکان بکەن، بەڵام بەداخەوە لەکاتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا هەمیشە ڕۆژنامەنووسان کراونەتە قوربانی و پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت. هەروەها سابیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی، بەپێی یاسا ڕۆژنامەنووسان مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانیان هەیە، ئێمەش نیگەرانین بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە. هەروەها دڵشاد میرانی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی لە کۆنگرەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو دۆزە ڕایگەیاند، بەداخەوە لەو ڕووداوەی دوێنێ شەوەوە بینیمان کە هێزە ئەمنییەکان چۆن توندوتیژانە بەرەنگاری ئەو فەرمانبەران و مامۆستا ناڕازییانە و ڕۆژنامەنووسان بوونەوە کە تەنها داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەگرژیەکانی شەوى ڕابردووى عەربەت، دەڵێن هیوادارین گردبونەوەو خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕو کاری خەڵک و شەقام و ڕێگاو بان بەڵکو بەڕێگای مەدەنی داواو داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و یاساییەو پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت. شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوت کردەوە. ئەمرۆ سێ شەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئێمە نیگەرانین لەو بارودۆخەی کە ڕوویدا دژی هەر جۆرە توندوتیژی و کارێکین کە پێچەوانەی ڕێکارو بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هەمیشە لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنین لەچوارچێوەی ڕێکارو یاسا کارپێکراوەکان. دەقى پەیامەکە پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەگرژیەکانی عەربەت/سلێمانی شەوی ٢٤ی شوبات بەپێی بەدوا داچونەکانی تیمەکانی دەستەکەمان دوای ئەوەی گرژی و ڕووبەڕوو بونەوە دەکەوێتە نێوان مامۆستایانی خۆپیشاندەرو شوفێرانی بارهەڵگر کە ئەو بارهەڵگرانە ڕێگەیان پێ نەدەدرا لەعەربەتەوە بڕۆن دواتر دەبێتە هۆی گرژی لەنێوانیان بە هۆیەوە چەند هاوڵاتیەک بریندار دەبن دواتر هێزە ئەمنیەکان بۆ کونتڕۆڵی بارودۆخە دەچن و بڵاوە بەخۆپیشاندەران دەکەن و گرژی دروست دەبێت لەنێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان کە بەهۆیەوە چەند ڕۆژنامەنوس و هاوڵاتیەک زامدار دەبن و دەست بەسەر کەل وپەلی ڕۆژنامەوانی هەندێ کەناڵ دەگیرێ و چەند کەسێک دەستگیر دەکرێن. ئێمە نیگەرانین لەو بارودۆخەی کە ڕوویدا دژی هەر جۆرە توندوتیژی و کارێکین کە پێچەوانەی ڕێکارو بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هەمیشە لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنین لەچوارچێوەی ڕێکارو یاسا کارپێکراوەکان وەک ڕێکارێکی مەدەنی و دژی هەر جۆرە ڕێگری و پێشێلکاریەکین بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بکرێ هیوادارین گردبونەوەو خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕو کاری خەڵک و شەقام و ڕێگاو بان بەڵکو بەڕێگای مەدەنی داواو داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و یاساییەو پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت. ئەرکی هێزە ئەمنیەکانە لەهەمان کاتدا پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکەن دوور لەبەکارهێنانی توندوتێژی . وەک دەبینین بەگوێرەی ڕاگەیانراوی دەزگا ئەمنیەکانیش لەسلێمانی دەستگیر کراوەکان هەموو ئازاد کراون هیچ بریندارێکیش لەنەخۆشخانەکان نەماوە هیوادارین هەموو لایەک بەئارامی مامەڵە بکەن لەپێناو سەلامەتی بۆ هەموان. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان. ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەراورد بەڕۆژانی ڕابردوو، لەسبەینێوە پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە لە زۆربەى شارەکانى هەرێمی کوردستان. بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ سێ شەممە 25- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ درووسبونی شەختە لە کاتەکانی شەودا . پلەکانی گەرما / بەرز دەبێت بە (1 -2 ) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند (10 - 20) کم/ک. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8– 10 ) کم . سبەی چوارشەممە 26- 02 - 2025 کەش/ بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەگەڵ دروسبوونی شەختە لەکاتەکانی بەیانی زوودا. پلەکانی گەرما / بەرز دەبێت بە (1 -2 ) بە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (10– 20 ) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 8 پلەى سیلیزى سلێمانی : 4پلەى سیلیزى دهۆک : 8 پلەى سیلیزى کەرکوک : 10 پلەى سیلیزى زاخۆ : 8 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 5 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: -5 پلەى سیلیزى سۆران: 5 پلەى سیلیزى گەرمیان : 11 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى 25- 02 - 2025
شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوتی قاچاخ کردەوە و مامۆستایەکی ناڕازیش دەڵێت، شەش کاتژمێر دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراین. بە وتەی ئەوانەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكەدا، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئازار دران و ژمارەیەكیشیان دەستگیركران و دواتر ئازادکران و هێرشیش كرایە سەر ژمارەیەک رۆژنامەنووس. رۆژی یەکشەممە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە عەربەت خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و رێگای ناحییەکەیان بەڕووی بارهەڵگرانی گواستنەوەی نەوتی قاچاخدا داخست و خێمەیان هەڵدا و مانەوە و رایانگەیاند، تا داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێن لەژێر خێمەكەدا دەمێنینەوە و داهاتی دەسەڵات پەکدەخەن، بەڵام شەوی رابردوو بە زەبری هێز كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا. زانا محەمەد، فەرمانبەری ناڕازی باسی لە ساتەوەختی دروستبوونی گرژییەکان کرد و گوتی، پێشتر هەستیان بە هەبوونی پیلانێک دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشانداکە و کەسانی نەناسراو خۆیان بە شۆفێری بارهەڵگر ناساندبوو و بوونە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە. هاوکات، ئاکۆ محەمەد. مامۆستای ناڕازی کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوان ڕایگەیاند، ماوەی نزیكەی شەش كاتژمێر لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران و لە خۆپیشاندانەكەدا نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران. ئەو وتیشی، ئاسایشی سلێمانی ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆریانداون و لەکاتی دەستگیرکردنەکەیاندا بەشەش کەسەوە لێیان داوە و بەو هۆیەوە دووجار لەهۆش خۆی چووە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: شەوی ڕابردوو ٢٠٢٥/٢/٢٤ لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتیان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا چەند شۆفێرێک و هاوڵاتییەک بریندار بوون. دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. جەختیشدەكاتەوە لەوەی، له ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوه و هاوڵاتییە بریندارەكان نەخوشخانەیان جهێشتووە.
سەرۆکى کاتى سوریا، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ڕێگە بەوەنادەن خاکى سوریا دابەشببێت و جەخت لەسەر یەکڕیزی وڵاتەکەى دەکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 25-02-2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەی سووریا لەمیانی کردنەوەى کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاوەدانکردنەوەی وڵات، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و چەندان بابەتی دیکەی کرد. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە وتارەکەیدا وتى: پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و پێویستە هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاو بکرێن. سەرۆکی کاتیی سووریا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان، ژێردەستەیی قبووڵ ناکەن و "سووریاییەکان خۆیان وڵاتەکەیان رزگار کرد". دەشڵێ "پێویستە رێز لە هەموو ئەو قوربانییانە بگیرێت کە گەلی سووریا داویەتی. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شەرع باسی لە یەکپارچەیی ئەو وڵاتە کرد و دووپاتی کردەوە "سووریا دابەشبوون قبووڵ ناکات و یەکگرتووە." وەکوو خۆی وتی: "پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ئەمە ئەرکە." سەرۆکى کاتى سوریا جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی سوریا وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە وڵاتەکەی لە ونبوون ڕزگار کرد، بەڵام هێشتا لە ئاستە جیاجیاکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە قۆناغی ئێستا نوێنەرایەتی سەرەتایەکی نوێ دەکات لە مێژووی سوریادا. کۆنفرانسى نیشتیمانیی سووریا، ئەمرۆ سێ شەممە یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات. بڕیارە کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام دەکرێت درێژبکرێتەوە ئەگەر پێویست بکات. بەرپرسانى کورد و ئەندامانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری و هەسەدەش ڕایدەگەیەنن بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا. وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک فەرهاد شامی و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندوە کە هیچ کام لە ئەندامەکانییان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە پێویستی دەزانێت پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ڤیدیۆیی بێت و جەختدەکاتەوە ئەگەر وا نەبێت قبوڵی ناکەن، ئەوەش دواى وتەکەى وەزیرى دادى تورکیا کە ئاماژەى بەوەکردبوو، هەلومەرج لەبار نییە بۆ ئەوەى بانگەوازەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت. بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی کەجەکە، لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ Medya TV لەبارەی بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلانەوە دوا کە بە بانگەوازێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە. بەسێ هۆزات بە توندی وەڵامی یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیای دایەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند هەلومەرجی یاسایی لەبار نییە بۆ ئەوەى بانگەوازەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت و دەڵێت: "بە هیچ جۆرێک ئەوە قبوڵ ناکەین، 26 ساڵە گۆشەگیری خراوەتە سەر 'ڕێبەر' ئاپۆ، ئەمەیش ئەشکەنجەدانە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش ئەمە بە ئەشکەنجە و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دەدەن". بەسێ هۆزات سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەوەی لە 22 تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە داوای لە ئۆجەلان کردووە بچێتە پەرلەمان، کەچی هێشتا گۆشەگیرییەکانی سەر ئۆجەلان بە توندترین شێوە بەردەوامە و دەڵێت: "ئەو گوتانەی وەزیری دادی تورکیا بەو واتایە دێت، چۆن لەو دۆخە نوێیە دەڕوانن و هیچ بە هەندی وەرناگرن". هۆزات ڕەخنەی ئەوەی لە یڵماز تونچ گرت بۆچی هەلومەرجی یاسایی بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی بە شێوەی ڤیدیۆیی بێت لەبار نییە، بەڵام کە بە نوسراو بێت لەبارە و دەڵێت: "ئایا دەکرێت لە کاتێکدا ئۆجەلان پەیام بڵاو بکاتەوە کە هێشتا گۆشەگیری سەری هەڵنەگیرابێت؟ پەیامێکی لەو جۆرە تا چەند کاریگەر دەبێت؟ مادام داوا لە سەرۆک دەکەن پەیامی هەبێت، گۆشەگیرییەکەی سەری هەڵبگرن و چیتر ئەشکەنجەی مەدەن". بەسێ هۆزات ڕەتی کردەوە ئۆجەلان هیچ ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری لەگەڵ تورکیا کردبێت و ڕەخنەی ئەوەیش لە گەورە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت کە هەر دەمیان دەکەنەوە دەڵێن با پەکەکە چەک دابنێت، کەچی لە ڕاستیدا بەردەوام لە درێژەدان بە شەڕ لە دژی پەکەکە. هەر لەبارەی گوتەکانی یڵماز تونچ، دوێنێ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتی: "بەپێی زانیارییەکانمان بانگەوازەکە ڤیدیۆیی دەبێت. خۆ ئەگەر بە ڕاستیش ئەمە بۆ پرۆسەی ئاشتى بێت پێویستە بەم جۆرە بێت و دەرگاکان بکرێنەوە". ناوبراو جەختیشیکردەوە، لە کەشێکدا کە مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت بانگەوازەکە ڤیدیۆییە یان نا، ناکرێت باس لە ئاشتی و کەشێکی دیالۆگی تەندروست بکرێت. ئەمە بەو واتایە دێت گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بەردەوامە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رەتیدەکاتەوە ئەوان هیچ کەسێکیان دەستگیرکردبێت لە گرژى و ئاڵۆزیەکانى شەوى ڕابردوو لاى چادرى مامۆستایانى ناڕازایی. لەوبارەیەوە رونکردنەوەیەکیان بڵاوکردوەتەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: شەوی ڕابردوو ٢٠٢٥/٢/٢٤ لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتیان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا چەند شۆفێرێک و هاوڵاتییەک بریندار بوون. دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. جەختیشدەكاتەوە لەوەی، له ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوه و هاوڵاتییە بریندارەكان نەخوشخانەیان جهێشتووە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەڵێت بۆ ڕەمەزانى ئەمساڵ سهرفیتره و فیدیهی بهڕۆژوو نهبوون بۆ ههر ڕۆژێك سێ ههزار دینار دهبێت. ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان تایبەت بە پرسی دیاریکردنی رێژەو ئەندازەی زەکاتی پارە و سەرفیترەو فیدیەی رۆژووی مانگی رەمەزان کۆبوويەوە. لەکۆبوونەوەکەدا دوای هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی وردی پرسی دیاریکردنی رێژەی زەکات و سەرفیترەو فیدیە لە چوارچێوەی بنەماکانی شەریعەت و رێساکانی فیقهی ئیسلامی و بەراوردکردنی بۆچوونی گەورە زانایان و لەبەر چاوگرتنی نرخی زێڕو زیوو، پاڵپشت بە بەڵگەی دروست و زانستی رێژەو ئەندازەی زەکات و سەرفیترەو فیدیەی بەم شێوەیەی خوراەوە دیاری کرد: یهكهم: ڕێژهی سهرفیتره بۆ ههر كهسێك له ئهمساڵدا بهلایهنی كهم (3000) سێ ههزار دینار دهبێت. دووهم: ئهندازهی فیدیهی بهڕۆژوو نهبوون بۆ ههر ڕۆژێك (3000) سێ ههزار دینار دهبێت. سێیهم: ئهندازهی ئهو پارهیهی زهكاتی تێدا واجب دهبێت (نیصابی زهكات) بریتییه له (2,500,000) دوو ملیۆن و پێنجسەد ههزار دینار، واته: ههركهسێك (دوو ملیۆن و پێنجسەد ههزار دیناری عێڕاقی )ههبێت و، ساڵی بهسهردا سوڕابێتهوه، واجبه بۆههر ملیۆنێك بیست و پێنج ههزار دیناری عێڕاقی به زهكات بدات به ههژارو كهم دهرامهتان.
بەرپرسانى کود و ئەندامانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری و هەسەدەش ڕایدەگەیەنن بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە دیمەشق بەڕێوەبچێت. وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک فەرهاد شامی و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندوە کە هیچ کام لە ئەندامەکانییان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا. لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانیی سووریا، تەواوبوونی قۆناغی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی ڕاگەیاند، دوای ئەنجامدانی زیاتر لە 30 کۆبوونەوە کە سەرجەم پارێزگارەکان. دوینێ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق، حەسەن دەغیم وتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا، ڕایگەیاند کە کۆنفرانسەکە ڕۆژی سێ شەممە یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات. دەغیم وتیشى: بڕیارە کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام دەکرێت درێژبکرێتەوە ئەگەر پێویست بکات. اگەیاندنى کاتى کۆنفرانسى نیشتیمانیی سووریاـ لەکاتێکدایە پێشتر چەند جارێک ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، دووپاتیانکردوەتەوە پێکهێنانی لیژنەی دیالۆگی نیشتیمانی لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە رەتدەکەنەوە و پێیوایە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی سوریا ناکات و مەترسیی خۆی نیشاندەدات لەگەڕانەوەی دۆخی سوریا بۆ سەردەمی ناوەندی و داخراویی. فەرهاد شامی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاندبوو: هەر کۆنگرەیەک بەبێ بەشداریی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجامبدرێت، نیشتیمانی نییە و دوپاتی دەیکەنەوە دورخستنەوەی هەر لایەنێک لە پڕۆسەی سیاسی سوریا وێران دەکات و کۆمەڵگەکەی لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە. لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسى نیشتمانیی سووریا هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا دووپاتی کردەوە کە ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانەی لەگەڵ کوتلە جیاجیاکانی سوریا ئەنجامیاندا بووە هۆی دووبارە داواکاری بۆ پێویستی دەرکردنی بەیاننامەیەکی دەستووری کاتی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئینتقالی، ئەمە جگە لە داڕشتنی پلانێکی ئابووری کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستادا بگونجێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق، پابەندیی خۆی بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت و پاراستنی نرخی وزە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتی نەوتی عێراق، کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، رایگەیاند: سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی نەوت بەهۆی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، پابەندن بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم و هەناردەکردنی نەوت بەپێی رێککەوتنی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک. لەلایەکى دیکەوە، باسم محەمەد خەزەیر بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کارووباری هەناردەکردن لەلێدوانێکدا دەڵێت، لە قۆناغی یەکەمدا 185 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستانەوە وەردەگرێت، بەرهەمهێنان بەرەبەرە زیاد دەکرێت تا دەگاتە 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بریکارى وەزیر، ئەوەشى خستەڕوو، لیژنەی هاوبەش پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. هەروەها وتیشى: تیمە تەکنیکییەکان خەریکی پشکنینی بۆڕییەکانن بۆ دڵنیابوون لە یٔامادەباشییان، چاوەڕێی وەڵامی تورکیاین لە 24 کاتژمێری داهاتوودا سەبارەت بە یٔامادەباشی بۆڕییەکانی بەندەری جەیهان. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی وزەی سعودیە و روسیا و ئەمینداری گشتی رێکخراوی ئۆپیک، رایگەیاند: ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 گەیشتوەتە 3.999 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش ئاماژەیەکی باشە بە پابەندیی عێراق بە ئاستی ئەو بەرهەمەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە. مانگی كانونی دووهمی ساڵی 2014 بۆ یهكهمین جار نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بۆرییهوه ههناردهی دهرهوه كرا. نهوتهكه بۆ ماوهی نۆ ساڵ و سێ مانگ دهگهیهندرایه بهندهری جهیهانی توركیا و لهوێوه ڕهوانهی بازاڕهكانی جیهان دهكرا كه له ساڵانی كۆتایی پرۆسهكهدا، ئهو نهوتهی ههنارده دهكرا بڕهكهی 400 ههزار بهرمیلی ڕۆژانه بوو، بهڵام سكاڵایهكی حكومهتی عێراق، كۆتایی پێهێنا.
سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەشى هەرێم ڕایدەگەیەنێت (٧٤٤) تۆمهتبار هەیە کە پێویستە دهسگیربكرێن له پارێزگاكان و ئیداره سهربهخۆكانی ههرێم. ئهمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتى طارق احمد ابراهیم ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش، له بارهگای بهڕێوهبهرایهتی گشتی پۆلیسی ههرێم کۆبوونەوەیەکیان ئهنجام دا بۆ ئهوهی تاووتوێی ئاماری دهستگیركردنی ئهو تۆمهتبارانهی كه فهرمانی دهستگیركردنیان بۆ دهرچووه و دهستگیر نهكراون. ژووری ئۆپهڕاسیۆنی باڵای هاوبهش لهسهر فهرمانی ڕێزدار سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له ساڵی (2021) دهمهزرا به هاوبهشی له نێوان وهزارهتی ناوخۆ و وهزارهتی پێشمهرگه و دهزگای ئاسایش ههموو دهزگاكانی ئهمنی پهیوهندیدار . بەپێى وتەى طارق احمد ابراهیم ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش، لە سەرەتادا ژمارهی ئهو تۆمهتبارانهی كه فهرمانی دهستگیركردنیان ههبووه وه دهستگیر نهكرابوون تاكو كاتی دامهزراندنی ئهم ژووره (5920) تۆمهتبار بوون كه ماوهی چهندین ساڵه فهرمانی دهستگیركردنیان ههبووه و دەستگیر نەکرابوون. بەڵام ئەمرۆ لهم ژمارهیه تهنیا (٧٤٤) تۆمهتبار ماوه دهسگیربكرێن له پارێزگاكان و ئیداره سهربهخۆكانی ههرێم کە زۆرینەیان لە دەرەوەی عیراق و هەرێمی کوردستانن. ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش، داوا لە هاوڵاتیانی ههرێمی كوردستان دهكات بۆ ههر زانیاریهك هەیە دهربارهی ههر تۆمهتباریك ئاگاداریان بكهنهوه بۆ ئهوهی دهستگیریان بكهن وتیشى: ههموو كات دهرگامان كراوهیه.
شارەوانی غەززە هۆشداریدا لە کارەساتی گەورەی تەندروستی و ژینگەیی بەهۆی کەڵەکەبوونی نزیکەی ١٧٠ هەزار تۆن پاشماوە لە شەقامەکان و زبڵخانە کاتیەکان. ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەیاننامەیەکدا شارەوانی غەززە ئاماژەی بەوەکردووە: غەززە کارەساتێکی گەورەی تەندروستی و ژینگەیی بەخۆیەوە دەبینێت، بەهۆی کەڵەکەبوونی نزیکەی 170 هەزار تۆن پاشماوە لە شەقامەکان و زبڵخانە کاتییەکان، چونکە حکومەتى ئیسرائیل لە ٧ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە ڕێگرى دەکات لەوەى تیمەکانی شارەوانی بگەنە زبڵخانەی سەرەکی لە نزیک سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى شارەوانى غەززە، نزیکەی لەسەدا ٨٠ی کەلوپەل و ئامێرەکانیان کە بۆ کۆکردنەوەى پاشماوەى خۆڵ و خاشاک بەکاریان دەهێنا، لە ماوەی زیاتر لە ١٥ مانگی شەڕەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناو براووە. لە 16ی ئەم مانگەدا شارەوانی پلانێکی بەپەلەی دەستپێکرد بۆ لابردنی پاشماوەی کەڵەکەبووی شەقام و گەڕەک و پەناگەی شاری غەززە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کارەساتە تەندروستی و ژینگەییەی کە تووشی دەبێت. لە بەیاننامەیەکدا کە لەو کاتەدا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، "پلانەکە پشت بە بەکارهێنانی چەندین میکانیزم و کەرەستەی جۆراوجۆر دەبەستێت بۆ گواستنەوەی پاشماوە، جگە لە بەشداریکردنی تیمە تایبەتمەندەکانی کار، لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاڵپشتی لە بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کەرتی تایبەت". ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی لابردنی پاشماوە لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا ٣-٤ هەفتەی دەوێت ئەگەر توانا پێویستەکان بەتایبەتی ئامێرە قورسەکان لەبەردەستدا بێت. شارەوانی غەززە دووپاتی کردەوە کە کەڵەکەبوونی ئەو بڕە بووەتە هۆی زۆربوونی مێشوولە و مێرووی زیانبەخش کە ڕەنگە ببنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی سەخت و مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ لەو شارەدا دروست ببێت. شارەوانی داوای لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن و بارودۆخی تەندروستی و ژینگەیی شارەکە ڕزگار بکەن، فشار بخەنە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئەو مەکینە و سووتەمەنییە بۆ شارەوانی دابین بکەن کە پێویستی پێیەتی بۆ کەمکردنەوەی ئەو کارەساتە تەندروستی و ژینگەییەی کە شارەکە تووشی دەبێت. زبڵخانەی ناوچەی جحر دیک لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە تاکە زبڵخانەیە کە شارەوانی بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە بەکاریدەهێنێت و خزمەت بە ٨ شارەوانی لە باکووری کەرتی غەززە و شارەوانییەکانیەکانى دیکە دەکات. سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام زۆرینەی فەلەستینییەکان هێشتا لە خێمە و پەناگەدا دەژین، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە ١٥ مانگی کۆمەڵکوژیدا ماڵەکانیان وێران کرد. لە سەرهەڵدانی شەڕ لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ١٩ی یەکی ٢٠٢٥، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجامدا، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیاتر لە ١٦٠ هەزار فەلەستینی کوژران و برینداربوون کە زۆرینەیان منداڵ و ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی بێسەروشوێن کە تا ئێستاش لاشەکانیان لە ژێر داروپەردوودایە.
هاوڵاتى هاوسەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕایدەگەیەنێت، لەم چەند ڕۆژەدا شاندمان دەچێتە ئیمراڵی، پەیوەست بەو سەردانەوە ئەمڕۆ یا سبەینێ داواکاری پێشکەش دەکرێت. لە پەڕلەمانى تورکیا، ئەمرۆ دووشەممە گوڵستان کلچ کۆچیگیت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و پەیوەست بە چاوپێکەوتنی سێهەم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان زانیاری خستەڕوو. گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: لەم چەند ڕۆژەدا شاندمان دەچێتە ئیمراڵی، پەیوەست بەو سەردانەش ئەمڕۆ یا سبەی داواکاری پێشکەش دەکرێت و ئامادەکاری ئەنجامدەدرێت. هاوسەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی ئەوەش دەخاتەڕوو لە سەردانەکەى ئیمرالیدا بە تایبەت زانیاری لەسەر سەردانەکانی باشووری کوردستان و ئەو گفتوگۆیانەی کراون بە ئۆجەلان ڕادەگەیەنرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشى: دوای چاوپێکەوتنەکە کاتی ڕاگەیاندنی بانگەوازە مێژوویەکی بەڕێز ئۆجالان دیاری دەکرێت، کە لە چارەسەری پرسی کورددا دەبێتە قۆناغی سەردەمێکی نوێ. ئەو جەخت لەسەر ئەوەکردەوە دڵنیاین بانگەوازەکە مێژووی دەبێت ئەو کردە و ڕێگرییانەی گورز لەم زەمینە هاوپەیمانی و هاوبەشەیی تورک و کورد دەدەن و ئاستەنگی بۆ درووستەکەن، دەبێت لە لایەنی سیاسی و کۆمەڵگەوە شەرمەزار بکرێن." گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئەوەشى روونکردەوە، دوای ئەوەی بانگەوازییە مێژوویەکە دەدرێت، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی پەڕلەمان و وتی: دوای ئەوەی ئەم بانگەوازییە مێژووییە دەدرێت، بانگەوازی لە پەڕلەمان دەکەین بە بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت، بکەوێتە ژێرباری بەرپرسیارێتی خۆی و گۆڕین و هەموواری یاسایی بۆ جێبەجێکردنی پێویستییەکانی بانگەوازییەکە بکات و دەستبەجێ هەنگاوبگرێتەبەر." شاندەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. شاندەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە. شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."