بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی شارەوانیی کاغزمانی باکوری کوردستان لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە، قەییومێکی لەجێگەی دانا، تائێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتی 12 شارەوانی دانراوە کە 10 سەرۆکیان لە دەم پارتیین. ئەمڕۆ دووشەممە 24-02-2025 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان لە پارێزگای قەرس دانرا. محەممەد ئالکان، هاوسەرۆکی شارەوانیی کاخزمان لە کار دوورخرایەوە و ئۆکان داشتان، قایمقامی شارۆچکەکە بە وەکالەت کرایە سەرۆکی شارەوانییەکە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، محەممەد ئالکان، بە تۆمەتی "ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار،" رۆژی 23-02-2025 لەلایەن دەستەی دادوەرانی پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی قەرسەوە، بڕیاری 6 ساڵ و 3 مانگ بەندکردنی بۆ دەرکرا. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ی یاسای ژمارە 5393ی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ی دەستووری تورکیا، بڕیار درا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی. بەپێی مادەی 47ی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکانیش بڕیار درا بە دانانی ئۆکان داشتان، قایمقامی کاخزمان وەک سەرۆک شارەوانی بە وەکالەت." بەپێی ئاژانسی وڵات میدیا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ساڵی 2016 و دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا قەییومی بۆ 95 سەرۆکی شارەوانی بەدەپە دەستنیشان کرد، دوای هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئازاری 2019، جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بە دانانی قەییومەکان کردەوە بۆ 48 شارەوانی کە لەلایەن هەدەپەوە سەرۆکایەتی دەکران، بەجۆرێک قەییوم بۆ 3 شارەوانی شارە گەورەکان، 5 شارەوانی، 33 شارەوانی قەزاکان و 7 شارەوانی شارۆچکەکان دامەزراند. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا محەممەد ئالکان، بەربژێری دەم پارتی 3320 دەنگ ( 32.68%ی دەنگەکان)ی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان هەڵبژێردرا. لە کۆی ئەو 85 شارەوانییەی دەم پارتی توانیوویەتی بەدەستیان بهێنێت، 72 شارەوانی بە دەستەوە ماوە و ناشزانرێت تا تەواوبوونی ئەم خولەی شارەوانییەکان کە هێشتا زیاتر لە چوار ساڵی ماوە، قەییوم بۆ چەند شارەوانی دیکە دادەندرێت و چەند سەرۆک شارەوانییش دەستلەکاردەکێشنەوە.
وەزیری دارایی ڕایدەگەیەنێت لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانن لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمرۆ یەکشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان کە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەکەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە. لە دیدارێکدا وەزیری دارایی گوێبیستی داواکاریەکانیان بوو، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانن لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو. سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند وەک وەزارەتی دارایی ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی.
هاوڵاتى لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی چاکسازی بۆ باج لە عێراق، ئاشکرایدەکات لەساڵى ڕابردوودا، کۆى داهاتی باج بەڕێژەی 22% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە چوار تریلیۆن دینار. خالید جابری یٔەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی باج، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: داهاتی باج لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 3.755 تریلیۆن دیناری عێراقی، یٔەمەش یٔاماژەیەکی ڕوونە لەسەر باشتربوونی سیاسەتەکانی باج و بەرزکردنەوەی یٔاستی کۆکردنەوەی باج. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جابری یٔاماژەی بەوەشداوە لە داهاتوودا سێ کێشەی سەرەکی چارەسەر دەکرێن لەوانە: کۆتاییهێنان بە کێشەی لێکچوونی ناوەکان، دانانی سیستەمێکی ژمارەیی بۆ پرسیارکردن لەبارەی باج، هەروەها بەردەستکردنی زانیارییەکانی کۆمپانیاکان بە شێوەی یٔەلیکترۆنی بۆ فەرمانگە حکومییەکان. یٔەندامەکەی لیژنەی باڵای چاکسازی باجى عێراق، ئەوەشى ڕونکردەوە یٔەم چاکسازییانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دارایی کاراتر و دادپەروەرانەتر، وتیشى: متمانە لە نێوان دەوڵەت و باجدەران بەهێز دەکات و زەمینە بۆ چاکسازی گەورەتر لە سیستەمی یٔابووری خۆش دەکات. بەپێى ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ساڵی (2022) داهاتی گشتی باجى حکومەتى هەرێم و عێراقیش پێکەوە بڕی (4 ترلیۆن و 823 ملیار و 955 ملیۆن) دینار بووە. لەو بڕەش (912 ملیار و 558 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (19%) داهاتی گشتی باجی هەرێم و ڕێژەی (81%) داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بووە کە بڕەکەی (3 ترلیۆن و 911 ملیار و 397 ملیۆن) دینار بووە. بەڵام لە ساڵی (2023) تەنها داهاتی گشتی باجی حکومەتی عێراق بەردەستە و بڕەکەی (5 ترلیۆن و 913 ملیار و 188 ملیۆن) دینار بووە. بەشێوەیەکی گشتی (باج) بەشدارییەكی دارایی ناچارییە، حكوومەتە ناوچەیی، هەرێمییەكان دەیسەپێنێت بە سەر كەس و كۆمپانیاكاندا، ئامانجەکەشی پاەدارکردنی حکومەتە بۆ ڕاییکردنی چالاكییە داراییەکانی. لە پێناسەیەکی کورتیشدا دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە باج؛ بڕێكی نەختینەیە حكومەت بە مەبەستی دابینكردنی پارە بۆ خەرجییهكانی دەوڵەت لە دامەزراوەو كەسەكانی وەردەگرێت، وەک داهات لە كەرتە گشتییەکانی؛ وەك کشتوکاڵ، پەروەردە، پیشەسازی، ڕێگاوبان، وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە گشیییەکان و ژێرخانی دەوڵەتدا خەرجی دەکات.
لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانیی سووریا، تەواوبوونی قۆناغی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی ڕاگەیاند، دوای ئەنجامدانی زیاتر لە 30 کۆبوونەوە کە سەرجەم پارێزگارەکان. ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق، حەسەن دەغیم وتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا، ڕایگەیاند کە کۆنفرانسەکە ڕۆژی سێ شەممە یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات. دەغیم وتیشى: بڕیارە کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام دەکرێت درێژبکرێتەوە ئەگەر پێویست بکات. ڕاگەیاندنى کاتى کۆنفرانسى نیشتیمانیی سووریاـ لەکاتێکدایە پێشتر چەند جارێک ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، دووپاتیانکردوەتەوە پێکهێنانی لیژنەی دیالۆگی نیشتیمانی لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە رەتدەکەنەوە و پێیوایە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی سوریا ناکات و مەترسیی خۆی نیشاندەدات لەگەڕانەوەی دۆخی سوریا بۆ سەردەمی ناوەندی و داخراویی. فەرهاد شامی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاندبوو: هەر کۆنگرەیەک بەبێ بەشداریی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجامبدرێت، نیشتیمانی نییە و دوپاتی دەیکەنەوە دورخستنەوەی هەر لایەنێک لە پڕۆسەی سیاسی سوریا وێران دەکات و کۆمەڵگەکەی لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە. لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسى نیشتمانیی سووریا هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا دووپاتی کردەوە کە ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانەی لەگەڵ کوتلە جیاجیاکانی سوریا ئەنجامیاندا بووە هۆی دووبارە داواکاری بۆ پێویستی دەرکردنی بەیاننامەیەکی دەستووری کاتی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئینتقالی، ئەمە جگە لە داڕشتنی پلانێکی ئابووری کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستادا بگونجێت. هەروەها لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی چوار هەزار ژن و پیاو بەشدارییان لە کۆبوونەوە ئامادەکارییەکاندا کردووە، کە تیایدا گوێیان لە زیاتر لە دوو هەزار و 200 دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ گرتووە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 700 بەشداریی نووسراوی وەرگرتووە کە دیدگا و پێشنیاری سەبارەت بە داهاتووی سوریا لەخۆگرتبوو. وتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری، حەسەن دەغیم، ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی ناردنی بانگهێشتنامە بۆ بەشداربووان لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا دەست پێدەکات، دواتر شوێنی کۆنفڕانسەکە دیاری دەکرێت. دەغیم ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕاسپاردانەی کۆنفرانسەکە دەردەچن تەنها ئامۆژگاری فەرمی نابن، بەڵکو لەسەری بنیات دەنرێن لە داڕشتنی بەیاننامەی دەستووری و پێناسەکردنی ناسنامەی ئابووری و داڕشتنی پلانێک بۆ چاکسازی دامەزراوەیی.
وەزارەتی پلاندانانى عێراق ڕاگەیاند، سبەینێ دووشەممە ئەنجامى کۆتایی پرۆسەى سەرژمێری دانیشتوانى وڵات ڕادەگەیەنرێت. لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پلاندانان، ئەمرۆ یەکشەمە، دەڵێت محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان، سبەینێ دووشەممە لە کۆنفرانسێکدا ئەنجامە سەرەکییەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و خانووبەرە ڕادەگەیەنێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەشکراوە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵوێزى وڵاتان و بەرپرسانی پەرلەمان و حکومەت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی پڕۆسەکە رادەگەیەندرێت و زانیاریی و ئاماری ورد لەسەر دانیشتووانی عێراق دەخرێتەڕوو. پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە رۆژانی 16-19ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێکرد. تێیدا زانیارییەکانی دانیشتووان تۆمارکران و رۆژانی 20-21 پشتڕاستکردنەوە بۆ زانیارییە تۆمارکراوەکان کرا. بەگوێرەى ئەنجامەکە، ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیش دەگرێتەوە. بەراورد بە ساڵى 2009 کە ژمارەى دانیشتووان 31 ملیۆن و 664 هەزار بوو، رێژەى ساڵانەى گەشەى دانیشتووان گەیشتووەتە 3%.
هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست. لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رێککەوتن، ئەوەش دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست. ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێکهێنراوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردوەتەوە، کە پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەنەوە. لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025 کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کە ئەندامانی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەن و وەبەرهێنان لە بواری نەوتی گازی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پەیامێکیان بڵاوکردەوە. ئەپیکۆر رایگەیاند "هەروەکو هەمیشە دووپاتمانکردووەتەوە، ئەندامانمان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا، لەدوای گەیشتنە رێککەوتنێک کە مەرجەکانی ئابووری و بازرگانی و گرێبەستی کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەمان لەبەرچاو بگرێت." لەو پەیامەیدا، ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات ئەوان "بەدوای رێککەوتنێکی نووسراوی تایبەت بە فرۆشتندا دەگەڕێین، لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە شەفاف بێت و گەرەنتی پارەدان بکات، بەبێ دەستوەردانی سیاسی." هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق دوێنێ شەممە تەواوبوونی ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و شاندی دانوستانكاری هەرێمی کوردستانیش وەڵامی بەغدادی دایەوە و رایگەیاند: پێویستە پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن، رێككەوتنێك لەسەر دیاریكردنی بڕێك بۆ مەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی بەپێی پێویستییەكانی هەرێم و پابەندبوونەكانی، هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق بكرێت. رۆژی سێی ئەم مانگە حكومەتی عێراق رێكارەكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی دەستپێكرد و نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ رادەستكردنی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ بەمەبەستی هەناردەكردنی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی راسپارد لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا نەوتییەكان، لە پەیوەندیدابن تا بەزووترین كات هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە.
هاوڵاتى ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئازادکردنی سەدان بەندکراوی فەلەستینی هەڵپەسارد کە ڕۆژێک پێشتر پلانی بۆ ئازادکردنی دانابوو تا ئەو کاتەی گروپی چەکداری حەماس مەرجەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، ئەمەش جەخت لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەکاتەوە. نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمرۆ یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل چاوەڕێی ڕادەستکردنی ئەو ٦٢٠ زیندانی و دەستبەسەرکراوەی فەلەستینییە "تا ئازادکردنی بارمتەکانی داهاتوو دڵنیا دەکرێتەوە، و بەبێ ئەو ڕێوڕەسمە سوکایەتیانە. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە ڕادەستکردنی ئەم دواییەی حەماس پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە، چونکە ڕێزیان نەگرتووە. حەماس وایکردووە بارمتەکان لەسەر شانۆ لەبەردەم خەڵکدا دەربکەون و هەندێکجاریش پێش ئەوەی ڕادەستبکرێنەوە قسە بکەن. هەروەها تابوتەکان کە پاشماوەی بارمتەکانیان تێدایە بەناو قەرەباڵغیدا هەڵگیراون. ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، رۆژی (شەممە، 22ـی شوبات) حەماس، 6 بارمتەی دیکەی ئازاد کرد و ئەو شەش بارمتەیەش، دوا بارمتەی زیندوو بوون کە بڕیارە حەماس لە گەڕی یەکەمی ئاگربەستەکە دا ئازادیان بکات. بڕیارە هەفتەی داهاتوو، حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراو رادەستی ئیسرائیل بکاتەوە. ئیسرائیل و حەماس بەردەوام یەکتریان تۆمەتبار کردووە بەوەی، مەرجەکانی ئاگربەستیان پێشێلکردووە کە لە 19ـی مانگی رابردووەوە، چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، تائیستا لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا، حەماس 30 بارمتەی ئازاد کردووە کە 26ـیان زیندوو بوون، لەگەڵ چوار تەرم. ئەم ڕاگەیاندنەی ئیسرائیل کە هەروەها حەماسی بە چەندین جار پێشێلکردنی ئاگربەستی مانگێکە تۆمەتبار کرد، دوای ئەوە هات کە گرووپی چەکداری فەلەستینی ڕۆژی شەممە شەش بارمتەی لە غەززەوە ڕادەست کرد لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕێک کە لە ژێر ئاگربەستەکەدا ڕێکخرابوو.
هاوڵاتى وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سێهەمین ڕۆژی کۆنفرانسی گەورەی پارێزگارانی ئەمەریکا (CPAC) ڕایگەیاند "دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆیان. داگ بورگێم وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا لەبەشێکى ترى لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، ڕایگەیاند حکومەتی ئێران سەدان ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت بەدەستهێناوە کە دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ئەو کارە بوەستێنێت. وەزیری ناوبراو، ئەوەشى خستەڕوو ترامپ بە گەڕاندنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" وەک لە خولی یەکەمی خۆیدا کردی، ئایەتو دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆی خۆیان. ئاماژەی کورتی داگ بۆرگێم بە ئێران لە کاتێکدایە کە بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی حکوومەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بووە لە گرینگترین وتارەکانی چەندین بەرپرس و کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان. مارک واڵاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ڕووی ڕاستەقینەی سەرکوت و سروشتی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانە. واڵاس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ئامێرێکی کوشتنی ترسناکە کە نەوەک تەنها دژی ئۆکرانیا، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل، ئەمەریکا، حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها کەشتیوانی لە دەریای سوور و بابولمەندەب بەکارهاتووە و سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشێکی ئەو فڕۆکەبێفڕۆکەوانانەدا کوژراون. کۆبوونەوەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت. لە ئیدارەی یەکەمیدا، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەرامبەر ئێران پەیڕەوکرد، بەڵام ئیدارەی بایدن لەو باوەڕەدا بوو، سیاسەتەکە شکستخواردووە، بۆیە دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستبەکاربوونی لە 2021، هەڵیوەشاندەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "من بەڕاستیی دەمەوێت ئاشتی ببینم و هیواداریشم بتوانین بەوە بگەین. بابەتەکەش سادەیە. ئەوان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ئەگەر من گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئەوان دەبنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆر خراپ دەبێت بۆیان".
کەمێک پێش ئێستا، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەسەر ڕێگای سلێمانی بۆ عەرەبەت گردبوونەوە و ڕێگاکەیان داخست، وەک خۆشیان دەڵێن: ڕێگریی لەو تانکەرە نەوتانەوە دەکەن کە بە قاچاغ هەناردە دەکرێت. مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لەسەر ڕێگای سلێمانی بۆ عەربەت گردبوونەوە و ڕێگا سەرەکییەکەیان داخست. مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن: بە بەرچاومانەوە نەوتە بە قاچاغ دەبردرێت و هەناردە دەکرێت و مووچەکانیشمان پێ نادرێت، بۆیە ڕێگریی لەو تانکەرانە دەکەین. هەرچەندە لە مانگی شووباتداین، بەڵام تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـی دابەش نەکردووە و دیاریش نییە ئاخۆ دابەشدەکرێت یاخود دەچێتە پاڵ مووچە نەدراوەکانی ساڵانی ڕابردوو.
هاوڵاتى بڕیاردهری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له پهرلهمانی عێراق، ڕایگەیاند ئەمرۆ یەکشەممە، لیستی مووچهی مانگی شوباتی مووچهخۆرانی ههرێمى کوردستان دهگاته بهغدا. بەپێى زانیاریەکان، بڕیارە ئەمرۆ لە وەزارەتی دارایی هەرێم کۆبوونەوەیەک بکرێت لەسەر ناردنی لیستی مووچە، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت لیستەکە ڕاستەوخۆ بنێرن یان پێویست دەکات شاند بنێرن. شوان محهمهد بڕیاردهری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له پهرلهمانی عێراق لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو لیستی مووچهی مانگی شوباتی مووچهخۆرانی ههرێم تەواوبووە، بڕیارە ئەمرۆ بگاتە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ ئەوەى وردبینى بکرێت. ناردنی لیستی مووچە دوایین ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی دوو، خۆی سێ ئەرکی لەسەرشانە، ناردنی 50%ـی داهاتی باج و گومرگەکان، ئامادەکردنی میزان موراجەعە کە داهات و خەرجی وەزارەت و فەرمانگەکان دەگرێتەوە لەگەڵ ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچە بێ کەموکوڕی. بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرسێ ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ کردوون و هیچی لەسەر نەماوە بۆ مانگی دوو، لەبارەی ناردنی پارەش بۆ مووچە کە بڕەکەی هاوشێوەی مانگی ڕابردوو لە نێوان 950 ملیار بۆ تریلۆنێک دینار دەبێت، ناردنی دەکەوێتە سەر تەیف سامی، ئەگەر هیچ بیانووێک نەگرێت، دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو. لیستی مووچی مانگی دووی فەرمانبەران تەواو بووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیستەکە بە سیستمی پەیرۆڵ ڕەوانەی بەغدا بکرێت. هاوکات سەرجەم کێشەکان بەتایبەتی کێشەی خانەنشینانی سەربازی لە لیستی مووچە چارەسەر کراون.
ئەڵمانییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى پەرلەمانی فیدراڵیی، ڕاپرسییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەنجامەکەی ڕاوێژکاری نوێ و هاوپەیمانییەکی نوێی حوکمڕانی بێت. هاوڵاتیانى ئەڵمانیا بەدەنگەکانیان بڕیار لەسەر حکومەتی داهاتوویان دەدەن هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازو کاریگەرە لەسەر ئاراستەی سیاسەتی ئەڵمانیا و ئەوروپا لە داهاتوودا. لەم هەڵبژاردنەدا 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان هەیە، 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن، 45 پارت رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی 5٪ تێپەڕێنن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت، لە خولی بیستەمینی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، حەوت پارت نوێنەریان هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن سۆشیاڵ دیموکرات، پارتی دیموکراتی ئازاد، پارتی سەوز، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، پارتی دیموکراتی کریستیان. چوار کاندیدی دیار کێبڕکێ لەسەر پۆستی ڕاوێژکار دەکەن، ئەوانیش ئۆڵاف شۆڵتز، لە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، فرێدریش مێرتز سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا، ڕۆبەرت هابێک لە پارتى سەوز، ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. ئەوەى ڕوونە لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ پارتێک ناتوانێت حوکمڕانی بکات بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی و ئەوەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. بەگوێرەی نوێترین راپرسی؛ پێشبینی کراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 23ی شوبات پارتی کریستیان دیموکرات CDU-ی پارێزگار 30%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، هەرچی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری تووندڕۆیە پێشبینی کراوە ببنە هێزی دووەم و 20%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن. بوژانەوەی ئابووری یەکێک بووە لە دوو بابەتی گەورەی هەڵمەتەکە؛ ئەوی دیکەیان کۆچ و ئاسایش بووە، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ەوە بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی کوشندەیەوە خراوەتە سەر سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا. کۆچبەری جێگەی سەرنجی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە بووە، نیگەرانییەکان بەشێکی بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی باڵاوە پەرەی سەندووە کە گوایە لەلایەن پەناخوازان یان کۆچبەرانەوە ئەنجامدراون. بە پێی ئامارێکی فەرمیی ئەڵمانیا لە 2015وە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان داوای مافی پەناخوازییان کردووە.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان - ئەپیكۆر، ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی کۆمەڵەکەیان ئامادەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بکەنەوە، هاوکات قەبارەی زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكەن، کە گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025 کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کە ئەندامانی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەن و وەبەرهێنان لە بواری نەوتی گازی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پەیامێکیان بڵاوکردەوە. ئەپیکۆر رایگەیاند "هەروەکو هەمیشە دووپاتمانکردووەتەوە، ئەندامانمان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا، لەدوای گەیشتنە رێککەوتنێک کە مەرجەکانی ئابووری و بازرگانی و گرێبەستی کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەمان لەبەرچاو بگرێت." لەو پەیامەیدا، ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات ئەوان "بەدوای رێککەوتنێکی نووسراوی تایبەت بە فرۆشتندا دەگەڕێین، لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە شەفاف بێت و گەرەنتی پارەدان بکات، بەبێ دەستوەردانی سیاسی." هەروەها دەشڵێن زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا پێشتر كۆمەڵەكە رایگەیاندبوو، قەبارەی زیانەكان 22 ملیار دۆلارە. دوێنێ، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون، داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. لە بەشێکی پەیامەکەی ئەپیکوردا هاتووە "کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەی ئەپیکور، سەرنجیان لەسەر کارکردنە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتنە چارەسەرێکی سوودبەخش و هاوبەش، ئێمە کۆکین لەگەڵ دوایین لێدوانی سەرۆکوەزیران سوودانی لە 22ـی شوبات، کاتێک رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئابووری عێراق بەهێزتر دەکات و تەواوی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانیشی دابین دەکات." لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدرالیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛ رێککەوتنێک بکرێت لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەپێی پێویستییەکانی هەرێم و پابەندبوونەکانی، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق. شەممە 22ـی شوباتی 2025، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، سەبارەت بە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی تایبەت بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕادەگەیەنین کە حکوومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەی هاوبەشمان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ئەوە دووپات کرایەوە کە جێبەجێکردنی هەمواری یاساکە پێویستی بە ڕێککەوتنێک لەسەر بڕی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پێویستە ڕێککەوتن لەبارەی میکانیزم و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکان بکرێت. هەر پێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پێویستی خێراکردنی چارەکردنی سەرجەم ئەو کێشانە دەکاتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە. شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێم جەخت لەسەر پێویستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە زووترین کات دەکاتەوە. شهممه، 22ـی شوباتی 2025، وهزارهتی نهوتی عێراق ڕایگهیاند، سهرجهم ڕێكارهكانی دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بهندهری جهیهانی توركییهوه تهواو كراون. وهزارهتی نهوتی عێراق ئاماژهی بهوهش كردووه، ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان به پێی میكانیزمهكانی هەمواری یاسای بودجهی گشتیی فیدراڵ و به گوێرهی ئاستی دیاریكراوی بهرههمهێنانی نهوت دهبێت له ڕێكخراوی ئۆپێك. ههروهها وهزارهتهكه داوای له حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڕی بهرههمهێنراوی نهوت ڕادهستی كۆمپانیای (سۆمۆ) بكات.
لەکۆبونەوە نێوان سودانى و وەزیری ناوخۆی ئێران، جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات چالاکبکرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى نوسینگەکەى، ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی کردوە لە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێز ئەسکەندەر موئمنی. لە بەشێکی ئەو دیدارەدا تاوتوێی ڕێوشوێنەکانی ئاسانکاری کردن کرا، بۆ زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، جەخت لەسەر چالاککردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئێران کرایەوە، سەبارەت بە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات. هاوکات بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کراوە، لەوانە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان. هەروەها لە کۆبونەوەیەدا هاوکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگی لە کاری دەروازە سنوورییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری جەختیلێکراوەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت، هێشتا 63 بارمتەى ئیسرائیلى لە دەستی بزوتنەوەى حەماسدا ماون، ئێمە پابەندین بە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم دەستگیرکراوەکان. ئێوارەى ئەمرۆ شەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلن لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: تا ئێستا 192 ڕفێنراومان دۆزیوەتەوە کە 147 کەسیان لە ژیاندان و 45 کەسیش کوژراون، هێشتا 63 ڕفێنراو لە دەستی حەماسدا ماون. ئەو وتیشى: حکومەتەکەمان پابەندە بە بەردەوامبوون لە کارەکانی بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ڕفێنراوانی زیندوو بۆ خێزانەکانیان و مردووەکان بە کەرامەتەوە بنێژرێن. هاوکات دەسەڵاتی بنەماڵەی زیندانیانی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ناتانیاهۆ و داوای هاوکاری لە ترەمپ دەکات بنەماڵەی ئەو زیندانیانەی ئیسرائیلی کە لە دەسەڵاتی غەززە دەستبەسەرکراون دەڵێن ٦٣ دەستبەسەرکراو کە هێشتا لە دۆزەخی غەززەدان بۆ ڕۆژی ٥٠٥. ئەوان دەشڵێن: نەتەنیاهۆ ڕێگری لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن دەکات بۆ دڵخۆشکردنی هاوبەشەکانی هاوپەیمانی لەسەر حیسابی دەستگیرکراوەکان، چۆن دەکرێت ترامپ و ویتکۆف نوێنەرەکەی لە نەتانیاهۆ زیاتر پابەندبن بە گەڕانەوەی دەستگیرکراوەکان؟ هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو هەموو ئەو هەوڵانە دەبیستین و دەبینین بۆ ئاستەنگکردن لە قۆناغی دووەمی گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردن و ئازادکردنی ئەوانەی لە دیلدا ماونەتەوە. ئەمڕۆ لە خولی حەوتەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حەماس سەرەتا دوو کەسیان ئازاد کرد، پاشان سێ کەسی دیکە و دواجار دوای کاتژمێرێک، دواهەمین کەسیان لە شەش بارمتە ئیسرائیلییە بەڵێندراوەکان لە بەرامبەر نزیکەی 600 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە چەند کاتژمێرێک لەوەوبەر تەرمی شیری بیباسی وەرگرتووەتەوە. شەش بارمتەکە دوایین بارمتەی زیندوون لە کۆی ئەو 33 بارمتەیەی کە بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد بکرێن کە لە 19 ی مانگی یەکەوە دەستیپێکردووە. نزیکەی 60 بارمتەی دیکە لە غەززە ماونەتەوە کە باوەڕوایە لە نیوە کەمترییان زیندوو بن.