ــ ئەو پلانەى حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی بووەتەوە ــ ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی کێشەکانی قەرەباڵغی و کەمی ئاوە حکومەتى ئێران، پلانی گواستنەوەی تارانی پایتەختی بۆ ناوچەی مەکران لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکەی ڕاگەیاند. فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران، رایدەگەیەنێت ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی کێشەکانی قەرەباڵغی و کەمی ئاو و قەیرانی دابینکردنی کارەبایە، وڵاتەکە بەدەستەوە دەناڵێنێت بە تارانی پایتەختیشەوە. موهاجرانی وتی: “پایتەختی نوێ لە باشوور دەبێت، لە ناوچەی مەکران و لە ئێستادا بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.” وتەبێژەکەى حکومەتى ئێران، باسى لەوەکرد دوو تیمی تایبەتمەند پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە خەرجی و تێچووى پڕۆژەکە، پەرەپێدانی پلانێکی ئابووری لەسەر بنەمای ئابووری لە ناوچەی مەکران، کە تێیدا داوای پشتگیری لە ئەکادیمیست و پسپۆڕان دەکەن، لەوانە ئەندازیارو کۆمەڵناس و ئابوریناسان.   ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە پلانەکە هێشتا لەقۆناغی سەرەتاییدایەو ئەولەویەتێکی هەنگاوەکانى بەپەلە نابێت. ئەو پلانەى حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی بووەتەوە، لەوانە ڕۆژنامەنووس عەلی جولاهىی، کە لەژێر ڕۆشنایی قەیرانی ئابووری وڵاتدا بە "نا واقیعی و مەترسیدار" وەسفیان کردووە. لەسەر پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی: “یاریگای ئازادی 18 مانگ دەخایەنێت و 24 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، کەواتە چەند کات و پارەی دەوێت بۆ گواستنەوەی پایتەخت؟” زانراوە کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە چەند جارێک بیرۆکەی گواستنەوەی پایتەخت وروژێنراوە، بەڵام چەندین جار تووشی ئاستەنگی ئابووری و سیاسی و لۆجستی بووە.

ــ  جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە ــ حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق ــ یەکڕیزی و یەکگرتویی نێوان ئایین و نەتەوەکانی عێراق گرنگه‌   عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە، بە جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە، هاوکات ئەوەشى دووپاتکردەوە حەشدی شەعبی یەكێكە لە پێكهاتە گرنگەكانی هێز لە عێراق كە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت و بەهێزتربكرێت. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەیەکەم کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، کۆبویەوە، پاشان لەگەڵ عەلی خامنەیی رابه‌رى باڵاى وڵاتەکە کۆبووەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، لەبەشێکى کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانى، خامنەیی، رابه‌رى باڵاى کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختى لەسەر ئەوە کردوەتەوە، حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق، دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگی پێبدرێت و بەهێزتر بکرێت. خامنه‌یی ئه‌وه‌شى خستوه‌ته‌ڕوو به‌پێى ئه‌و بەڵگانه‌ى هه‌ن، ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە عێراق دەدەن و دەبێت بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکرێت. ئه‌و وتیشى: بوونی هێزی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق بە نایاساییه‌، پێچەوانەی بەرژەوەندیی گەل و حکومەتی عێراقه‌، جەختی لەسه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان ده‌ده‌ن لە عێراق، پێویسته‌ بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکه‌ین. رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئاماژەى به‌ پەیوەندی باشی نێوان حکومەتی عێراق و  یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی عێراقی بە پێویست و گرنگ زانی.

ــ هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین پووچەڵکردەوە ــ  ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، زۆربەیان تەقێندرانەوە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا  ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. ئەمرۆ چوارشەممە، بەسەدان هاوڵاتى شارەکانى باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. لەکاتى ئەو سەردانەدا لەلایەن تورکیاوە هێرشکرایە سەر کاروانی هاوڵاتییانی مەدەنی لە نزیک بەندوای تشرین بوون و بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداو برینداربوون. دوابەدواى ئەو بۆردومان و هێرشانە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە خراوەتە ڕوو، هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گوندەکانی باکووری بەنداوی تیشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. هەروەها دەڵێت: بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە پاڵپشتی دەکران، لەکاتێکدا هێزەکانمان هێرشی توندیان ئاراستەی بەکرێگیراوانی داگیرکەر دەکر، ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، کە زۆربەیان تەقێندرانەوە. راگەیەندراوەکەى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ماوەیەکی نزیکدا دیمەن و وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکان بڵاودەکەنەوە. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی ئاشکرای دەکات کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی کاتى سوریا بە نیازە سەردانی تورکیا بکات، ئاماژەی بەوەداشداوە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە. ڕۆژنامەکە ئەوەى خستوەتە ڕوو ئەحمەد شەرع، سوپاسی ئەردۆغان دەکات بۆ پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ شۆڕشی سوریا، هاوکات جەختیشیکردووەتەوە کە دیارترین مەلەفی سەرمێزى گفتوگۆکەیان، پرسى شەرڤانانى هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت لەسوریا. بەپێى ناوەرۆکى هەواڵى ڕۆژنامە تورکیەکە، سەرکردایەتی تورکیا و سوریا لەسەر پێویستی "پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر" هاوڕان، بە هاوبەشی بڕیاریانداوە ئەم هەوڵانە بەرەو پێشەوە ببەن. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربوو پێشتر سەردانەکەی شەرع ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەرنامەکەى سەردانەکە دواخراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کرا، ڕوونیدەکاتەوە مەرجەکانی تورکیا بۆ دوورکەوتنەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ڕوون و ئاشکرایە، کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک جەختی لەوە کردەوە، تورکیا "هیچ مەبەست و ئامادەکارییەک بۆ بەدیهێنانی ئەم بابەتە نابینێت"، هەروەها وتى "ئەو تیرۆریستانە کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن دەبێ سوریاش بەجێبهێڵن، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتاکەی، دووشەممەی ڕابردوو، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی سوریا گۆڕاوە، هەروەها نەهێشتنی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنیا لەسەر کات وەستاوە. هەروەها جەختی لە گرنگی سەقامگیری هەمیشەیی لە سووریا و پاڵپشتیکردنی ئیدارەی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و گەیاندنی بۆچوونی پێویست لەبارەی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و سەقامگیری بۆ دیمەشق کردەوە. ئەنقەرە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دوای نزیکەی 13 ساڵ لە داخستنی، باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە و ئیبراهیم کالین، وەزیری هەواڵگری تورکیاش سەردانی دیمەشقی کرد.

ــ بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا کردەوە ــ بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە کرا ــ هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەمرۆ لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کۆبوەتەوەو لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە کراوە. بارەگاى بارزانى، لەتۆڕى کۆمه‌لایەتى فەیسبوک، بڵاویکردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە. هەر لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریاو پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتیانە کردەوە.

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەکۆبونەوەکەى لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیادا باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمى کوردستانیان کردوە، خۆشحاڵى خۆشی دەربڕیوە بەدیدارەكەی.  ئەمرۆ چوارشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێكدا باسى لەسەردانەکەى بۆ تورکیا کردوەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە دیدارەكەی لەگەڵ نوح یڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا. ئەو دەڵێت: پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقماان تاوتوێكردووە.  هاوکات، لەبارەی ئەو دیدارەوە، میدیا ناوخۆییەکان زانیارى نوێیان ئاشکراکردوەو دەڵێن شاسوار عەبدولواحید لە دیدارەكەیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان كردووە. دوێنێ، سێ شەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز پێشوازی لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید وەک پارتێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستان-عێراق کردووەو کۆبوونەتەوە نەوەی نوێ لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەشداری خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد و لە ئەنجامدا ١٥ کورسی بەدەستھێنا. ئەو سەردانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێ، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە. لەدواى کۆبوونەوەکە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان-عێراق و پرسە هەرێمییەکان کرا. سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سووریا گرنگی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەدا. هەوڵ دەدات ڕێگری لەوە بکات پێشهاتەکانی سووریا نەبنەهۆی ناسەقامگیریی نوێ لە ناوچەکەدا.

كاوە ڕەش/ بەریتانیا  پیاوێکی كورد، کە لەبەردەم شەمەندەفەرێکیدا دانیشتوە لەو كاتەدا، پاڵ بەكەسێكی پۆستەچییەوە دەنێت بۆ ناو سكەی شەمەندەفەرەکە، دادگای بەریتانیاش بەتاوانی هەوڵدان بۆ کوشتن، بۆ هەتا هەتایە سزای زیندانی بەسەردا سەپاند. لە كامێراكانی چاودێری فەرمانگەی گوستنەوەی هێڵی ئاسینینی بەریتانیا دەردەكەوێت، پەناخوازێكی كورد، بەناوی بڕوا شۆڕش، تەمەن 24 ساڵ، دوای ئەوەی لە 3ی شوباتدا كەسێك بەناوی، (تادێوس پۆتۆچێکی) تەمەن 61 ساڵ، كە لەسەر سەکۆی هێڵی ڤیکتۆریا بەرەو باشوورگەشت دەكات، لەناو وێستگەی ئۆکسفۆرد سێرک، پاڵ بەو پیاوە  بە تەمەنەوە دەنێت بۆ ناو هێڵی ئاسینینی شەمەندەفەرەکەو هەوڵ بۆ کوشتنی دەدات. ‎قوربانییەكە لەكاتی كەوتنەخوارەوە بۆ ناو ڕێڕەوەكە، چانسی هەبووە كە دەستی لەتەزوی كارەبای شەمەندەفەرەكە نەداوە، هەرزوو لەلایەن ڕێبوارێکەوە یارمەتی دراوە لەڕێڕەوەکە دەربچێت. دواتر ئەو كەسەی هەوڵی ڕزگاركردنی داوە، لەلایەن دادوەرەوە لەدادگای تاجی ناوخۆی لەندەن، بڕی هەزار پاوەندی وەك پاداشت پێبەخشرا. ‎داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە، مەحاڵە شتێک لەخەیاڵتدا بێت، هەرگیز پاساو بۆ پاڵنانی کەسێک لەبەردەم شەمەندەفەرێکی لەو شێوەیەدا بهێنێتەوە.  ‎بڕوا شۆڕش، کۆچبەرێکی کوردەو لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بەڵگەو وتەكانی لەبەردەم دادواەر لێ وەرگیراوە، ئەو بانگەشەى ئەوەی کردووە، كە لەو كاتەدا زۆر "تووڕە" بووە لەو كەسە پۆستەچییە، چونکە هەستی کردووە پۆستەچییەکە بەنیگایەکی نامۆو ناشیرین سەیری كردووە. ‎ماکسین جارۆس جۆنز، لەبەشی لێكۆڵینەوە دەڵێت: "بروا شۆڕش هەوڵیداوە بەئەنقەست قوربانییەکە بکوژێت، كاتێك شەمەندەفەرەکە نزیكبۆتەوە، ئەو بەزۆر پاڵی  بە پۆستەچییەكەوە ناوە بۆ ناو ڕێڕەوەکە. ‎ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بیرکردنەوەی خێرای قوربانییەکەو بوێری ئەو ڕێبوارەی کە یارمەتیداوە، ئەو خێراییەی کە شۆفێری شەمەندەفەرەکە لەكاتی وەستانی نەبوایە، ئەوا کردەوەکانی ئەو پەناخوازە كوردە، دەیتوانی ژیانی قوربانییەکە بەفیڕۆ بدات. ‎ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاتوچۆکاران بتوانن لەوێستگەو ڕێگاو بانەكان، بەبێ ترس و بەئازادی گەشت بکەن، دووربن لەتوندو تیژی و زیان. ئەو لێكۆڵەوەرە دەڵێت، بەم سزادانە هیوادارم وەك بیرخستنەوەیەک بێت، بۆ ئەو جۆرە كەسانەی بیر لەوکارانە دەكەنەوە، ئێمە بەو شێوەیەی کە یاسا ڕێگەی پێدەدات بەتەواوی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەین. ‎سام پەینتەر، كەئەویش وەك ئەفسەرێكی بەدوداچون لەوكەیسە كاری كردووە دەڵێ، من دڵخۆشم بەئەنجامی بڕیاری ئەمڕۆی دادگاو دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم، کەبەشداربوون لە لێکۆڵینەوەکە كاریانكرد بەخێرایی تاوانكار، بڕوا شۆڕش بناسرێتەوەو دەستگیر بكرێت. ‎ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک لەسزای هەتا هەتاییدا دەردەکەوێت، بڕوا شۆڕشی تەمەن ٢٤ساڵ، تاکێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار بووە، سوپاس بۆ یەزدان، ئێستا لەسەر شەقامەکان دوورخراوەتەوەو لەپشت شیشی زیندانەكان زیندانكراوە.  هیوادارم ئەو سزادانەی تاوانبار، هەندێک ئاسوودەیی و ئارام بۆ قوربانییەکە فەراهەم بکات، کە ئێستا بەردەوامە لەسەر چارەسەری چاکبوونەوەی لەو كردەوە ترسناکەی ڕووبەڕووی بۆتەوە لەلایەن بڕوا شۆڕشەوە.

  هاوڵاتى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، لە سەرتای مانگی داهاتوو، دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دەکرێتەوە. دەشڵێت: ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان 600-750 ملیار دینار بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات بۆ ئەوەی 19 بۆ 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون بدات. ئاشکراشی کرد ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 قەرزی نیشتەجێبوونی داوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: "قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکەش دەگاتە 60 ملیۆن دینار. ساڵى رابردووش بانکی رافیدەین، بڕی 300 ملیۆن دینار قەرز بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دا فەرمانبەرو هاوڵاتیان.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئاشکرایدەکات سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا کە لە ئێستادا ئاستەنگن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و بوژانەوەی وڵاتەکە، دەکرێت بە خێرایی هەڵبگیرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە ڕادیۆی فەرەنساى  ڕایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا بە خێرایی هەڵدەگیرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ هاوبەشەکانی ترمان لە یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی دیکە، لە ئەگەری پێشکەوتن لە بوارەکاندا لەوانە مافەکانی ژنان و گەیشتن بە ئاسایش لە سوریا. ژۆن نۆوێل بارۆ، پێى وایە ئەو گەمارۆو سزایانەى بەسەر بەشار ئەسەدو ڕژێمە ڕوخاوەکەیدا سەپێنراون، بە شێوەیەکی سروشتی هەڵناگیرێن.  وتیشى :لە ئێستادا سزای دیکەش هەن کە ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکەن، ڕێگری لە چاکبوونەوەی وڵات دەکەن و لەوانەیە بەم زووانە ئەمانە هەڵبگیرێن. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەرداربوونێکی شەش مانگی لە سزاکانی سەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە دامەزراوە حکومییەکان لە سوریا دەرکرد. ئەمەش بۆ ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و تێپەڕاندنی کەمیی وزە و ڕێگەدان بە گواستنەوەی کەسی. یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیاو حکومەتەکانی دیکە سزای توندیان بەسەر سوریادا سەپاند، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١دا سەرکوتى ئەو دەنگە ناڕەزاییانەکرا کە داواى دیموکراسیان دەکرد. هەینى رابردوو ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانە بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی سووریا و خەڵکەکەی لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد سەردانى سوریایانکرد. ئەوە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی ئاست باڵای وڵاتانی رۆژئاوا بوو بۆ سووریا لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024. 

شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، بەتۆمەتى نانەوەى پشێوى و دروستکردنى ئاژاوە، چەند کەسێکیان لە خۆپیشاندەرانی ‌خاوه‌نى ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكان دەستگیرکردوە. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش پشتراستى ئەوەى کردەوە ژماره‌یه‌ک له‌ به‌شداربوانى خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌ستگیركراون، راشیگەیاند: ئەوکەسانە هه‌وڵیانداوە پشێویى بنێنه‌وه.  نیوەرۆى دوێنێ سێ شەممە ژمارەیەک لە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، دژی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. دواى نزیکەى کاتژمێرێک لە خۆپیشاندانەکە، بەشێک لە خۆپیشاندەران، چوونە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، دواتر رێگەی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگایان بەڕووى ئۆتۆمبێلەکاندا داخست. دوای چوار کاتژێر لە خۆپیشاندان و  رێگەگرتن و دروستبوونی قەرەباڵخی، هێزە ئەمنیەکان بە زەبرى هێزو گازى فرمێسک ڕێژ کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکە هێنا. پەیامنێرى هاوڵاتى رایگەیاند، شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، هەڵمەتێکیان ئەنجامداوەو چوونە سەر ماڵى بەشێک لە بەشداربووانى خۆپیشاندەرانەکەى  ‌دوێنێى خاوه‌نى ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكان، ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکراوەو تا ئێستاش ئازاد نەکراون. رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، له‌گردبونه‌وه‌كه‌دا گرژیى ڕویداو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌گازى فرمێسک ڕێژ هه‌وڵیاندا بڵاوه‌ به‌خۆپیشانده‌ران بكه‌ن، دواى بڵاوه‌پێكردنیشیان، ژماره‌یه‌ک له‌به‌شداربوانى خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌ستگیركران، چونکە ئه‌وكه‌سانه‌ هه‌وڵیاندا پشێویى بنێنه‌وه. ئەو بەرپرسەى ئاسایش وتیشى: پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر فه‌رمانى دادوه‌رو به‌گوێره‌ى یاسای خۆپیشاندان مادەی 10 ئه‌نجامدراوه‌و ئێستاش لێکۆڵینەوەیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت

ــ زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی تورکیادایە ــ بەهۆى ئەو هێرشانەى تورکیاوە مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەکەیە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب بەسەدان هاوڵاتى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. ماڵپەرەکانى نزیک لە هەسەدە، ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، بەمەبەستى بەدەمەوەچوونى بانگەوازەکەى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە، سەدان هاوڵاتیان بەڕێکەوتن بەرەو بەنداوى تشرین. زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی دژوارو سەختى دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەرو چەتەکانیدایە و مەترسی گەورەی لەسەرە.  هێزەکانی هەسەدە له ساڵی 2015 وە دهستیان بەسەر بەنداوەکەدا گرتووە، بەنداوەکەش بەیەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی کارەبای باکووری سوریا دادەنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بەنداوەی بۆ کارەبای هەرێمەکە زۆر گرنگە، مەترسی تەقینی لەسەرە، ئەگەر بەنداوەکە بتەقێت لە رەقا و تەبقاوە تا عێراق رووبەرێکی فراوان ژێر ئاو دەکەون. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی ئاراستەی رێکخراوە و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد.لە هەمان کاتدا داوای لە گەل کرد لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە و پشتیوانی دەربڕین لە شەڕڤانانی قەسەدە، بکەونە جموجۆڵەوە و رۆڵ بگێرن. دوابەدوای ئەو بانگەوازە لە حەسەکەوە بە سەدان کەس لە سەرلەبەیانییەوە کەوتنەڕێ و روویان کردە بەنداوەکە. بە تایبەتی لە رەقا و تەبقاوە، گەلانی کانتۆنی فوراتیش بەرەو بەنداوەکە بەڕێکەوتوون. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە. بەنداوەکە لە پشتیەوە دەریاچەیەکی بە ناوی دەریاچەی تشرین دەگرێتەوە کە قەبارەکەی نزیکەی 1.9 ملیار م3 دەبێت.

بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانى هەڕێم کۆببێتەوەو وەزارەتى دارایی دواڕوونكردنەوەی خۆى بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراویی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بخاتە ڕوو. بەپێى راگەیەندراوێکى فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە لەماڵپەرى حکومەتى هەڕیم بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی 1ی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەییی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و چەند بڕگەیەك تاوتوێ دەكەن. لە بڕگەی یەكەمدا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 لەبەر ڕۆشناییی دواڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراویی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ دەخرێتە ڕوو. پێشتر پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، تەواوی بڕگەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبن بە بابەتی دارایی و پرسی مووچە. ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتی بایۆمەتری و ناردنی زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا دەکرێت، راپۆرتێکیش لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی ناوەندەی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو. راگەیەندراوەکەى حکومەت ئەوەش دەخاتەڕوو لە بڕگەی دووەمى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ ڕاپۆرتێك سەبارەت بە پشتبەستنی ژمارەی كەسیی بێهاوتا (UPN) و ئەنجامی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دەخرێتە ڕوو. لە بڕگەی سێیەمدا بەرەپێشچوونەكانی پرۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (پرۆژەی سیستەمی پەیرۆڵ)، بە گوێرەی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێت.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەمە بەیاوەرى وەفدێکى حکومى لەبەغدای پایتەختەوە، بە سەردانێکی فەرمی بەڕێکەوت بۆ تارانى پایتەختى کۆماری ئیسلامی ئێران. نووسینگەى سودانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو، لەسەردانەکەیدا بۆ تاران سودانى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتیی بەهێزکردنیان تاوتوێ دەکەن.  پێشتر، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بەسەردانەکەى سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوەى خستەروو ئەم سەردانە لە چوارچێوەی راوێژە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە.  ئەم سەردانەى سودانى لەکاتێکدا یەکشەمەى رابردوو،ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس لە سپای پاسدارانی ئێران بەنهێنى سەردانى بەغداى کرد، چاودێران پێیان وایە هۆکارەکانی سەردانەکەی قائانی پەیوەندی بە هەوڵێکەوە هەیە بۆ ساڕێژکردنی ئەو درزەی نێوان سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گروپە چەکدارە شیعەکانى عێراق. ماوەیەکە سودانى ڕووبەڕووی فشاری ئەمریکا بووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان،سودانی هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەچارەسەرکرنى دۆسیەی ئەو گروپانە. دوو هەفتە لەمەوبەر میدیا عێراقى و جیهانیەکان بڵاویانکردەوە دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، په‌یامی بۆ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناردووه‌ و پێیڕاگه‌یاندووه‌، چالاكیی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران ڕابگره‌.

بەرپرسێکی باڵای کورد، رایدەگەیەنێت، ئەو بەربەستانەى لەبەرەدەم پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەتی هەرێم هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، بۆەیە ئەگەرێکى بەهێز هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ حکومەت پێکنەهێنرێت. رۆژنامەى شەرق ئەلئەوسەت، لەژمارەى ئەمرۆ سێ شەممەدا، لەسەر زارى بەرپرسێکى باڵاى کوردەوە، کە پێی باشنەبووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاندوە “دواخستنی پێکهێنانی حکومەت تا کۆتایی ساڵ ئەگەری زۆرە”. چونکە دانوستانەکانی نێوان هەردوو حزب و هاوبەشی پۆستەکانیان لە هەرێم پەیوەستە بە هاوبەشییان لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. بەرپرسە باڵاکەی کورد ڕەتی ناکاتەوە کە "بەربەست"ی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت. ئەو بەرپرسە پێیوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، قەبارەی لایەنە کوردستانییەکان ئاشکرا دەکات، بەمەش توانای دانوستانیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان دەردەکەوێت و ئەمەش بەپێویستی دەزانێت لە پشکی ئەواندا ڕەنگدانەوەی هەبێت لە پۆستەکانی هەرێم. ئەمرۆ سێ شەممە بۆ سێیەم جار پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتی نیشتمانى کوردستان لەهەولێر کۆبونەوە، ئەمە خولی سێیەمی دانوستانەکانیانە بۆ پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەتی هەرێم، بەبێ ئەوەی ڕێککەوتنێکی جددی و ڕاگەیەندراوی لێبکەوێتەوە. سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە کوردییەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیار دراوە لە کاتێکی دواتردا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدرێت، کۆبوونەوەکە بۆ باسکردنی  ئەو ڕاپۆرتانەبووە کە هەردوولا سەبارەت بە دیدگاکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بۆ هەرێم ئامادە یان کردوە. بە شێوەیەکی نەریتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی نیشتمانى دەچێت، لە کاتێکدا پارتی دیموکرات پۆستی وەزیری دەرەوە وەردەگرێت کە پۆستێکی سیادیە، جگە لە پۆستە وەزارییە خزمەتگوزاریەکان. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە لە 20ی ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی زۆرینەى کورسیەکان (٣٩) کورسی لە (١٠٠) کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی نیشتمانی بە ٢٣ کورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

دەزگای ڕاگەیاندنی چین بڵاویکردەوە ئەمرۆ ڕۆژی سێشەممە بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزەوە لە هەرێمی تبتی چین لانیکەم 126 کەس گیانییان لە دەستداوە، ژمارەیەکی زۆریش لە بیناکان ڕووخاون، بوومەلەرزەکە لە چەند بەشێکی هیندستان و پایتەختی نیپاڵیش هەستی پێکراوە. تیمەکانی فریاگوزاری بە داروپەردبووی بیناکاندا دەگەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا، بومەلەرزەکە لە شارۆچکەی تینگری داوە کە شارۆچکەیەکی بەرزەو دوورە دەستە، نزیکەی 80 کم لە باکووری چیای ئێڤێرێستەوە دوورە، دەکەوێتە سەر سنووری چین لەگەڵ نیپاڵدا. سانگجی دانگژی تەمەن 34 ساڵ سوپەرمارکێتێکی هەیە لە تینگری و زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، وتی "لێرە خانووەکان لە قووڕ دروست کراون، کاتێک بومەلەرزەکە ڕوویدا زۆرێک لە خانووەکان ڕووخان." دەزگای هەواڵی شینخوای چین وتی نزیکەی 95 کەس گیانییان لە دەستداوە و 130 کەسی دیکە برینداربوون. وتیشی زیاتر لە هەزار خانووش زیانییان پێگەیشتووە. ناوەندی تۆڕی بومەلەرزەی چین وتی بومەلەرزەکە بە گوڕی 6.8 بووە، ناوەندی جیۆلۆجی ئەمەریکاش وتی بومەلەرزەکە بە گوڕی 7.1 بووە. تینگری کە سەرچاوەی بومەلەرزەکە بوو نزیکەی 62,000 دانیشتووی هەیە، شارۆچکەکە هێندەی لاسای پایتەختی تیبێت پێشکەوتوو نیە. زۆربەی ئەو خانووانەی کە ڕووخاون وادەردەکەوێت کە بە شێوازی کۆن دروستکرابێتن، لە بەرد و قوڕ و دار دروستکراون. سەرۆکی چین شی جین پینگ داوای هەوڵێکی گەورەی گەڕان و فریاگوزاری کرد، کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان و دووبارە نیشتەجێکردنەوەی ئەوانەی زیانییان پێگەیشتووە بە شێوەیەکی گونجاو و دڵنیابوونەوە لە پارێزراوییان و گەرمبوونەوەیان لە وەرزی زستاندا." بەرپرسان دەڵێن زیاتر لە 3400 کارمەندی فریاگوزاری و زیاتر لە 340 کارمەندی تەندروستی ڕەوانەی شوێنەکە کراون. لە مانگی دوانزەی ساڵی 2023 دا بومەلەرزەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای چین بووە هۆی گیان لە دەستدانی 148 کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە هەرێمی گانسو. ئەوەش کوشندەترین بومەلەرزە بوو لە چین لە دوای ساڵی 2014 ەوە، لەو ساڵەدا زیاتر لە 600 کەس لە بومەلەرزەیەکدا لە هەرێمی یونانی باشووری ڕۆژئاوای چین گیانییان لە دەستدا.