ــ هاوکارییەمرۆییەکان بۆ حەماس دەچێت، ئەمەش هێزیان دەداتێ ــ تا کاتی دەستبەکاربوونی ترەمپ سەرۆکی چاوەڕوان دەبن یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند داوای لە سەرکردایەتی سوپای وڵاتەکەى کردووە پلانێک بۆ "شکستپێهێنانی حەماس" لە کەرتی غەززە بخاتەڕوو ئەگەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تا کاتی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا شکستی هێنا. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایدەکات داواى لە سوپای ئیسرائیل کردووە پلانێکى بۆ ئامادەبکەن، بۆ شکستی تەواوەتی حەماس لە غەززە ئەگەر تا کاتی دەستبەکاربوونی سەرۆک ترامپ ڕفێنراوەکان ئازاد نەکرێت لە ٢٠ی ئەم مانگە. لە ماوەی چەند مانگێک لە کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سێ ئامانجی بۆ شەڕەکە داناوە، لەناوبردنی حەماس، ئازادکردنی دیلەکان و گەیشتن بە ئاسایشی تەواولە تەلئەبیب. ڕۆژی سێشەممەى رابردوو، جیۆرا ئیلاند، تەلارسازێکی “پلانی ژەنەڕاڵەکان”ی ئیسرائیل و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند کە فشارە سەربازییەکان “بەشێکیان سەرکەوتوو بوون لە لاوازکردنی دەسەڵاتی سەربازیی حەماس، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجی سەرەکی: ئازادکردن زیندانییەکان و کۆتاییهێنان بە حەماس”. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕ و ئاگربەست لە غەززە، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تۆمەتە بەردەوامانەی کە ئۆپۆزسیۆن و بنەماڵەی زیندانیانی ئیسرائیلی لە دژی نەتانیاهۆ خستووەتە بەردەم ناتانیاهۆ بە ڕێگریکردن لە هەر ڕێککەوتنێک بۆ پاراستنی پێگەی غەززە. یسرائیل كاتز وهزیری بهرگریی ئیسرائیل، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى وت: نابێت ئێمە بکێشرێین بە شەڕی پەرتبوون لە دژی حەماس لە غەززە، لە کاتێکدا ڕفێنراوەکان لە تونێلەکاندا دەمێننەوە و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و ئازارێکی زۆر دەچێژن. کاتز ئاماژەی بە ئەگەری قبوڵکردنی پێشنیارێک کرد لەلایەن وەزیرەکانەوە، لەنێویاندا ئیتامار بن غاڤیۆر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و بیزالێل سمۆتریچ وەزیری دارایی، داوای بڕینی یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییە کە لە ئێستاوە کەم بووە بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. وتیشی: داوام لە سوپا کرد ئاماژە بەو خاڵانە بکات کە ڕەنگە جێبەجێکردنی پلانەکە قورس بێت، لەوانەش پرسی مرۆیی و پرسەکانی تر، و ئەوە بۆ ئاستی سیاسی جێبهێڵێت تا بڕیاری پێویست بدات. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە بانگەشەی ئەوەشی کردووە، کە هاوکارییەکان بۆ حەماس دەچێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنەوەی هێزی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
نوێنەرانى یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵى دادگەرى بایکۆتى کۆبونەوەکەى سبەینێى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و سەرۆکى فراکسیۆنەکە کوردەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەن. بڕیارە سبەینێ شەممە، لەهەولێر نوێنەرانی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەت کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدرێت. موسەننا ئەمین ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، بەمیدیای حیزبەکەی ڕاگەیاندوە: سبەی بەشداری کۆبونەوەکەی حکومەتی هەرێم ناکەین. لایخۆشیەوە، سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵى دادگەرى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هاوشێوەى یەکگرتوو بڕیارى بایکۆتیداوە، ئەو وتى "هەموو خەڵکی هەرێم دەزانێت بەغدا زیاتر لە ١١ ترلیۆن دینار پارەی بۆ موچەی ١٢ مانگ ناردووە، بەڵام موچەیەکی ساڵی ٢٠٢٤ یان نەداوە بەموچەخۆران". پێشتر پێشەوا هەورامى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سبەینێ شەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبونى نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، لەحکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەن ئەنجامدەدرێت. پێشەوا هەورامى دەشڵێت: تەوەری کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەحکومەتی فیدراڵی.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاند، نێردراوانی ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هۆشدارییانداوە بە ئیدارەی نوێى سوریا، لە دانانی چەکدارانی بیانی بۆ پۆستە باڵا سەربازییەکان. بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، هۆشدارییەکەی ئەمریکا بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ پاڵنانی سەرکردە نوێیەکانی سوریا بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بەو هەنگاوەدا. لە کۆبوونەوەی نێوان دانیال ڕوبینشتاین، نوێنەری پێشوی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریاو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، ڕۆژی چوارشەممەى رابردوو لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، "ئەم دامەزراندنانە یارمەتیدەریان نابێت بۆ پاراستنی ناوبانگیان لە ئەمەریکا". بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستانەکان ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنساو ئەڵمانیا، ژان نۆئێل بارۆت و ئانالینا بایربۆک، لە میانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شەراع لە ٣ی ئەم مانگە، پرسی ئەو چەکدارە بیانییەیان وروژاندووە کە لە سوپای سوریا وەرگیراون. دەستەى تەحریر شام سەرکردایەتی هێرشێکی کرد کە لە ٨ی کانوونی دووەمدا بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای ڕووخاند. لەو کاتەوە حکومەتێک لەو وڵاتە دامەزراو سوپای ئەسەد هەڵوەشایەوە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانەوەی هێزى سەربازى و سوپاى ئەو وڵاتە لە ئارادایە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڕێکخراوەکە نزیکەی 50 دامەزراندنی ئەنجامداوە، لەنێویاندا لانیکەم شەش چەکداری بیانی لەنێویاندا چینی و ئاسیای ناوەڕاست، ڕەگەزنامەی تورک، میسری و ئوردنی. دەستە تەحریر شام و گروپە هاوپەیمانەکانی بریتین لە سەدان چەکداری بیانی کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی ١٣ ساڵەدا هاتوونەتە سوریا. پایتەختە بیانییەکان بە گشتی وەک هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی چەکدارە بیانییەکان دەڕوانن، گومانیان لەوە هەیە کە ڕەنگە هەندێکیان دوای بەدەستهێنانی ئەزموون لە دەرەوەی وڵات هەوڵی ئەنجامدانی هێرش لە وڵاتەکانی خۆیان بدەن.
لە هەڵمەتێکى چرى هێرشى هاوبەشی ئەمەریکاو بەریتانیاو ئیسرائیل، زیاتر لە 30 شوێنى سەربازیی حوسییەکانیان لە ناوچە جیاجیاکان کرایە ئامانج لە سەنعای پایتەخت. ئەو شوێنانە بریتین لە بەندەری حەدید لە دەوروبەری گۆڕەپانی سابین، کەمپی ٤٨، چیای عتان، سەربازگەى حەفاو وێستگەی کارەباو کۆگاکانی چەک و تونێل و شوێنی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی حەرف سوفیان لە نێوان پارێزگاکانی عەمران و سەعدە لە باکووری یەمەن هێرشیان کراوەتە سەر. هەروەها چەندین هەڵمەتى هێرشى گەورە بۆ سەر بەندەرەکانی حودەیدە و ڕاس عیسایان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن کە دەڕوانێتە سەر دەریا. هەر لەو چوارچێوەیەشدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان ئامانجەکانیان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای یەمەن پێکاوە، لەوانە وێستگەیەکی کارەبا و دوو بەندەر کە لەلایەن حوسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون. ئیسرائیل بۆ پێنجەمین جار هێرشی ئاسمانی و یەکەمینى ساڵی نوێدا ئەنجامداوە، لە کاردانەوە بە پەرەسەندنی هێرشەکانی حوسییەکان لە ڕۆژی هەینیدا دامەزراوە و شوێنە سەربازییەکانی سەنعاو عەمران و هەروەها بەندەرەکانی حودەیدە و ڕاس عیسا لەسەر دەریای سوور کردە ئامانج، هاوتەریب لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئەوەى خستوەتە ڕوو ٢٠ فڕۆکە بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر یەمەن کردووەو ٥٠ بۆمبیان فڕێداوەو پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ناوەڕاستی ئاسمان بۆ فرۆکەکان ئەنجامدراوە. سوپای یەمەن ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئامانجەکانیان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و قوڵایی ناوخۆی یەمەن بۆردومان کردووە. پێش ئەو هێرشانە، وتەبێژی بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان)، یەحیا ساری، ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەلئەبیبیان کردە ئامانج، هەروەها ژمارەیەک ئامانج لە ناوچەی یافای داگیرکراو بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و توانیان بە سەرکەوتوویی بگەنە ئەو ناوچەیە ئامانجەکانیان. میدیاکانی حوسییەکان بڵاویان کردەوە فڕۆکەى ئەمریکی و بەریتانیاییەکان نزیکەی ١٢ هێرشیان بۆ سەر پارێزگای عەمران لە باکووری شاری سەنعا دەستپێکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو هەڵمەتانە ناحیەی حەرف سوفیان لە پارێزگای سەنعایان کردۆتە ئامانج. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، ئەمریکا هاوپەیمانییەکی بە ناوی “پارێزەری خۆشگوزەرانی” دامەزراند؛ لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوورو کەنداوی عەدەن، پێش دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی کە لە ١٢ی ١ی ٢٠٢٤ دەست پێدەکات و بەریتانیا لە ژمارەیەک هێرشدا بەشداری کردووە. حوسیەکان هاوپەیمانی ئێران لە یەمەن زیاتر لە ساڵێکە لە هەوڵێکدا بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئیسرائیلدا، هێرش دەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و دەشڵێت، وەک هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لە غەززە.
دانیشتووانى ناحیەى خەلەکان و دەوروبەرى، ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لەخۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕین لە دژی تەواونەکردنی جووتسایدی خەلەکان – رانیەو چوار رۆژیشە رێگای سەرەکی سلێمانی ـ هەولێریان بەتەواوی بەڕووى هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخستوە. بەهۆی وەستانی کارکردن لە دووسایدی رێگەی نێوان جووتسایدی خەلەکان – رانیە، هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە رێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیان لە گوندی باداوان لە کانی وەتمان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بار و تانکەردا داخستوەو ئاستەنگى هاتوچۆیان دروستکردوە. ئەمڕۆ هەینیش بۆ ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندەرانیش نوێژى هەینیان هەر لەسەر ڕێگل داخراوەکە ئەنجامداو بەڵێمى ئەوەیان دووپاتکردەوە بەردەوام دەبن و رێگاکەش بە داخراوی دەھێڵنەوە تا ئەوکاتەوە وەڵامى یەکلاکەرەوە وەردەگرن. ئەو هاوڵاتیانەى بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەکانیان کردوە، باسیان لەوەکردوە کارکردن لە رێگاکە وەستاوەو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە جێبەجێ نەکردووە، هیچ وەڵامیشیان ناداتەوە، بۆیە ناچاربوون رێگاکە دابخەن. لە ساڵی 2013 وە بڕیاری دووسایدکردنی رێگای دووکان – رانیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەکە تەواونەکراوە، لەکاتێکدا ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە روودەدەن و دەیان هاووڵاتییش دەبنە قوربانی. دووسایدی دووکان - رانیە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەمی لە گوندی بێستانە بۆ چوارقوڕنە تەواو کراوە، قۆناخی دووەم و سێیەمی لە کانی وەتمانەوە بۆ دووکان 12 ساڵە تەواو نەکراوەو بەجێهێلراوە. پەیوەست بە کێشەو خۆپیشاندانەکەى هاوڵاتیانى ئەو ناحیەیە، کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان، لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو ئەو کێشەیە، کێشەی ئیدارەی ناوچەکەیە، بەڵام کێشەیەکی گەورەنییە و بە 25 ملیار دینار چارەسەر دەبێت. بەڕێوەبەری ناحیەى خەلەکان، وتى: بەڵێندەرەکە بە ٤٥%ى کارەکانى تەواوکردوە، بەهێندەی ئەو پارەیەی وەریگرتووە کاری نەکردووە، تائێستا نزیکەى حەوت ملیار دینارى بۆ خەرجکراوە، بۆ تەواوکردنی رێگەکەش یاداشتی وەستاندنی کاری کۆمپانیاکەمان بردووە بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگای سلێمانی، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە. داواکاریی یەکەمى ئەو هأولاتیانەى خۆپیشانەکەیان کردوە، تەواوکردنی قۆناغی دووەمی رێگەکەیە، کە دریژیەکەى 25 کیلۆمەترە، بەوى هاوڵاتیان بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە تەنها (٢٠) ملیار دینارى پێویستە. خەلەکان دەکەوێتە باکووری قەزای دوکان، لەڕوى ئیداریەوە سەربە پارێزگای سلێمانیە، بە گوێرەی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەى ٨ هەزار کەسە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەمرۆ هەینی لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردوەتەوە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییە 40 ساڵەکەی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، هیوای بۆ ئاشتی لە تورکیا بەرزکردۆتەوە. بەڵام دۆخی هێزە کوردییەکان لە سوریا و نادڵنیایی دەربارەی مەرامەکانی ئەنقەرە لەو وڵاتە نیگەرانییەکی زۆری لای کوردەکان دروست کردووە و وایکردووە دوودڵ بن لەو ڕێگەیەی کە لە بەردەمییاندایە. رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت و پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێشەوە بچێت. تا ئێستاش ململانێکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40,000 کەس لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، هەروەها بووەتە هۆی کەمی گەشەپێدان لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و کەوتنەوەی دووبەرەکی قووڵی سیاسیی. دەم پارتیش لە کۆتایی مانگی دوانزەدا لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆبوونەوە، لەو کاتەوە پارتەکە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکانی دیکەدا کۆبووەتەوە و تاوتوێی پێشنیارەکەی ئۆجەلانییان کردووە، هەردوولاش دەڵێن گفتوگۆکان " ئەرێنی " بوون. دوو سەرچاوەی دەم پارتی بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە کە بڕیارە پارتەکە جارێکی دیکە لە 15 ی مانگی یەکدا لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە.
ــ هەسەدە ئامادهیە ببێتە بهشێك له وهزارهتی بهرگری سوریا ــ بۆ كۆنگرهی نیشتمانیی سوریا هێشتا بانگێشتنهكراوین ــ ئامادهین ڕێکبكهوین لهبارهی یهكپارچهیی خاكی سوریا فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سوریای دیموكرات، رایدەگەیەنێت ئەگەر تورکیاو گروپەکانى ترى هاوپەیمانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکان رابگرن و کۆتایی بە ئۆپراسیۆنى سەربازى بهێنرێت و ئاگربەست و ئاشتى گشتگیر لەسوریا بەدیبێت، ئەوان شەرڤانان دەگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان. لە دیدارێكی تایبهتیدا لهگهڵ كهناڵی تەلەفزیۆنى سكای نیوز ئەمرۆ هەینى بڵاوکراوەتەوە، دامەزڵوم عهبدی فهرماندهی گشتیی هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (ههسهده)، باسی بارودۆخی سوریای دوای ئهسهد و ههوڵهكان بۆ بهشداریكردن له حكومهتی نوێی سوریا، ههروهها جێكردنهوهی هێزهكانی ههسهده لهناو وهزارهتی بهرگریی سوریادا دەکات. لەبەشێکى قسەکانیدا، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە دەڵێت: پێشتر داوامان لەشەرڤانانکرد هاوکاری هێزو گەلەکەمان بکەن بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانمان لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش،، ئێستاش دەڵێن تا وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی هەمەلایەنە لە سوریا بەدینەیەت کە تا ئێستا ئەوە ڕوینەداوە، ئەوان شەرڤانان ناگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان. فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سوریای دیموكرات، ئاماژهی بۆ ئهوه كردووه كه له سهرهتای پێكهێنانی ههسهدهوه له ساڵی 2015ـدا، ڕایانگهیاندووه كه له سوریای دواڕۆژدا دهبنه بهشێك له وهزارهتی بهرگریی سوریا و ئێستاش كه ئهو دهرفهته هاتووهتهپێش، ئامادهن ببنه بهشێك له وهزارهتی بهرگری. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جهختدهكاتهوه لهوهی ئامادهن لهگهڵ حكومهتی ڕاگوزهری سوریادا ڕێبكهون و لهبارهی یهكپارچهیی خاكی سوریاوه كۆكن و لهو بارهیهوه، وتی: بە گشتی و لە ڕووی پرەنسیپەوە لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە داهاتووی سوریا هاوڕاین، بهڵام وهكو دهزانن، چهندین وردهكاریی كرداریی ههن كه سورییهكان چاوهڕوانی چارهسهركردنیانن". لهبارهی بهشداریكردنیان "كۆنگرهی نیشتمانیی سوریادا كه بڕیاره بهمنزیكانه بهڕێوهببرێت، مهزڵوم عهبدی ڕایگهیاند، "هێشتا بانگێشتنهكراوین، بهڵام بۆچوونمان وایه دهبێت نوێنهرانی گشت پێكهاته و ناوچه و هێزهكانی سوریا بهشداریی لهو كۆنگرهیهدا بكهن".
هاکان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، رایدەیەگەنێت، بهردهوام دهبن له شهڕی تیرۆر، وتى: پاککردنەوەی خاکی سوریا لە تیرۆر یەکێک دەبێت لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی ساڵی 2025، چیرۆکەکەمان له سوریاش تازە دەستیپێکردووە. پاشنیوەڕۆى ئەمرۆ هەینى، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ، هاکان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، ڕایگەیاند کە ناوچەکە ئێستا لە شەڕو ململانێکان بێزار بووە و وتی، "ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و هاودەنگی و هاوکاریی بەردەوام هەیە. ئەو، جهختیكردهوه له درێژهدان به شهڕ له ڕۆژئاوای كوردستان و به ناوهێنانی یهكینهكانی پاراستنی گهل (یهپهگه) وتی، "تیرۆر له سوریا مهترسییه بۆ سهر توركیا و دهبێت خاكی سوریا له تیرۆر پاكبكرێتهوه". وەزیرەکەى تورکیا، هیوای ئەوەى خواست پرۆسەی گواستنەوە لە سوریا لە داهاتوودا بە لێکتێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و یەکگرتوویی تەواو بێت. وتیشى: ئامانجی یەکەمی سەرجەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم ناوچەیە هەمیشە تورکیایە، بەشێوەیەکی سروشتی وڵاتەکەمان بەهەمان شێوە کاریگەرترین شەڕی دژی تیرۆر بەڕێوەدەبات. بەوتەى هاکان فیدان، ئەوان وەک تورکیا، ئەو دەسەڵات و تواناو ئیرادەیان هەیە بۆ نەهێشتنی هەموو هەڕەشەکان، وتى: ئەمڕۆ گەیشتوینەتە کۆتایی لە چاوی ڕێکخراوە جوداخوازەکەو درێژکراوەکانی لە سوریا هیچ شتێک وەک جاران نابێتەوە چی تر. فیدان بە ئاماژە بەوەی کە ئەو وڵاتانەی هەڵوێستی دووفاقییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نیشانداوە، پێویستە وانەیەک لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە وەربگرن، ڕایگەیاندووە کە ئێستا پێویستە هەمووان بزانن کە تیرۆر هیچ ئایین و نەتەوەیەکی نییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوروپا، ئەمریکاو تورکیادا نییە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. فیدان ڕایگەیاند، لە داهاتوودا بە هەمان ئیرادە و بێ جیاوازی بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داع.ش و پ.ە.کەکە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد، پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەوەی تەنها لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نییە، بەڵکو پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە بەرەنگاریی تیرۆریزم دەکەنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە جیا لە ئاسایش و سەقامگیری تورکیا نابینن. فیدان بە ئاماژە بەوەی کە تورکیا سەرنجی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشی بەهێزە لەگەڵ دراوسێکانی، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بەردەوامە لە بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، دیپلۆماسییەکی چڕو چالاکانە بەڕێوەدەبات. ناوبراو لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، هێماى بۆ ئەوەکرد، ئەوان لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا زۆر ماندوو بوون لەسەر سوریا، وتیشى: بێگومان بینینی ئەم ئەنجامە هەموومانی دڵخۆشکردووە. دەتوانم بڵێم چیرۆکەکەمان لەسەر سوریا تازە دەستپێدەکات. گەلی سوریا ڕووبەڕووی تەحەدای گەورەی جۆراوجۆر دەبێتەوە لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پ.ەکە.کە، موراد قەرەیلان ڕایگەیاند: ئاپۆ بژاردەی گەلی کوردی دەستنیشان کردووە، ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەن، بە تاکتیکی شەڕی تایبەت پێداگری لەسەر شەڕ بکەن، ئەوا بێگومان تووشی شکست دەبن. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پ.ەکە.کە. باس لەهەوڵەکان چارەسەریەکانى عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات، دەڵێت "گرنگییەکی مەزنی هەیەو هەرێمەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوەو بژاردەیەکی مەزن پێشکەش بە هەمووان دەکات، ئەمە بۆ گەلانی تورکیا و گەلانی هەرێمەکە چارەسەرێکی ڕاستە و بە قازانجی گەلان دەشکێتەوە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، تا ئێستە لە ئاستی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ئاماژەی پرۆسەی نوێ بەدی ناکرێت، بەپێچەوانەوە ڕۆژانە باس لەهەڕەشەو ڕووخاندن و توندوتیژی دەکرێت، ئهو بهرپرسهى پهكهكه وتیشى "لەوە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت لە ئیمراڵی چەند دیدارێکیان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا دەسەڵات بە فەرمی خاوەنداری لەمە نەکردووە". ئاماژهى بۆ ئهوهشكرد پێویستە بزانرێت لەم قۆناغە مێژووییە گرنگەدا، هەوڵەکانی ئاپۆ دەربارەی هەڵوێستی خوشک و برایەتی تورک_کورد ئاسایی نین، بەڵکو مێژوویین. وتى "ئەمە بۆ بەرژەوەندی و ئایندە تەواوی کۆمەڵگەی تورکیا گرنگییەکی مەزنی هەیە، پێویستە ئەم هەوڵە گرنگانە بەدرووستی وەربگیرێن. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جووڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی قووڵ". سەبارەت بە سەردانەکانى شاندى دەم پارتى، قەرەیلان بەگرنگیەوە باسى کردو وتى: ئەمە لەڕووی ئاگاداربوونمان لە تەندروستی ڕێبەرێتی و وەرگرتنی سڵاو و بڵاوکردنەوەی پەیامەکان، بۆ پارتەکەمان و گەلەکەمان جێی خۆشحاڵی بوو، ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بەو پێیەی پێشتر لە ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروەها بە وردی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەین. بەرپرسەکەى پەکەکە، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئاپۆ لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵیداوە چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، هەموو دەرفەتەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. وتیىشى: لە دوایین جاردا لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، جارێکی دیکە دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد. ئێمە دەبینین کە رێبەرمان هەوڵێکی گرنگ لەم ڕووەوە دەدات.
شهوى ربردوو لەسەر ڕێگای پێنجوێن - سلێمانی، سێ تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی سووتا، بههۆیهوه كهسێك گیانى لهدهستداو زیانی ماددیش بە سێ ئۆتۆمبێلی دیكە گەشتوه، ئاستەنی هاتوچۆش لەسەر ڕێگاگە درووستبووە. مەسعود حەسەن، ڕێگەپێدراوی هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی سەیدسادق، لهلێدوانكى رۆژنامهوانیدا، ئهوهى خستهروو ڕووداوەكە بەدیاریكراوی لەكاتژمێر ١١:٠٠ـی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە، ئۆتۆمبێلێك كە نەفتا و سووتەمەنی پێبووە لە سلێمانییەوە بەرەو پێنجوێن ڕۆشتووە، لەو كاتەدا ڕووداوێكی دیكەی هاتوچۆ درووستبووە بۆیە شۆفێری تانكەرەكە كۆنترۆڵی لەدەستداوە بەهۆیەوە ڕووداوەكە درووستبووە. ئهو بهرپرسهى هاتووچۆى سهیدسادق ئاماژهى بۆ ئهوهكردوه لە ڕووداوەكەدا سێ تەنكەری گواستنەوەی سووتەمەنی سووتاوە، سێ ئۆتۆمبێلی دیكەش زیانی پێگەشتووە، شۆفێری تانكەرەكەش گیانی لەدەستداوە. وتیشى: لەئێستاشدا ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر ڕێگاكە درووستبووە، چاوەڕێی هاتنی تیمەكانی دیكە دەكەین بۆ پاكردنەوەی ڕێگاكە، تا ڕێگاكە بكەینەوە بە ڕووی هاوڵاتییاندا.
بەرەبەیانى رۆژى سێشەممەى رابردوو، ئاگرێک لە گردەکانی گەڕەکی پاسیفیک پالیسایدس لە لۆس ئەنجلۆس کەوتەوەو تائێستا نەکوژاوەتەوەولانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە،، ئەو ناوچەیە ماڵی کەسایەتییە ناودارەکانى تێدایە. بەهۆی بەردەوامى ئاگرکەوتنەوەکەى دەوروبەری لۆس ئەنجلۆسەوە ئێستا مەترسی لەسەر ناوچەی بەناوبانگی هۆلیوود دروستکردووە، ئاگرەکە لە گردەکانی هۆلیوود دەستیپێکرد کە سەدان مەتر لە هۆلیوود بۆلیڤارو شانۆی بەناوبانگی چینییەوە دوورە. کارین باس، سەرۆکی شارەوانی لۆس ئەنجلۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لۆس ئەنجلۆس "بای هێزی زریاناوی لەگەڵ وشکەساڵییەکی زۆر توند"دا بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم ئاگرکەوتنەوە گەورانە کە بەهۆی بای بەهێزەوە هەڵگیرساون، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ باڵەخانەیان وێران کردووە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. شەوی چوارشەممە، دەسەڵاتداران فەرمانیان بە دانیشتوانی ناوچەی مێژوویی ناوەندی شاری هۆلیوود کرد کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسک ڕایگەیاند کە وێستگەی ستارلینکی زیادە بەخۆڕایی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە لۆس ئەنجلۆس دابین دەکات. سەدان ماڵ لە ناوچەی پۆشاکی پاسیفیک پالیسایدز وێران بوون، کە گەڕەکێکی دڵخواز و خۆشەویستە لەلایەن کەسایەتییە ناودارەکانەوە و کۆشکی چەند ملیۆن دۆلاری تێدایە و لە بناری گردە جوانەکاندا هەڵکەوتووە. ئەکتەر و مۆسیقاژەن و کەسایەتییە ناودارەکانی دیکە لەنێو ئەو دەیان هەزار کەسەدا بوون کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گەورەکانی کێوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ژیانی پایتەختی کات بەسەربردنی ئەمریکای لەناکاو وەستا. ئاگرکەوتنەوەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووە، شارە گەورەکەی ئەمریکای گەمارۆداوە، چەندین بۆنەی هۆلیوود لەنێویاندا نمایشێکی خەڵاتکردنی گەورە و یەکەم نمایشی فیلمی پامێلا ئەندەرسۆن هەڵوەشایەوە، لەکاتێکدا ئاگرکوژێنەوەکان لەنێو بای بەهێزدا شەڕی بڵێسەی ئاگرەکە دەکەن. سەدان ماڵ لە ناوچەی پۆشی پاسیفیک پالیسایدس وێران بوون، کە گەڕەکێکی دڵخوازی کەسایەتییە ناودارەکانە و کۆشکی چەند ملیۆن دۆلاری تێدایە و لە بناری گردە جوانەکاندا دانراوە، لە کاتێکدا ئاگرەکانی دیکە لە سەرانسەری باکووری شارەکەدا بوون. گۆرانیبێژو ئەکتەری فیلمی "This Is Us" ماندی مۆر بە فۆڵۆوەرەکانی لە ئینستاگرام ڕیاگەیاندووە، لەگەڵ منداڵەکانی و ئاژەڵە ماڵیەکانی لە ئاگرەکە هەڵاتووە، گەڕەکی ئەلتادینای "وێران"ی بەجێهێشتووە. ئەو خانمە لە ژێرنووسی گرتە ڤیدیۆییەکانی وێرانکارییەکەدا نووسیویەتی "ماڵە جوانەکەم. من وێران و دڵشکاوم بۆ ئەوانەی ئێمە کە زۆر شتمان لەدەستداوە. هەست بە بێهێزییەکی تەواو دەکەم". هەروەها جەیمس وۆدز ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئیمی ڤیدیۆیەکی لە بەرنامەی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا بڵێسەی ئاگر دار و دارستانەکانی لە نزیک ماڵەکەی لە پاسیفیک پالیسادز گرتەوە لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد بۆ چۆڵکردن، دوای ماوەیەکی کەم ئاماژەی بەوەدا کە هەموو زەنگی ئاگرکوژێنەوە لێدرابوو. وۆدز دەڵێت: "باوەڕ ناکەم خانووە بچووکە جوانەکەمان لە گردەکاندا بەم ماوەیە لە ژیاندا مابێتەوە". لای خۆیەوە مارک هامیل ئەستێرەی فیلمی "جەنگی ئەستێرەکان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بە فۆڵۆوەرەکانی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ هاوسەرەکەی و سەگە ئاژەڵەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مالیبو هەڵاتووە، هەروەها ناچار بووە لەسەر ڕێگایەک هەڵبێت کە بە زمانی ئاگر دەورە دراوە. هەروەها بیلی کریستاڵ ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئیمی ڕایگەیاندووە، ماڵەکەی لە شاری پاسیفیک پالیسایدز کە بۆ ماوەی 46 ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی تێیدا ژیاوە، ئەمڕۆ بەتەواوەتى سووتا. لە بەیاننامەیەکدا بۆ گۆڤاری پیپڵ وتی: "وشەکان ناتوانن وەسفی گەورەیی ئەو وێرانکارییە بکەن کە ئێمە شایەتحاڵین و ئەزموونی دەکەین" "من و جانیس لە ساڵی 1979ەوە لە ماڵەکەماندا دەژین، ئێمە منداڵ و نەوەکانمان لێرە پەروەردە کردووە پڕ بوو لە خۆشەویستی”. هەروەها جەیمی لی کورتیس ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار ناچار بوو چۆڵ بکات، دواتر لە ئینستاگرام نووسیویەتی "گەڕەک خۆشەویستەکەمان نەماوە. ماڵەکەمان سەلامەتە. بەڵام زۆر کەس هەموو شتێکیان لەدەستداوە"
ــ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی شەڕی درێژ خایەنکردووە بە هۆکاری سیاسی و بێ سوودبوە ــ تۆمەتبارتان دەکەین بە شەڕێکی بێ ئاسۆ، کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێ وێنەیە ــ وازت لە بارمتەکان و سەربازەکان هێناوە ناگەڕێنەوە مەگەر بە ڕێککەوتن کۆمەڵێک لە بنەماڵەی سەربازانی ئیسرائیل، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکەن کۆتایی بە شەڕی کەرتی غەززە بهێنێت، بۆ ڕزگارکردنی گیانی کوڕەکانیان و تۆمەتباریان کرد بەوەی کە بە بێهودە ململانێکانى درێژ کردوەتەوە. گروپی "خێزانی سەربازەکان بەس دەگرین" زیاتر لە 800 خێزانی سەربازو سەربازو یەدەگ لەخۆدەگرێت کە لە یەکەکانی شەڕکردن لە غەززە خزمەت دەکەن، لەنێویاندا ئەوانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە بێ وەستان بەردەوامن لە شەڕکردن. ماوەی چەند مانگێکە نەتانیاهۆ لەلایەن ڕەخنەگرانییەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە شەڕی دژى حەماس درێژخایەن کردووە بە هۆکاری سیاسی و بێ سوود بووە. دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەم شەڕەی لە وەڵامی ئەو هێرشە بێ وێنەیەی بزووتنەوەی فەلەستین بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستپێکرد. لە نامەیەکدا کە لەلایەن گروپی “خێزانی سەربازەکان بەس دەگرین” بۆ ناتانیاهۆ، ئەو گرووپە ئەمرۆ چوارشەمە لەنامەیەکدا ئەم تۆمەتانەیان دووپاتکردەوە. لە نامەکەدا هاتووە: ئێمە تۆمەتبارتان دەکەین بە شەڕێکی بێ ئاسۆ، کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێ وێنەیە، ئەمەش تەنها لەبەر هۆکاری مانەوەی سیاسی کەسی ئێوەیە”. لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە، “ئێمە تۆمەتبارتان دەکەین بەوەی کە واز لە بارمتەکان و سەربازەکان هێناوە!” بانگەوازتان لێدەکەین: کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن! بنەماڵەی سەربازەکان ڕایانگەیاندووە، "هەموو کەس دەزانێت بە ئەوانیشەوە (سەربازەکان)، کە شەڕەکە بەبێ ئامانج بەردەوامە و بارمتەکان ناگەڕێنەوە مەگەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا" کە لە ئێستادا لە قەتەر دانوستانیان لەسەر دەکرێت، یەکێکە لەو سێ نێوەندگیرییە وڵاتان هاوشانی ئەمریکا و میسر لە دانوستانەکانی ئاشتیدا.
ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کورد لە باشووری کوردستان. سڵاوێکی پڕ لە ڕێز و پێزانین. ئێمە بە پێزانینێکی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو پەیامی پشتیوانی و هاودەنگییەی بۆ ئێمەتان ناردووە، گومانی تێدا نییە کە پەیامێکی نەتەوەیی کوردستانی هەمەلایەنە، و هەگبەیەکی پڕ لە هیوایە کە ئێوە دەیکەنە گڕوتین لە ناخماندا، ڕووە و ئەو پێشکەوتنانەی لەسەر گۆڕەپانی کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژاڤا بەتایبەتی ڕوو دەدات. گومانی تێدا نییە کە ئێمە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕین کە تیایدا ڕووبەڕووی ململانێ و دیالۆگی پڕ لە ئاڵنگاری و مەترسی دەبینەوە بۆ چارەنووسی خەڵکی ڕۆژاڤا، ئەوەشی تا ئێستا داکۆکیمان لێکردووە جگە لە ئاشتی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، یەکسانی، گەرەنتیکردنی مافەکان و پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ژنان، هیچی دیکە نەبووە. کە وەک نمونەیەکە لەناو نەخشەی ململانێکاندا و شەڕ و شۆڕشەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بەرهەمیان هێناوە. بەدواداچوونی بەردەواممان، بە پێداگرییەکی پشوودرێژانەوە، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی ڕاستەقینە و دڵسۆزانە بۆ ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاو بێت لە سوریای نوێ، یەکگرتوو بێت لەگەڵ سەروەری ڕاستەقینە و کۆڕایی هەمووان، کە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی قبوڵ نەکەن و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت؛ بە تایبەتی گەلی کورد کە خەباتی کردووە و تا ئێستاش خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی. ڕۆڵی ڕۆشنبیران و چالاکوانان لە سەرتاسەری کوردستاندا ڕۆڵێکی پەراوێزیی نەبووە، بەڵکو ڕۆڵێکی پێشەنگانە بووە کە ئەولەویەتێکی ڕەهای هەیە، بەو پێیەی ئەو دەنگەیە کە دەگاتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، هەمیشە لە نێویاندا ئامادەیە و هەر ئەوانن کە ڕێبەرایەتی ڕای گشتی دەکەن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بەرەو سەرزەمینی ئارامی لە میانەی ئاشکراکردنی پراکتیکەکان و پیلانەکانی دوژمن و ڕۆشنگەرکردنی گەل و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردییمانەوە بە ئامانج و ئاراستە و خواستە هاوبەشەکانمان و چارەنووسی یەکگرتووی مێژووییمان. خەباتی ڕۆشنبیران و هەڵسوڕاوان لە قوڵایی ئەو بیرۆکە و هێزی قەڵەمدایە کە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن و ئێوە بە شێوەیەکی بێوێنە نوێنەرایەتی دەکەن، بە خستنەڕووی دیدگا و بیرۆکەگەلێک کە خزمەت بە هیواکانی کۆمەڵگای کوردیمان دەکەن لە سەرتاسەری کوردستان، ڕەنگە ڕۆڵی ئەمڕۆتان لە هەر کاتێکی ڕابردوو گرنگتر بێت، چونکە گەورەترین ئەرکتان دەکەوێتە سەر لە هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمان بەم پڕۆژە نیشتمانییە و بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسی و فیکری و سەربازییەکان دەربارەی هەمان ڕۆڵ، بۆ ئەوەی ئەرکەکەمان بە تەواوترین شێوە کە خزمەت بە وەدیهاتنی خواستەکانی گەلی کوردمان بکات بگاتە ئەنجام. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە پاڵپشتیی هزری و کولتووریی ئێوە هەیە، هێزی کوردیش لە یەکڕیزی و هاودەنگیدایە، وە پڕین لە حەماسەت بۆ ئەوەی شانبەشانی یەکتر کار بکەین، بۆ بەهێزکردنی ئەم هاودەنگییە و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی شایستەی ئەم خەباتە درێژخایەنەی گەلەکەمان، لە بەرامبەر زۆرداران و ستەمکاراندا. لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینم مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
ــ دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى عێراق لەرۆژى یەکشەممەوە دەستپێدەکاتەوە ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکرێت ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان. کارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەمەى پەرلەمانى عێراق بڵاوکرایەوە، ١٠ خاڵ لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان خوێندنەوەى دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی گشتی وڵاتە بۆ ساڵانی (2023-2025)، دەکرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی 2025 لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا نییە. ماڵپەرى پەرلەمانى عێراق، دەستپێکردنەوەى دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى راگەیاند لەرۆژى یەکشەممەى داهاتووەوە ١٢ - ١ - ٢٠٢٥، هاوکات کارنامەى رۆژى دووشەمەشى بڵاوکردوەتەوە کە ١٠ برگە لەخۆدەگرێت. گرنگترینیان خاڵى نۆیەمە، کە تیایدا هاتووە ڕاپۆرت و تاوتوێکردنی خوێندنەوەی دووەمی ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025) ژمارە (13)ی ساڵی 2023. لیژنەی دارایی). رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی ساڵانی (2023-2024-2025)ی پەسەندکرد، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی عێراقدا بودجەی سێ ساڵ پێکەوە پەسەندبکرێت بەو قەبارە گەورەیەو بە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقی، رێژەی کورتهێنانی بودجەش بە 63 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی بودجەی گشتی. زۆرینەی هەموارەکەش تایبەتە بە هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی پەیوەستە بە نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی رابردوودا هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتون. لەبرگەکەکانى دیکەى دانیشتنەکەدا، بڕیارە دەنگدان بکرێت لەسەر ڕەشنووسی یاسای تەندروستی دەروونی، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنی دووەم، مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژمارە (٣٨)ی ساڵی ٢٠١٣. بکرێت کە لەلایەن لیژنەی کار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە پێشکەشکراوە. لە خاڵێکەى دیکەى کۆبونەوەى رۆژى دووشەمەى پەرلەمانى عێراق، بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان.
گیێر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا راپۆرتی بەرفراوانی خۆی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد پێشکەىشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، هۆشداری دایە ئەنجوومەنەکە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەدژی رۆژئاوای کوردستان. لە راپۆرتەکەیدا پێدەرسن ئاماژەی بەوە کرد، دەبینن رێگەی دیالۆگ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی دەستیپێکردووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تورکیا هەڕەشە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات پێکدادانەکانیش لە منبج بەردەوامە. وتیشى: باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەشێکی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و یەپەگە دان. لە بەرامبەردا ئاگربەستێک بەنێوەندگیریی ئەمریکا لە نزیک منبج لە مانگی 12 هەبووە، راپۆرتەکان نیشانی دەدەن پێکدادان و تۆپباران بەتایبەتی لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەن. لە راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا چەندین بابەت باسکران، بەڵام بەتایبەتی باسی پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان کرا، کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، ئەمەش جگە لە باسکردنی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا
