هاوڵاتی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"ی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی حکومی ئەمریکی بڵاویکردەوە رەنگە ئەمرۆ دووشەممە ،ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە. لەلایەکی دیکەوە "پیتەر لیرنەر" ی وتەبێژی سوپای ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی " ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی راگەیاند،بە مەبەستی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران  سووپا چەند بژاردەیەکی خستۆتەبەردەم حکومەتی ئیسرائیل. هەروەها "لیرنەر" ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە "رەنگە وەڵامدانەوەکەی ئیسرائیل سەربازی بێت و رەنگیشە بە شێوازێکی دیکە بێت ،ئەمرۆ یان لە رۆژانی داهاتوودا حکومەتی ئیسرائیلی جۆر و کاتی وەڵامدانەوەکە دیاری دەکات". لەماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردووشدا "جۆبایدن" سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد ولاتەکەی پەلە نەکات لە وەڵامدانەوەی ئێران، هەروەک چۆن بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا چەند جارێک جەختییان لەوە کردۆتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هیج جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران ناکات و لە ئێستاشدا لە گەڵ هاوپەیمانەکانیان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و بەرگرتن لە تەشەنە سەندنی جەنگ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدەن. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیوزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایەتەختی سوریا و کووشتنی حەوت گەورە فەرماندەی ناو سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەسانی نزیک لەو سوپایە، دەرنگانێکی شەوی شەممەی رابردوو ئێران بە دەیان مووشەک و دروون هێرشی کردە سەر ئیسرائیل ، بەڵام بە پێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هێرشەکە زەرەروزیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە.

هاوڵاتی باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ دوپاتیكرده‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ واشنتن به‌ ئامانجی كاراكردنی چوارچێوه‌ هاوكارییه‌كانی ناو ڕێككه‌وتنی چوارچێوه‌ ستراتیژییه‌ و راشیگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی بایدن و سودانی بیروڕا له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت.  رۆژی شەممە، 13ـی نیسان محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت؛ بڕیارە سبەی دووشەممە، 15ی نیسان بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە.  باسم عه‌وادی وتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەی سودانی  له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،، سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ واشنتن یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ردانه‌ گرنگه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا، "ئامانجی كاراكردنی ڕێككه‌وتنی ستراتیژییه‌ له‌بواره‌كانی وه‌به‌رهێنانی سیاسی، ئابوری، بانكی، وزه‌، كه‌شوهه‌وا، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ده‌توانین وه‌به‌رهێنانیان تێدا بكه‌ین بۆ فراوانكردنی چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كان". وتیشی، "كۆبونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یامی گرنگ له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ بیروڕا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن، به‌و پێیه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان دیدگایان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌و دۆسێیانه‌ باسده‌كرێن كه‌ ده‌كرا له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرایه‌".  سەبارەت بەوەی کە ئایا سەردانەکە پەیوەستە بە چارەنوسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایگەیاند،" ئەم سەردانە، سەردانێکى ئەمنى و سەربازى نییە، بۆیە هیچ بەرپرسێکى ئەمنى و سەربازى لەنێو شاندى یاوەرى سەرۆکوەزیراندا نییە، سەردانەکە بۆ کاراکردنى رێککەوتنى ستراتیژییە کە حەوت لایەنى گرنگ، ئابوورى، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، ژینگە، خوێندن، کەشوهەوا و چەندین دۆسیەی دیکە لە خۆدەگرێت."    

هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە ی  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند  و تیایدا نزیکەی ٣٠٠ مووشەک و درۆنی تێدا بەکارهات ، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی توانییان بەرپەچی ٩٩٪ ی بدەنەوەو لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خرانە خوارەوە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو  هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوا  و لەوانە ئەمریکا داوایان لە ئێران کرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات  بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. کاریگەرییە سنووردارەکەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە :بەهێزی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو فرە چینەکانی ئیسرائیل، کە سیستەمی دژە تیرە بالیستیکییەکان و سیستەمی کۆمەڵەی ئاسنین دەگرێتەوە، هەروەها ئەو هەماهەنگییە بەهێزەی لە نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسادا هەبوو. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا  ٩٩ ٪ ی درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند نزیکەی 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 30 موشەکی کروز و زیاتر لە 120 موشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە لە شەوی شەممەوە بۆ ئیسرائیل هەڵدراون. هەروەها کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن زیاتر لە 70 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ موشەکی بالیستی لەلایەن کەشتییەکانی هێزی دەریایی و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە ڕێگرییان لێکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری ئەوە بدەن کە چ جۆرە بەرگرییەک بەکارهێنراوە بۆ لەناوبردنی موشەکەکان. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی CNN یش هێزی دەریایی ئەمەریکا لانیکەم سێ موشەکی بالیستیکی بە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی ئەیجیس خستە خوارەوە کە لەسەر ئەو دوو  کەشتییە سەربازییەی ئەمریکان کە تەنها ڕۆژێک پێش هێرشەکەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیریکردن. ئەو ئاژانسە دەڵێت هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاش بەکارهێنراون بۆ بەرپەچدانەوەی موشەکەکانی ئێران بەڵآم ئاشکاری نەکردووە لەکام بنکەی ئەمریکاوە لە ناوچەکە  فڕۆکەکان هەڵساون . هەروەها وتەبێژی  سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند فەڕەنساش دەستی هەبووە لە ڕێگەگرتن لە هێرشەکانی ئێران. هاوکات فڕۆکەکانی بەریتانیاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک سنووری سوریا و عێراق خستۆتە خوارەوە، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە لەو ناوچانە هەڵدراون. جگە لە یارمەتی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا، کۆمەڵێک سیستەمی بەرگری  بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان هەر لە موشەکی بالیستییەوە  بۆ موشەکی کروز و موشەکە نزمەکان. ئاژانسی CNN سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە سیستەمی  بەرگری ئاسمانی ئایرۆن دومی ئیسرائیل یەکێکە لە هەرە دیار و بەهێزەکان و ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە ۱۰ پاتری ئایرن دۆمی هەیە، هەریەکەیان ڕادارێکیان هەیە کە موشەکەکان دەدۆزێتەوە و دواتر سیستەمێکی فەرمان و کۆنترۆڵ بەکاردەهێنێت کە بە خێرایی  ئەوە دیاریدەکات کە ئایا موشەکەکە جێی مەترسییە یانیش لە ناوچەیەکی دورەدەست و چۆڵ دەدات،  و ئەگەر موشەکەکە هەڕەشەیەک دروست بکات، ئایرن دۆم موشەک لە زەویەوە هەڵدەدات بۆ لەناوبردنی هێرشەکە لە ئاسماندا. یەکێکی دیکە لە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل پلیکانەکانی بەرگری موشەکی دەیڤد سلینگن، کە پارێزگاری لە هەڕەشەی مەودا کورت و مامناوەند دەکات و لە دووری 186 میلەوە ئامانجەکان لەناو دەبات. هەروەها سیستەمی Arrow 2 و Arrow 3 ی ئیسرائیل هەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا پەرەیپێدراوە لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکاندا بەکارهاتوون جگە لەمەش  ئیسرائیل خاوەنی فڕۆکەی جەنگییە، لەوانە فڕۆکەی F-35I  و F-15کە بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بەکارهێنراون. هەر لەم بارەیەشەوە رام عەمیناح، راوێژکاری دارایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکە ی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلیی راگەیاند:  تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردوو کە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن، پێنج ملیار شیکڵ (١.٣٥ملیار دۆلاری ئەمریکی) بووە. راشیگەیاند: "یەک مووشەک لە جۆری (حیتس) کە مووشەکی بالیستیکیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەکەی ٣.٥ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا یەک مووشەکی سیستمی (عەسای جادوویی)ش ملیۆنێک دۆلارە". شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە درۆن و مووشەکی بالیستیک و کرووز زنجیرەیەک ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەک ئیسرائیل باسی لێوە دەکات، بەھۆی ھێرشەکەوە تەنیا منداڵێکی ٧ ساڵان بریندار بووە.

هاوڵاتی بڕیارە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە و پرسی کێشە سیاسییەکان و هەڵبژاردن تاوتوێ بکرێت و تیایدا چارەنوسی هەڵبژاردنەکانی پەرلامنی کوردستان دیاری بکرێت. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی‌ نیسانی‌ 2024، لاهور شێخ جه‌نگی‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ لیستی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل ده‌كات، له‌ لێدوانێكدا بۆ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس، رایگه‌یاند كه‌ "پشت به‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت، لیستی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل ده‌نگی‌ باش به‌ده‌ست ده‌هێنێت". وتیشی:  یەکێتی و پارتی رێککەوتوون هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام نایانەوێت رایبگەیەنن هاوکات هیوایخواست کە  مانگی شەش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەڵام ئەگەر هەیە تا مانگی ١٠ و ١١ دوابخرێت. لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەشکرد کە بڕیارە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە و تیایدا چارەنوسی هەڵبژاردن دیاریبکرێت. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاریكردووه‌ و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان ناوی‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستای‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی نیسانی 2024، قوتابییەک لە قوتابخانەی گارە لە شاری دهۆک بە ناوی هەڵگر رەمەزان کە خوێندکاری پۆلی نۆی بنەڕەتییە، لە لایەن هاوڕێیەکییەوە بە چەقۆ بریندار کرا. رووداوەکە بە جۆرێک بووە لە قوتابخانەی گارە  دەمەقاڵێ لە نێوان هەڵگر و هاوڕێکەی دروستبووە دواتر لە لایەن هاوڕێکەیەوە هەڵگر بە سێ چەقۆ بریندارکراوە. لەم بارەیەوە تابان فازڵ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی دهۆک بە هاوڵاتی  وت، " ئەو خوێندکارە ناوی هەڵگرەو تەمەنی ١٥ ساڵە  و لە لایەن هاوڕێکەیەوە سێ چەقۆی لێدراوە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە". وتیشی، ئەو چۆقۆیانەی لێی دراوە  سێ چەقۆبووەو دوانیان لەپشتەوە و یەکێکیان بەر سەری کەوتووە". بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتیش ئەو خوێندکارە لە ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە. هاوکات لەدوای رووداوەکە، مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستبەجێ تۆمەتبارەکەیان دەستبەسەر کردووە و رادەستی پۆلیسیان کردووە و هێزە ئەمنییەکان تۆمەتباری روداوەکەیان دەستگیرکردوە و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری روداوەکە دەستیپێکردوە.  

 هاوڵاتی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە لە سەر یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند و لەو هێرشانەدا ئێران نزیک ٣٠٠ مووشەک و درۆنی گرتە خاکی ئیسرائیل، کچێکی تەمەن ٧ ساڵان بە سووکی بریندار بووەو ٩٩٪ ی مووشەک و درۆنەکان لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە. بەڵام ئەو هێرشە نیگەرانی زۆری لە کۆمەڵگای جیهانی دروستکردووەو لە دوێنێ شەوەوە بۆتە مانشێتی یەکەمی سەرجەم  میدیاکان. سوپای پاسداران رایگەیاندووە زۆربەی زۆری ئامانجەکانی خۆی لەم هێرشەدا پێکاوەو ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بە کوژرانی ٧ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا  و لوبنان لە سوپای قودس. لە بەرامبەردا ئیسرائیل باس لەوە ئەکات لەم هێرشانەدا زیانێکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتووە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو. هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوانە ئەمریکا داوایان لە کۆماری ئیسلامیکرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات و نەبێ بە هۆی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە، بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا ٩٩٪ درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. دەستبەجێ و دوای ئەم هێرشە، لە سەر داوای ئیسرائیل، کۆبوونەوەی کوتووپڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی نیۆیۆرک بەڕێوە ئەچێت. ئەنتۆنیۆ کۆرتێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەم هێرشەوەی شەرمەزار کرد. وتیشی :" زۆر نیگەرانم لەوەی ناکۆکی و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بێتەوە، داوا لە لایەنەکان ئەکەم خۆیان بەدوور بگرن لەوەی جەنگ لەناوچەکە پەرە بستێنێت". جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکاش رایگەیاند بۆ رێککەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەی چۆن بە شێوەی دیپلۆماسی هەڵوێست بگرن بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وڵاتانی G7 کۆ ئەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەک سەرۆکی ئێستای G7 دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ئەم کۆبوونەوەیە رێک ئەخات.   بایدن جەختی کردەوە:" لەسەر فەرمانی من و بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و پاپۆڕی بەرگری مووشەکی بالیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە. بە هۆی جێگیربوونی ئەم هێزانە و لێهاتووی سەربازەکانمانەوە، یارمەتی ئیسرائیلمان دا بەوەی زۆرینەی رەهای درۆن و مووشەکەکان بخەنە خوارەوەو لەناویان بەرن". لەم کاتەدا کە نائارامییەکان قووڵتر بوونەتەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند پاپۆڕێکی هێزی دەریایی رووسیا کە مووشەکی سۆپەرسۆنیکی " کێنژاڵ"ی لەسەرە لە رێگای گەرووی سوئیزەوە گەیشتۆتە دەریای ناوەڕاست. رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی  کەشتی " مارسال شاپۆسنیکۆڤ" راسپێردراوە بەوەی بگاتە ئەو ناوچەیە و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام باسی لە وردەکاری ئەرکەکانی نەکردووە. هەر لەم پەیوەندەدا وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە دوو لایەن کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە " دوایین سەرڕێژی جەنگی غەزە" وەسف کردووەو داوای کردووە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاگربەست لە غەزە جێبەجێ بکرێت و هەروەها وتوویانە، ئەبێ لە ئێرەدا جەنگ کۆتایی پێ بێت. وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها وتوویەتی :" چین داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەکەین کە هەموو هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".   ئەمریکا و کەنەدا چی ئەڵێن؟   سەرەڕای جیاوازی بۆچوون و بیرکردنەوە لە نێوان جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەربارەی جەنگی غەزە و شێوەی بەڕێوەبردنی جەنگ، بایدن دوای هیرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جارێکیتر جەختی کردەوە بەوەی ئەمریکا پەیوەستە بەوەی هاوکاری ئیسرائیل بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی ئاسنینی هەیە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. لەهەمانکاتدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS ی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە ١٤ نیسان رایگەیاند، جۆبایدن نیگەرانە لەوە نتانیاهۆ سەرەڕۆیانە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوەو ئەمریکا بباتە ناو جەنگێکی بەربڵاوەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی دەوڵەتی بایدن لە وتووێژە تایبەتییەکانی خۆیان دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران و کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سوپا، هەستیان بە نیگەرانی کردوەو دەستەوەستانن.   بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی بایدن بە NBC وتووە :" لام وانییە ئیسرائیل ستراتیژییەکی هەبێت، ئیسرائیلییەکان هەموو کات باشترین بڕیاری ستراتێژی نادەن". لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە،واشنگتۆن نیگەرانە لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە دژی حەماس. بە پێی ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC ، کۆشکی سپی لەسەر ئەو باوەڕەیە ، ئیسرائیل نایهەوێت بچێتە جەنگی راستەوخۆوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دڵنیا نین لەم بۆچوونەیان. ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC لە کاتێکدا بڵاو بۆتەوە کە جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ٢٥ خولەک لەگەڵ نتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی کردووە. لۆئید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پەیوەندی بە "گالانت" وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە کردووەو داوای لە ئیسرائیل کردووە، بەرلەوەی وەڵامی هێرشی ئێران بدەنەوە، ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە. واشنگتۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق نەبووە کە بەو هۆیەوە ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران. دوا بە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، داوای لە ئەمریکا کردووە هێرشی سەرباز بکەنە سەر ئێران بەتایبەت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. جۆن بۆڵتۆن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN رایگەیاند، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان نەبووە بەر بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران بگرن. جۆن بۆڵتۆن هەروەها لە وتووێژێکیتر لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NEWS MAX دەوڵەتی بایدنی بە تاوانبار زانی بەوەی ئێران توانیویەتی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لە راستییدا هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە بەشێک لە رێکارەکانی ئێران بەوە بۆ ئەوەی " بازنەیەکی ئاگر" بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکات. نانسی پلۆسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و بەرپرسی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لە پەیامێکدا لەگەڵ ئەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد ، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی بەرپرسایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیسرائیل و پاراستینیان شتێکی نەگۆڕە و سوورن لەسەر ئەوەی پشتیوانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بن. جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش  هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و وتی :" ئێمە پشتیوانی ئیسرائیلین و لەگەڵ ئەو وڵاتەیەن".   ئەورووپییەکان هەڵوێستیان چۆنە؟   سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ ئەوەی هێرشی راستەوخۆ و بێ وێنەی سەربازی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد، رایگەیاند ئەم رووداوە ئەبێت بە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمانۆئێل ماکرۆن لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕێ وتی :" فەرەنسا خۆی بە بەرپرس ئەزانێت بەوەی هەوڵ بدات بۆ پاراستی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا داوای لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە بۆ کەمکردنەوەی نائارامییەکان لە ناوچەکە دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵام نەدەنەوە". وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران. لە لایەکیترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ، ئانالێنا بائێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ناوەندی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دەوڵەت لە بەرلینی بە ئەستۆیە  بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ریشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هێرشە بێ شەرمانەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد و لای وایە ئەم هێرشانە ئەبێ بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وتی :" ئێران جارێکیتر ئەوەی نیشاندا دەیهەوێت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەو شوێنانەی هێزە میلیشیاکانی چالاکن، بشێوی بنێتەوەو ببێت بە هۆی نائارامی ناوچەکە". جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی X  نووسیویەتی :" ئەم هێرشانە ئەبن بە هۆی پەرسەندنی زیاتری نائارامییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی جیدین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە". بە پێی راپۆرتەکان سەرۆکەکانی ٧ وڵاتی پیشەیی دیمۆکراتیک G7 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆ ئەبنەوە بۆ گفتووگۆ کردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و لە ئێستادا ئیتالیا سەرۆکی کاتی G7  ە. ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا نووسی :" من هێرشی ئاشکرا و بێ پاساوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە توندی شەرمەزار ئەکەم... لە ئێستادا هەموو لایەنەکان ئەبێ هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە". پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی سپانیا داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و وتی :" مەدرید هەرچەشنە توندووتیژییەک کە ببێت بۆ هۆی تێکدانی ئاسایشی کەسانی مەدەنی بێتاوان شەرمەزار ئەکات". سویدیش بە هەمانشێوە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد و وتی :" ئەمە ئەنجامی زۆر جیدی و خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەبێت بە هۆی تێکدانی زیاتر ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەین" وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزا کرد و لە راگەیاندنێکدا نووسیویانە :" ئەم هێرشانە ئەوە ئەخەنە روو کە پێویستە هەموو هێزەکانی دونیای ئازاد بەرگری لە سنوورەکانی دونیای دیمۆکراسی بکەن و هاوپەیمان بن بۆ بەرگریکردن".  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد قایمقامی قەزای ماوەت ئاشکرایکرد شەوی رابردوو گوندی گەڵاڵە لە سنووری شارباژێڕ بۆردوومانکراوە و گەنجێک گیانی لەدەستداوە. کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە هاوڵاتی رایگەیاند "شەوی رابردوو کاتژمێر 11:00 خانوویەک لە گوندی گەڵاڵەی سنووری شارباژێڕ بەهۆی بۆردوومانەوە خاپوور کراوە و گەنجێک لە خانووەکەدا بووە و گیانی لەدەستداوە". ئاماژەی بەوەشکرد "خانووەکە هەشت کیلۆمەتر لە گوندی گەڵاڵەوە دوورە و ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵاندایە و نیشتەجێی شاری سلێمانی بووە و بۆ سەردان چوونەتەوە ئەو خانووە".      

هاوڵاتی ماڵپەری "ئیلای"ئیسرائیلی رایگەیاند، لە ئیستادا سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەمەبەستی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران، خەریکی تاوتوێ کردنی چەند بژاردەیەکی جۆراوجۆرن. هەروەها ماڵپەرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم سەرۆکایەتی ئەرکان ،کووشتنی فەرماندە باڵاکانی ناو سوپای پاسدارانی ئێرانە. هەروەک چۆن ماڵپەرەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئەوەشی خستۆتەروو کە بژاردەیەکی دیکەی بەردەم سوپای ئیسرائیلی بە ئامانج گرتنی کەشتییە ئێرانییەکانە و هەروەها بوردومانی چەند دامەزراوەیەکی حکومی و کێڵگەی نەوتی یەکێکی ترە لە بژاردەکان. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسەکانی هەواڵی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە لە ئێستادا ناکۆکییەک لەبارەی چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیلی دروست بووە. جێی ئاماژەیە شەوی رابردوو ئێران لە تۆڵەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی لە سوریا ، بە دەیان مووشەک و دروون هیرشی کردە سەر ئیسرائیل ، بەڵام بە پێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هێرشەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.

هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی ئەمساڵی وەرزی دابارین شێ و هەوری زیاترە لە ئاسایی و بەگشتی بەهاری تەڕه، بۆیه دابارین درەنگتر کۆتایان دێت لەوادەی ئاسایی خۆی شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "وەرزی دابارینی ئەمساڵ کۆتایی نەهاتووە و پێشبینی دەکەین وەرزی دابارینی ئەمساڵ تانزیک و بۆ کۆتاییەکانی وەرزی بەهار درێژەی هەبێت، مانگی ئایاری داهاتوو لە هەموو ناوچەکان باران بارین لەسەری ئاستی ئاسایی مانگانەی خۆیەوە دەبێت ئەمەش وادەکات وەرزی دابارین درێژەی هەبێت و ناوچەکە بەشێداری بهێڵێتەوە و هەلومەرجی چڕبوونەوە درێژە پێبدات". ئاماژەی بەوەشکرد "هەروەها هەوره بروسکەی زۆر و لافاویش ماون بۆ ناوچەی جیاجیا و لەگەڵ ئەگەری تەرزە و سەرماش به لاوازی کەمتر وەک لەپێشتر، هەرچەند ساڵانە لە 5ی ئایار بەکاتی باران بڕان دیاری دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمساڵی وەرزی دابارین شێ و هەوری زیاترە لە ئاسایی و بەگشتی بەهاری تەڕه، بۆیه دابارین درەنگتر کۆتایان دێت لەوادەی ئاسایی خۆی".

هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤، نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" بڵاوی کردەوە ، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر داوای ئیسرائیل و بەمەبەستی تاوتوێ کردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست کۆدەبێتەوە. هەر لەمبارەیەوە نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەرەی خۆی لە سەر پێگەی "ئێکس" داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پەلە بکات لە ناساندنی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی. لەلایەن خۆیانەوە وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند،داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە زیاتر ئالۆزتر کردنی کێشە و کیشمەکێشەکان دووربگرن. جێی ئاماژەیە شەوی رابردوو ئێران لە تۆڵەی بوردومانکردنی باڵیۆزخانەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دیمەشقی پایەتەختی ئیسرائیل ،بە زیاتر لە 300 مووشەک و درونی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بەڵام بە پێی راگەیاندراوەکانی ئیسرائیل و ئاژانسەکانی هەواڵ ئەو هێرشە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ ئیسرائیل.

هاوڵاتی لە یادی ٣٦ ساڵەی ئەنفالدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى سى و شه‌ش ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. له‌ كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، داواكاريمان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌رچى له‌ توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت. كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كار و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌مان ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وەى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له‌ هيچ شوێنێكى جيهان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه‌. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و دروود له‌ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2024/4/14

هاوڵاتی دوا بە دوای دەستبەسەردا گرتنی کەشتییەکی بازرگانی پورتەگالی لە نزیک گەرووی هۆرمۆز لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەوەی کە ئەم کەشتییە خاوەنەکەی میلیاردێرێکی ئیسرائیلییە، دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ئێران لەبەر ئەم کارەی بە قورسی سزا دەدرێت". هاگاری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "ئێران پشتیوانی هێزە تیرۆریستەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راهێنانیان پێ دەکات و پڕچەکیان دەکات. هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، سوریا و یەمەن لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە ئەم جەنگەیان کردووە بە جەنگێکی جیهانی". وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریسم لە دونیا ناوبرد و ئەوەی خستەڕوو "تۆڕی تیرۆریستی ئێران جگە لەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵکی ئیسرائیل، غەزە، لوبنان و سووریە، بەڵکو رژێمی ئێران پەرە بە جەنگی ئۆکراین دەدات و حکومەتی تاران ئەوەی هەڵبژاردووە کە پەرە بە جەنگ بدات لە ناوچەکە و ئەنجامەکەی ئەبینێتەوە". ئەم بەرپرسە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوە دا وڵاتەکەی ئامادەی وەڵامدانەوەی هەرچەشنە هێرش و دەستدرێژییەکە بۆ سەر هێزەکانی  و بەرژەوەندییەکانی لە لایەن ئێرانەوەو بە توندی وەڵامی ئەداتەوە. گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران ئەم وتانەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە ییسرائیل کاتێز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەربارەی دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە بازرگانییەکە وتی "ئەوەی تارانی کردوویەتی دزی دەریاییە و دەبێ دەستبەجێ حەساری ئابووری بخرێتە سەر ئەو وڵاتە". کاتێز ئاماژەی بەوەشکرد "داوا لە ئەورووپا و دونیای ئازاد ئەکەم سوپای پاسداران بخەنە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوەو دەستبەجێ حەساری ئابووری بخەنە سەر ئێران". رۆژی شەممە ١٣ی نیسان کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عومان و گەرووی هۆرمۆز لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا و ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی (ئێرنا) رایگەیاند "ئەم کەشتییە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوەو بەرەو کەنارەکانی ئێران هێنراوە".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەهۆی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل ترس لەلای بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروستبووە و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن لە پێشووتر رۆژی هەزار بارهەڵگر دەچوونە دیوی ئێران، بەڵام ئێستا تەنها رۆژی 500 بارهەڵگر دەچنە ئەودیو. بازرگانێکی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند "بەهۆی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل ترس لەلای بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروستبووە و هاتووچۆی بازرگانی کەمیکردووە". ئاشکراشیکرد "لە پێشووتردا ر رۆژی هەزار بارهەڵگر دەچوونە دیوی ئێران، بەڵام ئێستا تەنها رۆژی 500 بارهەڵگر دەچنە ئەودیو، بەهۆی ئەوەی ترسیان لا دروستبووە". بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەشێک لە وڵاتان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئێران راگرت و داوایان لە هاوڵاتییەکانیان کرد ئەو وڵاتە جێبهێڵن. لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئاستی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل چووەتە قۆناغێکی نوێ و ئاماژەکان بە ئاراستەیەیە کە گرژییەکان بەرەو جەنگی راستەخۆ بچێت، ئەمەش تەنیا ئەگەرێکە و بەشێك لە چاودێران پێشبینی دەكەن، نازانرێت لە داهاتوودا چی روودەدات.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران ئاشکرایکرد رێبەری باڵای ئێران بڕیاری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەدات. ئەمرۆ شەممە 13ی نیسانی 2024 موجتەبا زولنوری, جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (ئێرنا)ی رایگەیاند "هێزەکانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەکەین بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل". هەروەها لەبارەی کێشمەکێشەکانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد "رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای ئێران کات و شێوازی تۆڵەکردنەوەکەی ئێران لە ئیسرائیل دیاری دەکات".

هاوڵاتی دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازادی تاران رۆژی شەممە ١٣ی نیسان سنووری ٦٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند و هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە ٦٦ هەزار و ٣٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکرا. لە دوای ١ی نیسان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە سوریا و کوژرانی حەوت فەرماندەی باڵای سوپا و ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران، تمەنی ئێرانی ١٠٪ بەهای خۆی لەم چەند رۆژەدا لە دەستداوە و پێش بینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بەهای تمەن بەرامبەر بە دراوەکانیتر زیاتر دابەزێت. جگە لەمەش نرخی سکە لە دوێنێوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ٣ بۆ ٦ لەسەد بەهاکەی بەرامبەر بە تمەن زیاتر بووە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٣ی نیسان، هەر سکەیەکی بەهاری ئازادی بە ٤٢ میلیۆن و ٤٣٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا، سکەی ئیمامی ٤٥ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا. لە هەمانکاتدا بەپێی ئامارەکان لەگەڵ دەستپێکی بازاڕی بۆرسەی تاران، پێنوێنی گشتیی بۆرسە بە شێوەی بەرچاو دابەزی و ٢٦ هەزار یەکە لە بۆرسەی ئێران دابەزی. بە هۆی بەرزبوونەی بەرچاوی دۆلار خەڵک روویانکردۆتە بانکەکان و خەریکی کێشانەوەی پارەکانی خۆیانن لە بانک و بە پێی زانیارییەکان لە دوای نێوەڕۆی هەینی ١٢ی نیسانەوە تا پێش نیوەڕۆی شەممە ١٣ی نیسان، هاوڵاتییە ئێرانییەکان ٥٢٨ میلیارد تمەنیان لە بانکەکان کێشاوەتەوە و ئەمەش ئەگەری تێکشکانی بانکەکانی لێ ئەکەوێتەوە. ماڵپەڕی " مێهرنیوز" لە راپۆرتێکدا باس لەوە ئەکات لە ماوەی یەک هەفتەدا هاوڵاتیانی ئێرانی ٢ تریلیۆن و ٢١٨ میلیارد تمەنیان لە بانکەکان کێشاوەتەوە. شەممەی رەشی بۆرسە ماڵپەڕی "تجارت نیوز" لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی " شەممەی رەشی بۆرسە" باس لە دابەزینی بازاڕی بۆرسەی ئێران دەکات و نووسیویەتی، ئەمڕۆ شەممە یەک تریلیۆن و ٧٠٠ میلیار تمەن لە بازاڕی بۆرسەی ئێرانی هێنراوەتە دەرەوە و ئەمەش ئەگەری داڕمانی زیاتری بۆرسەی ئێران لێ ئەکەوێتەوە. لە ئێستادا خەڵک دەیانهەوێت پشکەکانیان بفرۆشن و ٩٩٪ ی ئەوانەی پشکیان لە بۆرسە هەیە خوازیاری فرۆشتنن و کەس ئامادە نییە پشک بکڕێت. بۆرسەی ئێرانی زیاتر بۆرسەیەکی دەوڵەتییە و بۆرسەیەکە زیاتر لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە ئەبرێت. ئەگەرەکانی دروستبوونی جەنگی ئێران- ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بووە بەهۆی دابەزینی بۆرسەی و بەهای تمەن، هەڵاوسانی زیاتری ئابووری و تێکشکانی بانکەکانی لێ دەکەوێتەوە.