هاوڵاتی د.سامان به‌رزنجی‌، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی نیشتمانی كوتان دژی نه‌خۆشی سورێژه‌ به‌ پێكوته‌ی دژه‌ڤایرۆسی سوڕێژه‌ی تێكه‌ڵاو ده‌ستپێدەکات.  ئاماژە بەوەشکراوە، سورێژه‌ نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی گواستراوه‌یه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌كانی پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و نه‌وه‌كانی ئاینده‌، له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونسێف، هه‌ڵمه‌تێكی گشتگیر و فراوانی سه‌رانسه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات. دەقی راگەیەندراوەکەی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان: هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە دەست پێدەکات ... بەڕێز (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سوڕێژەی تێکەڵاو دەست پێدەکرێت. سوڕێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و نەوەکانی ئایندە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونسێف، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان، هاوکات بەردەوامیش دەبێت لەزیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی ڕۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پەیڕەوکردنی کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو. ئەم هەڵمەتە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت لە باچخەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان لە ڕێگەی 3,280 كارمەند، نزیکەی873,191 منداڵ بە ئامانج دەگیرێن بۆ پێدانی كوتان بەم شێوەیەی خوارەوە: * ڕۆژی دەسپێكردن 14 / 4 / 2024 * ماوە 10 ڕۆژ ( دوو هەفتە) * شوێن: باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان. * * تەمەنی منداڵ: منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی سەرەتایی. * ژمارەی منداڵانی: 873,191 منداڵ. * ژمارەی سەردان: 10,916 سەردان. * قوتابخانەكان: 3,981 قوتابخانە. * ژمارەی كارمەندان: 3,280 كارمەند. * * سەرپەرشتاران: 1,100سەرپەرشتار * ژمارەی تیمەكان: 1,094 تیم. * ناوەندی سەرپەرشتی: 27 ناوەند. * گواستنەوەی تیم: 1,500 ئۆتۆمبیل. بەهیوای هاواکاریکردنی دایکان و باوکان بۆ بەشداربوونی منداڵەکانیان... د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٩ نیسان ٢٠٢٤

هاوڵاتی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ئاماری ژمارەی قوربانییانی کۆڵبەری لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەی کۆڵبەرنیوزدا هاتووە، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕۆژژمێری کوردییدا، لانیکەم دوو هەزار ٤٠٩ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە قوربانی، کە ٦٨١ کەسیان کوژران و هەزار ٧٢٨ـی دیکەش برینداربوون. هەروەها، بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕۆژژمێری کوردی، ٤٤ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠٠ـی دیکەش برینداربوون، بەوپێیەش بەرزترین ژمارەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە. باس لەوەشکراوە، زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمی ئێران پێکراون.  بەهۆی نەبوونی هەلی کار و هەروەها خراپی باری گوزەران لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان ناچار دەبن بۆ دابینکردنی بژێوییان ڕووبکەنە کۆڵبەریی لە ناوچە سنوورییەکان.

هاوڵاتی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان لیستی موچه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژی دانه‌مه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ گرێبه‌ست بونیان له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ  ده‌كات. لە راگەیەنراوێکی ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکومەتی هەرێمدا هاتوە، پاش جەژنی رەمەزان وەزارەتەکە ئامادەکاری دەکات کە لیستی موچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەست بونی (کۆی وانەبێژان)، ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، داوای تەرخانکردنی دارایی لە حکومەتی عێراق دەکەین کە هەمو مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان وەک گرێبەست و هەمیشەیی لەگەڵ سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمدا موچەکانیان وەربگرن. ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی (نیسان/4)ی 2024ه‌وه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ لیستی كۆی مامۆستایانی وانه‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ بكرێت.

هاوڵاتی لە ماوەی 41 رۆژدا بۆ دووەمجار بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاگری گرت و 48 دووکانی سووتاند بە 17 تیمی ئاگرکوژێنەوە توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت دوێنێش،گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بەرپرسیارێتی کەوتنەوەى ئاگرەکەی لە لە ئەستۆ گرت . درەنگانی دوێنێ شەو، گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی ڕێکخستنی پەیمانی میللی، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی کەوتنەوەى ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بڵاوکردەوە و بەرپرسیاریتی کەوتنەوەى ئاگرەکە و سوتانادنى دوکانەکانى لە ئەستۆ گرت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو گروپە دەڵێن:  “ئاگرمان لە دڵی کوردە ترسنۆکەکان بەردا، لە ١٦ شوێنەوە ئاگرمان لە بازاڕەکە کردەوە و لەناومانبرد”.     ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە  بەشێکی دووکاندارانی بازاڕەکە دەڵێن، ئاگرەکە لە سێ شوێنی بازاڕەکە و بە "ئەنقەست" کراوەتەوە. ئەنجوومەنێکی بازاڕەکەش لە کارنەکردنی کامێرای چاودێریی بازاڕەکە لە ساتی ئاگرکەوتنەوە بە گومانە. هاوکات دوکاندارەکانی ئەو بازاڕە دەڵێن، هەفتەی پێشو دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیایەی کە بەشی سکوێرتی و پارێزگاری بازاڕەکەی لەدەستە هاتوون پارە کۆبکەنەوە بەهۆی زیادکردنی پارەکە لە ١٠ هەزارەوە بۆ ٢٠ هەزار نەیانداوە، دوابەدوای ئەمەش ئاگرەکە کەوتۆتەوە.

هاوڵاتی دوو سەرچاوەی نزیک لە تەکیەی کەسنەزانی بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، دوای 9 مانگ دوورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە سلێمانی، بڕیاربوو دوێنێ شەو لەگەڵ دوو کەسی نزیکی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی دوو کەسە نزیکەکەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی بەغداوە، سەفەرەکەی هەڵوەشاوەتەوە. دەنگی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە دوو کەسی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزان دەستگیرکراون بە ناوەکانی  سەربەست ساڵح بەرپرسی دارایی تەریقەت و کەمال کوبەیسی وتەبیژی فەرمی تەریقەت، هاوکات  هەردووکیان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە. سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنیشیان ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی 7ی مانگی 4ی 2023 بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی" گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکردبوو. هەرچی کەمال کوبەیسیە بە قسەی سەرچاوەکەی تەریقەتی کەسنەزانی "چەندین دۆسیەی یاسایی تایبەت بە پرسی بازرگانی لە بەغداد لەسەرە" و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بەو دۆسیانەوە هەیە. جێگەیباسە ڕیاربوو شەوی ڕابردوو شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتەوە شاری سلێمانی و لە تەریقەتەکەی لەلایەن موریدان و دەروێشانی تەریقەتەوە پێشوازی لێبکرێت بەڵام نەگەڕاوەتەوە.  

هاوڵاتی رۆژی سێ شەممە ٩ی نیسان جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رایگەیاند ئەگەر ئێران خوازیاری ئاگربەستە لە جەنگی غەزە، پێویستەفشار بخاتە سەر حەماس . قسەکانی جۆن کێربی سەبارەت بە فشارخستنەسەر حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەی هەواڵێکی سابرین نیوز، کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە  ئەمریکای وتووە   بە مەرجێک دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ئەبێت کە جەنگی غەزە رابگیردرێت و ئاگربەست بکرێت. سابرین نیوز کە ناوەندێکی هەواڵی سەر بە گرووپی مقاومەی عێراقە و بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی هەواڵ و زانیارییەکان بڵاو ئەکاتەوە، دواتر ئەم هەواڵەی لە پەیج و کەناڵی تایبەتی تێلگرامی خۆی سڕییەوە. هاوکات دوا بە دوای هیرشی رۆژی ١ی نیسانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایی کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بەو هۆیەوە لانیکەم ٧ ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران، کۆماری ئیسلامی ئێران  باس لە تۆڵەسەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل کەوتۆتە دۆخی ئامادەباشییەوەو باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەشێک لە وڵاتان داخستووە.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری قه‌زای دوكان پێشبینی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌شتیار له‌ رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زان ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، نرخی كه‌پر و كابینه‌كان به‌پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنه‌كانیان دیاریكراون و هه‌ر خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاریش پاره‌ی زیاد له‌ گه‌شتیاران وه‌ربگرێت، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر. رێژین رەئوف، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دووکان رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و سەردانیکەران، لە رۆژانی جەژندا چاودێری نرخی و خزمەتگوزارییەکانیش دەکەن. وتیشی، ئیدارەی قەزای دوکان و  کۆمەڵەی میوانخانەکان، نرخی کەپر و کابینە گەشتیارییەکانیان دیاریکردووە و نرخی یەک کەپر لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لە نێوان 25 بۆ 60 هەزار دیناردایە و نرخی مانەوە بۆ 24 کاتژمێر لە کابینەی ئاسایی لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناردایە. بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دووکان ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی کابینەیVIP دوو نهۆمی کە شوێنی پێنج خێزان دەبێتەوە، لەنێوان 350 بۆ 400 هەزار دیناردایە، کابینەش هەیە کەپری لەگەڵدایە و نرخەکەی دەگاتە 200 هەزار دینار. رێژین ره‌ئوف باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ر گه‌شتیارێك سكاڵای له‌سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كه‌ هه‌بێـت یان نرخی زیادی لێوه‌ربگیرێت، ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ژمارانه‌ی له‌ شوێنه‌كان بڵاومانكردونه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ندیمان پێوه‌بكات و راسته‌وخۆ ئێمه‌ش رێكاری یاسایی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دەڵێت "هێرشدەکەینە سەر ساری رەفەح"، ئاماژە بەوەشدەکات ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند "وادەیەک بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاری کراوە کە دوا پەناگەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانە لە غەزە"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وادەکەی ئاشکرانەکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی وردم لەسەر دانوستانەکانی قاهیرە پێگەیشت، ئێمەش ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، لە پێش هەموویان ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواو بەسەر حەماسدا". شاری رەفەح لە باشوری غەزە، جگە لە دانیشتوانەکەی خۆی، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی غەزە و باکووری شارەکەی تێدایە.

هاوڵاتی  قامقامییەتی سلێمانی هۆشداری بەدایكان و باوكان دەدات كە رێگری لەبەكارهێنانی ئەم جۆرە یاریەی منداڵەكانتان بكەن و دەڵێت "لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە فرۆشیارانی روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكەنەوە". گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند "بەهۆی هەبونی مەترسی لەسەر سەلامەتی ئەو منداڵانەی یاری پێ دەكەن و بەرامبەرەكەیان، لیژنەی یەكی قایمقامییەتی سلێمانی لەناوچەی قولەرەیسی و چەند ناوچەیەكی دیكەدا، دەستی بەسەر بڕێكی زۆر تەقەمەنی و چەكی مورودا گرتوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبرێت". ئاماژەی بەوەشداوە "لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە یاریانە، مەترسی لەسەر ئەو منداڵانەی یارییان پێدەكەن دروست دەكات، دەبێتە هۆی بێزاربوونی هاوڵاتیان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو شوێنە و جێگەیانەی منداڵ بۆ بەسەر بردنی كاتەكانی خۆیان روی لێدەكەن". سەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەت، هۆشداری بەدایكان و باوكان دەدات، زیاتر ئاگاداری منداڵەكانتان بن و رێگری لە كڕینی تەقەمەنی و چەكی مورو بكەن، مەهێڵن منداڵەكانتان یارییان پێبكەن لەبەر ئەوەی روداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە. سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشدا "لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا لیژنە هاوبەشەكان لەئەركدا دەبن و لە هەرشوێنێك بفرۆشرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و فرۆشیارەكەش لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە".

هاوڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردەوە بڕیارە گرنگەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارێكی دیكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە لێخۆشبوونەكان لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاوڵاتییان لەگەڵ كرێی ئاو و خاشاك و ڕسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەش روونكراوەتەوە كە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ دووشەممە 8/4/2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا كە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوا دەكات لەئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت. لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكوو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ. لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكوو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردووەتەوە كە، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە 8/4/2024وە لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.

هاوڵاتی  نیوەرۆی ئەمرۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی حزب و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ناویشیاندا شێرزاد عەبدوڵا ناسراو بە مام ڤاندام کەسایەتی دیاری نێو سۆشیال میدیای تێدایە کە ژمارەکەی ١٣٥ ی پێدرا.  شێرزاد عەبدوڵا ناسراو بە مام ڤاندام کەسایەتی دیاری نێو سۆشیال میدیا ئەمڕۆ دوای ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تیروپشکی بۆ ژمارەی حیزب و لایەنەکان کرد لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ئەو پێی وایە پەرلەمان پێویستی بە کەسێکی وەک ئەوەو هەوادارەکانی دەیانەوێت لەوێ بیبینن. دڵنیاشیکردەوە کە وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و پڕۆژەو پلانەکانیشی بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵگرتووەو و پڕۆژەی تایبەتی دەبێت. ئەو کەسایەتییەی سۆسیاڵ میدیا باسی لەوەشکرد کە بەهۆی ئەوەی دەمێکە لە سلکی عەسکەریدایەو توانای گەیاندنی موعاناتی هاوڵاتیانی هەیە کاندیدێکی باشە بۆ پەرلەمانی کوردستان و وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بە ژمارە ١٣٥ بەشدار دەبێت. کۆمسیۆنی باڵای سەرخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بڵاویکردەوە لە کۆی 63 کەس کە فۆرمی کاندیدبوونیان وەک سەربەخۆ وەرگرتووە، تەنها 23یان مەرجەکانی کاندیدبوونیان تێدابووە و وەرگیراون . جێگەیباسە  بە پێی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، هەر کاندیدێک گەر بیەوێت بەشداربێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت لەوانە خاوەنی کارتی نیشتمانی کوردستان بێت و کارتی دەنگدانی هەبووبێت و فۆرمی خۆراکی کەرکوک و موسڵ و ناوچە جێناکۆکەکان نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشینەی تاوانی نەبووبێت و دەستی لە پرۆسەی ئەنفالدا نەبێت و بەشدارنەبووبێت لە چالاکیەکانی ڕژێمی بەعس و دەستپاک بێت. گۆڕانکاری لە یاسایی هەڵبژاردن وایکردووە ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکوانانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بتوانن بێنە ناو کایەی سیاسیەوە و وەک کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن. هاوکات بەوتەی ئەوانەی کە هونەرمەند و کەسانی دیاری نێو سۆشیال میدیان، بڕوایان وایە کە سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگەرە، لە ڕوانگەی ئەو هەوادارە زۆرەی کە هەیانە و ڕۆژانە پاڵشتییان لێدەکەن.

هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگه‌یاند، بڕیاردراوه‌ بە بەرزکردنەوەی پلەی 14 هه‌زار و 747 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بەوەزارەته‌كه‌. وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، بڕیاردراوه‌ بە بەرزکردنەوەی پلەی 14 هه‌زار و 747 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە، ئەو پلەبەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی نەورۆزی 2024ی کارمەندان. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە  بەبریاری شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بەماددەی چواردە لەسیستەمی ژمارە (6)ی ساڵی 2011ی پەیڕەوی نیزامی  ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە تایبەت بەیاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007، تایبەت بەڕێنمایی پلە بەرزکردنەوەی کارمەندان بریاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 14 هەزار و 747 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە.    دەقی راگەیندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە: بە بڕیاری شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە ماددەی 14 لە سیستمی ژمارە 6ـی ساڵی 2011ـی پەیڕەوی نیزامیی راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، تایبەت بە یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007، ئاماژە بە فەرمانی وەزاریی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتیی ژمارە 6033 له 4-12-2011 تایبەت بە رێنمایی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 14747 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم پلەبەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی نەورۆزی 2024ـی کارمەندان.  

هاوڵاتی عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دوەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیای ئەمریکا بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری وەسف دەکات و هۆکاری ئەو دۆخەش کە ئێستا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێنێتەوە. عەدنان موفتی كه‌ ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکدا  لەگەڵ ده‌نگی ئه‌مریكادا تیشکی خستە سەر دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، "بەشێک لە بڕیارەکان زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتون، چونکە هەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عیراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردوه‌تە خاوەنیان ئەوەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە، دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستور لە سەروی هەمو یاساکانەوەیە". سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵی بە "نا دەستوری" ناو دەبات، دەشڵێت هۆکاری ئەو ئاڵەنگارییانەی سەر قەوارەی هەرێم پەرتەوازەیی ناوخۆیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو سیاسەتی هەرێم بە "دوو ئیدارەیی" ناودەبات و و لایەنەکانیش تۆمەتبار دەکات بە زاڵبوونی "فەرهەنگی براکوژی" بەسەریان. سەرۆکی پێشووی پەرلەمان دەڵێت،" ئەگەر یەکڕیزی هەبوایە نەدەگەشتینە ئەمڕۆ. تا ئێستا دوو ئیدارەیی یەکی نەگرتۆتەوە، کە ناعەدالەتی و گەندەڵی و هەموو قەیرانەکان بە هۆی ئەمەوە دروست بوون. هەموو هۆکارەکان ئەوە بوون نەمانتوانی زاڵبین بەسەر ناکۆکیەکاندا. فەرهەنگی شەڕی ناوخۆ بووە هۆی ئەوەی هەرکەس فەرهەنگی خۆی هەبێت و بە خیتابی جیا بچنە بەغداد، ئەمەش زەرەری گەیاندە هەرێم." هاوکات سەبارەت بە هەڵبژاردنیش وتویەتی، "ئومێد دەکەم هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و پارتیش بەشدار بێت، چەندجارێک دواکەوتنی خراپە بۆشاییەکی تەواو هەیە لە دەسەڵاتی یاسادانان، ئەگەر پارتیش بەشدار نەبێت و بایکۆت بکات زەرەرێکی تر دەگەیەنێت و کەموکوڕی تێدا دەبێت، لە ڕوی کرداریشەوە نازانم چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بەبێ پارتی، بەڕێکەوتن بێت باشترە لەوەی بچینە کێشەیەکەوە کە نازانین دەرەنجامەکەی چی دەبێت". جێگەیباسە کۆتایی مانگی داهاتوو ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لە بەرواری 30-5-2023 کە تێیدا درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە نادەستوریی دانا، هەرچەندە وا بڕیارە لە 10-6-2024 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بایکۆتکردنی پارتی دیسان هەڵبژاردنی خستۆتە بەردەم ئەگەری دواکەوتن.

هاوڵاتی بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى قۆناغى دوهەمى باران بارین و تەرزە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و بەوپێیە جەژن بە بارانى بەخوڕ و هەورەبروسکە دەستپێدەکات. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئاسمانی هه‌رێم به‌گشتی هه‌ور ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی تاوه‌ باران و هه‌وره‌ بروسكه‌ له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كاندا له‌كاته‌كانی دوای نیوه‌ڕۆ، پێشبینیده‌كرێت بری دابارین زیاد بێت به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و سه‌نته‌ری شاره‌كانیش دهۆك و هه‌ولێر و به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌م سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌كاته‌كانی ئێواره‌".   سه‌باره‌ت به‌ بری دابارینی پێشبینی كراو بۆ 24 كاتژمێر بۆ ناوچه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: - پارێزگای دهۆك به‌گشتی 4 بۆ 8 ملم و ناوچه‌ شاخاویه‌كان و ئیداری زاخۆ كه‌مێك زیاترده‌بێت 8 بۆ 12 ملم ده‌بێت. - سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری 2 بۆ 4 ملم و ئیداره‌ی سۆران رێژه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت بۆ 4 بۆ 8 ملم - سه‌نته‌ری شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان 1 بۆ 4 ملم و ئیداره‌ی راپه‌رین و ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنوریه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌  4 بۆ 8 ملم سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنیش ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی،بڵاویکردۆتەوە کە  رۆژى چوارشەممە کە "پێشبینى دەکرێت وەک یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان دیاریبکرێت" کاریگەری ناجێگیری کەشوھەوا زیاتر بێت لەسەر ناوچەکە و تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکەی بەھێز چالاک بێت لەکات و شوێنی جیاوازدا لەھەندێک ناوچەش ئەگەری بارینی تەرزە هەیە و پلەکانی گەرما 6 تا 8 پلە بەڕاورد بە سبەی نزم دەبێتەوە و بای باکوری رۆژھەڵات چالاک دەبێت بەتایبەت لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی . هاوکات لەبارەى کۆتاییهاتنى ئەم شەپۆلەشەوە ڕایگەیاندووە کە لە ئێوارەى رۆژى پێنجشەممەوە بەشێوەیەکى کەم ئەم شەپۆلە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت، بەڵام پلەکانى گەرما نزم دەمێننەوە و با-ش بە چالاکى دەمێنێتەوە.

هاوڵاتی هێزەکانی ڕوسیا لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە ئۆکرانیادا هێرشی کردۆتە سەر لە پێشڕەویدایە و سەرۆکی ئۆکرانیاش داوای هاوکاری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات. بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی ڕوسیا، هێزەکانی رووسیا لە بەرەی جەنگی ئەڤدیڤکاوە بەردەوامن لە پێشڕەویکردن بەرەو رۆژئاوای  باکووری شارۆچکەی ڤۆدیان، نزیک شارۆچکەی ناتالیۆڤا بوونەتەوەو لە ٧٥٠ مەتری یەکەم بینای شارەکەدان. لە رۆژئاوای باخمووتیش باس لەوە ئەکرێت هێزەکانی رووسیا توانیویانە شارۆچکەی بۆگدانۆڤکا کۆنتڕۆڵ بکەن و بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی شاری چاسیڤ یار لە پێشڕەوییدان و پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراین کردووە لەو ناوچەیە. سوپای رووسیاش ڕایگەیاندووە لیوای ٩٨ی ئاسمانی ئیڤانۆڤ لە سنورەکانی شارەکەدا بەردەوامە لە جەنگ و ژمارەیەک بنکەی هێزەکانی ئۆکراین کۆنتڕۆڵکراوەو پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراین کردووە. جێگەیباسە پێشتر هێزەکانی رووسیا توانیبوویان هێرش بکەنە سەر یەکەم بینای شارۆچکەی تێرنی لەسەر رووباری زێربێتس، کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای دۆنتێکسکەوە. ئەم پێشڕەوییەی ڕوسیا لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەکات یارمەتی بدەن بۆ بەهێزکردنی، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی . ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن". لە لایەکیترەوە رۆژی یەکشەممە ٧ی نیسان رووسیا ئۆکراینی بەوە تۆمەتبارکرد کە هێرشێ کرۆتەوە سەر وێستگەی ئەتۆمی (زایۆپۆرتا) لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراین کە لە لایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوەو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش داوای لە لایەنەکان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.