هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی لوبنانییەوە رایگەیاند "شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر فێرگەی راهێنانی سەربازی حزبوڵڵای لوبنان لە گوندی (جەنتا) هاوسنوور لەگەڵ سوریا". هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە شاری "سەفرا" نزیک شاری " بعلبک" لە رۆژهەڵاتی لوبنان. هێرشەکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێر دوای ئەوە هات کە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی " هێرمیس"یان لە ئاسمانی لوبنان خستۆتە خوارەوە. حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، هەر شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمسی ٩٠٠یان خستۆتە خوارەوە.

هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویانکردۆتەوە هۆشداری دەدەن لە هەر بەلاڕێدا بردنێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری توطین کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٤/٦/٢٠٢٤  دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکیان ئاڕاستەی " "هۆشدارییەک بۆ ئۆپۆزسیۆنە ساختەچی و سەد ڕووەکان" کرد و داوا دەکەن بڕیاری بەنیشتیمانیکتدنی مووچە بەلاڕێدا نەبردرێت و ڕەتی دەکەنەوە بە هەژماری من ڕازی بن بەتایبەتیش بانکی tbi کە بڕیارە ببێت بە یەکێک لە بانکە بەشداربووەکانی ئەو پڕۆژەیە. مامۆستایان دەڵێن، "لەو پیلانگێڕییەی دەسەڵات وکلکەکانی باش تێگەیشتووین کەدەیانەوێ پارەی دزراوی TBI بخەنە ئەستۆی فەرمانبەران و پێچ لێبدەن بەدەوری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دا. ئەوبانکە پێشتر نەیتوانیوە پارەکانی خۆی بپارێزێ و چەتەکانی هەرێم زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان لەوبانکە بردووە ، ئێستا چۆن گەرەنتی موچەی مامۆستایان وفەرمانبەران وخانەنشینانی پێ دەکرێت؟!" دەقی ڕاگەیەندراوی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی: "هۆشدارییەک بۆ ئۆپۆزسیۆنە ساختەچی و سەد ڕووەکان" هەر بەلاڕێدا بردنێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری توطین کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵەوە دەرچووە، بۆ خزمەتی دەسەڵاتی موچە دز ، ڕووبەڕووی ڕق وتوڕەیی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران وخانەنشینان و کەسوکاریانتان دەکاتەوە چیتر لەهیچ کەس ولایەنێکی قبوڵ ناکەین ببنە واعیزی سوڵتان و گسک لێدەری بەردەم بارەگای گەورە دزەکان و ببنە دەڵاڵێکی بێ ئابڕوو لەپێناو مشتێ دۆلاری نەوتاویدا. ئەم هۆشدارییە بۆ هەمووتانە. لەو پیلانگێڕییەی دەسەڵات وکلکەکانی باش تێگەیشتووین کەدەیانەوێ پارەی دزراوی TBI بخەنە ئەستۆی فەرمانبەران و پێچ لێبدەن بەدەوری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دا. ئەوبانکە پێشتر نەیتوانیوە پارەکانی خۆی بپارێزێ و چەتەکانی هەرێم زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان لەوبانکە بردووە ، ئێستا چۆن گەرەنتی موچەی مامۆستایان وفەرمانبەران وخانەنشینانی پێ دەکرێت؟! جارێکی تر ڕێگە بەهیچ لایەنێک نادەین سەودا ومامەڵە بکات بە موچەی مامۆستایان وفەرمانبەرانەوە هاوشێوەی فرۆشتنی پاشەکەوتەکە بە نرخێکی هەرزان لەسەرووبەندی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆساڵەکانی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. ئێوە خەنجەرێکی ژەهراوین هەرگیز نەمانبینیوە خەنجەر زام تیماربکات ، بەڵکو زامەکانی قوڵتر کردۆتەوە. " دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی" ۲۰۲٤/٤/٦

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرنگە رێگە بە تەواوکردنی رێکارەکانی بەنیشتمانیکردنی موچەی فەرمانبەران بدرێت، حکومەتی عێراقیش سورە لەسەر بەردەوامی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران، چونکە ئامانجی ئەوان پاراستنی مافی هەمو هاوڵاتیانی عێراقە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراقی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی زۆربەی ئەو گفتوگۆیانە بوە کە پەیوەندیان بە دۆخی هاوڵاتیانەوە هەیە. وتیشی، "ئێمە رژدین لەسەر خەرجکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بڕیارەکان دادگای فیدراڵی بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە".  ئاماژەی بەوەشكرد، "دەبێت رێگە بدرێت کارەکانی بەبانکیکردنی مووچە بەڕێوەبچێت، هیوادارین رێککەوتنی نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵی جێبەجێبکرێت". سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەردەوام دەبن، چونکە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقە کە مافی هاوڵاتیانی تەواوی عێراق بپارێزن. لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان وتی، باسی پرسی نەوتیان کردووە و هەندێک گرفت لە بەردەم پرسەکە ماون، هیوادارن چارەسەربکرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. 

هاوڵاتی به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی و سەرۆکایەتی هەرێم  ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ـی نیسانی 2024، له‌ به‌غدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كۆبوونه‌وه‌. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 6ـی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، گه‌یشته‌ به‌غدا. له‌ میانی سه‌ردانه‌که‌یدا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ د. له‌تیف ڕه‌شید، سه‌رکۆمار و محه‌مه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵی کۆده‌بێته‌وه‌. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا به‌شداریی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌به‌ربردنی ده‌وڵه‌ت و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا ده‌کات. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق : "تاوتوێی تێڕوانینی هاوبەش لە سەرجەم دۆسیە و بابەتە نیشتمانییەکان و بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کرا لە چەندین بواردا". هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر "گرنگی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەت لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و سیاسییەکانەوە، بەمەبەستی پتەوکردنی ئامانجەکانی حکومەت و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی پەرەپێدانی گشتگیر و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستە کارگێڕی و جێبەجێکاریانەی کە ڕێگرییان لە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی و ئابووری دەکرد." هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تێڕوانینی هاوبه‌ش بۆ ته‌واوی پرس و بابه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خرایه‌ به‌ر باس." باسی لەوەشکردووە کە نێچیرڤان بارزانی و سوودانی ،جه‌ختیان له‌ پابه‌ندیی حكومه‌تی عێراق کرده‌وه‌ بۆ پێشكەشكردنی خزمه‌تگوزاری و به‌پیره‌وه‌چوونی داواكاریی هاووڵاتیان له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز مەحەمەد شەیاع سودانى، پێشوازی دەکات لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق .... سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز مەحەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندەکەی یاوەری. لە میانەی دیدارەکەدا، تاوتوێی تێڕوانینی هاوبەش لە سەرجەم دۆسیە و بابەتە نیشتمانییەکان و بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کرا لە چەندین بواردا، هەروەها بەڕێز سودانی جەختی لە پەرۆشی حکومەت کردەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان لە بەشە جیاوازەکانی عێراق و بەدەستهێنانی یەکگرتن لە ئەدای نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق. هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەت لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و سیاسییەکانەوە، بەمەبەستی پتەوکردنی ئامانجەکانی حکومەت و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی پەرەپێدانی گشتگیر و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستە کارگێڕی و جێبەجێکاریانەی کە ڕێگرییان لە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی و ئابووری دەکرد. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران 6ی نیسانی 2024   دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر کۆبونەوەکە: سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی كۆبوونه‌وه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6/4/2024، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تێڕوانینی هاوبه‌ش بۆ ته‌واوی پرس و بابه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خرایه‌ به‌ر باس.  له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پابه‌ندیی حكوومه‌تی فیدراڵ کرده‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و به‌پیره‌وه‌چوونی داواكاریی هاووڵاتیان له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی پشتگیریی دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌کان و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داکۆکی له‌ گرنگیی پشتگیریی ته‌واوی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی حكوومه‌تی فیدراڵ كرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردنی گه‌شه‌پێدانی ته‌واو له‌ وڵات و تێپه‌ڕاندنی كێشه‌ و به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌می له‌ بواری كارگیڕی و جێبه‌جێكاریدا.

هاوڵاتی رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند،ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من نزیکەو بانکێکی گەورەی عێراقیش دێتە ناو پڕۆژەکەوە. ئەمڕۆ شەممە، 06-04-2024، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پارتی ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنمان لەبارەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاکراوەتەوە". وتیشی، "دوای جەژن بانکی ئەهلی (تی بی ئای)ـی عێراقی دێتە نێو پڕۆسەی هەژماری من و دەرگا بۆ هەموو بانکە ئەهلییەکانی دیکەی عێراق کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی پڕۆژەکە بکەن". بەوتەی ڕێباز حەملان "ئه‌وه‌ی (هه‌ژماری من)ی ته‌واوكردبێت به‌و هه‌ژماره‌ موچه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ته‌واوی نه‌كردووه‌ جارێ به‌ كاش موچه‌ وه‌رده‌گرێت، هەروەها ئه‌وه‌ی له‌ رێككه‌وتنی ئه‌مجاره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ موچه‌ په‌یوه‌ست نه‌كراوه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وته‌وه‌". جەختی لەوەشکردوەتەوە "ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌ستپیبكاته‌وه‌، بازاڕ ئه‌بوژێته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌و كۆمپانیایانه‌ی نه‌وت كارده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌وت ده‌رده‌هێنن". بەگوێرەی قسەکانی ڕێباز حەملان بە دەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی)   گرفتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت بەڵام بۆ گەرەنتی چارەسەری مووچە، لە ھەمواری یاسای بودجەی ئەمساڵدا دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە خەرجی راستەقینە دەربھێندرێت، ئەوەش تاکە رێگایە بۆ گەرەنتی دوانەکەوتنی مووچە لە ھەرێمی کوردستان.  

هاوڵاتی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمەریكا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردووی ئەمساڵدا ٩٤ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق ئەنجام دراوە. ئەمڕۆ شەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٤ فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی سوپای ئەمەریكا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردووی ئەمساڵدا ٩٤ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق ئەنجامدراوە، هەروەها لەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشانەدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی سوریای دیموكرات ١٨ چەكداری داعش كوژراون و ٦٣ کەسی دیكەش برینداربوون". ئەوەشخراوەتەڕوو، ٦٦ ئۆپەراسیۆن لەسەر خاكی عێراق ئەنجامدراوە و ١١ چەكداری داعش كوژراون و ٣٦ چەكداری دیکەش دەستگیركراون، هەروەها ٢٨ ئۆپەراسیۆنیش لە سوریا ئەنجامدراوە و حەوت چەكداری داعشیش كوژراون و ٢٧ی دیكەش دەستگیركراون.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لێپرسراوی زەڕەنگەرانی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕدەکات و ئاماژە بەوەدەدات لە داهاتوودا نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە. دلێر تاهیر، لێپرسراوی زەڕەنگەرانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەو بەرزبوونەوەی لە نرخی زێڕدا روویداوە بەرزبوونەوەیەکی مێژوییە، لەئێستادا کیلۆیەک زێڕ نرخەکەی حەوت دەفتەر و 40 وەرەقەیە لەکاتی کڕینەوە". لەبارەی هۆکاری  بەرزبوونەوەی نرخی زێڕەوە دلێر تاهیر وتی "ئەمەریکا ویستی سوود زیادبکات، بەڵام سوودی زێڕ کەمیکرد و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، هەروەها دابەزینی بەهای دۆلار و بێ بەهابوونی دراوی تورکیا و ئێران وایکرد نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە، چونکە ئەو وڵاتانەی کە دراوەکانیان بێ بەها دەبێت هەوڵی یەدەگ کردنی زێڕ دەدەن لە بانکەکانیان". ئاماژەی بەوەشکرد "بازاڕی زیڕ زۆر خراپە و هاوڵاتییان مامەڵەی پێوەناکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، هەروەها پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرزێتەوە. نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا بەمشێوەیەیە: - یەک مسقاڵ زێڕی عیارە 18 بە 414 هەزار دینارە. - یەک مسقاڵ زێڕی عیارە 21 بە 483 هەزار دینارە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان نێردراوە، تێیدا داوادەکرێت پلەی فەرمانبەرانی بانکەکان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان بەرز بکرێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 6ی نیسانی 2024، بەپێی نووسراوێک کە مەولود سابر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی واژۆی کردووە، نووسراوەکەی ئاراستەی سەرجەم لقەکانی بانکە بازرگانییەکانی کردووە، داوای کردووە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بانکەکان، بەپێی یاسا و رێنمایی دیاریکراو دیاری بکرێت. بەپێی نووسراوەکە، پلەبەرزکردنەوەکە تاوەکو رۆژی 1/5/2024، بۆیان دەبەسترێت، بە مەرجێک رەچاوی مۆڵەتی بێ مووچە و سزا بکرێت بۆیان.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشکرایە سەر ر پاڵاوتگه‌كانی نه‌وت له‌ ناوچەی حه‌یفای ئیسرائیل. لە بەیاننامەیەکدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق ئاشکرایکرد، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2024 له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشیان كردووەتە سه‌ر پاڵاوتگه‌كانی نه‌وت له‌ حه‌یفای ئیسرائیل. ئەوەشخراوەتەڕوو "قۆناغی دووه‌میی لێدانیان له‌ نه‌یاران بۆ سه‌ركه‌وتنی كه‌سوكاریانه‌‌ له‌ غه‌زه ‌و وه‌ڵامێكه‌ بۆ كرده‌وه‌كانی ئیسرائیل كه‌ له‌ دژی خه‌ڵكی مەدەنی له‌ فه‌ڵه‌ستین ئەنجامیان دەدات"، هەروەها ئاماژە بەوەدەدەن، کە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. لە بەیاننامەکەدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق هیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی ئەم هێرشە نەکردووە بۆ پاڵاوتگەکانی نەوت لە حەیفای ئیسرائیل. مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق پێشتر بەرپرسیارێتی دەیان هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزەوە گرتووەتە ئەستۆ. ‌

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان خشتەیەکی نوێی مووچەی بۆ مانگی ئادار بڵاوکردەوە و دەڵێت، رۆژی شەممە، 06-04-2024 دەست بە دابەشکردنی دەکەن و تاوەکو پێش جەژن مووچە دابەشدەکەن.  ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی موچەی مانگی سێی بڵاوکردەوە کە لە سێ ڕۆژدا دابەشدەکرێت . بەپێی خشتەکە، سبەینێ موچەی کەسوکاری شەھیدان زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینی شارستانی و خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ھەروەھا رۆژی یەکشەممە مووچەی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارایی و ناوخۆ و مامفی مرۆڤ و دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرھێنان و دەستەی ژینگە ودەزگای مین و ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن دابەشدەکرێت. ھەر بەپێی خشتەکە، رۆژی دووشەممە موچەی موەزارەتەکانی پەروەردە و داد ئەنجومەنی دادوەری و ئەوقاف و دیوانی چاودێری دارایی و پلاندانان و بازرگانی و سامانە سروشتییەکان و گواستنەوە، کشتوکاڵ و شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و رۆشنبیری و کارەبا و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت. ھەروەھا ھەمان رۆژ موچەی کاروباری شەھیدان و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و یەکەی ٧٠ و٨٠ و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران دابەش دەکرێت. هاوکات  وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، خشتەی مووچەکە بەپێی کاتی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، لەکاتی دروستبونی هەر گۆڕانکاریەک لە هاتنی تەمویلەکە گۆڕانکاری لە خشتەکەشدا دەکرێت.

هاوڵاتی بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی هەردولا بڕیارە سبەی شەممە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدا بکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی دواخستنی هەڵبژاردن و مووچە و هەناردەی نەوتی هەرێم. دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیانی شەممە دەچێتە بەغدا و  لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە. هەر ئەمڕۆش میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق، تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن و کێشەی مووچە و ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی هەردولا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی یەکێتی  لە سەردانەکەیان بۆ بەغداد، لەگەڵ  سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی پێکھێنەری حکومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە ، جێگەیباسە تا ئێستا نازاندرێت ئایا پێکەوە کۆبونەوەکان ئەنجامدەدەن یانیش بە جیا لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی بەغدا کۆدەبنەوە.  سه‌رۆكی هه‌رێم رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه‌، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پرۆسه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌و تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێك تێبینی تر له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌كه‌ی عێراقه‌وه‌ و داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، هەربۆیە سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا په‌یوه‌ندی به‌م پرسه‌وه‌ هه‌یه‌. 

هاوڵاتی دوای کوشتنی حەوت کارمەندی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە غەززە  بە فشاری ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل بڕیاریدا دەروازەی ئیرزی لە باکووری کەرتی غەززە بکاتەوە  کە هەمان ئەو دەروازەیە بوو چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لێیەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل. ئاژانسی هەواڵی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە، شەوی پێنجشەممە، لەدوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆبووەوە و بڕیاریاندا دەروازەی ئیرز لە باشووری ئیسرائیل و باکووری غەززە بکەنەوە، تاوەکو هاوکاری مرۆیی بگاتە دەست غەززەییەکان.  ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن بۆ نەتەنیاهوو دێت، کە هۆشداری پێدابوو گەر بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت ،ئەمریکا ناچاردەبێت  سیاسەتی پاڵپشتیکردنی خۆی بۆ ئیسرائیل بگۆڕێت.  بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆشکی سپی بڵاویانکردۆتەوە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بایدن هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کارمەندانی ڕێکخراوەو مرۆییەکان لە غەزە بە " قبوڵنەکراو" ناودێر کرد و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی کرد بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی. هاوکات وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەدرێن واتسن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند  ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئوردن و میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکاندا کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هاوکارییەکان لە سەرانسەری غەزەدا دەگاتە هاوڵاتیانی مەدەنی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. فشارەکانی سەر ئیسرائیل تا دێت زیاد دەکات  بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەزە کە زیاتر لە 33 هەزار کەسی تا ئێستا کوشتووە هاوکات کوژرانی حەوت کارمەندی فریاگوزاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان  لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر دێر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی غەزە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بووە هۆی زیادکردنی  توڕەیی ڕێکخراوە  نێودەوڵەتییەکان و وڵآتانی ڕۆژئاوا. دەروازەی ئیرز،  یەکێک بوو لەو خاڵە سنووریانەی چەکدارانی حەماس لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی پار، هێرشیانکردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوشت و لانیکەم 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتەگرت. جێگەیباسە تائێستا دیار نییە ئیسرائیل بڕیارەکە جێبەجێ دەکات و دەروازەکە دەکاتەوە، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی ئیسرائیل، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد. هەر لەم بارەیەوەو سەبارەت بە گرنگی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتوانی غەززە ،لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و بانکی جیهانی هۆشداری دەدەن کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەزە کە ژمارەیان دەگاتە 2.3 ملیۆن کەس " لە لێواری برسێتیدان و تەواوی دانیشتوانی غەززە ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکییەکی توند دەبنەوە." هەروەها نزیکەی 1.7 ملیۆن کەس لە ماڵەکانی خۆیان لە غەزە ئاوارە بوون، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەرەکان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین باندێکی بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکات. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەڕۆژی٢٠٢٤/٤/٢ دوای بەدواداچوون و چاودێکردن، هێزەکانی ئاسایش لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانیان چوار تۆمەتباری بازرگانی مادەی هۆشبەر لەڕووبەڕوبونەوەیەکی چەکداری لە ڕانیە دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (٣،٥٠٠) سێ کیلۆ و نیو مادەی کریستاڵ و بڕی (٣٠٠) دەنک حەبی تڕاماڵ و (٥٠٠) گرام شیلەی تلیاک و (دوو) ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی ماددەکان بەکاردەهێنران". ئاماژە بەوەشکراوە "لەئێستادا بە مادەی (٢٦) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".

هاوڵاتی هەپەگە ئاماری چالاکییەکانی مانگی ئازاری گەریلاکانی ئازادیی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ١٥ چالاکییان دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامداوە و تێیدا ٤٣ سەرباز کوژراون و ١١ی دیکەش برینداربوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ئاماری چالاکییەکانی گەریلاکانی ئازادیی لە دژی سوپای تورکیا لە مانگی ئازاردا بڵاوکردەوە، بەپێی راگەیاندراوەکەی هەپەگە، گەریلاکانی ئازادیی لە مانگی ئاداردا ١٥ چالاکییان دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامداوە و تێیدا ٤٣ سەربازی تورکیا کوژراون، هەروەها ١١ی دیکەش بریندارکراون. هەروەها ئەوەش هاتووە، سێ کۆنتێنەر، حەوت مۆڵگە، سیستەمێکی رادار، ١٢ کامێرای چاودێری، هەشت بلاجیکتۆر، حەوت کامێرا، دوو چادر و نارنجۆک هاوێژێك تێکشکێنراون و لەناوبراون. ئاماژەی بەوەشداوە، دەستیان بەسەر ئەم کەرەستە و چەکانەدا گرتووە، چەکێکی بی کەی سی نیو ئۆتۆماتیک، ١٥٠ فیشەک و زنجیرێکی بی کەی سی، چەکێکی بی٧، دوو چەکی مەپەتە-٥٥، دوربینێکی ڕۆژ، ئامێرێکی دەستنیشانکردنی چەک، سیستەمێكی دەنگ، دەستکێشێک، دوو پاتر و ئەدامتەرێکی کامێرای گەرمی. بەپێی راگەیەندراوەکەبێت لە مانگی رابردوودا، هێرشە سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوام بوون و هەپەگە ئامارەکەی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو، ٢٢٦ جار بە فڕۆکەی جەنگی، پێنج جار بە هێلیکۆپتەر، نۆ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و ١٥ جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری تەقەمەنی.

هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 33 ساڵەی ر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە". دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ ( 33 ) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە. ئەم بڕیاره‌ گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات. بڕیاری 688 وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتوو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت. هەروەها پشتگیری خوالێخۆشبوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە. لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە.  لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688 ، دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2024/4/5