هاوڵاتی عوسمان گوڵپی یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە بڵاوکراوەیەکدا داوایەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات و تیایدا داوای مووجە پاشەکەوتکراوەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم دەکات. شەوی ئەمشەو یەکشەممە عوسمان گوڵپی یەکێك لە چالاکوانان و نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە بڵاوکراوەیەکدا داوای دانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکات و دەڵێت، کاتی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ میکانزمێك بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە دابنێت. ئەو چالاکوانە دەڵێت،"ئەمانە پارەیان نەبوو بۆیە مووچەیان نەدەدا ئەوەتا ئێستا حکومەتی عێراق مووچەی تەواوی مووچەخۆران دەنێرێت و داهاتی ناوخۆش کە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت و نادرێتە مووچە کەواتە داهاتی ناوخۆ بە فرۆشتنی نەوتی قاچاخیشەوە بکەنە هۆکارێک و بە میکانزمێک بیدەنەوە بە مووچەخۆران." دەقی بڵاوکراوەکە: عوسمان گوڵپی یەکێك لە چالاکەکانی مامۆستایانی ناڕازی نوسیویەتی: لە پاشەکەوتەکەتان مووچە پاشەکەوتەکەمان بدەنەوە کاتی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ میکانزمێك بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە دابنێت، تاخەڵک باوەڕ بکات(کە نایکات) ئەمانە پارەیان نەبوو بۆیە مووچەیان نەدەدا ئەوەتا ئێستا حکومەتی عێراق مووچەی تەواوی مووچەخۆران دەنێرێت و داهاتی ناوخۆش کە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت و نادرێتە مووچە کەواتە داهاتی ناوخۆ بە فرۆشتنی نەوتی قاچاخیشەوە بکەنە هۆکارێک و بە میکانزمێک بیدەنەوە بە مووچەخۆران وەك بەشێك لە گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان چونکە کاتێک حکومەتی عێراق مووچەی تەواوەتی مووچەخۆران بدات، ئەوا داهاتی ناوخۆ دەبێتە پاشەکەوت و زیادە بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە لە پاشەکەوتەکەتان مووچە پاشەکەوتەکەمان بدەنەوە عوسمان گوڵپی
هاوڵاتی ڕێخراوی هەنگاو ڕایگەیاند ڕۆژنامەنوسی کورد ڕەسووڵ گەلەبان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ دەستگیرکراوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٤ ڕەسووڵ گەلەبان، کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی میدیایی لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پۆلیسی فەتاوە دەستگیرکراوە. ڕێکخراوی هەنگاو لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردۆتەوە کە ئەو ڕۆژنامەنوسە دوای سکاڵای داواکاری گشتیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە. ڕەسوول گەلەبان، چالاکوانی میدیایی، خاوەن ئیمتیاز و هەروەها بەڕێوبەری پێگەی هەواڵی "ئورمیە ٢٤"ە و وەکوو پێشکەشکاری هەواڵەکانیش چالاکی دەکات. هاوکات ناوبراو لە دوایین پۆستی ئینستاگرامەکەیدا لە نامەیەک بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، بەڕێوەچوونی ئەو ڕەسمە مێژوویییەی بە هەڵگری پەیامی ئاشتی بۆ تەواوی خەڵک زانیوە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان، رێژهی بارانبارینی 12 كاتژمێری رابردوی بهشێك لهناوچهكانی ههرێمی بڵاوكردهوه و رایگهیاند، لهدوای كاتژمێر 2:00ی ئهمشهوهوه رێژهیهكی زۆر باران له سنوری دهۆك و كۆیه و گهرمیان دهبارێت. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "ئهمشهو باران بارین و ههوره تریشقهی پچڕ پچڕ بهردهوام دهبێت له زۆربهی ناوچهكانی ههرێم، پێشبینی دهكرێ له كاتژمێر 2:00ی دوای نیوهشهو زۆرترین رێژهی باران بارین له ناوچهكانی ڕۆژههڵاتی پارێزگای دهۆك و بهشێك له ناوچهكانی ئیدارهی سۆران و ناوچه شاخاویهكانی ههولێر (كۆڕێ و پیرمام)، ههروهها قهزای كۆیه و خهلهكان و ههروهها بهشێك له ناوچهكانی گهرمیان ببارێت". هاوکات بهیانی ئهمڕۆش، کەشناسی رایگهیاندبو، ئهمڕۆ لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سور ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆلێکى بارانبارین، سبهی دوشهممهش بارانبارین بەردەوامى دەبێت له تهواوی ناوچهكاندا. رێژهی بارانبارینی 12 كاتژمێری ڕابردوی ههندێك له ناوچهكانی ههرێم: ههولێر 1.2 ملم شهمامك 1.0 ملم پیرمام 2.9 ملم سلێمانی 1.1 ملم چهمچهماڵ دڵۆپ دڵۆپ باریوه دهۆك 0.5 ملم زاخۆ 0.9 ملم ئاكرێ 5.4 ملم ئامێدی 9.6 ملم بامهرنێ 2.8 ملم باتوفه 2.4 ملم بارزان 10.6 ملم دهربهندیخان 0.4 ملم حاجی ئۆمهران 7.8 ملم ههڵهبجه 2.2 ملم خهبات 1.0 ملم مانگیش 6.0 ملم مهیدان 1.0 ملم سۆران 5.0 ملم مێرگهسور 12.8 ملم سیدهكان 3.8 ملم كهركوك دڵۆپ دڵۆپ خورماتو 0.6 ملم خانهقین 12.0 ملم
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٧ ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ دا بزوتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەرباشوری ئیسرائیل لە دەروازەی ئیرزی کە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززەوە شەڕی نێوان هەردوولا دەستیپێکرد و تائێستا زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە کوژراون کە بەشێکی زۆری ژن و منداڵن. .شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەش مانگە بەردەوامەو بە یەکێک لە وێرانکەرترین و کوشندەترین شەڕەکانی سەدەی ۲۱ دادەنرێت لە ئێستاشدا بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو کەرتە ئاوارە بوون و بەشێک ی زۆری بەرەو شاری ڕەفەح لە لە باشوری غەزە هەڵهاتوون نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ڕێگەنەدان بە چونە ناوەوەی خواردن و یارمەتییە مرۆییەکان جگە لە جەنگ قەیرانی نەخۆشی و برسێتی لەو کەرتە هەڵیداوە هاوکات ژمارەیەکی کەم لە فەڵەستینییەکان توانیویانە ناوچە گەمارۆدراوەکان بەجێبهێڵن. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەی پی بڵاویکردۆتەوە ئامارەکان بەم شێوەیەن: ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی مردوون لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل ؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە غەزە کوژراون : 33،137 ژمارەی منداڵ کە لە غەززە کوژراون : زیاتر لە 13 هەزار کەس ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەی کە کوژراون: نزیکەی 1200 کەس ژمارەی ئەو فەيڵستینییانەی کە لە کەناری ڕۆژئاوا (west bank) کوژراون : 456 ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە کە، وەزارەتی تەندروستی غەزە جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و حەماس ناکات لە کاتی هەژمارکردنی کوژراوەکاندا ، بەڵام دەڵێت ژنان و منداڵان نزیکەی دوو لەسەر سێی کوژراوەکان پێکدەهێنن. ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنی و بیانییانەی لە ئیسرائیل کوژراون لە حەوتی ١٠ دا:٧٨٠ ژمارەی کارمەندانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان کە لە ئیسرائیل لە ٧ی مانگی ١٠ دا کوژران: ٦٢ هاوڵآتیانی مەدەنی کە بە درێژای سنورەکانی باکوری ئیسرائیل کوژراون: ٩ کارمەندانی فیریاگوزاری سەرەتای کە لە غەززە کوژراون: ٢٢٤، جگە لەو ژمارەیە ٣٠ ی کارمەندی دیکەش لە کاتی دەوامی ڕەسمییاندا کوژراون ژمارەی کارمەندانی تەندروستی کە لە غەززە کوژراون: ٤٨٤ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە غەززە کوژراون: ٩٥ ژمارەی سەربازی ئیسرائیل / حەماس ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون: زیاتر لە ١٣ هەزار ( ئامارەکە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە ) . ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە خاکی غەززەدا کوژراون: ٢٥٦ ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە ٧ی ١٠ دا کوژراون : ٣١٤ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی بە درێژای سنورەکانی باکوری غەززە کوژراون لە ٧ی ١٠ ەوە تا ئیێستا: ١١ کەرتی مرۆی: ٪ ٥٥.٩ ی تەواوی باڵەخانەکان تێکشکێنراون ٪٦٠ ی ماڵەکان بە تەواوی تێکشکێنراون ٪٩٠ ی خوێندنگاکان تێکشکێنراون ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی تا ئێستا ماوەو لە ناونەچووە ١٠ دانەیە لە کۆی ٣٦ دانە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی خۆراک بونەتەوە بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١.١ ملیۆنە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەخوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و توشی کەمی خۆراک و بەدخۆراکی بوون ٪٣١ ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن ناگات ٪١٠٠ ژمارەی ئەو مزگەوتانەی بەتەواوی ڕوخاون: ٢٢٧ ژمارەی ئە وکەنیسانەی ڕوخاون: ٣ ژمارەی بریندارەکان؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون: ٧٥ هەزار و ٨١٥ ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە کەناری ڕۆژئاوا برینداربوون : ٤،٧٥٠ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون : ١٥٤٩ ژمارەی هاوڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیلی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بریندار بوون : ٤،٨٣٤ ژمارەی ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون لە لایەن حەماسەوە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە ٧ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ :٢٥٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی ئازادکراون: ١٢٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە لە ئێستادا لە ژیاندان و مردنیان پشتڕاستنەکراوەتەوە: ٩٨ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە مردنیان پشتڕاستکراوەتەوە: ٣٦ جێگەیباسە لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە وتەبێژێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو هێزە زەمینییەکانیان لە باشووری غەززە کشاندوونەتەوە، جگە لە یەک لیوا هاوکات روون نییە کشانەوەکەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری غەززە، دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەو هێرشەی پێشتر ئیسرائیل بڕیاری لێدابوو بۆسەر رەفەح بەمەبەستی لەنێوبردنی حەماس. کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەززە لەکاتێکدایە کە میسر ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لای حەماس.
هاوڵاتی دوێنێ شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد، یەکێک لە پرسەکان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. له دیدار و کۆبوونهوهکانیدا لهگهڵ سهرکرده و بهرپرسانی باڵای عێراق، نێچیرڤان بارزانی چارهسهرکردنی کێشهکانی ههولێر - بهغدا و دۆخی سیاسیی عێراق و ههرێمی کوردستان و چهند پرسێکی دیکه، تاوتوێ کرد. دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، هاوکات پەیوەندییەکی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات". کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی ئێوارەی دوێنێ لە بەغدا کرا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "له كۆبوونهوهكهدا تێڕوانینی هاوبهش بۆ تهواوی پرس و بابهته نیشتمانییهكان و جێبهجێكردنی كارنامهی حكومهتی فیدراڵیی عێراق له ههموو بوارهكاندا خرایه بهر باس". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی کۆبوونەوەکانی دوێنی شەممە رایگەیاند "کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرۆک وەزیران و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوو." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دۆخی بەغدا، پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێک لەو تەوەرانە بوون گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هەروەها نيوهڕۆى ئهمڕۆ يهكشهممه نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له بهغدا لهگهڵ خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئهمهريكا له عێراق كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا دهربارهى دوايين پێشهاتهكانى دۆخى سياسيى عێراق، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا لهژێر ڕۆشناييى دوا بهرهوپێشچوونهكان و ڕێككهوتنى حكوومهتى ههرێمى كوردستان و حكوومهتى فيدراڵ لهسهر پرسى مووچهى مووچهخۆرانى ههرێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆ و ههڵبژاردنى ههرێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييهوه. ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە قسەی کرد و وتی "هیوادارین سەرجەم هێزە سیاسییەکان پێکەوە بگەنە قەناعەت و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت". بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاولاتی کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 دوابخرێت و هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە کە لایەنەکانی دیکە و پەرپرسانی عێراق رازی بکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاردا بەمجۆرەی ئێستا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات و ناوی لیست و کاندیدەکانی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارنەکردووە.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ئاژانسی نیمچە فەرمی " تەسنیم"، لە زاری "یەحیا رەحیم سەفەوی" راوێژکاری "عەلی خامەنەیی" رابەری کۆماری ئیسلامی ئیران بڵاویکردەوە، لە ئێستا بەدواوە هیچ یەک لە باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە جیهاندا پارێزراو نین. ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لە یەکی نیسانی 2024دا ئیسرائیل هیرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کونسولییەی ئیران لە ناو جەرگەی دیمەشقی پایەتەختی سوریا ئەنجامدا و لە ئاکامدا ژمارەیەک فەرماندە و کەسایەتی پلە باڵای سوپای پاسدارانی ئێران کوژران. دوابەدوای هێرشەکەش کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند:" لەکات و ساتی گونجاودا تۆڵە دەکەینەوە". دوابەدوای هەرەشەکانی ئێران سوپای ئیسرائیل سەرجەم سەربازەکانی خستە حاڵەتی ئامادە باشییەوە. جێی ئاماژەیە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق ، حەوت ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران کە لە ناویاندا هەریەکە لە "موحەمەد رەزا زاهیدی" فەرماندەی سوپای قودس لە سوریا و لوبنان و "موحەمەد هادی رەحیمی" دەبینران.
هاوڵاتی هاوکات لەگەڵ داواکاری ئۆکرانیا لە هاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ خارکیڤ، دووەمین شاری گەورەی ئۆکراین لانیکەم ٧ کەس کوژراون". ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن". ئولێ سینیهۆبۆڤ، پارێزگاری خارکیڤ وتی "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە لانیکەم ١ کەس کوژراوەو ٣ کەس برینداربوون". پارێزگاری خارکیڤ ئاماژەی بەوەشداە، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە لە درەنگانی شەوی شەممە ٦ کەس کوژراون و ١١ کەس برینداربوون. خارکیڤ نزیکە بە سنوورەکانی رووسیا و لەم مانگانەی دواییدا زۆرجار لەلایەن رووسیاوە هێرش کراوەتە سەر ئەو شارە. ئەندرێ یێرماک، بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا بە گۆڤاری پلیتیکۆ-ی رایگەیاند "وادیارە خارکیڤ بووە بە ئامانجی رووسیا لەم بەهارەدا"، هەروەها وتی، سەرۆک کۆمار زێلێنسکی، جەختی کردووەتەوە کە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناوچەکە زۆر گرینگە و هاوبەشەکانی ئۆکراین ئەتوانن لەم ڕووەوە یارمەتیمان بدەن. ئیڤان ڤێدۆرۆڤ، سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل، لە ناوچەی زاپۆریژیا لە کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلگرام رایگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ بەندەری "ئۆدسا" لە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە ٦ ی نیسان، لانیکەم ١ کەس کوژراوەو چەند کەس بریندار بوون و رووسیا بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردۆتە سەر ئەم بەندەرە". سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل هەروەها رایگەیاند "رووسیا رۆژی شەممە هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئۆکراین لەشاری زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکراین ، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە". ئیڤان ڤێدۆرۆڤ دەڵێت "بەهۆی هێرشەکانی شەوی هەینی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە ٤ کەس کوژران و ٣١ کەس بریندار بوون". هەروەها بەپێی زانیارییەکان، رۆژی هەینی ئۆکراین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی رووسیا لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە و رووسیا لەو بنکەیەدا فڕۆکەی جەنگی سۆخۆی جێگیرکردووە کە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی رووسیایە. لە لایەکیترەوە و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی "دەیلی تێلگراف"ی بەریتانی کە رۆژی شەممە ٦ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر چەند شوێن لە ئۆکراین چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە بەکارهێنانی هەرجۆرە چەکێکی کیمیایی بە پێی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان لەجەنگدا قەدەغەیە.
هاوڵاتی رادیۆی سوپای ئیسرائیل بلاویکردەوە، لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام لە کەرتی غەزە هێزەکانی فیرقەی 98ی ئەو سوپایە بە تەواوی لە خان یۆنس کشاونەتەوە. لە درێژەی هەواڵەکانی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە "بۆ یەکەمین جار و لە دوای دەسپێکی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە دژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو کەرتە کشاونەتەوە و فیرقەی 98 یش لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام بە هەر سێ لیواکەیەوە لە دوای کۆتایی هاتنی چالاکییە سەربازییەکانیان لە خان یونس هاتوونەتە دەرەوە". لە ئێستاشدا تەنها "لیوای ناحال" لە کەرتی غەزە ماونەتەوە کە باشوور و باکووری کەرتی غەزەیان جیاکردۆتەوە. لە لایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند لە دەسپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە تاکو ئێستا 604 فەرماندە و سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و لە بەرامبەریشدا توانیویانە 12 هەزار چەکداری سەر بە بزوتنەوەی حەماس بکوژن. جێگەی ئاماژەیە ئەمرۆ شەش مانگ بەسەر دەسپێکی ئەو جەنگەدا تێدەپەرێت .
هاوڵاتی بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین و گاز لە سنووری شاری سلێمانی دابەزن. بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی نیسانی 2024 کاتژمێر 4:00 نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین و گاز دادەبەزن و نرخی بەنزینی نۆرماڵ و گاز 25 دینار و هەردوو جۆری بەنزینی موحەسەن و سوپەر 50 دینار دادەبەزن". لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی سوتەمەنی بەهمەن قادر وتی "دابەزینی دۆلار و کەمی خواست لەسەر بەنزین و گاز هۆکارن بۆ دابەزینی نرخەکەیان، هەروەها بەرهەمێکی زۆری سوتەمەنی لە ناوخۆ هەیە".
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت 886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان تۆمارکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد ژمارەی کۆتایی بەربژێران پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیارانە. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند "886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان تۆمارکردووە کردووە، لەو ژمارەیە 609 بەربژێریان نێر و 277یان مێن". ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەی بەربژێران کۆتایی نییە و هێشتا لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونیان دەکرێت، ژمارەی کۆتایی بەربژێران پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیارانە". وتیشی "کۆمیسیۆن پێویستی بە زیاتر لە 45 هەزار کەس لە فەرمانبەران، خوێندکاران و دەرچووانی پەیمانگە و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆئەوەی لە رۆژی دەنگداندا ببنە چاودێری سندوقەکان". وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو "زیاتر لە 1200 بنکەی دەنگدان کە زیاتر لە 6000 وێستگە لەخۆدەگرن، بۆ هەڵبژاردنەکە ئامادە دەبن، هەر وێستگەیەک چوار بۆ پێنج چاودێری تێدا دەبێت، هەروەها دەبێت تەمەنی ئەو چاودێرانە لەنێوان 19 بۆ 55 ساڵ بێت، هەروەها دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە وەکو چاودێر تێیدا دەبێت". سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی لوبنانییەوە رایگەیاند "شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر فێرگەی راهێنانی سەربازی حزبوڵڵای لوبنان لە گوندی (جەنتا) هاوسنوور لەگەڵ سوریا". هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە شاری "سەفرا" نزیک شاری " بعلبک" لە رۆژهەڵاتی لوبنان. هێرشەکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێر دوای ئەوە هات کە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی " هێرمیس"یان لە ئاسمانی لوبنان خستۆتە خوارەوە. حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، هەر شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمسی ٩٠٠یان خستۆتە خوارەوە.
هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویانکردۆتەوە هۆشداری دەدەن لە هەر بەلاڕێدا بردنێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری توطین کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٤/٦/٢٠٢٤ دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکیان ئاڕاستەی " "هۆشدارییەک بۆ ئۆپۆزسیۆنە ساختەچی و سەد ڕووەکان" کرد و داوا دەکەن بڕیاری بەنیشتیمانیکتدنی مووچە بەلاڕێدا نەبردرێت و ڕەتی دەکەنەوە بە هەژماری من ڕازی بن بەتایبەتیش بانکی tbi کە بڕیارە ببێت بە یەکێک لە بانکە بەشداربووەکانی ئەو پڕۆژەیە. مامۆستایان دەڵێن، "لەو پیلانگێڕییەی دەسەڵات وکلکەکانی باش تێگەیشتووین کەدەیانەوێ پارەی دزراوی TBI بخەنە ئەستۆی فەرمانبەران و پێچ لێبدەن بەدەوری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دا. ئەوبانکە پێشتر نەیتوانیوە پارەکانی خۆی بپارێزێ و چەتەکانی هەرێم زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان لەوبانکە بردووە ، ئێستا چۆن گەرەنتی موچەی مامۆستایان وفەرمانبەران وخانەنشینانی پێ دەکرێت؟!" دەقی ڕاگەیەندراوی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی: "هۆشدارییەک بۆ ئۆپۆزسیۆنە ساختەچی و سەد ڕووەکان" هەر بەلاڕێدا بردنێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری توطین کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵەوە دەرچووە، بۆ خزمەتی دەسەڵاتی موچە دز ، ڕووبەڕووی ڕق وتوڕەیی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران وخانەنشینان و کەسوکاریانتان دەکاتەوە چیتر لەهیچ کەس ولایەنێکی قبوڵ ناکەین ببنە واعیزی سوڵتان و گسک لێدەری بەردەم بارەگای گەورە دزەکان و ببنە دەڵاڵێکی بێ ئابڕوو لەپێناو مشتێ دۆلاری نەوتاویدا. ئەم هۆشدارییە بۆ هەمووتانە. لەو پیلانگێڕییەی دەسەڵات وکلکەکانی باش تێگەیشتووین کەدەیانەوێ پارەی دزراوی TBI بخەنە ئەستۆی فەرمانبەران و پێچ لێبدەن بەدەوری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دا. ئەوبانکە پێشتر نەیتوانیوە پارەکانی خۆی بپارێزێ و چەتەکانی هەرێم زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان لەوبانکە بردووە ، ئێستا چۆن گەرەنتی موچەی مامۆستایان وفەرمانبەران وخانەنشینانی پێ دەکرێت؟! جارێکی تر ڕێگە بەهیچ لایەنێک نادەین سەودا ومامەڵە بکات بە موچەی مامۆستایان وفەرمانبەرانەوە هاوشێوەی فرۆشتنی پاشەکەوتەکە بە نرخێکی هەرزان لەسەرووبەندی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆساڵەکانی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. ئێوە خەنجەرێکی ژەهراوین هەرگیز نەمانبینیوە خەنجەر زام تیماربکات ، بەڵکو زامەکانی قوڵتر کردۆتەوە. " دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی" ۲۰۲٤/٤/٦
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرنگە رێگە بە تەواوکردنی رێکارەکانی بەنیشتمانیکردنی موچەی فەرمانبەران بدرێت، حکومەتی عێراقیش سورە لەسەر بەردەوامی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران، چونکە ئامانجی ئەوان پاراستنی مافی هەمو هاوڵاتیانی عێراقە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراقی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی زۆربەی ئەو گفتوگۆیانە بوە کە پەیوەندیان بە دۆخی هاوڵاتیانەوە هەیە. وتیشی، "ئێمە رژدین لەسەر خەرجکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بڕیارەکان دادگای فیدراڵی بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە". ئاماژەی بەوەشكرد، "دەبێت رێگە بدرێت کارەکانی بەبانکیکردنی مووچە بەڕێوەبچێت، هیوادارین رێککەوتنی نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵی جێبەجێبکرێت". سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەردەوام دەبن، چونکە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقە کە مافی هاوڵاتیانی تەواوی عێراق بپارێزن. لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان وتی، باسی پرسی نەوتیان کردووە و هەندێک گرفت لە بەردەم پرسەکە ماون، هیوادارن چارەسەربکرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
هاوڵاتی به گوێرهی راگهیهندراوی نووسینگهی محهممهد شیاع سوودانی و سەرۆکایەتی هەرێم ئێوارهی ئهمڕۆ شهممه 6ـی نیسانی 2024، له بهغدا نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان و محهممهد شیاع سوودانی كۆبوونهوه. ئهمڕۆ شهممه، 6ـی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان، گهیشته بهغدا. له میانی سهردانهکهیدا سهرۆکی ههرێمی کوردستان لهگهڵ د. لهتیف ڕهشید، سهرکۆمار و محهمهد شییاع سوودانی، سهرۆک وهزیرانی عێراقی فیدراڵی کۆدهبێتهوه. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بهشداریی له کۆبوونهوهی هاوپهیمانیی بهڕێوهبهربردنی دهوڵهت و چوارچێوهی ههماههنگیدا دهکات. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق : "تاوتوێی تێڕوانینی هاوبەش لە سەرجەم دۆسیە و بابەتە نیشتمانییەکان و بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کرا لە چەندین بواردا". هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر "گرنگی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەت لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و سیاسییەکانەوە، بەمەبەستی پتەوکردنی ئامانجەکانی حکومەت و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی پەرەپێدانی گشتگیر و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستە کارگێڕی و جێبەجێکاریانەی کە ڕێگرییان لە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی و ئابووری دەکرد." هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له كۆبوونهوهكهدا تێڕوانینی هاوبهش بۆ تهواوی پرس و بابهته نیشتمانییهكان و جێبهجێكردنی كارنامهی حكوومهتی فیدراڵیی عێراق له ههموو بوارهكاندا خرایه بهر باس." باسی لەوەشکردووە کە نێچیرڤان بارزانی و سوودانی ،جهختیان له پابهندیی حكومهتی عێراق کردهوه بۆ پێشكەشكردنی خزمهتگوزاری و بهپیرهوهچوونی داواكاریی هاووڵاتیان له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز مەحەمەد شەیاع سودانى، پێشوازی دەکات لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق .... سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز مەحەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندەکەی یاوەری. لە میانەی دیدارەکەدا، تاوتوێی تێڕوانینی هاوبەش لە سەرجەم دۆسیە و بابەتە نیشتمانییەکان و بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کرا لە چەندین بواردا، هەروەها بەڕێز سودانی جەختی لە پەرۆشی حکومەت کردەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان لە بەشە جیاوازەکانی عێراق و بەدەستهێنانی یەکگرتن لە ئەدای نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق. هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەت لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و سیاسییەکانەوە، بەمەبەستی پتەوکردنی ئامانجەکانی حکومەت و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی پەرەپێدانی گشتگیر و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستە کارگێڕی و جێبەجێکاریانەی کە ڕێگرییان لە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی و ئابووری دەکرد. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران 6ی نیسانی 2024 دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر کۆبونەوەکە: سهرۆك نێچیرڤان بارزانی و سهرۆك وهزیران ئهلسوودانی كۆبوونهوه ئێوارهی ئهمڕۆ شهممه 6/4/2024، بهڕێز نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، له بهغدا لهگهڵ بهڕێز محهمهد شیاع ئهلسوودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا تێڕوانینی هاوبهش بۆ تهواوی پرس و بابهته نیشتمانییهكان و جێبهجێكردنی كارنامهی حكوومهتی فیدراڵیی عێراق له ههموو بوارهكاندا خرایه بهر باس. لهمبارهیهوه ههردوولا جهختیان له پابهندیی حكوومهتی فیدراڵ کردهوه بۆ پێشكهشكردنی خزمهتگوزاری و بهپیرهوهچوونی داواكاریی هاووڵاتیان له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، ههروهها هاوڕا بوون لهسهر پێویستیی پشتگیریی دامهزراوه فیدراڵییهکان و دامهزراوهكانی ههرێمی كوردستان. له كۆبوونهوهكهدا داکۆکی له گرنگیی پشتگیریی تهواوی هێز و لایهنه سیاسییهكانی عێراق له ههنگاوهكانی چاكسازیی حكوومهتی فیدراڵ كرایهوه بهمهبهستی بهرهوپێشبردنی گهشهپێدانی تهواو له وڵات و تێپهڕاندنی كێشه و بهربهستهکانی بهردهمی له بواری كارگیڕی و جێبهجێكاریدا.
هاوڵاتی رێباز حهملان یاریدهدهری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند،ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من نزیکەو بانکێکی گەورەی عێراقیش دێتە ناو پڕۆژەکەوە. ئەمڕۆ شەممە، 06-04-2024، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پارتی ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنمان لەبارەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاکراوەتەوە". وتیشی، "دوای جەژن بانکی ئەهلی (تی بی ئای)ـی عێراقی دێتە نێو پڕۆسەی هەژماری من و دەرگا بۆ هەموو بانکە ئەهلییەکانی دیکەی عێراق کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی پڕۆژەکە بکەن". بەوتەی ڕێباز حەملان "ئهوهی (ههژماری من)ی تهواوكردبێت بهو ههژماره موچه وهردهگرێت، ئهوهی تهواوی نهكردووه جارێ به كاش موچه وهردهگرێت، هەروەها ئهوهی له رێككهوتنی ئهمجارهدا گرنگه ئهوهیه موچه پهیوهست نهكراوه به مهسهلهی نهوتهوه". جەختی لەوەشکردوەتەوە "ئهگهر ههناردهكردنی نهوت دهستپیبكاتهوه، بازاڕ ئهبوژێتهوه، چونكه خهڵكێكی زۆر لهو كۆمپانیایانهی نهوت كاردهكهن كه له ههرێمی كوردستان نهوت دهردههێنن". بەگوێرەی قسەکانی ڕێباز حەملان بە دەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) گرفتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت بەڵام بۆ گەرەنتی چارەسەری مووچە، لە ھەمواری یاسای بودجەی ئەمساڵدا دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە خەرجی راستەقینە دەربھێندرێت، ئەوەش تاکە رێگایە بۆ گەرەنتی دوانەکەوتنی مووچە لە ھەرێمی کوردستان.
