ئا: هاوڵاتی رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بەڕێوەچوو. کاری ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دیاریکردنی رێبەری داهاتووی ئێرانە لەئەگەری مردن یان وازهێنانی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەدەسەڵات. پێدەچێت ئەم خولە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوایین خولی هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە بێت لەسەردەمی ژیانی عەلی خامنەییدا. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەئێستادا ٨٥ ساڵی تەمەنە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری هەر هەشت ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و هەشت ساڵی تر ئەگەر ئایەتوڵڵا خامنەیی لەژیاندا بێت تەمەنی گەیشتووەتە ٩٣ ساڵ. باسکردن لەجێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەئێراندا چەندساڵە باسێکی گەرمە، چوونە سەرەوەی تەمەنی رێبەری کۆماری ئیسلامی و لەهەمانکاتدا ئەوەی کەنەخۆشە وایکردووە بیر لەجێگرەوەی بکرێتەوە. رۆژی ٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، بابەتێکی لەم بارەوە بڵاوەکردەوەو دەربارەی جێگرەوەی خامنەیی و ئەگەرەکانی جێگرەوەی خامنەیی و لەم پەیوەندەدا بۆچوونی ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات وەرگرتووە. ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵپەڕە راپرسییەکی وەها لەناو رۆژنامەنووس چالاکە سیاسییەکاندا دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە. هەشت ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی بەڕێوەچوونی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەمان راپرسی لەناو رۆژنامەنووسەکاندا بڵاوکرایەوە. زۆربەی رۆژنامەنووسەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کەدۆخی سیاسی جۆرێکە پێشبینی ناکرێت. هەشت ساڵ لەوەپێش باس لەکەسانێکی وەک «هاشمی رەفسەنجانی» ، «مەحموود هاشمی شاهروودی»، «حەسەن خومەینی»، «سادق لاریخانی» دەکرا وەک ئەو کەسانەی کەئەگەری هەیە ببن بەڕێبەری دوای خامنەیی. بەڵام لەئێستادا ئەم کەسانە یان ئەوەیە لەژیاندا نەماوەن وەک «هاشمی رەفسەنجانی» و «مەحموود هاشمی شاهروودی»  لەژیاندا نەماوەن، یان ئەوەیە وەک « حەسەن خومەینی « و « سادق لاریجانی» لەدەسەڵات دوورخراونەتەوەو بێزراون. ساڵی ٢٠١٦ « هاشمی رەفسەنجانی» وەک دیارترین کەس بۆ جێگرەوەی خامنەیی باسی لێدەکرا، بەڵام « رەفسەنجانی» کانوونی دووهەمی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەناو مەلەوانگەیەکدا بینرایەوەو کوڕو کچەکانی سوورن لەسەر ئەوەی باوکیان کوژراوە.  زۆربەی زۆری ئەو ٣٠ کەسەی لەم راپرسییەی رادیۆ فەردا بەشدارییان کردووە کە لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچووە، لەسەر ئەو باوەڕەن رێبەری داهاتووی ئێران لەدەرەوەی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دیاری دەکرێت و عەلی خامنەیی پێش مەرگی خۆی رێبەری ئێران دیاری دەکات.   کێن ئەوانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی باسیان لێوەدەکرێت؟ لەم چەند ساڵەدا کەپرسی جێگرەوەی خامنەیی لەئارادایە بەردەوام «موجتەبا خامنەیی» کوڕی عەلی خامنەیی وەک یەکێک لەبژاردەکان باس دەکرێت کە رێبەری داهاتووی ئێرانەو باس لەوە دەکرێت لەم چەند ساڵەدا «موجتەبا خامنەیی» ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێت بەڕێبەری داهاتووی ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەردەوام کۆمەڵێک کەسی تر ناویان هاتووە وەک «ئیبراهیم رەئیسی» سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. هەرچەند ئەم ناوانە کەهاتوون زیاتر گومانن و کەمتر بەڵگەیەک لەبەردەستە. بەمەشەوە ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیردرێت کەحکوومەت ئەم دوو کەسە وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت. لەبابەتێکدا کە  رادیۆ فەردا  رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دەربارەی جێگرەوەکانی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئاماژە دەدات بەناوی» موجتەبا خامنەیی» و « ئیبراهیم رەئیسی « وەک دوو ناو کەبەختی زیاتریان هەیە بەوەی ببن بەڕێبەری داهاتووی ئێران، دوو ناوی تر دەخاتەڕوو کە تا رادیەکی کەم ناسراون. وەک لیستی شاراوەی پاڵێوراوانی رێبەری ناویان لێدەبات. ئەو دوو کەسەش بریتین لە عەلیڕەزا ئەعرافی و موحسێن قومی. عەلیڕەزا ئەعرافی: عەلیڕەزا ئەعرافی، لەدایکبووی ١٩٥٩، شاری مەیبود لەپارێزگای یەزد. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران ( شۆرای نیگەهبان) و کەسی یەکەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەتاران. ئەوەی ئەم کەسە دەکات بەیەکێک لەو کەسانەی کەوەک جێگرەوەی خامنەیی لەداهاتوودا ناوی لێببرێت، ئەدام بوونیەتی لە « ئەنجومەنی پارێزەران» کە ١٢ کەسن و لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. هەروەها «ئەعرافی» لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت و کەسێکە لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی هەیەو پشتیوانی هەیە. ئەعرافی کەسێکە لەلایەن خامنەییەوە زۆر پشتیوانی دەکریت. لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تاساڵی ٢٠١٨ بەرپرسی «جامعة المصطفی العالمیة» کە دامەزراوەیەکە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دروستکراوەو بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٣ ملیۆن دۆلار بوودجەی بۆ تەرخانکراوە. ئەم دامەزراوەیە کەوەک ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی مەلای شیعە کاردەکات، لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشێوەی ئۆنلاین یان راستەوخۆ خوێندکاری وەرگرتووەو لە ٨٠ ناوەندی ئایینی لەوڵاتانی جیاواز سەر بەم دامەزراوەن. لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا «ئەعرافی» باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی کەتیبەی « فاتمییون» و « زەینبەبییون» کە لەسووریا بۆ پشتیوانی لەبەشار ئەسەد جەنگاون، دەرچووی « جامعە المصگفی العالمیه «ن، بەشێک لەو کەسانە کوژران، برینداربوون و بەشێکیشیان ئێستا لەجەنگدان. موحسێن قومی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەگوندی مامازەندی وەرامین، جێگری بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی نووسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و کەسی دووهەم لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرێتی. موحسێن قومی لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا بریندار بووە. پێنج کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی لەجەنگدا کوژراون. لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەرییە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامییە لەئێران. پێشتر نوێنەری خامنەیی بووە لەزانکۆکان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری بووە لەئێران.  سەر بەباڵی کۆنسێرڤاتی دەسەڵاتە و لەناو سوپای پاسداراندا قسەی دەڕوات و کەسێکە نزیک لەنووسینگەی خامنەیی. موحسێن قومی پشتیوانی خامنەیی لەپشتە و خامنەیی وەک کەسێکی زاناو دڵسۆز ناوی بردووە. وەک کەسێک جێی متمانەی خامنەیی ٢٠١٨بەشداریکرد لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەکتێبی «بیرەوەرییە زارەکییەکانی خامنەیی» لەبەیرووت پایتەختی لوبنان. موجتەبا خامنەیی: لەدایکبووی ١٩٦٩، کوڕی دووهەمی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی. خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. «رادیۆ فەردا» لەبابەتێکدا کە رۆژی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەدات کە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات ئەگەری چوونە دەسەڵاتی «موجتەبا» دوای مەرگی باوکی زیاترە. فەردا لەمبارەوە نووسیویەتی:» ژمارەیەک لەچاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کەبەشێکی زۆر لەکەسایەتییە دیارەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری دوورخرانەوەو بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین لەدەسەڵات دوورخراونەتەوە، ئامادەکردنی بەستێنەکانە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کەحکوومەت دەیەوێت وەک رێبەری داهاتووی ئێران دیاری بکات» . مەحموود محەممەدی عێراقی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، چەند رۆژ پێش هەڵبژاردنی ١ی ئازار باسی لەوە کرد خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت دژی ئەوەیە ناوی موجتەبا خامنەیی بخرێتە ناو ئەو ناوانەوە کە وەک پاڵیوراوی رێبەری بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێن. مەحموود محەممەدی عێراقی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی (ایلنا) ئەڵێت:» جارێک... لەکۆمیتەیەکی سێ کەسی باس لەیەکێک لەکوڕەکانی رێبەر کرا کە لەباری زانستییەوە لەئاستێکی باڵادایە وەک رێبەری داهاتووی ئێران، ئەم هەواڵە گەیشتبووە گوێی رێبەرو رێبەر ئەوەی رەتکردووەتەوە کەکوڕی ئەو هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی گومانی بەمیراتی بوونی رێبەری دروست نەبێت، کەوایە تەنانەت ئیزنی نەدا تاوتوێی ئەو بابەتەش بکرێت». بەڵام بەڕاست عەلی خامنەیی دژی ئەوەیە کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە؟ موجتەبا خامنەیی لەچاو پاڵێوراوەکانی تر چەند بەختی هەیە، خاڵە بەهێزەکانی کامانەن و کێشەکانی بەردەمی چین؟ پرسی دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی لەسیاسەتی ئێران و تەنانەت ئەگەری بەڕێبەربوونی لەداهاتوودا دوای مەرگی باوکی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیە لەوەپێش. ١٨ ساڵ لەوەپێش و لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەساڵی ٢٠٠٥، بۆ یەکەمجار باس لە دەستتێوەردانی موجتەبا خامنەیی کرا لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران، ئەوکاتە مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو بەسەرۆککۆماری ئێران و مەهدی کەڕووبی یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کەناوی موجتەبا خامنەیی هێنا وەک کەسێک کەدەستی وەرداوە لەهەڵبژاردنەکاندا بەهاوکاری سوپای پاسداران. کەڕووبی دواتر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەدەسەڵات دوورخرایەوەو لەئێستادا لەماڵی خۆی لەزینداندایە. موجتەبا خامنەیی، لەناو سوپای پاسداراندا قسەی بڕشتی زۆری هەیە. پشتیوانی زۆری لێدەکرێت و وەک کوڕی عەلی خامنەیی بەختی زۆری هەیە ببێت بەجێگرەوەی خامنەیی.  ئیبراهیم رەئیسی: لەدایکبووی ١٩٦٠ لەمەشهەد. سەرۆککۆماری ئێستای ئێران. خوێندنی تا ٦ی سەرەتایی خوێندووەو دواتر خوێندنی لەحەوزەی قوم تەواو کردووە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی بووە. بەوە تۆمەتبار دەکرێت یەکێک بووە لەو کەسانەی کەبەشدار بووە لەئیعدامی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لەئێران لە ١٩٨٨ کەدەوترێت نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەو ساڵە ئیعدام کران. سەر بەباڵی توندڕەوە لەئێران و لەلایەن سوپای پاسدارنەوە پشتیوانی دەکرێت. یەکێکە لەبەختەکانی جێگرەوەی خامنەیی. رەئیسی لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لەساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانی تەواوی خامنەیی و سوپای پاسدارانی لەپشت بوو. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریدا رەخنەگرەکانی رەئیسی دوورخرانەوەو مۆڵەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنیان پێنەدرا.   ئێران دوای مەرگی خامنەیی کۆماری ئیسلامی لەچەندساڵی رابردوودا تووشی قەیران هاتووە. لەناوخۆی وڵات رەوابوونی خۆی لەدەستداوە. بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک بە ٤٠٪ خەڵک لەدوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رۆژی ١٥ی ئازار، فایلێکی دەنگی لە «جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردەمی حەسەن رووحانی بڵاوکرایەوەو «حسێن تائب» راوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و «محەممەد عەلی جەعفەری» فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیان وەرداوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداری خەڵکیان زیاتر کردووە. زەریف تەنانەت باس لەوە دەکات رێژەی بەشداری خەڵک نزیک ٢٪ بووە، کەچی گەیەنراوەتە ٤٠٪. شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی یان شۆڕشی ژینا کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپیکرد، رەوابوونی دەسەڵاتی بردە ژێر پرسیارەوە. حکوومەت لەدوایین دانپێدانانیدا باس لەوەدەکات ٢٨١ کەس کوژراوە، بەڵام چاودێران و رێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو تەنها لە کوردستان لانیکەم ١٣٤ کەس کوژراون. هەروەها لە ١ رۆژدا لەسیستان و بەلووچستان نزیک ١٠٠ کەس کوژران کە بەهەینی خوێناوی ناسراوە. شۆڕشی ژیناو ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕشی ژینا، رەوابوونی ئەو دەسەڵاتەی بردووەتە ژێرپرسیارەوە. کەساسەیەتی خامنەیی تائێستا بەری بەچەند جەمسەربوونەوەی دەسەڵات گرتووە. شارەزایان باس لەوە دەکەن مەرگی خامنەیی بنەماکانی دەسەڵات لەرزۆک دەکات. لەڕاپرسییەکەی رادیۆ فەردا کە رێکەوتی ٢ی ئازار ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە ، زۆربەی بەشداربوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران دوای خامنەیی وەک پێش مەرگی خامنەیی نابێت. جێگری خامنەیی هەرکەس بێت توانای ئەوەی نابێت جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆبکاتەوە.

هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت دەبێت متمانەی بانکی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لە دانانی پارەکانیان لە بانک نەترسن، ئاماژە بەوەشدەکات ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "ئێستا ئێمە کێشەی نەختینە، سیولە و متمانەی بانکی و چەند کێشەیەکی دیکەمان هەیە و دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین و قۆناغی دووەم دێتە سەر پڕۆژەی هەژماری من چونکە شێوازی وەرگرتن و خەرجکردنی پارەیە". وتی "دەبێت متمانەی بانکی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لە دانانی پارەکانیان لە بانک نەترسن و بتوانن مامەڵەی بانکی بکەن و ئەو کارانەش هەموویان پێویستان بە کردار هەیە، هاوکات پێویست ناکات زۆر لە کەس بکەین لە شوێنێکی دیاریکراو هەژمار بکاتەوە بەڵکو دەبێت کێشەی پێنەدانی مووچە چارەسەر بکەین". سەبارەت بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت "فڕۆکەخانەی سلێمانی پابەندە بە تەواوی رێنماییەکانی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و نێودەوڵەتی و هیچ لادانێکی یاسایی نەکردووە، بەڵام ئەو بڕیارە بڕیارێکی سیاسی و ئەمنی و سەربازییە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا".

هاوڵاتی بەهۆی هێرشی هێزەکانی سوپای داد "جەیش العدل" بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە شارەکانی "سەرباز"، "راسک" و "چابەهار" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ١١ کەس لە هێزە سەربازییەکان کوژراون. بەپێی راپۆرتی "ئێرنا" ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی، لەم هێرشەدا کە کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە ٣ی نیسان دەستی پێکرد و بە شێوەی هاوئاهەنگ و هاوکات لە ٣ شار ئەم هێرشانە کراون، ١١ کەس لە هێزە سەربازییەکانی حکوومەت کوژراون . لە هەمانکاتدا ١٦ کەس لە ئەندامی "جیش العدل" لەم هێرشانەدا کوژراون. جیش العدل، گروپێکی سەربازی سوننە مەزهەبی بەلوچن کە خۆیان بە پارێزەی مافە ئایینزایی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی بەلووچ ئەزانن لە ئێران و لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک چالاکی سەربازییان دژی حکوومەت ئەنجامداوە. کۆماری ئیسلامی ئەم گرووپە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبات کە بنکەکەیان لە پاکستانە. بەپێی راگەیاندنی "جیش العدل" تا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پێکدادانەکان هەر بەردەوام بووەو بۆ زیاتر لە ١٠ کاتژمێر لە ناو شاردا جەنگ بووە.

سازگار ئەحمەد   لەهەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کرێکار لەکاتی کارکردندا لەپرۆژەکان گیانلەدەستدەدەن و بریندارو کەمئەندام دەبن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن»، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەدات کە حکومەت بەپێی پێویست چاودێری لایەنی سەلامەتی پرۆژەکان ناکات، هەروەها وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باس لەبێدەنگی کرێکاران دەکات بەرامبەر بەکەمتەرخەمی خاوەنکارەکان. چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «پابەندنەبوونی کرێکاران بەسەلامەتی کارەوە رێژەیەکی کەمە، بەڵام خاوەنکارەکان بەڕێژەیەکی زۆر پابەندنین بەدابینکردنی پێدوایستی سەلامەتی کرێکاران، ئەگەر دابینیشی بکەن پابەندین بەچۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستەکانی سەلامەتی». ئاماژەی بەوەکرد «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن، هەروەها پێویستە هەموو پرۆژەیەک بەرپرسێکی شارەزا هەبێت سەرپەرشتی لایەنی سەلامەتی بکات لەناو پرۆژەکان کە ئەمە بەڕێژەیەکی زۆر کەم لەپرۆژەکاندا جێبەجێ دەکرێت». ئەوەشی خستەڕوو «ئەو پابەندنەبوونەی پرۆژەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کە رووداوی نەخوازراو رووبدات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران». سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان روونیشیکردەوە «هۆکارێکی دیکەی ئەو رووداوانە ئەوەیە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات، هەروەها پارێزگاریکردن لە کرێکاران و دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی و چۆنیەتی بەکارهێنانی کەتێچووی زۆری دەوێت خاوەنکار بەکاریان ناهێنێت». چالاک رەئوف ئاشکراشیکرد، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لەپرۆژەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن کە سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەبێت چاودێری لایەنی سەلامەتی کرێکاران بکات لەپرۆژەکان کە لەیاسای کاردا هاتووە، بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە کە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم هەن بەدواداچوونەکانیان زۆر زۆر کەمە یان هەر نییە، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی دیکەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە. هەر لەسەر هەمان پرس هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی وت «رەوشی کرێکاران لەهەرێمی کوردستان زۆر خراپە، چونکە حکومەتی هەرێم بودجەی پێویستی لەبەردەست نییە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کاری پرۆژەکان دەبێت و کرێکاران کەمتر کاریان دەبێت و دۆخ و گوزەرانیان خراپتردەبێت». سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان پێوایە ئەرکی خاوەنکارە کە بۆ هەر کارێک رێنمایی کرێکار بکات بۆ ئەوەی بەسەلامەتی کارەکەی بکات، هەروەها وتی «لایەنێکی دیکەی سەلامەتی کرێکار وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەبەشی سەلامەتی و پیشەیی بەس بەناو هەیە هیچ لیژنەیەکی چاودێری سەلامەتی و پیشەیی نییە». وتیشی «بەپێی یاسا بێت نابێت هیچ خاوەنکارێک کار بداتە کرێکار تاوەکو رێنمایی پێویستی پێنەدات لەسەر ئەنجامدانی کارەکە». ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن». ئەوەشی وت «لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە». وتیشی «لایەنی تەندروستی و سەلامەتی لەهەرێمی کوردستان تەنها لە ١٪ی بۆ تەرخانکراوە کە لەعێراق بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ دابینکراوە ئەمەش کەمییەکە کەهەیە، بەڵام ئێمە لیژنەی پشکنینمان هەیە کە دەوری تەندروستی و سەلامەتی دەبینن و هەر پرۆژەیەک لە لایەنی سەلامەتی کەمتەرخەم بێت خاوەنکارەکە سزادەدرێت یان کرێکارەکە بانگ دەکەن». وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر لایەنێکی دیکەو ئاماژەی بەوەدا «کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان و زۆرکاتیش لەدادگا کاتێک بابەتەکە یەکلادەبێتەوە دەبینین کرێکارەکە کەمتەرخەم بووە». ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت «ئێمە هێڵی گەرمان هەیە هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت». بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت.

هاوڵاتی بڕیارە دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەسەر سكاڵایەكی وەهاب هەڵەبجەیی كۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆماریکردووە. بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بێت، رۆژی یەکشەممە 7ی نیسانی 2024 دادگاکە لەسەر سكاڵایەكی وەهاب هەڵەبجەیی كۆدەبێتەوە  تایبەت بە یاسای رووبەرووبونەوەی تیرۆر كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە، لە سكاڵاكەیدا داوای كردووە دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری بوونی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006ی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە (یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان). هەروەها وەهاب هەڵەبجەیی لە سکاڵاکەدا داوایکردووە، هەر بڕیارێك لە سەربنەمای ئەو یاسایە لە دادگاكانی هەولێر دەركراون، بە نایاسایی و بەتاڵ لەقەڵەم بدرێت.  لە رۆژی 4/6/2023 دادگای هەولێر لەسەر كەیسی هاوكار جاف بەپێی یاسای رووبەرووبنەوەی تیرۆر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی دژەتیرۆر دەركرد.

شوان عەباس بەدری   بۆ یەکەمین جارە دوای 42 ساڵ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی شارەوانییەکان بەدەست دێنێت‌و دەبێتە هێزی یەکەم‌و هێزی دەسەڵاتدار دەبێتە هێزی دووەم لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا لەساڵی ١٩٢٣ تاساڵی 2024 بیست جار هەڵبژاردنی شارەوانی لەتورکیادا ئەنجامدراوە. یەكەمین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا لەساڵی ١٩٣٠ ئەنجامدراو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، دواهەمین هەڵبژاردنی شارەوانییش لەو وڵاتە 31/3/2024 ئەنجامدرا کە لەئەنجامدا پارتی دادو گەشەپێدان لەشارە سەرەکییە گەورەکانی تورکیا تووشی شکست بوو و چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە لەئێستادا باشترین هەل بۆ پرسی ئاشتی بۆ کورد لەکوردستانی باکوور هاتۆتە پێشەوە. هەر لەبارەی شکستی ئەم پارتە بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و بەرەو پێشەوەچوونی پرسی ئاشتی لەو وڵاتە، «هیوا سەید سەلیم» چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت:» ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادار دەرفەتێکی باشی بۆ کورد رەخساندووە لەباکووری کوردستان کە بتوانێت ئەم دەرفەتە بەو ئاراستەیە بقۆزێتەوە کە لەپەیامی نەورۆزی ئامەد بۆ هەموو لایەکی خستەڕوو کە ئەویش پەیامی ئاشتییەو پەیامی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانووسانەو لەو بارەوە کورد قسەی خۆی کردو بەڕوونی داوای لەدەوڵەتی تورکیا کرد کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت بەڕێز ئۆجەلان لەئیمرالی بەموخاتیب وەربگیرێت، ئێستا ئەو پەیامەی کورد بەپشتبەستن بەهێزی سەرکەوتنی لەپرۆسەی شارەوانییەکان، دەتوانێت پێداگری لەسەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەو نەهج و سیاسەتە بکات کەئەگەر پارتی دادو گەشەپێدانیش نەیەتە پێشەوە لەو پەیامەی کورد ئەوا رای گشتی تێدەگات کەکورد لەباکووری کوردستان هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەیەوێت پرسەکەی لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت». بەبڕوای ئەم چاودێرە سیاسییە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری دوو شکستی گەورە بووەوەو کە بریتین لە لەدەستدانی گەورە شارەوانییەکانی شارەکانی تورکیا وەک «ئەنقەرە و ئیزمیر و ئەستەنبۆل» و لەدەستدانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و هەروەها پێی وایە کە لەم هەڵبژاردنەدا «جەهەپە» تاکتیکێکی سیاسی تایبەتی پیادەکرد. «سەرکەوتنەکانی «جەهەپە» لەئەنقەرەو بەتایبەتیش لەئەستەنبول و ئیزمیر لەچوارچێوەی ئەو تاکتیکە سیاسییە بوو کە «دەمپارتی» گرتییەبەر کە دەنگدەری خۆی ئازاد کرد دەنگ بەکێ دەدەن و لەسەر دوو ئاراستە کاریان کرد کەبریتی بوون لەیەکەم، کەمکردنەوەی دەنگەکانی «ئاکپارتی» و سەرخستنی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، کەئەم سەرکەوتنەش هیچی لەسەرکەوتنەکانی لەباکووری کوردستان کەمتر نەبوو» هیوا سەید سەلیم وادەڵێت. لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی کەماوەیەکە لەلایەن تورکیا و چاودێرە سەربازییەکانیەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر ناوچەکانی سلێمانی و قەندیل لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە دەکرێت «هیوا سەید سەلیم « پێی وایە کە لەئێستادا دوو را لەتورکیادا هەیەو هەر لەمبارەیەوە بە «هاوڵاتی»ووت : « تائێستا دوو را هەیە لەناوەندی سیاسی تورکیادا کە یەکەمیان بریتییە لەوەی ئەردۆغان واز لەپرسی چارەسەری سەربازی بهێنێت و لەم بارەیەوە دۆستەکانی کورد لەتورکیا فشار دەخەنەسەر ئەردۆغان و کوردیش لەپەیامەکەی ئەمساڵی نەورۆزدا تۆپەکەی خستە گۆرەپانی «ئاکپارتی» و « ئەردۆغانەوە»، بەڵام ئەزموون ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو غرورەی ئەردۆغان هەیەتی و لەچەند ساڵی رابردووش هەمیشە بیری لای چارەسەری سەربازی بووەو ناگەڕێتەوە بۆ عەقڵ و لۆژیک و بۆیە پێشبینی دەکرێت کە ئۆپراسیۆنەکەی لەکۆتایی مانگی نیسان لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، ئەگەرچی هەندێک گۆڕانکاری کە پەیوەندییان بەدۆخی سیاسی ناوچەکەوە هەیە لەوانەش سەردانی «سودانی» بۆ ئەمەریکاو هاتنی «ئەردوغان» بۆ عێراق و ئایا عێراق تا چەند رازییە بەداواکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەماهەنگی نێوانیان و ئەگەر بەشێکیش نەبێت لەئۆپراسیۆنەکە چاوپۆشی لەئۆپراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بکات «. ئەم چاودێرە سیاسییە پێشی وایە کەجگە لەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران «ئەوا کارەکتەری دیکەش لەناوچەکەدا هەن و رایەک هەیە لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی دژی ئەو ئۆپراسیۆنەیەو هەروەها ئێران دژی ئەو ئۆپراسیۆنەیەو ئەمەریکاش نیگەرانە». هەر لەبارەی ئومێدی گۆڕانکاری لەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداری 2024 ەوە ئەم چاودێرە سیاسییە وتی :» تورکیا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت هەندێک گۆڕانکاری لەئاستی ناوخۆییدا بکات، چونکە بۆ یەکەمین جارە دوای 42 ساڵ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی شارەوانییەکان بەدەستدێنێت و دەبێتە هێزی یەکەم و هیزی دەسەڵاتدار دەبێتە هێزی دووەم، ئەمانەش هەموویان پەیامی روونن بۆ دەسەڵاتێک کە خراپ ئەدای کردووە لەتورکیا و پەیامێکیشە بۆ ئەو هێزانەی تر ئەگەر وەکو هێزی دەسەڵات نەبن، ئەوا دەتوانن متمانەی شەقام مسۆگەر بکەن«. لەبارەی گرفتەکانی تورکیاش «هیوا سەید سەلیم» وتی:»گرفت لەتورکیا تەنها لەبیرکردنەوە سیاسییەکان نییە، تورکیا دەوڵەتێکە لەبونیادی درووستبوونییەوە لەسەر بنەمای ئینکارکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، لە دەستووری تورکیادا دەرفەتێک نییە بۆ کرانەوە بە رووی پرسی کورد لەباکووری کوردستان، هەتا هەمواری ئەم دەستوورەش نەکرێتەوە نە ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتن و چ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن هەنگاو بەئاراستەی چارەسەری ریشەیی پرسی کورد بنێن، ئەوەی کەهەیە کورد خۆی تێدەکۆشێت و خەباتی مەدەنی دەکات کە کاریگەرییەکی زۆری هەیەو لەپاڵ ئەم خەباتەش هێزی سەربازی «پەکەکە» پشتیوانییەکی بەهێزە، لەئێستاشدا کارەکتەرێکی سێیەمیش هاتۆتە مەیدانەوە کەئەویش خەباتی دیبلۆماسی کوردانی باکوورە لەسەر ئاستی ئەمەریکاو ئەوروپا، ئەم سێ فاکتەرەش لەئایندەدا دەتوانن بەرامبەرەکە ناچاربکەن کەهەنگاو بنێت بەئاراستەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەباکووری کوردستان». لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزارو 882 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 50.59٪ ژنان و لە 49.41٪ پیاوان ئەو رێژەیەیان پێکدەهێناو هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزارو 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکەدا کرد.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی ئەڵمانی تەرمی هاوڵاتییەک دۆزراوەتەوە کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە هاولاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 هێزەکانمان ئاگادارکرایەوە لە بوونی تەرمێک لە یەکێک لە شوقەکانی گوندی ئەڵمانی کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدا بوو". ئاماژەی بەوەشکرد "هاوڵاتییەکە لە ماڵی خۆیدا بووە و خێزاندارە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨٠یە لەو کاتەدا بە تەنها لە ماڵ بووە و هێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر چوونە شوێنی رووداوەکە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بێت رووداوەکە خۆکوژییە".

هاوڵاتی  ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی نیسانی 2024 مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەددین پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد. بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا  بڵاویکردەوە " لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا". نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند "ئاگاداری ئەوەم دوو ساڵە، پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا، ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەبەر هەڵبژاردن تێدەگەن". لە راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی هاتووە، پلاسخارت "جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و راشیگەیاند "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی، پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت". مەسعود بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی روون كردەوە و رایگەیاند ''دادگەی فیدراڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە رێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت".  هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرسى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان تاوتوێ كرد. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر تێبينيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ لابردنى به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ و دڵنيابوون له‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا و له‌مبار‌يه‌وه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنيان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هاوڵاتی بەپێی ئەو هەواڵانەی کە میدیاکان لە ناوخۆی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کۆمەڵێک لافیتە لە ناو شاری تاران بڵاو کردووەتەوە و کە وێنەی پێنج فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی لە سەر دانراوە و کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران و لە سەری نووسراوە تۆڵە ئەکەینەوە. ئەم لافیتانە لە لایەن "سوپای قودس"ەوە لە ناو تاران دامەزراون جگە لە زمانی فارسی بە زمانی " ئینگلیزی" و "عێبری" لە سەری نووسراوە تۆڵە ئەکەیەوە. لەم لافیتانەدا وێنەی یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری، هێرزی هالێڤی، بەرپرسی گشتی سوپا و هەروەها فەرماندە باڵاکانی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئیسرائیل دەبینرێت، میدیاکان لە ناوخۆی ئێران باس لەوە ئەکەن ئەم لافیتانە بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانە دانراوە کە پەیوەندیان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. وتەبێژێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانای ئیسرائیل لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشنال" دەربارەی کارلێکی ئێران بەرامبەر ئەم لافیتانە وتوویەتی "هیچ کارلێکێکمان نییە". رۆژی دووشەممە بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایەکی نزیک لە باڵێۆزخانەی ئێران، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی رۆژی سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کرد، هەروەها ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمانشێوە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و تؤلەسەندنەوەی بە مافی خۆیان زانی. حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی باڵیۆزی سویسرا وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بانگکراوەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و "لایەنەکانی هێرشی تیرۆریستی و تاوانی رژیمی ئیسرائیل روون کراوەتەوە و جەخت کراوەتە لەوەی ئەمریکا بەرپرسە لەم هێرشانە و ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت". بەشی فارسی پەیجی فەرمی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆمێنتدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئێرانی نووسیوە "چیت هەیە بە خۆمی بڵێ".

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و  نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/4/3 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرسى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان تاوتوێ كرد. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر تێبينيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ لابردنى به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ و دڵنيابوون له‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا و له‌مبار‌يه‌وه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنيان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هاوڵاتی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌رگای دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كاته‌وه‌. ئامانج عەزیز بەڕێوبەری گشتی لقی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەم بارەیەوە بە هاوڵاتی وت،له‌ سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ 4ـی نیسانی 2024ـه‌وه‌ تا ڕۆژی 20ـی نیسانی 2024 ده‌رگای ناوتۆماركردن ده‌كرێته‌وه‌، خوازیاران ده‌توانن به‌ شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی له‌ ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی كۆمسیۆن بكه‌ن و ناویان تۆماربكه‌ن. وتیشی، دامەزراندنەکە لە هەمووپارێزگاکانی هەرێم دەستپێدەکات و بەپێی پێویستی و دوای فیلتەرکردنی ناوەکان نزیکەی ١٣ بۆ ١٥ هەزار کەس وەردەگرن . هاوکات بەگوێرەی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، دامه‌زراندنه‌كه‌ خوێندكارانی زانكۆ و ئه‌و په‌یمانگه‌یانه‌ی كه‌ خوێندكارانی قۆناغی 12ـی ئاماده‌یی وه‌رده‌گرن ده‌گرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگه‌ و فه‌رمانبه‌ران، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌رچووان بڕوانامه‌كانیان له‌ دیپلۆم كه‌متر نه‌بێت و فه‌رمانبه‌رانیش بڕوانامه‌كانیان له‌ ئاماده‌یی كه‌متر نه‌بێت. هه‌ر به‌پێی بڕیاره‌كه‌، نابێت ئه‌و كه‌سه‌ی داواكاریی دامه‌زراندن پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆن ده‌كات، كارمه‌ندی ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان بێت. لە وەڵامی پرسیارێکی هاوڵاتیشدا سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی وادەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ژمارەی هاوپەیمانان و حیزب و کاندیدەکان ڕایگەیاند،  كۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەكانی  "بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی وردبینی، بڕیاردراوه‌ وادەی ئەنجامدانی تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی‌و حزب‌و كاندیدەكان لەحەوتی ئەم مانگەوە بۆ هەشتی مانگ دوابخات، واتە ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو لەكاتژمێر 11ی بەیانیی دەستپێدەكات". پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی‌و حزبەكان‌و كاندیدەكان لەژمارە 101 بەرەو سەرەوە دەستپێدەكات. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان بڕیاریداوه‌ به‌شداریى هه‌ڵبژاردن نه‌كان‌و تائێستاش ناوى كاندیده‌كانى ڕاده‌ستى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق نه‌كردوه‌.      

شەنای فاتیح هەژاری ئەو کێشەیەی تائێستاش سەرەڕای پێشکەوتنە بەردەوامەکانی مرۆڤایەتی چارەسەرێکی بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی فاو راپۆرتێکی لەسەر هەژاری بڵاوکردووەتەوە لەجیهاندا ٨١١ ملیۆن کەس برسین، هەروەها ساڵی ٢٠٢١، ٦٩ ملیۆن کەس لەوڵاتانی عەرەبی برسین و بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٢١، ١٦٣ ملیۆن کەسی هەژار لەجیهاندا زیادیان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەژمارکردنی هەژاری لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا پشت بەستراوە بەخەرجی خێزان بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان و خواردنەوە لەگەڵ پێداویستییە ناخۆراکییەکان وەک بەشێک لەپێداویستی سەرەکی و سەرەتایی بۆ بەردەوام بوون لەژیان بۆ هەر یەکێک لەئەندامانی خێزان، بەپێی نیشاندەرەکانی رێژەی هەڵاوسان و ئابوورییەکان لەهەرێمی کوردستان و عێراق لەساڵی ٢٠١٨ هێڵی هەژاری بە ١١٠٨٨٠ دیناری عێراقی خەمڵیندرا وەک کەمترین خەرجی خێزان بۆ هەریەک لەئەندامانی خێزان لەمانگێکدا. دوایین ئاماری فەرمی لەهەرێمی کوردستاندا ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە بۆ زانینی رێژەی هەژاری و بەپێی ئامارەکە رێژەی هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا ٥،٤٦٪ بووە،  لەکاتێکدا رێژەکە لەعێراق ١٨٪ بووەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ژمارەیان بەرکەوتووە، هەولێر ٦،٧٪- سلێمانی ٤،٤٦٪-  دهۆک ٨،٦٪ کەبەرزترین رێژەیە. بەپێی سەرژمێرییەکی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، كە لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كراوە، بۆ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان ١٨% بووە، لەپارێزگاكانیش رێژەكەی لەسلێمانی لە ١١،٩% و لەهەولێر ١٧،٧% و لەدهۆك لە ٢٤،١% بووە. هەر بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، بەشداریی هێزی كار لەپارێزگای هەولێر ٤٧%، لە دوای ئەوە پارێزگای سلێمانی دێت بە ٤٥%، لەعێراقیش رێژەی  بێكاری لەسەروو ٢٠ بۆ ٣٢% دەبێت، كە بەرزترین رێژەی بێكاری لەپارێزگای نەینەوا بووە بەڕێژەی ٣٢٪. ئابووریناسێک: نەدانی مووچە کاریگەری لەسەر هەر چوار جۆرەکەی بازاڕ هەیە ئەوانیش (بازاڕی دارایی- نەختینەیی- کارو  بازاڕی شمەک و خزمەتگوزاری) د.ماردین مەعسووم، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دابەشنەکردنی مووچە کاریگەری لەسەر هەر چوار جۆرەکەی بازاڕ هەیە ئەوانیش ( بازاڕی دارایی- نەختینەیی- کار و بازاڕی شمەک و خزمەتگوزاری)، بازاڕ ئەو شوێنەیە کە کڕیارو فرۆشیار تێیدا یەکدەگرن ئاڵوگۆڕی شمەک و خزمەتگوزاری دەکەن،  ئەگەر هاتوو کڕیارو فرۆشیار هەر یەکێکیان رووبەڕووی هەر کێشەیەک بوونەوە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر رێژەی ئاڵوگۆڕ لەبازاڕدا، بۆیە نەدانی مووچە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر سستبوونی ئاڵوگۆڕی نێو بازاڕ چونکە کڕیار لایەنێکی سەرەکی پڕۆسەکەیە. وتیشی:  ئابووری هەرێم بەشێکە لەئابووری عێراق، پاش ئەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش هێرشی کردەسەر چەند ناوچەیەک لەعێراق و گەورەترین پارێزگای عێراقی داگیرکرد، هەروەها لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥دا نرخی نەوت دابەزی بەمەش ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کێشەیەکی دوو لایەنە بوون ئەوانیش هاتنی رێکخراوێکی تیرۆرستی و دابەزاندنی نردخی نەوت کە ئەمەش داهاتی نیشتیمانی کەم کردەوە، کەئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و زیادبوونی رێژەی بێکاری. ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشکرد کە لەهەرێمی کوردستانیشدا لەپاش ساڵی ٢٠١٤وە رێژەی هەژاری و بێکاری زیادی کردووە هەرچەندە داتایەکی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە ئەو داتایەی کە هەمانە دەڵیت رێژەی هەژاری ١٢.٥٪ لەساڵی ٢٠١٨دا بەڵام ئەم رێژەیە بەفەرمی ئاماژەی پێکراوە بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان و بڵاوکراوەکانی رێکخخراوی بانکی نێودەوڵەتی بەپێی داتاکانی عێراق رێژەی هەژاری زۆر بەرزبووەتەوەو لەئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان، واتە عێراق ٢٣٪ی دانیشتوانەکەی هەژارن و هەرێمی کوردستانیش لەئێستادا نزیکبووەتەوە لە ١٤.٧٪ هەرچەندە داتاکە فەرمی نییەو هی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. «لەهەر کۆمەڵگایەکدا رێژەی هەژاری و بێکاری زیادی کرد واتە حکومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە داهاتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی رێکوپێک دابەشبکات بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا، هەرکاتێک هەژاری لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبووەوە توندوتیژی زیاد دەبێت لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانیشدا، تەنانەت دەگوازرێتەوە بۆ کایە سیاسییەکانیش کە هەر توندوتیژییەک لەرزینە بۆ بنەمای دیموکراسی و  هەو کۆمەڵگایەک رێژەی هەژاری تیادا بەزربووەوە شیرازەی خێزان و پێکهاتە ئابوورییەکان تێکدەچیت. « ماردین مەعسووم وای وت. ئەو مامۆستایەی زانکۆ گرنگترین هۆکارەکانی هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا خستەڕوو گەڕاندییەوە  بۆ دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچە هەروەها دەستنەکەوتنی داهاتێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان کەئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشانی دەروونی، چونکە کاتێک سەرۆکی خێزانێک ناتوانێت داهاتێکی شایستەو گونجاو بۆ چواردەورەکەی دابین بکات تووشی خەمۆکی دەبێت و بیر لەخۆکوشتن دەکاتەوە کەئەمەش راستەوخۆ شیرازەی ئەو خێزانە تێکدەدات، بۆیە  هۆکاری هەژاری لەهەرێمی کوردستاندا هۆکارێکی دارایی هەیە. فاتیمە عەبدوڵا، موچەخۆرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو مانگانە بڕی ٤٠٠ هەزار دینار مووچەی خانەنشینی هاوسەرەکەی وەردەگرێت لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چوار مانگە موچەم وەرنەگرتووەو هیچ شتێک لەماڵەکەمدا نییەو تەنانەت ئامادەکاریشم بۆ جەژن نەکردووەو ناشزانم ئەو مووچەیەی دوو رۆژە وەرمگرتووە بیدەمەوە بەچ قەرزێکدا و بڕی ٢٠٠ هەزاری مارکێت و ١٥٠ هەزاری نەخۆشخانە قەرزارم. هەژار ئەو کەسەیە کە خزمەتگوزاری پەروەردەو فێرکردنی پێویستی لەبەردەستدا نییە، ئاوو ئاوەڕۆیەکی رێکوپێکی نییە، بێبەشە لەخزمەتگوزاری کارەبا، ئەو کەسەیە کەناتوانێت داهاتێکی شایستە بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات. بەپێی ئامارێکی بەشی یاسایی لەبەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی ‏كارو ‏‏‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی رێژەی ‏بێكاری ‏لەهەرێمی ‏كوردستان ١٦،٥٪ـە، ئەمە لەکاتێکدایە بەزانكۆ ئەهلی ‌و حكومییەكانەوە ساڵانە زیاتر ٤٨ هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان ‏بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەستدەهێنن، بەڵام كەمترینی ئەوانە بەهۆی بڕوانامەكانیانەوە ‏كاری دڵخوازی خۆیانیان دەستدەكەوێت. بەپێی رای پسپۆڕان و شارەزایان هۆکاری سەرەکی هەژاری و بەرزبوونەوەی رێژەکەی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە کەئەمڕۆ سێی نیسانە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە، ئەمە سەرەڕای فەوتانی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣. لەهەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٢٥١ هەزارو ٤٥١ موچەخۆر هەیەو تەنها ٧٥١ هەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن، واتە ٥٠٠ هەزار کەس مانگانە موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن.  لەکۆی ئەو ملیۆن و ٢٥١ هەزارو ٤٥١ مووچە خۆرە، تەنها ٧٥١ هەزاریان فەرمانبەری راستەقینەن کە لەوەزارەتەکان و دەستەو دامەزراوە حکومییەکان بەشارستانی و سەربازییەوە رۆژانە دەوام دەکەن، ٩٨ هەزارو ٩٣٧ کەسیش مانگانە مووچەی شەهیدانەو ئەنفالکراوان وەردەگرن هەروەها ١٥٩ هەزارو ١٦٩ کەسیش مانگانە مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن، ٢٤٢ هەزار کەسیش بەناوی خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە وەردەگرن کە هەندێکیان بەمافی خۆیان و هەندێکیشیان بە نایاسایی خانەنشینکراون و مانگانەش ئەو ژمارەیە زیاد دەکات. هەروەها لەکۆی ئەو ملیۆن و ٢٥١ هەزار و ١٠٦ کەسەی کەمانگانە مووچە وەردەگرن، ٥٠٠ هەزارو ١٠٦ کەس مووچە خۆرن و مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێکیان هەبێت مووچە وەردەگرن بەجۆرێک یان خانەنشینکراون یان خاوەن پێداویستی تایبەت یاخود مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردرەگرن کەدەگاتە نزیکەی ٥٠٪ی کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێم.

هاوڵاتی ئەمرۆ دادگاى فیدراڵى لەبارەى سکاڵاى مستەفا جەبار سەند، کۆبوەوە کە دژى ناردنى 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمى کوردستان تۆمارى کردبو، هەر لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیشدا دادگاکە بڕیارى کۆتایی لەوبارەیەوە دەرکرد. بەپێی بڕیارى کۆتایی کە لە ماڵپەڕى تایبەت بە دادگاى فیدراڵى عێراق بڵاوکراوەتەوە؛ دادگاکە بڕیاریداوە کە ناردنى بڕى 618 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان سیفاتى یاسایی نییە و هەربۆیە نایاساییبونى ناردنى ئەو پارەیە بۆ هەرێمى کوردستان بە نایاسایی نەناسێنرا. مستەفا سه‌نه‌د لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردبوو بڕیار لەسه‌ر نادروستیی بڕیاری ژمارە 24037ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بدات، کە لە رۆژی 14-1-2024 تایبەت بە ناردنی 618 ملیار و 587 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2023 دەریکردبوو. بۆ سكاڵای دووه‌میش مسته‌فا سه‌نه‌د، داوای له‌ دادگای فیدراڵی كردبوو (وه‌زیری دارایی عێراق پابه‌ند بكات به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی گشتی سێ ساڵه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دروست و ئه‌گه‌ر وای نه‌كرد، ئه‌مه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور بناسرێت).   

سازدانی: سازگار ئەحمەد دڵشاد نامیق، چاودێری سیاسی لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت بەڕۆژنامەی هاوڵاتی تیشکی خستەسەر ململانێ بەردەوامەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە» و تورکیا لەسەر خاکی هەرێم، ئاماژە بەوەدەکات ئەرکی پەکەکە ئەوەیە بەرژوەندییەکانی باڵاکانی هەرێم رەچاوبکات لەسیاسەتی خۆیدا.   هاوڵاتی: ئایندەی سیاسی و دۆخی کورد لە رووە نەتەوەییەکەوە لە تورکیا چۆن دەبینیت؟ دڵشاد نامیق: دۆزی نەتەوەیی كورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی گرێدراوی یەكترە لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا، بۆیە بەرەوپێشچوون لەبەدەستهێنانی مافەكان لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا بێتە ئاراوە كاریگەریی دەبێت لەسەر دۆخی كورد لەپارچەكانی تری كوردستان، لەباكووری كوردستان لەساڵی 2014 بەدواوە پاشەكشەیەكی زۆر هاتە ئاراوە لەچارەسەركردنی پرسی كوردو بەرپاكردنی ئاشتی كەپێشتر پرۆسەی ئاشتی قۆناغی باشی بڕیبوو و تاڕادەیەكی زۆریش ئومێدی لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام پاشەكشەی دەوڵەت لەدابینكردنی مافەكانی گەلی كوردو داننان بەناسنامەی نەتەوەیی كورددا لەتوركیا وایكرد دۆخەكە ئاڵۆزببێت و روانگەی ئەمنی ببێتەوە بەمیكانیزمی دەوڵەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورددا، لەڕاستیدا لەتوركیا كولتوورێكی سیاسی خراپ هاتووتەكایەوە هەر حزب و رێكخراوێكی سیاسی بۆ دژایەتی كوردو مافە نەتەوەییەكانی كورد بكات لەسەر ئاستی شەقامی توركی جەماوەری زیاددەكات و لەهەڵبژاردنەكانیشدا ئاستی بەرزدەبێتەوە، بۆیە پارتی دادو گەشەپێدانیش وەك پارتەكانی پێش خۆی هەوڵیداوە لەڕێگەی دژایەتیكردنی كوردەوە شەقامی شۆڤێنی تورك لەخۆی رازی بكات و دەنگیان بەدەستبهێنێت، بەڵام بێگومان ئەوە چارەسەر نییە بۆ دۆزی كوردو سەقامگیری هەمیشەیی لەتوركیا ناهێنێتەدی، بەڵكو دەبێتە مایەی زیاتر بێ ئومێدبوون لەچارەسەری ئاشتیانەو وادەكات پێداگریی لەسەر مافە نەتەوەییەكان زۆرتربێت، كورد بەهەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوە بدات لەو هێزو لایەنانە نزیك ببێتەوە كەئەگەری هەیە پرۆژەی چارەسەریان بۆ دۆزی كورد هەبێت و پارتی دادو گەشەپێدان لەبەر رۆشنایی ئەو ئەنجامەی لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكان كەوتنەوە فرسەتێكی باشی لەبەردەستایە بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی راستەقینەو گشتگیری هەبێت بۆ چارەسەری دۆزی كورد، ئەو هێزەشی هەیە كەئەوە بكات و ئەگەر ئیرادەی هەبێت دەتوانێت ئەو متمانەیە لەنێوان خۆی و هێزە كوردییەكان دروستبكاتەوەو ببێتە سەرپەرشتیاری چارەسەری دۆزی كورد، ئەگەر ئەوەنەکات كورد لەباكووری كوردستان رەنگە بەدوای ئەلتەرناتیڤی تردا بگەڕێن. هاوڵاتی: تا چەند هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی نێوان تورکیاو پەکەکە؟ دڵشاد نامیق: لە راستیدا هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەساڵی 1991وە باجی ململانێكانی نێوان توركیاو پەكەكە دەدات، هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە سیاسەتێكی روونی هەبووە كەدەیەوێت لەگەڵ دراوسێكانیدا دراوسێییەكی باش بێت و نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەتانی دراوسێ، لەگەڵ ئەوەشدا داوای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد دەكات لەپارچەكانی تری كوردستان، بەڵام  لەڕاستییدا پەكەكە رەچاوی ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستانی نەكردووە، هەندێکجار دەستتێوەردانی هەبووە لەسیاسەتی ناوخۆیی هەرێمدا، لە رابردوودا بەداخەوە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوییش هەبوو لەنێوان پەكەكەو پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان، زۆرجار پەكەكە وەك فەرمانڕەوا یان بەشێك لەفەرمانڕەوایی لەهەرێمی كوردستاندا مامەڵە دەكات، ئەمە بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان ناگونجێت و پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر حكومەت و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دان بەو بابەتەدا بنێنن، هەربۆیە هەبوونی هێزی چەكدارو ناوچەی دابڕاو لەلایەن پەكەكەوە وایكردووە بیانوو بەدەست توركیاوە بێت بۆئەوەی هێرش و دەستوەردان بكات لەناو هەرێمی كوردستاندا و وابكات سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێلبكات، تەنانەت هێرش و پەلاماری سەربازیی توركیا ساڵانە زیانی گەورە لەدانیشتووان و گوندنشینانی هەرێمی كوردستان دەدەن، هەروەها تورکیا لەم دواییانەدا بەبیانووی هەبوونی پەکەکەوە زیانی بەئابووری بەشێک لەناوچەکانی هەرێم داوەو تائێستا هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو زۆرجار خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانی. هاوڵاتی: ئەرکی پەکەکە چییە لەهەرێمی کوردستان؟ دڵشاد نامیق: ئەركی پەكەكە لەڕووی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ئەوەیە كە پشتیوانی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بێت و بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێم رەچاوبکات لەسیاسەتی خۆیدا و بیانوو نەداتە دەست توركیا بۆ پەلامارو فشار دروستكردن لەسەر هەرێمی كوردستان، هەروەها نابێت پەكەكە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ تەماشای هەرێمی كوردستان بكات و چاوەڕوانی ئەوەی لێبكات میسرو قەتەر چۆن مامەڵە لەگەڵ فەلەستین و ئیسرائیل دەكەن هەرێمیش بەو ئاستە مامەڵە لەگەڵ توركیاو پەكەكە بكات، چونكە وەك وتم قەوارەی هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییەو تەنها هەرێمێكی ناو دەوڵەتێكی فیدراڵییە. بەبڕوای من هەرێمی كوردستان پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابوورییەكانیشی لەگەڵ وڵاتانی دەوربەرو بەتایبەتی لەگەڵ توركیا لەسەر حسابی پەكەكەو كوردستانی باكوور نییە، چونكە بوژانەوەی هەرێمی كوردستان هێزێكی مەعنەوییە بۆ گشت پارچەكانی كوردستان و دەستكەوتێكی گەورەیە لەسەر ئاستی نەتەوەیی، بۆیە دۆزی رەوای كورد لەباکووری كوردستان كەململانێكانی پەكەكە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا بۆ سەرخستنی ئەو دۆزیە وەك پەكەكە خۆیان دەڵێن، ئەمە وادەخوازێت دۆزو پرسی باشووری كوردستان نەبێتە قوربانی. هاوڵاتی: ئەو مەترسیانە چین کە شەڕی نێوان توركیاو پەکەکە لەسەر هەرێم دروستیانکردووە؟ دڵشاد نامیق: گومان لەوەدا نییە كەكورد خاوەنی ماف و پرسێكی رەوایە لەتوركیا و ئەو مافانەش تائێستا نەهاتوونەتەدی و زەوتكراون، بۆیە شەڕی چەكداری لەپێناو وەرگرتنەوەی ماف و سەرخستنی پرسی رەوای نەتەوەیی رێگەیەكی رەوایەو كورد هەمیشە وەك دوا رێگە پەنای بۆ بردووە كاتێك كە رێگەچارە ئاشتیخوازییەكان ئەنجامیان نەبووە، شەڕی پەكەكەو توركیایش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەباشووری كوردستانەوە هەیە جیاوازە، بەداخەوە بەشێكی زۆری ئەو شەڕە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەمە وایكردووە ناسەقامگیری لەو ناوچانە دروست ببێت، ژمارەیەكی زۆر گوند لەهەرێمی كوردستان هەر ئاوەدان نەبوونەتەوە ئەوانەشی ئاوەدان بوونەتەوە بەشێكیان ئاوارە بوونەتەوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆریش قوربانی مەدەنی كەوتووتەوە، لەلایەكی ترەوە هەبوونی ئەو شەڕە لەناو سنووری هەرێمی كوردستان دەبیتە پاساو بەدەست توركیاوە كەهەمیشە هەڕەشەی بەزاندنی سنوورو داگیركردنی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكات لەو شوێنانەی كە پەكەكەی تێدایە، ئەمە دەبێتە مەترسی گەورە لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و لەسەر پرسی كورد لەباشووری كوردستاندا، چونكە ئێستا عێراقیش لەو ئاستەدا نییە بتوانێت رێگە لەهەڕەشەكانی توركیاو ئێران بگرێت، رەنگە هەر بەمەبەستیش رێگە نەگرێت و ئاسایی بێت لای كەئەو دەوڵەتانە لەهەرێمی كوردستانەوە دەستوەردان بكەن و ئارامی و سەقامگیری هەرێم و ناوچەكە بشێوێنن، بۆیە شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە كاریگەری خراپی هەبووە لەسەر هەرێمی كوردستان، بەو ئومێدەی دوای ئەو ئەنجامە باشەی كورد لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا بەدەستیهێناوە دەوڵەتی توركیا بیر لەپرۆژەیەكی گشتگیری راستەقینە بۆ ئاشتی بكاتەوەو پەكەكەش ئامادەیی دانوستان و بەدەمەوەچوونی هەبیت. هاوڵاتی: ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاو باكووری كوردستان شەڕی نێوان پەکەکەو تورکیا دەخاتە چ قۆناغێکەوە؟ دڵشاد نامیق: هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەتوركیاو لەباكووری كوردستان ئەگەرچی بۆ دانانی بەرپرسانی خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ناوچەییەكانە، بەڵام روویەكی گرنگی سیاسیشی هەیە كەسەنگی لایەنەكانی دەرخست، دەرەنجامەكان پێمان دەڵین پارتی دادو گەشەپێدان لەسەر ئاستی دەنگدەر پاشەكشەی كردووە، ئەمەش واتا خەڵك لەسیاسەتەكانی ئەو حزبە رازی نین، رەنگە ئەمە دەستپێكێكی باش بێت كە ئیتر خەڵك لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی كوردو ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری دەنگ بەحزبەكان نەدەن، بەڵكو خزمەتگوزاری و سیاسەتی ئابووری و دارایی ببێتە پێوەری سەرەكی، بۆیە سەرەڕای ئەوەی كەهێشتا هێزە كوردییەكان بەتەواوی كۆنترۆڵی گشت ناوچەكانی باكووری كوردستانیان نەكردووە، بەڵام پێگەیەكی باشیان بۆ خۆیان بەدەستهێناوە كە وادەكات پێگەی دانوستان و هاوپەیمانیان لەگەڵ حزبەكانی تری توركیا بەهێزبكات، بۆیە ئێستا كورد بووە بەهێزێكی یەكلاكەرەوە لەدروستكەری دەسەڵاتداردا لەتوركیاو لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆماردا دەتوانێت ئەم رۆڵە وازی بكات، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە هەم حزبی دەسەڵاتدارو هەمیش ركابەرەكانی زیاتر بەلای دۆزی كورددا بشكێنەوەو بیانەوێت خاوەنداریی لەپرۆژەی چارەسەری بكەن، ئەمە ئەگەر رووبدات پەكەكە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی كەهیچ دەرفەتێك لەدەستنەدات بەپرۆژەیەكی نەتەوەیی دوور لەئایدۆلۆژیاییەوە بچێتە پێشەوە و وەڵامگۆی ئەو دەستپێشخەریانەبێت كەئەگەری زۆرە بێنە كایەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام دەرفەت خەریكە بڕەخسێ بۆ چارەسەری ئاشتیانە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە نەزعەیەكی سەربازیی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی گشت كێشەكان بەڕێگەی سەربازی و هێرشی دەرەوەی سنووری، كە باس لەهەماهەنگی هەریەك لەئێران و عێراق و توركیا هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەهەبوونی سەربازیی پەكەكە، كەئەمە ئەگەر بێتەدی دەبیتە گرژیەكی درێژخایەن و هیچ هیوایەك بۆ چارەسەری ئاشتیانە ناهێڵێتەوەو رەنگە لەناوخۆی باكووری كوردستانیش كاریگەری نەرێنی دابنێ لەسەر پێگەی حزبە كوردییەكان.

هاوڵاتی دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگا عەبدوڵا زێدان بەربژێرە سەرکەوتووەکەی شاری وان پۆستی سەرۆکی شارەوانی وانی لێسەندرایەوەو کاندیدەکەی ئاک پارتی لە شوێنی دانرا خۆپیشاندان و مانگرتن لە باکوری کوردستان و بەتایبەت شاری وان دەستی پێکرد ، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت: تا ئێستا ٨٩ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون . ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە،دوێنێ 89 خۆپێشاندەر لە وان و شەش پارێزگای دیکە دەستگیر کراون و ژمارەی دەستگیرکراوەکانی بەسەر شارەکانی باکوری کوردستان بەم شێوەیە دابەشکرد: وان: 26 کەس جۆلەمێرگ - گەڤەر: 29 کەس جۆلەمێرگ- ناوەند: 9 کەس سێرت: 4 کەس ئێلیهـ: 5 کەس شرنەخ: 10 کەس ئیزمیر: 6 کەس کۆی گشتی: 89  کەس دەستگیرکراون عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە ڕێژەی 55%ـی دەنگەکان، لە هەڵبژاردنی شارەوانی وان سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی عەبدولحەت ئەرڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بەدەست هێنا، بەڵام دادگای تورکیا لەسەر سکاڵایەکی ئەرڤاس؛ بڕیاریدا بەربژێرکردنی زێدان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵبوەشێنتەوە. دواتر لقی وانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وانی ڕادەستی بەربژێرەکەی ئاکپارتی کرد. هەر لەم بارەیەوە عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان رایگەیاند، لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا، لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا سکاڵایان تۆمارکردووە تاوەکو مافەکانیا بەدەستبهێننەوە. هاوکات لای خۆیەوە سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری دەم پارتی پەیامێکی ناڕەزایەتی لە باری بڕیارەکەی وەزارەتی داد بڵاوکردەوە و گوتی: ئەوانەی کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرن وانەیان لە ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە. هەروەها دەمیرتاش داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات پابەندی قسەکانی بێت کە لە شەوی هەڵبژاردندا کردی و دان بە ئیرادەی خەڵکی واندا بنێت.