هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی تەندروستی (الشفا) لە کەرتی غەزە کشاونەتەوە. ئەم پاشەکشە چەند رۆژ دوای ئەوە دێت کە بە هۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە نەخۆشخانەی (الشفا) بە تەواوتی رووخا و بە پێی وتەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، دەیان تەرم لەم نەخۆشخانەیە هێنراوەتە دەرەوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی هێرشەکەی "ورد" و "ئامانجدار" بووەو هێزەکانی حەماسی کردۆتە ئامانج و هێشتا پاشەکشەی لەم ناوچەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. هاوکات کەناڵی تەلەفیزیۆنی "الاقصی" رایگەیاند دوای پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل، دەیان تەرم لە کۆمەڵگەی پزیشکی "الشفا" و دەورووبەری کۆمەڵگەکە دۆزراوەتەوە. ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو باشووری رۆژئاوای شاری غەزە پاشەکشەیان کردووە. جەنگی غەززە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و  لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە بارمەتە گیران. لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردە ئامانج. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 32 هەزار فەلەستینی کوژراون کە ٪80یان ژن و منداڵن.  بەردەوامیی جەنگی غەززە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23ی ئادار، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندووە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووی کەرتی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و نیوەی ئەو ژمارەیەش لە لێواری برسێتی و قاتوقڕیدان هاوکات لە ساڵی 2024دا، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 11 کاروان خۆراکی گەیاندووەتەوە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا رێکخراوەکە دەڵێت، نزیکەی ملیۆنێک و 450 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین پێویستی بە هاوکاریی مرۆییە. کەمیی هاوکارییەکەش وایکردووە، زیاتر لە 64%ی دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی کەمیی خۆراک و برسێتی ببنەوە.

هاوڵآتی وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ شاری هه‌ولێر تیروپشك بۆ ژماره‌ی لیست و كاندیده‌كان ده‌كه‌ن و تا ئێستاش 54 كاندیدی سه‌ربه‌خۆ ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ میدیای یەکێتی رایگەیاند "کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان پابەندە بە خشتەى ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان". وتوشێتی ،" تا ئێستا دوو هاوپەیمانى و 10 حیزب و 54 کاندیدی سەربەخۆ لە کۆمیسیۆن خۆیان تۆمارکردووە و بڕیارە رۆژى 6ى نیسان تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و کاندیدەکان بکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نییە لیستی کاندیدەکانی بداتە كۆمیسیۆن و هێشتا بڕیاری بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكاندا نەداوە. رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابخرێت، ده‌بێت به‌ چوارجار دواخستن. 

هاوڵاتی لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبوه‌وه‌و نرخى ئه‌مپێرى موه‌لیده‌كان دیاریكرا، به‌گوێره‌ى نرخی سوته‌مه‌نی له‌بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر 40 دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ناوشاری سلێمانی له‌نێوان 13 بۆ 14 هه‌زار دینار ده‌بێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی نیسانی 2024 رایگەیاند نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ناوشاری سلێمانی له‌نێوان 13 بۆ 14 هه‌زار دینار ده‌بێت بەڵآم هەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە حه‌وت (7)ى بەیانى بۆ یه‌كى شەوە، نرخى ئەمپێریان له‌ نێوان 15 هه‌زار و 500 دینار بۆ 17 هه‌زار دینارە. ده‌شڵێت: ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان 19 هه‌زار و 500 دیناره‌. سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی نیسان، كاره‌بای سلێمانی ده‌ڵێت، كاركردنی مولیده‌كان له‌ مانگی نیسان بەم شێوەیە دەبێت: لەمڕۆوە تا یەكەم ڕۆژی جەژن ڕۆژانە لەكاتژمێر (1:00)ى پاشنیوەڕۆ تا (5:00)ى به‌ره‌به‌یان كارده‌كه‌ن.  ڕۆژانی جەژن كاركردنیان 24 كاتژمێری دەبێت‌و هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویسته‌ كارەبا بدەن به‌هاوڵاتییان، دوای جەژنیش تا كۆتایی مانگی نیسان ڕۆژانە لەكاتژمێر (12:00)ى پاشنیوەڕۆ تا (1:00)ی شەو كاردەكەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر 6:30 تا 8:00 ى بەیانى کاردەکەن، بەڵام رۆژانی هەینی‌و شەممان بەیانیان كارناكەن لەبری ئەوە كاتژمێر (11:00)ی پێشنیوەڕۆ كاردەكەن". لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان، له‌كۆنووسه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی نابێت كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌ هاووڵاتیان له‌ 10 خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن موه‌لیده‌كه‌ سزا ده‌درێت.  

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو 12ـی ئەمشەو لە وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن و هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان سورە لەسەر بەشداری نەکردن. بە گوێرەی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لیستی کاندیدانیان پێشکەشنەکردووە، هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەرەی گەل  لیستی خۆیان داوەتە کۆمیسیۆن. رزگار حاجی حه‌مه‌ لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی رایگه‌یاند، یه‌كێتیی له‌ هه‌ر چوار بازنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن (هه‌ولێر- سلێمانی- دهۆك- هه‌ڵه‌بجه‌) لیستی كاندیده‌كانی پێشكه‌ش كردووه‌ ؛یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش نزیکەی 200 کاندیدی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردووە ، ئەمڕۆ لیستەکەی رادەست کرد. جوڵانەوەی نەوەی نوێش ئەمڕۆ لیستی کاندیدانی پێشکەشکرد و بەپێی زانیارییەکان جووڵانەوەکە 100کاندیدی بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەم جۆرە؛ 50  لە سلێمانی، 30  لە هەولێر، 14 لە دهۆک و شەشیش لە هەڵەبجە.  دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش  هەفتەی رابردوو لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەێشکردووە کۆمەڵی دادگەری کوردستانیش ئەمڕۆ لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمیسیۆن کرد.  بزووتنەوەی گۆڕانیش تاوەکو ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە و بەگوێرەی قسەکانی بەرپرسێکی ئەو بزووتنەوەیە ئەمڕۆ پێشکەشی دەکەن بەڵام چاوەڕێی ساتەکانی کۆتاین. لیستی به‌ره‌ی گه‌لیش كه‌ (لاهور شێخ جه‌نگی) سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له‌ هه‌ولێرو دهۆك لیستی كاندیده‌كانی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پێشكه‌ش کردووە. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تا كاتژمێر 12ی ئه‌مشه‌و واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان درێژكرده‌وه‌، تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناكات. رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابخرێت، ده‌بێت به‌ چوارجار دواخستن. 

هاوڵاتی سەرۆکایەتى بەرەى تورکمانى عێراق له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كفرییه‌وه‌، رایگه‌یاند، ئەو ھێرشە بەڵگەى بەئامانجگرتنى راستەوخۆى پێکھاتەى تورکمانە و ئاماژەیەکى مەترسیدارە. سەرۆکایەتى بەرەى تورکمانى عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كفری كه‌  عه‌لی حسێن ناسراو به‌ (حسێن عەلوش) كوژرا، رایگه‌یاند، "ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ بە درۆن کراوە و میوانخانەیەکى هۆزى بەیاتى لە قەزاى کفرى کردوەتە ئامانج و بە هۆیەوە حوسێن عەلوش کوژراوە".  سەرۆکایەتیى بەرەى تورکمانى ئاماژەى بەوە داوە،" ئەو ھێرشە بەڵگەى بەئامانجگرتنى راستەوخۆى پێکھاتەى تورکمانە و ئاماژەیەکى مەترسیدارە، کە ئامانج لێى تێکدانى دۆخى ئەمنى و سەقامگیرى و پێکەوەژیانە لەنێوان پێکهاتەکانى کفرى، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.  " بەرەى تورکمانى داواش لە محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق، هەروەها داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات رێوشوێنى "بەپەلە" و "دەستبەجێ" بگرنەبەر بۆ فەراهەمکردنى ئاسایش لە قەزاى کفرى. ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی تورکمانی دوای ئەوە هات پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌نزیك نه‌خۆشخانه‌ی كفری رویدا و به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی عه‌لی حسێن ناسراو به‌ (حسێن عەلوش) كوژرا.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری پاسپۆرت له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، پاسپۆرتی (7) كه‌سی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، کە ژمارەیەک سەرکردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەنێودایە. به‌گوێره‌ی‌ نووسراوێك كه‌ رۆژی‌ 28ی‌ ئاداری‌ 2024 ده‌ركراوه‌ و وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌نیوز كه‌وتووه‌، به‌ ئیمزای‌ ماجید عه‌دنان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ پاسپۆرتی‌ سه‌ر به‌ وزاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق، پاسپۆرتی‌ حه‌وت كه‌سایه‌تی‌  حزبه‌ كوردییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پوچه‌ڵ‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ پاسپۆرتی‌ سه‌ر به‌ وزاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق بڕیاریشی‌ داوه‌ له‌ كاتی‌ به‌كارهێنانی ئه‌و پاسپۆرتانه‌دا ، هه‌ڵگره‌كه‌ی ببرێت بۆ نزیكترین بنكه‌ی‌ پۆلیس.   بەگوێرەی نوسراوەکە یه‌كێكیان مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە . پێشتریش میدیاكانی عێراق و ئێران وێنه‌یه‌ك له‌ پاسپۆرتی مسته‌فا هیجریان بڵاوكردەوه‌ كه‌ به‌ناوی سیاسی خۆی (مسته‌فا محه‌مه‌د ئه‌مین) تۆماركراوه‌، میدیاكانی ئێران به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمیان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی پاسپۆرتی عێراقی بۆ هیجری ده‌رهێناوه‌.  به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی عێراق، پاسپۆرته‌كه‌ی مسته‌فا هیجری له‌ رۆژی (2/11/2023)دا ده‌رچووه‌، ئه‌م پاسپۆرته‌ نیگه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی به‌رامبه‌ر به عێراق لێكه‌وته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ناچاری پاسپۆرته‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌و به‌ نوسراوێكیش هه‌موو ده‌روازه‌ سنورییه‌كانیان له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ ئاگادار كردووه‌. هاوکات میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانکردۆتەوە، "دوای ئه‌نجامدانی كاره‌كانی لیژنه‌ی هاوبه‌شی ئاسایشی عێراق و ئێران، حكومه‌تی عێراق ئه‌و پاسپۆرتانه‌ی‌ پوچه‌ڵكردووه‌ته‌وه‌".

هاوڵاتی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له‌ توركیا و باكوری كوردستان كۆتاییهات و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا رایگه‌یاند، له‌دوای داخستنی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان ده‌ست به‌جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كرا. ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ 32 پارێزگای توركیا و باكووری كوردستان كۆتاییهات وپرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌و 32 پارێزگایه‌ ده‌ستیپێكرد. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان له‌ باکوری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش  206 هەزار بنکەی هەڵبژاردن ئامادەکران، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌كه‌دا له‌ كاتژمێر 7:00ی به‌یانی  بۆ 4:00ی ئێواره‌ و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه‌دا له‌ 8:00ی به‌یانی بۆ کاتژمێر 5:00ی ئێوارە ناوه‌نده‌كان كرانه‌وه‌. لەم هەڵبژاردنەدا، 34 پارتی سیاسیی بۆ مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتییكردنی 81 شارەوانیی کە 30یان گەورە شارەوانین ركابه‌رییان كرد. هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکانن و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێکانە، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، بە گشتی 208,000 سندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کرابوون. لەم هەڵبژاردنەدا 61.441.882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و خەڵکی تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە نێویاندا 1.032.610 کەس یەکەمجارە دەنگیاندا. هاوکات لەم هەڵبژاردنەدا پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)یش كه‌ كورد پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كییه‌تی چاوی له‌ بردنه‌وه‌ی زۆرترین شاره‌وانییه‌. جێگەیباسە، لە چەندین ناوچەی باکوری کوردستان ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و دەنگدەرانی کوردا ڕوی داو بەگوێرەی زانیارییەکانیش ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان بەکارهێنراون بۆ ساختەکردنی دەنگ لە ناوچە کوردییەکان.  

هاوڵاتی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌نزیك نه‌خۆشخانه‌ی كفری رویدا و كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش ده‌ڵێت، هێرشه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.   لەم بارەیەوە ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری رایگەیاند  پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ نزیك بینایه‌ك له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی كفری (ناوبازاڕی كفری) رویداوه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی عه‌لی حسێن ناسراو به‌ (حسێن عەلوش) كوژراوه‌".    وتیشی، تەقینەوەکە لەنێو بازاڕدا بووە و کوژراوەکە مامی بەرپرسی بەرەی تورکمانییە لە قەزاکە.    قایمقامی کفری دەشڵێت، "نازانین تەقینەوەکە لە رێگەی چییەوە بووە و چۆن بووە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین."  شاهێدحاڵه‌كان كه‌ له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ بون ده‌ڵێن، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌كاتی روداوه‌كه‌دا بیستراوه‌ و له‌دوای روداوه‌كه‌ش زیانێكی زۆر به‌ر نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ناو بازاڕی كفری گه‌یشتوه‌ و هاوكات ته‌نها یه‌ك ته‌رمیش له‌ شوێنه‌كه‌ بینراوه‌. هاوکات دەزگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیش ڕایگەیاندووە، هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن و دیارنییه‌ كه‌ چی رویداوه‌. قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، جگە لە کورد، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە لە نەتەوەی تورکمانن.

هاوڵاتی بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات بەشێک لە لایەنەکان کارەکانی تۆمارکردنی کاندیدەکانیان تەواونەکردووە. فەرهاد ئەسعەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی تۆمارنەکردووە و لیستی کاندیدەکانی نەداوەتە کۆمسیۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت". لەبارەی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد "چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بڕیارمان لە نووسینگەی نیشتمانییەوە پێ بگات بۆ درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان یاخود کۆتایی هاتنی وادەکە کە ئەمڕۆ کۆتا رۆژە، بەڵام ئێمە تاوەکو 12ی ئەمشەو بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان". ئەوەشی خستەڕوو "لە سنووری هەولێر شەش لایەن بە تەواوی ناویان تۆمارکردووە ئەوانیش چوار لایەنی سیاسی و دوو هاوپەیمانییە، ئەوانەشی کارەکانیان تەواو نەکردووە بریتین لە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی گەل، نەوەی نوێ، گۆڕان و بزووتنەەوەی ئیسلامی و رابیتەی پەیوەندی ئیسلامی"، وتیشی "هەر پارێزگایە و کاندیدی لایەنە سیاسییەکان بە جیا دەبێت". دەشڵێت "بەپێی ئەو شارەزاییەی هەمانە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەکات ئەوا پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەنەچێت، هەروەها لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی باڵا کە سەردانی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق-یان کردووە پێیان وتوین ئەگەر پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات ئەوا هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستان ناکرێت". ئاماژەی بەوەشدا "ئەو لایەنانەی کە یەکلابووەتەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن بریتین لە، کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتووی ئیسلامی و بەرەی تورکمانی و بەرەی نیشتمانییە".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە 31/3/2024 بەرنامەی كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی نیسان دیاری كرا و هەندێك گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و بەم شێوەیە دەبێت: - لە ئەمڕۆوە تا یەكەم رۆژی جەژن رۆژانە لە كاتژمێر (1:00)ى پاشنیوەڕۆ تا (5:00)ى به‌ره‌به‌یان كارده‌كه‌ن. - رۆژانی جەژن كاركردنیان 24 كاتژمێری دەبێت و هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویسته‌ كارەبا بدەن به‌ هاوڵاتییان. - دوای جەژن تا كۆتایی مانگی نیسان رۆژانە لە كاتژمێر (12:00)ى پاشنیوەڕۆ تا (1:00)ی شەو كار دەكەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر 6:30 تا 8:00 ى بەیانى کاردەکەن، بەڵام رۆژانی هەینی و شەممان بەیانیان كارناكەن لە بری ئەوە كاتژمێر (11:00)ی پێشنیوەڕۆ كاردەكەن.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەندینجار وادەی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکردووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئازاری 2024 دوایین وادەبوو بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی تۆمارنەکردووە پێدەچێت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی وادەکە بدات. سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بە هاوڵاتی راگەیاند: بڕیار وایە وادەی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 5ی نیسانی 2024 درێژبکرێتەوە. بەپێی ئەو وادەیەی کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

هاوڵاتی، شوان عەباس بەدری  ئەمرۆ یەکشەممە 31/3/2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بە بەشداری 34 پارتی سیاسی بەرێوە دەچێت و چاوەروان دەکرێت بە ملیۆنەها کورد و تورکی ئەو وڵاتە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە کە بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت گشت لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بتوانن لە شارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی بەرچاو بە دەست بهێنن کە لەم بەینەشدا پارتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بەدەر نییە لەو خواستی سەرکەوتنە، بە تایبەتیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، پارتەکەی "ئەردۆغان" هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی شاری ئەستەنبول خستبووە گەڕ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژردنەکان تووشی شکستێکی گەورە بوو لەو شارەدا. بە بروای چاودێران گەر بێتوو پارتی داد و گەشەپێدان بە رابەرایەتی "ئەردۆغان" لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا رەنگە سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لە رێی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە خولێکی دیکەی حوکمداری ئەو وڵاتە بە دەست بهێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە گشت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆ هەڵچنیوە و دوای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی تورکیا لە بەرامبەر ئەردۆغان و هەڵوەشانەوەی هەوپەیمانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رابەرایەتی "پارتی کۆماری گەل"، وەک ماچی دووبارە ژیانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لێی دەروانن تا دووبارە بە سەرکەوتنیان لە شارەگەورە و یەکلاکەرەوەکانی تورکیا لەم دابەشبوون و پەرتبوونە بێنە دەرەوە و هاوپەیمانییەکی بەهێز لە بەرامبەر "ئەردۆغان" و پارتەکەی پێک بهێنن. دەنگی کورد هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا پارتی "یەکسانی و دیموکراسی گەلان" توانی لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و بەسەر پارتەکەی ئەردۆغاندا سەربکەوێت ، بەڵام دوابەدوای هەڵبژاردنەکان بە ماوەیەک حکومەتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" بە پشت بەستن بە یاسای "قەیوم " ی تایبەت بە دەستگیرکردن یان دوورخستەنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان و بە تۆمەتی پەیوەندی یان خود نزیکییان لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوانەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و بە کەسانی نزیک لە خۆی و جێی متمانەی دەوڵەت پۆستەکانیانی پڕ کردەوە کە ئەم هەنگاوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تووندی ئیدانە کراو وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ''دوورخستنەوە و دەستگیرکردنی سیاسیه‌کان، دەنگدەران بێبەش دەکات لەهەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و ستەم و زیان گەیاندنیشە بەپرۆسەی دیموکراسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا". لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا لە 15ی ئاداردا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری "هەکاری" سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا داوای لە خەڵک کرد کە دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە بە دەرچوون و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، شارەوانییەکان دەکەن بە مۆڵگەی تیرۆریستان کە مەبەست لێی  "پارتی کرێکارانی کوردستان" بوو و ئەم قسەیەی ئەردۆغانیش نارەزایەتییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو شارەی لێکەوتەوە. کورد لە شاری ئەستەنبول رێژەی لە%10ی دەنگەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت و لەم کێبڕکێیەدا دەنگی کورد لەو شارە بە یەکلا کەرەوە سەیر دەکرێت. هەرچەندە لە ساڵی 2019دا پاری " یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە پشتگیری "ئیمام ئۆغلۆ" یان کرد و یارمەتیدەرێکی باش بوون بۆ سەرکەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی ئەمجارە پارتەکە کاندیدی تایبەتی خۆی خستۆتە روو و بەبروای چاودێرانی ئەو وڵاتەش  پارتی "یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" بە ئەنقەست کۆمەڵە کەسێکی نەناسراوی کاندید کردووە کە ئەمەش وەک پشتگیرییەکی ناراستەوخۆی ئەو پارتە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبول لێکدەدرێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٪50.59 ژنان و لە ٪49.41 پیاوان ئەو رێژەیە پێک دەهێنن و هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن .

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، گفتووگۆکانی نێوان نوێنەرەکانی ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە ٣١ی ئازار لەقاهیرە سەبارەت بە ئاگربەست دەست پێدەکاتەوە و بنەماڵەی بارمتەکانیش هەڕەشە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەکەن. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە بە پشت بەستن بە هەواڵی کەناڵی تەلەفیزیۆنی قاهیرە نیوز رایگەیاند، گفتووگۆکانی نێوان نوێنەرەکانی ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە  دەست پێدەکاتەوە. هەر لەم بارەیەوە  بەرپرسێکی حەماس سەبارەت بە داواکارییەکانیان بەو ئاژانسەی وتووە،  حەماس دەیەوێت سەرەتا بزانێت ئەنجامی گفتووگۆکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی نێوانگیر چی دەبێت دواتر نوێنەر ئەنێرێت. جگە لە حەماس ئیسرائیلیش ئامادەی خۆی بۆ دانیشتنەکان دەربڕی و رۆژێک دوای ئەوەی دادگای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ  بڕیاریدا  کە ئیسرائیل پێویستە ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بچنە ناو غەززەوە، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا دانیشتنەکان لەگەڵ حەماس دەستپێبکاتەوە و دوابەدوای بڕیارەکە  نووسینگەی نتانیاهۆ رایگەیاند کە گفتووگۆ نوێکان لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە رۆژانی داهاتوودا لە دووحە و قاهیرە بەڕێوە ئەچێت. هەر ئەمشەویش ٣٠/٣/٢٠٢٤ له‌ هه‌نگاوێكی نوێدا بۆ په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌ نه‌ته‌نیاهۆ ، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ڕفێندراون و ده‌ستبه‌سه‌رن، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا و ڕایانگه‌یاند، "خه‌باتێكی مه‌ده‌نی فراوان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن". جێگەیباسە لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل و حەماس بە نێوانگیری میسر و قەتەر گفتووگۆیان  لەسەر راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی ٦ هەفتە و لە بەرامبەردا ئازادکردنی ٤٠کەس لە ١٣٠ کەس بارمتەی ئیسرائیل کە لای حەماس بارمتەن کرد بەڵآم بەهۆی ئەوەی بە مەرجەکانی یەکتر ڕازی نەبوون هیچ ڕێککەوتنێک نەکراو نوێنەرەکانیان گەڕانەوە. سەرەڕای بڕیارنامەو داواکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پێویستی راگرتنی جەنگ لە غەزە، جەنگ لە غەزە هەر بەردەوامە و تا دێت ژمارەی قوربانیان بەرزدەبێتەوە هاوکات نەبونی سەرچاوە مرۆییەکانی وەک ئاوی خواردنەوەو خۆراک و دەستنەگەیستن بە پێداویستییە پزیشکییەکان قەیرانێکی مرۆی ترسناکی لە غەززە دروست کردووە.  

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن و وتی: پارەی مووچە بە تەواوی زامن کراوە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ھەمواری یاسای بوودجە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند دەکات، لە ھەمواری یاساکەشدا، مووچەی مووچەخۆران بە بڕی ٦٩ ترلیۆن دینار جێگیرکراوە و مووچە تێیدا بەتەواوی پارێزراوە. وتیشی، كۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران 69 تریلیۆن دیناره‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ته‌واوی زامن كراوه‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه‌. ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دارایی عێراق پارەدارکردنی پارێزگاکان دەستپێدەکات، جگە لەوەش جموجۆڵێکی باشی کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان بۆ وەبەرھێنان لە عێراق ھەیە. عەوادی راشیگەیاند، پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوامە و بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی لە عێراق ھەنگاو دەنێن. سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانیش له‌ عێراق، وته‌بێژی حكومه‌تی به‌غدا وتی: هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌ی عێرق و ئه‌مریكا چواره‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه له‌ هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ كرابوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌بێت، به‌ڵام‌عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بودجه‌ی 2024دا زامن كراوه‌ و هیچ جۆره‌ قه‌یرانێكی دارایی له‌ عێراقدا نییه‌.

هاوڵاتی ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە،وگومانیان هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنن ئەنجامەکەی لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە. دیاری حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر قەبوڵکردن یاخود ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات، پارتی گومانی هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت ئەنجامەکە لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە. دەشڵێت ،"پارتی نایەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردن بکرێت و ئاراستەی هەڵبژاردن بە لاڕێدا ببرێت وەکو ئەوەی لەکەرکوک و موسڵ ڕوویدا." سبەینێ یەکشەممە،31 ی مانگی 3 ی 2024، وەکو دوا وادە بۆ ڕادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دانراوە و ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتیش دەڵێت ، "پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە". جێگەیباسە ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت. ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت