هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە کە لە نێوان دوو تانکەردا روویدا سوتەمەنی رژایە ناو ئاوی زێی بچوک لە سنوری قەزای دوکان دابەشکردنی ئاو راگیرا. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند "بەهیواین لە زووترین کاتە پاشماوەی سوتەمەنی رووداوی هاتووچۆکەی قەزای دوکان پاک بکرێتەوە و دابەشکردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە "تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی دوکان و لایەنە پەیوەندارییەکانی تری ناوچەکە هەڵمەتێکیان ئەنجامداوە بۆ زوو پاکردنەوەی تەواوی پاشماوەکانی رووداوەکە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتییاندا دەستپێبکاتەوە".
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت تاوەکو کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو نەیەت بەغدا مووچەی مانگێکی دیکە نانێرێت. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند "بەپێی یاسای بودجە و رێکارە کارگێڕی و ژمێریارییەکان پێویستە هەرێم دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو میزان مراجعە بنێرێتەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی مانگی ئازار بنێرێت". سبەینێ شەممە 30ی ئازاری 2024 دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران دەستپێدەکات و بەپێی ئەو خشتەیە بێت کە وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردووەتەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 4ی نیسانی 2024 مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرێت.
هاوڵاتی شارەزایەکی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم پرسیار نامەیەکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردۆتەوەو تیایدا بە وەڵامدانەوەی ٢٥ پرسیار تیشکدەخاتە سەر رەهەندی هونەریی و لۆجستی و یاسایی و سیاسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا. ئارام جەمال توێژەر و شارەزای هەڵبژاردن کە پرسیار نامەکەی ئامادە کردووە ووێنەیەکی بۆ هاوڵاتی ناردووە تیایدا باس لە جیاوازی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی تورکیا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات هاوکات ئاماژە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پاشەکشەی هاوپەیمانێتییەکان و نەبونی کورسی کۆتاکان دەکات. رۆژی یەکشەممە رێکەوتی (2024-03-31) بیستەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا 61,441,882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و 36 پارتی سیاسی کێبڕکێ دەکەن لەسەر بردنەوەی سەرۆکی (30) گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی (51) پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی (1393) قەزا و (53) هەزار موختاری گوند و گەڕەک و ئەندامی ئەنجومەنی پیران. وەک لە پرسیارنامەکەدا هاتووە، سیستمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دوو جۆرە: بۆ گۆڕینی دەنگی لیستی پارتە سیاسییەکان بۆ کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی شارەوانی قەزاکان، سیستمی هەڵبژاردنی (لیستی داخراوی نوێنەرایەتی رێژەیی/ شێوازی هۆندت) پیادە دەکرێت، ئەویش بە دابەشکردنی ژمارەی دەنگەکانی هەر حزبێک بەسەر ژمارەکانی (1، 2، 3، 4، 5، 6، 7... هتد). لە کاتێکدا بردنەوەی کورسییەکەی سەرۆکی گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی قەزا و موختارەکان بە سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی براوەی یەکەم دەبێت. سەبارەت بە جیاوازی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئارام جەمال دەڵێت، ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە جیادەکاتەوە ئەوەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەربەستی هەڵبژاردن لە بەردەم ئەو حزبانەدا نییە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دەکەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا رێژەی بەربەستی (7%) لە بەردەم حزب و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکاندا هەیە. هاوکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تەنها دەنگدەرانی ناوخۆی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنە خۆجێیەدا بکەن و دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا ئەو مافەیان پێنەدراوە دەنگ بدەن. جێگەیباسە بە گوێرەی ئەو پرسیارنامەیە، کۆتای ژنان لە هیچکام لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پەرلەمانی تورکیادا بوونی نییە، هاوکات شتێک نییە بەناوی تەرخانکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان و تەنانەت رێگە نادرێت بە پارتە سیاسییەکانی سەر بەو پێکهاتانە ناسنامە و سیمبوڵی نەتەوەیی و ئایینی بە پاشگری ناوەکانیشیانەوە هەبێت. سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش ( تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان ) بە گوێرەی پرسەنامەکە بوونی نییە و ئەو شارەزایە باسی لەوە کردووە کە، لەگەڵ ئەوەی سەرباز و عەسکەر لە زیهنیەتی هاوڵاتیان و دەوڵەتدارانی تورکدا جێگەیەکی سەرتۆپی هەیە بەڵام دەنگدانی تایبەت لە هیچکام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی تورکیادا پیادەناکرێت و رۆژی تایبەتیان بۆ جیانەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە و بێگەردی هەڵبژاردنە گشتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن یان ئەو سەربازانەی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانیان بە خاوو خێزانەوە گوێزراونەتەوە بۆ پاریزگاکانی دیکە، بە تایبەتی بۆ باکوری کوردستان، ئەوانە لە رۆژی دەنگداندا لەوێ دەنگدەدەن و دەنگەکانیشیان لە سنوری ئەو بازنەی هەڵبژاردنەدا بۆ هەژمار دەکرێت، کە دەنگیان تێدا داوە نەک بۆ ئەو بازنەی هەڵبژاردنە بگەڕێتەوە کە تێیدا نیشتەجێن، دیارە ئەمەش رێژەیەک کاریگەری دادەنێت لەسەر ئەنجامی دەنگ و کورسی لە ناوچە کوردییەکاندا. هەڵمەتی هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی 1ی هەموو پێنجەمین ساڵی رۆژمێری هەڵبژارنەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا سەعات (6)ی ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی 30 مارتی 2024 ، لەوێوە بانگەشەی هەڵبژاردن رادەوەستێت و متبوونی هەڵبژاردن لە 32 پارێزگای باکوری کوردستان و ناوەڕاستی تورکیادا دوانزە سەعاتە لەبەرئەوەی پرۆسەی دەنگدان بەهۆی زوو خۆرئاوابوونەوە لە کاتژمێر (7)ی بەیانییەوە دەستپیدەکات هەتا (4)ی عەسر بەڵام هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 49 ولایەتی ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیادا لە كاژێر (8)ی بەیانییەوە دەستپێدەكات بۆ (5)ی عەسر و دوای ئەوە راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەکرێت و لە کاتژمێر (11:59)ی هەمان رۆژدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت. ئەو شارەزایە سەبارەت بە بەشداری کوردیش لەو هەڵبژاردنانەدا دەڵێت: هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆماری تورکیادا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە ساڵی 1930دا یەکەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کە بیستەمین خولە، تەنها دووجار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا دواکەوتووە، یەکەمیان بەهۆی کودەتای ساڵی (1960)وە بووە، کە بەهۆیەوە هەڵبژاردنەکە 3 ساڵ دواکەوتووە و دووەمجاریش بەهۆی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ((1980ی کەنعان ئیڤرینەوە 2 ساڵ دواکەوتووە. ئەوەی گرنگە لەو ماوە دورو درێژەدا کورد دوای تێپەڕبوونی 69 ساڵ و پانزە خول بەسەر ئەنجامدانی یەکەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، توانی ساڵی 1999 بۆ یەکەمین جار لە ژێر ناوی (پارتی گەلی دیموکراتی -HADEP )دا بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتەدا بکات و تێیدا 37 شارەوانی و لە نێویاندا 7 سەرۆک شارەوانی لە ناوچە کوردییەکاندا بباتەوە. پارتی گەلی دیموکراتی، کە ساڵی 1994 دامەزراوە، لە دوای داخستنی هەریەک لە (پارتی رەنجی گەل- HEP) و (پارتی ئازادی و دیموکراتی -OZDEP) و (پارتی دیموکراتی- DEP)یەوە دێت لەلایەن دادگای دەستووری ئەو وڵاتەوە. یاسای قەیوم بە دەنگی زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەکانی هەردوو پارتی ئەکەپە و مەهەپە و مانگێک دوای کودەتاکەی رۆژی 15ی حوزەیرانی 2016 و لە سەروبەندی راگەیاندنی باری نائاساییدا دەرچوێندرا. لە ماوەی دوو ساڵی راگەیاندنی باری نائاساییدا و پاڵپشت بە یاسای قەیوم لە کۆی 102 سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی سەر بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP -پارتی دیموکراتی گەلان HDP) 94 سەرۆکشارەوانیان دورخرانەوە و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکران، وەک گەورە سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی ئامەد و وان و ماردین و هەمان رۆژ کاربەدەستانی تر وەک نوێنەری دەوڵەت لە جێگەیان دانران. دەقی پرسیارنامەکە لێرەدا بخوێنەرەوە
هاوڵاتی داهاتی هەفتەی ڕابردووی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین 4.5 ملیار دینار بووە و بەوەش داهاتی ئەو سنوورە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بۆ نیوە كەمی كردووە. ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە 23ی ئازار تاوەکو 29ی ئازار، بڕی داهات چوار ملیار و 53 ملیۆن و 513 ھەزار و 787 دینار بووە. هەر بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕەکە، لە داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی چوار ملیار و 47 ملیۆن و 97 هەزار و 33 دینار بەشێوەی نەختینە بووە و شەش ملیۆن و 416 هەزار و 457 دیناری بەشێوەی چەک بووە. ئەمەشلەکاتێکدایە داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی پێشوو بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە بە جۆرێک لە 16 تاوەکو 24ی ئازار بڕی داهات هەشت ملیار و 909 ملیۆن 571 هەزار و 232 دینار بووە. ماڵپەڕی شەفافیەت لە بەرواری 15ی کانونی یەکەمی 2022 لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان راگەیەندرا .
هاوڵاتی هەشت ئەندامی کۆنگرێس نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کردووە داوا لە بایدن دەکەن پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق نەکات کە بڕیارە مانگی چوار سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ئەنجام بدات بەهۆی ئەوەی بینینی مەسرور بارزانی ڕەتکردۆتەوە. دوای ئەوەی نووسینگەی سوودانی ئاشکرایکرد بڕیاره رۆژى 15ـى نیسان، سهرۆكوهزیرانى عێراق سهردانى ئهمریكا بكات و له كۆشكى سپى لهگهڵ جۆو بایدن، سهرۆكى ئهمریكا كۆبێتهوه دوێنێ پێنجشهممه 28ى ئازار، هەشت سیناتۆری ئەمریکی نامهیهكى هاوبهشیان ئاراستهى جۆو بایدن، سهرۆكى ئهمریكا كردووه کە داوادەکەن سهردانهکەی محهمهد شیاع سودانى، سهرۆكوهزیرانى عێراق كه بڕیاره 15ـى نیسان بهڕێوهبچێت ههڵبوهشێنێتهوه, بهبیانووى ئهوهى، حكومهتهكهى سودانى لهژێر كاریگهریی ئێراندایه. له بهشێكى نامهكهدا ئهوه ئاشكرا كراوه كه، سهرۆكى ئهمریكا لهكاتى سهردانهكهى مانگى رابردووى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمدا بۆ ئهمریكا ئاماده نهبووه بیبینێت و كۆبوونهوهى لهگهڵ بكات. هاوکات له نامهكهدا باس لە دهستپێكردنهوهى ههناردهى نهوتى ههرێمى كوردستان لهڕێگهى بهندهرى جهیهانى توركیهوه كراوه و ئهوهش روونكراوهتهوه، پێویسته سهرۆكى ئهمریكا به زووترین كات ههوڵهكانى چڕبكاتهوه به ئاراستهى پشتیوانیكردنى دووباره دهستپێكردنهوهى ههناردهى نهوتى ههرێمى كوردستان. ئەو نامەیەی لەلایەن سیناتۆرەکانەوە نێردراوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا: سەرۆک بایدن: ئێمە نیگەرانی قووڵی خۆمانتان بۆ دەردەبڕین سەبارەت بە میوانداریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە کۆشکی سپی لە مانگی نیساندا. حکومەتی عێراق هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی بەرچاوی ئێراندایە و حکومەتی عێراق سێ ملیار دۆلار بۆ هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکات کە 4 گروپی تیرۆریستی لەژێر سزاکانی ئەمریکادا لەخۆدەگرێت. ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بە تەنیا زیاتر لە ١٨٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر بوونی ئەمریکا لە کوردستان و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەربازی ئەمریکی و زیاتر لە ١٠٠ بریندار. سەرەڕای ئەمەش ئیدارەی ئێوە بەردەوامە لە پێدانی ئیستسنای حکومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غازی سروشتی ئێران و هەموو ئەمانەش بە گواستنەوەی دۆلار لە یەدەگی ئەمریکی بۆ عێراق ڕوودەدەن. لە کاتێکدا بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەیت بۆ سەردانی واشنتۆن، ئێوە ڕەتتان کردەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی کۆببنەوە، کە هاوبەشێکی گرنگە و میوانداری زۆرترین هێزەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا. حکومەتی عێراق بە هێزێکی تەواوەوە لەگەڵ تاران دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان کاردەکات و ئەمەش بڕینی بودجە بۆ کوردستان و داخستنی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەگرێتەوە کە نوێنەرایەتی زۆربەی سەرچاوەکانی ئابووری کورد دەکات. دەبوو سەرنجتان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ هاوپەیمانەکانمان لە کوردستان بکردایە. پێویستە پێشمەرج بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی سودان دابنێن، کە دەستبەجێ کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا، بەمەش کوردستان بتوانێت نەوت هەناردە بکات. هەروەها پێویستە داوای ئەوە بکەن کە حکومەتی عێراق دەست بە دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. لە کۆتاییدا نابێ ڕێگە بە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی بۆ عێراق نەدەیت تا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پشتڕاستی نەکاتەوە کە ئەو گواستنەوەیانە هیچ سوودێکی بۆ ڕێژیمی ئێران و بریکارەکانی لە عێراقدا نابێت.
هاوڵاتی بهرێوهبهرایهتی گشتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێم رایگهیاند، ئهمڕۆ و سبهینێ كهشی ناوچه جیاجیاكانی ههرێم ئاسایی دهبێت و پلهكانی گهرما رو لهبهرزبونهوه دهكهن. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەوردا دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا، هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ سێ تا چوار پلە بەرز دەبێتەوە. سەبارەت بە کەشی سبەی شەممە رایگەیاندوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هەروەها بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانی گەرما دو تا سێ پلەی دیکە بەرز دەبنەوە. بهرزترین پلهكانی گهرمای پێشبینیكراو به پلهی سیلیزی: ههولێر : 25 سلێمانی : 23 دهۆك : 24 زاخۆ : 24 ههڵهبجه : 22 كهركوك : 27 سۆران : 23 حاجی ئۆمهران : 16 گهرمیان : 30
هاوڵاتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتچ وۆچ ڕایگەیاند حکومەتی تورکیا فشاردەخاتە سەر هەزاران ئاوارەی سوری بۆ ئەوەی دیپۆرتیان بکاتەوە و لە ناوچەی گرێ سپی له رۆژئاوای كوردستان نیستەجێیان بکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هیومان رایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی سوریا بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا زیادیکردووە، بەجۆرێک زۆرجار سورییەکان ناچار دهكرێن بەزۆر فۆڕمی “گەڕانەوە” واژۆ بکەن. ئامانج لە دیپۆرتکردنەوەی ئاوارەکان بەزۆرەملێ بۆ نیشتەجێبون کردنیانە لە ناوچەی گرێ سپی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە؛ گرێ سپی له ساڵی 2019وه توكیا داگیری كردووه، و ئێستا له ژێر دهستیاندایە. ئادەم کۆگل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: “گەڕانەوەی ئارهزوومهندانهی كه توركیا بانگهشهی بۆ دهكات، زۆرجار گەڕانەوەی زۆرەملێیە کە به ترس و بێهیواییوه دهگهڕێنهوه”. بە وتەی کۆگل، تورکیا ئۆردۆگای نیشتهجێبوون دروست دهكات لهژێر ناوی “ناوچەی ئارام” سورییهكانیش به ناچاری دهگوازرێنهوه ئهو ناوچه ئارامانهی كه باسی دهكات، كه ئێستا لهژێردهستی توركیایه. لەم بارەیەوە تورکیا دەڵێت، هەموو گەڕانەوەكان “بەڕەزامەندی خۆیان”بووە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە تورکیا وەڵامی نامەی هیومان رایتس وۆچی نەداوەتەوە كە لە 1ی شوباتی ئەم ساڵ بۆی ناردووە، كه لەم دۆخە ئاگاداری كردۆتەوە و داوای زانیاری لێ کردووە. ئەم ڕەفتارانەی تورکیا بەرامبەر پەنابەران لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە لایەنێکە لە ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ڕێککەوتننامەی پەنابەرانی ساڵی ١٩٥١، بۆیە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دهبێت پابەند بێت به یاساكانی ” دیپۆرتكردنهوه”.
هاوڵاتی خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوەو بە چوار ڕۆژ دابەشدەکرێت بەڵآم ناوی ناوی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و ئەنجوومەنی ئاسایشی تێدا نییە. بە گوێرەی خشتەکە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٤/٣/٣٠) دەست به دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و رۆژی سێشەممە (٢٠٢٤/٤/٢) كۆتای دێت و لە وەزارەتی داریی ماوەی چوار رۆژدا موچە دابەشدەكات. بە گوێرەی لیستەکە، رۆژی شەممە، ٣٠ـی مانگی سێ، وەزارەتی تەندروستی، خانەنشینی شارستانی، کاروباری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت، دارایی و ئابووری و ناوخۆ مووچە وەردەگرن. رۆژی یەکشەممە ٣١ـی مانگی سێ، وەزارەتی پەروەردە، داد، ئەنجومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی و پلاندانان مووچە وەردەگرن. رۆژی دووشەممە، یەکی مانگی چوار، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیری و لاوان مووچە وەردەگرن. رۆژی سێشەممە، دووی مانگی چوار، وەزارەتی کارەبا، خوێندنی باڵا، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن. هاوکات، لە لیستەکەدا، ناوی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و ئەنجوومەنی ئاسایشی تێدا نییە. بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە دوای تەواوبونی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی له پهیامێكی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، "وەزارەتی داراییم ڕاسپارد بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی دو و ئامادەکاریکردن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێی فەرمانبەران". بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی دو لەکاتێکدایە، ماوەی ٥٨ ڕۆژە موچە دابەشنەکراوە و حکومەتی هەرێم لە٦ مانگی ڕابردودا تەنها توانیویەتی یەک موچە دابەشبکات.
هاوڵاتی سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیان لە دەریای سوور کردبووە ئامانج، کاتژمێر ٢ بۆ ٢:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە خرانە خوارەوەو لەناوبران. سێنتکۆم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەهۆی ئەم هێرشانەوە هیچ زیانێکی مادی بە کەشتییە ئەمریکییەکان یانی کەشتی هاوپەیمانان نەگەیشتووەو کەسیش بریندار نەبووە. حوسییەکان رۆژی سێشەممە ٢٦ ئازار رایانگەیاند، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر شەش کەشتی لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور. یەحیا سەریع، وتەبێژی ئەنساروڵڵا، لقی سەربازی حوسییەکان، رۆژی سێشەممە ٢٦ ی ئازار رایگەیاند، ئەو کەشتیە بەریتانیایی و ئەمریکاییانە کراونەتە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆیشتن. ئەمریکا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە مەبەستی پارێزگاری لە بازرگانی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکاندا هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی پێک هێناوە، سوپای ئەمریکا هەروەها بە هاوکاری بەریتانیا چەند جار هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکان حووسییەکان لە یەمەن، بەڵام ئەم هێرشانە تا ئێستا نەبووە بە هۆی ئەوەی حوسییەکان دەست رابگرن لە هێرش بۆ سەر کەشتیە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم حوسییەکان رایانگەیاندووە بە مەبەستی پشتیوانی لە فەلەستین و خەڵکی غەزە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان تا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێزەکانی لە غەزە دەکێشێتەوە.
هاوڵاتی سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) و هەموو فشارو دەستێوەردانێك بۆ كاتی تێهەڵچوونەوە(ئیستئناف) رەتدەكاتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکردووە، داوا یاساییەكە بە هۆی بڵاوبوونەوەی راپۆرتێك بوو لە ژمارە 7ی ئازاری 2013ی گۆڤاری رایەڵ بەناونیشانی "عەدنانی حەمەی مینا دەیەوێت بینایەكی گەورە لەسەر ئەو موڵكە دروستبكات كە داگیری كردووە"، دادگای بەرایی کەلار لە بەرژەوەندی رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر بڕیاریدا و داواکەی رەتکردەوە. دەقی راگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆ: سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) و هەموو فشارو دەستێوەردانێك بۆ كاتی تێهەڵچوونەوە(ئیستئناف) رەتدەكاتەوە. بە پێی زانیارییەكانی سەنتەری میترۆ، پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای بەرایی كەلار بە رەتكردنەوەی ئەو داوا یاساییەی لەسەر رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر دەرچووە، جۆرێك لە فشار هەیە بۆ كاتی تێهەڵچوونەوەی (ئیستئناف) كەیسەكەو میترۆ ئاگاداری وردەكاری ئەو فشارانەیە. داوا یاساییەكە بە هۆی بڵاوبوونەوەی راپۆرتێك بوو لە ژمارە 7ی ئازاری 2013ی گۆڤاری رایەڵ بەناونیشانی " عەدنانی حەمەی مینا دەیەوێت بینایەكی گەورە لەسەر ئەو موڵكە دروستبكات كە داگیری كردوە" دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر (گۆران محمد عەلی) بۆ دۆسییەی رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر كە (عەدنان محمد قادر) داوای لەسەر تۆمار كردبوو، داوای قەرەبووی 250 ملیۆن دیناری كردوە. پاش چەندین دانیشتن، وەرگرتنی قسەی دوو شاهێدحاڵ كە موڵكەكانیان داگیركرابوو زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكەیان پشتڕاستكردەوە بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنوسەكە، رێكەوتی 5ی شوبات 2024 دادوەر ئەو سكاڵایەیە یاساییەی رەتكردەوەو تێچووی داوەكەش خرایە سەر شكاتكەر كە بڕەكەی یەك ملیۆن دینار بوو. سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) و هەموو فشارو دەستێوەردانێك بۆ كاتی تێهەڵچوونەوە(ئیستئناف) رەتكەكاتەوە. میترۆ جەختدەكاتەوە لە پشتیوانی رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر و ئاگاداری فشارو دەستێوەردانەكانە بۆ كاتی تێهەڵچوونەوەی (ئیستئناف)ی كەیسەكە. میترۆ دەسەڵاتی دادوەری و دادگای كەركوك/ گەرمیان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و داوادەكات رێگری لەو دەستێوەردانە لە دۆسییەیەكە بكات كە دادگا پێشتر بڕیارێكی دروستی داوەو بێلایەنانە دۆسیەكەی یەكلایكردۆتەوە. میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە ئابی 2009، 13 راپۆرتی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردۆتەوە، لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پاڵپشتی كراوە. میترۆ لە ئازاری 2024( تۆڕی19 ) دامەزراند، كە بریارە چاودێری رەوشی ئازادی رادەربڕین بكات.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای 24 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە. کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە "سبەینێ هەینی 29ی ئازاری 2024 ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما بە نزیکەی 2 تا 3 پلە بەرز دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: - هەولێر : 22 - سلێمانی : 21 - دهۆک : 21 - زاخۆ : 22 - هەڵەبجە : 22 - کەرکوک : 24 - سۆران : 19 - حاجی ئۆمەران : 12 - گەرمیان : 25
مەبەست سەعید زیاتر لەحەوت ساڵ دەبێت تەندروستی سلێمانی بەدۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، چونکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ناتوانێت گرفتی چاودێری چڕ چارەسەر بکات! هەرچەندە بەهۆی کۆرۆناوە ئامێری پێویست کڕدراون، بەڵام ژمارەی بێد (قەرەوێڵە)ەکان لەئاست خواستی نەخۆشدا نیە. تەندروستی سلێمانی دەڵێت ژمارەی بێدی چاودێری چڕ کەدەتوانرێت بخرێنەکار ١٢٥ بێدە، بەڵام لەئێستادا تەنها ٢٣ بێد کاری پێدەکرێت. سەرچاوە تایبەتەکەی هاوڵاتی دەڵێت هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان کەڕێگری دەکەن لەکردنەوەی بێدی زیاتر. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پلانی ئەوەی هەیە کە 20 بێدی چاودێری چڕ بەشێوەی نیمچە تایبەت بکرێتەوەو لەبری هەر شەوێک مانەوەی نەخۆش بڕی 150 هەزار دیناری عێراقی لێوەردەگیرێت. لەكاتێكدا گەر ئەو بە 120 بێدەی تر کەئامادەن و بخرێنەکار ئەوا هیچ رێگەیەک نامێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان، ئەو کات بەناچاری بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلیەکان بەناچاری دایدەخەن. سەرچاوەیەکی تایبەتی ناو تەندروستی، بەپەیامنێری هاوڵاتی راگەیاند: هەوڵی نەخۆشخانە ئەهلیەكان وایكردووە كەزیاتر لە 100 بەشی لەكاركەوتووی چاودێری چڕ لەسلێمانی نەكەونە كار، چونكە ئەگەر بەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە حكومییەكان كاربكەن هاووڵاتیان رووناكەنە نەخۆشخانە ئەهلیەكان. بەپێی زانیاریەكان هەندێك نەخۆشخانەی ئەهلی تەنها شەوێك مانەوە بەنزیكەی یەك ملیۆن دیناری عیراقی وەردەگیرێت. كەمال عەبدولڕەحمان لێپرسراوی هۆبەی یاریدەدەری بێهۆشكاری بەهاوڵاتی وت: لەئێستادا بەهۆی كەمی كارەمەندی پزیشكی بێهۆشكارەوە پەستانێك خراوەتەسەر پارێزگای سلێمانی، بۆیە نەتوانراوە كارمەندی پێویست بۆ ئەم بەشە دابمەزرێندرێت، پاشان بەهۆی گرانی مانەوەی نەخۆش لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان بەتایبەت لەبەشی چاودێری ورد، وایكردووە هاووڵاتی خانوو ئۆتۆمبێل و كەرەستەكانی ماڵەكەی بفرۆشێت تاگەیشتووەتە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و جیابوونەوەی ژن و مێرد. دكتۆر توانا سەرپەرشتیاری گشتی بەشی چاودێری وردو پزیشكی سڕكردن و بێهۆشكاری لەنەخۆشخانەی شار لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەکرد: هۆكاری بەكارنەخستنی بێدی نەخۆشخانە حكومییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆكار، ئەوانیش نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی كە لەساڵی 2013 تائێستا هیچ كارمەندێك دانەمەزراوە لەو بوارەدا كەبتوانرێت بەتەواوی ئەو بەشە چالاك بكرێت. هۆكارێكی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا كەناتوانرێت كارمەندی چالاك بهێنرێتە بەشی چاودێری ورد. لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت لەئێستادا ناتوانرێت ئەو بەشە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان دابخرێت لەحاڵەتی رووداوی نەخوازراودا نەخۆشێك بهێندرێتە نەخۆشخانەی حكومی و بەهۆی پڕبوونەوەی بێدەكان لەنەخۆشخانەكە بەناچاری دەبێت ئەو نەخۆشە ببرێتە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی، گەر بێتوو لەو كاتەشدا ئەهلیەكان بەردەست نەبن نەخۆشەكە رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. هاوڵاتی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ناو تەندروستی هەندێک زانیاری تایبەت بەم بابەتەی دەستكەوتووە كەیەكێك لەهۆكارەكانی كارانەكردنی بێدەكانی نەخۆشخانە حكومییەكان دەگەڕێتەوە بۆ پزیشكەکان كە بەشێكیان لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان كاردەكەن. سەرچاوەیەک بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد: ئەو پزیشكانەی لەبەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانەی شار دەستبەكاربوون هەمان ئەو پزیشكانەن كە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان كاردەكەن، پزیشكێك لەنەخۆشخانەی ئەهلی 200 بۆ 300 هەزار دیناری عێراقی دەستدەكەوێت لەنەشتەرگەریەكدا، بەڵام لەنەخۆشخانەی حكومی بەم شێوەیە نیە. هەروەها ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: ئەگەر بێدەكانی نەخۆشخانە حكومیەكان زیادبكرێن كاری نەخۆشخانە ئەهلیەكان لاواز دەبێت، هەروەها وتی: ئەوەی ئێستا هەیە بازرگانی كردنە لەناو نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا، بەتایبەت بەشی چاودێری ورد كەبازاڕێكی باشی بۆ ئەو پزیشكانە دروستكردوە كەكار لەم بەشەدا دەكەن. بەپێیی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون لەكۆی 125 بێدی چاودێری ورد لەنەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی، تەنها 23 لەو ئامێرو بێدانە كاری پێدەكرێت، ئەگەرچی هەندێك لەو بەشانە بەكاردەهێنرێت بۆ بابەتی ترو بەشی تری تەندروستی، دابەشبوونی بێدی چاودێری ورد بەم شێوەیەیە لەسلێمانی (لەكۆی هەبوونی 40 بێد لەنەخۆشخانەی شار تەنها 18 بید كاردەكات، نەخۆشخانەی تایبەت بەهەرس و جگەر لەكۆی هەشت بید هیچی كارناكات، نەخۆشخانەی تەعلیمی لەكۆی 10 بێد – هیچی وەك بەشی چاودێری چڕ بەكارنایەت، نەخۆشخانەی ئەڵمانی لەكۆی 40 بێد هیچی كارناكات، نەخۆشخانەی كەنەدی لەكۆی 20 بێد ئەمیش هیچ لە بێدەكان تایبەت بەچاودێری ورد كارناكەن، لەشارۆچكەی چەمچەماڵ كەخاوەنی دوو بێدە هیچ لەو دووانە كارناكەن، ئەوەی دەمێنێتەوە نەخۆشخانەی دڵە لەسلێمانی کە لەكۆی پێنج بێد سەرجەمیان لەكاردان). لەدەرەنجامدا سەرەڕای نالەباری باری دارایی و ئابوری و کەمدەرامەتی هاووڵاتیان، لەئێستادا نەکردنەوەی تەواوی بێدەکانی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە حکومیەکاندا سەرەڕای ئەو ململانێیانەی بوونەتە هۆکاری کارنەکردنی تەواوی بێدەکان، چەندین هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی نەکردنەوەو کارنەکردنی بێدەکانی نەخۆشخانە حکومیەکان، لەوانە: دواکەوتنی موچەو لاوازی وەزارەت لەچاودێریکردنی دەوامی پزیشک و کارمەند، دانەمەزراندن و هەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت.
هاوڵاتی دوای درێژکردنەوەی بۆ ماوەی شەش رۆژ ئەمڕۆ وادەی تۆماری کاندیدی حزب و لایەنە سیاسییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤ کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدی حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". بڕیارە ئەمڕۆ زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی لیستی کاندیدانیان رادەستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن. بەپێی ئەو وادەیە بێت کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و راستەخۆ لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
شەنای فاتح هەبوونی سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو هۆکاری سەرەکی بەرەوپێشچوونی لایەنی ئابووری و دارایی و کارئاسانیە بۆ خزمەتگوزاریەکان. لەکاتێکدا ئێستا پڕۆژەی هەژماری من دروست کراوە بۆ دابەشکردنی مووچە بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەبانکەکاندا. لەبەرامبەردا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی فۆڕمێکیان بڵاوکردووەتەوە تایبەت بەهەڵمەتی کۆکردنەوەی پشتگیری لەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، مامۆستایانی ناڕازی لەڕێگەی ئەو فۆڕمەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدەن، بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن یەکێک لەبانکەکانی ناوەندییەوەو رەتکردنەوەی هەژماری من. هەر لەم بارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کەهەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم گرنگی زۆریان بەسیستەمی بانکی داوەو لەهەمان کاتدا لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لایەنێکی بازرگانی دەستەبەر بکەن و ئابووری وڵات و سەرچاوەکان هەمەجۆر بکەن. باسیشی لەوەکرد کە تیشکمان خستووەتەسەر چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لەبواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەدانانی پڕۆژەی هەژماری من کەبەشێکە لەپلان و کارنامەی حکومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، رایگەیاند کەهەرچی هەوڵ و کارەکانمان ئەوەیە بەزووترین کات سیستەمی دارایی و بانکی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین و سیستەمەکە بەکەینە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و مووچەش بەم سیستەمە دابەش دەکەین لەداهاتوودا. وتیشی: لەم کابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدامەزراوەییکردنی ژێرخانی ئیداری فەرمانگەکانی حکومەت نراوە کەبەشێکی ئەنجامی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونەکان لەداهاتوودا دەردەکەوێت. پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن هاووڵاتیانەوە رەتدەکرێتەوە بەتایبەتی لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو پێیان وایە حکومەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لەدژی هاووڵاتیان ئەم پڕۆژەیەی راگەیاندووە، زۆرینەی مووچەخۆران رەتیدەکەنەوە کە بەشداری و هەژماری بانکی بکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە وا بڕیارە لەداهاتوو مووچە بەسیستەمی ئەلیکترۆنی دابەش بکرێت. دکتۆر خالید، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکی تایبەتی بەهاوڵاتی وت: بانک خۆی دامەزراوەیەکی داراییە کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی پارە، سەرمایە، ئەو کەسانەی کەسەرمایەدارن بەنموونە پارەکانیان دەخەنە بانک، بانکیش وەکو نێوەندگیری لەنێوان ئەو کەسەی پارەکە دەخاتە بانکەکە یان دامەزراوەکە، ئەو کەسانە حەز دەکەن کاربکەن، بەڵام سەرمایەیان پێ نیە یاخود پارەکەیان لەئاستی پێویست نیە بۆ کارکردن و کردنەوەی پڕۆژە، بۆیە ئەو نێوەندگیریەی دەکەوێتە نێوان دوو لایەنی کارەکە، ئەو کەسانەی کەپارە دادەنێن وەکو سەرمایە و لە بەرامبەر سەرمایەکە سوو وەردەگرن، بۆ ئەو کەسانەشە کەدەیانەوێت ببنە خاوەن پڕۆژە، کارگە، کێڵگە، دەچن داوای قەرز دەکەن لەبانکەکان، ئەم بەڕێوەبردنەی پارەکە ئیش و کاروباری بانکە پارە وەردەگرێت، لەو کەسانەی کەپارەیان پێیە و پاشەکەوتی دەکەن و دەیخەنە ئەو دامەزراوەیەوە کە بانک ئیدارەی دەکات خۆی سوودی لێوەردەگرێت کەپارەکە دەدات بەکەسێک وەک قەرز، سوودی لێوەردەگرێت بۆ خۆی، لەهەمان کاتیشدا سوود دەدات بەو کەسانەی پارە لەبانکەکەدا دادەنێن، لەنێوان ئەو کەسەی پاشەکەوت دەکات و سوودی خۆی وەردەگرێت و بانکیش بەهۆی ئیدارەکردنی پارەکە ئەویش لەبەرامبەری هەیە، کەئەویش فیدە وەردەگرێت لەو کەسانەی کەداوای قەرز دەکەن، بانک ئەو موئەسەسەیە کەئیدارەی ئیش و کاروباری دارایی دەکات لەنێوان ئەو دوو لایەنە، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری داراییان هەیە پێشکەش دەکرێت بەهەردوولا، ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک کەهەژمارێکی بانکی دەکاتەوە لەبانک ئاسانکاری بۆ دەکرێت، لەنێو وڵاتەکە خۆی و لەشارەکە لەگەڵ دەرەوە. وتیشی: لەئێستادا سیستەمی بانکی هەمووی بووەتە ئەلیکترۆنی کەگەشت دەکەیت و دەچیتە شوێنێک گەر ئەو بانکە لقی هەبێت لەو وڵاتە دەتوانی شت بکڕیت و ئەو کارتە ئەلیکترۆنیە بەکاربهێنیت، بۆیە بۆ ئیش و کاروباری خۆی دەتوانێت بەکاری بهێنێت، ئەمەش جۆرێکە لەئاسانکاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی لەشارەکە یان لەوڵاتەکە یان لەنێو وڵاتان. لەنێوان سیستەمی بانکی حکومی و تایبەت، ئەوانە زۆر نزیکن لەیەکتری، بەڵام بانکی حکومی خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، حکومەتیش بەڕێوبەری دەوڵەتەو کاروبارەکانە، بۆیە خاوەنی ئەو بانکە حکومەت دەبێت کەخەڵک بەشدارە لەحکومەتدا، واتە موڵکیەتی گشتییە، بەڵام بانکە ئەهلیەکان یان بانکی تایبەت موڵکیەتی تایبەتە چەند کەسێکن، کەسێکە یاخود زیاتر کەبەڕێوبەری ئیش و کاروباری دارایی خەڵک دەکەن، ئەو دامەزراوەیە تایبەتە چەند کەسێکن، بۆیە ئەوان خاوەنی بانکەکە دەبن تایبەتە، خەڵک زیاتر لەبەرئەوەی ئیمکانیەت و توانای حکومەت لەزۆرینەی وڵاتان زیاترە، ئەگەر بەراورد بکرێتەوە بەتایبەت، بۆیە ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن لەبانکە حکومیەکان زیاترو فراوانترن لەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن لەبانکە تایبەتەکان، خەڵک زیاتر متمانەی بەحکومەت هەیە، جیهازی حکومی ئیدارەی ئیش و کاروباری دەوڵەتەکە دەکات، هەمیشە بەردەوامە ئەو حکومەتە، بەڵام کەرتی تایبەت بەنموونە ئاساییە بانکەکە دابخات و ئیش و کاروباری خۆی کۆتایی پێ بهێنێت، بۆیە حکومەت سیقەو متمانەی زیاترە لەلای خەڵک، خەڵک زیاتر مامەڵە دەکات لەگەڵ بانکە حکومیەکان، بەڵام مەرج نیە ئەمە گشتاندنی بۆ بکەین لەهەموو وڵاتان، لەوڵاتانی دی دەبینین سیستەمی بانکی تایبەت زۆر زۆر پێشکەوتووترە، حکومەت دەستتێوەردان ناکات و ناچێتە ناو ئەو بوارانە، جێی هێشتووە بۆ کەرتی تایبەت ئەو کارانە بکەن، ئیدارەی ئیش و کاروباری دارایی خەڵک بکەن وەک دامەزراوەیەکی بانکی، بۆیە هەندێک لەوڵاتان، وڵاتانی پێشکەوتوو مامەڵە لەگەڵ بانکە تایبەتەکان دەکرێت نەک بانکە حکومیەکان. بەگشتی هاووڵاتی بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاڕادەیەکی زۆر متمانەی بەبانکە حکومیەکان نیە، بە بانکە ئەهلیەکانیش تاڕادەیەک متمانەی نیە، چونکە دۆخی دارایی لاوازە ئێستا لەهەرێمی کوردستان، بۆیە خەڵک حەز دەکات پارەکە لای خۆی بهێڵێتەوە، ئەمە بیرکردنەوەی خەڵکە دەڵێت باشترە لەلای خۆم بێت، دەتوانم بەکاریبهێنم هەرکاتێک پێویستم پێ بوو، نەک لەبانکەکان بێت، لەوانەیە لەبانکەکان حکومەت پێویستی بەپارە بێت، پارە لەبانکەکە رابکێشێت، یان لەکەرتی تایبەت بێت و بانکەکە دابخرێت، بۆیە سیقە کەم بووە لەنێوان هاووڵاتی و بانکەکاندا، ئەمە وایکردووە کەکەرتی یان بواری بانکی لەکوردستان لاواز بێت ئیش و کاروبارەکەی وەک پێویست نەبێت. عوسمان تەها، هاووڵاتی لەلێدوانی بەهاوڵاتی وت: زۆربەی خەڵک بەهۆی خراپی باری داراییەوە تاڕادەیەکی زۆر متمانەی بەبانکەکان نیە، چونکە دارایی کوردستان زۆر لاوازە، بۆیە حەز دەکەم پارەکە لای خۆم بێت باشترەو دەتوانم بەکاریبهێنم هەرکاتێک کە ناچاربم و هۆکارێک بێتە پێشەوە. وتیشی: ئەگەر پارەکانم لەبانکەکان دابنێم لەوانەیە لەبانکەکان نەمێنن و کەس نازانێت بۆ کوێ دەبرێن. بڕیار جەلال، فەرمانبەری حکومی بەهاوڵاتی وت: راستە زۆر مووچەمان فەوتاوە یان پاشەکەوت کراوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت سیستەمی بانکی حکومی شتێکی باش نییەو متمانەم پێی نییە بۆ دانانی پارەکانم و وەرگرتنی قەرز، چونکە بانکی تایبەت هەندێکجار نازانیت کێ خاوەنییەتی و ئەگەر دابخرێت ناتوانی لەکەسی داوا بکەیتەوە. وتیشی: ئەمە وادەکات کەحکومەت متمانەی زیاد بکات لای خەڵکی و فەرمانبەرانی بەتایبەتی، بەڵام بەبۆچوونی من متمانەی فەرمانبەران بەحکومەت بەئاسانی دروست نابێتەوە تەنانەت بەم سیستمەش. بەپێی ئاماری بانکی جیهانی ٤٩ بانکی حکومی و تایبەت لەهەرێمی کوردستان هەن کە بەلقەکانیەوە زیاترن لە ١٠٠ بانک.
شوان عەباس بەدری لەگەڵ دەستپێک و بەردەوامیی شەڕی غەزە، ئەو رۆڵەی ئێران لەو جەنگە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیگێڕێت، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ئێران سەرەڕای پشتیوانی لەبزووتنەوەی حەماس لەململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هێرشی کردەسەر عێراق و سوریاو پاکستان وهەروەها روسیاش بەشێوەیەکی بەرچاو سوودی لەدرؤنەکانی ئەو وڵاتە لەهێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیادا بینیوە. هەرچەندە ئێران تێوەگلانی خۆی لەهەندێک هێرشی وەک پەلاماری ئیسرائیل لە لوبنانەوەو هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەئوردن و هەروەها هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی رۆژئاوا لەدەریای سوور لەبنکەکانی یەمەنەوە رەتکردووةتەوە، ، بەڵام گروپە ميلیشیاکانی سەر بەئێران راستەوخۆ بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشاندا راگەیاندووە. ئەم گرووپانە کێن و رۆڵی ئێران لەم ململانێیانەدا چییە؟ لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەکی زۆر گروپی چەکدار هەن کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە، لەوانە حەماس لەغەزە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لەیەمەن و گروپەکانی دیکە کەبنکەیان لەعێراق و سوریاو بەحرەیندا هەیە. وڵاتانی رۆژئاوا زۆرێک لەو گرووپانەیان کە بە “بەرەی بەرگری” ناسراون، وەک گرووپی تیرۆریستی پۆلێن کردووەو بەگوتەی عەلی فایز، شارەزا لەکاروباری ئێران ، ئەم گرووپانە یەک ئامانجیان هەیە کەبریتییە لە « پاراستنی ناوچەکە لە هەڕەشەکانی ئەمریکاو هەڕەشەکانی ئیسرائیل». بەرای فایز، ئەمەریکا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئێران و مەترسی دووەمیش بریتییە لەئیسرائیل کەئێران وەک بریکارێکی ئەمریکی لەناوچەکەدا سەیری دەکات و دەشڵێت: «ئێران ئەم تۆڕە ميلیشیاییە گەورەیەی لەناوچەکەدا دروستکردووە تا بەو جۆرە هێزی خۆی پیشانی ئەمریکاو ئیسرائیل بدات». هەرچەندە دوابەدوای هێرشە درؤنییەکەی 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 لەئوردن کە بووەهۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، ئێران رەتیکردەوە لەپشت ئەو هێرشەوە بێت، بەڵام بەرخۆدانی ئیسلامی سەر بەئێران، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند. دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر کە بووەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی غەزە، ئەوە یەکەمجار بوو سەربازانی ئەمریکی لەهێرشەکانی ناوچەکەدا بکوژرێن، هەر لەبەرئەمەش جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا گوشارێکی زۆری لێکرا تا تۆڵەی کوژرانی سەربازە ئەمەریکییەکان بکاتەوە. هەر لەبەر ئەو گوشارانەش ئەمریکا دوای هەفتەیەک هێرشی کردەسەر هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەعێراق و سوریا، دواتر ئەمریکاو بەریتانیا هێرشی هاوبەشیان کردەسەر ئامانجەکانی حوسی لەیەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. هەرچەندە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر دوا جەنگی ئێران لەناوچەکەدا تێدەپەرێت بەڵام زۆرجار ئەم وڵاتە لەپشت پەردەی ئالەنگارییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت. هەروەک باسکرا زۆرجار ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە راستەوخۆ دەستی لەگەڵ بریکارەکانی لەناوچەکەدا تێکەڵ کردبێت، بەڵام تاران هەر لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئەو وڵاتەوە، واتە ماوەی 45 ساڵە پشتیوانی لەگروپە چەکدارەکانی ناوچەکەی کردووەو هەر لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە ئەم پشتگیرییە بووەتە بەشێکی دیاری ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی رژێمەکەی ئێران. مێژووی ئێران و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەمریکا دوو رووداو لەمێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەن کەیارمەتیدەرن بۆ روونکردنەوەی پێگەی ئەو وڵاتە لەناوچەکەداو پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەبریتین لە: یەکەم / شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 کە بووەهۆی دابڕانی ئێران لەڕۆژئاوا دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و بەبارمتەگرتنی 52 دیپلۆماتکاری ئەمەریکی لەو وڵاتە، ئیدارەکەی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا نزیکەی یەک ساڵ هەموو تواناوهەوڵێکی خۆیان لەپێناو ئازادکردنی ئەو دیپلۆماتکارانە خستەگەڕو دواجار رایەک لەناو ئیدارەی واشنتۆندا درووست بوو کەدەبێت ئێران لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیربکرێت و هەروەها سزای تووندیشی بەسەردا بسەپێنرێت. هەر ئەمەش وایکرد ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاوادا دژی ئێران پشتی عێراق و سەدام حسێن بگرن. دووەم / شەڕی ئێران و عێراق لەدوای جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی دواجار بەبەستنی ئاگربەستێک لەنێوان ئێران و عێراق ئەو جەنگە کۆتایی هات، بەڵام لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا هەردوو وڵات باجێکی زۆریان داو نزیکەی ملیۆنێک کەس لەهەردوولا بریندارو کوژران و ئابووری ئێرانیش بەتەواوی وێران بوو. ئەم جەنگە بووە وانەیەک بۆ ئێران و کاربەدەستە باڵاکانی ئەو وڵاتە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کەپێویستە تاران لەڕێگەی چەند ستراتیژو تاکتیکێکەوە رێگە بەهەر جۆرە لەشکرکێشییەک بگرێت کە رەنگە لەداهاتوودا بکرێتە سەری و یەکێک لەپلانەکانی ئەو ستراتیژییەش بریتییە لەبەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران و دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی ميلیشیایی. دوابەدوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان لەساڵی 2001و عیراق لەساڵی 2003و هەروەها راپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011، ئەم بۆچوون و ستراتیژییەی لەلایەن ئێرانییەکان زیاتر بەهێزکرد. ئێران چی دەوێت و بەنیازی چییە؟ بێگومان لەڕووی توانای سەربازییەوە ئەمەریکا زۆر لەپێش ئێرانەوەیەو بە رای چاودێرە سەربازیەکانیش ئەم بابەتە هۆکارێکی سەرەکییە کەئێران لەپێناوی مانەوەی خۆیدا ستراتیژییەتی بەرپەرچدانەوە پیادە بکات. هەرلەمبارەیەوە ئەلێکس ڤاتانکا-ی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لەئینستیتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: « جەنگ کردن لەگەڵ ئەمەریکا دوا بژرادەیە کەئێران و بەرەی بەرگری هەوڵی بۆ دەدەن». هەروەها «ڤاتانکا» پێی وایە ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەخۆی لەڕێگەی ميلیشیاکانییەوە تاکتیکی فشار خستنەسەر بەکاردەهینێت، کەئەمەش ستراتیژییەتێکی درێژخایەنەو مەبەست لێی ماندووکردنی ئەمەریکایە لەناوچەکەدا. لەلایەن خۆیەوە «کامەران مارتن» پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ساسیکس-ی بەریتانی هاوڕای بۆچوونەکەی «ڤاتانکا»يەو پێی وایە ئێران دەیەوێت لەسەر شانۆی جیهانی ببێتە هاوکێشەیەکی بەهێز. هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە ، ئێرانی کۆن کە لەمێژوودا بەوڵاتی فارس ناسراوە، رابردوویەکی پرشنگداری هەیەو زیاتر لەدوانزدە سەدە لەناوچەکانی رۆژئاوای ئاسیادا باڵادەست بووە، هەر لەبەر ئەو رابردووەش ئێرانییەکان پێیان وایە کەدەبێت رۆڵێکی کاریگەرو گەورەیان لەسەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەبێت و بەتایبەتیش کەجگە لەلایەنە سیاسییەکە ئەوا خاوەنی کلتوورو ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندیشن و هەر ئەم باوەڕەش بووەتە سووتەمەنییەکی باش بۆ پەلهاویشتنی ئێران بەناوچەکەدا. ئێران تاچەند کۆنتڕۆڵی هەیە؟ «یاسەمەن ماسەر»ی چالاکوانی سیاسی و توێژەری ئیرانی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد پێی وایە کەئێران لەئێستادا کۆنترۆڵێکی ئەوتۆی بەسەر بریکارو ميلیشیاکانی لەناوچەکەدا نەماوە. ئەم چالاکوانە سیاسییە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بەنموونە دهێنێتەوەو دەڵێت: «هەڵەیە گەر بڵێین حوسییەکان بەتەنها فەرمانەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن، بەڵکو ئەوان بۆ خۆیان خاوەنی ئەجیندایەکی تایبەتن و لەڕێی پیادەکردنی ئەو ئەجیندا تایبەتەش بەنیازن خۆیان وەک هێزێکی گەورەو پۆڵایین لەناوچەکەدا بناسێنن، نەک تەنها وەک ميلیشیایەکی سەر بەئێران». لەمبارەیەوە «عەلی فایز» تەواو هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی یاسەمەن و پێی وایە ، کێشەی ئێران لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەکۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر تۆڕی ميلیشیاکانیدا نییەو هەر ئەمەش بۆتە هۆکارێک تاسیاسەتی هەرێمایەتی خۆی بسپێرێتە کۆمەڵێک کارەکتەری نادەوڵەتی. بەبۆچوونی عەلی فایز زۆرجار وڵاتان زیادەڕەوی لەتواناکانی ئێراندا دەکەن، «وڵاتانی دەوروبەری ئێران پێیان وایە کەئەو وڵاتە داڕێژەرە سەرەکییەکەی یارییە سیاسییە شەترەنج ئاساکەی ناوچەکەیە، بەڵام دەبێت بزانین ئێران و گشت هاوپەیمانەکانی نەیانتوانیوە هیچ کام لەئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانیان بەدەستبهینن، هەر لەناچارکردنی ئیسرائیل، بگرە سەبارەت بەبەستنی ئاگربەست لەغەزە و تادەگاتە دەرکردنی ئەمەریکا لەناوچەکە». هەروەها «فایز» باس لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش دەکات و دەڵێت: « بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەئێستادا لەچاو 20 ساڵ لەمەوپێش پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو لەڕاستیدا ئەمە خۆی لەخۆیدا مەترسییە راستەقینەکەیە بۆ سەر ئیسرائیل و رۆژئاوا، نەک گروپ و ميلیشیاکانی سەر بەئێران». جەنگی جیهانی سێیەم لەگەڵ بەرفراوانتربوونی هێرش و پەلامارەکان لەهەموو ناوچەکەدا ئەوا سێرچ لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانیش زیادی کردووە. «ڤاتانکا» لە ئینستۆتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە، دەبێت ئێران بەوریاییەوە جووڵە بکات، چونکە فشارە ناوخۆییەکانی ناو وڵاتەکەی و ناڕەزایی هاووڵاتیان گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی و لەم چەندساڵەی دواییشدا ژنان بوون بەسەرقافڵەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دژ بەڕژێمی تاران. «خەڵکی ئێران زۆر تووڕەن و بۆیان گرنگ نییە کەئێران لەناوچەدا خەریکی چییە» ڤاتانکا وادەڵێت. بەهەمان شێوەش رۆژئاوا ئارەزووی هیج جۆرە بەریەککەوتن و شەڕێک لەگەڵ ئێراندا ناکات ، «ئیلی گێرانمای»، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: « بیگومان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناتوانیت بەرگەی فشاری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەم جۆرە بگرێت بەتایبەتیش کە لەئێستادا لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمەریکا نزیک دەبینەوەو هەروەها ئیسرائیلیش لەتوانایدا نییە کەوەک پێویست خۆی لەمەترسی هڵگیرسانی جەنگەکە بپارێزێت بەتایبەتیش کە قورساییەکەی لەئێستادا لەئەنجامی هەڵگیرسانی جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەغەزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی چووە». «گیرانمای» پێی وایە ، «ئەمەریکا و ئێران لەجیاتی رووبەێووبوونەوەی راستەوخۆی یەکتر، ئەوا ميلیشیاو بەکرێگرتەکانی خۆیان لەناوچەکەدا بۆ بەئامانجگرتن و لێدانی یەکتر بەکاردەهێنن و لەکاتێکدا بەدەستێک لەیەکتر دەدەن ئەوا لەهەمان کاتدا دەستەکەی تریان لەپشتی خۆیان بەستۆتەوە تا بەو جۆرە رووبەڕووبوونەوە و جەنگی راستەوخۆ لەنێوانیاندا روونەدات، چونکە پێشهاتێکی لەو جۆرە لەتواناو بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا نییەو دەرئەنجامەکانی زۆر مەترسیدار دەبن». بەڵام سەرەڕای ئەمەش «گیرانمای» پێی وایە گەر ئاوڕێک لە رووداوەکانی 10 ساڵی رابردوو بدەینەوە کەزۆر «مەترسیدارو ئاگراوی «بوون، ئەوا دەبێت ئەو هۆشدارییەش بدرێت کە گەر بێتوو «دیبلۆماسییەتێکی جددی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەکەوێتە گەڕ، ئەوا دوورنییە رووداوەکان واشنتۆن و تاران بەرەو رێگەچارەی سەربازی راستەوخۆ پەلکێش بکەن، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنێک لەلایەنەکان بەوریایی و ژیری هەڵسوکەوت نەکەن، رەنگە پێشهات و رووداوەکان زۆر لەپێشهات و رووداوەکانی ئێستا پەرەبسێنێت و ناوچەکە بسووتێنێت». سەرچاوە: بی بی سی فارسی
