هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەندینجار وادەی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکردووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئازاری 2024 دوایین وادەبوو بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی تۆمارنەکردووە پێدەچێت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی وادەکە بدات. سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بە هاوڵاتی راگەیاند: بڕیار وایە وادەی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 5ی نیسانی 2024 درێژبکرێتەوە. بەپێی ئەو وادەیەی کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

هاوڵاتی، شوان عەباس بەدری  ئەمرۆ یەکشەممە 31/3/2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بە بەشداری 34 پارتی سیاسی بەرێوە دەچێت و چاوەروان دەکرێت بە ملیۆنەها کورد و تورکی ئەو وڵاتە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە کە بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت گشت لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بتوانن لە شارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی بەرچاو بە دەست بهێنن کە لەم بەینەشدا پارتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بەدەر نییە لەو خواستی سەرکەوتنە، بە تایبەتیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، پارتەکەی "ئەردۆغان" هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی شاری ئەستەنبول خستبووە گەڕ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژردنەکان تووشی شکستێکی گەورە بوو لەو شارەدا. بە بروای چاودێران گەر بێتوو پارتی داد و گەشەپێدان بە رابەرایەتی "ئەردۆغان" لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا رەنگە سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لە رێی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە خولێکی دیکەی حوکمداری ئەو وڵاتە بە دەست بهێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە گشت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئومێدێکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆ هەڵچنیوە و دوای شکستەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی تورکیا لە بەرامبەر ئەردۆغان و هەڵوەشانەوەی هەوپەیمانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رابەرایەتی "پارتی کۆماری گەل"، وەک ماچی دووبارە ژیانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لێی دەروانن تا دووبارە بە سەرکەوتنیان لە شارەگەورە و یەکلاکەرەوەکانی تورکیا لەم دابەشبوون و پەرتبوونە بێنە دەرەوە و هاوپەیمانییەکی بەهێز لە بەرامبەر "ئەردۆغان" و پارتەکەی پێک بهێنن. دەنگی کورد هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا پارتی "یەکسانی و دیموکراسی گەلان" توانی لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و بەسەر پارتەکەی ئەردۆغاندا سەربکەوێت ، بەڵام دوابەدوای هەڵبژاردنەکان بە ماوەیەک حکومەتەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" بە پشت بەستن بە یاسای "قەیوم " ی تایبەت بە دەستگیرکردن یان دوورخستەنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان و بە تۆمەتی پەیوەندی یان خود نزیکییان لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" ژمارەیەک لەو سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوانەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و بە کەسانی نزیک لە خۆی و جێی متمانەی دەوڵەت پۆستەکانیانی پڕ کردەوە کە ئەم هەنگاوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تووندی ئیدانە کراو وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ''دوورخستنەوە و دەستگیرکردنی سیاسیه‌کان، دەنگدەران بێبەش دەکات لەهەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و ستەم و زیان گەیاندنیشە بەپرۆسەی دیموکراسی لەنێوخۆی ئەو وڵاتەدا". لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا لە 15ی ئاداردا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری "هەکاری" سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا داوای لە خەڵک کرد کە دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە بە دەرچوون و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، شارەوانییەکان دەکەن بە مۆڵگەی تیرۆریستان کە مەبەست لێی  "پارتی کرێکارانی کوردستان" بوو و ئەم قسەیەی ئەردۆغانیش نارەزایەتییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو شارەی لێکەوتەوە. کورد لە شاری ئەستەنبول رێژەی لە%10ی دەنگەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت و لەم کێبڕکێیەدا دەنگی کورد لەو شارە بە یەکلا کەرەوە سەیر دەکرێت. هەرچەندە لە ساڵی 2019دا پاری " یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە پشتگیری "ئیمام ئۆغلۆ" یان کرد و یارمەتیدەرێکی باش بوون بۆ سەرکەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی ئەمجارە پارتەکە کاندیدی تایبەتی خۆی خستۆتە روو و بەبروای چاودێرانی ئەو وڵاتەش  پارتی "یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان" بە ئەنقەست کۆمەڵە کەسێکی نەناسراوی کاندید کردووە کە ئەمەش وەک پشتگیرییەکی ناراستەوخۆی ئەو پارتە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبول لێکدەدرێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی تورکیا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٪50.59 ژنان و لە ٪49.41 پیاوان ئەو رێژەیە پێک دەهێنن و هەروەها یەک ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمین جار بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن .

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، گفتووگۆکانی نێوان نوێنەرەکانی ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە ٣١ی ئازار لەقاهیرە سەبارەت بە ئاگربەست دەست پێدەکاتەوە و بنەماڵەی بارمتەکانیش هەڕەشە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەکەن. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە بە پشت بەستن بە هەواڵی کەناڵی تەلەفیزیۆنی قاهیرە نیوز رایگەیاند، گفتووگۆکانی نێوان نوێنەرەکانی ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە  دەست پێدەکاتەوە. هەر لەم بارەیەوە  بەرپرسێکی حەماس سەبارەت بە داواکارییەکانیان بەو ئاژانسەی وتووە،  حەماس دەیەوێت سەرەتا بزانێت ئەنجامی گفتووگۆکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی نێوانگیر چی دەبێت دواتر نوێنەر ئەنێرێت. جگە لە حەماس ئیسرائیلیش ئامادەی خۆی بۆ دانیشتنەکان دەربڕی و رۆژێک دوای ئەوەی دادگای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ  بڕیاریدا  کە ئیسرائیل پێویستە ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بچنە ناو غەززەوە، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا دانیشتنەکان لەگەڵ حەماس دەستپێبکاتەوە و دوابەدوای بڕیارەکە  نووسینگەی نتانیاهۆ رایگەیاند کە گفتووگۆ نوێکان لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە رۆژانی داهاتوودا لە دووحە و قاهیرە بەڕێوە ئەچێت. هەر ئەمشەویش ٣٠/٣/٢٠٢٤ له‌ هه‌نگاوێكی نوێدا بۆ په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌ نه‌ته‌نیاهۆ ، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ڕفێندراون و ده‌ستبه‌سه‌رن، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا و ڕایانگه‌یاند، "خه‌باتێكی مه‌ده‌نی فراوان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن". جێگەیباسە لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل و حەماس بە نێوانگیری میسر و قەتەر گفتووگۆیان  لەسەر راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی ٦ هەفتە و لە بەرامبەردا ئازادکردنی ٤٠کەس لە ١٣٠ کەس بارمتەی ئیسرائیل کە لای حەماس بارمتەن کرد بەڵآم بەهۆی ئەوەی بە مەرجەکانی یەکتر ڕازی نەبوون هیچ ڕێککەوتنێک نەکراو نوێنەرەکانیان گەڕانەوە. سەرەڕای بڕیارنامەو داواکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پێویستی راگرتنی جەنگ لە غەزە، جەنگ لە غەزە هەر بەردەوامە و تا دێت ژمارەی قوربانیان بەرزدەبێتەوە هاوکات نەبونی سەرچاوە مرۆییەکانی وەک ئاوی خواردنەوەو خۆراک و دەستنەگەیستن بە پێداویستییە پزیشکییەکان قەیرانێکی مرۆی ترسناکی لە غەززە دروست کردووە.  

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن و وتی: پارەی مووچە بە تەواوی زامن کراوە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ھەمواری یاسای بوودجە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند دەکات، لە ھەمواری یاساکەشدا، مووچەی مووچەخۆران بە بڕی ٦٩ ترلیۆن دینار جێگیرکراوە و مووچە تێیدا بەتەواوی پارێزراوە. وتیشی، كۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران 69 تریلیۆن دیناره‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ته‌واوی زامن كراوه‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه‌. ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دارایی عێراق پارەدارکردنی پارێزگاکان دەستپێدەکات، جگە لەوەش جموجۆڵێکی باشی کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان بۆ وەبەرھێنان لە عێراق ھەیە. عەوادی راشیگەیاند، پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوامە و بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی لە عێراق ھەنگاو دەنێن. سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانیش له‌ عێراق، وته‌بێژی حكومه‌تی به‌غدا وتی: هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌ی عێرق و ئه‌مریكا چواره‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه له‌ هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ كرابوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌بێت، به‌ڵام‌عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بودجه‌ی 2024دا زامن كراوه‌ و هیچ جۆره‌ قه‌یرانێكی دارایی له‌ عێراقدا نییه‌.

هاوڵاتی ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە،وگومانیان هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنن ئەنجامەکەی لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە. دیاری حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر قەبوڵکردن یاخود ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات، پارتی گومانی هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت ئەنجامەکە لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە. دەشڵێت ،"پارتی نایەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردن بکرێت و ئاراستەی هەڵبژاردن بە لاڕێدا ببرێت وەکو ئەوەی لەکەرکوک و موسڵ ڕوویدا." سبەینێ یەکشەممە،31 ی مانگی 3 ی 2024، وەکو دوا وادە بۆ ڕادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دانراوە و ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتیش دەڵێت ، "پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە". جێگەیباسە ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت. ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت

هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ شەممە لە پیرمام پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و ڕایگەیاند ،ناكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت. ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین  مەسعود بارزانی پێشوازی لە  ئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد دواتر بارەگای بارزانی لەدوای کۆبونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵآوکردەوە و تیایدا هاتووە لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،  پەیوەست بە  بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لە هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بارزانى ئاماژەى بەوەکردووە، پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان. بارزانى ڕاشیگەیاندووە، کە پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە  بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. هەروەها جەختیکردووەتەوە، ناكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت و وتویەتى: هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. سەرۆکى پارتى ڕاشیگەیاند، ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت، هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟ بارزانى باسی لەوەشکرد، هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.   دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات ڕۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمەریكای كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.  سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت. هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە  بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون.  سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟  سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆ مووچەی مامۆستایان زیاد بکرێت ومامۆستایانی خانەنشینیش دەگرێتەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نووسراوی ژمارە ٤٦٦ی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بە زیادکردنی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەی مامۆستایان". ئاماژە بەوەشکراوە "هەر مامۆستایەک بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەکەی زیاد دەکرێت ئەوەش لەپای سوپاس و پێزانینی حکومەتە بەرامبەر بە هەوڵەکانیان کە بەردەوامن لە فێرکردن و پێگەیاندنی پڕۆسەی پەروەردە. هەروەها سودانی پێی راگەیاندوون کە مامۆستایان شایەنی زیاترن و پێویستە ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت لە سەرجەم مامەڵەکانیاندا". ئەوەشخراوەتەڕوو "بڕیارەکە بەمەبەستی گونجاندنی ژیان و بارودۆخی ئابووری مامۆستایان لەگەڵ دۆخی ئابووری ناوخۆی وڵاتدا و سەرجەم مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینانی ئەو وەزارەتەش".

هاوڵاتی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەبارەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژ بۆ مانگی 12ی ئەمساڵ زانیاری دەخاتەڕوو. کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی راگەیاند "قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی گشتی و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵێنیان پێداوین هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پێش جەژن شایستە داراییەکانی وانەبێژان بۆ مانگی 12 دابەشبکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندوین ئەگەر بەغدا پارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بنێرێت، ئەوا رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی سەرجەم وانەبێژان دابەشدەکرێت".

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت، ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە. عەبدولئەمیر شەممەری, وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند "زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە و لە سیستمی كارتی نیشتمانیدا تۆماركراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لە سەرەتای مانگی نیسان بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت، هەروەها لە ئایندەدا كارتی نیشتمانی لە بری كارتی دەنگدان بەكاردەهێنرێت".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچەکانی بڵاوکردەوە. کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە 30ی ئازاری 2024 ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما بەرز ەبێتەوە بە (1- 2) پلە لە تۆمارکراوی دوێنێ". ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی پێشبینییەکان بێت سبەینێ یەکشەممە 31ی ئازاری 2024 ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە لە تۆمارکراوی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی - هەولێر : 26 - سلێمانی : 24 - دهۆک : 25 - کەرکوک : 28 - هەڵەبجە : 25 - زاخۆ : 25 - سۆران : 23 - حاجی ئۆمەران : 17 - گەرمیان : 30

هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە کە لە نێوان دوو تانکەردا روویدا سوتەمەنی رژایە ناو ئاوی زێی بچوک لە سنوری قەزای دوکان دابەشکردنی ئاو راگیرا. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند "بەهیواین لە زووترین کاتە پاشماوەی سوتەمەنی رووداوی هاتووچۆکەی قەزای دوکان  پاک بکرێتەوە و دابەشکردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە "تیمەکانی  سەرۆکایەتی شارەوانی دوکان و لایەنە پەیوەندارییەکانی تری ناوچەکە هەڵمەتێکیان ئەنجامداوە بۆ زوو پاکردنەوەی تەواوی پاشماوەکانی رووداوەکە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتییاندا دەستپێبکاتەوە".

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت تاوەکو کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو نەیەت بەغدا مووچەی مانگێکی دیکە نانێرێت. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند "بەپێی یاسای بودجە و رێکارە کارگێڕی و ژمێریارییەکان پێویستە هەرێم دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو میزان مراجعە بنێرێتەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی مانگی ئازار بنێرێت". سبەینێ شەممە 30ی ئازاری 2024 دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران دەستپێدەکات و بەپێی ئەو خشتەیە بێت کە وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردووەتەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 4ی نیسانی 2024 مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرێت.

هاوڵاتی شارەزایەکی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم پرسیار نامەیەکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردۆتەوەو تیایدا بە وەڵامدانەوەی  ٢٥ پرسیار تیشکدەخاتە سەر رەهەندی هونەریی و لۆجستی و یاسایی و سیاسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا. ئارام جەمال توێژەر و شارەزای هەڵبژاردن کە پرسیار نامەکەی ئامادە کردووە ووێنەیەکی بۆ هاوڵاتی ناردووە تیایدا باس لە جیاوازی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی تورکیا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات هاوکات ئاماژە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پاشەکشەی هاوپەیمانێتییەکان و نەبونی کورسی کۆتاکان دەکات. رۆژی یەکشەممە رێکەوتی (2024-03-31) بیستەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا 61,441,882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و 36  پارتی سیاسی کێبڕکێ دەکەن لەسەر بردنەوەی سەرۆکی (30) گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی (51) پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی (1393) قەزا و (53) هەزار موختاری گوند و گەڕەک و ئەندامی ئەنجومەنی پیران. وەک لە پرسیارنامەکەدا هاتووە، سیستمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دوو جۆرە: بۆ گۆڕینی دەنگی لیستی پارتە سیاسییەکان بۆ کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی شارەوانی قەزاکان، سیستمی هەڵبژاردنی (لیستی داخراوی نوێنەرایەتی رێژەیی/ شێوازی هۆندت) پیادە دەکرێت، ئەویش بە دابەشکردنی ژمارەی دەنگەکانی هەر حزبێک بەسەر ژمارەکانی (1، 2، 3، 4، 5، 6، 7... هتد). لە کاتێکدا بردنەوەی کورسییەکەی سەرۆکی گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی قەزا و موختارەکان بە سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی براوەی یەکەم دەبێت. سەبارەت بە جیاوازی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئارام جەمال دەڵێت، ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە جیادەکاتەوە ئەوەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەربەستی هەڵبژاردن لە بەردەم ئەو حزبانەدا نییە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دەکەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا رێژەی بەربەستی (7%) لە بەردەم حزب و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکاندا هەیە. هاوکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تەنها دەنگدەرانی ناوخۆی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنە خۆجێیەدا بکەن و دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا ئەو مافەیان پێنەدراوە دەنگ بدەن. جێگەیباسە بە گوێرەی ئەو پرسیارنامەیە،  کۆتای ژنان لە هیچکام لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پەرلەمانی تورکیادا بوونی نییە، هاوکات شتێک نییە بەناوی تەرخانکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان و تەنانەت رێگە نادرێت بە پارتە سیاسییەکانی سەر بەو پێکهاتانە ناسنامە و سیمبوڵی نەتەوەیی و ئایینی بە پاشگری ناوەکانیشیانەوە هەبێت. سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش ( تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان ) بە گوێرەی پرسەنامەکە بوونی نییە و ئەو شارەزایە باسی لەوە کردووە کە، لەگەڵ ئەوەی سەرباز و عەسکەر لە زیهنیەتی هاوڵاتیان و دەوڵەتدارانی تورکدا جێگەیەکی سەرتۆپی هەیە بەڵام دەنگدانی تایبەت لە هیچکام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی تورکیادا پیادەناکرێت و رۆژی تایبەتیان بۆ جیانەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە و بێگەردی هەڵبژاردنە گشتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن یان ئەو سەربازانەی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانیان بە خاوو خێزانەوە گوێزراونەتەوە بۆ پاریزگاکانی دیکە، بە تایبەتی بۆ باکوری کوردستان، ئەوانە لە رۆژی دەنگداندا لەوێ دەنگدەدەن و دەنگەکانیشیان لە سنوری ئەو بازنەی هەڵبژاردنەدا بۆ هەژمار دەکرێت، کە دەنگیان تێدا داوە نەک بۆ ئەو بازنەی هەڵبژاردنە بگەڕێتەوە کە تێیدا نیشتەجێن، دیارە ئەمەش رێژەیەک کاریگەری دادەنێت لەسەر ئەنجامی دەنگ و کورسی لە ناوچە کوردییەکاندا.   هەڵمەتی هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی 1ی هەموو پێنجەمین ساڵی رۆژمێری هەڵبژارنەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا سەعات (6)ی ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی 30 مارتی 2024 ، لەوێوە بانگەشەی هەڵبژاردن رادەوەستێت و متبوونی هەڵبژاردن لە 32 پارێزگای باکوری کوردستان و ناوەڕاستی تورکیادا دوانزە سەعاتە لەبەرئەوەی پرۆسەی دەنگدان بەهۆی زوو خۆرئاوابوونەوە لە کاتژمێر (7)ی بەیانییەوە دەستپیدەکات هەتا (4)ی عەسر بەڵام هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 49 ولایەتی ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیادا لە كاژێر (8)ی بەیانییەوە دەستپێدەكات بۆ (5)ی عەسر و دوای ئەوە راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەکرێت و لە کاتژمێر (11:59)ی هەمان رۆژدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت. ئەو شارەزایە سەبارەت بە بەشداری کوردیش لەو هەڵبژاردنانەدا دەڵێت: هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆماری تورکیادا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە ساڵی 1930دا یەکەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کە بیستەمین خولە، تەنها دووجار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا دواکەوتووە، یەکەمیان بەهۆی کودەتای ساڵی (1960)وە بووە، کە بەهۆیەوە هەڵبژاردنەکە  3 ساڵ دواکەوتووە و دووەمجاریش بەهۆی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ((1980ی کەنعان ئیڤرینەوە 2 ساڵ دواکەوتووە. ئەوەی گرنگە لەو ماوە دورو درێژەدا کورد دوای تێپەڕبوونی 69 ساڵ و پانزە خول بەسەر ئەنجامدانی یەکەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، توانی ساڵی  1999 بۆ یەکەمین جار لە ژێر ناوی (پارتی گەلی دیموکراتی -HADEP )دا بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتەدا بکات و تێیدا 37 شارەوانی و لە نێویاندا 7 سەرۆک شارەوانی لە ناوچە کوردییەکاندا بباتەوە. پارتی گەلی دیموکراتی، کە ساڵی 1994 دامەزراوە، لە دوای داخستنی هەریەک لە (پارتی رەنجی گەل- HEP) و (پارتی ئازادی و دیموکراتی -OZDEP) و (پارتی دیموکراتی- DEP)یەوە دێت لەلایەن دادگای دەستووری ئەو وڵاتەوە. یاسای قەیوم بە دەنگی زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەکانی هەردوو پارتی ئەکەپە و مەهەپە و مانگێک دوای کودەتاکەی رۆژی 15ی حوزەیرانی 2016 و لە سەروبەندی راگەیاندنی باری نائاساییدا دەرچوێندرا. لە ماوەی دوو ساڵی راگەیاندنی باری نائاساییدا و پاڵپشت بە یاسای قەیوم لە کۆی 102 سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی سەر بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP -پارتی دیموکراتی گەلان HDP) 94 سەرۆکشارەوانیان دورخرانەوە و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکران، وەک گەورە سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی ئامەد و وان و ماردین و هەمان رۆژ کاربەدەستانی تر وەک نوێنەری دەوڵەت لە جێگەیان دانران. دەقی پرسیارنامەکە لێرەدا بخوێنەرەوە  

هاوڵاتی داهاتی هەفتەی ڕابردووی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین 4.5 ملیار دینار بووە و بەوەش داهاتی ئەو سنوورە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بۆ نیوە كەمی كردووە.  ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە 23ی ئازار تاوەکو 29ی ئازار، بڕی داهات چوار ملیار و 53 ملیۆن و 513 ھەزار و 787 دینار بووە. هەر بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕەکە، لە داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی چوار ملیار و 47 ملیۆن و 97 هەزار و 33 دینار بەشێوەی نەختینە بووە و شەش ملیۆن و 416 هەزار و 457 دیناری بەشێوەی چەک بووە. ئەمەشلەکاتێکدایە داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی پێشوو بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە بە جۆرێک لە 16 تاوەکو 24ی ئازار بڕی داهات هەشت ملیار و  909 ملیۆن 571 هەزار و 232 دینار بووە. ماڵپەڕی شەفافیەت لە بەرواری 15ی کانونی یەکەمی 2022 لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان راگەیەندرا .

هاوڵاتی هەشت ئەندامی کۆنگرێس نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کردووە داوا لە بایدن دەکەن پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق نەکات کە بڕیارە مانگی چوار سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ئەنجام بدات بەهۆی ئەوەی بینینی مەسرور بارزانی ڕەتکردۆتەوە. دوای ئەوەی نووسینگەی سوودانی ئاشکرایکرد بڕیاره‌ رۆژى 15ـى نیسان، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى ئه‌مریكا بكات و له‌ كۆشكى سپى له‌گه‌ڵ جۆو بایدن، سه‌رۆكى ئه‌مریكا كۆبێته‌وه‌ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 28ى ئازار، هەشت سیناتۆری ئەمریکی نامه‌یه‌كى هاوبه‌شیان ئاراسته‌ى جۆو بایدن، سه‌رۆكى ئه‌مریكا كردووه‌ کە داوادەکەن سه‌ردانه‌کەی محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كه‌ بڕیاره‌ 15ـى نیسان به‌ڕێوه‌بچێت هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌, به‌بیانووى ئه‌وه‌ى، حكومه‌ته‌كه‌ى سودانى له‌ژێر كاریگه‌ریی ئێراندایه‌. له‌ به‌شێكى نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا كراوه‌ كه‌، سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى مانگى رابردووى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمدا بۆ ئه‌مریكا ئاماده‌ نه‌بووه‌ بیبینێت و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكات. هاوکات له‌ نامه‌كه‌دا باس لە ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیه‌وه‌ كراوه‌ و ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ زووترین كات هه‌وڵه‌كانى چڕبكاته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ى پشتیوانیكردنى دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان.  ئەو نامەیەی لەلایەن سیناتۆرەکانەوە نێردراوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا:  سەرۆک بایدن: ئێمە نیگەرانی قووڵی خۆمانتان بۆ دەردەبڕین سەبارەت بە میوانداریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە کۆشکی سپی لە مانگی نیساندا. حکومەتی عێراق هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی بەرچاوی ئێراندایە و حکومەتی عێراق سێ ملیار دۆلار بۆ هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکات کە 4 گروپی تیرۆریستی لەژێر سزاکانی ئەمریکادا لەخۆدەگرێت. ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بە تەنیا زیاتر لە ١٨٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر بوونی ئەمریکا لە کوردستان و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەربازی ئەمریکی و زیاتر لە ١٠٠ بریندار. سەرەڕای ئەمەش ئیدارەی ئێوە بەردەوامە لە پێدانی ئیستسنای حکومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غازی سروشتی ئێران و هەموو ئەمانەش بە گواستنەوەی دۆلار لە یەدەگی ئەمریکی بۆ عێراق ڕوودەدەن. لە کاتێکدا بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەیت بۆ سەردانی واشنتۆن، ئێوە ڕەتتان کردەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی کۆببنەوە، کە هاوبەشێکی گرنگە و میوانداری زۆرترین هێزەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا. حکومەتی عێراق بە هێزێکی تەواوەوە لەگەڵ تاران دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان کاردەکات و ئەمەش بڕینی بودجە بۆ کوردستان و داخستنی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەگرێتەوە کە نوێنەرایەتی زۆربەی سەرچاوەکانی ئابووری کورد دەکات. دەبوو سەرنجتان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ هاوپەیمانەکانمان لە کوردستان بکردایە. پێویستە پێشمەرج بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی سودان دابنێن، کە دەستبەجێ کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا، بەمەش کوردستان بتوانێت نەوت هەناردە بکات. هەروەها پێویستە داوای ئەوە بکەن کە حکومەتی عێراق دەست بە دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. لە کۆتاییدا نابێ ڕێگە بە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی بۆ عێراق نەدەیت تا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پشتڕاستی نەکاتەوە کە ئەو گواستنەوەیانە هیچ سوودێکی بۆ ڕێژیمی ئێران و بریکارەکانی لە عێراقدا نابێت.