هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رێژەی بارانبارینی 12 کاتژمێری رابردووی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بە میلم بڵاوکردەوە، کە بەم شێوەیە بوون: ئامێدی 4.2 بامەرنی 6.4 بارزان 0.4 بازیان 0.4 دەربەندیخان14.4 هەولێر 0.2 حاجی ئۆمەران 1 هەلەبجە 14.4 هەڵشۆ 2 خەبات  1.6  مانگیش 3.4 مەیدان 4.6 سۆران 1.6 پێنجوین 13 قەلادزە 1.2 باتوفە 0.2 مێرگەسۆر 2.2 سیدەکان 1.6 چۆمان 1.8 پیرمام  1 سلێمانی 8.5  چەمچەمال 6 دهۆک 4.4 زاخۆ 15.1 کەرکوک 1 شەمامک 2.6 دووز 0.6 خانەقین 0.2

هاوڵاتی پۆلیسی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، ژن و مێردیکی عێراقیان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەیان لەسەرەو تۆمەتبارن بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مافی مرۆڤ لەبەر ئەوەی دوو کچی ئێزدییان کردووە بە کەنیزە. ئەم ژن و مێردە کە ناویا "توانا" و "ئاسیە"یە، تۆمەتبارن بەوەی لە ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ لە عێراق و سوریا دوو کچی ئێزدیان کردووە بە کەنیزە و دەستدرێژی سێکسیان کردوونەتە سەر و ئازار و ئەشکەنجەیان داون. پۆلیسی ئەڵمانیا باس لەوەدەکات، ئەم ژن و مێردە بەر لەوەی ساڵی ٢٠١٧ سووریا بەرەو ئەڵمانیا جێ بهێڵن ، دوو کچە ئێزدییەکەیان سپاردووەتە دەست ئەندامانیتری داعش، هەروەها بە وتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، هەموو ئەم تاوانانە وەک هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئایینی ئێزدی دێتە ئەژمار و تاوانی دژ بە مافی مرۆڤە.

هاوڵاتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە". وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە". وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیان بکوژی گەنجەکەی قەزای سەیدساق دەستگیرکراوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی لەلایەن نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتەوە هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرایەوە کە کەسێک بەفیشەک بریندار کراوەو گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانەکەیان، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو لێکۆڵینە بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد، دواتر بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداو بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بکوژەکە دەرکرد". ئاماژە بەوەشکراوە "سەرەنجام بکوژ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردو لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیرکراو لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوەو بەبڕیاری  دادوەرو بەپێی مادەی 406 راگیراوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار (ب، ع) هۆکاری تاوانەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی".

هاوڵاتی  ئارام رەفعەت لە نووسینێکدا کە لە پەڕەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی: ژنە فەرماندەیەکی کورد کە فەرماندەی رزگارکردنی رەققەیە، وەک پاڵەوانێک دەخرێتە ناو یەکێک لە پڕ بینەرترین دراماکانی ئەمساڵ. بەڵام چ رۆڵێک و چ پاڵەوانێک…؟ زنجیرە دراماکە بەناوی  The three body problem واتە سێ کێشەی جەستەیە، کە نووسەری زانستی خەیاڵی چینی لیو سیکسین نووسیوییەتی. لە دراماکەدا جیهان و مرۆڤایەتی لەلایەن بوونەوەری هەسارەکانی تری گەردوون رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون دەبێتەوە. زانایان لە پووچەڵکردنەوەی ئەم مەترسییە شکست دێنن. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی رزگارکردنی مرۆڤایەتی دەگرێتە ئەستۆ. بۆ ئەو مەبەستە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سێ پاڵەوان هەڵدەبژێرێت بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی. یەکەم پاڵەوان پڕۆفیسۆرێکی چینی کە پسپۆڕە لە مێژووی جەنگەکاندا. دووەم پاڵەوان ژنە شەڕڤانێکی کوردە، بەناوی لەیلا ئاریچ، کە فەرماندەی شەڕی رزگارکردنی رەققەی پایتەختی داعشی بووە. سێیەم پاڵەوانیش زانایەکی بەریتانییە کە پسپۆڕە لە بواری فیزیا. دوو پاڵەوانە بییانییەکە پیاون و کوردەکەش ژنە شەڕڤانێکە. کە ئەمەش مانا و مەغزای هەم قووڵ و هەم سیمبۆلیکی هەیە. لە دراماکەدا، سکرتێری یو ئێن ئاوا پاڵەوانە کوردەکە پێشکەش دەکات: “خانمی ئاریچ لەجەنگی دژی داعش لە رەققە ناوبانگی دەرکردووە و وە ئەزموونێکی ناوازەی لە بردنەوەی جەنگی نا هاوسەنگدا هەیە.” گرنگتر لەوە، لەیلا ئارنیچ بە جل و بەرگی گە-ریلا دەچێتە سەر سەکۆی یو ئێن و لە فلیمەکەدا رۆڵ دەبینێت. نووسەر لە سەر زاری دوو کاراکتەری دیکەی ناو دراماکە، زیاتر ئەم پاڵەوانە کوردەمان پێدەناسێنێت کە ئەرکی رزگارکردنی مرۆڤایەتی خراوەتە سەر شان. کارەکتەرێکییان دەڵێت ئەو ژنە ژەنەڕاڵە خاوەن ئەزموونێکی گەورەی جەنگە. ئەوەی دیکەشییان دەڵێت ژنە پاڵەوانێکی کوردە. ئەو ژنە پاڵەوانە کوردە کێیە…؟ ئەگەر هەموو شتێکی ناو ئەم فلیمە خەیاڵی زانستییە خەیاڵ بێت، پاڵەوانە کوردەکەی ناو دراماکە خەیاڵ نییە و کاراکتەرێکی واقیعییە. پاڵەوانەکە رۆژدا فەلاتە. رۆژدا فەلات کێیە..؟ رۆژدا فەلاتی ٤٤ ساڵە کچی قاميشلۆیە و ئادابی عەڕەبی لە زانکۆی حەسەکە خوێندووە. یەکێکە لەو یەکەمین ژنانەی کە لەسەرەتای شۆڕشی رۆژاڤا پەیوەنی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، کردووە. رۆژدا بۆ یەکەمجار لە ٢٠١٢-٢٠١٣دا لە شەڕی رزگاری حەسەکە بەشداری کردووە.  رۆژدا لە جەنگی کۆبانی و لە بەرەی مشتەنوور بەشدار بووە. بەرپرسی ئەو یەکینەیە بووە کە ئارین میرکانی ئەفسانەیی خۆی بە تانکی داعشدا تەقاندەوە. لە جەنگەکانی رزگاری شەدادی، تل حەمیس، گرێسپی، مەنبەج و تەبقەدا رۆڵی کاریگەری  هەبووە. رۆژدا لە جەنگی رزگاری رەققەدا دەبێتە فەرماندەی ١٥ هەزار شەڕڤان و بە فەرماندەیی ئەو پایتەختی تاریکی و مۆڵگەی دڕندەترین کائینی ئەم سەردەمە رزگار کرا. رۆڵی قارەمانانە و مەزن و سەرکەوتووی رۆژدا لە رزگاری رەققەی پایتەختی خەلافەتی داعشدا بووە جێگای سەرسامی  چاودێران لە سەرتاپای جیهان.   لە فیلمی دۆکومێنتاری من شۆڕشم، کە هی دەرهێنەری ئیتاڵی بینیدیتا ئارگێنتەرە چیرۆکی سێ ژن دەگێڕێتەوە کە لە سێ وڵاتدا رۆڵی فەرماندەیی دەبینن، یەکێک لەو سێ ژنانە رۆژدایە، کە لە فلیمەکەدا بە پۆشاکی یەکینەکانی پاراستنی ژن دەردەکەوێت. لە درامای سێ کێشەکانی جەستەدا، ئەکتەری ئەمریکی بە رەگەز سوری، سالەم مۆرفی، رۆڵی لەیلا ئارنیچ دەبینێت. دراماکە لە نێتفلیکس، پەخش دەکرێت و تا ئێستا ریکۆردی شکاندووە لە بینین.  دراماکە دۆبلاژ کراوە بۆ تورکی و تورکەکان بەفراوانی بینییویانە.  چاوەڕوان دەکرێت تورکەکەکان رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی شەکرە و پەستانی خوێن و تەنانەت جەڵتەی دڵ و مێشک ببنەوە.  لەسای شەڕڤانانی ئازادیدا هەموو رۆژێک کوردبوون شانازییە.

  هاوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ بارینی باران کە هەندێ جار بە لێزمه دەبێت و هەورە تریشقەى لەگەڵدا دەبێت لە کاتەکانى دواىنیوەڕۆدا، بەتایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکاندا، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (دوو تا پێنج) پلەی سیلیزی دادەبەزن. ئاماژە بەوەشکراوە، سبەینێ ئاسمان بەگشتى لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەورى تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمە باران بەشێوەى پچڕ پچڕ هەندێ جار بارانی بە لێزمە دەبێت بە تایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکاندا، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ (یەک تا دوو) پلە نزمتردەبێت، بەڵام لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە و ناوچەکانى ئیدارەی گەرمیان بەرزدەبێتەوە.

هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت ئێستا لە دۆخێکی هەستیار و گرنگداین، ئاماژەی بەوەشکرد خراپبوونی باری دارایی هاوڵاتییان نەهامەتی دەهێنێتە کایەوە. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە ئێستا لە دۆخێکی هەستیار و گرنگداین، مرۆڤایەتی تووشی جەنگێکی جیهانی گەورە بووەتەوە و وڵاتەکەی ئێمەشی گرتووەتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئومێد دەکەم بە ئیرادەیەکی هاوبەش نێوان خۆمان و ریزەکانمان چاکبکەن، ماڵی خۆمان رێکبخەینەوە و نەبین بە بەشێک لەو ململانێ و ئەجێندایانەی لە ناوچەکە و جیهاندا دەگوزەرێ، سەقامگیری بەرپا بکەین، خراپبوونی باری دارایی هاوڵاتییان نەهامەتی دەهێنێتە کایەوە". ئەوەشی خستەڕوو "ئەزموونی رابردوو پێی وتینئێمە لە هەر نەهامەتییەکدا بین سەردەکەوین، لە هەر شتێکیش داببڕێن لەیەکتری چەندیش کارەکە ئاسان بێت ناتوانین سەربکەوین. بۆیە قۆناغی ئەوەیە ئەزموونی چەند ساڵی رابردوومان ئەزموون کردبێت، نەهامەتییەکان دووبارە نەکەینەوە، ئەم جەژنە دەستپێشخەری بکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر ئاشتبینەوە، ئاشتییەکی سەرتاسەری لە کوردستاندا بێتە کایەوە. بەرنامەیەکی نیشتمان بۆ کوردستان بێنینە کایەوە بۆ قەوارەکەمان".

هاوڵاتی لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و شارەزایەکی کەشناسیش هۆشداری دەدات. سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی راگەیاند "له ئێستادا هەورێکی چڕی بەهێز دروستبووە لەوناوچانە هەڵگری بارانی بەخوڕ و تەرزەیە ماوەی چەند کاتژمێرێک دەمێنتەوە، ئەگەری لافاوی زۆر هەیە لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و دەوربەری بۆ ئاگاداری ئەوناوچانە". بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بێت سبەینێ چوارشەممە کە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە بەرانبارین بەردەوام دەبێت.

هاوڵاتی کوژرانی ٦ کەس لە هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوانیوەڕۆی سێشەممە ٩ی نیسان، هێرشکرایە سەر هێزە سەربازییەکانی ئێران لە جادەی سیوران- مەهرستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و بەو هۆیەوە شەش سەربازی حکومەتی ئێران  کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. سوپای داد، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ و نووسیویەتی "ماوەیەک لەوە پێش هێزێکی ئۆپێراسیۆنی ئیتلاعات لە جادەی سیوران- مەهرستان لە لایەن موجاهیدەکانی رێکخراوی سوپای دادەوە کرایە ئامانج و ٦ کەس کوژران و کەسێکیان بریندار بوو و ٣ ترۆمبیل سووتێنرا". بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "حال وەش" کە هەواڵ و زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاوئەکاتەوە، ئەم هێزانە لە جاددەی سیب و سیوران لە گەڕاندا بوون کە هێرش کراوەتە سەریان. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەمپەینی چالاکانی بەلوچی راگەیاندووە ، هێزەکانی جەیش العدل لەم هێرشەدا چەکی بێدەنگیان بەکار هێناوە، بۆیە دەنگی تەقەکردنیان نەبیستراوەو توانیویانە دوای هێرشەکە لە شوێنەکە دوور بکەونەوە. ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە پێنج کەس لە هێزە سەربازییەکان لە شوێنی رووداوەکە کوژراون و سەربازێکی تریش کە بریندار بووە، لە رێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە هیوای ئەوەی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵمان سەرەتای قۆناغێکی نوێ و جیاواز بێت و پێکەوە بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە، کۆتایی بە هەمو جۆرە زوڵم و ستەم و گەندەڵی و بەدکارییەک بێنین و جارێکی تر متمانە لە نێوان خەڵک و سیاسەت و، سیاسەت و حوکمڕانیدا دروست بکەینەوە و گەلی کوردستان بکەینەوە مەرجەع و سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەتی حوکمڕانی. دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی: هاونیشتیمانیانی ئازیز، هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان، بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم و لە خوای گەورە دەپارێمەوە نوێژ و رۆژو و عیبادەتەکانی هەموو لایەکی قبوڵ کردبێت و هەمیشە لە خۆشی و شادی و جەژندا بن. جەژنی رەمەزان لە تێکڕای موسوڵمانانی کوردستان و جیهان پیرۆز بێت و ببێتە سەرەتای خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەک. بە هیوای ئەوەی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵمان سەرەتای قۆناغێکی نوێ و جیاواز بێت و پێکەوە بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە، کۆتایی بە هەمو جۆرە زوڵم و ستەم و گەندەڵی و بەدکارییەک بێنین و جارێکی تر متمانە لە نێوان خەڵک و سیاسەت و، سیاسەت و حوکمڕانیدا دروست بکەینەوە و گەلی کوردستان بکەینەوە مەرجەع و سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەتی حوکمڕانی. جارێکی تر بە گەرمی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی پیرۆزتان لێدەکەم، بە هیواوە دەڕوانمە ئیرادە و هۆشیاری گەلی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی حوکمڕانی خراپ و دامەزراندنی سەرەتای حوکمڕانییەکی رەشید و نوێ. خوا موبارەکی بکا و هەر لە جەژن و خۆشیدا بتانبینم. لاهور شێخ جەنگی

هاوڵاتی د.سامان به‌رزنجی‌، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی نیشتمانی كوتان دژی نه‌خۆشی سورێژه‌ به‌ پێكوته‌ی دژه‌ڤایرۆسی سوڕێژه‌ی تێكه‌ڵاو ده‌ستپێدەکات.  ئاماژە بەوەشکراوە، سورێژه‌ نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی گواستراوه‌یه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌كانی پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و نه‌وه‌كانی ئاینده‌، له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونسێف، هه‌ڵمه‌تێكی گشتگیر و فراوانی سه‌رانسه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات. دەقی راگەیەندراوەکەی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان: هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە دەست پێدەکات ... بەڕێز (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سوڕێژەی تێکەڵاو دەست پێدەکرێت. سوڕێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و نەوەکانی ئایندە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونسێف، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان، هاوکات بەردەوامیش دەبێت لەزیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی ڕۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پەیڕەوکردنی کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو. ئەم هەڵمەتە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت لە باچخەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان لە ڕێگەی 3,280 كارمەند، نزیکەی873,191 منداڵ بە ئامانج دەگیرێن بۆ پێدانی كوتان بەم شێوەیەی خوارەوە: * ڕۆژی دەسپێكردن 14 / 4 / 2024 * ماوە 10 ڕۆژ ( دوو هەفتە) * شوێن: باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان. * * تەمەنی منداڵ: منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی سەرەتایی. * ژمارەی منداڵانی: 873,191 منداڵ. * ژمارەی سەردان: 10,916 سەردان. * قوتابخانەكان: 3,981 قوتابخانە. * ژمارەی كارمەندان: 3,280 كارمەند. * * سەرپەرشتاران: 1,100سەرپەرشتار * ژمارەی تیمەكان: 1,094 تیم. * ناوەندی سەرپەرشتی: 27 ناوەند. * گواستنەوەی تیم: 1,500 ئۆتۆمبیل. بەهیوای هاواکاریکردنی دایکان و باوکان بۆ بەشداربوونی منداڵەکانیان... د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٩ نیسان ٢٠٢٤

هاوڵاتی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ئاماری ژمارەی قوربانییانی کۆڵبەری لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەی کۆڵبەرنیوزدا هاتووە، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕۆژژمێری کوردییدا، لانیکەم دوو هەزار ٤٠٩ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە قوربانی، کە ٦٨١ کەسیان کوژران و هەزار ٧٢٨ـی دیکەش برینداربوون. هەروەها، بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕۆژژمێری کوردی، ٤٤ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠٠ـی دیکەش برینداربوون، بەوپێیەش بەرزترین ژمارەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە. باس لەوەشکراوە، زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمی ئێران پێکراون.  بەهۆی نەبوونی هەلی کار و هەروەها خراپی باری گوزەران لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان ناچار دەبن بۆ دابینکردنی بژێوییان ڕووبکەنە کۆڵبەریی لە ناوچە سنوورییەکان.

هاوڵاتی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان لیستی موچه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژی دانه‌مه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ گرێبه‌ست بونیان له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ  ده‌كات. لە راگەیەنراوێکی ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکومەتی هەرێمدا هاتوە، پاش جەژنی رەمەزان وەزارەتەکە ئامادەکاری دەکات کە لیستی موچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەست بونی (کۆی وانەبێژان)، ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، داوای تەرخانکردنی دارایی لە حکومەتی عێراق دەکەین کە هەمو مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان وەک گرێبەست و هەمیشەیی لەگەڵ سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمدا موچەکانیان وەربگرن. ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی (نیسان/4)ی 2024ه‌وه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ لیستی كۆی مامۆستایانی وانه‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ بكرێت.

هاوڵاتی لە ماوەی 41 رۆژدا بۆ دووەمجار بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاگری گرت و 48 دووکانی سووتاند بە 17 تیمی ئاگرکوژێنەوە توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت دوێنێش،گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بەرپرسیارێتی کەوتنەوەى ئاگرەکەی لە لە ئەستۆ گرت . درەنگانی دوێنێ شەو، گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی ڕێکخستنی پەیمانی میللی، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی کەوتنەوەى ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بڵاوکردەوە و بەرپرسیاریتی کەوتنەوەى ئاگرەکە و سوتانادنى دوکانەکانى لە ئەستۆ گرت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو گروپە دەڵێن:  “ئاگرمان لە دڵی کوردە ترسنۆکەکان بەردا، لە ١٦ شوێنەوە ئاگرمان لە بازاڕەکە کردەوە و لەناومانبرد”.     ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە  بەشێکی دووکاندارانی بازاڕەکە دەڵێن، ئاگرەکە لە سێ شوێنی بازاڕەکە و بە "ئەنقەست" کراوەتەوە. ئەنجوومەنێکی بازاڕەکەش لە کارنەکردنی کامێرای چاودێریی بازاڕەکە لە ساتی ئاگرکەوتنەوە بە گومانە. هاوکات دوکاندارەکانی ئەو بازاڕە دەڵێن، هەفتەی پێشو دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیایەی کە بەشی سکوێرتی و پارێزگاری بازاڕەکەی لەدەستە هاتوون پارە کۆبکەنەوە بەهۆی زیادکردنی پارەکە لە ١٠ هەزارەوە بۆ ٢٠ هەزار نەیانداوە، دوابەدوای ئەمەش ئاگرەکە کەوتۆتەوە.

هاوڵاتی دوو سەرچاوەی نزیک لە تەکیەی کەسنەزانی بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، دوای 9 مانگ دوورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە سلێمانی، بڕیاربوو دوێنێ شەو لەگەڵ دوو کەسی نزیکی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی دوو کەسە نزیکەکەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی بەغداوە، سەفەرەکەی هەڵوەشاوەتەوە. دەنگی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە دوو کەسی نزیک لە شێخ نەهرۆی کەسنەزان دەستگیرکراون بە ناوەکانی  سەربەست ساڵح بەرپرسی دارایی تەریقەت و کەمال کوبەیسی وتەبیژی فەرمی تەریقەت، هاوکات  هەردووکیان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە. سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنیشیان ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی 7ی مانگی 4ی 2023 بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی" گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکردبوو. هەرچی کەمال کوبەیسیە بە قسەی سەرچاوەکەی تەریقەتی کەسنەزانی "چەندین دۆسیەی یاسایی تایبەت بە پرسی بازرگانی لە بەغداد لەسەرە" و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بەو دۆسیانەوە هەیە. جێگەیباسە ڕیاربوو شەوی ڕابردوو شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتەوە شاری سلێمانی و لە تەریقەتەکەی لەلایەن موریدان و دەروێشانی تەریقەتەوە پێشوازی لێبکرێت بەڵام نەگەڕاوەتەوە.