هاوڵاتی تۆڕی هەواڵی عێراقیی (INN) بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی پەرلەمانی بڵاویکردۆتەوە کە چەندین دۆسییەی گەندەڵی بۆ هۆشیار زێباری کراوەتەوە و باس لەوەدەکات کە پۆستە حکومییەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو تۆڕە هەواڵییە هۆشیار زێباریی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دۆسییەکانی پەیوەستن بەسودوەرگرتن لەماڵی گشتیی‌و بەکارهێنانی پۆستە حکومییەکانی لەبەغدا بۆ بەرژه‌وەندیی تایبه‌تى. باسی لەوەشکردووە دەزگا چاودێرییەکانی پەیوەندیدار بەبابەتی دەستپاکیی، چەندین دۆسیەیان کردۆتەوە کە تێیدا سەلمێنراوە هۆشیار زێباری پۆستەکانی وەزارەتی دەرەوەو دارایی حکومەتەکانی پێشوی بۆ بەرژه‌وەندیی تایبەتیی خۆی بەکارهێناوە. هاوکات سه‌رچاوه‌كه بەو ئاژانسەی گوتووە:"ئەو دۆسیانەی کراونەتەوە دەریخستوە کە زێباریی کاتێک وەزیری دارایی بوە لەگەندەڵییەوە تێوەگلاوەو هەر لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵیش لەپۆستەکەی دورخراوەتەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، زێباری لەترسی دەرچونی بڕیاری دادگا لەدژی، لەئێستادا پەلاماری دادگای عێراقیی‌و حکومەتی ناوەندیی دەدات.
هاوڵاتی تا هەموارى یاساى بودجە، حکومەتى عێراق بڕیاریدا بە ناردنى بڕى زیاتر لە 600 ملیار دینار بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم. بە گوێرەی زانیارییەکان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاردراوە بە ناردنى بڕى 618 ملیار دینار بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم هاوکات ئەم بڕە پارەیە قەرز نییە و تا هەموارکردنەوەى یاساى بودجە پارەکە لە بەشە بودجەى هەرێم دەبڕدرێت و بەشێوەى مانگانە دەنێردرێت. جێگەیباسە تا ئێستا دیار نییە ئەو بڕە پارەیەی بڕیارە بنێردرێت مووچەی مانگی ١٠ـی ساڵی رابردووی پێ دابەش دەکرێت یاخود بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ تەرخان دەکرێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا هەمواری یاسای بودجە بکرێت و دواتر ئاڕاستەی پەرلەمان بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوێنێوە لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبی چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی بوو.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەم هەفتەیەدا شاندێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەن. جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق بەمیدیاى نزیك له‌پارتى وتوه، "سبه‌ینێ دوشه‌ممه سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین‌و سەرۆکی کۆمسیۆن‌و سەرۆکی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن‌و تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانیش لەوه‌فده‌كه‌دا بەشدارن". وتیشى:"کۆبونەوەی وه‌فده‌كه لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و تێیدا ڕۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت‌و دواتر له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌و واده‌یه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت". تاوەکو ئێستا دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام هەڵبژاردن بەڕێوەنەچووە. دوایینیان 25ـی شوبات بوو. رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوە دا، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
هاوڵاتی جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دوابودوای هێرشەکانیان بۆ سەر حوسییەکان ،ئەمریکا نامەیەکی تایبەتی بۆ ئێرانییەکان ناردووە. بایدن ئەوەشی راگەیاند ،" ئێمە بە تەواوی ئامادەین" ، و روونکردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە نەدا. بە بروای ئەمریکاو ووڵاتانی کەنداو ، حوسییەکان گروپێکی نزیک لە ئێرانن و لە لایەن ئێرانەوە یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەدرێن و ئێران وەک باڵێکی سەر بە خۆی بۆ شێواندنی ناوچەکە و بازرگانی جیهانی لە دەریای سوور بە کارییان دەهێنێت . ئێرانیش بە تووندی ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە ، ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە. لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی پێشوو ،هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و بە پشتیوانی کەنەدا و ئوستورالیا ، نزیکەی پێگەی چەکدارەکانی حوسی لە یەمەن بوردومان کرد و رۆژێک دوای ئەو بوردومانەش ، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ جاری دووەم چەکدارەکانی حوسییەکانی یەمەنییان بە مووشەکی تۆماهۆک بوردومان کردووە لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بوردومانەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لە سەر توانای چەکدارەکانیان بۆ ڕێگری کردن لە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دانانێن . جێی ئاماژەیە ئەمریکا و ووڵاتە رۆژئاواییەکان ، بەبەردەوامی حوسییەکان بە لەمپەر دانان و پەلاماردانی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور تۆمەتبار دەکەن و بە مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر ئاسایشی بازرگانی جیهانییان دەزانن.
هاوڵاتی تەرمی گەنجێک لە شوقەیەکدا لە شاری دهۆک دۆزرایەوە، کە شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە دیارە. پەیامنێری هاوڵاتی دەڵێت، گەنجەکە خەڵکی باکووری کوردستانە . بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 14-01-2024، لە نهۆمی یەکەمی شووقەیەکدا لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک، تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گوللـە بە جەستەیەوە دیارە.پەیامنێری هاوڵاتیش دەڵێت ئەو گەنجە خەڵکی باکوری کوردستانە و پیشەی کرێکار بووە لە دهۆک. بەپێی زانیارییەکان، کوژراوەکە تەمەنی لەنێوان 30 بۆ 35 ساڵانە، پەیامنێری هاوڵاتیش لە دهۆک دەڵێت، "بەبێ ئەوەی هیچ چەکێک لە شوقەکەدا دۆزرابێتەوە، شوێنەواری گولـلە بە تەرمی گەنجەکەوە هەیە؛ بۆیە پێدەچێت کوژرابێت." هاوکات لەم بارەیەوە هێمن سلێمان ، ووتەبێژی پولیسی دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی ی وت:لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەیوەست بە دۆسیەکەوە دەستگیر نەکراون و دوای لێکۆڵینەوە زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکەن.
هاوڵاتی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر رایگه‌یاند، سامانى عێراق بۆ هه‌موو عێراقییه‌كانه و نابێت یه‌كێك مووچه وه‌ربگرێت و یه‌كێكى تر وه‌رینه‌گرێت. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14ى كانونى دووه‌م، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر و سه‌رۆكوه‌زیرانى پێشووترى عێراق كۆبوویه‌وه. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، " هه‌ردوولا داكۆكييان له پێوستيى پاراستنى عێراق له لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه و گرنگيى هاريكاريى لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به گفتوگۆ و لێکتێگه‌يشتن." هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی "هاوڕابوون كه نابێت هاووڵاتييان له ژيان و گوزەر‌انى خۆيان، باجى كێشه سياسييه‌كان بده‌ن." و تاوتوێكردنى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ى داعش له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات، ته‌وه‌رێكى دیكەی ديداره‌كه بوو. له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه، حه‌یده‌ر عه‌بادى، بۆ میدیاكان وتی: "ته‌رخانكردنى سامان پێویسته بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییانى عێراق بێت به‌بێ جیاوازى، شتێك نییه به‌ناوى هاووڵاتى عێراقى ده‌ره‌جه‌یه‌ك و هاووڵاتى عێراقى ده‌ره‌جه دوو، ناكرێت یه‌كێك مووچه وه‌ربگرێت و یه‌كێكى تر وه‌رینه‌گرێت". باسی له‌وه‌شكرد: "پێنه‌دانى مووچه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سزادانه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته، چۆن داهاتى هه‌موو عێراق و سامانه‌كه‌ى به یه‌كسانى كۆ بكرێته‌وه، پێویسته ئاواش به یه‌كسانى دابه‌شبكرێت". له‌باره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، "پێویسته ئه‌م هێرشانه بوه‌ستێنرێن چونكه ئاسایش و ئارامى هاووڵاتییان و وڵات ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه".
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فالح فه‌ییاز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى كۆبونه‌وه و رایانگه‌یاند، ده‌بێت عێراق نه‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات، ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌موان بێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، سەبارەت بە کۆبونەوەکە ڕایگەیاند، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان و هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق و هاووڵاتييان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزيیه‌كان و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه، تاوتوێ كران." ئاماژه به‌وه‌شكراوه، هه‌ردولا جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه، كه "ده‌بێت عێراق نه‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات، ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌موان بێت". هه‌روه‌ها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هاوڕا بوون كه "به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه و هێرشه درۆنييه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، زيان به ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت." ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه بوه نێوان نێچیرڤان بارزانی و فالح فه‌یاز بو. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى كۆبووه‌وه به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، 2024/1/14 له دووه‌م ڕۆژى سه‌ردانيدا بۆ به‌غدا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فالح فه‌يياز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى، كۆبووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان و هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق و هاووڵاتييان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزيه‌كان و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه، تاوتوێ كران. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ عێراق نه‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات، ئه‌وله‌ويه‌تى هه‌مووان بێت. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه و هێرشه درۆنييه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، زيان به ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت. په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
هاوڵاتی پۆلیسى سلێمانى ڕایگه‌یاند، دووكه‌سیان ده‌ستگیركردوه كه ئۆتۆمبێلیان دزیوه‌و ئه‌وه‌ى جیاوازه له روداوه‌كه ئه‌وه‌یه كه كورێك ئۆتۆمبێلى باوكى به‌یانوى چاكردن بردوه‌و دواتر فرۆشتویه‌تى. بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلی سه‌ر به به‌شی نه‌هێشتنی تاوان، به هاوكاریی نووسینگه‌كانی رۆژهه‌ڵات و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، دوو تۆمەتبار دەستگیركران و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكی دزراویشدا گیرا. ئەو هاووڵاتییەی سکاڵای تۆمارکردووە، بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی سلێمانی، بە بیانووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، کوڕەکەی "ئۆتۆمبێلەکەی دزیوە" و دواتر فرۆشتوێتی. هاوکات لەئێستادا تۆمەتباران ( س، ع، أ) له‌دایكبووی 1983 و (ڕ، هـ، أ) له‌دایكبووی 1993 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێ ماددەی 446 لەیاسای سزادان ڕاگیراون‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوى پۆلیسى سلێمانى له‌وباره‌یه‌وه: لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك‌و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئوتۆمبێلی سه‌ر به‌به‌شی نه‌هێشتنی تاوان به‌هاوكاری نوسینگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوو تۆمەتبار دەستگیركران‌و دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكی دزراودا. دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە به‌بیانوی چاككردنه‌وه‌ی ئوتۆمبێله‌كه‌ی، كوڕه‌كه‌ی ئوتۆمبێله‌كه‌ی دزیوه‌و دواتر فرۆشتویه‌تیه‌وه، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردوو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز داوەری لێكۆڵینەوە، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئوتۆمبێل به‌هاوكاری نوسینگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیران‌و دەستیشگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەكەدا. لەئێستادا تۆمەتباران ( س، ع، أ) له‌دایكبووی 1983 و (ڕ، هـ، أ) له‌دایكبووی 1993 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێ ماددەی 446 لەیاسای سزادان ڕاگیراون‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان
هاوڵاتی بەپێی پێشبینییەکان بۆ کەشی رۆژانی داهاتوو، لەمڕۆوە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتووشدا شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە. ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەڵەبجە و سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بەشێوەیەکی لاواز بارانی کەم و پچڕ پچڕ تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوامی ئەبێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ناوچە شاخاویەکانیش بەفر و بارانبارین بە رێژەی مامناوەند و پچڕ پچڕ تا کاتەکانی سبەی شەو بەردەوام دەبێت. لەبارەی ئەو بایەی لە زۆربەی ناوچەکان هەڵیکردووە باسی لەوە کردووە، کاریگەری ئەو با چالاکەی ھەڵیکردووە لە زۆربەی ناوچەکاندا تا سبەی بەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت و پاشان کەمدەبێتەوە و سبەی ئێوارە کاریگەرییەکەی نامێنێت . باسی له‌وه‌شكردووه، لە سبەینێ دووشەممەوە کەشی ھەرێم بەگشتی سەقامگیر دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک روو لەبەرزبوونەوە دەکات هاوکات بەپێی پێشبینییەکان تا 23ـی ئەم مانگە ئەگەری بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێم نابێت. ئەو شارەزای کەشناسییە راشیگەیاند، لە 23ـی ئەم مانگەوە کاریگەری نزمەپاڵەستۆکان لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق چالاک دەبێتەوە و شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین لە ناوچەکان بەچەند قۆناغێک دەستپێدەکاتەوە و کاریگەرییەکەی تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستكیركردنی تۆمه‌تبارێكی به‌تۆمه‌تی كوشتنی پارێزه‌رێكی عه‌ره‌ب راگه‌یاند. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی دادوه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر، توانرا له رێكه‌وتی (١٩/١١/٢٠٢٣)، تۆمه‌تبار (ح.ع.ش.) ده‌ستگیر بكرێت". بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە قەزای حلـلەی سەر بە پارێزگای بابل، تەقەی لە دوو پارێزەر بە ناوەکانی عەممار حاتەم شەهاب و سەرمەند فەرحان مەنهەل کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاسایشی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبار بەهۆی تەقەکردن لەو دوو پارێزەرە، پارێزەر عەممار حاتەمی کوشتووە و پارێزەر سەرمەند فەرحانیشی بریندار کردووە، لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵاتبوو.
هاوڵاتی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمی " ئەمریکییان راگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا "سی ئای ئەی" خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری وردن لەبارەی بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس و شوێنی شاردنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و پێدانی ئەو زانیارییانە بە ئیسرائیل. لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایم" هاتووە کە بە بڕوای دەزگای هەواڵگری ئەمریکا " یەحیا سنوار" لە ناو قووڵترین تونیلەکانی خان یونسدا لە باشووری غەزە خۆی حەشار داوە و دەستنیشانکردنی شوێنەکەی کاریکی ئاسانە ،بەڵام دەستگیر کردن یا کووشتنی لەبەر ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی وەک قەڵغانی مرۆیی لەدەوری خۆی هێشتۆتەوە کارێکی ئاڵۆز و سەختە . هەروەها سەرچاوەکان ئەوەشیان بە رۆژنامەکە راگەیاندووە ، کە دوابەدوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ، جەیک سۆلیفان ی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی لە ڕێی نووسراوێکەوە فەرمانی بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کردووە کە بە مەبەستی دەستنیشان کردن و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس ، تیمیکی تایبەت دروست بکەن . لەلایەکی دیکەوە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە پلە دووەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چالاکی و بەرنامەی ئەو بزووتنەوەیە دانانێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت جێگرەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بە ئامانج گرتن و لەناوبردنی فەرماندە و بەرپرسە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئەو بزووتنەوەیە ، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بزووتنەوەکە و بێهێزکردنی باڵە سەربازییەکەی ، بە تایبەتیش گەر بێت‌و ئیسرائیل بتوانێت "یەحیا سنوار" یان "موحەمەد زەیف"ی بەرپرسی باڵی سەبازی بزووتنەوەی حەماس دەستگیربکات یان بکوژێت. هەروەک چۆن ئەمریکا لەبارەی کووشتنی "ساڵح ئاروری" جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە بەیروتی پایەتەختی لوبنان ، ئەوەی رەتکردۆتەوە هیچ جۆرە زانیارییەکی هەواڵگیری لەبارەی شوێنی مانەوەی ناوبراوەوە بە ئیسرائیل دابێت. هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەرپرسیکی باڵای بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر نەکراوە ، بەڵام رەنگە زانییارییە هەواڵگرییەکی ئەمریکا یارمەتیدەرێکی باس بێت بۆ ئەو مەبەستە . بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار چەکدار دەبن و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 ،ئیسرائیل بە ئەمریکای راگەیاندبوو کە پێیان وایە لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بزووتنەوەکە ، سێ بەشی ئەو چەکدارانەیان کووشتووە. لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشێکی فراوانی کردە سەر ناوچەیەکی ئیسرائیلی و لە ئەنجامدا بە دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی بە بارمتە گرت و دەیانی دەیانی دیکەشی لێکووشتن ، دوابەدوای ئەو پەلامارەش سووپای ئیسرائیلی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەزەی مۆڵگەی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد و رایگەیاند ، تا کۆتایی هینان بە بزووتنەوەی حەماس جەنگەکە بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هاتوە و سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دەچنە قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنەکەوە و كاندیدێكى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش كشایه‌وه. كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، ده‌نگدان بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ستى پێكردو هه‌ریه‌كه له سالم عیساوى، شعلان كه‌ریم، مه‌حمود مه‌شهه‌دانى، ته‌لاڵ زوبه‌یعى و عامر عه‌بدولجه‌بار خۆیان كاندیدكردوه. ناوبراو ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، عه‌بدولره‌حیم شه‌مه‌رى له پرۆسه‌ى خۆكاندیدكردن كشاوه‌ته‌وه، پرۆسه‌ى ده‌نگدان كۆتایی هاتوه. هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن میدیا عێراقییەکانەوە بڵاوکراوتەوە، لە ئێستادا لە کۆی شەش کاندید تەنها دو کاندید چونەتە قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بریتین لە سالم عیساوی سەر هاوپەیمانی سیادە و مەحمود مەشهەدانی سەر بە هاوپەیمانی عەزم. بەپێی سیستمی هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان، لە گەڕی یەکەم پێویستبو یەکێک لە کاندیدەکان 165 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام هیچ کام لە کانیدەکان ئەو ریژە دەنگەیان بەدەستنەهێنا، لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەکە هەر کاندیدێک دەنگی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ناوه‌راستى مانگى 11ى ساڵى رابردوو محمد حه‌لبوسى به‌بریاى دادگاى فیدڕاڵى و له‌سه‌ر سكاڵاى په‌رله‌مانتارێكى كوتله‌كه‌ى خۆى له‌مافى ئه‌ندامیه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بێبه‌شكرا.
هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، نیازی راستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە کۆبونەوەی ئەمڕۆشیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم هەماهەنگی بەغدایان دوپاتکردوەتەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەڵێت، "ئەرکە و دەبێت چارەسەر بکرێت." ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 13ـی كانوونی دووه‌می 2024) نووری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ته. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەی پرسە سیاسییەکان و باردۆخی ئەمنی کرد، عێراق بەرامبەر بە دۆخی ئەمنی هەرێم هۆشدارە و لە گفوتگۆکانی ئەمڕۆدا هەماهەنگی عێراقیان بۆ هەرێم لەو روەوە دوپات کردوەتەوە. بە وتەی نووری مالکی لەبارەی پرسی ئەمنیش گفتوگۆیان کردووە و وتی، "تاوتوێ هەندێک بابەتی پەیوەندیدارمان بە بارۆدۆخی ئەمنی کردووە، بە تایبەتی ئەو بارودۆخەی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان روودەدات، ئێمە پێداگرین لەسەر سەلامەتی بارودۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەگشتی، واتا گفتوگۆکانمان پشتی بەوە دەبەست کە ئێمە هاوبەشین بۆ ئەوەی وڵاتێکی سەقامگیر دروست بکەین و عێراق لە هەموو پشێوی و ئاڵۆزییەک بەدوور بگرین." لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نووری مالیکی گوتی، "برایانمان گفتوگۆیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کرد و ئێمەش پشت بەخوا لەگەڵ حکومەت قسە دەکەین لەبارەی خەرجکردنی مووچەکانیان. ئەوە ئەرکە و هەر دەبێت چارە بکرێت، چۆن کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی هەر بەردەوام بێت، لە بەرژوەندی هەردوولامان نییە."
هاوڵاتی سەرۆك كۆماری ئەمریكا رۆژێك دوای هێرشی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر بنكەو شوێنەكانی حووسییەكان لە شوێنە جیاوازەكانی یەمەن، رایگەیاند ئەمریكا نایەوێت جەنگی بریكاری لەگەڵ ئێران بكات. جۆ بایدن سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەكاتی سەردانیدا لە پێشانگای كار‌و پیشە بچوكەكان لە شاری ئەلێنتۆن لە ئەیالەتی پێنسیلڤانیای ئەمریكا، لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لێیان پرسی ئاخۆ حوسییەكان گرووپێكی تیرۆریستین، وەڵامی دایەوە "لام وایە تیرۆریستن". جۆ بایدن دوای هاتنە سەركاری لە ساڵی 2021، حوسییەكانی لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستەكان دەركرد. بەرپرسانی دەوڵەتی جۆبایدن مانگی تشرینی دووەمی 2023،رایانگەیاند"سەرقاڵی تاووتوێكردن و هەڵسانگاندنی دووبارەی دۆخی حوسییەكانن". سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوتەكانیدا دەربارەی هێرشەكەی رۆژی هەینی بۆ سەر حوسییەكان، جەختی لەوەكردەوە كە ئەو هێرشە زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوەوە، بەڵام سەركەوتوو بووەو بەشی زۆری سەركەوتنەكەی بۆ ئەوەی زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە". بایدن لە قسەكانیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمریكا لە ئێستادا لە جەنگی بریكاریدا نییە لەگەڵ ئێران. سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئاخۆ ئەمریكا لە گەڵ ئێران لە جەنگێكی بریكاریدایە؟ وتی:" نەخێر، پێشتر ئێرانم ئاگادار كردۆتەوە، ئەوان ئەزانن نابێ هیچ كارێك بكەن". سەرۆكی ئەمریكا لە درێژەی قسەكانیدا وتی"ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بین ئەگەر حوسییەكان بەردەوام بن لەم ئاكارە شەڕخوازانەیان، لەگەڵ هاوپەیمانەكان وەڵامی شیاویان بدەینەوە". سوپای ئەمریكا رایگەیاند"ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرەبەیانی هەینی زیاتر لە 30 دامەزراوەو بنكەی سەربازی حوسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج". هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سینتكۆم)، بەرەبەیانی شەممە رایگەیاند سوپای ئەمریكا بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج. لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە". فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێییە كە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا". كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بەئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە. بە پێی راپۆرتی سێنتكۆم، حووسیەكان لە دوو مانگی رابردوودا 28 جار هێرشیانكردۆتە سەر ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای سوور‌و كەنداوی عەدەن لە هاتووچۆدان.
كادیرێكی پارتی لەهەڵەبجە رایگەیاند بەناوی نوسینگەی مەسرور بارزانییەوە هەڕەشەی لێكراوە، دەشڵێت گوێ لەبەرپرسە دەعوەت خۆرەكان مەگرن، لەڕووی حیزبییەوە پێتان ئەڵێم لەم سنورە چی ئەگوزەرێت و چ زوڵم و ناهەقییەك سەرتاپای پارتی داپۆشیووە، لەڕێی پەیوەندی و ئۆرگانەكانیشەوە هەرگیز دەنگ ناگات بە بەرپرسانی باڵای پارتی، ئامانجی ژیانیشم ئەكەم بەلابردنی ئەو زوحاكانە. محەمەد هەڵەبجەیی كادیری پارتی لەسنوری پارێزگایب هەڵەبجە لە واڵی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڤیدیۆی سوتانی ئۆتۆمبێلەكەی بڵاوكردوەو لەنوسینێكیشدا لەبارەی هۆكاری نیگەرانییەكانی لەپارتی پەیامێكی ئاڕاستەی مەسعو بارزانی و نێچیبرڤان بارزانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوە. ئەو كادیرەی پارتی دەڵێت "قسەی من قسەی هەزاران پارتی بەشمەینەت و بەشخوراوە، بەناحەق نان‌بڕاو كرام، دەمەوێ ڕووبەڕوو پێتان بڵێم كە چ زوڵم و ناهەقییەك سەرتاپای پارتی داپۆشیووە". "سەرۆكی حكومەت من بەناوی نوسینگەكەتانەوە تەهدید كرام و نیگەران بووم و دەستم لەكار كێشایەوە، بەڵام پێنج ڕۆژ كەس نەما ڕوونكردنەوەی نەدەمێ تاوەكو بەرپرسانی كەناڵ بمگەڕێننەوە سەركارەكەی خۆم، بەڵام سودی نەبوو" ئەو كادیرەی پارتی وا دەڵێت. ئەوەشی وتوە" وتەبێژەكەتان پەیوەندی پێوەكردم و وتی تەواو لەبەیانیەوە بگەڕێرەوە سەركارەكەی خۆت، بەڵام ئەویش سەری نەگرت، ئامانجی ژیانم ئەكەم بەدژایەتی دژی گەندەڵكاران و هەلپەرستان، ئامانجی ژیانم ئەكەم بەلابردنی ئەو زوحاكانە، ئیتر خۆ ئەبێت یەكێك قوربانی بدات، چونكە لەڕێی پەیوەندی و ئۆرگانەكانەوە هەرگیز دەنگ ناگات بەئێوە، چونكە بە بەرپرسانی حیزبی و كەناڵەكەشم وتبوو ئەوكارە ئەكەم، بەڵام كەس گوێی نەگرت و ئێستاش پێیانوایە یەك دوو ڕۆژ باس ئەكرێت و دوای ئەوە كپ ئەبێتەوەو ئەوەی زیانی كردووە بەتەنها خۆم بووم". محەمەد هەڵەبجەی لەبەشێكی تری سكاڵاكەیدا بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی دەڵێت "ئەوان بیانویستایە ڕاستی بگەیەنەنن، پێنج ڕۆژە دەیانگەیاند، یاخود ئەگەر ڕاستگۆ بونایە ئەسڵەن نەیان دەهێشت دۆخەكە بەئێرە بگات، ئەم نامەیەشم پێشوەخت نوسی و بۆم ناردن، بەڵام دیسان وەڵامیان نەبوو ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ئەوان پشتیان قایمەو بێمنەتن". ئەو كادیرەی پارتی ئەوەشی وتوە"نوسینگەی هەڵەبجەم بەخوێن و ماندوو بوون و شەو نخونی خۆم دروستكردووە، بەڵام ئەمڕۆ هاتن هەمووشتەكانیان برد وەك ئەوەی هەنگوینیان لەدارا دۆزیبێتەوە". لەكۆتایی پەیامەكەشیدا كادیرەكەی پارتی نوسیویەتی "لەڕووی حیزبییەكەشەوە پێتان ئەڵێم لەم سنورە چی ئەگوزەرێت، گوێ لەبەرپرسە دەعوەت خۆرەكان مەگرن، هیچم نەماوە لەدەستی بدەم، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەكەم بوو سبەی ڕەنگە خۆم بم، دەروونی منیان وێران كرد، ئەوانە كۆمەڵێ هەڵپەرستن و هیچی تر".
