هاوڵاتی سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی نوێنەرایەتیەکەی لەو وڵاتە. ئەمرۆ پێنج شەممە هاوڵاتی پەیوەندی بە نازم دەباغ، نوینەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرد دەربارەی ئەگەری کشاندنەوەیان لە تاران و گەیاندنی پەیامێکی ڕوون بە تاران، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات. شەوی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران، بەچەندین موشەکی زیرەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوارکەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٦ کەسیش بریندار بوون. دوا بەدوای هێرشەکەش هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە. هاوکات عێراق وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پێشێل کردنی سەروەری وڵاتەکەی باڵوێزی خۆی لە تاران بانگهێشتکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بڕیاری بۆ گەڕاندنەوەی نوینەرایەتی خۆی نەداوە.

هاوڵاتی تەڤگەری ئازادی ڕەتیدەکاتەوە فریاڵ سلێمان خالیدە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کەرکوک بە دەستڕێژی گولە کوژرا ئەندامی تەفگەری ئازادی بێت و دەڵێت،ئەو ژنە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە، ئێمە هەموو ئەو چەواشەکارییانە ڕەتدەکەینەوە. جومعە کەریم وتەبێژەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بە ڕۆژ نیوسی ڕاگەیاندووە،" ئەو ژنەی کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە کردەوەیەکی تیرۆریدا شەهید بوو، هیچ پەیوەندییەکی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە." وتیشی: لە میدیاکانی باشووری کوردستان وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو ژنە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە، ئێمە هەموو ئەو چەواشەکارییانە ڕەتدەکەینەوە. وتەبێژی تەڤگەر ئاماژەی بەوەشداوە،" ئیدانەی هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی دەکەین، بەرامبەر هەر هاووڵاتییەک بکرێت." ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڕه‌كێكی شاری كه‌ركوك ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ فریاڵ سلێمان خالیدەی خەڵی ڕۆژئاوای کوردستان کرا  لەلایەن دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلێکەوە  و شەهید کرا و بکەرانی کردەوەکە هەڵهاتوون و تا ئێستا دەستگیرنەکراون.

هاوڵاتی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڕه‌كێكی شاری كه‌ركوك ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ ژنێك كرا  ده‌ستبه‌جێ له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای كه‌ركوك  رایگه‌یاند، له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رچنار له‌نزیك قوتابخانه‌ی سه‌گرمه‌ له‌لایه‌ن ماتۆڕسكیلێكه‌وه‌ ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ ژنێك كرا و ده‌ستبه‌جێ له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. ئەو ژنە چالاکوانە سیاسییە ناوی فریاڵ سلێمان خالیدە و لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری حەسەکەى ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ سەردانیکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە. دوای رووداوەکەش تەرمی ژنەکە گەیەندراونەتە پزیشکی دادی کەرکوک پۆلیسی کەرکوکیش رایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و بەپێی فەرمانی دادوەریش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانى تاوەنەکە دەرکراوە.  

هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا بورهان نه‌مراوی كاندیدی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ له‌ مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2021 به‌ڕێوه‌چو، وه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ شوێنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ده‌ستبه‌كارده‌بێت. بەگوێرەى بڕیارەکە، بورهان ناسر محەممەد فەهد نەمراوى لە لیستى تەقدووم دەبێتە پەرلەمانتار و جێگەى محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان  له‌راگه‌یه‌ندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە  بڵاویكرده‌وه‌، "كۆمسیۆن له‌ ده‌سته‌ی كۆمسیاران تاوتوێی یاداشتنامه‌ی دیوانی سه‌رۆكی ئیداره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانتاری جێگره‌وه‌ بۆ محه‌مه‌د حه‌لبوسی كردووه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیاریداوه‌ به‌ كاندیدی جێگره‌وه‌ بۆ شوێنی محه‌مه‌د ڕیكان حه‌لبوسی له‌ لیستی پارێزگای ئه‌نبار. بورهان نەمراوى لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ى پەرلەمانى عێراقدا شەش هەزار و 716 دەنگى لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار بەدەستهێنا کە بەگوێرەى بڕیارەکەی ئەنجوومەنى کۆمیسیاران وەک خاوەنى زۆرترین دەنگ لە نێو کاندیدە سەرنەکەوتووەکانى ئەو بازنەى هەڵبژاردنە دیاریکراوە کە حەلبووسی تیایدا کاندید بوو و سەرکەوت. رۆژی 14ی (تشرینی دووه‌م/11)ی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی به‌تۆمه‌تی ساخته‌كاری، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی پێشوی په‌رله‌مانی ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له‌ پاشخانی سكاڵایه‌كی یاسایی هات كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار له‌یس دلێمی له‌ دژی تۆماركرابو.

هاوڵاتی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو گۆڕان کۆنفڕانسی نیشتیمانی دەبەستێت. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی بڕیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی ٦ی ١ی ٢٠٢٤ بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە (٢٠ و ٢١ی ١ی ٢٠٢٤) لە ژێردروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان) لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دوهەمین کۆنفرانسی نیشتمانی خۆی گرێدەدات. چۆمان محەمەدیش کە بە وتەبێژی دوەمین کۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە سەبارەت بە کۆنگرەکە ڕایگەیاند، کۆنفڕانسەکە لەژێر ناونیشانی گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەکان بەڕێوەدەچێت و لە پێنج ڕاپۆرتدا بە وردی پێداچونەوە بۆ هەیکەلییەت و دۆخی بزوتنەوەکە دەکرێت. وتیشی، دەیانەوێت بۆ شێوازی سیاسەتکردن بچنە قۆناغێکی نوێوە و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و ڕابردوی نوێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن. جێگەیباسە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا به‌دۆخێكی نائاساییدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا كه‌ له‌ 10ی مانگی 10ی ساڵی 2021دا به‌ڕێوه‌چوو، نه‌یتوانی هیچ كورسیه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ هه‌ڵبژاردنی 18ی 12ی 2023ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش به‌شداری نه‌كرد. له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ ساڵی 2010  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك سێیه‌م گه‌وره‌ترین هێزی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت، له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا 487 هه‌زار و 181 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و هه‌شت كورسی مسۆگه‌ر كرد.  

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨-١-٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران پشتڕاست کردەوە رایگەیاند، هێرشمان کردۆتە سەر حاشارگەی تیرۆریستەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران. دوای ئەوەی ئێران شەوی سێ شەممە هێرشی کردە سەر پاکستان بە بیانووی لێدانی بنکەکانی جەیش العدل، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند مافی وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران بۆ خۆیان بە ڕەوا ئەزانن، لە هەمانکاتدا رێز لە سەروەری خاکی ئێران ئەگرن. هاوکات رۆژی پێنج شەممە روەیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی پاکستانییەوە نووسی، ئەو وڵاتە بە هێزەوە وڵامی هەرچەشنە هێرشێکی ئێران ئەداتەوە. ئەم بەرپرسە ئەمنیەی پاکستان رایگەیاندووە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممەش رایگەیاند هێرشەکان زۆر ورد و بە پێی زانیاری لە چالاکی تیرۆریستەکان ئەنجام دراون. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد ژمارەیەک کەس کە ئەو وڵاتە بە تیرۆریست ناویان دەبا کوژراون. لەم راگەیاندنەدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی جەیش العدل نەدراوە، تەنها نووسراوە " مەبەست لەم هێرشەی ئەمڕۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی پاکستانە کە لە گرینگترین پرسە بۆ ئەو وڵاتە و ناکرێت بخرێتە مەترسییەوە". لە کاتێکدا پاکستان باس لە کوژرانی چەند تیرۆریست ئەکات لە خاکی ئێران، بە پێی زانیاری سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا ٢ پیاو و ٣ ژن و ٤ مناڵ کوژراون و کوژراوەکان ئێرانی نین. ماڵپەڕی (حال وەش٩ کە زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستانی ئێران بڵاو ئەکاتەوە نووسیویەتی :" زۆربەی کوژراوەکان ئەندامانی بنەماڵەی لایەنە سەربەخۆیخوازەکانی بەلووچ و دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانن لە شاری سەراوان لانیکەم ٥ منداڵ و ٤ ژن و پیاوێک کوژراون و ژن و پیاوێکیش بریندارن. وتەبێژی گرووپی سەربەخۆییخوازی بەلووچ کە بە ( BLF) دەناسرێن،  کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی بە هۆی هێرشەکانی پاکستانەوە پشتڕاست کردۆتەوەو هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کردووە. مێجەر گەهرام بەلووچ لەم راگەیاندنەدا وتوویەتی :" ئێستە بەرەی رزگاریخوازی بەلووچ(BLF)  بێدەنگ نابێت و تۆڵەی ئەم هێرشە ئەکاتەوە، لە ئێستاوە جەنگ دژی پاکستان رادەگەیەنین. هاوکات ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران نووسیویەتی: ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی بەرەبەیانی ٥ شەممەی پاکستان بۆ چەند گوندێکی سەر سنووری ئیدانە کردووەو داوایان لە بەرپرسانی پاکستان کردووە بە زووترین کات وەڵامدەرەوە بن لە هۆکارەکانی ئەم هێرشانە. عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، کاتژمێر ٤:٣٠ بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە دەنگی چەند تەقینەوەی گەورە نزیک شاری سەراوان بیستراوەو دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت پاکستان بە مووشەک هێرشی کردۆتە سەر گوندە سنوورییەکانی ئێران. پێشتر بەرپرسێکی باڵای پاکستان بە روەیتەرزی راگەیاندبوو هێرشێ ئاسمانیان کردۆتە سەر چەند شوێنێک لە ئێران. شەوی سێ شەممە کۆماری ئسیلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە پاکستان و رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لە خاکی پاکستان لە ناو بردووە. لە راگەیاندنێکدا گرووپی جەیش العدل رایانگەیاند بە هۆی هێرشەکانی سوپای پاسدارانەوە ٢ مناڵ کوژراون. ئەم کارە بوو بە هۆی ئەوەی پاکستان باڵیۆزی خۆی لەتاران بکێشێتەوەو بە باڵیۆزی ئێران رابگەیەنێت بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاکستان لە ئێستادا. جەلیل عەباس جەیلانی ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی کاتی پاکستان رۆژی چوارشەممە ١٧-١-٢٠٢٤ لە وتووێژی تەلەفۆنی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پاکستان بە مافی خۆی ئەزانێت وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە.

هاوڵاتی  ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پێویستە بەزووی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەخۆران رەوانەی بەغدا بكات تا ئەم مانگە لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەغداد پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. د.بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێم كە داوای لیستی مووچەی فەرمانبەران دەكات، بە هاووڵاتی وت" ئەو نوسراوە بۆ ئەوەیە ژمارەی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق بزانرێت تا بڕی خەرجییەكان بزانن و خۆیان بۆ ئەمساڵ ئامادە بكەن كە ئەوەش لەسەر بنەمای ماددەی 77ی یاسای بودجەیەیە". وتیشی"دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم بەزووی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد بكات تا ناردنی مووچەی فەرمانبەران هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق  دوا نەكەوێت" وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێك لەسەرەتای مانگەوە دەستبەدابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دەكات و  لەڕۆژی 18 مانگیشەوە دەستبەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دەكات و لەماوەی چەند رۆژێكدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەكانیان وەردەگرن.  "بۆ ئەم مانگە بەغداد 618 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت كە ئەوەش لەخەرجی راستەقینەوەو ئەگەری هەیە بۆ مانگی داهاتوو بڕەكە زیادو كەمبكات و لەوەدا كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت، بەڵام هەمواركردنەوەی یاسای بودجە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت". ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وای وت. د.بڕیار رەشید ئەوەشی خستەڕوو" وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ دەستپێكردن بەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت و ئەوكاتە دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات". رۆژی یەكشەمەی رابرددوو 14ی كانونی دووەمی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا بۆ ئەم مانگە 618 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و تا هەمواركردنەوەی یاسای بودجەش ناردنی پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم بەردەوامبێت. 

هاوڵاتی  سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لەئێستادا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە سنوری باكووری ئیسرائیلەوە لە هەموو كاتەكان زیاترە. هێترسی بالیفی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە میانەی  سەردانێكیدا بۆ سەربازگەی مەشقی سەربازە یەدەكەكانی ناو سوپای ئیسرائیل لە نزیك سنووری لوبنان، ئاشكرایكرد "وڵاتەكەی بەچڕی دەستیكردووە بە ئامادەسازی لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە بەرەی باكووری ئیسرائیلەوە". هالیفی ئەوەشی وت "نازانم جەنگەكە كەی هەڵدەگیرسێت، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم كە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە بەرەی باكوور و سنووری لوبنانەوە لە ماوەی مانگەكانی داهاتوودا زۆر لە ماوەكانی پێشوو زیاترە". سەبارەت بەگەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلیانەش كە لە ئەنجامی بۆردومانەكانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی لە ناوچەكانیان هەڵهاتون  وتی "ئەو گەڕانەوەیە پێویستی بەگۆڕانكاری گەورە هەیە لە سەر سنوورەكانمان". هەروەها سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە جەنگی نێوان سووپاكەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وانەو ئەزموونی زۆر فێربوون و هەڵەكانیان لە ئەگەری جەنگ لەگەڵ حزبوڵای لووبنانی دووبارە ناكەنەوە. 

هاوڵاتی  كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەرێم رایگەیاند بەتوندی ئیدانەی هێرشە بێماناكانی ئەم دواییەی ئێران دەكەین دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت لەهێرشەكەی سەر هەولێردا هیچ ناوەندێكی ئەمریكا زیانیان بەرنەكەوتوە. كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر بڵاوكردەوەو رایگەیاند"بەتوندی ئیدانەی هێرشە پڕتوندوتیژی و بێماناكانی ئەم دواییەی ئێران دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی كوردستان و هێرشە درۆنیە بەردەوامەكانی سەرتاسەری ناوچەكە دەكەین، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیەكان دەكەین"  ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئیدانەی پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق لەلایەن ئێرانەوە دەكەین، لەبەرامبەر ئەو هەموو هەواڵە نادروستانەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوبوونەتەوە، دەمانەوێت ڕونیبكەینەوە كە لە هێرشەكانی ئێران لە 15 ی كانونی دووەمدا هیچ ناوەندێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیانیان بەرنەكەوتون".

هاوڵاتی  پاكستان بەموشەك وەڵامی هیرشەكەی ئێرانی دایەوە، ئێرانیش دەڵێت بەهۆی هێرشەكەی پاكستانەوە ژمارەیەك كەس كوژراون.   بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی كانونی دووەمی 2024 وەزارەتی دەرەوەی پاكستان رایانگەیاند"لەوەڵامی هێرشە موشەكییەكەی چەند رۆژی رابردووی ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەكانیان، سوپای پاكستان هێرشێكی مووشەكی كردوەتە سەر ناوچەیەكی شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران و گروپە چەكدارەكانی لەو پارێزگایە كردوەتە ئامانج". وەزارەتی دەرەوەی پاكستان ئەوەشی خستوەتەڕو و "لەئەنجامی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران ژمارەیەك تیرۆرستیان كوشتووە". هاوكات بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند پاكستان ژمارەیەك موشەكی ئاڕاستەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان كردوەو بەهۆیەوە حەوت كەس كوژراون كە سێ ئافرەت و چوار منداڵن. هێرشەكانی ئەمڕۆی پاكستان بۆ سەر ئێران دوای هێرشەكانی شەوی 16ی ئەم مانگەی  ئێران دێت كە لەڕێگەی موشەكی بالیستییەوە ناوچەیەكی سنوری لە پارێزگای بەلوچستانی پاكستان كردە ئامانج كە گوایە هێرشكە بۆ سەر گروپی جەیش ئەلعەدل بووە، بەهۆی هێرشەكەشەوە دوو منداڵ كوژران و سێی دیكەش بریندار بوون و هێرشەكەش دەسەڵاتدارانی پاكستانی توڕە كردو باڵیۆزی وڵاتەكەی لە ئێران گەڕاندەوەو باڵیۆزی ئێرانیشی لە پاكستان دەركرد.     

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی پاكستان هەڵوێستی توندنی بەرامبەر بە هێرشی سوپای پاسداران بۆ خاكی ئەو وڵاتە گرت و باڵیۆزی خۆی لە تاران كشاندەوەو رایگەیاند باڵیۆزی ئێران لە ئێستادا بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاكستان. ناوەندەكانی هەواڵی حكومەتی كۆماری ئیسلامی شەوی سێ شەممە 16ی كانونی دووەمی 2024، رایانگەیاند: سوپای پاسداران بەموشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كردۆتە سەر دوو بنكەی (جەیش العدل) لە پاكستان و لە ناوی بردون. ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ چوار شەممە 17ی كانونی دووەمی 2024، راگەیاندنێكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستانی بڵاوكردوە تیایدا هاتووە" لەئێستادا پاكستان رێگە بە باڵیۆزی ئێران نادات بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە". رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاكستان، لە ئێستادا لە تارانە. هەڵوێستی توندنی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا وتی"پێشێلكردنی بێ بنەماو ئاشكرای سەروەری پاكستان لەلایەن ئێرانەوە، لادانە لە یاسا نێودەوڵەتیەكانن و ئامانج و بنەماكانی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان". موممتاز زەهرا بەلووچ وتیشی "ئەم كارە سەرەڕۆیانەیەی ئێران بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییەو هیچ پاساوێكی نییە، بۆ ئەو كارە پاكستان بەمافی خۆی ئەزانێت وەڵامی ئەم كارە نایاساییە بداتەوەو بەرپرسارێتی ئەنجامەكانی لەئەستۆی كۆماری ئیسلامییە". "ئێمە پێمانڕاگەیاندون پاكستان بڕیاریداوە باڵیۆزی خۆی لە تاران بكێشێنێتەوەو باڵیۆزی ئێران كە لە ئێستادا لە تارانە، بۆی نییە بگەڕێتەوە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان وای وت. وتیشی "ئیسلام ئاباد بڕیاریداوە سەرجەم ئەو دیدارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بڕیاربوو لە رۆژانی داهاتوودا لە نێوان پاكستان و ئێراندا بەڕێوە بچێت". ئەمە دووهەمین هەڵوێستی توندی پاكستانە دوای هێرشی سەربازی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە. جێهێشتنی پێشانگای چابەهار لەلایەن وەفدی پاكستانییەوە بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوە لۆكاڵیەكانی پاكستان، دوای هێرشی موشەكییەكەی ئێران، ئەندامانی وەفدی پاكستانی پێشانگای چابەهاریان جێهێشتووە. كەناڵی تێلگرامی " حال وەش" و " كەمپەینی چالاكانی بەلووچ" نووسیویانە "لەسەر داوای بەرپرسانی پاكستانی، بازرگان و چالاكانی ئابووری ئەو وڵاتە دەستبەجێ و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشتر، پێشانگاكەیان بەجێ هێشتووە". بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ئێستادا پێشانگای هەناردەكردن بۆ پاكستان بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی، راوێژكاری سەرۆك كۆمارو سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادو تایبەتە ئابوورییەكانی وڵات، پارێزگاری سیستان و بەلووچستان، بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی ئازادی چابەهارو بەرپرسانی بڵای پاكستان، ئەفغانستان، عێراق و عوممان لە چابەهار بەڕێوە ئەچێت. ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، شەوی سێ شەممە رایگەیاند "ئەو ناوچەیەی بۆردمارانكراوە، ناوچەیەكە بەناوی كێوی سەوز لەپارێزگای بەلوچستانی پاكستان كە یەكێك لە گەورەترن بنكەكانی گروپی جەیش العدل لەو ناوچەیە". بەڵام لە راگەیاندنێكدا كە لە كەناڵی تێلگرامی جەیش العدلەوە بڵاوكراوەتەوە "شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ژمارەیەك موشەك ئەو خانوانەی كردۆتە ئامانج كە ژن و منداڵی ئەندامانی ئەم گرووپەی تێدا بووە". پاكستانیش رایگەیاند "بەهۆی هێرشەكانی سوپای پاسدارانەوە دوو منداڵ كوژراون، ئەمە لە حاڵێكدایە سوپای پاسداران باس لەوە دەكات توانیویەتی ئەو گروپە لە ناو ببات". داواكاری نوێی ئێران لە پاكستان لە هەمانكاتدا، مەجید میر ئەحمەدی جێگری  وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ بواری ئەمنی و ئاسایشی وڵات، داوای لە پاكستان كردوە هەنگاوی جدی هەڵبگرێت بۆ دەركردن و لەناو بردنی ئەو كەسانەی كە ئەوان بە "تیرۆریست" ناوی دەبەن. مەجید میر ئاماژەی بەگروپی جەیش العدل كردوەو رایگەیاند"ژمارەیەك لە گروپە تیرۆریستییەكان لە خاكی پاكستان گیرساونەتەوەو شوێنیان خۆشكردوە". هاوكات وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی بە ئاماژە بە هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق وتی "ئێمە رێز لە سەروەری دەسەڵات و یەكپارچەیی پاكستان و عێراق دەگرین، بەڵام رێگە نادەین ئاسایشی وڵاتەكەمان بكەوێتە مەترسییەوەو یاری پێ بكرێت". وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو "لە هێرشەكەیان بۆ سەر پاكستان، هاووڵاتیانی پاكستانی نەكراونەتە ئامانج". گرووپی جەیش العدل، هێزو رێكخراوێكی چەكداری دژبەری كۆماری ئیسلامییە كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێكی رۆژئاوایی لەوانە ئەمریكاوە وەك تیرۆریست ناسراون. هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەكانی جەیش العدل دوای ئەوە هات، كە ئەم هێزە بەرپرسارێتی هێرش بۆ سەر بنكەی سەربازی لە شاری راست لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان گرتە ئەستۆ. ئەو هێرشە رۆژی ١٠-١-٢٠٢٤ئەنجامدرا. جیش العدل چی ئەڵێت؟ جەیش العدل لە راگەیاندنێكدا كە لە كەناڵی تێلگرامی ئەم گرووپە بە ناوی "شبكە عدل" بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە "گرووپی تیرۆریستی سوپای پاسداران بە كەڵك وەرگرتن لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و موشەك هێرشیكردۆتە سەر ماڵی ژمارەیەك لە موجاهیدەكانی رێكخراوی جەیش العدل لە كێوە سنورییەكان بەلوچستان و لەم هێرشەدا كە لانیكەم شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی خۆتەقێنەرەوەو ژمارەیەك موشەك بەكار هاتوون ئەو شوێنانە كراوەتە ئامانج كە ژن و مناڵ موجاهیدەكانی رێكخراوی جەیش العدلی تێدا بووە كە بەوهۆیەوە ماڵی دوو موجاهید روخاوەو ئەندامانی بنەماڵەیان كوژراون بوون یان بریندار بوون. لەم هێرشەدا دوو منداڵ كوژراون و دوو ژن و كچێكیش بریندار بوون و برینەكەیان قورسە. كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای سوپا  ئەمڕ چوارشەممە17ی كانونی دووەمی 2024، هێرشی چەكداری كراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە سەراوانی بەلووچستان و عەقید حسێن عەلی جاوادانفەڕ، پلەدارێكی گەورەی سوپا كوژراو چەند كەسێكی تریش بریندار بوون. 

هاوڵاتی  وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردوە بە مەبەستی دابینكردنی خەرجی موچەكانیان تا ئەو كاتەی هەمواری بودجەی ساڵی 2024 پەسەند دەكرێت. بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق كە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر كردوە رۆژی 16ی كانونی دووەمی 2024، ئاماژەی بەوەداوە بەپێی یاسای بودجەی گشتی پێویستە خەرجی و مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ مانگی كانوونی دووەم و مانگەكانی دواتر رەوانەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی یان گەنجینەی پارێزگاكانیان بكەن تا ئەو كاتەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان رەزامەندی لەسەر خشتەی بودجە دەدەن.  هەر بەپێی نوسراوەكە كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئەو لیستە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و سەرجەم دەرماڵەكان و پارەی لێبڕینی خانەنشینی تێدا بێت لە دوای وردبینیكردنی لەڕێگەی بەڕێوەبەری گشتی یان بەشی ژمێریاری وەزارەتەكانەوە بۆ ئەوەی لە خەرجی مانگانەی پارەكانیان پشتی پێ ببەسترێت.  

هاوڵاتی بەرپرسی میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند لەكۆنەوە لەگەڵ ئێران دۆستی یەكترین، بەڵام ئەم هێرشە نامەردیانە بۆچی دەكرێت بۆ ئێرانیش خراپە گەلێكی وەك كورد بكات بەدوژمنی خۆی، ئیسرائیل لێرە نیەو شوێنیان دیارە. سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشە مووشەكیەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند" لەكۆنەوە لەگەڵ ئێران دۆستی یەكترین و وەك گەلان یەك نەژادین، بەڵام ئەم هێرشە نامەردیانە بەبێ هیچ بیانویەك بۆچی دەكرێت، ئیسرائیل لێرە نیەو شوێنیان دیارە". وتیشی "ئەمە شتێكی زۆر كەمە بۆ وڵاتێكی گەورەی وەك ئێران، كە هێزی خۆی پیشانی جیهان بدات و لەسەر خەڵكی مەدەنی تاقیبكاتەوە، هەموومان دەزانین هێزی ئێران هێزێكی گەورەیەو وڵاتێكی گرنگە". "ئەم شێوازە نامەردیە بۆ خودی ئێران خراپە كە گەلێكی وەك كورد بكات بەدوژمنی خۆی، چونكە ئێران پشتوپەنای گەلی كورد بووە، هیوادارین هێرشەكانی ئێران دووبارە نەبێتەوە". سیروان بارزانی وای وت.  

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند هێرشەكەی ئێران پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ سەر پەیوەندییە پتەوەكەی نێوانمان و عێراق مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و دیپلۆماسیەكانی بگرێتەبەر. بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆڕبەندی داڤۆس بەمیدیا عێراقییەكانی راگەیاندوە "هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستدرێژییەكی ڕوونە بۆ سەر سەروەری عێراق و پێشهاتێكی مەترسیدارە كە پەیوەندیی پتەوی تاران و بەغدای تێكداوە". كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی دووشەممە بەچەند موشەكێكی بالیستیكی زیرەكی جۆری (خەیبەر شكێنی 3) هێرشیكردە سەر هەولێرو لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 16 كەسی تریش بریندار بوون، سەرەڕای زیان گەیاندن بە چەندین خانوو و موڵكی خەڵكی مەدەنی كە لە دووری شەس سەد مەتر لە ماڵەكەی پێشڕەو دزەیی كە خۆی و منداڵەكەشی لە هێرشەكەدا شەهید بوون كەوتبوونە ژێر كاریگەری هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێران. ئەمەش كاردانەوەی جیهانی لێكەوتەوە، هەروەها ناكۆكیەكی نا ئاسایی لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا بەدوای خۆیدا هێنا، بەغداد وەك ناڕەزایەتیەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە تاران بانگهێشتكردەوە، هاوكات بەرپرسی كاروباری ئێرانیشی لە بەغداد بانگهێشتكرد. لەبەرامبەریشدا تاران پێداگریكرد كە هێرشەكە بەمەبەستی ڕاگرتنی هەڕەشە سیخوڕەكانی ئیسرائیلە بووە. لەبارەی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بەو هێرشەی سوپای پاسداران، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوەكردۆتەوە" عێراق مافی خۆیەتی هەموو ئەو ڕێوشوێنە یاسایی و دیپلۆماسیانە بگرێتەبەر كە هەیەتی وەك نەتەوەیەكی خاوەن سەروەری". ئەمەش لەكاتێكدایە ئێران لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هێرشی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو ڕایگەیاندوە"ئەو ناوچەیە وەك گۆڕەپانی گرووپە دابڕاو و جوداخوازەكانی  ئێرانن و بریكاری دووژمنە سەرسەختەكەی ئێرانن كە ئیسرائیلە". بۆ ئەو مەبەستەش بەغدا هەوڵی چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی ئێرانی سەبارەت بەحزبەكانی رۆژهەڵاتی ئێران لە ناوچەكەدا داوە، لەو چوارچێوەیەشدا كاری بۆ گواستنەوەی بەشێك لە ئەندامانی هەریەك لەو حزبانە داوە لەچوارچێوەی ڕێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ تاران لە ساڵی 2023دا، بەڵام هێرشەكان بەردەوامن لەژێر بیانووی جۆراوجۆردا، كە دواینیان لێدانی هەرێمی كوردستانە بە بیانوویی "سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل".

هاوڵاتی – عەمار عەزیز فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی چیای مەتینیان لەرۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی بۆردومانكرد، دوای بۆردومانەكەش لەناوچەكە دەنگی تەقەیەكی زۆر بیستراوە. پەیامنێرمان لەقەزای ئامێدی پێیڕاگەیاندنین ئێوارەی ئەمڕۆ 17ی كانونی دووەمی 2024، فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی چیای مەتینیان لەرۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی بۆردومانكردوەو هاووڵاتیانی قەزای ئامێدیش هەستیان پێكردوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە قەدەغەكراوە زیانەكان نەزانراوە. ئەوەشی خستەڕوو دوای بۆردومانەكە دەنگی تەقەیەكی زۆر بیستراوە، بەتایبەت لەگوندەكانێ (دێرێ، مێرستەك، سگێرێ، سەرگەلێ) كە هەموویان دەكەونە سنوری قەزای ئامێدی.