هاوڵاتی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمی " ئەمریکییان راگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا "سی ئای ئەی" خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری وردن لەبارەی بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس و شوێنی شاردنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و پێدانی ئەو زانیارییانە بە ئیسرائیل. لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایم" هاتووە کە بە بڕوای دەزگای هەواڵگری ئەمریکا " یەحیا سنوار" لە ناو قووڵترین تونیلەکانی خان یونسدا لە باشووری غەزە خۆی حەشار داوە و دەستنیشانکردنی شوێنەکەی کاریکی ئاسانە ،بەڵام دەستگیر کردن یا کووشتنی لەبەر ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی وەک قەڵغانی مرۆیی لەدەوری خۆی هێشتۆتەوە کارێکی ئاڵۆز و سەختە  . هەروەها سەرچاوەکان ئەوەشیان بە رۆژنامەکە راگەیاندووە ، کە دوابەدوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ، جەیک سۆلیفان ی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی لە ڕێی نووسراوێکەوە فەرمانی بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کردووە کە بە مەبەستی دەستنیشان کردن و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس ، تیمیکی تایبەت دروست بکەن . لەلایەکی دیکەوە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە پلە دووەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چالاکی و بەرنامەی ئەو بزووتنەوەیە دانانێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت جێگرەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بە ئامانج گرتن و لەناوبردنی فەرماندە و بەرپرسە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئەو بزووتنەوەیە ، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بزووتنەوەکە و بێهێزکردنی باڵە سەربازییەکەی ، بە تایبەتیش گەر بێتو ئیسرائیل بتوانێت "یەحیا سنوار" یان "موحەمەد زەیف"ی بەرپرسی باڵی سەبازی بزووتنەوەی حەماس دەستگیربکات یان بکوژێت. هەروەک چۆن ئەمریکا لەبارەی کووشتنی "ساڵح ئاروری" جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە بەیروتی پایەتەختی لوبنان ، ئەوەی رەتکردۆتەوە هیچ جۆرە زانیارییەکی هەواڵگیری لەبارەی شوێنی مانەوەی ناوبراوەوە بە ئیسرائیل دابێت. هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەرپرسیکی باڵای بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر نەکراوە ، بەڵام رەنگە زانییارییە هەواڵگرییەکی ئەمریکا یارمەتیدەرێکی باس بێت بۆ ئەو مەبەستە . بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار چەکدار دەبن و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 ،ئیسرائیل بە ئەمریکای راگەیاندبوو کە پێیان وایە لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بزووتنەوەکە ، سێ بەشی ئەو چەکدارانەیان کووشتووە. لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشێکی فراوانی کردە سەر ناوچەیەکی ئیسرائیلی و لە ئەنجامدا بە دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی بە بارمتە گرت و دەیانی دەیانی دیکەشی لێکووشتن ، دوابەدوای ئەو پەلامارەش سووپای ئیسرائیلی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەزەی مۆڵگەی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد و رایگەیاند ، تا کۆتایی هینان بە بزووتنەوەی حەماس جەنگەکە بەردەوام دەبێت.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هاتوە و سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دەچنە قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنەکەوە و كاندیدێكى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش كشایه‌وه‌. كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، ده‌نگدان بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ستى پێكردو هه‌ریه‌كه‌ له‌ سالم عیساوى، شعلان كه‌ریم، مه‌حمود مه‌شهه‌دانى، ته‌لاڵ زوبه‌یعى و عامر عه‌بدولجه‌بار خۆیان كاندیدكردوه‌. ناوبراو ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، عه‌بدولره‌حیم شه‌مه‌رى له‌ پرۆسه‌ى خۆكاندیدكردن كشاوه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ى ده‌نگدان كۆتایی هاتوه‌. هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن میدیا عێراقییەکانەوە بڵاوکراوتەوە، لە ئێستادا لە کۆی شەش کاندید تەنها دو کاندید چونەتە قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بریتین لە سالم عیساوی سەر هاوپەیمانی سیادە و مەحمود مەشهەدانی سەر بە هاوپەیمانی عەزم. بەپێی سیستمی هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان، لە گەڕی یەکەم پێویستبو یەکێک لە کاندیدەکان 165 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام هیچ کام لە کانیدەکان ئەو ریژە دەنگەیان بەدەستنەهێنا، لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەکە هەر کاندیدێک دەنگی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ناوه‌راستى مانگى 11ى ساڵى رابردوو محمد حه‌لبوسى به‌بریاى دادگاى فیدڕاڵى و له‌سه‌ر سكاڵاى په‌رله‌مانتارێكى كوتله‌كه‌ى خۆى له‌مافى ئه‌ندامیه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بێبه‌شكرا.

هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، نیازی راستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە کۆبونەوەی ئەمڕۆشیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم هەماهەنگی بەغدایان دوپاتکردوەتەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەڵێت، "ئەرکە و دەبێت چارەسەر بکرێت."  ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 13ـی كانوونی دووه‌می 2024) نووری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ته‌. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەی پرسە سیاسییەکان و باردۆخی ئەمنی کرد، عێراق بەرامبەر بە دۆخی ئەمنی هەرێم هۆشدارە و لە گفوتگۆکانی ئەمڕۆدا هەماهەنگی عێراقیان بۆ هەرێم لەو روەوە دوپات کردوەتەوە. بە وتەی نووری مالکی لەبارەی پرسی ئەمنیش گفتوگۆیان کردووە و وتی، "تاوتوێ هەندێک بابەتی پەیوەندیدارمان بە بارۆدۆخی ئەمنی کردووە، بە تایبەتی ئەو بارودۆخەی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان روودەدات، ئێمە پێداگرین لەسەر سەلامەتی بارودۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەگشتی، واتا گفتوگۆکانمان پشتی بەوە دەبەست کە ئێمە هاوبەشین بۆ ئەوەی وڵاتێکی سەقامگیر دروست بکەین و عێراق لە هەموو پشێوی و ئاڵۆزییەک بەدوور بگرین." لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نووری مالیکی گوتی، "برایانمان گفتوگۆیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کرد و ئێمەش پشت بەخوا لەگەڵ حکومەت قسە دەکەین لەبارەی خەرجکردنی مووچەکانیان. ئەوە ئەرکە و هەر دەبێت چارە بکرێت، چۆن کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی هەر بەردەوام بێت، لە بەرژوەندی هەردوولامان نییە."

هاوڵاتی  سەرۆك كۆماری ئەمریكا رۆژێك دوای هێرشی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر بنكەو شوێنەكانی حووسییەكان لە شوێنە جیاوازەكانی یەمەن، رایگەیاند ئەمریكا نایەوێت جەنگی بریكاری لەگەڵ ئێران بكات. جۆ بایدن سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەكاتی سەردانیدا لە پێشانگای كارو پیشە بچوكەكان لە شاری ئەلێنتۆن لە ئەیالەتی پێنسیلڤانیای ئەمریكا، لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لێیان پرسی ئاخۆ حوسییەكان گرووپێكی تیرۆریستین، وەڵامی دایەوە "لام وایە تیرۆریستن". جۆ بایدن دوای هاتنە سەركاری لە ساڵی 2021، حوسییەكانی لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستەكان دەركرد. بەرپرسانی دەوڵەتی جۆبایدن مانگی تشرینی دووەمی 2023،رایانگەیاند"سەرقاڵی تاووتوێكردن و هەڵسانگاندنی دووبارەی دۆخی حوسییەكانن".  سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوتەكانیدا دەربارەی هێرشەكەی رۆژی هەینی بۆ سەر حوسییەكان، جەختی لەوەكردەوە كە ئەو هێرشە زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوەوە، بەڵام سەركەوتوو بووەو بەشی زۆری سەركەوتنەكەی بۆ ئەوەی زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە". بایدن لە قسەكانیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمریكا لە ئێستادا لە جەنگی بریكاریدا نییە لەگەڵ ئێران.  سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئاخۆ ئەمریكا لە گەڵ ئێران لە جەنگێكی بریكاریدایە؟ وتی:" نەخێر، پێشتر ئێرانم ئاگادار كردۆتەوە، ئەوان ئەزانن نابێ هیچ كارێك بكەن". سەرۆكی ئەمریكا لە درێژەی قسەكانیدا وتی"ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بین ئەگەر حوسییەكان بەردەوام بن لەم ئاكارە شەڕخوازانەیان، لەگەڵ هاوپەیمانەكان وەڵامی شیاویان بدەینەوە". سوپای ئەمریكا رایگەیاند"ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرەبەیانی هەینی زیاتر لە 30 دامەزراوەو بنكەی سەربازی حوسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج". هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سینتكۆم)، بەرەبەیانی شەممە رایگەیاند سوپای ئەمریكا بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج. لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی  كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە". فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێییە كە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا". كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بەئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە. بە پێی راپۆرتی سێنتكۆم، حووسیەكان لە دوو مانگی رابردوودا 28 جار هێرشیانكردۆتە سەر ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای سوورو كەنداوی عەدەن لە هاتووچۆدان.  

كادیرێكی پارتی لەهەڵەبجە رایگەیاند بەناوی نوسینگەی مەسرور بارزانییەوە هەڕەشەی لێكراوە، دەشڵێت گوێ لەبەرپرسە دەعوەت خۆرەكان مەگرن، لەڕووی حیزبییەوە پێتان ئەڵێم لەم سنورە چی ئەگوزەرێت و چ زوڵم و ناهەقییەك سەرتاپای پارتی داپۆشیووە، لەڕێی پەیوەندی و ئۆرگانەكانیشەوە هەرگیز دەنگ ناگات بە بەرپرسانی باڵای پارتی، ئامانجی ژیانیشم ئەكەم بەلابردنی ئەو زوحاكانە. محەمەد هەڵەبجەیی كادیری پارتی لەسنوری پارێزگایب هەڵەبجە لە واڵی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڤیدیۆی سوتانی ئۆتۆمبێلەكەی بڵاوكردوەو لەنوسینێكیشدا لەبارەی هۆكاری نیگەرانییەكانی لەپارتی پەیامێكی ئاڕاستەی مەسعو بارزانی و نێچیبرڤان بارزانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوە. ئەو كادیرەی پارتی دەڵێت "قسەی من قسەی هەزاران پارتی بەشمەینەت و بەشخوراوە، بەناحەق نانبڕاو كرام، دەمەوێ ڕووبەڕوو پێتان بڵێم كە چ زوڵم و ناهەقییەك سەرتاپای پارتی داپۆشیووە". "سەرۆكی حكومەت من بەناوی نوسینگەكەتانەوە تەهدید كرام و نیگەران بووم و دەستم لەكار كێشایەوە، بەڵام پێنج ڕۆژ كەس نەما ڕوونكردنەوەی نەدەمێ تاوەكو بەرپرسانی كەناڵ بمگەڕێننەوە سەركارەكەی خۆم، بەڵام سودی نەبوو" ئەو كادیرەی پارتی وا دەڵێت. ئەوەشی وتوە" وتەبێژەكەتان پەیوەندی پێوەكردم و وتی تەواو لەبەیانیەوە بگەڕێرەوە سەركارەكەی خۆت، بەڵام ئەویش سەری نەگرت، ئامانجی ژیانم ئەكەم بەدژایەتی دژی گەندەڵكاران و هەلپەرستان، ئامانجی ژیانم ئەكەم بەلابردنی ئەو زوحاكانە، ئیتر خۆ ئەبێت یەكێك قوربانی بدات، چونكە لەڕێی پەیوەندی و ئۆرگانەكانەوە هەرگیز دەنگ ناگات بەئێوە، چونكە بە بەرپرسانی حیزبی و كەناڵەكەشم وتبوو ئەوكارە ئەكەم، بەڵام كەس گوێی نەگرت و ئێستاش پێیانوایە یەك دوو ڕۆژ باس ئەكرێت و دوای ئەوە كپ ئەبێتەوەو ئەوەی زیانی كردووە بەتەنها خۆم بووم". محەمەد هەڵەبجەی لەبەشێكی تری سكاڵاكەیدا بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی دەڵێت "ئەوان بیانویستایە ڕاستی بگەیەنەنن، پێنج ڕۆژە دەیانگەیاند، یاخود ئەگەر ڕاستگۆ بونایە ئەسڵەن نەیان دەهێشت دۆخەكە بەئێرە بگات، ئەم نامەیەشم پێشوەخت نوسی و بۆم ناردن، بەڵام دیسان وەڵامیان نەبوو ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ئەوان پشتیان قایمەو بێمنەتن". ئەو كادیرەی پارتی ئەوەشی وتوە"نوسینگەی هەڵەبجەم بەخوێن و ماندوو بوون و شەو نخونی خۆم دروستكردووە، بەڵام ئەمڕۆ هاتن هەمووشتەكانیان برد وەك ئەوەی هەنگوینیان لەدارا دۆزیبێتەوە". لەكۆتایی پەیامەكەشیدا كادیرەكەی پارتی نوسیویەتی "لەڕووی حیزبییەكەشەوە پێتان ئەڵێم لەم سنورە چی ئەگوزەرێت، گوێ لەبەرپرسە دەعوەت خۆرەكان مەگرن، هیچم نەماوە لەدەستی بدەم، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەكەم بوو سبەی ڕەنگە خۆم بم، دەروونی منیان وێران كرد، ئەوانە كۆمەڵێ هەڵپەرستن و هیچی تر".

هاوڵاتی  روفاتی 172 ئەنفالكراو لە بەغدادەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم روفاتانە نزیكەی چوار ساڵ و شەش مانگە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوە، بەدیاریكراویش لە ناوچەی (تل الشیخ) دەرهێنراون، بەڵام رادەستی هەرێمی كوردستان نەكراونەتەوەو لە پزیشكی دادی بەغداد دانراون.  هۆكاری رادەستنەكردنەوەی روفاتەكان بۆ ناكۆكی كەسوكاری ئەنفالكراون لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و بەرپرسانی كەیسی ئەنفال دەگەڕایەوە، كەسوكاری ئەنفالكراوان داوایان دەكرد بەبێ ئەنجامدانی پشكنینی (دی ئێن ئەی)، روفاتەكان نەگەڕێندرێنەوە.  بەوتەی رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ، تائێستا شوێن دیاری نەكراوە بۆ بەخاكسپاردنی روفاتەكان، دوای گەڕاندنەوەیان لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتیی كۆمار شوێنێك دیاری دەكرێت بۆ بەخاكسپاردنیان.

هاوڵاتی  سەرۆكی هەرێم لەبەغداد رایگەیاند لەبەر نەبوونی مووچە، فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی زۆر خراپدا دەژین و داوا لەسەركردەو لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنەكان و ئەندامانی پەرلەمانی دەكەم پشتیوان بن بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەساڵیادی تیرۆركردنی محەمەد باقر حەكیم لە بەغداد رایگەیاند"ئێستا لەبەر نەبوونی مووچە، فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی زۆر خراپدا دەژین، ئەوەش كاریگەرییەكی خراپی كردوەتە سەر هەموو كەرتەكان لەهەرێمی كوردستان" وتیشی" پێویستە ئەو كێشە گەورەیە بەزووی چارەسەر بكرێت، ئەوەش بەرپرسیارێتی هەمووانە، چونكە هەرێمی كوردستان و فەرمانبەرانی بەشێكن لەعێراق، داوا لەتەواوی سەركردەو لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنەكان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەكەم پشتیوان بن بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران".

هاوڵاتی  كەشناسی هەرێم بڵاویكردەوە كە باران و بەفربارین لەناوچەكانی هەرێم تا سبەینێش بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرماش نزمتر دەبنەوە. بەشی پێشبینیەكانی كەشوهەوا لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم بڵاویكردەوە " ئەمڕۆ 13ی كانونی دووەمی 2024، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی كاتەكان و لەزۆربەی ناوچەكاندا بارانبارینی مامناوەند دەبێت  و رێژەی دابارینیش لە ناوچە شاخاوییەكان زیاترە بە بەراوورد لەگەڵ سەنتەری شارەكان، هەروەها بەفر دەبارێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان و ناوچە شاخاوییە سنووریەكان و پلەكانی گەرماش نزمتر دەبنەوە".  ئەوەشی خستوەتەڕوو " سبەینێ یەكشەمە ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان و ناوچە شاخاوییە سنووریەكان، لە دوایی نیوەڕۆە بارانبارین لە زۆربەی ناوچەكاندا بە نمە باران و بارانی پچر پچر بەردەوام دەبێت تا كاتەكانی شەو، بەراورد بەئەمڕۆش پلەكانی گەرما 3  پلە دادەبەزێت". 

هاوڵاتی  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی ساڵیادی رۆژی شەهیدی عێراقی گەیشتە شاری بەغدا. محەمەد باقر حەكیم سەركردەی دیاری شیعە لە عێراق لەساڵی 2003 لە نەجەف بەهۆی كردەوەیەكی خۆكوژییەوە گیانی لەدەستدا. سەردانی نێچیرڤان بارزانی لە سەرداوای عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەیەو لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا باش نیەو چەند پەیامێكی توندیش لەنێوان هەردوولا هەبوە. چاوەڕێ دەكرێت سەرۆكی هەرێم لەمەراسیمەكەدا وتارێك پێشكەش بكات و ئاماژە بەپەیوەندیەكانی ئێستای دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا بكات.  

هاوڵاتی  جارێكی تر سوپای ئەمریكی هێرشی بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن ئەنجامداو چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج. لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی  كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە". فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێیە كە بە مەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا". كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بە ئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە. رۆژی هەینی 12ی 1ی 2024 هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بەمەبەستی ڕێگریكردن و توانای حوسییەكانی یەمەن لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو كەشتییە بازرگانییانەی دەریای سوور، چەند هێرشێكی موشەكییان بۆ سەر بنكەی چەكدارەكانی ئەو گرووپە ئەنجامدا.  

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆبێتەوەو سێ كاندیدیش كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكەن. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 13ی كانونی دووەمی 2024ی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆدەبێتەوە، لەوبارەیەوە موعین كازمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند"تا ئێستا لەناو ماڵی سوننە رێككەوتنی سیاسی لەسەر كاندیدێكی گشتگیر بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە". "مەرج نییە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لە حزبی تەقەدوم بێت كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانی عەزم مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازكردووە و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی ئەو كاندیدە دەكات" موعین كازمی وا دەڵێت. شەعلان كەریم كاندیدی حزبی تەقەدومی حەلبوسییە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و تەڵاڵ زوبێعـیش وەك كاندیدی سەربەخۆ كێبڕكێ بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكات.  

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لەئەنجامی شەڕوپێكدادان لەنێوان سەربازەكانیان و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەپارێزگای دهۆك ژمارەی سەربازە كوژراوەكانیان بۆ 9 سەرباز بەرزبوەتەوە. وەزارەتی بەرگری توركیا شەوی رابردوو راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "لەئەنجامی شەڕو پێكدادانی سەربازانمان لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لەهەرێمی كوردستان پێنج سەربازمان كوژراون و هەشت سەربازی دیكەش برینداربوون  كە برینی سیانیان مەترسیدارە". بەچەند كاتژمێرێكی كەم لەبڵاوكردنەوەی ئەو راگەیەنراوە، وەزارەتی بەرگری توركیا راگەیەنراوێكی تری بڵاوكردەوەو رایگەیاند ژمارەی سەربازە كوژراوەكانیان لەهەرێمی كوردستان بۆ 9 سەرباز بەرزبوەتەوە.      

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لەئەنجامی شەڕوپێكدادان لەنێوان سەربازەكانیان و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەپارێزگای دهۆك 13  سەربازیان كوژراون و برینداربوون. پەیامنێری هاوڵاتی لەبارەی پێكدادانەكەی ئەمڕۆی نێوان گەریلاكانی پەكەكەو سوپای توركیا وتی" شەڕو پێكدادانەكەی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە لە بەرزاییەكانی گوندی سگێرێ لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی روویداوە" هاوكات دوای چەند كاتژمێرێك بەسەر شەڕوپێكدادانەكە، وەزارەتی بەرگری توركیا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "لەئەنجامی شەڕو پێكدادانی سەربازانمان لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لەهەرێمی كوردستان پێنج سەربازمان كوژراون و هەشت سەربازی دیكەش برینداربوون  كە برینی سیانیان مەترسیدارە".      

هاوڵاتی کەشناسی ھەرێم رایگەیاند تا پێش نیوەڕۆی سبەینێ شەمە باران و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەی بچڕ بچڕ بەردەوام دەبێت. بەشی پێشبینییەكانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاند "بارانبارین و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەكان بە شێوەی بچڕ بچڕ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت لەدوای نیوە شەوەوە بارانبارین درێژە بكێشێ بۆ زۆربەی ناوچەكانی تری هەرێم. پێشبینیش دەكرێت تا پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك، هەولێر، راپەڕین زۆرترین ڕێژەی باران ببارێت. هەروەها بۆ دوای نێوەڕۆ و ئێوارەی شەممەش نمە باران بەشێوەی بچڕ بچڕ لە سەنتەری شارەكان و بەفرو باران لەناوچە شاخاوییەكان بەردەوام دەبێت.  

 هاوڵاتی  وتەبێژێكی ناتۆ رایگەیاند هێرشی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بەرگریكردن بووە بەمەبەستی پارێزگاری لە ئازادی بازرگانی لە یەكێك لەشاڕێكانی بازرگانی جیهان. بە پێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ 12ی كانونی دووەمی 2024، وتەبێژی ناتۆ رایگەیاندوە" ئێران پشتیوانی لە چەكدارە حوسیەكان دەكات و پڕچەكیان دەكات، ئێران پێویستە هێزە بریكارەكانی خۆی لە ناوچەكە هەسار بكات". ناتۆ بەشداری نەكردووە لە هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر حوسییەكان، بەڵام ئەمریكا و بەریتانیا ئەندامی ناتۆن، هەروەها هۆڵەندا و كەنەدا دوو ئەندامی تری ناتۆن، پشتیوانیان لەم هێرشانە كردووە. وتەبێژەكەی ناتۆ ئاماژەی بەوە نەداوە ئایا 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، پشتیوانیان لە هێرشی حوسیەكان كردووە یان نا.