هاوڵاتی لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام فڕۆکەکە ئامانجی نەپێکاوە و کەوتوەتە خوارەوە. گروپێکی چەکداری سەر بە "المقاومة الاسلامیة فی العراق" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشیان کردوەتە سەر بنکەی هێزە ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. بە گوێرەی زانیارییەکان درۆنەکە بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر ئاراستە کراوە، بەڵام بەرلەوەی بگاتە ئامانجەکەی لە نزیک گوندی ئاشۆکان، لە باکووری فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی (25)ی ئەم مانگەش جارێکی تر هەمان گروپ لەرێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشیان کردە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز برینداربون.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ڕۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس سەرکۆنەی ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد کە تیایدا بە " هاوشێوەی هیتلەر " ناوی برد کاتێک بیر لە کردەوەکانی دەکاتەوە لە جەنگی غەزەدا. ئهمڕۆ لە میانی بهشداریكردنی بۆنەیەکدا رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆكی توركیا رایگهیاند: نەتەنیاهۆی سهرۆكی ئیسرائیل جیاوازییەکی ئهوتۆی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەردا نییە و ئهو هێرشهی كه دهكرێته سهر كهرتی غهززه له فەڵەستین ههمان مامهڵهی نازییەکانە كه بهرامبهر بهجولهكه دهكرا. لە وڵامی قسەکانی ئەردۆغاندا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕۆ کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی دایەوەو دەڵێت،" ئهردۆغان کە زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنوسانی زیندانی کردووە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ شێوازی حکومڕانییدا نین و جینۆساید دژی گهلی کورد دهكات، دوا کەسە باسی ئەخلاق لەگەڵ ئێمه بکات." ڕەخنەکانی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل لە ئێستادا چڕتر بوونەتەوە و ئەردۆغان لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە لە وڵامی ئەمەشدا، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل بێنی گانتز لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، "من سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان دەکەم. ئەو قسانەی کە بە ئاشکرا شێواندنی واقیع و وێرانکردنی یادەوەری هۆلۆکۆستن. حەماس ئەو ڕێکخراوەیە کە کۆمەڵکوژییەکی قێزەونی ئەنجامدا. لابردنی هەڕەشەی حەماس لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل پێویستییەکی ئەخلاقی بێهاوتایە." هاوکات ئیسرائیل بڕیاری گەڕاندنەوەی نوێنەران و دیپلۆماسییه ئیسرائیلییهكانی لە تورکیا داوەو لهبهرامبهریشدا تورکیا دەڵێت باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بۆ ڕاوێژکاری بانگهێشت دەکاتەوە، بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ناپچڕێنێت. زیاتر لە دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە دوای ئەوەی لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و کەرتی غەززە چووە نێو دۆخی جەنگەوە هاوکات تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە. بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکانی تەندروستیی غەززەشەوە،تائێستا 21 هەزار و 110 کەس کوژراون هەروەها 55 هەزار و 243 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.
هاوڵاتی لە رووداوێکی دەگمەن و سەیر رۆبۆتێکی کۆمپانیای تسێلا پەلاماری ئەندازیارێکی کۆمپانیاکەی دا. پەلامارەکەش لە کاتێکدا بووە کە بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە کۆمپانیای (گێگا تەکساس) ی سەر بە کۆمپانیای تسێلا بانگهێشتی کۆمپانیاکە کرا بوو . هەر بە پێی وتەی شایەتحاڵەکانی ناو کۆمپانیاکە لە دوای پەلاماری رۆبۆتەکە کە تایبەتە بە گواستنەوە و وەرگرتنی پارچەی ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراو لە ئەلەمنیۆم ، ئەندازیارەکە لە پشت و قۆڵییەوە بریندار بووە . شایەتحاڵەکان ئەوەشیان خستە ڕوو کە سەرەتا ڕۆبۆتەکە ئەندازیارەکەی کە خەریکی پرۆگرامکردنی دوو ڕۆبۆتی دیکەی نزیک لە ڕۆبۆتی پەلاماردەر بوو گرتووە و دوای ئەوە بە چنگ، پشت و دەستی بریندار کردووە و خوێنێکی زۆر لە ئەندازیارەکە ڕۆیشتووە. زانیارییەکانی ئەم ڕووداوەش بە پێی رۆژنامەی دیلی مەیل لە دوای ڕاپۆرتێکدا هاتووە کە بەرز کراوەتەوە بۆ ویلایەتی ترافیس و ڕێکخەرە فیدڕاڵییەکان . جێی ئاماژەیە زاناکانی بواری تەکنەلۆژیا ماوەیەکە بەردەوام هۆشداری لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی زیرەکی دەستکرد دەدەن و بە هەرەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر داهاتووی مرۆڤ دەزانن.
هاوڵاتی دادگای فیدراڵی تاوتوێكردنی سكاڵایەكی تایبەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست و داوای لەكۆمسیۆن كرد ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەو چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێم بۆ دادگا دیاری بكات. دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ 27-12-2023 بۆ بڕیاردان لەسەر سكاڵایەك كۆبوویەوە كە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، بەڵام لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردانی بۆ 21-1-2024 دواخست. بەپێی زانیارییەكان لەدانیشتنەكەی دادگای فیدراڵیدا پارێزگای هەڵەبجە وەك بازنەی چوارەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوەو دادگاش داوای لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردوە تا 21ی مانگی داهاتوو بەنوسراوێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجەو چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دیاری بكات. لەو دانیشتنەی دادگای فیدراڵیدا نوێنەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق داوای كردوە بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكەی دادگای فیدراڵی كاتیان پێبدرێت. سەرچاوەیەكیش لەكۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە هاوڵاتی وت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبارەی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان زیاتر لە 20 رۆژە بەنوسراوی فەرمی وەڵامی دادگای فیدراڵی داوەتەوە. "بۆ پارێزگای هەڵەبجەش كە یەكێك دەبێت لە چوار بازنەكەی هەڵبژاردن لەهەرێم و داواكاری دادگای فیدراڵی بۆ ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە، كۆمسیۆن لەنزیكترین كاتدا داتای تۆماری دەنگدەرانی هەڵەبجە رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكات" سەرچاوەكەی كۆمسیۆن وای وت. هەر ئەمڕۆ لەدانیشتنەكەدا نوێنەری پێكهاتەكانی توركمان و ئاشور ئامادەبوون و دادگاش رەتیكردوەتەوە وەك لایەنی سێیەم گوێیان لێ بگیرێت.
هاوڵاتی وا بڕیارە دوای سەری ساڵ مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببنەوە و داواكاریەكانیانی پێ بدەن. دڵشاد میرانی ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بەهاوڵاتی وت: بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سوودانی دواكەوت. وتیشی: بەهۆی هەندێك كێشەوە كۆبوونەوەكان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی و عەممار حەكیم و محەمەد حەلبووسی بۆ جاری یەكەم دوا كەوت. ئەندامەكەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی دەشڵێت: دواكەوتنی جاری دوویەم بەهۆی هاتنەپێشەوەی بانگەشە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە بوو. میرانی باسی لەوەش كرد، بڕیار وایە دوای سەری ساڵ سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ ئەو سێ بەرپرسە كۆببنەوە و داواكارییەكانیان بگەیەنن. ١٠٠ ڕۆژ زیاترە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە بەردەوامی هەیە، تا ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی هیچ داواكارییەكی مامۆستایانی ناڕازی نەداوەتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ، یەكێتی كەمئەندامان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانیی و سەختیی ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی خستەڕوو و هۆشدارییان دا، كە لە ساڵی ٢٠٢٤ بارودۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت، لە كاتێكدا بەرپرسان هەزاران دۆلار لە گەشتی سەری ساڵدا خەرج دەكەن. ئەمڕۆ، لە بەردەم ڕێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە شاری سلێمانی، خاوەن پێداویستیی تایبەتەكان گردبوونەوەیەكیان لەبارەی بارودۆخ و سەختی ژیانیان ڕێكخست و پاشان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا. لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا كە پەیامنێری هاوڵاتی ئامادەیبوو، سامان حسێن، سەرۆكی یەكێتی كەم ئەندامانی كوردستان وتی: ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێكی ڕەش و پڕ ناخۆشیی و خەفەت بوو بۆمان، بۆ ساڵی نوێش هیچ هیوایەكمان نییە، لەوە دەترسین لەم ساڵ خراپتر بێت. ئاماژەی بەوەشدا، لە كاتێكدا كەمئەندامان دینارێك لە گیرفانیاندا نییە و قەترەیەك نەوت لە ماڵەكانیاندا نییە لەم زستانەدا خۆیانی پێ گەرم بكەنەوە، كەچی بەرپرسان تكتی فڕۆكە بۆ گەشتی سەری ساڵ دەبڕن و هەزاران دۆلار خەرج دەكەن. سەرۆكی یەكێتی كەم ئەندامانی كوردستان وتیشی: نزیكەی ٨٠ هەزار كەمئەندام لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەوەی ئێمە تێیداین ژیان نییە، كاتێك لە دەرگای لایەنە پەیوەندییدارەكان دەدەین، سەدان دەرگامان بەڕوودا دادەخەن، فەرزە لەسەریان كە خزمەتی كەم ئەندامان بكەن، ژیانی كەم ئەندامان زۆر خراپترە لە ساڵانی نەوەدەكان.
هاوڵاتی لەماوەی 48 كاتژمێردا توركیا 44 ناوەندی خزمەتگوزاری و بازرگانی و ئەمنیی لەڕۆژئاڤای كوردستان بەئامانج گرتووە. بەپێی ئامارێك كە میدیاكانی ڕۆژئاڤای كوردستان بڵاویانكردووەتەوە: دەوڵەتی توركیا لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا لەڕێگەی درۆنەوە، 44 پێگەی خزمەتگوزاری و ژیانیی و دامودەزگای بازرگانی و ئەمنیی لەهەرێمی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومانكردووە، بەهۆیەوە هەشت هاوڵاتی شەهیدبوون و دەیان هاوڵاتی دیكەش بەتایبەت لەشارەكانی قامیشلۆ و كۆبانی برینداربوون، هاوكات بووەتە هۆی زیانێكی ماددی زۆر لەو شوێنانە. هێرشەكان سەرەتا لەشاری كۆبانی لەڕۆژی 25 ی ئەم مانگەوە دەستیان پێكرد، دواتر هەندێك هێرشی دیكەی لەقامیشلۆ بەدواداهات، هەر لەڕۆژی یەكەمی بۆردوومانەكەدا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا 22 پێگەی لەو دوو شارە كردە ئامانج، لەڕۆژی دووەمیشدا 22 پێگەی دیكە لەو شارانە كرانە ئامانج كە 10 پێگەیان ئەمنیی بوون.
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان شوێنێكی لە نزیك گوندی توتەقەڵەی بناری خاڵخاڵان لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری بۆردوومان كردووە ، دانیشتوانی ناوچەكەش دەڵێن تائێستاش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێتەوە و تائێستاش زیانی بۆردوومانەكە نەزانراون. بەوتەی شایەتحاڵێك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دوو جار بۆردوومانی ئەو شوێنەی كردووە كە دەكەوێتە سەر شاخەكانی سنووری گوندی تووتەقەڵەی ئاغجەلەرەوە. هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە هی چی وڵاتێك بووە، بەڵام گوومان دەكرێت بۆردوومانەكە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا ئەنجامی دابێت، چونكە پێشتر و لە ماوەكانی ڕابردوودا چەند جارێك دەوڵەتی تورك ناوچەكەی بۆردوومان كردووە. شاخی خاڵخاڵان دەكەوێتە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری سەر بەقەزای چەمچەماڵ لەپارێزگای سلێمانی لەهەرێمی كوردستان، ئەو شاخە هاوسنووریشە لەگەڵ شارۆچكەی كۆیە و تەقتەق.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دەستپێکی ساڵی نوێدا شاندی حکومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد، بەڵام سەردانی ئەمجارەیان جیاوازە و ئامانجیانە دەر ئەنجامی هەموو ئەو کۆبوونەوانە بچننەوە کە لە ساڵی 2023 زۆرترین هەوڵیان بۆ داوە. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە 6ی مانگ تا 10 کۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. وتیشی "پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە". بەوتەی هەورامانی "پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێکەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکومەتی فیدڕاڵ حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت". باسی لەوەشکردووە، " ساڵی 2024 وەک ساڵی دەر ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە سەیر دەکەین، وە ئەو هەموو کاتەی بە کۆبوونەوە کوشتمان بە نیەتی دۆزینەوەی ڕێگە چارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە کات بدرێت بە کۆبوونەوەکان، چونکە ئەوەی پێویست بوو کردمان."
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە ڕایگەیاند سووپای ئیسرائیل خەریکی کێوماڵکردنی چەند حەشارگەیەکی ژێرزەمینن لە خان یونس، کە گومان دەکرێت یەحیا سنواری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس خۆی تێدا حەشاردابێت. سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی وتووە کە یەکەی 98 ی سووپا بە تەواوی کۆنترۆلی خان یونسی کردووە و بە چڕی خەریکی چاودێری و گەڕانن لە ناو تونێل و دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی بزووتنەوەکە. بە بۆچوونی ئیسرائیلییەکان سنواری سەرۆکی بزووتنەوەکە لە بەرامبەر دوو بژاردەدایە کە یەکێکیان بریتییە لەوەی چاوەڕێی ئەوە دەکات تا ئەو کاتەی سووپای ئیسرائیل گەمارۆی خۆی و بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەکەی دەدەن لە حەشارگەکەی و دوای ئەوە داوای دانووستان و بەکارهێنانی بارمتە ئیسرائیلییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بكات، تا ئەو کاتەی رێگەیەکی ئەمنی بۆ دەکرێتەوە بۆ چوونە ئەو ووڵاتەی کە ڕازی دەبێت داڵدەیان بدات. بەوتەی سەرچاوەكە بژاردەیەكی دیكە ئەوەیە دوای گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی خان یونس و نەمانی ڕێگەی دەرباز بوون، سنوار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات. مانگێك لەمەوبەر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆری فۆکس نیۆزی وتبوو : سەرکردەکانی حەماس و لەناویاندا یەحیا سنوار هێشتا لە کەرتی غەزەن یاخود لەناو یەکێک لە تونێلەکانی ئەو شارەن و چ زوو چ درەنگ دەستمان پێیان دەگات.
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند: هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق میوانی حكومەتی عێراقن و ئەو هێرشانەی كە ئاڕاستەیان دەكرێت بە هێرش بۆ سەر عێراق دادەنرێت و دەبێت ئەم هێرشانەی تاقمە تیرۆریستیەكان بوەستێنرێت. ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس لەبارەی ئەو هێرشانەی لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لەهەولێر كراونەتە سەر بنكەی سەربازی و بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا رایگەیاند: جۆ بایدن سەرۆك كۆمار هیچ ئەولەویەتێكی زیاتر لە پاراستنی كارمەندانی ئەمریكی نادات كە لە ناوچە مەترسیدارەكاندا خزمەت دەكەن. باڵیۆزی ئەمریكا راشیگەیاند: هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق میوانی حكومەتی عێراقن، ئەو هێرشانەی كە ئاڕاستەیان دەكرێت بە هێرش بۆ سەر عێراق دادەنرێت و ئەم هێرشانەی تاقمە تیرۆریستیەكان دەبێت بوەستێنرێت. لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا چەند گروپێكی چەكداری عێراقی كە نزیكن لەئێران دادەنرێن بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیانكردە چەند شوێنێكی هەولێر كە بنكەی سەربازی و بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكای لێیە كەیەكێكی لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێرەو بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریكا بریندار بوون كە برینی یەكێكیان سەختە. هەر دوای هێرشەكانی ئەو گروپە چەكدارانە، ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-12-2023 بۆردومانی چەند پێگەیەكی چەند گروپێكی چەكداری عێراقی كە نزیكن لەئێران كردو بووە هۆی كوژرانی چەكدارێك و برینداربوونی 24 چەكدار و سەربازی عێراقی كە 10 یان سەربازی عێراقین. ئەمجارە ئەمریكا چەند بنكەیەكی میلیشیا شیعەكانی لەنزیك بابل و واست كردە ئامانج و وێرانكارییەكی گەورەی لەو بنكانە جێهێشت، هەرزووش پنتاگۆن پشتڕاستیكردەوە كە چەند پێگەیەكی چەكدارانی نزیك لەئێرانیان لەعێراق كردووەتە ئامانج. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو هێرشەكان وەك وەڵامێك بوون بۆ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر فەرمانبەران و سەربازانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا لەلایەن ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، باسی لەوەشكردووە ئەو هێرشەی لەلایەن گروپێكی سەربەئێران كرایە سەر بنكەی هاوپەیمانان لەهەولێر بووەتە هۆی برینداربوونی سێ سەربازیان. پنتاگۆن دەشڵێـت ئەمریكا نایەوێت ئاڵۆزیەكان لەناوچەكەدا زیاتر ببن بەڵام ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی.
هاوڵاتی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی ڕایگەیاند، گەنجێكی تری ئێزدی تەمەن 19ساڵ لەژێر دەستی داعش رزگاركراوە وهەر ئەمرۆ بەكەسوكاری خۆی شادبووەتەوە. خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی بە هاوڵاتی وت: ئەوگەنجە تەمەنی 19ساڵە، خەڵكی كۆمەڵگای سیبا شێخ خدرە سەر بەقەزای شنگال، ئەمرۆ بەكەسوكاری خۆی شاد دەبێتەوە ئەوەش دوای زیاتر لە نۆ ساڵ مانەوە لەژێر دەستی داعش. لەكۆی شەش هەزار 417 رفێنراوی ئێزدی ، تاوەكو ئێستا سێ هەزار 576 كەس رزگاركراون، سەرووی دوو هەزار كەسی تر تا ئێستا چارەنوسیان دیارنیە.
هاوڵاتی بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكییان وتووە حكومەتی جەنگ لە ئیسرائیل لەدواین كۆبوونەوەیاندا تاوتوێی پێشنیارێكی میسریان كردووە بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە. وەك ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی پێكردووە پێشنیارەكەی میسر پلانێكی ئاشتی لەخۆدەگرێت بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگەی 11 هەفتەیە بەردەوامە، بەشێك لەپێشنیارەكە ئەوەیە ڕێگا بدرێت ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لەغەززەن ئازاد بكرێن، لەبەرامبەریشدا 140 زیندانی فەلەستینی ئازاد بكرێن. بەوتەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشنیارەكە پێكهێنانی حكومەتێكی ڕاگوزەری لەكەرتی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت كە سەرجەم لایەنە فەلەستینیەكان لەخۆ بگرێت. كۆبوونەوەی حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل پاش ئەو فشارانە دێت بۆ ئازادكردنی 129 بارمتەی ئیسرائیلی لەحكومەت دەكرێت هاوكات بەرزبوونەوەی بەردەوامیی ڕێژەی كوژراوانی سوپا لەو ئۆپەراسیۆنە وشكانییەدا كە نزیك دەبێتەوە لە 160 ڕۆژ. هەوڵەكەی میسر و گفتوگۆی پێشنیارەكەی لەلایەن حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل لەكاتێكدایە، لەمیانی سەردانیدا بۆ بەرەكانی جەنگ لەباكوری غەززە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند جەنگ ناوەستێت و تا كۆتایی بەردەوام دەبێت. لەوتارێكدا لەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بنیامین ناتانیاهۆ سێ مەرجی پێشوەختی بۆ وەستاندنی شەڕ لەغەززە پێشنیار كردوووە، ئەوانیش لەناوبردنی تەواوەتی حەماس و چەكداماڵینی ئەو حزبە، هاوكات لەناوبردنی توندڕەوی لەناو فەلەستینەكاندا. لەبەرامبەردا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەكۆشكی سپی ئەمریكا پێشنیارەكەی میسری ڕەتكردووەتەوە ، بەپاساوی ئەوەی بوونی حەماس لەهەر حكومەتێكی كاربەڕێكەردا لەفەلەستین پێچەوانەی ئامانجی ئیسرائیلە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو حزبەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا هۆشداریشیداوە لەوەی ئازادكردنی زیندانییە زیندانییە بەتەمەنەكانی فەلەستین ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حكومەتە ڕاستڕەوەكەی ئیسرائیل دەبێتەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا جەختیشیكردووەتەوە پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر لەفەلەستین لەلایەن فەتح و حەماسەوە پێویستی بە ئاشتبوونەوە و كاركردنی پێكەوەییە.
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی سكاڵایەكی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كۆدەبێتەوە، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت دادگای فیدراڵی هەر بڕیارێك بدات یەكێتی رێزی لێدەگرێت. بەگوێرەی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 27-12-2023 دادگەكە بۆ بڕیاردان لەبارەی سكاڵایەك، كە پێشتر دوو سكاڵا بوون و یەكخراون، لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەكـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو تۆماركراوە، كۆببێتەوە. سكاڵاكە دوایینجار لە رۆژی 3-12-2023 دواخرا، ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان كوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆكی فراكسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە، تێیدا سكاڵاكاران داوای نادەستووریبوونی مادەكانی (1، 9، 12، 15 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە. سكاڵاكان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، كورسیی كۆتاكان، تۆماری دەنگدەران و بازنەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە. ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵاكەیان لەسەر تۆماركراوە: مادەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بە یەك بازنەی دەنگدان دادەنرێت. مادەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان. مادەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بە بەربژێرەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكێش بكات، كە رێژەیەك ئافرەتی تێدابێت رێژەیان 30٪ كەمتر نەبێت. مادەی 36: یەكەم: پێنج كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەكرێت؛ كاندیدەكانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێیان لەسەر دەكەن. دووەم: پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێن؛ كاندیدانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێیان لەسەر دەكەن. سێیەم: یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت؛ كاندیدانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن. لەوبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە: یەكێتیی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی لەدوای هەر هەڵبژاردنێكیش ئامادەبووە بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە. وتیشی: لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سكاڵایەكمان پێشكەش بە دادگای فیدراڵی كردوەو یەكێتی داوایكردووە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێم بە نادەستووری دابنرێت. سەعدی پیرە دەشڵێت: پێمانوایە ئەو بڕیارە بدات قازانجە، چونكە هەر بڕیارێكی تر نادادپەروەرییەو راستییەكەی ئەوەیە كە یەكێتی داوای دەكات، هاوكات دادگای فیدراڵی هەر بڕیارێك بدات یەكێتی رێزی لێدەگرێت، پێویستە لەهەرێمی كوردستان كۆتایی بەوە بهێنرێت، كە كەسێك یان لایەنێك بەناوێك خۆی كاندید دەكات و بۆ ناوێكی تر ئیش دەكات. رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەكە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، كە بەپێی بڕیارەكە، پارتی دەیوت كۆمیسیۆن كاراكراوەتەوە، یەكێتیش رەتیكردەوە و ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا دروستكرد. لە كۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ 31-12-2023 درێژكرایەوە، لە كاتێكدا 6-11-2022 تەمەنی خولەكە كۆتایی دەهات. رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە دیاریكردنی 25ـی شوباتی 2024 وەكو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە تۆمەتبارێك دەستگیركراو دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێكی نەفەرهەڵگر (پاس)دا . پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردەوە: دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە ئۆتۆمبێلە نەفەرهەڵگرەكەی لای كەسێك داناوە لەئێستادا نایداتەوە و شاردویەتییەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردوو دوای وەرگرتنی بڕیاری داوەری لێكۆڵینەوە توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا . پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: تۆمەتبار ( أ،م،ق لەدایكبووی 1983 ) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوەلەگەڵیدا بەردەوامە.
