هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ناوچەیەكی سنووری چەمچەماڵ سەر بەپارێزگای سلێمانی لەهەرێمی كوردستان بۆردوومان كرا، تائێستا زیانە گیانی و ماددیەكانی نەزانراون، ئەمەش شەشەم بۆردوومانە لەماوەی پێنج ڕۆژدا. بەپێی زانیاریەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر هەشت و 15 خولەك، گوندی چنارتووی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆردوومان كرا، تا ئێستا زیانە گیانی و مادیەكانی ئەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ نەزانراوە و لایەنە ئەمنییەکانیش هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردوەتەوە. چوار ڕۆژلەمەوبەر زیاتر لە پێنج جار ئەو سنوورە لە لایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیاوە بۆردوومان كرا،هەر هەمان ڕۆژیش توركیا سنووری پێنجوێنی بۆردوومانكرد، هاوكات بەردەوامە لەبۆردومانكردنی سنووری بادینان. هێرشەكانی توركیا لەكاتێكدایە ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەی عێراق کە نزیکن لە ئێران و ناویان لەخۆیان ناوە "موقاوەمەی ئیسلامی" لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە 27 هێرشان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. کاردانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە بۆردوومانکردنی پێنج بنکەی ئەو گرووپانە بووە لە عێراق، کە بەهۆیانەوە 12 چەکداریان کوژراون.  

هاوڵاتی - عەممار عەزیز ئەو گەنجەی دهۆك كە لەوڵاتی لوبنان لەلایەن چەند كەسێكەوە كوژرا، پێشتر لەسەر روداوێكی كوشتن لەدهۆك ئەو شارەی جێهێشتوەو بۆ كاری بازرگانی سەردانی دوبەیی و لوبنانی كردوەو چەند كەسێكیش بەفێڵ بردویانە بۆ گوندێكی لوبنان و دوای كوشتنی تەرمەكەیان سوتاندوە. ئازاد ئەحمەد كە گەنجێكی شاری دهۆكە، چەند رۆژێك لەمەوبەر لەوڵاتی لوبنان لەلایەن چەند كەسێكەوە ئەشكەنجە دەدرێت و دوای كوشتنی بەشێكی تەرمەكەی دەسوتێنن.  بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ هاوڵاتی، كوشتنی ئەو گەنجە پەیوەندی بەڕووداوێكی كوشتنەوە هەیە لەدهۆك كە مانگی شەشی ئەمساڵ ڕویداوەو پۆلیسی ئینتەرپوڵ سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لەڕووداوەكە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەر روداوەكە تایبەت بە هاوڵاتی وت: "لەمانگی شەشی  ئەمساڵ بەهۆی روداوێكی تەقەكردن لەگەڕەكی ئیتیتی دهۆك كەسێك كوژرا، كەسوكاری كوژراوەكەش داوایان لە چەند كەسێك كردوە بكوژی كوڕەكەیان بۆ بكوژن". "چەند كەسێك ئازاد ئەحمەدیان بەفێڵ بردوەتە گوندێكی لوبنان، یەكەمجار ئەشكەنجەیان داوەو دواتر كوشتویانەو پاشانیش تەرمەكەیان سوتاندوەو دواتر تەرمەكەی لەدارستانێكی لوبنان دۆزراوەتەوە، حكومەتی لوبنانیش تا ئێستا ڕادەستی كەسوكاری نەكردوەتەوە تا كێشەكە یەكلایی دەكرێتەوە" سەرچاوەكە وای وت. بەپێی زانیارییەكان ئەو گەنجە پاش ڕووداوەكەی دهۆك لەسلێمانی و لوبنان ژیاوەو كاری بازرگانی كردووە، سێ برای ئازاد ئەحمەد لەچاكسازی زركای دهۆكن، دوو برای تریشی لەئەوروپا دەژین.  سەرچاوەكە وتیشی"ئازاد سەرەتای ئەم مانگە بۆ كار دەچێتە دوبەی، چونی بۆ دوبەی بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارەكانی وەرگرتنی بریكارنامەی براندێك بووە، هەر لەدوبەی پەیوەندیی بە ئەرشەدی برایەوە دەكات و پێی دەڵێت دەیەوێت بۆ دوو رۆژ بچێتە لوبنان و سەردانی هاوڕێیەكی بكات، هەرچەندە براكەی داوا لەئازاد داوای لێدەكات نەچێتە لوبنان و پێی دەڵێت كارەكانت لە دوبەی تەواو بكە، مەچۆ بۆ بەیرووت، بەڵام براكەی سوور دەبێت لەسەر چوون بۆ بەیروت و رۆژی 4-12-2023 لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی (ج.) دەچنە بەیروت". وەك براكەی باسی دەكات، بڕیاربوو كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بگەنە بەیروت، بەڵام كات تێدەپەڕێت و هیچ هەواڵێكی ئازاد نییە. ئەرشەد ئەحمەدی برای كە بۆ "ڕووداو" قسەیكردووە ئەوەی خستوەتەڕوو"چاوەڕێ بووم براكەم مۆبایلەكەی بكاتەوە، قسە بكەین لەسەر گەیشتنی بۆ لوبنان، بەڵام هەر ئەو چاوەڕوانییە بوو و هیچم لێی نەبیست، 24 كاتژمێر تێپەڕی و هیچ هەواڵێكی نەبوو، پەیوەندیم بە هاوڕێكەی كرد كە لەگەڵی چوو بوو بۆ دوبەی و ئیمارات، بەڵام وتی ئاگاداری نیم و گەڕاومەتەوە، لە فڕۆكەخانەی بەیرووت ونم كردووە". براكەی ئازاد بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و گەڕان بۆ چارەنووسی براكەی، بەڵام هیچ شتێكی دەستناكەوێت، رۆژی 8-12-2023 دەچێتە بەیرووت بۆ چارەنووسی براكەی، بۆی دەردەكەوێت كە دوای دەرچوونی لە فڕۆكەخانە، لەگەڵ چەند كەسێك بینراوە، هەرچەندە هەوڵدەدات بگاتە چارەنووسی براكەی، بەڵام هیچی دەستنەكەوتووە، پاشان پارێزەرێكی بۆ دەگرێت و بەدواداچوون بۆ هۆكاری دیار نەمانی دەكرێت.  ئەرشەد ئەحمەد دەشڵێت: "بۆ چارەنووسی براكەم و بەبڕیاری دادگا دەستكرا بەگەڕان بەدوای ئازاد، پاش نزیكەی 10 رۆژ لە ونبونی، دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەكانی لوبنان پێیانوتین براكەتان كوژراوە." ڕۆژی 21ی مانگی 12ی 2023 هەواڵی كوژرانی ئازاد لە لوبنان راگەیەنرا، بەڵام بێ ئەوەی تەرمەكەی بدۆزرێتەوە، بەپێی وتەی براكەی دەزگا ئەمنییەكان راسپێردران بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئازاد، پاش هەفتەیەك گەڕان دواجار تەرمەكەی لە گوندی بقەعتوتەی قەزای كەسرەوان لە پارێزگای جەبەل دۆزرایەوە.

هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی عیراق وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی دایەوەو رایگەیاند: لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم  تۆمەتی ناڕاست و نابەرپەرسیارانەی لەخۆگرتوەو درۆی بێ بنەمای تێدایە، بەتایبەت تۆمەتی برسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێم، ژمارەی پارەداركردنە فەرمییە داراییەكانی بیرچوەتەوە، بەشاهیدی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.   پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 31-12-2023 لەبارەی هێرشە درۆنیەكەی شەوی رابردوی سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگە لەپیرمام رایگەیاند"ئێمە ئەو لایەنانە و حكومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆكانەیە، چونكە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حكومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێدەدرێت و چەكدار دەكرێن و بە بەرچاوی حكومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەكەن و چەك و موشەك و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەكەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەكان". باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق بەڕاگەیەنراوێك وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی دایەوەو رایگەیاند:"سەرمان سوڕماوە لە لێدوانەكانی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، چونكە تۆمەتی ناڕاست و نابەرپەرسیارانەی لەخۆگرتوەو زانیاری تێكەڵ و درۆی بێ بنەمای تێدایە، بەتایبەت تۆمەتی برسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێم". وتەبێژی حكومەتی عیراق هەر لەوەڵامەكەیدا ناردنی موچەی فەرمانبەرانی بەبیر وتەبێژی حكومەتی هەرێم هێناوەتەوەو دەڵێت: ژمارەی پارەداركردنە فەرمییە داراییەكانی بیرچووەتەوە، بەشایەتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان".  وتیشی، "پەلەكردن لە بڕیاردان دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر دەكات لەگەڵ سیاسەت و بەرنامە نیشتیمانییەكەی حكومەتی عێراق یەكناگرێتەوە، چونكە بەغدا پابەندە بە بەرگریكردن لە بەرژوەندی سەرجەم عێراقییەكان بەبێ جیاوازی و ئەركی حكومەتی عێراقیشە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری سەرتاسەری وڵات بكات" وتەبێژی حكومەتی عێراق وای وت. وتیشی:  حكومەتی عێراق رێكاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرش و بۆردومانەكان، بەڵام لێدوانی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی دروستكردن بۆ لێكۆڵینەوەكان بەتایبەتی كە هێزە ئەمنییەكان بەهەماهەنگی حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە دەكەن و حكومەتی عێراقیش دژی هەموو جۆرە هێرش و بۆردومانێكە لە هەرێمی كوردستان بێت یان شارەكانی تری عێراق و كاریش بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكان و رادەستكردنیان بەیاسا دەكات بۆ ئەوەی سزا بدرێن".  

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى دۆخى سياسى، ئه‌منى، ئابوورى و كێشه‌ و قه‌يرانه‌كانه‌وه‌‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ساڵێكى سه‌ختمان به‌ڕێكرد" و ناکۆکی سیسیی ناوخۆ بووە هۆکارێکی بەدەستنەهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە  لە پەیامێکدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زانینی، لەگەڵ پیرۆزبای کردن لە هاوڵاتیان و خانەوادەی پێشمەرگە و چینو توێژە جیاوازەکانی هەرێم ڕایگەیاند، "ناته‌بايى و ناكۆكيى سياسيى ناوخۆ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى به‌سه‌ر توانا و پێگه‌ى كوردستانه‌وه‌ له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ هه‌بوو. بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌توانێت وه‌ك پێويست ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى به‌ده‌ست بهێنێت" لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکردووە، "پێچه‌وانه‌ى ڕێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان و ده‌ستوور، وێڕاى هه‌موو گفتوگۆ و هه‌وڵ و پابه‌ندييه‌ك، زۆرێك له‌ ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق فه‌راهه‌م نه‌بوون".   دەقی په‌يامەکەی نێچيرڤان بارزانى له‌ ساڵى تازه‌ى زايينيدا: ساڵى تازه‌ى زايينى (٢٠٢٤) له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، هێزه‌كانى ناوخۆ و ته‌واوى كوردستانييان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ گه‌لانى عێراق و جيهان به‌گشتى پيرۆز ده‌كه‌م. هيواى ساڵێكى پڕ له‌ ئارامى و خۆشى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم. به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى دۆخى سياسى، ئه‌منى، ئابوورى و كێشه‌ و قه‌يرانه‌كانه‌وه‌‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ساڵێكى سه‌ختمان به‌ڕێكرد كه‌ تيايدا ڕووبه‌ڕووى چه‌ندين مه‌ترسى و ئاڵنگارى بووينه‌وه‌. ناته‌بايى و ناكۆكيى سياسيى ناوخۆ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى به‌سه‌ر توانا و پێگه‌ى كوردستانه‌وه‌ له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ هه‌بوو. بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌توانێت وه‌ك پێويست ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى به‌ده‌ست بهێنێت. هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دوا خرا، له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانيشدا له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى (140) كاريگه‌رييه‌ خراپه‌كانى، ديار بوون. پێچه‌وانه‌ى ڕێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان و ده‌ستوور، وێڕاى هه‌موو گفتوگۆ و هه‌وڵ و پابه‌ندييه‌ك، زۆرێك له‌ ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق فه‌راهه‌م نه‌بوون. چه‌ندين جار به‌ هێرش و په‌لاماری درۆنی، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان كرا. جێبه‌جێنه‌کردنی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کان و نه‌ناردنی شایسته‌ و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌ زيان هيچ سوودێكى ديكه‌ به‌ عێراق ناگه‌يه‌نێت. له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ هه‌مووان به‌ گيانى به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش، به‌ يه‌كترقبووڵكردن و ته‌بايى، به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان بكه‌ين. با له‌ ساڵى تازه‌دا‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌رگرين و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و سه‌قامگير و ئاسووده‌ هه‌نگاو بنێين. با قه‌يران و ئاڵنگارييه‌كان بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌ت و به‌رژه‌وه‌نديى گه‌ل و نيشتمان، ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێت. عێراق به‌ پێكهاته‌كانييه‌وه‌ به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ته‌نيا به‌ ته‌بايى و پێکه‌وه‌یی، هه‌مووان براوه‌ن. له‌م بۆنه‌يه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و جيهاندا، له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزله‌يه‌كگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌دات. وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ هاوبه‌شێكى‌ كاراى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و زێدى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان ده‌مێنێته‌وه‌. ‌ به‌ هيوا و ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو ده‌ڕوانين و ساڵى نوێ له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2023/12/31

هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیاند، محەمەد شیاع سودانی داوای لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی دوێنێ شەوی  هەولێر بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، شەوی رابردو بە دو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتەوە، "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە". لە  راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر هەولێر ڕایگەیاند  "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کاتژمێر 07:30 ی دوێنێ، شوێنێکیان کردووەتە ئامانج کە یەکەکانی پاسەوانی سنووریی هەرێمی لێ بووە." فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "راستەوخۆ دوای رووداوەکە فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنیی لەو رووداوە  بکرێت، هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی (عێراقی) راسپاردووە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە هێرشەکە بکۆڵنەوە." جێگەی باسە سەبارەت بە هۆکاری ڕوداوەکە هەریەک لە دژەتیرۆری پارتی و حکومەتی هەرێم لێدوانی جیاواز دەدەن و وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری پارتیدا هاتووە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو  بە نارنجۆک ئەنجامدراوە ، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەیانی ئەمڕۆ پێچەوانەی لێدوانەکانی دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند هێرشەکە بە دوو درۆن بووەو کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر. لەم پەیوەندەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەوە دوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".  

هاوڵاتی تەندروستی سلێمانی شوێن و ژمارەی ئەو تیمانەی بڵاوکردەوە کە لە شەوی سەری ساڵدا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردۆتەوە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ سەری ساڵی نوێ ٢٥ تیمیان لە شوێنە جیاجیاکانی شاری سلێمانی ئامادە دەبن لە ئەگەری ڕودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوە وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەری ساڵی نوێ سێ تیمی تەندروستی ئامادەییان دەبێت لەبەردەم ماجدی مۆڵ و فامیلی مۆڵ و لای باخی گشتی دوو تیمی تەندروستی لێدەبێت و دوو تیمی تەندروستیش لەبەردەم باخی نالی دەبن . هاوکات لەشەقامی سالم و سەهۆڵەكە سێ تیمی تەندروستی لێدەبێت و لای شارەوانی سلێمانی دوو تیمی لێدەبێت و لەسەرچناری دووتیمی لێدەبێت و هەروەها( ۱۱ )تیم لەسەنتەری فریاكەوتنی خێرای ژمارە (۱۲۲) لەخزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن. جگە لەمەش لەسەری ساڵی نوێ تیمە تەندروستیەكان لەسەرجەم نەخۆشخانە و بەشی فریاكەوتن لەحاڵەتی ئامادەباشیدادەبن و هاوڵاتیان دەتوانن لەكاتی حاڵەتە لەناكاوەكان پەیوەندی بكەن بە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای ژمارە( ۱۲۲)....

هاوڵاتی كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر توركیا له‌ڕێگه‌ى درۆنه‌وه‌ هێرشیكرده‌سه‌ر شارى قامیشلۆ له‌ڕۆژئاواى كوردستان‌و فه‌رمانگه‌ى ئاوى شاره‌كه‌ى كرده‌ ئامانج. په‌یامنێرى ھاوڵاتی له‌ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، پێشنیوەڕۆی ئامڕۆ كاتژمێر ١١ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆنه‌كان)ی تورکیا هێرشیانكرده‌وه‌سه‌ر شارى قامیشلۆ له‌ڕۆژئاوای کوردستان. وتیشى:"هێرشه‌ درۆنیه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى توركیا فه‌رمانگه‌ى ئاوى شاره‌كه‌ى كرده‌ ئامانج‌و به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانیش له‌و هێرشه‌ى تورکیادا دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربون". له‌م مانگه‌دا توركیا ژماره‌یه‌ك هێرشیكردوه‌ته‌سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان زۆربه‌ى هێرشه‌كانیش دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانى له‌و به‌شه‌ى كوردستان كردوه‌ته‌ ئامانج‌و زۆربه‌ى هێرشه‌كانیش بۆسه‌ر شارى قامیشلۆ بوه

هاوڵاتی ئەمڕۆ، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان  ئەنجامدا و مەرجی كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكانیان ڕاگەیاند و وتیان ئەو كاتەی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانیان پێداین و چارەسەریان كرد بایكۆت دەشكێنین و دەرگای خوێندنگاكان دەكەینەوە. مامۆستایانی ناڕازی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌یاننامه‌یه‌كیان له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سودان خسته‌ڕو، رایانگه‌یاند، دوێنێ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ داواكاری ره‌وای مامۆستایان و موچه‌خۆرانیان گه‌یاندوه‌ته‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و "سودانی دڵنیایكردین كه‌ هه‌مو داواكاریه‌كانمان ره‌وان و به‌گوێره‌ی خشته‌سه‌كی زه‌مه‌نی هه‌مویان جێبه‌جێ ده‌كات".   دوێنێ، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی كۆبوونەوە، هاوكات ڕایانگەیاند، سوودانی پاڵپشتی داواكارییەكانی كردوون و وتوویەتی بە یەكچاو تەماشای تەواوی مووچەخۆرانی عێراق دەكات. له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی مامۆستایانی ناڕازیدا هاتوه‌، "تا به‌دیهێنانی دوایین داواكاریه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین و زۆر به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانی سودانی ده‌ڕوانن و چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانمانین تا ببێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی تروسكاییه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان و بڕیاری دروستبدرێت له‌باره‌ی چاره‌نوسی پڕۆسه‌ی خوێندن". په‌یوه‌ست به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان، مامۆستایانی ناڕازی ده‌ڵێن، "چاوه‌ڕوانین به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ بكرێت و دواتر بڕیار له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌ده‌ین". زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە بایكۆتی مامۆستایان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە بەردەوامی هەیە.  

هاوڵاتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردوى شارى هەولێر رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ هێرشەکە تیرۆریستییە و حکومەتى فیدراڵیش بە بەرپرس لەو هێرشانە ناودەبات. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، كاتژمێر 11:45 خوله‌كی شه‌وی رابردو بە دو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر ،کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتەوە، "ئەو هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێدەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".  دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان: شەوی رابردوو، 30-12-2023، کاژێر 11:45 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێ کەوتەوە. ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.  لەکاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن.  چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین.   خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.

هاوڵاتی بەوتەی ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ لەرۆژهەڵاتی كوردستان، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری «هەنگەژاڵ» ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراوە.   ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە: ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣) ئەحمەد سادقی خەڵکی گوندی «قەبەغڵو» ی سەر بە شاری سەقز لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران کوژرا. وەك ئەو ڕێكخراوە دەڵێت: ئەحمەد سادقی تەمەن ٣٢ ساڵ و خێزاندار و باوکی منداڵێکی نۆ ساڵانە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە هەژدەیەمین کۆڵبەرە کە لە سنووری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراوە.  

هاوڵاتی سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق، داوای ژماردنەوەی كورسییەكانی كەركووك لە سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، پێشی وایە ستەم لەبەرەكەیان كراوە. ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 26-12-2023، نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە. سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لەپەرلەمانی عێراق لەنوسراوەكەدا  داوادەكات دووبارە كورسییەكانی كەركووك هەژماربكرێنەوە، دەشڵێت "دەمەوێت باری سەرنجتان بۆ پرسێكی گرنگی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك رابكێشم، لە شیكردنەوەمان بۆ ئەنجامەكان دەركەوتووە كە جیاوازییەكی گەورە لە دابەشكردنی كورسییەكان هەیە لە نێوان لیستەكان، بەتایبەتی لیستی بەرەی توركمانی عێراق."  بەوتەی ئەرشەد ساڵحی "لیستی بەرەی توركمانی، نزیكەی 74 هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام تەنیا یەك كورسی پیاو و كورسییەكی كۆتای ژنی بۆ تەرخانكراوە، لەكاتێكدا لیستی دیكە هەیە بە كەمتر لەو دەنگانە هەمان كورسی، یان زیاتری هێناوە."  ئەو سەركردەیەی بەرەی توركمانی داوا دەكات رەزامەندی بدەن لەسەر دووبارە ژماردنەوەی دەستبەجێی دەنگەكان، باس لەوەشدەكات "ئەو ستەمە لە دابەشكردنی كورسییەكان هەڵبگرن پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن  دادپەوەر و بێگەرد بێت، بۆ گەرەنتی نوێنەراتییەكی راستەقینەی دیموكراسی، هیوادارن رێكاری پێویست بگرنەبەر  بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و راستكردنەوەی دۆخەكە."   بەگوێرەی ئەنجامی كۆتایی كۆمیسیۆن، هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە (یەكێتی) 157 هەزار و 649 دەنگی بەدەستهێناوە و پێنج كورسیی بردووەتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستانیش 52,278 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو كورسیی بردووەتەوە.   هاوپەیمانیی عەرەبی 102 هەزار و 558 دەنگی لە كەركووك بەدەستهێناوە و سێ كورسیی بردووەتەوە.  بەرەی توركمانی 75,169 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو كورسیی لە كەركووك بەدەستهێناوە.   

هاوڵاتی بەپێی ئامارێكی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەھەرێمی کوردستان، له‌ساڵی 2023دا 21 هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی کوردستانەوە کۆچیان كردووه‌ بۆ ئەوروپا،  37 كۆچبه‌ری كوردیش لەو ڕێگەیه‌ گیانیان لەدەستداوە. بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەھەرێمی کوردستان،  ئه‌مڕۆ لەکۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كۆچكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی‌ بۆ ئه‌وروپا ئاشكراكرد، ڕایگه‌یاند: له‌ساڵی 2023دا، 21 هەزار كه‌س له‌هەرێمی کوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و ئەوروپا کۆچیان كردووه‌. بەكر عەلی وتیشی: له‌و 21 هەزار كۆچبه‌ره‌ی ئه‌مساڵ له‌هەرێمی کوردستانه‌وه‌ ڕوویان له‌ئەوروپا كردووه‌، سێ هه‌زارو 400 کەسیان خەڵکی سنوری ئیداره‌ی ڕاپەڕین بوون. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەھەرێمی کوردستان له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ڕێگه‌ی گه‌یشتنیان به‌هه‌نده‌ران بونه‌ته‌ قوربانی دەلێت: ئه‌مساڵ 37 كۆچبه‌ری كورد لەڕێگەی هه‌نده‌ران گیانیان لەدەستداوە.، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەریش لەسنوری بیلاڕوسیاو چەند وڵاتێکی تر لەزینداندان.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی نوێنەری مامۆستایانی هەرێمی كوردستان سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیان لەبەغدا كرد، نوسینگەی سەرۆكوەزیران ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە " سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە". لەڕاگەیەندراوی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق هاتووە: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران  محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە نوێنەرانی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی عێراق ،لە کۆبوونەوەکەدا،  گوێی لە پێشکەشکردنێکی گشتگیر گرت سەبارەت بە بارودۆخی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە پارێزگاکانی هەرێم و گرنگترین ئەو بەربەست و کێشانەی کە ڕووبەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی دەبنەوە و ڕێگاکانی باشترکردنیان لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بژێوی ژیانی مامۆستایان. وەك نوسینگەی سەرۆكوەزیران ئاماژەی پێكردووە" سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە پێناو جیاکردنەوەی دۆسیەی مووچە لە هەر گرفتێک کە ڕووبدات لە دۆسیە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراق، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی کارکردن کرد لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی بەردەوامی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم". "هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت دژی هیچ جوڵانەوەیەک نییە بۆ داواکردنی دەستەبەرکردنی مووچەی مامۆستایان لە هەرێم و دڵنیابوون لە بەردەوامی و سەقامگیری، هەروەها لە لوتکەی هەوڵەکانیدا گرنگی بە پاراستنی مافەکانی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق دەدات لە هەموو پارێزگاکانی وڵات و بەشێوەیەکی یەکسان". نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق وای نوسیوە.  

بەپێی بەدواداچونێكی هاوڵاتی، لەساڵی 2023 دا ژمارەی گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر لەهەشت ملیۆن كەس بووە، زۆرترینی لەهەولێر بووە، هاوكات لەبازگەكانی هەولێر و سلێمانی جیاوازی لەڕێكارەكانی پێشوازی لەگەشتیاران هەیە. ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی هەولێری پایتەخت دەكەن، لەگەڵ گەشتوگوزاری هەولێر لەگەڵ بازگەكان چۆنیەتی شێوازی پێشوازیكردنی گەشتیارانمان تاوتوێكرد. وتیشی: لە 25 ی مانگەوە تیمەكانی گەشتوگوزاری هەولێر لەپێشوازی خەڵكدان بۆ پێشوازی لەگەشتیاران،  پێشتر گەشتیارانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە دەهاتن هەموو جارێك لەنشینگەی بازگەكان پسوڵەیان بۆ دەكرا بەڵام ئەمساڵ هەر گەشتیارێك پسوڵەی بۆ سێ مانگ بۆ دەكرێت. بەوتەی ئومێد خۆشناو لەساڵی 2023 دا سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە، پلانیشیان هەیە وابكەن ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان ڕۆژانە پێنج هەزار كەس دێنە ناو هەولێرەوە. هاوكات هەر ئەمڕۆ  ئارام شوانی وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بەهاوڵاتی وت:بەهۆی نەبونی بودجەوە بۆ سەری ساڵی نوێ هیچ چالاكی و مەراسیمێك ساز ناكرێت، وتیشی تەنها لەماوەی چەند رۆژی رابردودا زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار هاتونەتە  سلێمانی. وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەشڵێت: لەبازگەكان و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەی سلێمانی لیژنە پێشوازی لە گەشتیاران دەكات و لەشاڕێی سالم سەنتەری ڕێبەری گەشتیاری كراوەتەوە، هێڵی گەرمی فریاگوزاریش لەسەر چاپكراوەكان دانراوەو لیژنەی پشكنینی شوێنە گەشتیاریەكان هەیە كە ڕێگری دەكەن لەبەرزكردنەوەی نرخ. "هاتنی گەشتیار ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو زۆر زیادیكردووە و پێشبینی دەكەین بۆ جەژنی سەری ساڵ زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار بێنە سلێمانی كە زۆربەیان لەناوەڕاست و باشوری عێراقەوە دێن چونكە لەكاتی هاتنیان پێویست بە هیچ ڤیزا و پسوڵەیەك ناكات". ئارام شوانی وای وت. سەبارەت بە ئاماری ساڵی 2023 ئارام شوانی وتی: ئەمساڵ تا كۆتایی مانگی 11 دوو ملیۆن و نیو گەشتیار ڕوویان لەپارێزگای سلێمانی كردووە و بەمانگی 12 شەوە نزیك دەبێتەوە لە سێ ملیۆن گەشتیار، ساڵی ڕابردووش واتە ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان كردووە . پێشتریش شەماڵ هروروی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆك بە هاوڵاتی  وت: لەبازگەكان بە گوڵ و شیرینی پێشوازی لەگەشتیاران دەكەین كە دێنە دهۆك  جگە لەوەش هەموو ئاسانكارییەك لەبازگەكان  و شوێنەكانی تر دەكەین تاوەكو هیچ كێشەیەك بۆ گەشتیاران دروست نەبێت. "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 400هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە، لەبەرنامەمان دایە رێژەكە زیاد بكەین" شەماڵ هروروی وای وت.  

هاوڵاتی  دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاند: لەهەرێم زیاتر لەحەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەیە كە كۆی داهاتی ساڵانەیان 726 ملیار دینارەو كۆی موچەی كارمەندانیشیان بۆ ساڵێك زیاتر لە 36 ملیار دینارە. دەستەی ئاماری هەرێم روپێویەكی لەبارەی ژمارەی موەلیدە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان و داهاتی ساڵانەیان ئەنجامداوەو بەپێی روپێویەكەش كە لەساڵی 2021ەوە دەستیپێكراوە، لەهەرێمی كوردستان حەوت هەزارو 354 موەلیدەی ئەهلی هەیە كە لەكاتی نەبونی كارەبای نیشتمانیدا بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دادەنرێت كارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.  "لەهەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 311 هەزارو 598 هاوبەشی كارەبای موەلیدە هەیە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین هاوبەشی موەلیدەی هەیە كە 502 هەزارو 220 هاوبەشن و 38٪ی كۆی هاوبەشانی هەرێمە، لە پارێزگای هەولێریش 461 هەزارو 993 هاوبەش هەیە كە 35%ی هاوبەشانی هەرێمە، لەپارێزگای دهۆكیش 347 هەزارو 385 هاوبەش هەیە كە 27%ی رێژەی كۆی هاوبەشەكانە" دەستەی ئاماری هەرێم لە روپێویەكەیدا وا دەڵێت.   لەروپێوییەكەدا ئەوەشی ئاشكراكردوە: "خەرجی تێچوی موەلیدەكان لەساڵێكدا 14 ملیۆن و 909 هەزار دینارە،  بەڵام كۆی داهاتی ساڵانەیان 726 ملیار دینارە، بەڵام كۆی موووچەی كارمەندانی موەلیدە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵێك 36 ملیار و 470 ملیۆن دینارە، بە تێكڕای مانگانەی 392 هەزار دینار هەژماركراوە بۆ هەر كارپێكەرێكی مولیدە". دەستەی ئاماری هەرێم ئاماژەی بەنرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلیەكان كردوە لەپارێزگاكانی هەرێم كە پارێزگای هەولێر بە پلەی یەكەم دێت لەگرانی نرخەكان بەشێوەیەك بۆ ئەمپێرێك كەمترین نرخ پێنج هەزارو زۆرترینی 18 هەزار دینار بووە، بەڵام لە پارێزگای دهۆك شەش هەزار دینار كەمترین و 17 هەزار دینار زۆرترین بووە، كەمترین نرخیش لەپارێزگای سلێمانی بووە كە ئەمپێری دوو هەزارو زۆرترینی 17 هەزار دینارە بووە. بەپێی روپێوییەكە 90%ی موەلیدەكان لە شارەكاندان و 10%شیان لە گوندەكاندان.