هاوڵاتی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نه‌وزا غه‌فور به‌ سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و شێنێ ئیختیار و محه‌مه‌د ره‌سوڵ به‌ جێگرانی سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی هه‌ڵبژێردران. ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازی سلێمانی بەڕێوەچوو و تێیدا جێگران و سەرۆکی ژوور دیاری کران، شێنێ ئەختیار فارس، کە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ژووری بازرگانیی سلێمانی بەدەست هێنا، وەک جێگری سەرۆک دیاری کرا. ڕۆژی ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی سلێمانی بەڕێوەچوو، شێنێ ئەختیار فارس، یەکەمی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەست هێنا، بە ڕێژەی ٢٣٥٠ دەنگ لە کۆی ٣٧٠٦ دەنگدەر.

هاوڵاتی دوای ئەوەی حەسەن نەسروڵای سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی لە وتەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند : "تاوانی کووشتنی ساڵح عاروری بە ئاسانی بەسەر ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە تێناپەرێت"، ئیسرائیل دوبارە هێرشی کردەوە سەر لوبنان. بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکەدا رایگەیاندووە، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵێک لە شاری ناقورە لە باشووری لوبنان، چوار چەکدارییان کوژراوە، کە یەکێکیان بەرپرسی حزبە لە ناقورە بەناوی "حوسێن یەزبەک". ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژى سێشەممە لە تەقینەوەیەکدا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان ساڵح عارورى جێگرى سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەى حەمماس و دوو بەرپرسى دیکەى کەتیبەکانى قەسام کوژران وحەسەن نەسروڵای سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی لە وتەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند : "تاوانی کووشتنی ساڵح عاروری بە ئاسانی بەسەر ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە تێناپەرێت و ئەو لایەنەی  بە نیاز بێت جەنگمان لەگەڵدا بکات و پەلامارمان بدات ، ئەوا جگە لە پەشیمانی هیچی تری بۆ نامێنێتەوە". لە لایەکی دیکەوە ،  به‌رپرسێكی ئیسرائیلی  به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە بەرەی باکوور لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی ئامادەن. لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان چەندین جار یەکتریان بۆردومان کردووە.

هاوڵاتی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌ركردنی كێشه‌كانی قه‌زاكه‌، قائیمقامی قەزاى دەربەندیخان رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ڵێنی به‌رپرسان نه‌بوه‌ به‌كردار. دوای نزیک بونه‌وه‌ی ساڵێک به‌سه‌ر خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی قه‌زای دەربەندیخان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، سڵێمان محەمەد، قائیمقامی قەزاكه‌ رایگەیاند: سه‌ره‌تای ساڵی رابردو سه‌ردانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی قه‌زاكه‌ كردوه‌، بۆ ته‌واو كردنی پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی له‌ ساڵی (2013) به‌ردی بناغه‌ی دانراوه‌ و بڕیاربوه‌ له‌ ساڵی (2014) بچێته‌ قۆناغی جێبه‌جێكردن، سه‌ردانی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانمان له‌ سلێمانی كرد‌، به‌ڵێنی پێداین به ‌ته‌رخانكردنی بڕی (10) ملیۆن دۆلار و راسپاردنی كۆمپانیایه‌ك ده‌ست به‌كاره‌كان بكرێـه‌وه‌ له‌پرۆژه‌كه‌دا. سه‌باره‌ی به‌ هۆكاری دواكه‌وتنی كاركردن له‌ پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان وتیشی: به‌رپرسان به‌ڵێنیان به‌ كۆمپانیای راسپردراو دراوه‌ كه‌ له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی زه‌وییه‌كی به‌بڕی (10) ملیۆن دۆلار پێبدرێت، به‌ڵام به‌ڵێنی به‌رپرسان بۆ چاره‌سه‌ی كێشه‌كانی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان نه‌بوه‌ به‌كردار و دیاره‌ كۆمپانیاكه‌ چاوه‌ڕێیه‌. له‌سه‌ر ئاسانكارییه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌، سڵێمان محەمەد سەعید، قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، به‌پێی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی له‌لایه‌ن‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ دراوه‌ له‌ (25) رۆژی داهاتودا بڕی چوار ملیۆن دۆلار ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی كۆمپانیای جێبه‌جێكار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ (2024/2/1) ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی بكات، هه‌روه‌ها بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌ ئیدارییه‌كان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایمان كردوه‌ و له‌لایه‌ن وه‌زیری داراییه‌وه‌ ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكه كراوه‌ كه‌ ئێستا چه‌كێكی بانكی به‌ بڕی چوار ملیۆن و (250) هه‌زار دۆلار ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌. له‌سه‌ر كێشه‌كانی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندر‌وستی و گرفته‌كانی دیكه‌ی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان راشیگه‌یاند: گرفتی سه‌ره‌كی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ قه‌زاكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاره‌ساتی سروشتی به‌تایبه‌تی روداوی بومه‌له‌رزه‌كان كه ‌له‌ ساڵی (2017) رویدان،‌ زیانێكی زۆری له‌ دانیشتوان و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان كه‌وتوه‌ به‌ تایبه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی، تا ئێستا بێجگه‌ له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید تۆفیق، كه‌رتی ته‌ندروستی په‌كی كه‌وته‌ و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون و به‌ڵێنی به‌رپرسان نه‌بوه‌ به‌كردار.

هاوڵاتی پەیامنێری پێگەی (والا)ی ئیسرائیلی ، میر بۆهبوب ، لە هەژماری خۆی لەسەر پیگەی (ئێکس) رایگەیاند کە جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ، ساڵح عاروری ، داواکراوی سەرەکی یەکەی شاباکی تایبەتی ئیسرائیلی بووە(دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل). هەروەها ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چالاکییەکانی ئاژانسی ئاسایسی ئیسرائیلی چ لەناو غەزە و چ لە کەرتی ڕۆژئاوا و چ لەدەرەوە زیادی کردووە. هەرچەندە تا ئەم ساتە سووپای ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تیرۆری ساڵح عاروری لە ئەستۆ نەگرتووە ، بەڵام ئەم پەیامنێرە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەمە یەکەم جار نییە شاباک بەرپرسەکانی حەماس لەناو لوبناندا تیرۆر دەکات ، بۆ نمونە لە مانگی 11 ی ساڵی 2023دا سووپای ئیسرائیل ، خەلیل حامید خەزاری جێگری فەرماندەی کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی لە ڕێگەی بووردوومانەوە لە باشووری لوبنان کووشت . لەلایەکی دیکەوە ، رۆنین باری سەرۆکی شاباکی ئیسرائیلی ماوەیەک لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە بە نیازن بازنەی چالاکییەکانیان فراوان بکەن و بەم جۆرەش دەستیان بگات بە هەموو سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە هەموو جیهاندا . ڕۆژی سێشەمە 2\1\2024 ئاژانسەکانی هەواڵی لوبنان رایانگەیاند کە ، لە کاتی کۆبوونەوەیەک ،لە ڕێی فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانەوە بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر نووسینگەی بزووتنەوەی حەماس لە بەیرووتی پایەتەختی لوبنان و لە ئەنجامدا عاروری و سێ کەسی دیکە کووژراون و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون .  

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێرانی کرد، کە بەهۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر کوژراو برینداری لێکەوتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم کە ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ڕوداوی تەقینەوەکەی شاری کرمانی ئێران بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت،" سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و ته‌قينه‌وه‌ تيرۆرستييانه‌ ده‌كه‌ين كه‌ ئه‌مڕۆ شارى كرمانيان له‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران به‌ ئامانج گرت و له‌ ئه‌نجامدا به‌ ده‌يان هاووڵاتيى ئێرانى گيانيان له‌ ده‌ستدا و بريندار بوون" هەروەها دەڵێ "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ سه‌ركردايه‌تى و حكومه‌ت و گه‌لى دۆستى كۆمارى ئيسلاميى ئێران ده‌كه‌ين و هاوسۆز و هاوخه‌ميانين. خواى مه‌زن گيانى قوربانييان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاريان ببه‌خشێت، هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين." دەقی بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم: سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ركۆنه‌ى ته‌قينه‌وه‌كانى ئێران ده‌كات سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و ته‌قينه‌وه‌ تيرۆرستييانه‌ ده‌كه‌ين كه‌ ئه‌مڕۆ شارى كرمانيان له‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران به‌ ئامانج گرت و له‌ ئه‌نجامدا به‌ ده‌يان هاووڵاتيى ئێرانى گيانيان له‌ ده‌ستدا و بريندار بوون. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ سه‌ركردايه‌تى و حكوومه‌ت و گه‌لى دۆستى كۆمارى ئيسلاميى ئێران ده‌كه‌ين و هاوسۆز و هاوخه‌ميانين. خواى مه‌زن گيانى قوربانييان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاريان ببه‌خشێت، هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2024/1/3

هاوڵاتی كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر، سه‌رۆكى تیمى رۆژنامه‌وانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق راگه‌یاند، نووسراومان بۆ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ كه‌ ناتوانین له‌ رۆژى 25ى شوباتى 2024دا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌به‌رین. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ى كانونى دووه‌م، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ناتوانن له‌ 25ی (شوبات/2)ی 2024 سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن. به‌گوێره‌ی نوسراوێك كه‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاڕاسته‌ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی كردوه‌، رایگه‌یاندوه‌، ناتوانن هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان لە 25ـی (شوبات/2)ی 2024 ئەنجام بدەن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی تەواونەکردنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنه‌كه‌. هاوکات دانیشتی دادگای فیدراڵی بۆ 21ـی ئه‌م مانگه‌ دواخراوە و بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کورسی پێکهاتەکان، بۆیە ئەو ماوەیەی لەبەردەم کۆمیسیۆنە ناتوانێت ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. کۆمسیۆن بە فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردوەتەوە و داوایان کردووە بەڕێککەوتن وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت. پێشتر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 25ـی (شوبات/2)ی 2024 دیاریكردبو بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ مانگی (ئایار/5)ی 2023یشدا به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و چۆنێتی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك و سه‌رئه‌نجام به‌هۆی سكاڵایه‌كه‌وه‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا به‌ نایاسایبونی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان. وێنەیەک لە داواکەی کۆمسیۆن کە دەست هاوڵاتی کەوتووە:

هاوڵاتی  ئەمڕۆ چوار شەممە 3-1-2024 لە ڕێورەسمێكدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی كوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری كرمان، دوو تەقینەوە رویانداوەو بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پارێزگای كرمانیش تەقینەوەكان لەڕێی بۆمبی چێنراوەوە بوون. ماڵپەڕی میهر لەبارەی تەقینەوەكەوە بڵاویكردەوە "بەهۆی تەقینەوەكانەوە كە لەڕێگای گۆڕستانی شوهەدای شوێنی بەخاكسپاردنی قاسم سلێمانی رویانداوە، 81 كەس كوژران و 173 كەسی دیكەش بریندار بوون". هاوكات ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران ئاشكرایكردوە كە تەقینەوەكان لەڕێی ريمۆت كۆنترۆڵەوە ئەنجامدراون و تەقینەوەی یەكەم كاتژمێر 2:50 خولەك و تەقینەوەی دووەمیش 3:17 خولەك رویانداوە.  "بەشداربوانی رێوڕەسمەكە زۆرن و رێگاكان داخراون و دەنگی تەقینەوەكەش زۆر گەورە بووە" بەڕێوەبەری مانگی سووری كرمان وا دەڵێت. تەلەفیزیۆنە حكومییەكانی ئێران دیمەنی رێوڕەسمەكەیان بڵاوكردۆتەوە كە خەڵك ترساون و توشی دڵەڕاوكێ بوون.   قاسم سلێمانی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس، لەدایكبووی شاری كرمان، رۆژی 3-1-2020 لەلایەن نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لەئەنجامی بۆردومانێكدا كوژرا.

هاوڵاتی  وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند كاردەكەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كە لەمانگی ئاداری ساڵی رابردوەوە وەستێنراوە، بەبێ ئەوەی كاتەكەی دیاری بكات.  حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "كاردەكەین لەسەر پەرەپێدان و زیادیكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و جێبەجێكردنی پلانی پێنج ساڵە بۆ گەیشتن بەئاستی بەرهەمهێنانی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەو هەنگاونان بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆ لەسوتەمەنی پڕبكەینەوە". جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند" بۆ زیادكردنی داهاتی وڵات كاردەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی هەرێمەوە".  "كاردەكەنی بۆ زیادكردنی رێژەی بەرهەهێنانی غاز لەكێڵگە نەوتییەكانداو لەماوەی ئەمساڵیشدا 200 ملیۆن پێ سێ جا لەكێڵگە نەوتیەكانی بەسرە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی بەسرەوە بەرهەمهێنراوە" جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە وا دەڵێت. 

هاوڵاتی  دوای كوژرانی جێگری مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات كە ڕەنگە ئاگرەكە گشت ناوچەكە بگرێت. دوای سێ مانگ شەڕو بۆردومانی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و هێزەكانی حەماس، دواجار ئیسرائیل توانی لەناو جەرگەی بەیروتی پایتەختی لوبنان، ساڵح عاروری جێگری مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەڕێی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە بكوژێت. بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، عاروری تەمەن 57 ساڵ، بەیەكەمین سەركردەی سیاسی باڵای ئەو بزووتنەوەیە ئەژمار دەكرێت كە لەدوای 90 رۆژ جەنگی بەردەوام، لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە بكوژرێت. لە ماوەی رابردودا، حەسەن نەسروڵای سكرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی بزووتنەوەی حەماس و نزیك لەئێران هۆشداریدابویە ئیسرائیل ئەگەر لەناو خاكی لوبنان ، كەسایەتییە سەربازی و سیاسییەكانی حەماس تیرۆر بكەن ئەوا حزبوڵا بەتوندی وەڵامیان دەداتەوە. دوابەدوای تیرۆركردنی ئەو سەركردە باڵایەی حەماس، لەئێوارەی رۆژی سێشەمە 2-1-2024 حزبوڵای لوبنانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو وتی"هێزەكانمان لە نزیك ناوچەی مەرج، بەموشەك هێزێكی ئیسرائیلییان كردوەتە ئامانج".  هاوكات ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە، رایگەیاند"رەنگە ئاگرەكە گشت ناوچەكە بگرێت". سوپای ئیسرائیلیش دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كوشتنی ئەو سەركردەی حەماس، لەڕێی ئەدمیرال دانیال هاگاری وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند"گرنگترین بابەت كە پێویستە بەم شەوە درەنگە بیڵێم، ئەوەیە كە بەوردی چاودێری هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو دەكەین و گشت هێزو توانامان خستۆتەگەڕ بۆ جەنگی حەماس و لەوپەڕی ئامادەباشیداین". ساڵح عاروری بەیەكێك لەدامەزرێنەرەكانی كەتائیبی عزەدین قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت و ئیسرائیل تۆمەتباری كردبوو بە یەكێك لە نەخشەداڕێژەكانی هێرشی ئەو بزوتنەوەیە لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023دا كە لەو رۆژەوە تائێستا 1200 هاوڵاتی ئیسرائیلی كوژران و نزیكەی 240 كەسی تریشیان بەدیلگیراون لەلای چەكدارانی حەماسن لەكەرتی غەزە.

هاوڵاتی  ماوەی چەند هەفتەیەكە دادگای باڵای ویلایەتی كولۆرادۆی ئەمریكا هەوڵی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەدات لەهەڵبژاردنی ئامادەسازی پارتی كۆماری . دادگاكە بە پشتبەستن بە یاسای 14ی دەستكاریكراوی دەستووری ئەمریكا  لەمانگی تەموزی 1868، پێیوایە كە دۆناڵد ترامپ شایەنی دووبارە خۆ كاندیدكردنەوە نییەو دەبێت لە هەڵبژاردنەكان دوور بخرێتەوە. یاسای ژمارە 14ی دەستووری ئەمریكی لەدوای جەنگی ناوخۆی ئەمریكاو كوژرانی 600 هەزار كەس لەو جەنگەدا، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دەستییان بەچەند چاكسازی و گۆڕانكارییەك كرد لە دەستووری ئەمریكی و یاسای ژمارە چواردەش بەدەر نەبوو لەو چاكسازییانە، بەواتایەكی تر بەهۆی چاكسازی لە مادەكانی ئەم یاسایە كۆیلەكان مافی ئازادی و یەكسانیان لەبەرامبەر یاسا و ژیانییان بە دەستهێنا، چاكسازییەكەش لەلایەن ویلایەتەكانی باشوورەوە بەتوندی رەتكرایەوە، بەڵام دواجار ناچار بوون رازی بن بەچاكسازییەكان. بەندی سێیەمی یاساكە بەپێی بەندی سێیەمی یاسای چواردە لە دەستووری ئەمریكیدا، دەتوانرێت گشت ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران و نوێنەران كە لە فەرمانەكان یاخی بوون و دەسەڵاتەكانیان بەخراپ بەكار هێناوەو بەشێوەیەك لەشێوەكان زیانیان بەژیانی گشتی گەیاندووە . هەر بەپێی بەندی سێیەمی یاساكە هەموو ئەو كەسانە دووردەخرێنەوە كە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەو یاخی بوون لەدەوڵەتی بەسەردا ساخ بێتەوە یان خود یارمەتی لایەنێكی دەرەكییان لە دژی بەرژەوەندییەكانی ووڵات دابێت. هەر بە پێی ئەو بەندەش دادگاكە بەتۆمەتی پشێوی نانەوەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاو هاندانی لایەنگرەكانی بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان لەلایەن دۆناڵدترامپەوە، هەوڵی دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردنەكان و سڕكردنی دەدات.  

هاوڵاتی  سەركردەیەكی پارتی رایگەیاند هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێم بەهۆی لاوازی حكومەتی عێراقەوەیەو هێزە ناوخۆی و دەرەكییەكانیش كار بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم دەكەن. سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێت حكومەتی هەرێم بەبیانوی موچەی فەرمانبەرانەوە كێشەكانی گەیاندوەتە  لوتكەو دەیانەوێت پێدانی موچەی فەرمانبەران نەچێتە سەر بەغداو بەدەست خۆیانەوە بمێنێتەوە.   وەفا محەمەد كەریم سەركردە لەپارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەی (العرب الجدید) وتوە "هێزە ناوخۆی و دەرەكییەكان كار بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم دەكەن لەپێناو ناسەقامگكیری و ئاسایش و سەپاندنی بەرنامە سیاسی خۆیان، هێرشە دۆرنیەكانی سەر هەرێمیش بەهۆی لاوازی حكومەتی عێراقەوەیە بۆ رێگریكردن لەو گروپانە". "هەرێم مافی خۆیەتی وەڵامی بژاردەی سەربازی دژی ئەو گروپانە هەبێت كە دەیانەوێت هەولێرو بەغدا بگەڕێنەوە خاڵی سەرەتای دانوستانەكان، بەڵام حكومەتی هەرێم رێگە نادات ئەو گروپانە ئەو هەلە بقۆزنەوەو وەك كارتی فشار بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای هەرێمی دژ بەهەرێمی كوردستان بەكاری بهێنن" سەركردەكەی پارتی وای وت. عائد هیلالی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم دەخاتە ئەستۆی هەولێر"حكومەتی عێراق زۆر راشكاوانە دژی هەموو هێرش و پەلامارێكە بۆ سەر هەرێم و دەستی بەلێكۆڵینەوە لەئەنجامدانی هێرشەكان كردوە ". ئەندامەكە چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتیس كمیشەكمان نێوان هەرێم و بەغدا دەخاتە ئەستۆی هەولێرەوەو بە رۆژنامەكەی وتوە "حكومەتی هەرێم بەبیانوی موچەی فەرمانبەرانەوە كێشەكانی گەیاندوەتە  لوتكەو دەیانەوێت دۆسیەی پێدانی موچەی فەرمانبەران نەچێتە بەغداو بەدەست خۆیانەوە بمێنێتەوە، لەكاتێكدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆوەك وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە لەنزیكترین كاتدا كێشەكە چارەسەر بكات" ئەندامەكە چوارچێوەی هەماهەنگی وا دەڵێت. هەر لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێمەوە، ماهیر جەودە چاودێری سیاسی، دەڵێت"كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەهەموو ساتێكدا بابەتێكی چاوەڕوانكراوە، بەتایبەت كە ئامانجی نزیكبونەوەی ئەمدوایەی نێوان بەغداو هەرێم پێكهێنانی حكومەتێكی فیدراڵی و دابەشكردنی پلەو پۆستەكان بووە". "هێزە سەرەكیەكانی بەغداو هەرێم بەمەبەستی راكێشانی سۆزی خەڵك بەلای خۆیاندا كێشەكان لە بەرژەوەندی خۆیان بەكار دەهێنن، هەمیشە ئەم كێشانە بنەمایەكی سەرەكی بوون وەك كارتێكی فشار بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هەندێك كوتلەو حزبی سیاسیەوە لەبەغداو پارێزگاكان و شارەكانی هەرێم " ماهیر جەودە وای وت. لەبارەی مەترسی هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر هەرێم، ئەوەشی وتوە "رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرش و پەلامارانەی دەكرێتە سەری كاردانەوە لەدژی ئەو گروپ و لایەنە سیاسیە نزیكانەی چوارچێوەی هەماهەنگی و حكومەتی ناوەند بنوێنێت كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەكی راستەقینەیە بۆ سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی وڵات و وڵات بەرەو شەڕێكی ناوخۆی پەلكێش دەكات".   

هاوڵاتی بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی، تائێستا ئەو وەفدەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق كە بڕیارە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن سەردانەكەیان ئەنجام نەداوە. سەرچاوەكە وتیشی ئەو وەفدە جاروبار سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم كۆدەبنەوە و سەردانەكەشیان ئاساییە. سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەتیشیكردەوە ناردنی قەرزی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیە وەستابێت و تەنها ڕاپۆرتی وردبینی خۆی لەبارەی خەرجی و داهاتی شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2023 ی هەرێم ئامادە دەكات. سەبارەت بە ناردنی قەرزی دیكەی 700 ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەی ئاشكراكرد تائێستا دیارنییە عێراق هیچ بڕە پارەیەكی دیكە بۆ هەرێم دەنێرێت یاخود نا.

هاوڵاتی بوومەلەرزەکەی تورکیا: ٧.٨ پلە و  ٥٥ هەزار گیان لەدەستدان بوومەلەرزەکەی ژاپۆن: بە گوڕی ٧.٦ پلە، گیان لەدەستدان تەنها ٥٠ کەس مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە تورکیا کە سوریاشی گرتەوە کە بەگوڕیی  ٧.٥ و ٧.٨ بوون زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوێنێ ڕۆژی دووشەممە لە ژاپۆن بوومە لەرزەیەک بەهەمان گوڕ تەنها بووە هۆی مردنی ٥٠ کەس. دوێنێ بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بوومەلەرزەیەک ژاپۆنی هەژاند کە چەقەکەی شاری ناناو-ی پارێزگای ئیشیکاوا بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و هەزاران باڵەخانە و هێلێ شەمەندەفەر و میترۆ دارماون، بەڵام تاوەکو ئێستا گیان لەدەستدان بەهۆیەوە تەنها ٥٠ کەسە، ئەوەش بەهۆی ئەو سیستەمە ئاڵۆز و پێشکەوتووەی کە بۆ دیاریکردن و هۆشداریدانی بوومەلەرزە لە ژاپۆن پەرەی پێدراوە وبیناکانیشی بە بەرزترین تایبەتمەندی ستاندارد دروستکراوون بۆ بەرگری لە بومەلەرزەی بەهێز. ئەوەی جێگای باسە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ دا بەهۆی روودانی دوو بەمەلەرزەی بەهێز لە تورکیا و سوریا، زیاتر لە چل و پینج هەزار کەس گیانیان لەدەست دا لە تورکیا، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی شەقامی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتەکەی ئەردۆگانیان بەوە تاوانبارکرد لە کەمتەرخەمیکردن بۆ پەرەدان بەشێوازێکی سەرکەوتووی بیناسازی بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان  کە بەرگەی ڕودانی بومەلەرزە بگرن. هاوکات خراپ بەڕێوەبردنی دەیان ساڵەی حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدانی ئاشکراکرد و خستیە ژێر گوشارێکی گەورەوە. بوومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپۆنیش لەکاتێکدایە کە لەدوای ساڵی ٢٠١١ ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزەیە روویدابێت، کە ئەوکات بە گوڕی ٩ پلە بوو و بووە هۆکاری مردنی زیاتر لە حەڤدە هەزار کەس و ڕوودانی تسۆنامیش، بەڵام هێشتا ئاماری گیانلەدەستدانی تەنها نیوەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بوو.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ ساڵح عاروری جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەگەڵ دوو سەركردەی كەتیبەكانی قەسام لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لەبەیروت كوژران و ئەندامێکی نوسینگەی سیاسی حەماسیش رایگەیاند،" تیرۆرکردنی سەرکردەکانی فەڵەستین لە ناوخۆی وڵاتەکە یان لە دەرەوە نابێتە هۆی شکاندنی ئیرادە و خۆراگری گەلی فەڵەستین." کەمێک لەمەوبەر فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە رێگەی چەند موشەکێکەوە نوسینگەیەکی حەماسی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە ئامانجگرت.  عزەت رەشق ئەندامی نوسینگەی سیاسی حەماس لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کردەوە ترسنۆکانەی ئیسرائیل دژی سەرکردە و سیمبولەکانی گەلی فەڵەستین لە ناوخۆی وڵاتەکە و دەرەوەی ئەنجامی دەدات، نابێتە هۆی شکاندنی ئیرادە و خۆڕاگری گەلی فەڵەستین و رێگریکردن لە بەرخۆدان. هەروەها كه‌مێك پیش ئێستا، میدیا عه‌ره‌بییه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد؛ به‌پێی زانیارییه‌كان زیانێكی زۆر به‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌وتوه، ته‌ندروستی به‌یروتیش رایگه‌یاند‌: له‌ روداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروتدا چوار كوژراو و ژماره‌یه‌ك برینداری لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌. لای خۆشیانه‌وه‌ میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌: له‌ناو نوسینگه‌كه‌ی خۆیاندا له‌ باشوری به‌یروت، سێ به‌رپرسی باڵای بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسیان به‌ ئامانج گرتوه‌ و هه‌رسێكیانیان كوشتوه‌. هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت لەکاتێکدایە کە بڕیاربوو سبەی چوارشەممە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان وتارێک پێشکەش بکات بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە. هاوکات نەسروڵا بڕیاریدا گوتارە بڕیارلێدراوەكەی سبەی دوابخات، دوای كوژرانی عاروری وەك میدیای لوبنانی بڵاویكردووەتەوە. جێگەیباسە عاروری جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو، هەروەها یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی کەتایبی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس و بە ئەندازیاری هێرشەكەی رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرێت.  

هاوڵاتی لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی 2023دا ، بەرپرسانی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی. ئەوەیان خستە ڕوو ، پێویستە جیهان بە باشی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایانە ئامادە بکەن  کە لە داهاتوودا یەخەیان دەگرێت. بە پێی پێشبینی زانایانی بواری تەندرووستی  ڕەنگە ساڵی 2024 ،ساڵی بڵاوبوونەوەی پەتای جۆراوجۆر بێت ،هەر لەبەر ئەمەش پێویستە ووڵاتانی جیهان و کەرتی تەندرووستی چاوکراوە و ووشیار بن و بتوانن بە زووترین کات،  بەرەنگاری ئەو جۆرە نەخۆشی و پەتا مەترسیدارانە ببەنەوە. هاوڵاتی لەم ڕاپۆرتەدا ئەو پەتا مەترسیدارانەی  واچاوەروان دەکرێت لە ساڵی تازەدا بڵاو ببنەوە دەخاتە ڕوو.یەكەمیان، كۆڤید 19 ی گۆڕاو  كە "جەی ئێن وەن" یشی پێدەوترێت. لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید19 ی گۆڕاو بە جیهاندا ، وادیارە ئەم پەتایە لەساڵی تازەدا دەبێتە سەرەکیترین مەترسی بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ.هەرچەندە تا ئێستا رێکخراوی تەندرووستی جیهانی پێیوایە مەترسی ئەم جۆرە پەتایە، نەگەیشتۆتە ئاستێکی نەخوازراو،  بەڵام گەر بێتوو دۆخەکە لەدەست دەربچێت، ئەوە دەبێتە هەرەشەیەکی ڕاستەقینە. دووەم ئاوڵەی مەیمون : واپێدەچێت لە ساڵی تازەدا ئاوڵەی مەمیموونیش مەترسییەکی دیکە بێت بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ، بە تایبەتیش لە دوای بڵاوبوونەوەی جۆرێکی تازەی ئەو نەخۆشییە کە لە هەر 10کەسێکی تووشبوو کەسێک دەکوژێت.ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییەش بە "كلاد یەك" و "كلاد دوو " ناسراوە جۆری یەکەمیان مەترسیدارترە ،بە جۆرێ ڕێژەی مردنی کەسە تووشبووەکان دەگاتە ٪10. سێیەم تای مێشوولە: لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 دا  زانایان هۆشدارییەکی بەپەلەیان لەبارەی تای مێشوولە بڵاوکردەوە و بە مەترسییەکی راستەقینەیان بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ لە قەڵەمدا ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەر یەک لە وڵاتەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا و قوبرس بڵاوبووەوە. بە گشتی مێشوولەی هەڵگری ئەم جۆرە ڤایرۆسە، لە ناوچەگەرمەکانی زەمین بڵاون ، بەڵام زانایان پێیان وایە بە هۆی تێکچوونی کەشی زەوی و ئەو شەپۆلە گەرمییەی رووی لەناوچەکانی ئەوروپا کردووە و ژینگەیەکی لەباری بۆ ئەم مێشوولەیە خووڵقاندووە . چوارەم سوورێژە : لەساڵی 2022دا نەخۆشی سورێژە کە یەکێکە لە نەخۆشییە درمەکان لە جیهاندا بە تەنها لەئەوروپا بە ڕێژەی ٪3000 زیادی کردووە.بە پێی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە مانگی یەک تا مانگی دەی ساڵی 2023 ، سی هەزار کەس ئەم نەخۆشییەیان گرتووە ، لە کاتێکدا بە درێژایی ساڵی 2022 ، 941 کەس ئەم نەخۆشییەیان گرتبوو ، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و مەترسییەکی دیکەیە بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ