هاوڵاتی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوا لەسوپای عێراق دەكات بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییانەی روبەڕووی عێراق بۆتەوە لەئامادەباشی تەواودا بن. ئەمڕۆ شەمە 6-1-2024 نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، بەبۆنەی یادی 103 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراق، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند"ئێوە ئەو قەڵا تۆكمەیە بوون كە توانیتان هێزە تاریكەكان و تیرۆریستیەكان تێكبشكێنن". سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەشڵێت" داواتان لێدەكەم كە لە ئامادە باشی تەواودا بن بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنیانەی كە روبەڕووی عێراق بوونەتەوە".
ئەندامێكی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند دەبێت چاوەڕێی شكستی وەرزی دووەمی خوێندن بكرێت و ئۆباڵەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و لەخاڵی كۆتای هەژمار نەكردنی خوێندنی ئەمساڵیش نزیكبوینەتەوە. دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی دەستەی داكۆكیكار لەمامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت" ئەو بەڵێنە زارەكیانەی بڵاوكراوەتەوە كە گوایە حكومەتی هەرێم چەند خاڵێك بۆ مامۆستایانی جێبەجێ دەكات، پێمانوایە هیچ بنەمایەكی نیەو بەو بەڵێنانەش ناگەڕێینەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن". وتیشی"هیچ بڕوایەكمان بەحكومەتی هەرێم نەماوەو بەڵێنە زارەكییەكەشی بەهیچ شێوەیەك باسی مووچەی تێدا نیە كە 30 رۆژ جارێك بدرێت، هەروەها چارەنوسی موچەكانی رابردوی تێدا نیە، دەبێت ئەوانە یبەكلای بكرێنەوە، بۆیە بەردەوام دەبین لەبایكۆت". "وەك محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵمان باسی كرد بەپێی هەمواری پرۆژە یاسای بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەخەرجی فعلی جیا دەكرێتەوەو لەململانێی نێوان هەرێم و بەغدا بەدوور دەبێت" دڵشاد میرانی وای وت. ئەوەشی خستەڕوو" رۆژی 21ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی لەبارەی بڕیاری راگرتنی پلە بەزكردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دوا بڕیاری خۆی دەدات و بڕیارەكەشی لەبەرژەوەندی فەرمانبەران دەبێت و حكومەتی هەرێم ئەو كەیسەش دەدۆڕێنێت". ئەو ئەندامی ئەنجومەنی دەستەی داكۆكیكار لەمامۆستایانی ناڕازی دەشڵێت"چۆن وەرزری یەكەمی خوێندن شكستی هێناوە، دەبێت چاوەڕێی شكستی وەرزی دووەمیش بكەین و ئۆباڵەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت، هەژمارنەكردنی پرۆسەی ئمساڵی خوێندنیش رێكخراوی یونسكۆ دیاری دەكات و تائێستا 45%ی كارنامەی خوێندنی ئەمساڵ رۆشتوە سەفری و خاڵێكی مەترسیدارەو لەخاڵی كۆتای هەژمار نەكردنی خوێندنی ئەمساڵ نزیكین".
هاوڵاتی ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكانی كرمانی ئێران زیادیكردو زانیارییەكانیش ئەمریكاش تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە تەقینەوەكانی كرمان لەلایەن داعشی خوارسانەوە ئەنجامدراوە. محەمەد سابیری، بەرپرسی بەشی فریاكەوتنی كرمان رایگەیاند"بەرەبەیانی ئەمڕۆ 6-1-2024 دوو برینداری دیكەی تەقینەوەكەوەی كرمان لەنەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوەو ژمارەكە گەیشتوەتە 91 كەس". ئاژانسی تەسنیمی سەر بەسوپای پاسداران رۆژی چوارشەممەی رابردوو كە تەقینەوەكمان رویاندا، رایگەیاند" بەهۆی تەقینەوەكانەوە 103 كەس كوژراون"، بەڵام ژمارەیەك میدیای تر ئەوەیان بڵاوكردبویەوە كە بەهۆی تەقینەوەكانەوە 88 كەس كوژراون و زیاتر لە 280 كەسی تریش بریندار بوون. رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی كوژراوەكان رۆژی هەینی 5-1-2024 بەڕێوەچوو، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، لەڕێوڕەسەمەمەدا قسەیكردو لەوتارەكەیدا "بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتەڕوو، باسی لەوە كرد داعش دروستكراوی ئەمریكاییەكانە". هاوكات حسێن سەلامی بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران، لەڕێوڕەسمەكەدا وتی"تۆڵەی كوژراوەكانی تەقینەوەكەی كرمان بەر لە شەهیدبوونیان سەندراوەتەوە". دوای ڕێوڕەسمەكەش، وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد"یەكێك لەو كەسانەی لەم تەقینەوەیەدا، خۆی تەقاندۆتەوە خەڵكی تاجیكستانە، بەڵام هێشتا ناسنامەی كەسەكەی تر دیار نییە". "بەگشتی 12 كەس پەیوەندیدار بەهێرشەكە لە شەش پارێزگای ئێران دەستگیركراون" وەزارەتی ئیتلاعات وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو كە دەستگیركردنی كەسەكان لە ئێوارەی رووداوەكەوە دەستیپێكردوەو بەرەبەیانی پێنج شەممە دوو كەس كە كاری لۆجستیكی تەقینەوەكەیان لەئەستۆ بووە لەنزیك كرمان دەستگیركراون. ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئەمریكییەوە باسی لەوە كردوە كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان و لە لایەن ئەمریكاوە پشتڕاست كراونەتەوە، داعشی خواراسان، لقی داعش لە ئەفغانستان، تەقینەوەكانی ئەنجامداوە. ئەم دووسەرچاوەیە كە نەیانویستووە ناویان بڵاوبكرێتەوە رایانگەیاندوە"زانیارییەكان روون و ئاشكران و سەلمێندراون". داعش رۆژی پێنج شەممە لە راگەیەنراوێكیدا بەرپرسارێتی تەقینەوەكانی كرمانی گرتە ئەستۆو رایگەیاند "دوو كەس خۆیان تەقاندۆتەوە"، بەڵام ئاماژەیان بەداعشی خوراسانی نەكردبوو. دوای تەقینەوەكانی كرمان، لەیەكەم راپۆرتی سەرچاوە حكومییەكان باس لە دوو جانتا دەكرا كە لەڕێی دوورەوە تەقێندراونەتەوە، تەنانەت ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بەسوپای پاسداران و ماڵپەڕی ئیرنا، ماڵپەڕی فەرمی كۆماری ئیسلامی، لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە هەرچەشنە خۆتاقاندنەوەیەكیان رەتكردەوە.
سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەن كە ئیسرائیل دەیكاتە سەر غەزە، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەمانگی سێیەمی شەڕەكەدا بەڕێژەی 34.8% زیادیكردوە، تەنانەت ئەوەش ئاشكرابووە كاتێك ئەردۆگان ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلی دەكرد بۆ سەر نەخۆشخانەیەكی غەزە كۆمپانیای بوراكی كوڕی خەریكی بار داگرتن بوە لەبەندەرێكی ئیسرائیل. بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (The Cradle)، هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لەمانگی تشرینی دووەمی 2023دا 319.5 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لەمانگی كانونی یەكەمی دواتردا بۆ 430.6 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە، كە زیاترە لە بڕی هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لەمانگی تەموزی 2023دا پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل بڕەكەی 408.3 ملیۆن دۆلار بووە. ئیبراهیم قاوەچی كە ئابوریناسێكی توركیایە دەڵێت "گەلی توركیا لەبارەی روداوەكانی غەزەوە بەچاوی رق و كینەوە دەڕوانێت، لەكاتێكدا وەك هەمیشە لە پشت دەرگا داخراوەكانەوە شتێكی تر رودەدات، ناكرێت هەناردەكردن ئەوەندە زیادی بكردایە لەوەڵامی سەركردەیەكی وڵاتێكدا كە ئاگری لە ئیسرائیل بەردەدا". ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، رایگەیاند"پێویستە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دادگای بكرێت، هەروەك چۆن سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دادگایی كرا". "ئیسرائیل تەنها بكوژ نییە، بەڵكو دزێكیشە، ناتوانین ڕێگە بدەین ئیسرائیل جارێكی دیكە غەززە داگیر بكات، غەزە خاكێكی فەلەستینە، غەزە هی فەلەستینییەكانە، بۆ هەتا هەتایە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە"، سەرۆك كۆماری توركیا پێشتر واشی وت. ئیبراهیم قاوەچی ئاماژە بە داواكاری بیلالی كوڕی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی كۆماری توركیا دەكات كە داوای لەخەڵكی توركیا كرد بایكۆتی ئیسرائیل بكەن، لە كاتێكدا براكەی بوراك بەخاوەنی كەشتییەك ناسراوە كە بەردەوامن لە ناردنی كاڵا بۆ ئیسرائیل. لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژنامەنوس مەتین سیهان پەیوەندییەكانی نێوان بوراك ئەردۆگان و كۆمپانیاكانی ئیسرائیلی ئاشكراكردبوو رایگەیاند"لەكاتێكدا سەرۆك ئەردۆگان ئیدانەی ئیسرائیلی دەكرد بەهۆی بۆردومانكردنی نەخۆشخانەیەكەوە لە 17ی ئۆكتۆبەردا، كۆمپانیای بوراكی كوڕی خەریكی بار داگرتن بوە لەبەندەرێكی ئیسرائیلی". ڕۆژنامەنوس مەتین سیهان ئەوەشی وتبوو "لە28ی تشرینی یەكەمدا، لەكاتێكدا ئەردۆگان دیسانەوە ڕەخنەی لە ئیسرائیل دەگرت و داوای لەخەڵك دەكرد بۆ گردبوونەوە، كەشتی كوڕەكەی بە بارەكەیەوە بە گەروی (جبل گارق)دا تێدەپەڕی”. ئەو رۆژنامەنوسە ئەوەشی بۆ ئاشكرابووە " ئەو شتانەی كە لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی ئیسرائیل كراون، چەكیان لەخۆگرتووە، لەكاتێكدا بازرگانی نێوان كۆمپانیاكانی توركیاو ئیسرائیل وەك ئاسایی بەردەوام بووە سەرەڕای قسەكانی ئەنكەرە بەرامبەر بە ئیسرائیل". دوای ئاشكرابوونی پەیوەندیی بنەماڵەی ئەردۆگان لەگەڵ كۆمپانیاو بازرگانانی ئیسرائیل، سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بەرگری لە بازرگانی دوو قۆڵی نێوان توركیا و ئیسرائیل كردو وتی "ئەو پەیوەندییانە زیان بە دۆزی فەڵەستین ناگەیەنن". دامەزراوەی ئاماری توركیا (TurkStat) باس لەوە دەكات كە هەناردەكردنی چەكی ئەنكەرە بۆ تەلئەبیب جێگەی سەرنج بووە، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا توركیا بە بەهای 105 هەزار دۆلار پارچەی چەكی هەناردەی ئیسرائیلی كردوە، لەساڵی 2023دا ئەو هەناردەكردنە 823 هەزارو 112 دۆلار بووە، ئەمەش چەك و پارچەی یەدەگی لەخۆگرتبوو".
هاوڵاتی جۆ بایدن هێرشی توند دەكاتە سەر دۆناڵد ترامپ و بە دیكتاتۆرو مەترسییەكی ڕاستەقینە بۆ سەر ئەمریكاو ئازادی ناوی دەبات، ترامپیش بایدنی بەكەسێكی "ساختەچی و فاشیل" ناساندوە. بەم قسانە جەنگی دەرونی و پێكدادانی زارەكی لەنێوان بایدن و ڕكابەرە سەرسەختەكەی دەستی پیكردوەو پێدەچێت رۆژ بەڕۆژیش جەنگەكە گەرمتر بێت. جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكیدا لە نزیك فالی فۆرجی ویلایەتی بنسلفانیا، هێرشی توندی كردە سەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشوی ئەمریكاو جگە لەوەی بە نازی و دیكتاتۆر ناوی برد، بەمەترسییەكی ڕاستەقینەشی بۆ سەر ئەمریكاو ئازادی ناساندی. بایدن جگە لەهێرشكردنە سەر ترامپ، هێرشیكردە سەر لایەنگرانیشی و بەكۆمەڵێك كەسی توندوتیژو مایەی گاڵتەجاری وەسفی كردن. دوابەدوای قسەكانی بایدن، دۆناڵد ترامپی 78 ساڵە كە سەڕەرای تۆمەتباركردنی بە چوار مادەی تاوان و لادان لە یاسا، هێشتا خەون بەوە دەبینێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ كۆشكی سپی، قسەو تۆمەتەكانی بایدنی تەمەن 81 ساڵەی بەمایەی بەزەیی وەسف كردو بەكەسێكی "ساختەچی و فاشیل و دوودڵ" ناساندی. هەرچەندە بەپێی ڕاپرسییەكی ئاژانسی فرانس پرێس، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەڕێژەیەكی كەم لە پێش بایدنەوەیە، بەڵام پێدەچێت جەنگی نێوان ئەم دوو ركابەرە سەرسەختە لە هەفتەو مانگەكانی داهاتوودا بگاتە لوتكە، بەتایبەتیش كە دۆناڵد ترامپ چەندین دۆسییەی یاسایی لە سەرەو دووجار لەلایەن دادگای ویلایەتەكانەوە بەتۆمەتی تێكدانی باری ئاسایشی ووڵات، هەوڵی دوورخستنەوەی لە خۆكاندیدكردنەوەو بانگەشەی هەڵبژاردنی درا. بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمریكاش هاوشێوەی ترامپ رووبەڕووی چەند دۆسییەكی یاسایی كراوەتەوە، بەتایبەتیش كێشەكانی هانتەری كوڕی، هەروەك چۆن پشتگیری جەماوەریشی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوەو لەلایەن هەندێك هەواداری حزبی دیموكراتەوە، تۆمەتباركراوە بەوەی نەیتوانیوە وەك پێویست لە جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا ڕۆڵێكی كارا بگێرێت و لەڕاگرتنی ئەو جەنگەدا سەركەوتوو نەبووە. جێی ئاماژەیە وابڕیارە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 24 ی تشرینی دووەمی 2024دا بەڕێوە بچێت.
هاوڵاتی دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر داوا لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سنورەكەیان دەكات بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە نەكەن كە سبەینێ لایەنێكی سیاسی پێیان دەكات، دەشڵێن لەئێستادا لە قۆناغێكی زۆر هەستیار داین و زۆر نزیكین لە بەدەستهێنانی دەسكەوتەكانمان و جگە لە مامۆستایان هیچ كەسێك ناتوانێت بڕیار لە كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بدات. دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر لەبارەی كۆبوونەوەیەكی سبەینێ كە وەك خۆیان دەڵێن لایەنێكی سیاسی بە بەڕێوەبەرەكانی سنورەكەیان دەكات و ئاگادار كراونەتەوە راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئەوەیان خستوەتەڕوو" "دوای كۆتایی هاتنی وەرزی یەكەمی خوێندن بەتەواوەتی و بەردەوام بوونی خەباتی مەدەنی مامۆستایان، لەئێستادا لە قۆناغێكی زۆر هەستیار داین و زۆر نزیكین لە بەدەستهێنانی دەسكەوتەكانمان، خۆشتان دەزانن دەسەڵاتی تاڵانكار لەم قۆناغەدا هەموو ڕێگاو شێوازێك دەگرێتەبەر بۆ لەباربردنی خەباتی مەدەنی و شكاندنی بایكۆت بێ دەستكەوت" "لەئێستاشدا دەزانین و ئاگادارین كە بۆ سبەی داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرە بەهەڵوێستەكان كراوە كە ئامادەیی كۆبوونەوەیەك بن كە بە تەوجیهی حزبێكی دەسەڵات بڕیارە ئەنجام بدرێت و تیایدا داوا لە بەڕێوەبەرەكان بكرێت بەكۆمەڵێك بەڵێنی هەڵخەڵەتێنەرو بێ بنەما بایكۆت بشكێنن و دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، بۆیە ئێمە وەك دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر داواكارین لە سەرجەم بەڕێوەبەرە بەهەڵوێست و خۆڕاگرەكانی دەڤەرەكەمان، بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیە بكەن و نەچن، چونكە ئێمە كادری پەروەردەین پێویستە هەر كۆبونەوەیەك هەبێت پێویستە لە بینای پەروەردەبێت نەك لە بارەگای حزب و ڕێكخراوەكان". دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر دەشڵێن"دواكارین لەو بەڕێوەبەرانەی كەوا بایكۆتی كۆبوونەوەكەی بەیانی ناكەن و دەچن با لەوێ بەناوی مامۆستاكانیانەوە قسە نەكەن و بڕیار نەدەن، تەنها وەك خۆیان قسە بكەن، تكادەكەین مەبنە شەریك لەو ئۆباڵە مێژووییە كە بەرپرسانی دەسەڵات كەوتۆتە سەر شانیان چونكە دەبێ ئۆباڵی ئەو شكستە هەڵبگرن ئەگەر بچنە ژێر هەر بڕیارێك كە لەوێ دەدرێت". لەكۆتایی راگەیەنراوەكەشیاندا هاتووە"ڕایدەگەیەنین بەردەوامین لە بایكۆت و خەباتی مەدەنی تا جێبەجێكردنی سەرجەم داواكاریەكانمان و پێتان دەڵێین بایكۆت زۆر لەوە مەركەزیترە كە لەسنورێكی بچوك بشكێندرێت، هەروەها بەدەسەڵات و سەرجەم داردەستەكانی دەڵێن خاوەنی ڕاستەقینەی بایكۆت و خەباتی مەدەنی مامۆستایانن، جگە لە مامۆستایان هیچ كەسێك ناتوانێت بڕیار لە كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بدات و تاكە ڕێگە و دەرچەش بۆ شكاندنی بایكۆت لەلایەن مامۆستایانەوە جێبەجێكردنی داواكاریەكانمانە".
هاوڵاتی وا بڕیارە رۆژی یەک شەممە ٧-١-٢٠٢٤ ، تەرمی هونەرمەند و دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، مەنسوور کەریمیان لە شاری سلێمانی و لە گۆڕستانی شێخ عەباس لە گەڕەکی وڵووبە بە خاک بسپێردرێت. مەنسوور کەریمیان دەرهێنەر و سینەماکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی شاری سنە، رۆژی ٢٣ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٣ لە بۆردمانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لە دێرک گیانی لەدەستدا. تەرمەکەی هێنرایەوە کوردستان و هەوڵدرا ببرێتەوە شاری سنە و لەوێ بە خاک بسپێردرێت، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو هەوڵەکان ڕێگەیان نەدا تەرمی ئەم هونەرمەندە گەنجە بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە لەسەر بڕیاری بنەماڵە و هاوڕێیانی بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممە لە شاری سلێمانی بە خاک بسپێردرێت. هاوکات لە لایەن دۆستان و هاوڕێیانی ئەم هونەرمەندەوە بانگەوازێک بڵاو کراوەتەوەو داوا لە سەرجەم هونەرمەندان و هونەردۆستان کراوە لە رێ و رەسمی ناشتنی ئەم هونەرمەندە شەهیدەدا ئامادە بن وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی ئەم هونەرمەندە . مەنسوور کەریمیان، ساڵی ١٩٨٤ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. لە تەمەنی گەنجییەوە بە هۆی حەزەکانی بۆ سینەما، ئەم بوارە هونەرییەی هەڵبژاردوەو ماوەی ٢٠ ساڵ ئەزموونی هەیە وەک وێنەگر، کامێرامان و دەنگ هەڵگر و... لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی رۆژئاوا سەردانی رۆژئاوای کرد بۆ ئەوەی لە رێگای هونەرەکەیەوە بتوانێت خزمەت بەو شۆڕشە بکات. هاوکاری کۆمینی فیلمی رۆژئاوا بوو. لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە بەتەواوەتی نیشتەجێی ئەو پارچەیەی کوردستان بوو.
هاوڵاتی شانهی ڕاگهیاندنی سهربازی عێراق ئهمڕۆ ههینی ڕونكردنهوهیهكی لهبارهی بهئامانجگرتنی بارهگای حهشدی شهعبی له بهغدا بڵاوكردهوه و رهتیشیكردهوه، هیچ هاوكاری و ههماههنگیهك لهنێوان عێراق و ئهمریكا لهكاتی هێرشهكهدا ههبوبێت. شانهی ڕاگهیاندنی سهربازی لهڕونكردنهوهیهكدا بڵاویكردۆتهوه، دوێنێ وتهبێژی وهزارهتی بهرگری ئهمریكا لێدوانێكی داوه و تیایدا ئاماژهی به بونی هاوكاری لهگهڵ لایهنی عێراقی كردوه لهو هێرشهی كه بارهگای حهشدی شهعبی كرده ئامانج، له كاتێكدا ئێمه جهخت لهسهر مهترسییهكانی ئهم جۆره لێدوانانه دهكهینهوه و لهههمانكاتیشدا به توندی بونی هاوكارییهكی لهو شێوهیه ڕهتدهكهینهوه". ئاماژهی بهوهشكرد، "بهپێچهوانهوه لێدوانهكانهوه، هێرشهكهی دوێنێ بهبێ ئاگاداری هیچ لایهنێكی سهربازی یان ئهمنی عێراق ئهنجامدراوه، وهك چۆن هێرشهكانی ئهم دواییه كه شوێنه ئهمنییهكانیان كردۆته ئامانج". دوێنێ پێنجشەممە 4-1-2024 لەئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی بزوتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا، موشتاق تالیب سەعیدی ناسراو ئەبو تەقوا، ئامر لیوای 12ی بزوتنەوەكەو عەلی نایف عەرەفی ناسراو بە عەلی ئەبوو سەجاد بەرپرسی پاڵپشتی لۆجیستی بزووتنەوەی نوجەبا كوژران و 6 كەسی دیكە بریندار بوون. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختدەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە "بە گیانی یەک تیمی لەژێر سەرپەرشتیی سەرکردایەتی و رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاردەکات و کردوویەتی، بەردەوامیش ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان و چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییە یاساییانەی هەن." هاوکات سوودانیش سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە مەڕاسیمی چوارەمین ساڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس رایگەیاند؛جەخت لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دەکەینەوە و دەڵێت، "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق." ئەو بۆردوومانەی ئەمریکا لە بەغدا دەرگاى زیاترى لەسەر داواکارییەکان بۆ دەرچوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کردەوە. کاردانەوەى بەشێک لە بەرپرسانى سیاسیی شیعە لەسەر ئەو رووداوە بە ئاڕاستەى کۆتاییهێنان بوو بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عێراق.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیرکردنی چەند کەسێکی راگەیاند کە گومانیان لێ دەکەن، بکەری تەقینەوەکانی شاری کرمان بن. ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی ئێران لەبارەی روداوی تەقینەوەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردو لە پارێزگای کرمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، کە ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردوە کە گومان دەکرێت ئەنجامدەری تەقینەوەکان بن. رۆژی چوارشەممە لە پارێزگەی کرمانی باشووری ئێران لەکاتێکدا کە خەڵکێکی زۆر بۆ یادکردنەوەی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیک گۆڕەکەی لە گۆڕستانی شەهیدانی کرمان کۆببوونەوە، دوو تەقینەوە روویاندا. لە تەقینەوەکاندا 84 کەس کوژران و 284 کەسی دیکەش برینداربوون هاوکات داعش رۆژی پێنجشەممە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی ئێران راگەیاند و لە تێلیگرامی خۆیەوە گوتی، بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون.
هاوڵاتی سهرۆك وهزیرانی عێراق رایدهگهیهنێت، كشانهوهی هێزه بیانیهكان له عێراق پابهندبونێكه حكومهت پاشهكشهی لێناكات و دهشڵێت، "عێراق ڕێككهوتنێكی هاوبهشی ستراتیژی و پهیوهندی دیپلۆماسی لهگهڵ ئهمریكا ههیه، بهڵام ئێستا بنهماكانی ئهو رێكهوتنه پێشێلكراون". محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق بە میانى بەشداریکردنى لە مەراسیمى چوارەمین ساڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس رایگەیاند؛ "تیرۆرکردنى" قاسم سولەیمانى دوجار لێدان بو لە عێراق و دەستدرێژى بو بۆسەر هەردو دەوڵەت و ئەمەریکا کارێکى قێزەونى ئەنجامدا. دەشڵێت: عێراق لەگەڵ ئەمەریکا رێککەوتنى ستراتیژى و پەیوەندى دیپلۆماسییان هەیە و بەم کارانە بنەماکانى پەیوەندییەکانیان پێشێلکرد. لێدوانەکانی ئەمڕۆی سودانی دوای ئەوە هات دوێنێ پێنجشەممە 4-1-2024 لەئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی بزوتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا، موشتاق تالیب سەعیدی ناسراو ئەبو تەقوا، ئامر لیوای 12ی بزوتنەوەكەو عەلی نایف عەرەفی ناسراو بە عەلی ئەبوو سەجاد بەرپرسی پاڵپشتی لۆجیستی بزووتنەوەی نوجەبا كوژران و 6 كەسی دیكە بریندار بوون. هاوکات سوودانی جەخت لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق." جەختیشیکردوەتەوە کە حکومەتى عێراق تاکە لایەنە تواناى جێبەجێکردنى یاساکانى هەیە و هیچ کەس و لایەنێک بۆى نییە سەروەرى وڵاتەکە ببەزێنێت و دەشڵێت: لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەکانى خۆمانین کە دەبێت لەکاتى نەمانى ئەکەکانیاندا هاوپەیمانى نێودەوڵەتى وڵاتەکە جێبهێڵن. ئەمە یەكەمینجار نییە كە ملیشیاكانی سەر بە ئێران و هێزەكانی ئەمریكا، یەكتر بۆردومان دەكەن، بەڵام لەم ماوەی ڕابردوودا ئەم هێرش و پەلامارانە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك كە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 تا ئێستا زیاد لە سەد هێرشی جۆراوجۆر لەلایەن ملیشیا شیعەكانی سەر بەئێران كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكاو لە 8 كانونی یەكەمی ڕابردووش بەچەند موشەكێك پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی بەغدا درا كە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.بۆردوومانەکەی سوپاى ئەمریکا لە بەغدا دەرگەى لەسەر داواکارییەکان بۆ دەرچوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش زیاتر کردەوە.
هاوڵاتی بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن کە کۆریای باکوور 200 گوللە تۆپی ئاراستەی دوو دوورگەی کۆریای باشوور کردووە و داوا لە دانیشتووانی ئەو دوورگانەش دەکەن کە ناوچەکانیان بەجێبهێڵن. ئهمڕۆ بهرپرسێكی وهزارهتی بهرگری كۆریای باشور له میانی كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند كه "بەرەبەیانی هەینی سوپای کۆریای باکوور زیاتر لە 200 گولە تۆپی ئاراستەی ناوچەکانی دوورگەی بانینیۆگ و دوورگەی یەنپیۆگ کردووە"، ههروهها دهسهڵاتداران داوایان له هاوڵاتیانی مهدهنی كرد كه دورگهكه چۆڵ بكهن وهك ڕێكارێكی خۆپارێزی. دورگهی یۆنپیۆنگ له كۆریای باشور زیاتر لە دوو هەزار کەسی تێیدا دەژی دهكهوێته دهریای زهرد و به دوری 80 كیلۆمهتر له ڕۆژئاوای شاری ئینچۆن و 12 كیلۆمهتر له باشوری كهناراوهكانی پارێزگای هوانگهای كۆریای باكورهوه دوره. دوورگەی بانینیۆگـیش نزیکەی پێنج هەزار کەسی تێدا دەژی و دەکەوێتە دووری 209 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سیۆل. سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە، وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی مادی و گیانی لێنەکەوتووەتەوە. ئەم بۆردومان و گرژییانەى نێوان باکور و باشور لەکاتێکدایە، پەیوەندی نێوان هەردو وڵات لە ئاستێکى خراپدایە و پێشتریش ئاژانسەکانى هەواڵى کۆریاى باکور ئاماژەیان بۆ ئەوەکردبو کە کیم جۆنگ ئون، رێبەرى کۆریاى باکور سەردانى شوێنى تایبەت بە دروستکردنى موشەکى بالیستى کیشوەربڕى کردوە و جەخت لە ئامادەکارییەکان کردوەتەوە بۆ روبەڕوبونەوەى "دوژمنان".
ئەمریكا بڕی ئەو بودجەیەی كە مانگانە بۆ مووچەی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی دەنێرێت لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار كەمكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند كەمكردنەوەكە لەمانگی 10ی ساڵی رابردوەوە جێبەجێكراوە، بەڵام تا ئێستا بەئاشكرا دانی پێدا نەنراوە. بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر "ئەو یارمەتییە بۆ پاڵپشتیكردنی مووچەی نزیكەی 54 هەزار پێشمەرگە بەكاردەهێنرێت لە یەكەكانی فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 100 هەزار پێشمەرگەی دیكەش لەو یەكانەدا خزمەت دەكەن كە ڕاستەوخۆ یان پارتی دیموكراتی كوردستان یان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنتڕۆڵیان كردوە". نوسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندوە"كەمكردنەوەی بودجەكە بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەمانگی تشرینی یەكەمی 2023ەوە كاری پێكراوە بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كە لە نێوان ئەمریكاو حكومەتی هەرێم واژۆكراوە، بەڵام تا ئێستا بە ئاشكرا دان بە كەمكردنەوەكەدا نەنراوە". “هەموو هەوڵێكمانداوە بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، ئامانجی سەرەكیمان چەسپاندن و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا” نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وا دەڵێت. بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش بە ماڵپەڕەكەیان وتوە"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە خەرجی دەكات بۆ پێدانی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار كەمكردوەتەوە، كەمكردنەوەكە لە كاتێكدایە گرژییە سیاسییە ناوخۆییەكانی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق بووەتە هۆی ئاستەنگ لە پرۆسەی چاكسازیی پێشمەرگە".
هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردە بەپێدانی بەڵێنی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە دەیەوێت كۆتایی بەبایكۆتی مامۆستایان بهێنێت، نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی پەروەردە نوسراوێك لەوبارەیەوە دەربكات. كاروخ عەبدوڵڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە كوردسات نیوزی راگەیاند"لەوەزارەتی پەروەردەوە پێمان راگەیەنراوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو نوسراوێكی وەزارەت دەردەچێت تایبەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایانی هەمیشەیی. "نوسراوەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مامۆستایانی وانەبێژو دەستپێكردنەوەی خوێندن لەوناوچانەی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە خوێندن تیایاندا راگیراوە". نوێنەرەكەی مامۆستایانی وانەبێژ وای وت. ماوەی دوو رۆژە تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەمی خوێندكاران و قوتابیان لەبەشێك لەناوچەكانی هەرێم دەستپێكردوە، بەڵام لەمانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوەوە، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆی دواكەوتنی مووچەو راگرتنی پلەبەرزكردنەوە بایكۆتی خوێندنیان كردوەو بەوهۆیەشەوە پرۆسەی خوێندن لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكانی ئەو ناوچانە ڕاگیراوەو مامۆستایان بایكۆتی پرۆسەی خوێندنیان كردوە.
رۆژێك دوای رودوای تەقینەوەكەی كرمان، لەكاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، داعش لە پەیامێكدا بەرپرسیارێتی تەقینەوەكانی كرمانی گرتە ئەستۆ. لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ 4-1-2024 لەكەناڵەكانی تایبەت بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە تێلگرام بڵاوكرایەوە، باسیان لەوەكردوە تەقینەوەكانی رۆژی چوارشەممە 3-1-2024 لەلایەن دوو خۆكوژەوە ئەنجام دراون. داعش لە پەیامەكەیدا وتویەتی "عومەر ئەلموەحدو سەیفوڵڵا موجاهید" چونەتە ناو ئاپۆڕای گەورەی شیعەكان لەنزیك گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری كرمان و پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكانیان تەقاندەوەو بوون بەهۆی كوژران و بریندار بوونی 300 هاوڵاتی شیعە". داعش پێشتریش بەرپرسایەتی كۆمەڵێك كردەوەی تیرۆریستی لە ئێران گرتبوە ئەستۆ، لەوانە تەقاندنەوەی مەزارگەی "شاهچراغ" لە شیراز. قاسم سولەیمانی لەنامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی، كۆتایی دەسەڵاتی داعشی راگەیاندو وەك سەركەوتنێكی گەورەو چارەنووسساز ناوی بردو پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنەی لەخەڵكی ئێران، عیراق و سوریا كرد.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنج شەمە 4-1-2024 لەئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی بزوتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا، موشتاق تالیب سەعیدی ناسراو ئەبو تەقوا، ئامر لیوای 12ی بزوتنەوەكەو عەلی نایف عەرەفی ناسراو بە عەلی ئەبوو سەجاد بەرپرسی پاڵپشتی لۆجیستی بزووتنەوەی نوجەبا كوژران و 6 كەسی دیكە بریندار بوون. هەرچەندە ئەمە یەكەمینجار نییە كە ملیشیاكانی سەر بە ئێران و هێزەكانی ئەمریكا، یەكتر بۆردومان دەكەن، بەڵام لەم ماوەی ڕابردوودا ئەم هێرش و پەلامارانە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك كە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 تا ئێستا زیاد لە سەد هێرشی جۆراوجۆر لەلایەن ملیشیا شیعەكانی سەر بەئێران كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكاو لە 8 كانونی یەكەمی ڕابردووش بەچەند موشەكێك پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی بەغدا درا كە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە. هاوڵاتی لەم ڕاپۆرتەیدا گرنگترین پێشهات و زانیارییەكانی جەنگی بێدەنگی نێوان ئێران و ئەمریكا دەخاتەڕوو. لەناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە دوابەدوای پێشڕەوەییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەناو خاكی عیراق و گرتنی چوار پارێزگەی عیراقی لەباكورو باكوری ڕۆژهەڵات و نزیك بوونەوەی لە بەغدا، لە 13 ی حوزەیرانی 2014داو لە وتاری نوێژی هەینی لە نەجەف، سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە دوانزە ئیمامییەكان، فەتوای جیهادی دژی ئەو رێكخراوە دەركردو دوابەدوای دەركردنی ئەو فەتوایەش بەدەیان هەزار شیعەی عیراقی چەكیان هەڵگرت و روویان لە بەرەكانی جەنگ كرد . هەرچەندە سێ مانگ پێش دەركردنی ئەو فەتوایە، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی داعش داوای كردبوو كە هێزێكی هاوتەریبی سوپا دابمەزرێت، بەڵام تا دەركردنی ئەو فەتوایەی سیستانی وەك پێویست خەڵك رویان لە بنكەكانی ناونوسكردن نەدەكرد. لەدوای دوو ساڵ لەدامەزراندنی حەشدی شەعبیش لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا ئەم هێزە وەك هێزێكی سەربازی و یاسایی و پشتیوانی سووپای عیراق لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە ناسێنرا. ئاگری تیرۆری ساڵح عاروری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە؟ بەمجۆرەش هێزەكانی حەشدی شەعبی لە هێزێكی خۆبەخشەوە بوون بەهێزێكی سەربازی و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ناوەندەوە پشتگیری و ڕاهێنانیان پێدەكرێت و ژمارەی ئەندامەكانی بە دەیان هەزار كەس مەزەندە دەكرێن و لە چەند گروپێكی جیاوازی وەك "كەتائیبی حزبوڵای عیراقی، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی نوجەبا، سەرایای سەلام، بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی و رێكخراوی بەدر"، پێكدێن. هەرچەندە لە سەرەتادا وابڕیاڕبوو كە ئەم هێزە، هێزێك بێت بۆ پاراستنی عیراق لەو مەترسییانەی كە لەقۆناغێكی هەستیاری مێژووییدا پیایدا تێدەپەڕی، بەڵام دواجار لەلایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵكران و ئێران توانی بیانخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوەو بۆ چەسپاندنی مەرامەكانی لە سووریا و عێراق و چەند ناوچەیەكی دیكە بەكاریان بهێنێت، یەكێك لە مەرامە سەرەكییەكانی ئێرانیش لێدانی هێزە ئەمریكییەكانە لە عێراقدا. لەساڵی 2017دا كەتائیبی سەیدولشوهەدای سەر بە حەشد رایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانییان بۆ بنكەكانیان لە ناوچەی ئەنباری نزیك سنووری سوریا بۆردومانكردووەو لەئەنجامدا 40 چەكدارییان كوژران"، لەساڵی 2019شدا هێزەكانی ئەمریكا لە وەڵامی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر هێزەكانیان چەند جارێك بنكەكانی حەشدی شەعبییان ئاگرباران كردو دوابەدوای ئەو هێرشەش ئایەتۆڵا كازم حائری نزیك لە ئێران فەتوای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای لە عیراق دەركرد. لە 29ی كانونی یەكەمی 2019دا هێزەكانی ئەمریكا لەوەڵامی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بنكەیەكی سەربازییان لە كەركوك، هێرشێكی چڕیان بۆ سەر بنكەو بارەگاو جبەخانەكانی میلیشیاكانی سەر بەحەشد لە ناو خاكی عیراق و سوریا ئەنجامداو نزیكەی 25 چەكدار كوژران و 55 كەسی دیكەش بریندار بوون. لە 31 ی كانونی یەكەمی 2019دا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بەئێران بە بەرزكردنەوەی ئاڵای حەشدی شەعبی و حزبوڵای عیراقی پەلاماری خاڵی ئەمنی باڵیۆزخانەی ئەمریكییاندا لە ناوچەی سەوزی بەغداو سوتاندیان و دوابەدوای ئەو پەلامارەش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە وتەیەكیدا هەڕەشەی توندی لە ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارانەو ئەوانەش كرد كە لە پشتی ئەو پەلاماردانەوەن. لە 3-1-2020 ئەبو مەهدی موهەندیسی سەركردەی باڵای حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن درۆنە ئەمریكییەكانەوە لە لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كرانە ئامانج و كوژران، دوابەدوای كوشتنەكەشیان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند"بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییە ئەمریكییەكان لە دەرەوەی وڵات، هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا قاسم سولەیمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی تیرۆریستیان كردۆتە ئامانج". وا چاوەڕوان دەكرا كە دوای كوشتنی ئەو سەركردە باڵایەی سوپای پاسداران، ئێران راستەوخۆ پەلاماری هێزەكانی ئەمریكا بدات، بەڵام ئەمكارە ئەنجامنەدراو ئێران تەنها بەهاویشتنی چەند موشەكێك بۆ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی لەناو خاكی عیراق وەستاو ئەو ئەركەی سپارد بەمیلیشیاكانی حەشد. لەلایەكی دیكەوە دوابەدوای ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە، ئەم ملیشیانەی سەر بە حەشدی شەعبی بە چەندین تاوان و كوشتارو تاڵانكاری لە شارەكانی تكریت و رومادی و موسڵ و فەلوجە تۆمەتبار كران و هەروەك چۆن دوای ماوەیەك لە هەڕەشەكانی هادی عامری بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە كە ئەگەر بێتوو ناوچەكانیان جێنەهێڵن، بەتوندترین شێوە تۆڵەیان لێدەكرێتەوە، لە پارێزگای دیالە میلیشیاكانی سەر بەحەشدی شەعبی نزیكەی 70 كەسییان ڕفاندو گولەبارانیان كردن و لە ساڵی 2016شدا میلیشیاكان، 643 گەنج و پیرییان لە ناوچەی سەقڵاوییەی سەر بەپارێزگەی ئەنبار دەستگیركردو تا ئێستا چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە. موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر لە لێدوانێكیدا ئەوەی وت" ئەو میلیشیانەی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی كاردەكەن، هەڵدەستن بەئەنجامدانی چەندین تاوانی قێزەوەنی وەك سەربڕین و دەستدرێژی، هەر وەك ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ملیشیاكانی بەگۆڕانگاری دیمۆگرافی لەناوچە سوننەكاندا تاوانبار كرد، دەیڤید پاتریۆسی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری پێشووی ئەمریكاش لەبارەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی وتبوو" ئەم میلیشیانە لە داهاتوودا دەبنە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر ئاسایشی عیراق". لەساڵی 2019 بۆ 2021یشدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێكی سەرەكییان لەسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و ناوچەكانی عیراقدا گێڕا كە داوای كۆتایی هاتنی سیستمە تائیفییەكەی عیراق و چاكسازییەكی بنەڕەتییان لەناو هەیكەلی حكومەت و دەوڵەتدا دەكرد.
