بەرپرسانى بزوتنەوەى حەماس ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە هیچ پێشنیارێکی نوێیان لە لایەن نێوەندگرانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و جەختی لەوە کردەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج و گفتوگۆکان وەستاون. بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەیی دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی هەر پێشنیارێک کە لە برا نێوەندگیرییەکانمانەوە وەریبگرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە، بە شێوەیەک کە مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بپارێزێت، لەبەرچاو بگرێت". ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردبوو کە حەماس بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە غەززە بەدەستیەوەیە لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان زیندانی فەلەستینی و کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ئەمەش بەپێی پلانێک کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردووە. بڕیارە سبەی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن کۆببێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، رەشنووسی پلانی نوێی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگە 23 مانگییەکەی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئاشکرا دەکرێت. پلانەکە 21 خاڵی لە خۆگرتووە و لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، باسکراوە. بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی کە نێوەڕۆکی پلانەکەی بڵاوکردووەتەوە، پلانەکە بە "پێشنیازی ویتکۆف" ناسراوە و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، داڕێژراوە، دیدگەیەکی گشتگیری ئیدارەی ترەمپە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا باسکردووە. پلانەکە، خاڵی سەرەکیی پێشنیازی دیکەش لەخۆدەگرێت کە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە خراونەتەڕوو، لەوانە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دوورخستنەوەی حەماس لە دەسەڵاتی کەرتی غەززە. خاڵێکی دیار و گرنگی ئەم پلانە ئەوەیە بە ئاشکرا هانی فەلەستینییەکانی غەززە دەدات لە کەرتی غەززە بمێننەوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ لە شوباتی رابردوودا، رایگەیاند پلانی هەیە غەززە بگرێتەدەست و هەوڵی گواستنەوەی هەمیشەی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەدات و ئەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی شۆک کرد. هەروەها، پلانەکە باس لە دروستکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتوودا دەکات، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و تەواوکردنی چاکسازییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین. ئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دەردەکەوێت، چونکە پێشتر لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی خۆی بەدوورگرتبوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا "لە سایەی شەونخونی و ماندبوونی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی تر؛ ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی "ڕێبەری سەلامەتی' لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا "لە سایەی شەونخونی و ماندبوونی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی تر؛ ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تاوان و لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان، ئێمە باشترین تەکنەلۆژیامان خستووەتە خزمەت و بەردەستی پۆلیسی کوردستان بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر و خێراتر بتوانن بەدوای تاوانباراندا بگەڕێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە." دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی "ڕێبەری سەلامەتی" دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی بەڕێز، ڕۆژتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن. خۆشحاڵم کە لێرەم و لەگەڵ ئێوە، شاهیدی بینینی ئەم پێشکەوتنانە بووم کە لە وەزارەتی ناوخۆدا هەیە. دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەم بە ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە، کە نووسینەوە و ئامادەکردنی ڕێبەری سەلامەتییە. ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە ڕوانگە و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە کە وەزارەتی ناوخۆ لە چەندین سێکتەری جیاوازدا، دەستپێشخەریی گرنگ و پڕۆژەی گەورەیان جێبەجێ کردووە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن. ئەم ڕێبەرە دەبێتە بناغە و بنەمایەک بۆ پاراستنی سەلامەتی لە باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و کۆگا و بەنزینخانە و هەموو ئەو پڕۆژانەی کە هاووڵاتییان تێیدا دەژین، یان مامەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ دەکەن. ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم ڕێبەرەش ئەوەیە کە هاووڵاتیان لەم شوێنانە پارێزراو بن و هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان پێ نەگات و ڕێگری بکرێت لە ڕوودانی هەر هەڵەیەکی تەکنیکی، نەوەک خوانەخواستە کارەساتێک ڕوو بدات و زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێ بکەوێتەوە. وەزارەتی ناوخۆ وەزارەتێکی گەورە و گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لەوەی وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، لە هەمان کاتدا جێبەجێکاری یاسایە و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتییان، بە هەماهەنگی و هاوئاهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە. لە سایەی شەونخوونی و ماندووبوونی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی تر، ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تاوان و لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان، ئێمە باشترین تەکنەلۆژیامان خستووەتە خزمەت و بەردەستی پۆلیسی کوردستان، بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر و خێراتر بتوانن بەدوای تاوانباراندا بگەڕێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و ئامێر و کەرەستەی ڕزگارکردن و ئاگرکوژێنەوەی بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی دابین کردووە، بەڵام بێگومان لەم کەلوپەلانە گرنگتر ئەوەیە کە چۆن ڕێگری بکەین لە ڕوودانی کارەسات و سنووردانان بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکان و ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەنەکردنی، ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێبەرەکانی سەلامەتییەوە دەبێت کە پێویستە بەدواداچوونی تەواو بکرێت و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن. لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم ئاماژە بە دەستپێشخەری و پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگی وەزارەتی ناوخۆ بکەم کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیانی هەزاران هاووڵاتی. ئەویش دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییە، کە وەزارەتی ناوخۆ بە بیر و ستراتیژێکی ڕوون، دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و لەو شوێنانەی کە ئەو پڕۆژەیە بە تەواوەتی کەوتووەتە کار، لە ماوەی یەک ساڵدا ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە ڕێژەی 50% کەمیان کردووە و مردن و برینداربوونی سەختیش زیاتر لە 60% دابەزیوە. هەروەها بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی زیانی گەورەی دارایی بە هاووڵاتییان کە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە پێشتر تووشی دەبوون، ئەمە سەرەڕای ئەو زیانە زۆرانەی کە بەر شەقامەکان و پڕۆژەکانی حکوومەت دەکەوتن. وەزارەتی ناوخۆ هەروەها لە ڕێگەی پڕۆژەی دیکە لە بواری پەروەردەکردنی شۆفێران لەژێر سیستمی نوێی ڕاهێنانی شۆفێری و سیستمی نوێی ساڵیانە و مۆڵەتی شۆفێری، ڕووداوی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانی دارایی کەم کردووەتەوە کە لە ساڵانی داهاتوودا ئەنجام و ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە زیاتر بە ڕوونی دەردەکەون. داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم، لە پێناو پاراستنی گیان و سەر و سامانی خۆیان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆ بن، بۆ ئەوەی هەموومان دوور بین لە کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو. خوشک و برایانی بەڕێز؛ کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمە جێی دەستخۆشییە و هەموومان شانازی بەو پێشکەوتنانە دەکەین کە لە کوردستان دەیبینین؛ بەڵام بێگومان چەند پێشکەوتنیش دەبێت، دەبێت خۆشمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە و ئاستی کوردستان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نزیک بکەینەوە و وا بکەین کە کوردستان و هاووڵاتییانی کوردستان چەند سوودمەند بن لە پێشکەوتن و لە تەکنەلۆژیا، ئەوەندەش پارێزراو بن لە مەترسییەکان. هاوشێوەی ئەم ڕێبەرەی کە ئەمڕۆ بینیمان، لە وەزارەتەکانی تریش ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەرچوواندنی ڕێبەری تر کە دیسان بکەونە خزمەتی هاووڵاتیان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆیەتی کە لە پێناو باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان ڕۆژ بە ڕۆژ کار بکات و خۆی ماندوو بکات؛ بەڵام زۆر زۆریش گرنگە کە هاووڵاتیانی خۆشەویست هاوکار بن و بەبێ هاووڵاتییان بە گومان حکوومەت بە تەنیا ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. داوای من لە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەوەیە کە هەر ڕێنماییەک کە دەردەچێت، پابەند بن پێیانەوە، چ بۆ سەلامەتیی خۆیان بێت، یانیش سەلامەتیی کەسوکار و هاووڵاتییانی دیکە؛ لە هاتووچۆ، لەسەر ڕێگەوبان، لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگر یان هەر بابەتێکی تر، ڕێنمایی پێویست هەیە. هیوادارم خۆیان بەدواداچوون بکەن، زیاتر خۆیان فێر بکەن کە چۆن لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانە بگونجێن. من دەستخۆشی لەو هەموو کارمەند و فەرمانبەر و خوشک و برا خۆشەویستانە دەکەم کە بەڕاستی خۆیان دەکەنە قوربانی و ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییانی تر. لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو خۆشەویستانە دادەنەوێنم کە گیانی خۆیان کردووەتە قوربانی و دەستخۆشیش لەو خوشک و برا بەڕێزانە دەکەین کە لە ئەرکدان و بەردەوامن لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو لایەکمان. دەستخۆشیتان لێ دەکەم، شانازیتان پێوە دەکەم. ئینشاڵا هەر سەرکەوتوو و سەلامەت بن و کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سپاس.
بڕیارە لەگەڵ دابەشکردنى موچەى مانگی حەوتەوە، 3% لە موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، کە پەیوەستە بە موچەى بنەڕەتى فەرمانبەر لە ماوەى 10 ساڵى رابردوو. بڕیارەکە هی وەزارەتی دارایی عێراقە و بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، موچەى بنەڕەتى هەر 10 ساڵەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان لە 3% لە سەرجەمى بنەڕەتى دەردەکرێت و فەرمانبەران بە 36 مانگ و خانەنشینان بە 60 مانگ لێیان وەردەگیرێتەوە. ئەمڕۆ، 28ی ئەیلوولی 2025، هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانی بۆ گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی تەمموز، بڕیاری لێبڕینی 3%ی بەشداریی خانەنشینی لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، راگەیاند: "لێبڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەران لە مانگی تەمموزەوە جێبەجێ دەکرێت، بەشێک لە فەرمانگەکانیش لێبڕینەکەیان دەکەوێتە مانگی ئاب." باسی لەوەشکرد، کە لێبڕینەکە لە خانەنشینان راستەوخۆ لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموزدا دەبڕدرێت. ئەم لێبڕینە بۆ گێڕانەوەی جیاوازیی بەشداریی خانەنشینییە بۆ ماوەی 10 ساڵی رابردوو (لەسەرەتای 2014 تاوەکو ناوەڕاستی 2024). ماوەی گێڕانەوەکەی بەم شێوەیە دەبێت: فەرمانبەران: کۆی قەرزەکە لەسەر مووچەی بنەڕەتییان لە ماوەی 36 مانگ (3 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە. خانەنشینان: کۆی قەرزەکە لە ماوەی 60 مانگ (5 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە. لێبڕینی خانەنشینی بەمشێوەیە دەبێت: یەکەم/ لێبڕینی رێژەی 3% لە موچەی فەرمانبەران لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024. دووەم/ لێبرێنی رێژەی 3% لە موچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان؛ ئەوانەی ئێستا خانەنشینن و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی 01-01-2014 تاوەکو رێکەوتی دەست لەکار هەڵگرتن و هەواڵکردنیان بۆ خانەنشینی. سێیەم/ بڕی پارەی کەڵەکەبوی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان. چوارەم/ قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی سێیەم، لە ماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەر و ماوەی 5 ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاو بکرێت. پێنجەم/ ئەم لێبڕینە لە 01-06-2025 دەستپێدەکات تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.
بەرپرسێکى ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ڕایدەگەیەنێت: هەرچەندە ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کراوە، بەڵام ئامادەکارییەکان تائێستا تەواونەبوون، جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە کۆبوونەوەکەدا داوا دەکەن شەرع شاندی یەکگرتووی کورد ببینێت و مافە نەتەوەییەکانی کوردیش لە سووریادا گەرەنتی بکات. نیعمەت داود، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە بە میدیای ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە ئامادەکاری کراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواونەبوون بۆیە تائێستا ئەنەکەسە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع بانگهێشتنەکراوە، "ئەگەر کۆبوونەوەکەش بکرێت ئێمە داوا لە سەرۆککۆمار دەکەین چاوی بە شاندی هاوبەشی کورد بکەوێت چونکە وەک لایەنی سەرپشککراو بۆ پرسی کوردی دەزانین، دواتریش ڕوانگەی خۆمان لەسەر پرسی کورد و سووریا بەگشتی دەخەینەڕوو". ئەوەشی خستووەتەڕوو، سووریا وڵاتێکی فرە نەتەوە و پێکهاتەیە و پرسی کورد و داواکارییەکانیشی پێویستە بەشێوەیەکی دەستووری چارەسەر بکرێن،بۆ کۆی سووریاش ئەنەکەسە داوای وڵاتێکی هەمەڕەنگ و دیموکراسی دەکات بەجۆرێک لە دەستووردا تایبەتمەندی هەموو پێکهاتەکان ڕەچاوبکرێت و دانیش بە مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریادا بنرێت. سەرەتای ئەم مانگە ئەنەکەسە ئاشکرای کرد کە بانگهێشتنامەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا ئاڕاستەکراوە، ئەویش بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر ماف و داواکارییەکانی کورد لە سووریا، بۆچوونێکیش هەبوو کە ئەم هەوڵەی دیمەشق ئامانج لێی دابەشكردنی شەقامی کوردییە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتیش کە ئێستا کورد یەک شاندی یەکگرتووی بۆ دانوستان لەسەر مافە نەتەوەییەکانی پێکهێناوە بەڵام دیمەشق بانگهێشتی لایەنێکی کوردی کردووە و لایەنێکی دیکەی پەراوێزخستووە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە شاسوار عەبدول واحید لەسەر دۆسیەیەکى دیکە دادگایی بکرێت، میدیاى فەرمى ناوبراویش ڕایدەگەیەنێت بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکانی ئەو دۆسیەیەى لەسەر جوڵێنراوە. بەوتەى سەرچاوەکە، لەسەر سکاڵای پێنج رۆژنامەنووس و دوو دەزگای ڕاگەیاندن ئەمڕۆ شاسوار عەبدلواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەسلێمانى دادگای دەکرێت. کەناڵى ئێن ئاڕتیش بڵاویکردەوە، بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکانی، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کەیسێکی تردا لە دادگای سلێمانی دادگایی دەکرێت. نزیکەى دوو مانگە سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەزیندانەو بە پێنج مانگ بەندکردن سزادراوە. رۆژی 12ـی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا. رۆژی 21ـی ئابی 2025 شاسوار عەبدولواحید برایە بەردەم دادوەری ووتەی لێوەرگیرا لەسەر ئەو سزایەی پێشتر دادگا بە غیابی بۆی دەرکردبوو. دواتر دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئەیلولی 2025) دواخرا، ئەمڕۆش دادگای بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 5 مانگ بۆ دەرکرد.
سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی19، داوا دەكەن حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات، رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە. ئەمساڵ 2025 یونسكۆ لە ڕۆژی جیهانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ، تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی گرینگی زانیاری ژینگەیی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا. پەیامی یونسكۆ بۆ ئەمساڵ ئەم تەوەرە لە چوارچێوەیەكی فراوانتری حوكمڕانی شەفاف و گەشەپێدانی بەردەوامدا بەهێزتر دەكات. لە چالاكی سەرەكی ئەمساڵدا یونسكۆ و حكومەتی فلیپین میوانداری، كۆنفرانسی جیهانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری گشتگیر لە رۆژانی 29 بۆ 30 ئەم مانگە لە مانێلی پایتەخت دەكەن. سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی19 رایدەگەیەنن دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بەردی بناغەی كۆمەڵگای دێمۆكراسی و مافێكی بنەڕەتی مرۆڤە كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە. داوا دەكەن حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات، رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە. بەهۆی شاردنەوەی زانیاری هەستیار و گرنگ لەهاوڵاتیان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتی، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لەئاشكراكردنی دۆسیە زۆرو زەوەندەكانی گەندەڵكاران. دواش لە میدیاكاران و دامەزراوەكانیان دەكەین مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ بکەن ، چونکە گرنگیان كەمتر نیین لە پێدانی زانیارییەكان، دەبێت راستگۆ بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان، دوربن لە یاریكردن بە زانیاری و نەكەونە داوی هەواڵی درۆ و چەواشەكار. رێز لە هاوڵاتیان و پیشەكەیان، رێز بەها بەرزەكانی رەوشتی پیشەیی بگرن. مافی زانیاری لەبەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، لە ماددەی 19ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان دیاریكراوە هاوكات ماددەی 10 لە رێكەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی پێكراوە. هەرێمی كورستانیش لە مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لەهەرێمی كوردستان، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات. پاش 12 ساڵ لە دەركردنی یاساكە لە (8ی ئابی 2023 )، لە كابینەی 9 دا بڕیاردراوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەت و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پێكبێت.
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا (ترۆیکای ئەورووپی) سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، ڕایانگەیاند، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرایەوە. ئەم بڕیارە دوای تەواوبوونی میکانیزمی سناپباک، واتا "گەڕانەوەی سزاکان" دێت و وەک کاردانەوەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لێکدرایەوە. وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران کرد خۆی لە هەر هەنگاوێکی هەڵکشان بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ئەرکەکانی لە ژێر پارێزبەندییە یاساییە پابەندکەرەکاندا. ئەوان ئاماژەیان بەوەش کرد، دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە. سێ زلهێزەکە ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی نوێ، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت. جەختیشیان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی خێرای ئەو سنووردارکردنانەی کە دووبارە سەپێنراونەتەوە، کردەوە و داوایان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن. لای خۆیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوای لە ئێران کرد دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕازی بێت لەسەر دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا. ڕوبیۆ ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا پشتڕاستی دەکاتەوە، جیهان ملکەچی هەڕەشەکانی نابێت و تاران لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە ڕوونی باسی لەوە کردبوو، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن بە باشترین بژاردە بۆ گەلی ئێران و جیهان دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی دیکە کرد "بەپەلە سزاکان جێبەجێ بکەن" گەمارۆکانی بۆ سەر تاران دەستپێبکەن.
بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیا، نووسەر و کۆمەڵناسی بەناوبانگی تورک ئیسماعیل بێشیکچی ئەمشەو جەڵتەى مێشک لێى داوەو ئێستا لەنەخۆشخانەى دیاربەکرە. زانیاریەکان ئەوەش دەخەنەڕوو کە ناوبراو بارودۆخى تەندروستى ناجێگیرە، پزیشکەکان ئیستا سەرقاڵى چارەسەرکردنین لەبەشى چاودێرى چڕ. میدیاکان دەڵێن: بێشیکچی لە میانی گفتوگۆیەکدا دوای نمایشکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی تەواوی ژیانی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری فیلم لە دیاربەکر بارى تەندروستى تێکدەچێت و بە پەلە دەگەبەندرێتە نەخۆشخانە. ئیسماعیل بێشیكچی نووسهر و كۆمهڵناسی بهناوبانگی تورك بهدۆستی كورد ناسراوه، له 7ـی1ـی1939 له پارێزگای چۆڕوم لهدایكبووه. دهرچووی كۆلێژی زانسته سیاسییهكانه له زانكۆی ئهنقهره. له ساڵی 1965 دكتۆرای له بواری كۆمهڵایهتی بهناونیشانی "گۆڕانكاری له رۆژههڵات و كێشه بونیاتنهرهكان و كۆچی هۆزهكان" بهدهستهێنا. بههۆی بۆچوونه سیاسییهكان و دۆستایهتیكردن كورد، له ساڵی 1970 دكتۆرایهكهی لێ سهندرایهوه و له ساڵی 1971 له ئامهد بۆ ماوهی 17 ساڵ و دوو مانگ زیندانیكرا.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناچار بوو گوتار پێشکێشی کورسییە بەتاڵەکانی هۆڵەکە بکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت: نەزمی نێودەوڵەتی درزو كەلێنی تێكەوتووە، ئەو سیستەمەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لەلایەن براوەكانی جەنگەوە دامەزرا، کاریگەری و متمانەی خۆی لەدەستداوە، رۆژ بە رۆژ کێبڕکێی جیهانی لە توندبونەوەدایە، روبەڕوی ئاڵنگاری جۆراوجۆر دەبینەوە، لە قەیرانی ئاو و کەشوهەوا تا دەگاتە شەڕی بازرگانی. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی بۆسفۆرس لە ئیستەنبووڵ کە رۆژی شەممە 27-09-2025 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و بە تووندی رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت. ئەردۆغان، بنیامین نەتەنیاهووی بە کەسێکی "کۆمەڵکوژکار" ناوبردەوە و گوتی، "رێک دوو ساڵە بە بەرچاوی تەواوی خەڵکەوە، کۆمەڵکوژییەکی شێتانە و شەرمەزاری لە غەززە هەیە. نەتەنیاهوو و ستافە کۆمەڵکوژەکەی بە پێشکەوتووترین چەک هێرش دەکەنە سەر بێتاوانەکان و بۆمبیان بەسەردا دەبارێنن." ئەردۆغان گوتی، "بەساڵاچووان و منداڵان، تەنانەت کۆرپەی نێو شووشە لەلایەن ستافی کۆمەڵکوژییەوە بێ بەزەییانە لە غەززە دەکوژرێن. هەروەها برسیەتی وەک چەکێکی قڕکەر بەکاردێ. کارمەندانی تەندروستیی رزگارکەر و ئەو میدیاکارانەی کۆمەڵکەژییەکە تۆماردەکەن، بەبەر چاوی جیهانەوە دەکوژرێن." سەرۆککۆماری تورکیا کاتی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بەشێکی زۆر لە میوانان هۆڵەکەیان جێهێشت و گوتی، "دوێنێ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئەو بکوژەی نەتەنیاهووی پێدەڵێن، ناچار بوو گوتار پێشکێشی کورسییە بەتاڵەکانی هۆڵەکە بکات. کاتێک ئاهی ستەمدیدە دەتگرێ، بە هێواشی تۆڵەت لێ دەکاتەوە." لەو گوتارەی کە لە هەشتایەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێشی کرد، ئەردۆغان بەشی هەرە زۆری گوتەکانی تایبەت بە غەززە بوو و رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا، دوایین زانیارییەکانی لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداوە خستەڕوو. ئەمرؤ شەممە، ڕێباز حەملان ڕایگەیاند: سبەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەش ڕاستەوخۆ مووچەی مانگی هەشت دێت." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەپێناو مووچەی مووچەخۆران بووە و بۆ ئەوە بووە کە هەموو مووچەی مانگەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان کە نەهاتوون، بۆ مووچەخۆران بنێردرێت." یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندی تەواوی ڕێککەوتنەکان و بەڵێنەکان دەبن لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکاندا. گوتیشی: "ئێمە گەرەنتی هەموو ڕێککەوتنەکان دەکەین و پابەندیان دەبین لەسەر داهاتی نانەوتی، هەناردەکردنی نەوت و هەموو ئەو خاڵانەی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا هاتوون." هەروەها داوای لە عێراق کرد کە پابەندی ڕێککەوتنەکە بن و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن. ڕێباز حەملان دەشڵێت: "بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە عێراقەوە دێت، تەنیا مووچە نییە، بەڵکوو بودجەی بەکاربەر، وەبەرهێنان، سیادی و حاکمەش دەگرێتەوە. ئێستا کە نەوت دەستی بە هەناردەکردن کردووەتەوە و داهاتی ناوخۆ و 120 ملیار دیناریشمان ڕادەستی بەغدا کردووە، دەبێت ئەوانیش بودجەی بەکاربەر و وەبەرهێنانیشمان بۆ بنێرن، چونکە ناکرێت هەزاران پرۆژە لە عێراق بەردەوام بن و تا ئێستا یەک پرۆژەش بۆ هەرێمی کوردستان نەکرابێت."
ئەمڕۆ شەممە یەک دۆلار ١١٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند، کە بەرزترین ئاستی نرخی دۆلاری ئەمریکییە لە بەرامبەر تمەن. ئەمڕۆ شەممە یەک دۆلار بە 108 هەزار 500 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەرزترین ئاستی نرخی دۆلاری ئەمریکییە لە بەرامبەر تمەن. لە سەروبەندی گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، لە بازاڕی ئازادی ئێران یەک دۆلار بە ١١٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نرخی دیزاینە نوێیەکەی دراوەکە بەناوی "ئیمامی" ١١١ ملیۆن تۆمانی تێپەڕاندووە. هەروەها نرخی یۆرۆ گەیشتە نزیکەی ١٣٠ هەزار تۆمان. هاوکات ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئەیلولدا زیاتر لە 45% بووە، بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، لەم مانگەادا ڕێژەی هەڵاوسانی ماڵەکانی وڵات لە سەدا ٤٥.٣ بووە. شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایش پرۆژەیەکی پێشنیازکراوی چین و رووسیای رەتکردەوە کە داوای کردبوو سەپاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دوابخرێت بۆ ئەوەی بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بڕەخسێت. پێشنیازەکە دەنگی نەهێنا و بەوپێیەش لە رۆژی یەکشەممەوە گەمارۆ تووندەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر ئێران دەسەپێندرێنەوە. ئەوەش کاریگەری لەسەر دابەزینی زیاتری بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی داناوە. لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بە رێژەی 5.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ شەممە 9/27، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و سەرۆکی حکومەتیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز. سەرۆکی حکومەت داواشی کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن. گوتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان. لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا ، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاند، "ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نییە." ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە، فەرمان بە وەزارەتی دارایی کراوە مووچەی مانگی 7ی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. دوای هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی، ئێستا کە هەردووکی کراوە، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و ئەم هەفتەیە مووچە خەرج دەرێت." ئەمڕۆ یەکشەممە دوای دوو ساڵ و نیو و دوای ڕێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەولێر- کۆمپانیاکانی نەوت- بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستیپێکردووە، بەم هەنگاوەش یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم نەناردنی مووچە هەڵگیرا. لەلایەکى دیکەوە، ئەمڕۆ شەممە 27-9-2025 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان داهاتی فیدراڵی زیاد دەکات و ئەو بیانویەیان نامێنێت بلێن یەک تریلیۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین و هەرێمی کوردستان هیچمان ڕادەست ناکات. - نەوت ئێستا لەلایەن سۆمۆ دەفرۆشرێت و دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی، لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەران دەدرێت. هاوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نیشاندا و گوتی، "ئەمەش[هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان] زۆر گرنگە چونکە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان دەچێتەوە ناو هاوکێشەی نەوت لە جیهان".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: بەشداریکردووە لە رێککەوتنی کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، کە بووەتە هۆی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە. دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا جەختی لەسەر ئەوەشكردووە: لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ حکومەتی عێراق و پابەندبونی خۆیان بە سەرجەم هاوبەشەکانی لە وڵاتەکە دووپاتکردووەتەوە. ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە: ئەمریکا پابەندە بە سەرجەم هاوبەشەکانی لە سەرتاسەری عێراق، کە کاردەکەن بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی راستەقینەی خاوەن سەروەری و سەقامگیرو ئاوەدان. ئاماژەی بەوەشکردووە: لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ بەغدادو پشتگیری لە لایەنە عێراقییە چالاكەکان دەکەین کە هاوبەشمانن لە ئەولەویەت و مەترسییەكانمان. هاوکات مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاند هەناردەکردنەوەی نەوت سەرکەوتن بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت. ئاماژەی بەوەشدا رێککەوتنی سێقۆڵییان واژۆکردووە و لە ماوەی 30 رۆژدا کۆبوونەوەیەک بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان رێکدەخەن. گوتەبێژی ئەپیکور ئاماژەی بەوەدا، "پێشتر بەرمیلێک نەوت بە 30 دۆلار لەناوخۆدا دەفرۆشرا،" بەڵام ئێستا بە نرخی جیهانی دەفرۆشرێت. لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل. بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە. لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
