خوشکەزایەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس لە سەردانەکەیان بۆ لای رێبەرە زیندانییکراوەکەی پەکەکە دەکات و دەڵێت، هانی منداڵەکانی داوە بخوێنن و قەڵەمی بە دیاری پێداون. لەچوارچێوەی دیدارەکانی جەژنی قوربان، خوشکەزایەک، برازایەک و دوو لە مناڵەکانیان سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە دوورگەی ئیمراڵی کرد و ئۆجەلان دوای 26 ساڵ، بۆ یەکەمجار دیداری لەگەڵ منداڵان ئەنجامدا. عەلی ئۆجەلان، کوڕی فاتمە خوشکی بچوکی عەبدوڵا ئۆجەلان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، باس لە سەردانی کەسوکاریان بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەکات و دەڵێت، سەردانەکە بە گشتیی دوو کاتژمێری خایاندووە و گفتوگۆیان لەبارەی چەندین بابەت لەگەڵ ئۆجەلاندا کردووە، بە گوتەی عەلی ئۆجەلان گوتوویەتی ، "ئێمە لێرە سەرگەرمی بنیاتنانی ژیانێکی نوێین". عەلی دەڵێت، ئۆجەلان داوایکردبوو بۆ جەژن فاتمە ئۆجەلانی خوشکی ببینێت و ئەویش وەک هاوەڵی دایکی داواکاری پێشکەشکردووە. بەڵام بەهۆی ئەوەی دایکی نەخۆشبووە رێگەیان نەداوە بچێتە دوورگەکە. ئەو منداڵانەی سەردانیان کردووە هەریەک لە رۆناهی تەمەن 10 ساڵانی کچی عەلی خوشکەزای ئۆجەلان و دیلانی تەمەن 11 ساڵانی کچی عومەر ئۆجەلانی برازای ئۆجەلانن. لەگەڵ باوکیان عەلی و عومەر ئۆجەلان. عەلی کە یەکەمجاری بووە خاڵی ببینێت، دەڵێت ئۆجەلان لە نزیکەوە باسی خوێندن و گرنگی خوێندنی لەگەڵ منداڵەکان کردووە و یەکی قەڵەمێکیشی بە دیاری پێداون و هانیداون بەردەوام بن لەسەر خوێندن.

  ئەمڕۆ یەکشەممە، سەنتەری کەشناسی سعودیە ئاشکرایکرد، وەرزی حەجی ئەمساڵ کۆتایی هاتنی وەرزی حەجی تەنها هاوینەیە، بڕیارە دوای 25 ساڵ زیارەتەکە بگەڕێتەوە. حسێن ئەلقەحتانی، وتەبێژی فەرمی سەنتەرەکە ڕوونیکردەوە، هەشت وەرزی داهاتوو دەکەوێتە وەرزی بەهارەوە، دواتر هەشت وەرزی دیکە لە وەرزی زستاندا. پاشان، وەرزی پاییز دەبێت کە پلەکانی گەرما وردە وردە بەرز دەبنەوە، تاوەکو هاوین دەگەڕێتەوە دوای نزیکەی ٢٥ ساڵ. وتەبێژی فەرمی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گۆڕانکارییە بەشێکە لە سووڕی کاتیی ساڵنامەی مانگ، ئەمەش ئەگەری ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکان لە کەشوهەوای مامناوەندتردا لە وەرزەکانی داهاتوودا زیاد دەکات. ئەمساڵ شوێنە پیرۆزەکان شایەتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بوون، ئەمەش وایکرد وەزارەتی تەندروستی سعودیە هۆشداری بداتە حاجیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی خۆر لە ماوەی کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی تا ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بۆ بەرزکردنەوەی خۆپاراستن لە گەرمی خۆر. وەزارەتەکە جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی گروپکردن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، وەک بەکارهێنانی چەتر و خواردنەوەی بڕێکی پێویست ئاو، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سیستەمی تەندروستی؛ بۆ پاراستنی حاجیان و بەرزکردنەوەی سەلامەتییان لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکاندا. حکومەتی سعودیە، کۆتایی وەرزی حەجی ئەمساڵی بە سەرکەوتووی راگەیاند، نێردەی حەجی عێراقیش بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. سعود بن میشعەل بن عەبدولعەزیز، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی حەج و عومرە دەڵێت، حەجی ئەمساڵ 1146ـی کۆچی لە رووی ئەمنی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. کۆی گشتی حاجیانی ئەمساڵ یەک ملیۆن و 673 هەزار و 230 کەس بوون کە دابەشکراون بەسەر دوو بەشی جیاوازدا، ئەوانیش حاجیانی ناوخۆی سعودیە کە ژمارەیان 166 هەزار و 654 حاجییە، لەگەڵ حاجییانی دەرەکی کە ژمارەیان یەک ملیۆن 506 هەزار و 576 حاجی بووە. هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ئەمساڵ ژمارەی حاجیان لە رەگەزی نێر 877 هەزار و 841 حاجی بووە، حاجیانیش لە رەگەزی مێ ژمارەیان 795 هەزار و 389 حاجی بووە، دەستەی ئامار دەڵێت، تێبینی زیادبوونی رێژەی بەشداری رەگەزی مێ لە حەجی ئەمساڵدا کراوە. لە لایەکی دیکەوە فائق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق پیرۆزبایی لە حاجیانی عێراقی دەکات و دەڵێت، بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک عێراق لەنێو نوێنەرایەتییەکانی حەجی ئیسلامی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، هیوای گەڕانەوەی سەلامەتیش بۆ حاجییە عێراقییەکان دەخوازێت.

  دوای ئەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی گەنجێک بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و بەگوێرەی ڕێنمانی زیرەکی دەستکرد بەخێرای سۆشیاڵ میدیا داگیر دەکات، کەسوکاری ئەو گەنجە نیگەرانن لەبەرامبەر شێواندنی ڕاستییەکەی.  سەلمان خدر، باوکی ئەو گەنجە ڕاگەیاند، لە زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکان نیگەرانین بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری لەسەر مردنی کوڕەکەم، ئەمە وای کردووە دووجار جەرگمان بسووتێت.  ئەو وتى: کوڕەکەم لە منداڵییەوە نەخۆشی دابەزینی فشاری خوێنی لەگەڵ و ئەمجارەش هاوشێوەی هەموو جارێک دووبارە تووشی هەمان دۆخ بووەتەوە و هەموو ئەو هەواڵانە باس لەوە دەکەن کە گوایە، زەکەریا ڕاوێژی بە زیرەکەی دەستکرد کردووە بۆ بەکارهێنانی دەرمان دوورە لە ڕاستییەوە و چەواشەکارییە.  ڕۆژی یەکشەممە، لە چەند دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە، گەنجێکی دەڤەری برادۆست بەهۆی وەرگرتنی ڕێنمای لە زیرەکی دەستکرد خواردنی دەرمانی هەڵە بۆ چارەسەری نەخۆشی گیانی لەدەستداوە و هەواڵەکە بە خێرای لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە.  زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووەمی زانکۆیە و خەڵکی دەڤەری برادۆستە، دوای ئەوەی فشاری خوێنی دادەبەزێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران دەکرێت و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، دواتر لەهەمان ڕۆژ جارێکی تر فشاری خوێنی دادەبەزێت بەرلەوەی ڕەوانەی هەولێر بکرێت کۆچی دوای دەکات.  لەلایەکى دیکەوە سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ڕاگەیاند، زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووی بەشی ڕووپێوان بوو و نوێنەری قوتابییانی بەشەکەی خۆی بوو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین. سامان عەبدوڵلا گوتیشی: دوای بەدواداچوون و قسەکردن لەگەڵ 'مام سەلمان خدر' کە باوکی قوتابیەکەیە، ڕەتی کردوە کوڕەکەی لە ئەنجامی ڕاوێژ بە ژیریی دەستکرد و خواردنی دەرمانی هەڵە،  کۆچی دوایی کردبێت. ئاماژەی بەوەش کرد،  وێڕای سەرەخۆشیمان لە بنەماڵەی قوتابی زەکەریا سەلمان، پشتڕاستی دەکەینەوە قوتابی ناوبراو بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و ڕێنمایی وەرگرتن لە ژیری دەستکرد کۆچی دوایی نەکردووە.  

  لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە پارەدان بەشێوەی کاش لە تەواوی فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق قەدەغە دەکرێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی. ئەم بڕیارە فەرمانگە فیداڵییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وەکو فەرمانگەی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە. ساڵح سەلمان راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند،  عێراق لە وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ساڵی 2018 بۆ 2019 تەنها كەمتر لەڕێژەی 10%ـی پارەدانی ئەلیكترۆنی هەبووە، بەڵام ئێستا رێژەكەی بۆ 40% بەرزبووەتەوە، هەروەها ژمارەی ئامێرەكان فرۆشتن بە شێوەی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە 60 بۆ 70 هەزار، ژمارەی هەژماری بانكیش 22 بۆ 33 ملیۆن زیادیكردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لە مامەڵەی تەواوی فەرمانگە حكومییەكاندا پارەی كاش نامێنێت و دەبێت بەئەلیكترۆنی، پێویستە هاووڵاتیان بەبێ كارتی بانکی سەردانی فەرمانگەكان نەكەن.

  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمزوانە لەرێگەی عومانەوە پێشنیارێکی تایبەت بە رێکەوتنی ئەتۆمی پێشەکەشی ئێران دەکات، دەشڵێت: دەبێت واشنتۆن ئەوە بە دەرفەت بزانێت. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیان، بەمزوانە تاران وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیاری ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە و بە نوسراوی فەرمی دەگەیەننە واشنتۆن. وتیشی: چاوەڕواندەکرێت تاران لە وەڵامەکەدا پێشنیارێکی تایبەت بۆ رێکەوتن بخاتەڕو کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، هاوکات لای خۆیەوە هەنگاو بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانیی و تۆمەتەکانی ئەمەریکا لەبەرامبەر هەڵگرتنی کاریگەری سزاکان، دەنێت. بەقایی دەشڵێت: ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی خولی داهاتوی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، دەردەبڕێت بە مەرجێک هێڵە سورەکانی تاران بپارێزرێت. سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەقایی وتیشی: "مەرج نییە هەمو وڵاتێک کە یۆرانیۆم دەپیتێنێت، ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆرێک لە وڵاتان بەبێ ئەوەی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمییان هەبێت، یۆرانیۆم دەپیتێنن". ئاماژەی بەوەشکرد: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەژێر فشار و کاریگەریی سیاسی سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر ئێران ئامادەکرد کە دواتر ئەو راپۆرتە بە مەبەستی خراپ کەڵکی لیوەرگیرا.یب

  بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی هاووڵاتییانی 12 وڵات بۆ ئەمەریکا، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە دەرچووە، درەنگانی شەوی یەکشەممە، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.  قەدەغەکە"لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تیرۆریستانی بیانی و هەڕەشەی دیکە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی" دەرچووە، بەپێی جاڕنامەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، قەدەغەکە، هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بۆرما، چاد، کۆنگۆ، کینیا، ئێریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سوودان و یەمەن دەگرێتەوە.  ئیدارەی ئەمەریکا کە سیاسەتێکی زۆر توندی کۆچبەری گرتووەتەبەر، پاساو بۆ دانانی خۆی لە لیستی قەدەغەکردنەکەدا هێنایەوە، بە ئاماژەدان بە نەبوونی دەزگای کاریگەر لەو وڵاتانە بۆ پشکنینی تەندروستیی گەشتیاران و مەیلی هاووڵاتییان بۆ مانەوە لە ئەمەریکا دوای تەواوبوونی ڤیزاکانیان. هەروەها سنووردارکردنی ڤیزا بەسەر هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی دیکەدا سەپێندرا کە بریتین لە؛ بۆرۆندی، کوبا، لائۆس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا.

  بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە بووەتە بابەتی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆیەکی میسڕی. بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی دەمەنهور لە میسڕ، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالانی لە چوارچێوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ جێکردووەتەوە، بەدیاریکراویش پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی کە لەلایەن ئۆجالانەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە پرسی کورد، پرسی فەلەستین و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک نێڵسۆن ماندێلا، کراونەتە بابەتی تاقیکردنەوەکان. لە پرسیارەکاندا باس لە رۆڵی پەکەکە لە زیندووکردنەوەی دۆزی کورد، ناڵینی کورد بەدەست سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن و تەعریب لەماوەی سەدەی رابردوو کراوە، جگە لەوەش ئاماژە بە پێزانینی ئەکادیمی بۆ پێگەی کورد و رۆڵی فیکری و سیاسی ئۆجالان لە پێشنیازی ئاشتی و دیموکراسی کراوە.

  سەرباری بەڵێنی دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب بە رێگری نەکردن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتی رێکخراوێک کە هاوکاری دەگەیاندە کەرتی غەززە و سەرجەم سەرنشینەکانیشی دەستگیرکرد. پێشتر دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب بەڵێنیان دابو کە رێگری لە گەیاندنی هاوکاری نەکەن و مۆڵەتیاندا بە کردنەوەی رێگا بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، بەڵام کەشتی مادلین کە لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوەوە بۆ کەناراوەکانی غەززە بەرێکەوتبو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە رێگری لێکرا. رێکخراوی هاوپەیمانی ئازادی، کە گەشتەکەی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە رێکخستوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بڵاویکردوەتەوە؛ بەهۆی رێگریی تەلئەبیب پەیوەندییان لەگەڵ کەشتی مادلین پچڕاوە و سوپای ئیسرائیل سەرخەم تیمی کەشتییەکەیان دەستبەسەرکردەوە. لای خۆشیەوە (BBC)ـی بەریتانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر کەشتی مادلین و چونەتە ناو کەشتییەکەوە و تەواوی سەرنشینەکانیان لەسەر فەرمانی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دەستگیرکردەوە. گریتا سونبەرگ، چالاکوانان و یەکێک لە ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراوە گرتە ڤیدیۆییەکی خۆیی و چالاکوانەکانی دیکە و تیمی کەشتییەکە بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت: لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لێدەکرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنن بە لێقەوماوانی کەرتی غەززە و ئێستا سەرجەم سەرنشینانی کەشتیی مادلین رفێندراون.

  ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئێران بەڵگەنامەكانی تایبەت بە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل)ی دەستكەوتووەو گواستویەتییەوە بۆ ناوخۆی وڵات و؛ بەمزوانە بڵاودەكرێنەوە.  ئەو وتیشى: ئۆپراسیۆنی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە ئەتۆمییەكانی ئیسرائیل بەرفروان و ئاڵۆزو هەمەلایەنە بوون، بەوردییەكی زۆرەوە پلانی بۆ دانرابوو.  ئەم ئۆپراسیۆنە سەرەتا بە دزەكردن و دواتر راكێشانی سەرچاوەكان دەستیپێكرد تا گەیشتە زانیارییەكان، كە سوپاس بۆ خوا ئێستا گەنجینەیەكی ستراتیژی زۆر گرنگمان هەیە. ئەو بەڵگەنامانەی كە دەستمان كەوتووە تەنیا تایبەت نییە بە بواری ئەتۆمی ئیسرائیلەوە، بەڵكو زانیاری لەبارەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی تریش لەخۆدەگرێت، ئەمانە لەپاڵ زانیاری هەواڵگریی تر كە توانای بەرگریمان بەهێز دەكات.  هەروەك چۆن كرۆكی بەڵگەنامەكان گرنگن، شێوازی گواستنەوەشیان بەهەمان شێوە گرنگە، بەشێوەیەكی تەواوەتی پارێزگاریمان لێكردووەو لەڕووی میدیاییەوە بێدەنگیمان لێكردووە تاوەكو بەڵگەنامەكان بە سەلامەتی دەگەنە ئێران، بۆیە ئێمە میكانیزمی گواستنەوەی بەڵگەنامەكان لە ئێستادا ئاشكرا ناكەین، بەڵام جەخت دەكەینەوە كە بەمزوانە ئەو بەڵكەنامانە بڵاودەكەینەوە.

  عەرەبستانی سعودیە سەرکەوتنی ئەم وەرزەی حەجی لە وڵاتەکەی راگەیاند، جێگری سەرۆکى لیژنەى هەمیشەیی حەج و عومرەى سعودیە، دەڵێت، لەرووى ئەمنى و تەندروستى و خزمەتگوزارییەوە، پرۆسەى حەجی ئەمساڵ بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا. سعود بن مشعەل بن عەبدولعەزیز، سەرۆکی لیژنەی حەج و عەمرە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، تەواوى حاجییانی ئەمساڵ، بەشێوازێکى زۆر باش پابەندى سیستم و رێنماییەکان بوون و هاوکارى تیمەکان بوون. حەجی ئەمساڵ لە 4ـی حوزەیران دەستیپێکرد و رۆژی 9ـی ئەم مانگە دوایین رۆژی ئەنجامدانی فەریزەی حەجە، هاوكات، ژمارەى حاجییانى ئەمساڵ گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار. ئەوە لەکاتێکدایە، لە وەرزى حەجى ساڵى رابردوودا، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی حەج کردن، زیاتر لە 300 هەزار کەس لە مەککە دوورخرانەوە، هاوکات لە کاتى رێوڕەسمەکانى حەجدا بەهۆى قەرەباڵغى و پاڵەپەستۆوە یاخود بەهۆى مانەوەی ئەو حاجییانەى لەبەر خۆر و نەبوونى شوێنى مانەوە، زیاتر لە هەزار حاجى گیانیانلەدەستدا کە 31 حاجییان خەڵکى هەرێمى کوردستان بوون.

  لە دیداری خانەوادەکاندا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، ڕێبەر ئاپۆ پەیامی جەژنە پیرۆزەی نارد و دەڵێت: جەژنی قوربانی “بێقوربانی” لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم، سڵاو بۆ گەلەکەمان دەنێرم. دوێنێ بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، هەریەک لە عەلی ئۆجالان، برازای و عومەر ئۆجالان، برازای ڕێبەر ئاپۆ و ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی لە ڕحا، سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد، کەمێک پێش ئێستاش عومەر ئۆجالان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامی جەژنە پیرۆزەی ڕێبەر ئاپۆی بڵاوکردەوە. عومەر ئۆجالان دەڵێت: بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە وەک خانەوادە دیدارمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، هیوا و باوەڕیمان زیاتر بووە کە پرۆسەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ڕێ لەبەردەم سیاسەتێکی نوێ، ڕێکخستنبوونێکی نوێ و بونیادنانی واتایەکی نوێ دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، لەم کاتەدا کە کە پێشهاتی گرنگ و مێژووی ڕوودەدەن پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز عەبدولا ئۆجالان بۆ جەژن پێشکەشی ڕای گشتیی دەکەم. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیەیە: “جەژنی قوربانی “بێقوربانی” لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم، سڵاو بۆ گەلەکەمان دەنێرم”

  ئەسکاندەر زورین، وتەبێژی گروپی دانوستانکاری ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى وەجبەی یەکەمی تەرمی سەربازانی ئۆکراینی گەیاندووەتە شوێنی ئاڵوگۆڕەکە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە میانی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ لە ٢ی حوزەیران ئەنجامدراون. ئەو وتەبێژە ئەوەشى خستەڕوو لایەنی ڕووسی بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە لە ٢ی حوزەیران لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، و بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی ڕێککەوتنی لەسەر کرا، تەرمی سەربازە ئۆکرانیاکانی ڕادەست کرد، کە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی ئاڵوگۆڕکردن ئامادەکرابوون. ڕوونیکردەوە، وەجبەی یەکەم هەزار و ٢١٢ تەرمی سەربازی ئۆکراینی لەخۆگرتبوو، ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرێکیان ناسنامەیان بۆ کراوەتەوە، هەروەها سەرجەمیان وەک سەرباز لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا پشتڕاستکراونەتەوە، چ بە جلوبەرگی سەربازییان و چ بەهۆی ئەو شوێنانەی کە دۆزراونەتەوە". زورین جەختیشی لەوە کردەوە کە لایەنی ڕووسی بە تەواوی ئامادەیی هەموو ڕێککەوتننامەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی تەرمی سەربازە کراوەکانی ئۆکرانیا و ئاڵوگۆڕی دیلەکان جێبەجێ بکات. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامادەییمان پشتڕاست دەکەمەوە بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٦ هەزار تەرم بە وەجبە، لە ڕێگەی گواستنەوەی وشکانی و شەمەندەفەرەوە.  ناوبراو ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو مشتومڕە بەردەوامە بدات کە گوایە ئەم ئۆپەراسیۆنە سروشتێکی سیاسی هەیە. دەشڵێت "ئەمە دەستپێشخەرییەکی تەواو مرۆییە و یەکەم دەستپێشخەری نییە و بەداخەوە ڕەنگە دواهەمینیش نەبێت، ئێمە لایەنی ڕووسیا بە تەواوی پابەندین بە جێبەجێکردنی هەموو ڕێککەوتنەکان، جا چ سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی سەربازانی ئۆکرانیا بێت یان ئاڵوگۆڕی دیلەکان".

  دوای زیادبوونی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسک؛ سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر مەسک و بە "بێڕێز" ناوی برد و وتی، "نابێت بێڕێزی بەرامبەر سەرۆک بکەیت. ئەگەر پاڵپشتیش لە دیموکراتەکان بکەیت، لێکەوتەی خراپ چاوەڕێت دەکات". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسکی سەرمایەدار و راوێژکاری پێشووی قووڵتر کردەوە و، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مەسک دەکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا حەز دەکات لەگەڵ مەسک قسە بکاتەوە، وتی، "نەخێر". لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا پێیوایە پەیوەندییەکەی لەگەڵ مەسک کۆتاییهاتووە، ترەمپ وتی، ''وای دەبینم، بەڵێ''. رەمپ و  مەسک هەفتەی ڕابردوو، لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی ئێکس و ترووس سۆشیال، هێرشیان کردە سەر یەکدی، نوێترین قسەی ترەمپیش بۆ هاوڕێ کۆنەکەی ئەوەیە کە، ئەگەر  لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا مەسک دژ بە کۆمارییەکان بێت و پشتیووانی لە دیموکراتەکان بکات، باجێکی قورس دەدات. ترەمپ رۆژی هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ ترووس لەبارەی ئەو پێشنیازەوە نووسی، "ئاسانترین رێگە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە بودجەکەماندا هەڵوەشاندنەوەی یارمەتییە داراییەکان و گرێبەستەکانی حکومەتە لەگەڵ ئیلۆن."   ترەمپ دەڵێت، "زۆر سەرم سوڕماوە کە بایدن چۆن بیری لەو کارە نەدەکردەوە!"   هەڕەشەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە مەسک، سەرۆکی ئەمریکای بە "سپڵە" ناوبرد و رایگەیاند، بێ ئەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەدەبردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو سەرمایەدارە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری بەخشییە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ.   هەروەها شەوی هەینی ترەمپ جارێکی دیکە بە نەرێنی قسەی لەبارەی مەسک کرد و گوتی، "عەقڵی لەدەستداوە."   مەسکیش بێ بەڵگە ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ئابڕووچوونی سێکسی لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر سەرمایەدار ئەمریکی جێفری ئێپستین تێوەگلاوە کە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ بوو.   مەسک بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتیش بوو کە ئامانج لەو فەرمانگەیە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بوو لەگەڵ بچووککردنەوەی قەبارەی دامودەگاکانی حکومەت.   سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و مەسک بۆ هەفتەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی پرۆژە یاسایی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکای ناردە کۆنگرێس و ئیلۆن مەسک دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆژە یاسایی دەربڕی و بە "کارەسات" ناوی برد.

  ئەو راپۆرتەی بوەهۆی بڕینی موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم خۆی واژۆی کردوە و بەغدادیش داوای داهاتی سێ ساڵی فرۆشی نەوت دەکات. سەرکردەیەکی باڵای عێراق کە ناوى ئاشکرا نەکردوە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای راپۆرتێک موچەی فەرمانبەرانی راگرتوە، کە واژۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کاتێک ناوەڕاستی ساڵی رابردو گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبو، لیژنەیەکی باڵا لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە هەولێر سەرقاڵی وردبینی لە لیست و ناو و زانیاری کەسی فەرمانبەران و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بون، دواتر راپۆرتێکی هاوبەش لەنێوان هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادەکرا و واژۆی ئەندامانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانیشی لەسەرە، بەپشت بەستن بەو راپۆرتە ناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگیراوە. رۆژی چوارشەممەی رابردو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو راپۆرتەی بردوەتە ناو کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆک بون لەسەر ئەوەی گرفتەکان لە بنچینەوە چارەسەربکرێن و تا ئەو کاتەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگیرێت. لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، سەرچاوەکە وتی: حکومەتی هەرێم بە وردی داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد کردوە، بەجۆرێک تەنها لەساڵی 2023ـدا داهاتی نەوتی لە فرۆشی نەوت کە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بوە و واژۆی لەسەر ئەو راستی و دروست ئەو داتایانە کردوە. باسی لەوەشکرد، عێراق هیچ لێخۆشبونێک بۆ حکومەتی هەرێم دەرناکات، داهاتی نەوتی لەو سێ ساڵەدا هەرچەند بو، لەکۆی گشتی بودجەی سێ ساڵە دەریدەکات و بەوشێوەیەش رەنگە هەرێمی کوردستان قەرزار بێت. سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە سەرچاوەکە دەڵێت: دەبێت حکومەتی هەرێم بچێتە ژێر باری کۆمەڵێک داواکاری بەغدادەوە یەکێک لەوانە بەزوترین کات هەناردەکردنەوەی نەوت و دەرکردنی ئەو پارەیە لە بودجە کە لە داهاتی نەوت دەستیکەوتوە، چونکە ئێستاشی لەسەر بێت حکومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

  یەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستی هەولێر سزای 20 پزیشک دەدات و لیژنەیەکی چاودێریی بۆ سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی پێکدەهێنێت، لەسەر بایکۆتکردنی دەوامی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان. بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، کە ئیمزای د.دلۆڤان محەمەد فاتح بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، دوای سەردانی بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری لە دووەم رۆژی جەژن و لەسەر راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو، سزای یەک رۆژ نەهاتوو و بڕینی مووچەی بۆ 12 پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاریی و بەشی روداوەکان و چاودێریی چڕ دەرکردووە. هەمان رۆژ و بە نوسراو بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر، سزای یەک رۆژ مووچە بڕین و نەهاتنی بۆ 7 پزیشکی دیکەی نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵان لە دووەک رۆژی جەژن دەرکردووە، ئەویش بە هەمان شێوە لەسەر راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو. تەندروستی هەولێر نوسراوێکی دیکەی ئاڕاستەی نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی دەوام نەکردنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین، نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت ئاگادار دەکەنەوە کە هەر پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە کەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبووە، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەوام بکات و هەڕەشەی سزادانیان دەکات. هاوکات لەگەڵ سزادانی ئەو پزیشکانە، تەندروستی هەولێر لیژنەیەکی بەدواداچونی پێکهێناوە بۆ سەردانی ئەو فریاکەوتن و نەخۆشخانە و سەنتەرانە کە بەشێوەی 24 کاتژمێری کاردەکەن. تەندروستی هەولێر دەڵێت: لیژنەکە بۆ بەدواداچوون و لە نزيکەوە ئاگاداربوونە لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی و کێشە و گرفتەکان. سزادانی ئەو پزیشکانە دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە (7ـی حوزەیرانی 2025)، پزیشکانی نیشتەجێێ خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، رپەڕین و گەرمیان رایگەیاندراوێکیان ئاڕاستەی رای گشتی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکان و بەڕێوبەرانی سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان کرد و هۆشدارییاندا لەوەی ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم تا پزیشکانی پایە بڵند بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکییان خزمەت دەکەن و لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە. ئاماژەیان بەوەکردووە: پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لەماوەی رابردوو هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و مەدەنییان گرتەبەر  بەرامبەر ئەم دۆخە کە مەترسی دروست دەکا لەسەر سیستەمی تەندرووستی کوردستان، لەکۆتا هەڵوێست بەیاننامەیەکیان بە ناو و ئیمزای 1600 پزیشک لەسەرتاسەری کوردستان لە گردبوونەوەیەک پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرد. نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە لەوەی؛ وەزارەتی تەندروستی نەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵکو بەبێ حسابکردن بۆ رای ئێمەی پزیشک، تاک لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچار دەکات دەوامی سێ خولی پزیشکی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە وکورتخایەن و درێژخایەنەکان و ئەو لۆدە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان. لە بەیاننامەکەدا رایاگەیاندووە: رۆژی شەممەوە 7ـی حوزەیرانی 2025 کاتژمێر 8ـی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەمو بەشەکانیانەوە رادەگەیەنین تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان.