لە کاردانەوەی داخستنی حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی ترەمپ 26 ملیار دۆلار بودجەی چەند ویلایەتێکی دیموکراتنشین رادەگرێت. بۆ بەرپەرچدانەوەی داخستنی حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی ترەمپ دەستی بە سزادانی ئەو ویلایەتانە کردووە کە زۆرینەی دیموکراتن و کۆشکی سپی پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکانی لەو ویلایەتانە راگرتووە. رۆژی چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەم، دوای ئەوەی دیموکرات و کۆمارییەکان لە کۆنگرێس نەیانتوانی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و درێژکردنەوەی ماوەی خەرجییەکانی حکومەت رێکبکەون، حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا داخرا، کە بە "شەتداون" ناسراوە. کۆمارییەکان کە زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان لە دەستدایە، نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنن. ئەمە پێنجەمین جارە لە ساڵی 1981ەوە روودەدات و بووەتە هۆی راگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکییە حکومییەکان. لە کاردانەوەیەکدا، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕی 26 ملیار دۆلار بودجەی تایبەت بە چەندین ویلایەتی ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکانی راگرت. ئەم بڕیارانە بریتی بوون لە بلۆککردنی 18 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی گواستنەوە لە نیویۆرک، کە زێدی ژمارەیەکی زۆری کۆنگرێسمانە دیموکراتەکانە، هەروەها راگرتنی 8 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە 16 ویلایەتی دیکە، لەوانە کالیفۆرنیا و ئیلینۆی. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئەگەر پرۆسەی شەتداون بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، کۆشکی سپی دەست بە دەرکردنی فەرمانبەرانی فیدراڵی دەکات. ڤانس ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەوانەیە تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان دووربخرێنەوە. ئەمەش جیاوازە لە شەتداونەکانی پێشوو کە تێیدا فەرمانبەران تەنها مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدەدرا. بڕیارەکانی کۆشکی سپی رەخنەی توندی دیموکراتەکانی لێکەوتەوە. حەکیم جێفریس، رێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، رایگەیاند کە بلۆککردنی بودجەی پڕۆژەکانی نیویۆرک دەبێتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس. هەروەها، چەک شومەر، سیناتۆری دیموکرات، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوڵاتیانی ئاسایی ئەمریکا دەکاتە ئامانج و وتی "بەکارهێنانی هاوڵاتیانی ئەمریکی وەک یاری شەترەنج هەڕەشەیە لە وڵات". ناکۆکی سەرەکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پرسی خەرجییەکان و بیمەی تەندروستییە. کۆمارییەکان دەیانەوێت خەرجییەکان کەمبکەنەوە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان داوای پاراستنی بیمەی تەندروستی دەکەن بۆ ملیۆنان ئەمریکی و رەخنە لە سیاسەتەکانی کەمکردنەوەی تێچووی ئیدارەی ترەمپ دەگرن. داخستنی حکومەت بووەتە هۆی ئەوەی فەرمان بە نزیکەی 750 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی بکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە، لە کاتێکدا کارمەندە گرنگەکان وەک هێزە سەربازییەکان و پاسەوانی سنوور بەبێ مووچە لە کارەکانیان بەردەوامن. شیکەرەوە ئابوورییەکان پێشبینی دەکەن کە هەر هەفتەیەک لە شەتداون دەتوانێت زیانێکی بەرچاو بە ئابووری ئەمریکا بگەیەنێت و رێژەی گەشەی ئابووری کەمبکاتەوە. لە ساڵی 1980ەوە، حکومەتی ئەمریکا 15 جار داخراوە، بەڵام زۆربەیان بۆ ماوەیەکی کورت بوون. لە سەردەمی سەرۆکایەتی رۆناڵد رەیگاندا هەشت جار حکومەت داخرا. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی خودی ترەمپدا، سێ جار شەتداون روویدا، کە یەکێکیان بە درێژترین شەتداون لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت و بۆ ماوەی 35 رۆژ بەردەوام بوو.

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری تووند دەداتە ئیسرائیل و جەخت لەوە دەکاتەوە هەر "هەڵەیەکی نوێ یان دەستدرێژییەکی ئەگەری" لەلایەن "دوژمنەوە" بە وەڵامێکی "بەهێزتر، وردتر و کوشندەتر" وەڵام دەدرێتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی سوپای پاسداران "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاست 2، هەژموونی وەهمی قەوارەی زایۆنیستی تێکشکاند"، (کە وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی چەندین سەرکردەی مقاوەمەو پاسداران ئەنجامدرا). سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بەبۆنەی یادی "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاست 2"ـەوە، ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکی ڕاگەیێنراوەکەدا هۆشدارییەکی تووندی دایە ئیسرائیل. - سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی ئیسرائیل و لایەنگرانی دەکات، بەتایبەتی ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت: "هەر هەڵەیەکی نوێ یان دەستدرێژییەکی ئەگەری لە کەمپی دوژمنەوە بە وەڵامێکی قورستر، وردتر و کوشندەتر لە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانە وەڵام دەدرێتەوە؛ وەڵامێک کە قەوارەی زایۆنیستی نزیکتر دەکاتەوە لە جەهەننەمە بەڵێندراوەکەی." - سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەلماندی کە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دەتوانن هەموو سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل تێبپەڕێنن و بە وردی ئامانجەکانیان بپێکن. باکگراوند: لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران 181 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی پێگەکانی ئیسرائیل کرد، بەلایەنی کەمەوە بە دوو شەپۆل، کە گەورەترین ھێرش بوو لە ماوەی ململانێی بەردەوامی ئێران و ئیسرائیلدا. کۆد ناوی ھێرشە مووشەکییەکان بە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاست 2 ناسێنرا لەلایەن ئێرانەوە. ئەوە دووەم ھێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل دوای هێرشەکانی مانگی نیسانی 2024.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، داوای پاراستنی پاكێتی هەڵبژاردنەکان و بەكارنەهێنانی سەر سامانی گشتی دەكات. شەوى ڕابردوو  بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستپێکرد. مالیکی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە،  ئەمەش رۆژێکی گەورەیە لە پێشبڕکێی کارکردن و کێبڕکێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین کاندیدەکان، وەک وەفایەک بۆ ئەو کەسانەی لە پێناوی ئەزمونێکی سیاسی و دیموکراسیدا قوربانییان دا. داواشی لە تەواوی لیست و کاندیدەکان كرد کێبڕکی ئەرێنی بكەن، دوور لە خستنى يەكترو دڕاندنی پۆستەرەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پابەندبون بە پەیڕەوی برایەتی نیشتمانی و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. جەختیشكرد لە پێویستی پاراستنی پاكێتی هەڵبژاردنەکان و خراپ بەکارنەهێنانی سامان و تواناكانی دەوڵەت. داواشی لە هاوڵاتیان كرد وەك ئەرك بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، هەڵوێستی توندیشيان هەبێت هەبێت بەرامبەر هەر هەوڵێكی كڕینی ئیرادەیان. بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 7900 کاندید ناوی خۆیان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن تۆمارکردووە.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایانکرد، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەم کەشتییەک کە بڕی 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتبوو، بەندەری جەیهانی بەجێهێشت.   ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی  راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەمین کەشتیی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرا و بەندەری جەیهانی بەجێهێشت."   وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "کەشتییەکە بڕی 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو."   وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو نەوتەی لەڕێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت، رۆژانە لە کۆگەکانی بەندەری جەیهان کۆدەکرێتەوە و قۆناخ بە قۆناخ هەناردە دەکرێت."   رۆژی 25ی ئەم مانگە، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند.   بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.  دوای ئەوەى لە کۆتایی ئادارى 2023 راگیرابوو.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا جەختى کردەوە هاوسەنگی جیهانی بەبێ ڕوسیا دروست نابێت و ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو وڵاتە لەم چەند ساڵەی دواییدا شکستیان هێناوە. پوتین لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە یانەی گفتوگۆی ڤاڵدای لە سۆچی، ڕایگەیاند کە ڕووسیا بە شێوەیەکی دانەبڕاو تێکەڵ بە کۆمەڵێک پرۆسەی ئابووری و کولتووری و لۆجستیکی جیهانییە و ناتوانرێت بە ئارەزووی گەلانی ڕۆژئاوا لێیان دوور بخرێتەوە. هاوکات هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "بەهێزو توند"ی بۆ هەر هەڕەشەیەک لە دژی ڕوسیا کرد و ئاماژەی بە "ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی لەسەر بەرژەوەندییەکان" کرد و دووپاتی کردەوە کە نەیارانی وڵاتەکەی "هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سزاکانەوە ملکەچ بکەن". لە وتارەکەیدا ئەمڕۆ یدا، پوتین تەحەدای ڕۆژئاوای کرد و وتی، ئەگەر هەر کەسێک دەیەوێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕکابەری ڕووسیا بکات، با هەوڵ بدات، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری سەربازیکردنی ئەوروپا دەکەین، ئەمەش بابەتی ئاسایشی ئێمەیە. زیاتر گوتی، هەموو دەسەڵاتێک سنووری خۆی هەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتان دەبینین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکان، نەیارەکانمان هەموو هەوڵێکیان کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سزاکانەوە ملکەچمان بکەن، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ دیکتەکردنی ئەوەی پێویستە وڵاتانی دیکە چی بکەن، شکستی هێنابوو. مۆسکۆ هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بگەڕێنێتەوە، پوتین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وڵاتانە ناکۆکییەکی زۆریان هەیە و بۆچوونەکانیان جیاوازە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام دۆخێکی لەو شێوەیە بۆ زلهێزەکان ئاساییە.  گوتیشی: "ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا زۆر ڕاستەوخۆ لەبارەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، هەندێکجار زۆر ڕاستەوخۆ، بەڵام لانیکەم دووڕوو نین، ڕووسیا مافی خۆیەتی پێداگری لەسەر بەرژەوەندییەکانی بکات، لەنێویاندا پەیوەندیی تەواو لەگەڵ ئەمەریکا هەیە" سەبارەت بە پلانەکەى ترەمپ بۆ غەززە ئەو وتى: ئێمە لە نزیکەوە سەیری دەستپێشخەرییەکانی ترەمپ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. من باوەڕم وایە ئەمە ڕووناکی کۆتایی تونێلەکەیە.

ئەمڕۆ مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە مووچەی مانگی تەمموزیان وەرگرت، بەڵام مامۆستایانى گرێبەست کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەسە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەگوێرەی بە زانیارییەکان لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچە ئەوانیش دابەشدەکرێت. دوێنێ لە رێگەی بانکەکان و ئەمڕۆش لە رێگەی فەرمانگەکانی حکومەتەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز کرا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت". عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانى گریبەست راگەیاند:" وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندون لەگەڵ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە مووچەیان پێنادرێت، هۆکارەکەشیان بۆ نەبوونی پارەی نەختینە (کاش) گەڕاندووەتەوە.   بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پەروەردە و خانەنشینانی مەدەنی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینی پێشمەرگە، دەستەی دەستپاکیی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ دابەشدەکرێت.   بۆ مانگی تەممووز، 500 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن.    بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو گرێبەستەکان و ئەوانەی لە دوای 01ـی تەمموزی 2024 دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن.   مامۆستایانی گرێبەست لە پەوەردە و خوێندنی باڵا، مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 21 ملیار دینارە. ئەمڕۆ 2ـی تشرینی یەکەم، مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، کە ژمارەیان زیاتر لە 111 هەزار مامۆستایە، مووچەی مانگی تەمموزیان وەرگرت، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە مووچەیان پێنەدرا.

ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات ئێران چوار مەرج وەک بنەمایەک بۆ دانوستانە ئەتۆمییە نوێیەکان قبوڵ بکات، تاوەکوو لە ئەگەری پێکدادانی سەربازی دووربکەوێتەوە.  ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو مەرجانەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئێرانی داناوە بریتین لە، "دانوستانی ڕاستەوخۆ، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و ڕاگرتنی تەمویلی پارە بۆ لایەنگرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست." بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم مەرجانە کە لە گرینگترین بەربەستەکانی خولەکانی پێشوودا بوون، پێدەچێت تاران ڕەتی بکاتەوە." ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ئیدارەی ئەمەریکا پێی وایە کاتی زیادکردنی فشارەکان هاتووە، هەروەها سزاکان دەرفەت دەخوڵقێنن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی." نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا بووەتە هۆی سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئێران و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ئابووری وڵاتەکە. وەلی ناسر، مامۆستای توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، "نەگەڕانەوە بۆ دانوستانەکان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات." هەروەها بەرپرسێکی ئەورووپی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان باشترین بژاردە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە چارەسەری سەربازیی نییە بۆ پرسی چەکی ئەتۆمی.

دوای ئەوەی پنتاگۆن بڕیاری کەمکردنەوەی سەربازەکانی دا لە عێراق، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوەتەوە،  هێزەکانی ئەمریکا بلۆکی چیمەنتۆ و کەرەستەی هەڵکەندنیان  گواستوەتەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە باکوری حەسەکە، گواستنەوەکەش  لە ڕێگەی دەروازەی سنوری ئەلوەلیدوە بوە کە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ پێنچشەممە، روانگەی سوری ئاشکرای کردوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە حەسەکە، لە هەوڵی بەهێزکردنی بنکەکانیایەتی و ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی سنوری هێزەکانیان لە ناوچەکەدا ئەمە یەکەم کاروانی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی نییە بۆ ئەو بنکەیە،  ڕۆژی 29ی ئەیلولیش، 25 بارهەڵگری تری سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتنە بنکەی قەسرەک لە حەسەکە، کە بە هەمانشێوەی لە ڕێگەی  هەرێمی کوردستانەوە پێداویستیەکانیان گواستبوەوە. بەپێی زانیارییەکان، بارهەڵگرەکان کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان تێدابوە، مەبەست لێی بەهێزکردنی بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمە لە کاتێكدایە، دوێنێ پنتاگۆن رایگەیاند؛ هیزەکلانیان لە عێراق کەمدەکەنەوە و لە پێنج هەزار سەربازەوە بۆ دوو هەزار سەرباز.

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، دوو دەروازەی نوێی سنووری لەگەڵ هەریەک لە ئێران و شانشینی عەرەبی سعوودیە دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەنگاوە پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئابووری دەڕەخسێنێت. عەلائەدین قەیسی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی دەستەکە لە کۆبوونەوەی دواییدا ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کردووە و دەنگی لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی دەروازەی عوێقلە لەگەڵ سعوودیە و دەروازەی جەلات لەگەڵ ئێران داوە". ئاماژەی بەوەدا "ئەم هەنگاوە پێگەی بازرگانی و هەرێمیی عێراق بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوکاری ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەڕەخسێنێت." لە عێراق و هەرێمی کوردستان 18 دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە 14 ـیان دەکەونە پارێزگاکانی عێراق و چواریشیان دەکەونە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە جیا لە چەندین دەروازەی دیکەی نیمچە فەرمی. عەلی سەعدوون لامی، پەرلەمانتاری پارێزگای میسان، لەبارەی گرنگی کردنەوەی دەروازەی جەلات لە پارێزگاکە لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، "ئەم دەروازەیە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە، چونکە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە و دەکەوێتە قەزای عەلی غەربی لە باکووری پارێزگای میسان. هاوکات کردنەوەی دەروازەکە گۆڕانکارییەکی گرنگی ئابووری بۆ پارێزگای میسان دەبێت، بەهۆی نزیکی شوێنەکەی لە شاری ئیلامی ئێران، ئەمەش گواستنەوەی گەشتیاران و جووڵەی کاڵا ئاسانتر دەکات.

 بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک و دامەزراوەکانی گازی عێراق بە فەرمی گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای BP بەریتانی کاراکرد. حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتى عێراق، پابەندبوونی وەزارەتەکەی دووپاتکردەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غاز لە کەرکوک بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی پێویستی سووتەمەنی. ئەو وتانەى حەیان عەبدولغەنی لەمیانەى لە واژۆکردنی گرێبەستی نەوتیدا هات لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى نەوت کە دەست سبەى کەوتووە. وەزیری نەوت وتی "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک، کە یەکێکە لەو گرێبەستە ئومێدبەخشانەی ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک (ئاڤانا، جەمبور، بای حەسەن، خەباز) جگە لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای غازی باکوور بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا".  ئاماژەی بەوەشدا جێگیرکردنى رێژەی بەرهەمهێنانی سەرەتایی بە ٣٢٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێکی گرێبەستەکەیە، پرۆسەکانى پەرەپێدانیش لە ئێستاوە دەستیپێکردووە. لاى خۆیەوە، زەید یاسری بەڕێوەبەری بی پی لە عێراق رایگەیاند کاراکردنی گرێبەستەکە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی باکور و غازی باکور بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک.  هاوکات عامر خەلیل بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور جەختیکردەوە، کاراکردنی گرێبەستەکە بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیاکە سودێکی بەرچاوی بۆ پارێزگاکە دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد عەبدولمەجید بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای غازى باکوور رایگەیاند، دوای نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی غاز زیاد دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، جگە لە دابینکردنی غاز بۆ پیشەسازییە ناوخۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا. لە مانگی ئاداری ڕابردوودا عێراق گرێبەستێکی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بی پی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک. ئەگەر گرێبەستى فرۆشتنى کۆمپانیاکە سەربگرێت، نازانرێت چارەنووسی گرێبەستەکەى کەرکوک چی دەبێت، یان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای شێڵ. قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە بۆ بەرهەمهێنانی بڕی سێ ملیار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی بابە گوڕگوڕ و هاڤانە، بای حەسەن، جەمبور و خەباز کە لە ئێستادا سەرجەمیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن. بەپێی خەمڵاندنەکان لە داهاتوودا رەنگە هەر بەپێی گرێبەستەکە بەرهەمی کۆمپانیا بەریتانییەکە بگەیەنرێتە 20 ملیار بەرمیل نەوت. 

حکومەتی هەرێم بۆ ناردنى مووچەی مانگی هەشت نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات، هاوکات لیستى موچەى مانگى نۆشى ڕادەستى بەغدا کردووەو چاوەڕوانى وەڵامى وەزارەتى دارایی عێراقە.  سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، هەرێم بۆ مووچەی مانگی هەشت رۆژی یەکشەممە نوسراوێک ئاڕاستەی بەغدا دەکات. لە نوسراوەکەدا بڕی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات کە بڕەکەی 281 ملیار دینارە و لەگەڵ چەند وردەکارییەکی دیکەی پەیوەست بە دەست کەوتنی ئەو پارە. بەوتەى سەرچاوەکە خاڵێکی دیکەی نوسراوەکە داواکردنی بودجەی تەشغیلییە لە بەغدا و روونکردنەوە لەسەر پارەی پێویست بۆ ناوخۆی هەرێم. دوێنێ چوارشەممە 1-10-2025 راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا".                                   لەو بارەیەوە بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان وتى: "ناوی 894 خانەنشینی لەدایکبووی ساڵی 1965 بۆ لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول زیادکراوە و کۆی گشتیی مووچەکانیان دەگاتە 3 ملیار و 949 ملیۆن و 173 هەزار دینار".   ئەو بەرپرسەی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان گوتی: "25ـی ئەیلوول کارەکانی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول تەواوبوون و بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نێردرا".   لەلایەکى دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و رێكکەوتنێکی هاوبەش لەبارەیەوە بکرێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو حکومەت پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و دەڵێت، بە تێکڕايی رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.

ئەمشەو کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین کۆتایی دێت. بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 53 هەزار قوتابی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و وادەکەشی درێژناکرێتەوە.   30ـی ئەیلوولی 2025، دوایین وادەی زانکۆلاین بوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، ماوەی زانکۆلاین 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە.   رۆژی پێنجشەممە، 1-10-2025، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  راگەیاند، "دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ کاتی زانکۆلاین درێژکرایەوە، کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو دوایین وادەی پڕکردنەوەی زانکۆلاینە".   بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە قوتابییان دەکات، پەلە بکەن و ئەمڕۆ فۆرمی زانکۆلاین پڕ بکەنەوە، "چونکە وادەکەی درێژناکرێتەوە".   ئەم ساڵ زیاتر لە 57 هەزار قوتابی قۆناخی ئامادەییان تەواو کرد. د. خەتاب ئەحمەد گوتی، "تاوەکو ئێستا 53 هەزار و 250 قوتابی قوتابی ناویان تۆمارکردووە".   بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابیی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون، لەوانە 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.   23ـی ئەیلوول زانکۆلاین کاراکرا. ئەم ساڵ دەرچووان دەتوانن لە 680 بەشی 16 زانکۆدا بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران) داواکاری پێشکێش بکەن.

ميدياكانى توركيا بڵاویانکردەوە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە ژمارەیەک کەشتى بەرەو فەلەستین ڕۆشتون، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هێرشیانکراوەتەسەرو  تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس کە ٣٠ کەسیان تورکن لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کراون. بەگوێرەی هەواڵەکان کەشتیی میکینۆ گەمارۆی ئیسرائیلی شکاندووە و چووەتە ناو ئاوە خاکییەکانی غەززەوە، یەکێک لەوکەسانەى لەسەر کەشتیەکەیە بەسی ئێن ئێن تورک ڕایگەیاندوە، دەتوانین بە جیهان ڕابگەیەنین کە گەمارۆکە شکێنراوە. سەیف ئەبوکەشێک، وتەبێژی فلۆتیلا گڵۆباڵ سومود فلۆتیلا، لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، ئەم لیستەی چالاکوانانی ئەو کەشتیانەی کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر، بڵاوکردەوە: "30 ئیسپانی، 22 ئیتاڵی، 30 تورک، 12 مالیزی، 11 تونس، 11 بەڕازیلی، 10 فەرەنسی، 9 ئێرلەندی، 8 جەزائیری، 7 ئەمریکی، 7 ئەڵمانی، 6، بەریتانی". 4 نەرویجی، 4 سویدی، 3 نیوزلەندی، 3 مەغریبی، 3 ئوردنی، 3 پۆڵەندی، 3 پورتوگالی، 3 مەکسیکی، 2 کوەیتی، 2 کۆڵۆمبی، 2 ئەرجەنتینی، 2 سویسری، 1 چیک، 1 مۆریتانی، 1 نەمسایی، 1 بولگاری، 1 ئوسترالی، 1 سربی، 1 بەلجیکی، 1 بەحرەینی، 1 دانیمارکی، 1 هۆڵەندی، 1 فینلەندی، 1 ئەفریقای باشوور و 1 سلۆڤاکی”. یەکێک لە بەشداربووانی ناوکەشتى فلۆتیلاکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتییە سەرەکییەکانی فلۆتیلا و چالاکوانانی سەر کەشتییەکان دەستبەسەر کراون. ئەو ڕایگەیاندووە کە نۆ لەو چالاکوانانەی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون تورکن، وتی "ئەوان شلەیەک بەسەر هەموو بەلەمەکاندا دەڕێژن، یەک بە یەک. ئێمە پێمان وایە ئەوە کیمیاییە، چونکە کەمێک کەفی سپی دەبێت".  ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، ئەو کەشتیانەی ئیسرائیل هێرشی نەکردووەتە سەریان بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن بەرەو غەززە و دەڵێت "ئێمە بە هێواشی دەڕۆین. بۆ 57 میل دابەزیوین. ئەمە نزیکترین کەشتییە کە تا ئێستا بەلەمەکە هاتبێت".گورپنار داوای کردەوەی کرد و وتی، "هیچ کەسێک کە عەقڵێکی ساغ و ویژدانی هەبێت، نابێت چیتر باوەڕ بە درۆکانی ئیسرائیل بکات". وەزارەتی دەرەوەى تورکیا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کەشتى فلۆتیلای گڵۆباڵ سومود کە بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵکی غەززە دەستی پێکردبوو، کردەوەیەکی تیرۆریستییە کە قورسترین پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت و ژیانی خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەوەش دەلێت: ئەم هێرشە کە خەڵکی مەدەنی کردە ئامانج کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە دەکەن بەبێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببەن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو سیاسەتە فاشیستی و میلیتاریستیانەی کە لەلایەن حکومەتی جینۆساید ناتانیاهۆوە جێبەجێکراون، کە غەززەی بە برسێتی مەحکوم کردووە، تەنها لە فەڵەستینییەکان سنووردار نییە بەڵکو هەموو ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە لە دژی ئەو ستەمانەی ئیسرائیل سەپاندووە تێکۆشان دەکەن.هیوادارین ئەم هێرشە زیان بە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە نەگەیەنێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەی بنکەیەکی بەهێزی جەماوەری هەیە و دەتوانێت زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بۆیەش دوای هەڵبژاردن هەوڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەدات تا درێژە بە پڕۆژە بەردەوامەکانی حکومەتەکەی بدات. محەممەد شیاع سوودانی لەڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداریی لە کارەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی تایبەت بە عێراق کرد کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتیی بەناوبانگی بەریتانی "چاتام هاوس"ـەوە ڕێکخرابوو و ئاماژەی بەوەكرد، حکومەتەکەی لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی چەندین دەستکەوتی خزمەتگوزاریی لەسەرجەم بوارەکاندا هەبێت و بەهۆیەوە متمانەی شەقامی بە پرۆسەی سیاسیی، حکومەت و دامەزراوەکانی گەڕاندووەتەوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوپەیمانێتییەکەی؛ هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بنکەیەکی جەماوەری فراوانی هەیە و بەهۆی بوونی ڕوانگەیەکی ڕوونیش بۆ درێژەدان بە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان، وایکردووە دەرفەتی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوو هەبێت، دوای هەڵبژاردنیش "هەوڵ دەدەم من حکومەتی داهاتوو پێکبهێنم تا بتوانین درێژە بە پڕۆژەکان بدەین کە خەڵک لەسەرجەم بوارەکاندا هەستیان پێکردووە". ڕۆژی هەینی، 2025-10-03 بە بەشداریی حەوت هەزار و 768 کاندید لە چوارچێوەی 145 هاوپەیمانی، حیزب و لیستی تاکە کەسی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، هەرچەندە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی لە شەقامی شیعییدا چاوی لە بەدەستهێنانی زۆرترین کورسییە تا دووبارە ببێتەوە سەرۆکی حکومەت، بەڵام ئەزموونی هەڵبژاردنی لە عێراق سەلماندوویەتی مەرج نییە ئەوەی زۆرترین دەنگ و کورسی هەبێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵکو هاوپەیمانییەکانی دوای هەڵبژاردن و کۆدەنگی ناو ماڵی شیعە زیاتر ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە.

شاندێکی فەرمی وەزارەتی بەرگری سووریا بە سەرۆکایەتی عەلی نەعسان، سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، گەیشتنە مۆسکۆ و لەلایەن یونس بیک یڤکورۆڤ، جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا پێشوازییان لێکرا. لەوبارەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاریی سەربازیی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتە. ئەم سەردانە لەچوارچێوەی داڕشتنەوەی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆیە، دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییەوڵاتەکە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەروەها مۆسکۆ و حکوومەتی نوێی سووریا هاوڕان لەسەر داڕشتنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان، کە بوونی ڕووسیا لە بنکە سەربازییەکانی سووریا و ڕۆڵی بەردەوامی لە هاوکێشەی ئاسایشی ناوچەکەدا لەبەرچاو بگیرێت. چاودێران دەڵێن: ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاریی بەرگریی و گرنگیدان بە دووبارە داڕشتنەوەی پلانی دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا. لە کۆتایی مانگی تەممووزی ڕابردوودا، شاندێکی باڵای سووریا بەسەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سووریا چوونە ڕووسیا و زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی ڕووسیا کرد.