وەزارەتی دارایی کوردستان، "میزان موراجەعە - تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشتی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد. وەک پابەندبوونێکی مانگانە لە بەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە مووچەدا. هاوکات لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ دابینکردنی 120ملیار داهاتی نانەوتی وەک مەرجی سەرەکی خەرجکردنی مووچە. دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی مووچە، حکومەتی کوردستان وەک پابەندییەک دەبێت مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا بکات، بۆ مووچەی مانگی هەشت هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە بەردەوامن. بەپێی زانیارییەکان، میزان موراجەعەی ئەمجارە بە شێوازێکی جیاواز لە جاران ئامادەکراوە و هەندێک گۆڕانکاری لە بڕی خەرجی و داهاتەکاندا کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێکە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و ناردنی 120 ملیار دیناری مانگی ئاب دەستیپێکردووە. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق ڕاگەیاند، بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، تەنیا ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی کوردستان ماوە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە بە ناردنی ئەم بڕە پارەیە، هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە نامێنێت، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، هیچ کێشەیەک نەماوە.

بەرپرسێکی دیاری کورد لە "ئیدارەی خۆسەر" لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەی لە سوریا ڕەتکردەوە و وتی "ئەو ئەندامانەی لەم هەڵبژاردنانەدا هەڵبژێردراون نوێنەرایەتی ئیرادەی سیاسی هەمەچەشنی کۆمەڵگەی سوریا ناکەن". ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 لە چەند ناوچەیەکی سووریا هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) بەڕێوەچوو، 1578 بەربژێر کە 14%یان ژنن، کێبڕكی دەکەن. بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەر بۆ کاروباری سیاسی، بەماڵپەرى ئەلعەرەبیەى ڕاگەیاند: "ئێمە لەم پرۆسەیەدا نوێنەرایەتیمان نییە، هەربۆیە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە پابەندکەر نین بۆ ئێمە، بەتایبەت کە ئێمە خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیین کە لە پێکهاتەکانی هەرێمەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادەوە نوێنەرەکانیان هەڵبژاردووە. دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت". ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان کە بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەڕێوەدەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، یاسایەکی هەڵبژاردنی دیموکراسی تێدا نییە کە گەرەنتی بەشداریکردنی هەموو سورییەکان بکات بەبێ جیاوازی. هەروەها لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی ڕاستەقینە نەبووە لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەمەش وایکردووە بۆ... وەدەرنانی بەشە گەورەکانی کۆمەڵگا و ناوچەکان." هەروەها پێیوابوو "ئەو میکانیزمانەی لەم پرۆسەیەدا بەکارهێنراون لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە ناگونجێت، بەو پێیەی دیموکراسی و شەفافیەتیان نییە، هەروەها لە ڕۆحی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان لادەدەن، کە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا پێکدەهێنێت". پشکی پارێزگارەکان لە کورسییەکانی ئەنجوومەنی گەل بەم شێوەیە بووە؛ حەلەب 32 کورسی: جەبەل سیمۆن (14) کورسی، عەزاز (3) کورسی، ئەلباب (3) کورسی، ئەلسەفیرە و دێر حەفەر (2)، ئەلعەتاریب (1) کورسی، جەرابلوس (1)، عەفرین (3)، عەین ئەلعەرەب (2)، منبج (3) کورسی. لادێی دیمەشق : ١٢ کورسی: لادێی دیمەشق و یەبرود (٣)، زبادانی (١)، تەل (١)، قەتەنە (١)، ئەلنەبک (١)، دوما (٣)، قەتەنە (١). دیمەشق 10 کورسی هەیە. حومس 12 کورسی: حومس (8)، ڕاستان (1)، ئەلموخەرم و ئەلقسەیر (1)، پاڵمیرا (1)، تەلکاڵاخ (1). حەمە ١٢ کورسی: حەمە (٥)، السوقەیلەبییە (٢)، السلامیە (٢)، محردا (١)، مەسیەف (٢) کورسی. ئەلحەسەکە ١٠ کورسی: حەسەکە ٣ کورسی، قامیشلی ٤ کورسی، مالیکیە ٢ کورسی، ڕاس ئەلعەین ١ کورسی. لەتزقیە ٧ کورسی: لەتزقیە (٣)، ئەلحەفە (١)، قەردەحە (١)، جەبلە (٢). تارتوس ٥ کورسی: تارتووس (٢)، دریکیش و شێخ بەدر (١)، سەفیتە (١)، بانیاس (١). دێرەزۆر ١٠ کورسی: دێرەزۆر (٥)، ئەلبوکامال (٣)، ئەلمەیادین (٢). ڕەقە ٦ کورسی: ڕەققە (٣)، ئەلثورا (١)، تەل ئەبیاد (٢) کورسی. دارا ٦ کورسی: دارا (٣)، السنەمەین (١)، ئیزرا (٢) کورسی. ئیدلب 12 کورسی: ئیدلب (3) کورسی، مەعرەت النومان (2) کورسی، خان شەیخون (1) کورسی، جسر ئەلشوغور (2) کورسی، حەرێم (2) کورسی، ئاریحە (2) کورسی. ئەس-سوەیدە ٣ کورسی: ئەس-سوەیدە (١)، شەهبا (١)، سەلخاد (١). قونەیترە ٣ کورسی: قونەیترە (٢)، فیق (١).  

هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی ٧١ چەکدارى داعش و ئەندامانی گروپە تاوانکارییەکانی ڕاگەیاند و دەڵێت: "هێزەکانی "کۆماندۆ"ـی سەر بە هێزەکانمان، بە بەشداریی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن و هێزەکانی دژەتیرۆر (HAT) لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەین عیسا دەستگیریانکردوون. هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕاشیگەیاندووە: "ئەو ٧١ کەسە پێکدێن لە ئەندامانی سەر بە ڕێکخراوی "داعش" و ئەندامانی تێوەگلاو لە تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو کە کاری تاڵانکردن و دزیکردن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، و کەسانێک کە بەشداربوون لە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و هەڕەشەکردن لە سەلامەتیی هاوڵاتیانی مەدەنی". جگە لە دەستگیرکراوان قەسەدە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی گیراوە و دەڵێت: "دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و ئەو کەرەستانەدا گیرا کە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی و تیرۆر بەکاردەهێنران، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە لاوازکردنی توانای ئەم شانانە بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی". لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: هێزەکانمان جەخت لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەنەوە بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕێکخراوی "داعش" و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری.

وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان  ڕاگەیاند: وردبینی بۆ ناوی خوازیارانی حەجی ساڵی 2026 دەستی پێکردووە، لە کۆی 59 هەزار و 389 خوازیار، وردبینی تەواو بۆ ناوی 46 هەزار و 507 ناو کراوە، پرۆسەکەش تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاروان ستونی گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ڕاگەیاند: پاش کۆتایی هاتنی پرۆسەی ناونووسینی خوازیارانی حەج، دەستیان کردووە بە وردبینیکردن لە داواکارییەکان و تاوەکوو ئێستا  6556 کەس لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان نامەیان بۆ چووە و ئاگادار کراونەتەوە کە، پێویستە زانیارییەکانیان ڕاست بکەنەوە، بەڵام  تاوەکوو ئێستا وەکو پێویست خەڵک نامەکانیان نەکردووەتەوە و زانیارییەکانیان ڕاست نەکردووتەوە. کاروان ستونی داوای لەو کەسانەی کرد کە نامەیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی وەتسئاپ و  ڤایبەر پێگەیشتووە، بە زووترین کات زانیارییەکانیان ڕاست بکەنەوە و کەم کوڕی فۆرمەکانیان تەواو بکەن، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بمێننەوە، ئەوا مافی بەشداریکردنیان لە تیروپشکی ناوی خوازیارانی حەج نامێنێت. سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی تیروپشکی ناوی خوازیارانی حەج،  کاروان ستونی گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: ئێستا خەریکی پرۆسەی وردبینکردنی ناوی خوازیارانی حەجن و لە کۆی 59 هەزار و 389 فۆرم، 46 هەزار و 507 فۆرم وردبینی تەواویان بۆ کراوە و ئامادەن بۆ تیروپشک، گوتیشی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پرۆسەی وردبینیکردنی فۆرمەکان بە کۆتایی دێت،  دواتریش قوناغی بەراورد کاری ناوی خوازیارانی حەج دەستپێدەکات، هەر کەسێک پێشووتر وەکوو هاووڵاتی حەجی کردبێت، ئەوا مافی نابێت جارێکی دیکە حەج بکات و دەرفەتەکە بۆ هاووڵاتیانی دیکە دەبێت کە تاوەکوو ئێستا حەجیان نەکردووە، ئەمەش لەسەر بنەمای یەکسانی و پەیڕەوکردنی دادپەروەری لە نێوان هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بەبێ جیاوازی، دەڵێت:  پەنا بەخوا بە ئەگەری زۆرەوە لەم مانگەدا تیروپشکی ناوی خوازیارانی حەج ئەنجام دەدرێن. یەکەمین جارە لە کوردستان بە سیستمێکی دیجیتاڵی ناوی خوازیارانی حەج تۆمار دەکرێت، ئەمساڵ بەشێوەیەکی سەرکەوتوو پرۆسەکە کۆتایی هات، ئەم هەنگاوەش یەک لە هەنگاوەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بووە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری بۆ خوازیارانی حەج .

بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى مەداى عێراقى، لیژنەی یاسایی پەرلەمان دووپاتی کردەوەتەوە کە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان ڕێگرن لە جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە تێیدا سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەکاندا ئامادەنەبوون بە بڕینی مووچە یان دەرکردنیان لە ئەگەری تێپەڕاندنی سنووری ڕێگەپێدراو بۆ ئامادەنەبوون. محەمەد ئەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە رێککەوتنە سیاسییەکان ڕێگرن لە جێبەجێکردنی یاساکە و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن، ئەمەش بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی دیاردەی ئامادەنەبوون و ڕاگرتنی ئەو یاسایانەی کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی هاووڵاتیان هەیە. ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕینی ملیۆن و نیوێک دینار لە مووچەی هەر پەرلەمانتارێکی غیابی و بڵاوکردنەوەی ناویان بۆ ڕای گشتی و دەرکردنی ئەو پەرلەمانتارەی کە پێنج دانیشتنی یەک لە دوای یەک بەبێ بیانووی شەرعی لە کارەکەی دووردەخاتەوە، دیاریکراوە.  هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی "لایەنگری سیاسی" لەنێوان فراکسیۆنەکاندا  ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێنەکراون. محەمەد ئەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەوەشى خستەڕوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2024 میکانیزمێکی نوێی دانابوو کە بریتییە لە لێبڕینی یەک ملیۆن دینار بۆ هەر خولێکی غیابی و 500 هەزار دینار بۆ ئامادەنەبوون لەکۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. پێشتر هاوپەیمانییەکی پەرلەمانی بوونی نزیکەی 80 پەرلەمانتاری "بن دیوارو وەهم"ی لەناو پەرلەمان ئاشکراکرد، ئەوەش دووپاتی کردەوە کە لە سەرەتای خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە تا ئێستا بەتەواوی لە دانیشتنەکانی ئەنجومەن ئامادەنەبوون، بەبێ ئەوەی هیچ وێنە و ژیاننامەیەکیان لەناو پەرلەماندا هەبێت. دیاردەی دواخستنی دانیشتنەکان بەهۆی نەبوونی پەرلەمانتاران بووەتە یەکێک لە بەربەستە دیارەکانی بەردەم پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەی زۆرجار لەکاتی تاوتوێکردنی ئەو یاسایانەی کە بە "گرنگ" وەسف دەکرێن، شکست دەهێنێت لە تەواوکردنی نیسابی یاسایی خۆی. چاودێران پێیان وایە سەرقاڵی پەرلەمانتاران بە بانگەشەی هەڵبژاردن و دڵسۆزی سیاسی فرەیییان بەشداری کردووە لە لاوازکردنی ڕۆڵی یاسادانانی ئەنجومەنەکە و بووەتە هۆی کۆبوونەوەی مەلەفی یاسادانانی دواخراو.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، گەنجانی هەرێمی کوردستان "جێی ئومێدی ئێمەن." لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، دووپاتی دەکاتەوە، هاووڵاتییان دەزانن "کام لایەن دەتوانێت زیاتر خزمەتیان بکات". ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ھەشتەمین ئیڤێنتی "تیدێکس نیشتمان" لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت.  سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، گەنجانی هەرێمی کوردستان "جێی ئومێدی ئێمەن" و "هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن." سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەچوونی ئیڤێنتی "تیدێکس نیشتمان"ـی بە "کارێکی پیرۆز" ناو برد و هیوای خواست ساڵانە بەردەاوم بێت. جەختیشی کردەوە "ئێمەش وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خۆم بەتایبەت، پشتیوانییان دەبم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن لەم کارە باشانەی دەیکەن." لەبارەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو، بەڕێوەبچێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست هەموو حزبە سیاسییەکان "بە شێوەیەکی زۆر شارستانییانە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن" و دەنگدەرانیش "دەنگ بدەن بەو کەسانەی کە زیاتر ئەتوانن خزمەتی ئەم وڵاتە بکەن. خەمخۆری ئەم خەڵکەن، خەمخۆری ئاییندەیەکی گەشی ئەم وڵاتەن و گشتیی ئەم وڵاتەن." مەسرور بارزانی گوتی "وابزانم  خەڵکی ئێمە باش تێگەیشتووە کە کێ دەتوانێت زیاتر خزمەتیان بکات. هیوادارم هەموو لایەک بەشدارییەکی کارا بکەن بۆ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن."

لەگەڵ گەیشتنی بە کتێبخانەی نیشتمانی لە دیمەشق بۆ پێداچوونەوە بە دواین قۆناغەکانى پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی نوێ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا بە سەرکەوتوویی چووەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێ. وتیشى: سوریایەکانی ئەمڕۆ شانازی بە گواستنەوە لە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەوە بۆ هەڵبژاردن دەکەن". ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 لە چەند ناوچەیەکی سووریا هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) بەڕێوەچوو، 1578 بەربژێر کە 14%یان ژنن، کێبڕكی دەکەن. لەپەیامێکیدا سەبارەت بە پرۆسەکە ئەحمەد شەرع وتى:  تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا سوریا توانی بچێتە ناو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە پێیدا تێدەپەڕێت،  ئەم ساتەوەختە مێژووییە لە نێو سوورییەکان لە ئێستادا زۆر گرنگە و پێویستە هەموو سوورییەکان وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. هەروەها باسى لەوەکرد کە سوورییەکان بە درێژایی مێژوو لە دەستکەوتەکانیاندا سەرکەوتوو بوون. ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا جەختى کردەوە کە چەندین یاسای هەڵپەسێردراو هەن کە پێویستە دەنگیان لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بیناسازی و خۆشگوزەرانیدا بەرەو پێشەوە بچن. وتیشى:  سورییەکان شانازی دەکەن کە تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا لە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەوە بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی بەشدارانە گواستراونەتەوە. هەڵبژاردنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سوەیدا بەڕێوەناچن، وەکو حکومەتی سووریا دەڵێت، ئەو ناوچانە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە گونجاو نین بۆ هەڵبژاردن. محەممەد وەلی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانیش بە رووداوی گوت، کورسی ئەو ناوچانە بەپێی ئاماری ساڵی 2011 بە بەتاڵی دەمێننەوە. لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا كۆمەڵێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڵگەنامەیەكدا ڕەخنەیان لە سیستمی هەڵبژاردنی كاتیی گرت و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند، سیستمی هەڵبژاردن كێشەی بنەڕەتی تێدایە و زۆر دوورە لە لانیكەمی پرەنسیپە دیموكراسییەكان بۆ هەڵبژاردنێكی ستاندارد كە هاوڵاتیان بتوانن بەشدارییەكی راستەوخۆی سیاسی تێدا بكەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، لەلایەن فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 60 موڵکی ناو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا، بە بڕی 90 ملیار دینار فرۆشران. ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبەرواری ( ٢٠٢٥/١٠/٥ ) کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی ( کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت ) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتمان کە بڕەکەی ( ٩١،٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەد و یەک ملیار و حەوتسەد و شەست ملیۆن و شەشسەد و شەست هەزار و سێسەد و پەنجا دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن. بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتمان بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی زیادکردنەکە، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری  ٢٠٢٥/٩/٢٨  تێبینی؛ لیستی سەرجەم موڵکەکان هاوپێچە کە تیایدا بەخشتەیەک کە ناوی سەرجەم موڵکەکان و ڕوبەروو ژمارەی تۆمارەکانیان ڕوون کراوەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای چاڤی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕێکی زۆر قەرزاری حکوومەتە. ئامانج لە فرۆشتنی ئەم موڵکانە، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون و بە نزیکەی 90 ملیار دینار مەزەندە دەکران. بەشێک لەم قەرزە لە بنەڕەتدا وەک پێشینەی وەبەرهێنان لە حکوومەت وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەدانی قەرزی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو و باج، بڕەکەی زیاد بووە.

 بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین گوتی، ئەمڕۆ  دەستپێكی بانگەشە لە شاری سلێمانی و لە مەراسیمێكی شایستەدا هەڵمەتی بانگەشە بۆ بازنەی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ڕاپەڕین، بۆ پشتیوانی لیستی ٢٧٥ی پارتی بەڕێوە دەبەین كە  ئامانجمان خزمەتكردنی زیاتری  سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كوردستان بە گشتییە. عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەست بە دەستپێكی بانگەشە لە بازنەی سلێمانی دوا و گوتی، ئەمڕۆ سلێمانی بە دەنگێكی بڵند پشتیوانی لیستی ٢٧٥ی دەكات و دەستپێكی بانگەشەش لە بازنەی سلێمانی لە مەراسیمێكی شایستەدا دەبێت، بۆ پشتیوانی لیستی ٢٧٥ی پارتی و لەو هەنگاوەشدا ئامانجمان خزمەتكردنی زیاتری  سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كوردستان بە گشتییە. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین گوتیشی، "پارتی ئامانجیەتی بانگەشەیەكی هێمنانە و دوور لە تەشهیر و ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت و داوامان لە كاندیدانی خۆمان ئەوەیە كە بەشێوەیەكی دیموكراسی و هێمنانە بانگەشە بكەن و ژینگەی شار و شاروچكە و گوندەكان پاك ڕابگرن و بیپارێزن. پەیوەست بە زیاد بوونی دەنگەكانی پارتی لە بازنەی سلێمانی عەلی حوسێن گوتی، "پارتی دەنگەكانی زیاد دەكات، چونكە ئامانجمان زیاتر خزمەتكردنی ئەو دەڤەرە و هەموو كوردستانە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین هێمای بۆ ئەوەكرد، كە لە عێراق شەرەكات و هاوبەشی نەماوە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، بۆیە پارتی ئەو درووشمانەی بەرزكردۆتەوە و دەیەوێت بەهێزەوە كاری بۆ بكات، لە دوابەشی قسەكانی باسی لە وەكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و میللەتی كورد قوربانی داوە و وازی لەمافی خۆیی هێناوە.

 وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ دیفاكتۆیەك قبوڵ ناکات کە بتوانێت هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات یان ببێتە هۆی دابەشبوونی سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ناوخۆی سوریادا ڕوودەدات ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە.  لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " TRT News" هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا،  وتى:  ئەوەی لە ناوخۆی سوریادا دەگوزەرێت راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە هەیە،  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، هەنگاوێکی گرنگە لە بەدامەزراوەییکردنی رژێمی نوێ لە سوریا. هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کاری بەردەوام لە ناوخۆی سوریادا هەیە لە بوارەکانی ئابوری، وزە،  پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری، ئەم هەوڵانەش دەچنە چوارچێوەی دیدگایەکی فراوانتر، بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئیداری و ئابووری سەقامگیر.  بەشێکى دیکە لەقسەکانى هاکان فیدان.. ـ ئیسرائیل رۆڵێکی وێرانکەر دەگێڕێت، هەوڵدەدات گرژییەکان لەناو سوریا بوروژێنێت.  ـ  تورکیا هیچ دەستپێشخەرییەک یان رێکخستنێک قبوڵ ناکات، یەکگرتوویی دەوڵەتی سوریا تێکبدات.  ـ داوا دەكەین ئەوانە لەناوببرێن کە مەترسی لەسەر یەکگرتوویی سوریا دروست دەکەن، بەتایبەتی مەترسی دابەشبون.  ـ سەرکردایەتی ئێستای سوریا بەهێزەو خاوەنی شەرعیەتێکی فراوانی نێودەوڵەتییە. ـ پێویستە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە روونی هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن و لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتن.  ـ جەخت لە گرنگی چارەسەرکردنی مەسەلەی دروز لە باشور دەكەینەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی، کە یەكێتی وڵات بپارێزێت. ـ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی تورکیا دەکات و بەردەوامی کۆبونەوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی سەقامگیری و پتەوکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی.

شاندێکی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ یەکشەممە دەگەنە قاهیرە بۆ کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ، سەرچاوەیەک بەشەرق ئەلئەوسەتى ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکانی قاهیره شاهیدی ئاڵوگۆڕی په یام لەڕێگەی ناوبژیوانان لەگەڵ شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ده بێت. رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە یەکێک بوو لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد.    دواتر کۆشکی سپی نێوەڕۆکی پلانە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست لە غەززە بڵاوکردەوە، بە گوێرەی پلانەکە پێویستە حکومەتی تەل ئەڤیڤ و حەماس بە ئاگربەست رازیبن و لە زووترین کاتدا بارمتە و زیندانییەکان ئازادبکرێن و دەستەیەکیش بۆ بەڕێوەبردنی غەززە پێکبهێنرێت بەوتەى سەرچاوەکە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندێکى خەماس بەسەرۆکایەتى خەلیل حەییا ڕابەرى بزوتنەوەکە، دەگاته قاهیرەى پایتەختى میسر، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنى کۆبوونەوه ناڕاستەوخۆکان سه بارەت به قۆناغى یەکەمى پلانى دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەشەری غەززه، که ئاڵوگۆڕێکى دیل و دەستگیرکراوەکانى تێدایه . سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی قاهیرە شاهیدی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان دەبن لەڕێگەی نێوەندگیری میسری و قەتەرییەوە، کە لە هەمان بینای شاندی ئیسرائیل و نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر جێگیرن. پێشتریش ڕۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو قاهیرە میوانداری شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس دەکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سەر زەوی و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئیسرائیل و فەلەستینی و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئەمەش بەپێی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا هیوای خواست کە کۆبوونەوەکان ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ئازارەکانی گەلی فەلەستین کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕاوێژکاریانە بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی ئەو زەبری ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە لە دوای پێشنیاری ترەمپ بۆ وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە بەدەست هاتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەوڵە بەردەوامەکانی میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ نێوەندگیرییەکان، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە".

ئاژانسى بلومبێرگ لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکى درێژخایەن  بەردەوام بێت، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووری عێراق.  ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن هەوڵێکی زۆری داوه لەڕێگەی په یوەندی چڕوپڕ لەگەڵ سێ لایەنی پەیوه ندیدارەوه - به غدا، هه ولێر و کۆمپانیا نەوتییەکان - بۆ گەیشتن به ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوه ی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم له ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق-تورکیا (جهان)ه وه . بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە داوای کرد ناوى ئاشکرانەکرێت، ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام بێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا سەرنجی لەسەر دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەناردەکردن و ڕێزگرتن لە مەرجە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان. بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی ئێستا تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ کارا دەبێت و بڕیارە لایەنەکان گفتوگۆ بکەن سەبارەت بەو سەدان ملیۆن دۆلارەی کە قەرزاری کۆمپانیاکانن. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کارێکی کردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکدا کە سەدان پەیوەندی و کۆبوونەوەی لەخۆگرتبوو بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێککەوتنە. ڕۆڵی ئەمریکا لە ئاسانکاری بۆ ڕێککەوتنی دووبارە ناردنەوەی نەوتەکە لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا ڕۆڵی هەیە لە بەرزکردنەوەی بەردەوامیی درێژخایەنی ڕێککەوتنەکە. ڕێککەوتنی ئێستا تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، لایەنەکان دانوستان لەسەر سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزاری کۆمپانیاکان دیاری دەکەن، هاوکات تورکیا هەوڵدەدات مەرجی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو دابنێت. مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندبوو، ڕێککەوتنەکە "سودێکی بەرجەستە بۆ هەردوو ئەمریکی و عێراقی دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا سەروەری عێراق دووپاتدەکاتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، فشارەکانی ئەمەریکا هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی هەناردەکردنەکە، هەروەها واشنتۆن ئێستا دەیەوێت ڕێککەوتنەکە بکاتە ڕێکخستنێکی درێژخایەن کە بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بپارێزێت، بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی و کورد. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی ئەلپارسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، لە ٢٧ی ئەیلولەوە ناردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا دەستیپێکردەوە. جۆن ڕۆبەرتس، هاوکارێکی باڵای ئەنجومەنی ئەتڵەسی لە واشنتۆن لە ٢٨ی ئەیلولدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند: "کردنەوەی بۆرییەکە سوودبەخشە، بۆرییەکە دەتوانێت ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل بگوازێتەوە، واتە نزیکەی ١%ی بەرهەمی جیهانی، و زیادکردنێکی بەرچاوە بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی". فرانسیسکۆ ساسی، زانای سیاسی لە زانکۆی ئۆسلۆ، هەروەها ڕایگەیاندووە، عێراق پێویستی بە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گەرووی هورمز هەیە، کە هەڕەشەکان کە ڕەنگە هەناردەکردن پەک بخەن لە نێوان گرژییەکانی ناوچەکەدا ڕوو لە زیادبوون دەکەن.

بڕیارە کاتژمێر 12ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 5-10-2025، سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی کە ژمارەیان 60 موڵکە و خاوەندارێتیی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێن. شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، دەڵێت: ئەو موڵکانەی شاسوار عەبدولواحید لە چاڤیلاندن، پێشووتر بەناوی کۆمپانیای نالیا قەرزی وەرگرتووە، چەندین ساڵە دۆسیەی قەرزی هەیە و گەیشتووەتە قۆناغی فرۆشتنی ئاشکرا، ئەمەش لە بری قەرزەکانی وەزارەتی داراییە. بەگوتەی شیلان عارف، دۆسیەیەکی دیکەش هەیە تایبەت بە قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا، بەڵام ئەو دۆسیەیە وەستێنراوە تا دۆسیەی قەرزەکانی وەزارەتی دارایی یەکلایی دەبێتەوە. هەفتەى ڕابردوو  بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بەرواری 5ـی 10ـی 2025، کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی (کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت) لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت. ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبەرواری ( ٢٠٢٥/١٠/٥ ) کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی ( کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت ) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتمان کە بڕەکەی ( ٩١،٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەد و یەک ملیار و حەوتسەد و شەست ملیۆن و شەشسەد و شەست هەزار و سێسەد و پەنجا دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن. بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتمان بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی زیادکردنەکە، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان / وەزارەتی دارایی و ئابووری  ٢٠٢٥/٩/٢٨  تێبینی؛ لیستی سەرجەم موڵکەکان هاوپێچە کە تیایدا بەخشتەیەک کە ناوی سەرجەم موڵکەکان و ڕوبەروو ژمارەی تۆمارەکانیان ڕوون کراوەتەوە.

ئەمڕۆ، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستپێدەکات، بەڵام پرۆسەکە چەند ناوچەیەک ناگرێتەوە. هەڵبژاردنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پارێزگای سوەیدای دروزنشین بە پاساوی ئەمنی بەڕێوەناچێت. لیژنەی باڵای هەڵبژاردن رایگەیاندووە، ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00ی بەیانی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێنەوە و کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ پرۆسەکە کۆتایی دێت. ئەگەر پێویست بکات، پرۆسەکە تا کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ درێژ دەکرێتەوە. لە کۆی 210 ئەندامی ئەنجوومەنی گەل، 140 ئەندامیان لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن و 70 ئەندامەکەی دیکەش لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر، دەستنیشان دەکرێن. دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی گەلی سوریا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی 2024 بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا سەرۆکی لابراوی ڕژێم لە پۆستەکەیدا بوو. لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا، سەرکردایەتی نوێی سوریا ئەو مەجلیسەیەی هەڵوەشاندەوە. لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای ئەس-سوەیدە و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، نزیکەی ٦ هەزار ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن لە ٥٠ قەزای سەرتاسەری وڵات دەنگ بە ١٢٠ کورسی دەدەن. ئەمە گۆڕانکارییەکە لەو ١٤٠ کورسییەی کە سەرەتا بڕیار بوو نزیکەی ٧ هەزار ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن لە ٦٠ قەزادا هەبێت، کە ١٥٧٨ کاندید کێبڕکێ دەکەن، کە لەسەدا ١٤یان ژنن.

بەمەبەستی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کورد، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.  بەپێی زانیارییەکان  لە رۆژانی داهاتوودا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' سەردانی هەولێر دەکات چاوەڕوان دەکرێ  لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە. هێشتا ئەجێندای سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان دیار نییە. ئەگەر ئەم سەردانە ئەنجامبدرێت دەبێتە سێیەم سەردانى مەزڵوم عەبدى بۆ شارى هەولێر، پێشتر و لە ناوەڕاستى مانگى یەکى ئەمساڵ مەزڵوم عەبدى لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە دواى سێ رۆژ لە سەردانى نوێنەرى بارزانى بۆ رۆژائاواى کوردستا هات. جارى دووهەم لە ٢٤- ٤ ى ئەمساڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا، لە هەولێر کۆبوونەوە و بارودۆخی نوێی سوریا و رۆڵی فەڕەنسایان لەو وڵاتە تاوتوێ کرد.