هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنن ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئیستفزازی گروپەکانى حکومەتی کاتیە. هێزەكانی حكومەتى سوریا جوڵەیان بەرەو ناو شاری حەلەب كردووە و ئێستا شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و هە.،سەدە لە گەڕەكە كوردییەكانی وەك ئەشرەفییە و شێخ مەقسود هەیە، بە پێی زانیاریی تۆڕی سكای نیوز ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی سوریا كوژراوە و سێی دیكەش بریندارن. هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمەتی درۆ بڵاودەکەنەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات خاڵەکانی پشکنینی سەر بە چەکدارانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب کردۆتە ئامانج. ـ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەتیدەکەنەوە خاڵە پشکنینەکانی سەر بە هێزەکانی حکومەتی ئینتقالی لە دەوروبەری ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بکەنە ئامانج ـ هێزەکانمان لەدوای کشانەوەی ئێمەوە بەپێی لێکتێگەیشتنی یەکی نیسان لە ناوچەکەدا ئامادە نەبوون. ـ ئەوەی لە ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەگوزەرێت، دەرئەنجامی هێرشی دووبارەی گروپەکانى حکومەتی دیمەشقە بۆ سەر خەڵکی سڤیل. ـ گروپەکانی حکومەتی دیمەشق گەمارۆی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەر بەسەر گەڕەکەکاندا دەسەپێنن و پێداویستی فریاگوزاری و پزیشکی دەبڕن. هەروەها دەڵێن: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە بە تەواوی درۆن. هێزەکانمان لە دوای کشانەوەیانەوە بەپێی ڕێککەوتنی یەکی نیسان لە ناوچەکەدا ئامادە نەبوون. ئەوەی لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەگوزەرێت، دەرئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دووبارەی گروپەکانى حکوومەتی دیمەشقە لە دژی خەڵکی مەدەنی. ناوەڕۆکى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەوان گەمارۆی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەریان سەپاندووە، یارمەتی و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بڕیوە، زۆرێک لە دانیشتووانیشیان ڕفاندووە و بەردەوام بوون لە ئیستفزازی ڕۆژانەیان دژی دانیشتووان لە بازگەکان و دەوروبەری گەڕەکەکان. لەم دواییانەدا بەربەستی زەوییان لە دەوری گەڕەکەکان داناوە و گەمارۆیان سەپاندووە. هەسەدە دەشڵێنن: لە هەڵکشانێکی مەترسیداردا، ئەم کوتلانە بە تانک و زرێپۆشەوە هەوڵی پێشڕەوی دەدەن و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون بە گوللە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و زیانی ماددی بەرفراوان لێدەکەوێتەوە. ئەم کارانە دانیشتووانی ئیستفزازی کردووە، وای لێکردووە شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکەدا بەرگری لە خۆیان بکەن، کە ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن. ئێمە حکومەتی دیمەشق بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بە بەرپرسیار دەزانین لە بەردەوامی گەمارۆ خنکێنەر و پێشێلکارییە سیستماتیکییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی، هەروەها لە پەرەسەندنی مەترسیدار لەم دواییانەدا، کە ئازارەکانی دانیشتوان گەورەتر دەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و بێبایەخکردنی بە ئەنقەست بۆ ژیان و کەرامەتی خەڵک ئاشکرا دەکات. داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین کە هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ ناڕەوا و ڕاگرتنی هێرش و ئیستفزازی سیستماتیکی دژی خەڵکی مەدەنی.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە کەمێک لەمەوبەر شەڕ و پێکدادان و توندوتیژى لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و حکومەتی ئینتقالی لە جەرگەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفی ڕویداوە. هێزهكانی دیمهشق دهستیان به هێرش بۆ سهر دو گهڕهكهكهی حهڵهب كردو شهڕڤانان بهرپهرچیان دهدهنهوهو وهزارهتی بهرگریی حكومهتی كاتیی سوریا دهڵێت: جوڵهكانی سوپاكهیان له حهڵهب له چوارچێوهی پلانێكدایه بۆ جێگیركردنی هێزهكانیان له ههندێك له بهرهكانی باكور و باكوری رۆژههڵاتی سوریا. هاوکات ڕوانگەى سورى ڕایگەیاند ناڕەزایەتییەکان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود پەرەدەسەنن و هێزەکانی ئاسایشی گشتی گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقێنن. بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی گەمارۆی سەپێنراو و داخستنی دەروازەکانی گەڕەک نزیکەی ١٥ کەس بریندار بوون. هاوکات وەک هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لە شاری قامیشلۆ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەڕێوەچووە. لە دیمەنێکی بێوێنەدا، دانیشتووانی ناوچەکە تانکەرێکی ئاویان هێنایە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گازی فرمێسکڕێژ، هەروەها ئاویان بەسەر ئەو خۆپیشاندەراندا ڕشاند کە بەهۆی ئەو گازە فرمێسکڕێژە قورسەی کە ئاراستەیان کرابوو، کاریگەرییان لەسەر بوو. دانیشوانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئێشرەفییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەریان ڕژانە سەر شەقامەکان، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە جێگیرکرد. هێزەکانی حکومەتی دیمەشق پێش ئەوەی چەک لە دەوری ئەو دوو گەڕەکە جێگیر بکەن، بە ستوونی زەوی هەموو دەرگا و دەرگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونیان گرت، خەڵک لە شەقامەکاندا دەستی کرد بە بەرخۆدان.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سەكۆی "ئێكس" نوسویەتی: خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا باڵیۆز تۆم باراک و ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا. کۆمەڵێک بابەتمان تاوتوێ کرد، کە ئامانجیان پشتیوانی تەواوكاری سیاسییە لە سوریاو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات، لەگەڵ دروستکردنی کەشێکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا و زامنكردنی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە ناوچەکەدا. سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و باڵیۆز باراک رۆڵێکی راستگۆ و کاریگەریان گێڕاوە بەرامبەر گەلی سوریا لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر بۆ سوریا و هەموو سوریاییەکان، ئێمە لەسەر ئامانجەکەمان جێگیرین کە خۆی لە سوریایەكی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان دەبينێتەوە.
بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەگەر سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر مووچەی مانگەکانی داهاتوو نەدات، ئەوا تاوەکوو هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی ڕێکدەکەون، هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار دەداتە عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداوە وتی: تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات. سەرچاوەکە دەشڵیت: تاوەکوو ئێستا وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی هەشت و نۆی دەست پێ نەکردووە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش 120 ملیار داهاتی نانەوتی نەناردووە، بۆ ئەمەش هەر دوو وەزارەتەک چاوەڕێی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن. هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەى ڕاگەیاند، پرسی مووچە لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نییە، بەڵام لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، وەک پاشکۆ باسی لێوەدەکرێت، هاوکات بەشێک لە وەزیرە کوردەکان دەیانەوێت سبەی ئەو پرسی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلا بکەنەوە، بە تایبەت کە پرسی داهاتی نەوت چارەسەر کرا. بەپێى زانیاریەکان مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە، کە داوای لێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی داهاتی نانەوتی پشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت نەبەستێت. هەروەها ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی مووچەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران ئامادەین پشکی گەنجینەی حکوومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی 8 و 9 بدەین. ئاماژەی بەوەشکردبوو، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەکانی ئەو دوو مانگەی نەداوە. گوتیشی: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بۆیە مووچەکان ڕەوانە ناکرێت لەبەر ئەوەیە حکوومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی نانێرێت، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، هەرکات ڕێکارەکانی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 گیرایەبەر، ئێمە ئامادەین داهاتی نانەوتی ڕادەست بکەین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە گوتارێکی ڤیدیۆیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەکە، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد کە تێیدا پەیامی ئاراستەی خەڵکی عێراق و کوردستان کرد. بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمەوە رایگەیاند: "تاوەکو من قەناعەت نەکەم بە حکومەتێکی باشتر و جێکردنەوەی خواستی خەڵک و بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە کارنامەی حکومەتدا، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت". سەرۆکی یەکێتی جەختیشی کردەوە: "تاوەکو بەڵێنەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکرێت حکومەت پێکناهێنرێت. تاوەکو من باوەڕ نەکەم بە رێککەوتنەکان بۆ حکومەتێکی باشتر، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت". لە کۆتاییدا تاڵەبانی وتیشی: "ئێمە وەک لایەنەکانی دیکە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن فەرامۆش ناکەین، ئەوەی گوتوومانە دەبێت جێبەجێی بکەین، هەرگیزیش ناچینە حکومەتێک کە نەتوانێت خزمەتی خەڵک بکات". "عێراق دووربخرێتەوە لە دەستوەردانی دەرەکی" بافڵ جەلال تاڵەبانی داوادەکات لەکاتی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکاندا، لایەن و پێکهاتەکانی عێراق پشت بە خۆیان ببەستن، نەک وڵاتانی دیکە، دەڵێت "نابێت بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق پشت بە وڵاتانی دیکە ببەسترێت، عێراق پیاوی هیچ وڵاتێک نییە، کێشەکانی عێراق بە خودی پێکهاتەکانی خۆی چارەسەر دەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پێویستیەتی بەرنامەیەکی نیشتمانییە". "دەستوور مێنیۆی چێشتخانە نییە" سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق پابەندی دەستووری عێراق بن و بە "پیرۆز" ناوی دەستوور دەبات و دەڵێت: "بەشێکی خەباتی ئێمە لە عێراق ڕێزگرتنە لە دەستوور. هەموو کێشەکانمان بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەبێت. دەستووری عێراق مێنیۆی چێشتخانە نییە بەدڵی خۆت هەڵیبژێریت، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت". بافڵ تاڵەبانی: دەبێ ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن سەرۆکی یەکێتی باسی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، کە خۆی وەک ئەندازیاری ئەو ڕێککەوتنە دەناسرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: "دەبێت ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن. نابێت ڕێککەوتنەکان بە میزاجی ئەم و ئەو تێکبچن". بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: - لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگی یەكێتی (93%) زیادیكردووە - كێشەی ئێمە لەبەغداد لە موچە گەورەترە - كە وەزعەكە قورس دەبێت كێ دەچێت بۆ بەغداد؟ كێ هەرگیز خاكی كوردستانی نەفرۆشتووە. -كە ئیشت كرد هەقە موچە وەربگریت - كە خوێندنت تەواو كرد دەبێت كارت هەبێت - ئەبێت ئیشت هەبێت، ئاوت هەبێت، كارەباتان هەبێت، سەیرە تا ئێستا ئەمانە چارەسەر نەكراوە، یەكێتی ئەمانەتان بۆ دابین دەكات
هێزەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکى ئێستای حکومەتی سوریا سەرجەم ئەو ڕێگایانەیان داخستووە کە بەرەو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە زۆرینەیان کوردن لە شاری حەلەب، ، هێزەکانی هەسەدەش ئامادەکارییەکان بۆ هەموو ئەگەرێک کردوە. هاوكات لەگەڵ دیداری نوێنەری سەرۆكی ئەمریكاو مەزڵوم عەبدی، هێزەكانی سەربە حكومەتی كاتیی سوریا دوو گەڕەكی كوردنشینیان لە حەلەب گەمارۆداوە. هەموو دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی هەردوو گەڕەکی كوردنشینی (شێخ مەقسود)و (ئەشرەفیە) لە شاری حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریاوە داخرا. ئەم جموجوڵەی هێزەكانی سەربە ئەحمەد شەرع هاوكاتە لەگەڵ دیداری تۆم باراكی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریا دیموكرات كە باسی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنی 10ی ئازاری شەرع- عەبدی تێدا كراوە، هەروەها دوای چەند رۆژێك دێت لە دانانی بەربەستی گڵین و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی حکومەتی کاتیی بۆ ناوچەكە. جوڵەی هێزەكانی حكومەتی كاتیی لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەكە كوردنشینەی شاری حەلەب لەكاتێكدایە، بەگوێرەی رێككەوتنێك كە 1ی نیسانی رابردوو لەنێوان ئەنجومەنی هەردوو گەڕەکەکەو حکومەتی کاتی ئیمزا كراوە، نابێت رێگری بكرێت لە هاتوچۆی خەڵكی ئەم دوو گەڕەكە بۆ گەڕەك و ناوچەكانی ترو هاتنی خەڵكی ناوچەكانی تر بۆ ئەم گەڕەكانە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفییە لەشاری حەلەب ئاماژەی بەوەکرد،" چەند گروپێكى بێ دیسپلینى سهر بهحكومهتهكهى شهرع، لەناوجەرگەی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بونیان ههیهو ههوڵى ئاژاوه نانهوه دهدهن". ئەوەشیخستەڕوو، ئەم کۆکردنەوە سەربازییو ئەمنییانە، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامهكهى مانگی نیسانى ئهمساڵى كورده لەگەڵ حکومەتهكهى شهرع کە جهختیكردهوه لهڕێگریکردن لەپێکدادانی ڕاستەوخۆ نێوان هێزهكانى كوردو هێزهكانى سهر بهئهحمهد شهرع. بەوتەی نوری شێخۆ، هێزەكانى سهر بهشهرع خاڵێکی نوێی سەربازییان لەپارکی ئەشرەفیە دامەزراندوەو گهمارۆیان بهسهر ههردوو گهڕهكه كوردیهكهدا سهپاندوه، ئەمەش ئاماژەیەكى مهترسیداره بۆ پێكدادانى سهربازیىو هێرشكردن بۆسهر گەڕەکەکانى ئهشرهفیهو شێخ مهقسود.
ڕاوێژکارێکى ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لە دیمەشق ڕایدەگەیەنێت پرۆسەی هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نیشتیمانى ئەو وڵاتە هیچ تانەیەکى لێ نەدراوە، ڕوونیشیکردەوە کە سوریا بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات دوای ماوەیەک لە گۆشەگیری. کەناڵی ئەحداس چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەحمەد موفەق زیدان، ڕاوێژکاری ئەحمەد شەر ئەنجامداوە لەسەر چەند پرسێکى جیاوازى وەک هەڵبژاردنەکان و ڕەوتی پرۆسەی سیاسی لە سوریا و چەندین بابەتی دیکە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەنجوومەنی گەل بڕیار دەدات کە ئایا متمانە بە هەر حکوومەتێک دەدرێت یان نا، بە تایبەت کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بە هاوئاهەنگی و یەکگرتوو هەڵسوکەوت دەبن. ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەدا کە هەڵبژاردنی هەندێک کەسایەتی بۆ ئەنجومەنەکە دراوتە دەستى سەرۆک ئەحمەد شەرع بە ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشایی نوێنەرایەتییەکان، ڕوونیشی کردەوە کە زۆرێک لەو بڕیارانەی کە وەستابوون دوای پێکهێنانی پەرلەمانى نوێ دەدرێن. زیدان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆنترۆڵکردنی ئامێرە ئەمنی و جێبەجێکردنەکان بەبێ ئەنجومەنی یاسادانان بەدی نایەت و جەختیشی لەوە کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان هیچ ڕەخنەیەکیان لێ نەگیراوە. ئەوەشى باسکرد کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی 60 ساڵدا نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی سوریا لەژێر یەک سەقفدا کۆدەبنەوە و پێیان وایە کە ئێستا سوریا بەهۆی ئەو قوربانیدانانەی کە دراوە ئازادی بێهاوتای هەیە. بەوتەى ئەو ڕاوێژکارەىسەرۆکی سوریا دیمەشق لە میانی کۆبوونەوەکانی نیویۆرک بۆی دەرکەوت کە ئیسرائیل ئامادە نییە ڕێککەوتنە ئەمنییەکە واژۆ بکات. سەبارەت بە بارودۆخى سوەیدا، زیدان دووپاتی کردەوە کە سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی یەکگرتووی دروز، شێخ حیکمەت ئەلهیجری، داوای هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەت هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دابین کردووە بۆ جێگیرکردنی گروپەکەی. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، یادەوەری سوریا هەرگیز بۆردومانی دیمەشق لەبیر ناکات لەسەر داوای هیجرى و دروزەکان کرا، ئاماژەی بە هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی ئەرکانی گشتی لە ناوەڕاستی دیمەشق لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە. سەبارەت بە هێزەکانی (هەسەدە)، ڕاوێژکاری سەرۆکی سوریا داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد، ڕێککەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بکەن و لاپەڕەی خوێنڕشتنەکە هەڵبگێڕن. ئەو پێی وابوو کە هێزەکانی هەسەدە پابەند نەبوون بەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ سەرۆک شەرع لە دیمەشق واژۆیان کردووە و بڕیارەکانی لە دەرەوەی سوریاوە دەدات ئەو بە حاڵەتێکی نائاسایی زانی و تەنها 5%ی کوردەکانی سوریای نوێنەرایەتی دەکرد.
بەرمیلێك نەوتی هەرێمی كوردستان و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بە 26 دۆلار فرۆشراوە، لەگەڵ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ و فرۆشتنی لە رێگەی عێراقەوە زیاتر لە دوو هێندە نرخەكەی زیادیكردووە و بە 65 دۆلار فرۆشراوە. سەرچاوەیەک لە بەندەری جەیهانەوە ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەشتییەوە بەرەو بازاڕەکانی ئەورووپا رۆیشت و فرۆشرا. بەپێی ئەو نرخەی دیاریکراوە بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان کە 65 دۆلارە، بەهای ئەو نەوتەی ئەمڕۆ فرۆشراوە 65 ملیۆن دۆلارە. رۆژی شەممە 27ی ئەیلوولی 2025، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جەیهان لە ڕێگەی بۆرییەوە دەستی پێكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە كۆتایی ئازاری 2023ەوە ڕاگیرابوو. ئەو سەرچاوەیە وتى، رۆژانە نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە دەگاتە بەندەری جەیهان و هیچ گرفتێکی تەکنیکی لە ئارادا نییە، جگە لەوەی یەک جار و چەند سەعاتیک هەناردەی نەوت وەستا، ئەویش بەهۆی پڕبوونی کۆگەکانی نەوتەوە بووە. ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی راگەیاند، "کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەمین کەشتیی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرا و بەندەری جەیهانی بەجێهێشت، هەروەها وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "کەشتییەکە بڕی 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو." وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو نەوتەی لەڕێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت، رۆژانە لە کۆگەکانی بەندەری جەیهان کۆدەکرێتەوە و قۆناخ بە قۆناخ دەفرۆشرێت." رۆژی 25-6-2025 رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت رۆژانە (280) هەزار بەرمیلە". وتیشی: "رۆژانە (100) هەزار بەرمیلی لێدەدرێت بە ئەو گرێبەستانەی كراوە دەدرێت بە كۆمپانیاكانی نەوت (180) هەزار بەرمیلی رۆژانەی لێدەمێنێتەوە لەو (180) هەزار بەرمیلەی دەمێنێتەوە، (65) هەزار بەرمیلی بۆ بەركاربردنی ناوخۆییە". " ئەوەی دەمێنێتەوە نزیكەی (115) هەزار بەرمیلی رۆژانەیە ئێمە بە ئاشكرا دەیفرۆشی، نداهاتەكەی نزیكەی (85) ملیۆن دۆلارە مانگانە".
زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمانی ئێستا و یەک لەسەر سێی ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بڕیاریان داوە لە هەڵبژاردنەکانی چەند هەفتەى داهاتوودا خۆیان کاندید بکەنەوە. بەپێى لیستە کۆتاییەکانی کۆمسیۆن دەرکەوتووە کە سەرجەم ئەندامانی ئێستای "دەستەی سەرۆکایەتی" پەرلەمان خۆیان کاندید دەکەن، لەگەڵ سەرۆکی پێشووی پەرلەمان. بڕیارە ڕۆژی 11ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت ئەگەر دۆخی ئەمنی عێراق و ئێران تێکنەچێت. بەهۆی سەرقاڵبوونی ئەندامان بە بانگەشەی هەڵبژاردن، پەرلەمان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا نەیتوانیوە دانیشتن ئەنجام بدات. هەینی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک وێنەی کاندیدەکان بڵاوکرانەوە، کە یەکەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی یاسادانان بوو، کە بڕیارە ١١ی مانگى داهاتوو (١١) بەڕێوەبچێت، بەپێی ڕێکخراوەکانی چاودێرى هەڵبژاردن. بەڵگەنامەکانی کۆمسیۆن ئاشکرای دەکەن کە نزیکەی ٢٥٠ ئەندامی خولی ئێستا لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی هەڵبژاردن خۆیان کاندید دەکەن، کە بڕیارە لە مانگێکدا بەڕێوەبچێت. سەرۆکایەتی دەگەڕێتەوە. دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە پێشەنگی ئەندامانی دوایین خولی یاساداناندایە کە گەڕاونەتەوە بۆ خۆکاندیدکردن. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی سیاسییەوە لە نێوان چەند لایەنێکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بڕیاریداوە شانبەشانی خەمیس خەنجەر خۆی کاندید بکات. مەشهەدانی ژمارە (1)ی ئەو لیستەی لە بەغدا بە ناوی "هاوپەیمانی سەروەری نیشتمانی" داگیرکردووە، کە تەنیا لە بەغدا 139 کاندیدی خستووەتە ڕوو، لە کۆی نزیکەی 8 هەزار کاندید لەسەر ئاستی وڵات. لەبەرامبەردا جێگرەکەی، موحسین مەندالاوی، سەرۆکی "هاوپەیمانی بنەڕەتی"، لەسەر هەمان لیست، ژمارە (1) لە پایتەخت خۆی کاندید دەکات. ئەمە دووەمجارە لەسەریەک کە پارتەکە ١٣٩ کاندیدی لە بەغدای پایتەختیشی خستووەتە ڕوو. جێگری دووەم شاخەوان عەبدوڵڵا لە کەرکوک خۆی کاندید دەکات بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە (١) کە بە ٢٤ کاندید بەشداری کەرکوک دەکات. بە گوتەی چاودێران، پەرلەمان نزیکەی ساڵێکە لە حاڵەتی "خەوی قوڵى زستانە"دایە، لەو ماوەیەی کە ئەلمەشهەدانی سەرۆکایەتی دەکرد، نەیتوانیوە زیاتر لە 12 دانیشتن ئەنجام بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێچووی مووچە و پاراستنی پەرلەمانتاران لەم خولەی ئێستادا ٤٠٠ ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بەپێی هەندێک خەمڵاندن. بانگەشەی زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر بۆ 36 رۆژ بەردەوام دەبێت بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس دەتوانن دەنگ بدەن کە 14.3%یان لە هەرێمی کوردستانن. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 3ی تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی 2025 بەردەوام دەبێت. لیستی پەرلەمانتارە کاندیدەکان گۆڕانکاری لە نێوان هاوپەیمانییەکاندا نیشان دەدەن، کە هەندێکیان ئاراستەی سیاسی دژبەیەکیان هەیە و هەندێکیشیان ڕکابەرییان هەیە. پەرلەمانتار عەلی مەشکوور خەڵکی بەسرە لەم خولەدا لەگەڵ "هاوپەیمانی خزمەتگوزارییەکان"، کە سەر بە سەرۆکی "لیواکانی ئیمام عەلی"، شیبل ئەلزەیدی، خۆی کاندید کرد. مەشکوور لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ لەسەر بزووتنەوەی تەسمیم (ئیرادە) بە سەرۆکایەتی عامر ئەلفایز پەرلەمانتار و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. ئەم لیستە سەربەخۆیە لە "فراکسیۆنەکان".
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشتر ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد و کۆمەڵێک داواکارییان کرد، بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵەبجە بکرێت. گوتیشی: سەرۆک بارزانی فەرمانی کرد دەبێت لە ڕێگەی حکوومەتەوە خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، بۆیە سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی فەرمانی کرد لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی دیوان و ئەندامیەتی چەند لایەنێک پێکبهێنرێت و لیژنەکە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگاری هەڵەبجەیان کرد و گوێیان لەداواکارییەکان گرت و کاریی جددیان لەسەر کرد. ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک بڕیاری باش لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دراوە، کە وەکوو دیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ هاووڵاتیانی هەڵەبجە، هەورەها لەماوەکانی ڕابردوودا کارمان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە کردووە. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەشکرد، بڕیار دراوە بەگوژمەی 25 ملیار دینار پرۆژە لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، هەروەها کار لەسەر ئەوە کراوە ژێرخانی کارگێڕی بۆ پارێزگای هەڵەبجە فەراهەم بکرێت، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت 500 کەس بۆ پارێزگاکە دامەزرا، دواتر 52 کەسی دیکەش زیادکرا، گوتیشی: سەرۆک وەزیران، لەسەر داوای پارێزگار و ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە بڕیاری داوە 250 کەسی دیکە بۆ پارێزگاکە دابمەزرێنێت. ڕاشیگەیاند، یەکێک لەوانەی بڕیاری لەسەردراوە کە بۆ پارێزگاکە زۆر گرنگە، بابەتی دەروازەی سازانە، کە وەکوو دەروازەیەک بۆ گەشەندنی هەڵەبجە سەیر دەکرێت، بۆیە سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی داوە ئەو دەروازەیە وەکوو دەروازەیەکی ناوخۆیی بکرێتەوە. ئومێد سەباح دەشڵێت: کردنەوەی دەروازەی سازان قۆناغی یەکەمە، سەرۆک وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپاردووە لەگەڵ پارێزگار کار بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەکە بکەن بەوەی سەردانی بەغدا و ئێران بکەن، بۆ ئەوەی دەرفەت بە نێودەوڵەتیکردنی دەروازەی سازان بدرێت، بۆیە ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەروازەی سازان بەفەرمی دەناسێنین. گوتیشی: یەکێک لەداواکارییەکان ئەوەبووە دەبێت قەرەبووی زیانمەندانی هەڵەبجە بەپێی دەستوور و لە بودجەی سیادیی بکرێتەوە، دەشڵیت: هەرچەندە بە جددی کار لەسەر ئەمە نەکراوە، بەڵام نووسراوێکی فەرمی لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران کراوە و ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت کە دەبێت لە بودجەی سیادیی قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە بکرێتەوە. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراشی کرد، یەکێک لەو داواکارییانەی کە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، دروستکردنی پارک، نەخۆشخانە و دروستکردنی بۆردێکی تەندروستییە بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر ئەو پلانانە دراوە کە بۆ گەشتوگوزاری ناوچەکە پێشکەش کراوە.
ئێران دووپاتی کردەوە کە هیچ پلانێکی نییە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و جەختیشی کردەوە کە "سواڵ ناکات بۆ دانوستان". ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە "لەم قۆناغەدا وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی نییە، لە ئێستادا سەرنجی لەسەر لێکۆڵینەوە لە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی هەنگاوەکانی سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکایە"، بە ئاماژەدان بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام لە هەمان کاتدا ڕوونیکردەوە کە "دیپلۆماسی وەک پرۆسەیەک کە لەسەر بنەمای پەیوەندی و ڕاوێژکاری دامەزراوە، هێشتا بەردەوامە". وتیشی: هەرکاتێک ئێران هەستی بەوە کرد کە دیپلۆماسی دەتوانێت بەرهەمدار بێت، بڕیارەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و قازانجی نەتەوەیی دەدرێت. جگە لەوەش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوابوو کە هەندێک " لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی کە شانازی دەربڕین بە ئەنجامدانی کردەوەیەکی تاوانکاری تەنها بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی حکومەتی ئەمریکا زیاد دەکات". جەختى کردەوە کە "دانپێدانان بە ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی هیچ ئیعتبارێک بە ئەمریکا نابەخشێت، بەڵکو جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی ئێران دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا پابەند نییە بە ڕێسا نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانەوە". هەروەها ڕەخنەکانی لە "ترۆیکا ئەوروپی" (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) نوێکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا دەسەڵاتی پەنابردنە بەر میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا نییە. ئەو کارەکەیان لە دەستپێکردنەوەی میکانیزمی "سناپباک" بە نایاسایی وەسفکرد. وتەبێژەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە "ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی نەبوونی کۆدەنگییەوە بڕیارێکی یاسایی سەبارەت بە سزاکان نەداوە".
حکوومەتی تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی تا سێ مانگی دیکە درێژکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی تورکیا بڕیاری دا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تا ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026 درێژ بکاتەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی ئاگادارینامەیەک کە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی تورکیاوە دەرچووە، ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی سەرجەم ئەو گەشتانەدا دادەخرێت کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێن یان مەبەستیانە لەو فڕۆکەخانەیە بنیشنەوە. ئەم ڕاگرتنە لە 3ی نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە چەندین جار درێژکراوەتەوە. حکوومەتی تورکیا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکان گەڕاندووەتەوە. بڕیارەکەی تورکیا نەک تەنها گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیای ڕاگرتووە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر ئەو گەشتانەش هەیە کە ئاسمانی تورکیا وەک ڕێڕەوی ترانزێت بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکە. بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، چەندین جار هەوڵیان داوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆکان ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیە دەستبەجێ داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت و نۆی رابردوو رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، هاوکات رەخنە لە راوێژەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق دەگرێت و بە "نادەستووری" ناوی دەبات. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، "ئێمە ئامادەین دەستبەجێ داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت و نۆ بدەینە عێراق." ئەم لێدوانە وەک ئامادەیی حکومەتی هەرێم دێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەرامبەر بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا. سەبارەت بەو راوێژەیەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق کە داهاتی نانەوتیی هەرێمی بە بڕێکی دیاریکراو خەمڵاندبوو، ئومێد سەباح رایگەیاند، "راوێژەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دژ بە دەستوور و یاساکانی عێراقە و داوامانکردووە جێبەجێنەکرێت." ناوبراو ئاشکراشی کرد کە حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە کە گفتوگۆ و دانوستان ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر میکانیزمی هەژمارکردن و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ. ئومێد سەباح گوتی: "داوامان لە عێراق کردووە دانوستان بکەین بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆ بگەینە رێککەوتن."
بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت سەرۆک بارزانی بەبۆنەى جەژنی "جەمایێ" پەیامێکى بڵاوکردەوەو پیرۆزبایی لە هەموو ئێزدییانی کوردستان دەکات, بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی جەمایێ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو ئێزدییانی کوردستان و جیهان دەکەم." سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتەوە "ئێزدییەکان بەشێکی خۆشەویست و دانەبڕاوی گەلی کوردستانن. دوای هەموو ئەو ناخۆشی و سەختییانەی بەسەر خوشک و برا ئێزدییەکانماندا هات، و دواتر ئەو بارودۆخە نایاسایی و نائاساییەی کە چەندین ساڵە بەسەر شەنگال و ناوچەکانیاندا سەپێنراوە و جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە، بەڵام بە باوەڕ و خۆڕاگرییەکی مەزنەوە، کوردانی ئێزدی جەژن و بۆنە ئایینییەکانیان بە ئارامی و ئازادانە بەڕێوە دەبەن." لەم بۆنەیەدا، سەرۆک بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەرکی هەموو لایەکە کار بکەن بۆ پاراستن و بەهێزکردنی فەرهەنگ و کولتووری پێکەوەژیان و یەکڕیزی لەنێوان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستاندا." پەیاما پیرۆزباهیا سەرۆک بارزانی بۆ جەژنا جەمایێ یا خوشک و برایێن ئێزدی: ب ناڤێ خودێ مەزن و دلۆڤان ب هەلکەفتا جەژنا جەمایێ، پیرۆزباهیێن خوەیێن گەرم ئاراستەی هەمی ئێزدیێن کوردستانێ و جیهانێ دکەم. ئێزدی بەشەکی خۆشەویست و نەڤەقەتیایێ گەلێ کوردستانێنە. پشتی وان هەمی نەخۆشی و زەحمەتیێن بسەر خوشک و برایێن مەیێن ئێزدی دا هاتین و پاشی ئەو رەوشا نە یاسایی و نە ئاساییا چەندەها سالە بسەر شنگالێ و دەڤەرێن واندا هاتینە سەپاندن کو جهێ نیگەرانیا مەیە، بەڵێ ب باوەڕی و خوەڕاگریەکا مەزن کوردێن ئێزدی جەژن و هەڵکەفتێن خوە یێن ئۆلی ب ئارامی و ئازادانە ب رێڤە دبەن. ب ڤێ هەلکەفتێ داکۆکیێ دکەم کو ئەرکێ هەموو ئالیەکیە کاربکەن ژبۆ پاراستن و بهێزكرنا فەرهەنگ و کلتوورێ پێکڤەژیان و ئێکڕێزیا دناڤبەرا هەمی پێکهاتێن ئۆلی و نەتەوی ل کوردستانێ. جەژنا وە پیرۆز و بمینن دخێر و خۆشیاندا. مەسعود بارزانى 6ی تشرینا ئێکێ 2025
لە میانەی ئاهەنگی ٢٥٠ ساڵەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بنکەی دەریایی نۆرفۆلک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی جارێکی دیکە ئێران بۆردومان دەکات ئەگەر ئەو وڵاتە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە. لە کۆبوونەوەی کارمەندانی هێزی دەریاییدا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەکاتى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران و بە وەبیرهێنانەوەی هێرشەکانی ٢٢ی حوزەیران بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری بی ٢ و مووشەکی تۆماهۆک وتی: ئەمجارە پێویست ناکات زۆر چاوەڕێ بکەین. سەرۆکى ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی ٢ بە وردییەکی ڕەها هەموو ئامانجێکیان پێدا، هەروەها ٣٠ مووشەکی تۆماهۆکمان لە ژێردەریاییەکەوە هەڵدا بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەرکەکە ئەنجامدراوە". لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ترەمپ ئەوەشى باسکرد کە هیچ ئیدارەیەکی پێشووی ئەمریکا بڕیاری لەو شێوەیەی نەداوە و دەشڵێت هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 22 ساڵ مەشق و ڕاهێنانیان کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا تا دوای دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتی من. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن ٢٢ ساڵی دیکە چاوەڕێ ناکات بۆ لێدانی ئێران ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیندوو بکاتەوە. دوێنێ فەرماندەی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران، محەمەد پاکپوور، دووپاتی کردەوە کە هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران چ لە دەریا، چ لە دورگەکان، یان لە کەناراوەکان، ئاستێکی زۆر بەرز لە ئامادەیی و مۆڕاڵێکی ئەوپەڕی بەرز بەهرەمەندن. شایانی باسە کە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرا شەشەمین خولی دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی بەڕێوە بچێت، ئەمریکا هێرشێکی ڕەشەبای بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەقۆی نیوەشەو" دەستپێکرد. هێرشەکە حەوت فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی بی-٢ سپیریتی تێدابوو، کە بۆمبی GBU-57ی بنکەر-بەستەریان فڕێدا، هەروەها ٣٠ مووشەکی تۆماهۆک کە لە ژێردەریایییەکی ئەمریکییەوە هەڵدرابوون، "دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ناتانز، هەروەها دامەزراوەی ئەتۆمی ئیسفەهان"یان کردە ئامانج.
