ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا دەستوەردانی سەربازی لە ململانێی ئیسرائیل و ئێران نەکات، ئەوە ئیسرائیل بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم. تۆڕی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل بریتییە لە پشتبەستن بە یەکەی 5101ـی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە 'شاڵداگ' ناسراوە. مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی ئەم یەکەیە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان بچنە ناو کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکی ئێران کە لە ژێرزەوی سووریا بوو. عامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "شوێنێکی هاوشێوەی دامەزراوەی فۆردۆ هەبووە، کە سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی، مووشەکی بالیستیی پێشکەوتوو و ورد، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئێران و پارەی ئێران بەرهەمدەهێنا." ئیسرائیل چەند جارێک لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردبووە سەر ئەو شوێنە نهێنییەی سووریا بەڵام نەیتوانی لەناوی ببات. بەڵام سەربازانی یەکەی شاڵداگ چوونە ناو ئەو شوێنەی لە ژێر زەوی بوو، بۆمبیان چاند و دواتر لە دوورەوە تەقاندیانەوە. ئەو شوێنەی سووریا 90 مەتر لە ژێر زەوی دروست کرابوو، وەک دامەزراوەی فۆردۆ، کە لەنێو شاخەکانی باشووری تاران هەڵکەوتووە. یادلین گوتیشی: "هێزی ئاسمانی پارێزگاریان لە سەربازانی دەوروبەری دەکرد، دواتر یەکەی شاڵداگ چوونەتە ژوورەوە و شوێنەکەیان لەناوبرد." ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرکەسێک بیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وێستگەی فۆردۆ. ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا دامەزراوەی فۆردۆ لەناوببات، ئاماژەی بەوەش دا، تواناکانی ئیسرائیل زۆر سنووردارە، دەتوانن بچنە ناو بەشێکی بچووکەوە، بەڵام ناتوانن بە قووڵی بچنە ناوەوەی دامەزراوەکە، ئەو توانایەیان نییە."
رۆژنامەی" الشرق الاوسط" : دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی باڵاترین دادگای دەستوری لە عێراق، هەڕەشە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات لە وادەی خۆیدا، كە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی چەتری یاسایی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان. لە کاتێکدا دەستلەکارکێشانەوەی شەش دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی كتوپڕو تەمومژاوی دەرکەوت، راپۆرتە میدیا ناوخۆییەکان، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەیان گێڕایەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی دادگا، جاسم محەمەد، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە کۆبونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە مشتومڕاوییەکانی نێوان دادگای تێهەڵچونەوەو دادگای فیدراڵی. بەڵام ئەو سیاسیانەی كە رۆژنامەكە دواندونی، ئاماژەیان بەوە کردووە، هۆکارەکە، لە ناکۆکی نێوان سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر جاسم عومێری و دادوەر فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە، سەرچاوە دەگرێت. هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی ناوخۆیی و پێشگرتن لە تێکچونی سەقامگیری، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی لێكەوتەكانی روبەڕوبونەوەی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل. سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوەکردووە: هێزەکانی چوارچێوەکە ترسیان لە لێكەوتەكانی ئەو بۆشاییە هەیە کە لە ئەنجامی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵیەوە دروست دەبێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەکەی گوتوە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان لە لێکەوتەکانی دروستبوونی ئەو بۆشاییە هەیە کە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکانەوە دروستبووە و دەیانەوێت کۆنترۆڵی دۆخی ناوخۆی سیاسی بکەن و رێگری بکەن لە روودانی هەر رووداوێک، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە. پێنج شەممەی رابردوو شەش ئەنجامی هەمیشەیی و سێ ئەنجامی یەدەگی دادگای فیدراڵی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکشەشکرد.
سەرۆکی بەشی هەواڵگری پۆلیسی پارێزگای قومی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی گوتووە، لەسەرەتای شەڕی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵمەتیان بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکەن دەستپێکردووە و لە هەشت رۆژدا 22 کەسیان دەستگیرکردووە. دەشڵێ، دەستگیرکراوەکان سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل کردووە و زانیاریان لەبارەی ئێرانەوە پێداون. هاوکات فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بوشەهر دەڵێت، بەشی هەواڵگری هێزەکانیان ٩ کەسیان دەستگیرکردوە کە سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل کردوە و پشێویان ناوەتەوە و بونەتە هۆکاری تێکدانی ئاسایش. لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، پۆلیسی ئێران هەڵمەتێکی لە شارەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل کردووە.
دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت جێى سەرسوڕمانە کەهیشتا ئەو هەرگیز خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەست نەهێناوە، وتى: دەبوو چوار یان پێنج جار بەدەستم بهێنایە و دەبێت ئەو خەڵاتەم پێبدرێت. دواى ئەوەى کەمێک لەمەوبەر گەیشتە ویلایەتی نیوجێرسی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان قسەى کردو وڵامى چەند پرسیارێکى لەسەر ئێران و ئیسرائیل دایەوە. ئەو لەسەرەتادا وتى: دەبێت خەڵاتی نۆبڵم بدەنێ بۆ ڕواندا و ئایا سەیری کۆنگۆت کردووە؟ دەتوانیت بڵێیت سربیا. دەتوانیت زۆریان بڵێیت. شەڕە گەورەکە هیندستان و پاکستان، ئەوانەم ڕاگرتووە، دەبوو چوار یان پێنج جار بەدەستم بهێنابا، ئەوان نایدەن، چونکە تەنها دەیدەن بە لیبراڵەکان. دۆناڵد ترەمپ لەیەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتی: گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین، بزانین لەدوای ئەوە چی روودەدات، وابزانم دوو هەفتە کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بزانین ئێرانییەکان بە هۆش دێنەوە یان نا، ئەو ماوەیە زۆرترین ماوەیە کە پێم داون. سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە ئێران نزیکبووە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم، چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکى کەمیان ماوە بۆ ئەوەی چەکێکیان هەبێت. ترامپ وتی "زۆر قورس دەبێت" داوا لە ئیسرائیل بکرێت کۆتایی بە هێرشەکانی ئێران بهێنێت، چونکە ئیسرائیل لەڕووی شەڕەوە ئاستێکی باشی هەیە و پێموایە دەبوو بڵێیت ئێران کەمترین کاردانەوەى هەیە.
لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرانى ئەوروپا وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە هەركات هێرشی ئیسرائیل وەستا ئەوكات دەست بە دانوستانەكان دەكەینەوە. ئەمشەو دوانى نزیکەى دوو کاتژمێر کۆبوونەوی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هات. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: ئێران ئامادەیە جارێكی تر بیر لە رێكارە دیپلۆماسییەکان بكاتەوە، توانا بەرگرییەکانیشی قابیلی دانوستان نییە. ناوبراو هێماى بۆ ئەوەشکرد، بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ئاشتیانەو لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، ئەمڕۆ گفتوگۆیەكی جدیمان كرد لە كەشێكی رێزلێگیراودا. وتیشى: نیگەرانین لە ئیدانەکردنی هێرشە قێزەونەکانی ئیسرائیل، لەلایەن هەندێک وڵاتەوە. هەر لەو کۆنفرانسەدا، یۆهان وادپۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران مەترسییەکی گەورەیە و لە داهاتوو راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتیشی: لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەم گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەمان کرد. هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد تەنیا گەلی ئێران دەتوانن چارەنوسی رژێم یەکلایی بکاتەوە. بەوتەى وەزیرەکەى فەرەنسا، عراقچی ئامادەیی دەربڕی هەموو دۆسیەكان بخاتە سەر مێزی دانوستان، وتیشى: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا دەتوانن بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوابخەن، نەک کۆتایی پێبهێنن.
شێخى گەورەی ئەزهەر بۆ یەکەمین جار بە زمانی فارسی تویت دەکات بۆ ئیدانەکردنی بەردەوامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ڕۆژی هەینی، شێخ ئەحمەد ئەلتەیب، ئیمامی گەورەی ئەزهەر، بەردەوامیی بۆردومانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران و "هێرشەکانی بە ئامانجی ڕاکێشانی ناوچەکەیەو بۆ لێواری تەقینەوەدا" هاوکات شەرمەزارى ئەوکارەى کرد. تەیب لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە هۆشداریدا لە "هەڵگیرساندنی شەڕێکی هەمەلایەنە کە جگە لە ڕژانى خوێن و بازرگانانی چەک هیچ براوەیەکی تێدا نەبێت" لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئەو پێیوابوو کە "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم ستەمکارییە و شکستهێنان لە وەستاندنی، هاوبەشیکردنە لە تاوانەکەدا، وتى: بێدەنگی نێودەوڵەتی جگە لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هەموو جیهان هیچ ئەنجامێکی دیکەی نییە. ئەمەش لەکاتێکدایە جەنگەکە پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە. ئێران مووشەکی جیاوازتر و بەهێزتر دەنێرێتە سەر ئیسرائیل و نەتەنیاهووش هەڕەشەی لەنێوبردنی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات. مووشەکی هەردوو وڵات لە ئاسمانن و یەکدی دەکەنە ئامانج، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا بەریتانی، فەرەنسی و ئەڵمانییەکەی بە ئامادەبوونی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ لە کۆبوونەوەدان.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، بارودۆخی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زۆر جێگەی نیگەرانییە، جەختى کردەوە چاودێریی بارودۆخی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن. لە دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتى: بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە تیشکدانەوەی لێنەکەوتووەتەوە، ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە. گرۆسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەر هێرشێک بۆ سەر بوشەهر دەبێتە هۆی ئاستێکی بەرچاو لە تیشکدەرەوەی مەترسیدار، هەروەها ڕوونیکردەوە کە ژێرخانی کارەبا لە شوێنی پیتاندنی نەتەنز کراوەتە ئامانج. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە لە ئەسفەهان ئاگادار نەکراینەوە. لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە فراوانبوونی ململانێکان دەتوانێت ئاگرێکی جیهانی هەڵبگیرسێنێت کە ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و داوای "گەڕانەوە بۆ دانوستانە جدییەکان" دەکات. وەک لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا وتی، "ئێمە لەبەردەم ساتێکی هەستیارداین و دەبێت بەرپرسیار بین"، ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێستا جیهان لە لێواری داڕماندایە، ئێمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە. ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، و بە دەستپێشخەریی ڕووسیا و چین و پاکستان بەڕێوە دەچێت. ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە ئێران ئەنجامدا. زانیاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران پێشکەش کرا.
کامەران عوسمان لە رێكخراوی (CPT): سوپای تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی جوتیاران بۆسەر ڕەز و باخەکانیان، زنجیرەیەک تۆپبارانی بۆسەر گوندەکانی بەری گارە و دەڤەری نهێلێ ئەنجامدا. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا زیاتر لە (100) جار تۆپبارانی گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کردو بە دەیان دۆنم دارستان و ترش و ڕەز و باخی گوندنشینانیان سوتاند. هەر ئەمڕۆ، لە کاتێکدا نوێژخوێنانی گوندەکانی (گوهەرزێ و بەلاڤە) لە دەڤەری نهێلێ بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوت بوون، تۆپخانەکانی تورکیا تۆپبارانی ئەو دوو گوندەی کرد و ڕەز و باخی گوندنشینانی سوتاند. لە درەنگانی دوێنێ شەویشەوە تاوەکو ئێستا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکەنجی سوپای تورکیا بەسەر گوندەکانی سنوری ئامێدیدا دەسوڕێنەوە و بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، ڕایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمیی مەدەنیی ئێران، دەبێت ئێرانیش ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان. بڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، لە جنێڤی سویسرا کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، جەخت لەسەر گرنگی درێژەدان بە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکاتەوە، وتى: ئاژانس دەبێت بتوانێت بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم نەکات. هاوکات باس لەوەشدەکات ئێمە هاوکات لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا ئۆفەرێکی دانوستانی هەمەلایەنە پێشکەش بە ئێران دەکەین. ماکرۆن دەشڵێت: هیچ شتێک پاساو نادات بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەو خەڵکی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێراندا. دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی و نوێنەری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کردووە پێش ئەوەی بچێتە کۆبوونەوەکە. پەیامی ئەمریکا ئەوەیە، دەکرێت بە گفتوگۆ بگەنە رێککەوتن. چوونی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆبوونەوەکە، دوای دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری فەرەنسا هات. وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لە ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و ئاشتی لە ناوچەکە دەبێت. لەم هەفتەیەدا، عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پەیامیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی بە فیزیکی بەشداربن.
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، تێچوی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلارە، دەشڵێت: ئەو تێچوە زۆرەی جەنگ وادەکات بەرپرسانی تەلئەبیب بڕیاری راگرتنی جەنگ بدەن. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ـی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل بەهۆی ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوە تێچویەکی دارایی زۆری لەسەرە و رۆژانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە جەنگدا خەرج دەکات. بەپێی شیکردنەوەکانی رۆژنامەکە، ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە موشەکەکانی ئێران تێچویەکی زۆری لەسەر دەکەوێت کە بە دەیان تا 200 ملیۆن دۆلاری رۆژانە دەخەمڵێنرێت، ئەمە جگە لە تێچوی تەقەمەنی و فڕۆکە جەنگییەکان، هەروەها وێرانکاری بەربڵاوی باڵەخانە گەورەکانی تەلئەبیب. هەروەها، بەپێی خەمڵاندنەکان تا ئێستا ئیسرائیل لانیکەم 400 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە. رۆژنامەکە دەشڵێت: ئەو بارگرانییە ئابورییە دەبێتە فشارێک لەسەر تەلئەبیب تا بەزوترین کات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، سەرەڕای ئەوەی بنیامین ناتەنیاهۆ-ـی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی ئامانجەکانیان بەدیدەهێنن کە دیارترینیان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی جبەخانەی موشەکییەکەیەتی. لە چەند رۆژی رابردودا ئێران زیاتر لە 400 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، رێگریکردن لەو موشەکانە پێویستی بە کارپێکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تەکنەلۆژیای بەرز هەیە، بەوتەی یەهۆشوا کالیسکی، توێژەر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەبیب، تێچوی کارپێکردنی سیستەمی David’s Sling کە بۆ ڕێگریکردن لە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مەودای کورت بۆ مامناوەند بەکاردەهێنرێت، نزیکەی 700 هەزار دۆلارە بۆ هەر ڕێگریکردنێک. هەروەها، سیستەمی تیر- ٣ کە بۆ ڕێگریکردن لە موشەکی بالیستیکی دور مەودا لە دەرەوەی بەرگەهەوا دروستکراوە، نرخی هەر ڕێگرییەک نزیکەی 4 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا سیستەمی تیری ٢ کۆنتر نزیکەی ٣ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت بۆ هەر روبەڕوبونەوەی موشەکێک. جگە لەوانەش، ئیسرائیل پارەیەکی زۆر خەرجدەکات بۆ کارپێکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی بە تایبەت فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ کە تا ١٠٠٠ میل لە خاکی ئیسرائیلەوە دەفڕن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: زنجیرەیەک هێرشی شەوانەیان لەناو تاران ئەنجامداوە، دەیان ئامانجیان بۆردومان كردووە، لەنێویندا، پێگە پیشەسازییە سەربازییەکان بۆ بەرهەمهێنانی موشەک و بارەگای "سپاند" بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی. جەنگەکە پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە. ئێران مووشەکی جیاوازتر و بەهێزتر دەنێرێتە سەر ئیسرائیل و نەتەنیاهووش هەڕەشەی لەنێوبردنی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات. سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: شەوی رابردوو، هێرش كراوەتە سەر زیاتر لە (60) فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی ئێران، دەیان ئامانجی سەربازی لە ئێران بە رێنمایی وردی هەواڵگری، بە نزیکەی (120) بۆمب، بۆردومانكراون. ئاماژەی بەوەشكردووە: چەندین شوێنی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی موشەک لە تاران ئێران هێرشيان کراوەتە سەر، ئەو شوێنانە بەدرێژایی چەندین ساڵ دروستکراون و، بە ناوەندی قورسایی پیشەسازی دادەنرێن بۆ وەزارەتی بەرگری ئێران. سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە: لە نێو ئەو شوێنانەی کە هێرشیان کراوەتە سەر، شوێنی پیشەسازی سەربازی بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتەی موشەکی و شوێنی بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو، کە لە بزوێنەری موشەکدا بەکاردەهێنرێت، جگە لە بینای بارەگای "سپاند" لە تاران. بارەگای سپاند، کە لە ساڵی 2011 لە لایەن فەخریزادە، دامەزرێنەری بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران دامەزراوە، تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و چەك، پشتیوانی لە توانا سەربازییەکانی ئێران دەكات.
کرملین هۆشداریی دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاردانەوەکانی بەکارهێنانی چەکی تەکنیکی ئەتۆمیی لە ئێران، دەڵێت:"ئەوە پێشهاتێکی کارەساتبار دەبێت". دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین ئەمڕۆ هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند: بەکارهێنانی چەکی تەکنیکی ئەتۆمیی لەلایەن ئەمەریکاوە دژی ئێران، دەبێتە پێشهاتێکی کارەساتبار. ئەو لێدوانەی پیسکۆڤ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی باس لە ئەگەری بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن. ئاستی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زیادییان کردووە، پاش ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستییان پێکردووە و ڕۆژانە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی یەکتر لەنێوان تاران و تەلئەڤیڤ، دەکەن. بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ هێرشکردنە سەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران، بووەتە جێی پرس و باسی گرنگیی میدیاکانی جیهان، ئەو میدیایانە پێیان وایە، بەشداریی ئەمەریکا لەو جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشهاتێکی مەترسیدارە لەوەی، ئاگری جەنگەکە گەورە بێت و ناوچەکە بسووتێنێت.
پێگەی مسری ئەلیەوم بڵاویکردوەتەوە، هێزێکی 12 هەزار کەسی عەلی خانەیی رێبەری باڵای ئێران دەپارێزن و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت ناتوانن دەست لە جەستەی خامنەیی بدەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە. ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکە مەرجی یەکەمیان خۆبەختکردنە بۆ خامنەیی و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت ناتوانن دەست لە جەستەی خامنەیی بدەن و قورسترین راهێنانیان پێکراوە و لە هەموو شارەکانی ئێران بنکەیان هەیە. راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، قەڵغانی گولەنەبڕ بۆ پاراستنی خامنەیی بەکاردەهێنرێت و هەر لەناوخۆی ئێرانیشدا دروستدەکرێت. پێش ئەوەی خامنەیی سەردانی هەر شوێنێک بکات، هێزەکە سەردانی دەکات و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە وەردەگرن.
بەهۆى بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، دامەزراوە ئەمنییەکانى ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئەوە دەکەن کە حوسییەکان و حەماس و حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانى دیکە، هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە بدەن و هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل. ڕاپۆرتەکە دەڵێت سوپاى ئیسرائیل ئامەدەکارى دەکات بۆ بۆ هەر پێشهاتێکى نوێ ئامادە دەکات، لەوانە ئەگەری ئەوەی کە ئەو ڕێکخرو گروپانەى نزیک و هاوپەیمانى ئێرانن هەڵەیەک بکەن بچنە ناو شەڕو ململانێکەوەو لەگەڵ ئیسرائیلدا. بۆ یەکەمجار ئەمشەو پێنجشەممە لە کەناڵی 14 بڵاوکرایەوە، لەبارەى هەڵسەنگاندنی دۆخەکەوە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کە پێشبینی ئەوەدەکەن، ئەمریکا بچێتە پاڵ ئەو هێرشە، ئەوکات دامەزراوەی بەرگری ئامادەکاری دەکات. پێدەچێت هێرشى ئەو گروپانە لەڕێگەى موشەکەوەبێت لەلایەن گروپەکانى باکوورى ئیسرائیل و هێرشی مووشەکی لە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی لەخۆ بگرێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتی دژبەیەک سەبارەت بەوەی کە ئایا حزبوڵڵا دەچێتە ناو هەڵمەتی یارمەتیدانی ئێرانەوە بڵاو بوونەتەوە. سەرچاوەیەکی حکومەتی لوبنان ئەمڕۆ مەزەندەی کرد کە تەنانەت ئەگەر دواجار ئەمریکاش پەیوەندی بە هێرشی سەر ئێرانەوە بکات، ئەوا ڕێکخراوی حزبوڵڵا ناچێتە ناو هەڵمەتی هاوکاریکردنی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکانەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلجەدیدی لوبنانی. لەبەرامبەردا، بەرپرسێکى باڵاى ئێرانى دوێنێ بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، "هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی چالاکبوونی حزبوڵڵا لە دژی ئیسرائیل". بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە بەشێک لەو گروپانە لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیانە، بەتایبەتی کە لە شەڕێکی فراوانتر لەگەڵ ئیسرائیل زۆر شتیان لەدەستداوە، وەک هەندێک لە میلیشیا عێراقییەکان کە لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی سامانن لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە. کوتلە چەکدارە عێراقیەکانى سەر بە ئێران وریاتر بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو لەترسى بۆردومان کردن ئێستا مۆبایلی کاتی بەکاردەهێنن. لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانی توندوتیژی نێوان ئیسرائیل و ئێران ، گروپە چەکدارە عێراقیەکان و حزبوڵڵا لە لوبنان، تائێستا بێدەنگن و هیچ ڕۆڵ و جموجوڵێکیان نییەو لە شوێنی ڕووداوەکان ئامادە نین.
دوو بەرپرسی باڵاى وەزارەتى بەرگری ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمریکا چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ پاراستنی بنەکەو بەرژەوەندیەکانى و سەروەت و سامان و کەلوپەلەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بەردەوامی شەڕو ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران. سوپاى ئەمریکا سەرجەم فڕۆکە ناپێویستیەکانى لەبنکە فراوانەکەی لە قەتەر گواستوەتەوە بۆ سەر کەشتیەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە بەحرەین جێگیرکراون. هەروەها فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێشوەختە چەند پێداویستیەکى سەربازى زیادەی گواسوەتەوە بۆ ناوچەکە، بەرپرسان و سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێن، کە ئەمەش ڕێکاری ئۆپەراسیۆنی ستانداردە لە هەر کاتێکدا ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەبێت. یەکێک لەو بەرپرسانە گۆڕانکارییەکانی بە پلانێکی وریایی و خۆپارێزانە وەسفکرد لەکاتی هەڕەشەکانی ئێران کە ئەگەر ئەمریکا بڕیاریدا لەگەڵ ئیسرائیل بێتە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر سەرباز و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێکى فڕۆکە ئەمریکییەکان سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر گواستراونەتەوە دەرەوە، بەرپرسێک پشتڕاستی کردەوە دوای ئەوەی وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریخست کە ناوچەکە چۆڵ کراوە. سەرەڕای ئەوەش، هەموو ئەو کەشتیانەی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە پێشەوە لە چالاکیی پشتیوانی دەریایی بەحرەین جێگیرکرابوون- بنکەی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بەندەرەکەیان بەجێهێشت. تا ئێستا ڕوون نییە فڕۆکە و کەشتییەکان بۆ کوێ گواستراونەوە لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێبدات یان نا. بەڵام ئەگەر بیکات، تاران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی لە ئەمریکا کردووە. ئێران دەیان گروپی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا هەیە کە دەتوانن مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی هێز و بنکەکانی ئەمەریکا بکەن. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤، دوای ئەوەی میلیشیایەکی شیعەی سەر بە ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر تاوەر ٢٢ کە بنکەیەکی ئەمریکایە لەسەر سنووری سوریا و عێراق، سێ ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکا کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.
