بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسادەرچوو، کارمەندێکیان بەناوی (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) شەهید بوە. دەقی راگەیەنراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر.. بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرمان (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) رادەگەیەنین کە شەوی ڕابردوو لەکاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسا دەرچوو، گیانی سپارد و گەیشتە پلەی شەهادەت. ئاری یەکێک بوو لە پێشمەرگە نەبەرد و قارەمان و دلێرەکانی دژەتیرۆر کە بە کارامەیی و تواناکەی توانیبووی خۆی بسەلمێنێت. دڵنیایی ئەدەین خوێنی شەهید ئاری بە فیڕۆ ناڕوات و لە یاسا دەرچووان توندترین سزا دەدرێن و دەستگیرکردنیان تەنها قۆناغی یەکەمی سزادانیان بووە. خودای گەورە سەبوری ئێمە و کەسوکاری بداتەوە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایدەگەیەنێت ، کەی ڕەوایە ناسەقامگیری ئەمنی زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان برژێت، ویرای دەربڕینی نیگەرانی و ئەسەف بۆ ئەم حاڵەتە. بەهۆى پێکدادان و شەڕەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆى سلێمانى، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی پەیامێکى بڵاوکردەوە. دەقى پەیامەکە پەیامێک لە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بەداخ و حەسرەتەوە شەوی رابردوو لە سلێمانی بەدیار پێشهاتێکی نەخوازراوی ناخۆشەوە بووین، لەم کات و ساتەدا کە هاوڵاتیان چاوەڕێی موچە وسەقامگیری بژێوی بوون و میللەتەکەمان لەبەردەدم چەندین تەحەدیاتە، کەی ڕەوایە ناسەقامگیری ئەمنی بۆ زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان برژێت، ویرای دەربڕینی نیگەرانی و ئەسەف بۆ ئەم حاڵەتە. دەخوازین پەنا بۆ یاسا وداگا ببرێت بۆ چارەسەری کێشەکان .
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕاگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی لە شەڕەکەی سلێمانیدا دەستگیرکران، دواتر براونەتە دەباشان و لای بافڵ تاڵەبانی دەستبەسەر دەکرێن. ئەو برایانەی لاهوور جەنگی کە دەستگیرکراون هەر یەکە لە پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگین، بەپێى زانیاریەکان پۆڵاد شێخ جەنگی بە برینداری دەستگیرکراوە. لەلایەکى دیکەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوای گرتنی لالەزار و دوستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و براو کەسە نزیکەکانی فەرمانی ڕوبەروبونەوەی هەر جوڵەیەکی گوماناوی و دەستگیرکردمی هەر کەسێکیان پێدەدرێت کەبیەوێت وەک پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی گردبونەوە بکات ناڕەزایی دەرببڕێت. بەپێی ئەو زانیاریەکان لەدوای گرتنی لالەزارو دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و برا و کەسە نزیکەکانی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەناوشار بڵاوەیان پێدەکرێت و لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە و فەرمانی گرتن و ڕوبەڕوبونەوەی هەر کەس و حاڵەتێکی گوماناویان پێدراوە. سەرچاوەى زانیاریەکان باس لەوەش دەکەن سەرجەم بازگەکانی هاتنە ناو سلێمانی بەڕیکاری توندوتۆڵیی دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگە لەهەرکەسێک بکرێت کە بیەوێت بۆ پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی بێتە سلێمانییەوە.
بەگوێرە ئامارە نافەرمییەكان، لەشەڕو پێکدادانەکانى چەند كاتژمێری رابردووی لالەزاردا، لە هێزە ئەمنیەكان سێ كەس كوژراون و 26 كەسی دیكەش برینداربوون. کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیانی هەینییەوە بەمەبەستى دەستگیرکردنى، لاهور شێخ جەنگى و براکانى هێزە ئەمنیەکان چونە نزیک هۆتێل لالەزارو شەڕ و پێکدادان دەستیپێکرد و پاش سێ کاتژمێر، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستگیرکران و لالەزاریش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کۆنترۆڵکرا. بەگوێرەی دواین ئامارە نافەرمییەكان، لە هێرشەكەی چەند كاتژمێری رابردووی لالەزاردا، لە هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سێ كەس كوژراون و (26) كەسی دیكەش برینداربوون. هەروەها لە هێزەكەی لاهوری شێخ جەنگیش حەوت كەس كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندابوون، دەوترێت برینی دووان لە بریندارەكان سەختن، میدياكانی نزیك لە یەكێتی ناو و ناسنامەی (3) كارمەندە كوژراوەكەیان بڵاوكردووەتەوە، كە سەربە دژە تیرۆرو هێزەكانی كۆماندۆ و ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشن. بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنی ئاسایش رایگەیاندووە، سەرمەند عەلی کارمەندمان لە گرژییەکانی لالەزاردا گیانى لەدەستداوە. فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند، ''بەداخ و خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەی فەرماندەییمان کاکە دیار سەردار حەکیم رادەگەیەنین، کە جوانەمەرگ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەرواری 22ی ئابی 2025، لەپێناو چەسپاندنی یاسا و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان وەک ناوەکەی "دیار" رۆحی پیرۆزی کردە دیاریی خاک و نیشتمان و ئاسایش و ئارامی''.
پارێزگاری سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە. لەبارەی گرژی و پێكدادانەكانی شاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی پێكدادانەکان دەکات. دەقى پەیامەکە.. شەڕو بەریەککەوتن؛ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و چارەسەرەکان؛ دوادەخات. لە ڕابردوو ئێستادا، بەبەردەوامیی لە هەوڵدابووین بۆ ئەوەی دۆخەکان نەگەنە ئەم دۆخە ناهەموارو نەخوازراوە، هێزی لۆژیک و لێکتێگەیشتن و یاساسەروەریی بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک، بەڵام بەداخێکی سەختەوە؛ پێشنیازو دیالۆگ و میکانیزمە ئاشتیخوازانەکان؛ کەمترین پشتیوانیی کران. داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو، بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانى هەرێم لەبارەی دۆخی سلێمانی هاتە دەنگ و دەڵێت گرژی و پێکدادانەکان ڕابگیرێن. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن دەقى پەیامەکە.. پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەست بەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکوکییەکیش هەبێت پێویستە بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت. لە گەل هەموو لایەنەکان لە هەوڵداندام بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرژیانە بهێنرێت و ڕێگە لە خوێن ڕشتن و توندو تیژی بگیرێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لاهور شێخ جەنگى کەمێک لەمەوبەر جەختى کردەوە کەئەو لەماڵەکەى خۆیەتى و لەکەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە بیستویەتى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە. لاهور شێخ جەنگى لەلێدوانێکى ڕؤژنامەوانیدا وتى: دەستدرێژیمان بکرێتە سەر کارەساتى گەورە ڕودەدات و کەسیش ناتوانێت من دەستگیربکات، لەماڵى خۆمم و دەستدرێژى لەهیچ کەسێک قبوڵناکەم. لاهور شێخ جەنگی هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئەمشەودا وتى: لە میدیاكانەوە بیستم فەرمانی دەستگیركردنم بۆ دەرچووەو هێزێکى زۆر هێنراوەتە دەوروبەرى ماڵەکەم و گەمارى ئەو ناوە دراوە ڕێگە نادرێت کەس بێنە ماڵەکەم. ئەو باسى لەوەکرد، نازانم کەى فەرمانم بۆهاتووە هیچ شتێکى لەوجۆرەمان پێنەگەیشتوە خێرە تائێستا پێم نەوتراوە. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد ئەمشەو مالیکى و چەند سەرکردەیەکى ترى عێراقى پەیوەندیان بەنوسینگەى سەرۆکى یەکێتیەوە کردوە ئەم دۆخە کۆتایی پێبێنن و قابیلى قبوڵکردن نییە. لاهور شێخ جەنگى وتیشى: ئەمەى دەکرێت چەتەگەرى و ماقیاگەریەو قابیلى قبوڵکردن نییە، داوالەخەڵکى کوردستان دەکەم خۆڕاگربن، شەخسێک خۆى سەپاندوە بەسەر یەکێتیداو گەندەڵە. لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: ئەوەی بەرامبەرم دەكرێت، چەتەگەری و مافیاگەرییە، چونکە من پێشتر چومەتە بەردەم دادگا و چوار ساڵە هەموو شەوێك دەڵێن دێینە سەرت. لاهور شێخ جەنگی وتیشى: بۆچی دەبێت، بافڵ بەمن بڵێ خۆ ڕادەست بكە؟ دەبێت پۆلیس بە من بڵێت، ئەبێت میلیشیا بە میلیشیا وەڵامبدرێتەوە.
سەرچاوەیەک ڕایدەگەیەنێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە یەکێتییان گوتووە تێکدانی دۆخی ئەمنیی سلێمانی قبوڵکراو نییە. لەسەر ئەو دۆخە نائاساییەى لە ئێوارەى ئەمڕۆوە لە سلێمانى دروست بووە، چوارچێوەى هەماهەنگى پەیامێکى توندى ئاراستەى بەرپرسانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کردووە سەرچاوەیەکى ئاگادار ئاشکرایکرد، ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێکی توندیان ئاراستەی بەرپرسانى یەکێتی کردووە سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیامەکەیاندا هۆشدارییان داوە و بە یەکێتییان گوتووە تێکدانی دۆخی ئەمنیی سلێمانی قبوڵکراو نییە هەروەها سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشیان بە یەکێتییان گوتووە، تێکدانی دۆخی سلێمانی تێکدانی دۆخی عێراقە ئەمە لەکاتێکدایە لە ئێوارەى ئەمڕۆوە هێزێکى زۆرى ئەمنى لە نێو سلێمانى و دەوروربەرى بڵاوەى پێکراوە و نووسینگەى لاهور شێخ جەنگیش لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، کە سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی سیناریۆ دروست بکات. سەرچاوەکە ئەوەشى ئاشکراکرد، سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات.
ئاراس شێخ جەنگی، ڕایدەگەیەنێت من هەمو کات دژی گێرەشێوێنی و بەکار هێنانی هێزی چەکدار بووم بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، بۆیە ئێستاش ئەمشەو کە بیستم یەکێتی نوێ هێزی بڵاوکردۆتەوە لە ناو سلێمانی،ئەم کارە بە کارێکی خراپ ئەزانم. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى خۆى ئاراس شێخ جەنگى پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: داوا لە سەرانی یەکێتی نوێ دەکەم کە ئەم هێزانە بگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان ،چونکە بەرپرسیاریەتی هەر ئەگەرێک ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. ئەم پەیامەى ئاراس شێخ جەنگى دواى ئەوەدێت، سەرچاوەیەک لە نووسینەگەی لاهور شێخ جەنگییەوە ڕایگەیاند سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی سیناریۆییەک دروست بکات هاوشێوەی سیناریۆکانی پێشووی سەرچاوەکە لە نووسینەگەی لاهور شێخ جەنگییەوە وتیشى: سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات. دەقى پەیامەکەى ئاراس شێخ جەنگى لەم ساتەوەختەدا کۆمەڵێک پەیج و سایت بەناوی منەوە هەندێک شتیان بڵاوکردۆتەوە،حەز ئەکەم بە ڕونی بە خەڵکی کوردستان بڵێم من هەمو کات دژی گێرەشێوێنی و بەکار هێنانی هێزی چەکدار بووم بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، بۆیە ئێستاش ئەمشەو کە بیستم یەکێتی نوێ هێزی بڵاوکردۆتەوە لە ناو سلێمانی،ئەم کارە بە کارێکی خراپ ئەزانم وە ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە سلێمانی و دەورو بەری بچێتە دۆخێکی نەخوازراو، بۆیە داوا لە سەرانی یەکێتی نوێ دەکەم کە ئەم هێزانە بگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان ،چونکە بەرپرسیاریەتی هەر ئەگەرێک ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.
داعش هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژاڤای کوردستان چڕکردووەتەوە، روانگەی سوریش دەڵێ، ئەمساڵ زیاتر لە 150 جار هێرشکردووەتەسەر هێزە ئەمنییەکانی رۆژاڤا و ئەوانەی هاوکاریان بوون. بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زۆر زیادیکردووە، بەشێوەیەک داعش شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایش و ئەو کەسانەی هاوکاری هێزەکانی رۆژاڤا بووە بە ئامانج گرتووە. دەشڵێ، لە هەشت مانگدا داعش 157 هێرشیکردووەتەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بەهۆیەوە 45 شەڕڤان و ئاسایشی رۆژاڤا و 12 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون. وەک راپۆرتەکە ئاماژەی پێداوە، زۆرینەی هێرشەکانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور، حەسەکە و رەقە بوون.
سەرچاوەیەك لە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی، بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: سەرۆكی یەكێتی دەیەوێت دادگا بەكاربێهێنێت.. تا لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بكات. سەرچاوەکەى نوسینەگەی لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد "سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت دادگا بەکاربهێنیت، بۆ ئەوەی سیناریۆییەک دروست بکات هاوشێوەی سیناریۆکانی پێشوی، تا لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار بکات." بەپێى زانیاریەکانى هاوڵاتى فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند کەسێکى نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەرچووە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هاوڵاتى، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگی دەرچووە و بەرپرسانی ئەمنی داوای ڕادەستکردنیان دەکەن، هێزە ئەمنییەکانیش بەوهۆیەوە کەوتوونەتە ئینزارەوە. سەرچاوەکان وتیان: ئەو چەند کەسە کە ژمارەیان نازانرێت، تۆمەتبارن بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی ئەمنی" لە ماوەکانی ڕابردوودا. هاوکات سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی کەوتونەتە ئینزارەوە و سەرجەم بازگەکان گیراون بۆ ڕێگرییکردن لە ئەگەری هەڵهاتنی ئەو کەسانەی کە وەک دەوترێت "داواکراون". بەهۆى پێدانی فەرمانگەكە بە بازگەكانی سلێمانی، قەرەباڵغییەكی زۆر لەو بازگانە دروست بووە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت حکومەتى بەغداد هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە ئێزدی و مەسیحییەکان دەدات، داواش دەکات پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە. هەر لەڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە". دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ: لە پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین. بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە. ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە: یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت. دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە. دووەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕاگەیاند، نوسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، ئەوەى ئاشکراکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی تاوەکو سبەی نووسراوی فەرمیی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق و سبەی پارەکە خەرج بکرێت، دوای ئەوە هەرێم[ـی کوردستان] راستەوخۆ 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت. سەرچاوەکەی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ ڕاگەیاند، ناردنی مووچە لەسەر رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراق و جێبەجێکردنی بریارەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاوە. بەگوێرەی دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت هەولێر 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ و 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بکات. ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتییان تاوتوێ کرد. ئەندامێکی شاندەکەی هەرێم ڕاگەیاندبوو بەرەوپێشچوونی باش لەکۆبوونەوەکان هەبووە و دەمانەوێت لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی بگەینە ڕێککەوتن." بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچە دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە: 1. ئەو لیژنانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێکهێنراون، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن. 2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت. 3. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق، دووپاتی کردەوە کە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران دەست بەدانیشتنەکانی دەکاتەوە. شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیاندووە، ئەوەی خەڵک لێی دەترسێت ناچێتە ناو دانیشتنەکانەوە کە مەبەست لێى یاساى حەشدى شەعبییە. پەرلەمان چەند مانگێکە شایەتحاڵی مشتومڕو ناکۆکى سیاسیە لەسەر پەسەندکردنى یاسای حەشدى شەعبى، بەتایبەتی دوای ئەوەی مایکل میچڵ وتەبێژی عەرەبی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ئەگەری دەرچوونی یاساکە سزاى ئابوریی ئەمریکا بەسەر عێراقدا بسەپێندرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" دژی ئێران. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا درێغی ناکات لە هەڵوێستی توندتر سەبارەت بە سزا ئابوورییەکان دژی هەر قەوارەیەک یان دەوڵەتێک کە پەیوەندی نایاسایی لەگەڵ ئێراندا هەیە". نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ ڕایگەیاندبوو، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە کە هەردوو جێگرەکەی و سکرتێری گشتی پەرلەمان ئامادەیبوون بۆ "تاوتوێکردنی خێراکردنی دەنگدان لەسەر یاسا گرنگەکان". لەلایەکى دیکەوە فالح فەیاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى هەڵوەشاندنەوەى حەشد بە “خۆکوژى” ناودەبات و دەڵێت، شتى وا روونادات و ئامادەن بەرگرى لە باڵیۆزخانەکان بکەن، رەتیشدەکاتەوە یاساى حەشدى شەعبى ئەو هێزە بکاتە هاوشێوەى سوپاى پاسدارانى ئێران. ئەو وتانەى فەیاز لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا هات کە تێیدا جەختیکردەوە، حەشدى شەعبى هەوڵدەدات خۆى لەو کارانە بەدووربگرێت کە گروپەچەکدارەکان ئەنجامى دەدەن. وتیشى مشتومڕی سیاسی لەسەر یاسای حەشدى شەعبى پەیوەندی بە ناوەڕۆکى یاساکەوە نییە و بەشێک سەرنجیان لەسەر سەرۆکی دەستەکە بووە و لێکچوون لە نێوان یاسای حەشد و هەیکەلی سوپای پاسدارانی ئێراندا ناڕاستە.
رۆژنامەی مەدا بڵاویکردەوە، لە عێراق 32 هەزار کەس پاسپۆرتی دیپلۆماسییان هەیە و 10 هەزار کەسیان ئەوانەن تەنها رۆژێکیش کاری دیپلۆماسییان نەکردووە. رۆژنامەکە قسەی لیژنەى دەستپاکی پەرلەمانی عێراقیی وەک بەڵگە هێناوەتەوە و دەڵێت، لەنێو 32 هەزار پاسپۆرتى دیپلۆماسی لە عێراق 10 هەزاریان یەک رۆژ لە بوارى دیپلۆماسی کاریان نەکردووە. وەزارەتى دەرەوەی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت، ژمارەیەک خەڵک پاسپۆرتى دیپلۆماسییان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان پێدراوە کە یەک رۆژیش نە لە وەزارەتى دەرەوە کاریان کردووە و نە دیپلۆماتکار بوون. ئەوانەی خاوەنی پاسپۆرتی دیپلۆماسین کۆمەلێک دەستکەوت (ئیمتیازات) دەیانگرێتەوە کە لە پاسۆرتی ئاساییدا نییە، لەوانەش دەتوانن گەشتی زیاتر بکەن بۆ وڵاتان بەبێ ڤیزا و سنووردارکردنیان کەمترە وەک لە پاسپۆرتی ئاسایی. هەڵگری پاسپۆرتی ئاسایی عێراقی بەبێ ڤیزا تەنها دەتوانێت بۆ چەند وڵاتێکی کەم گەشت بکات، بەڵام ئەو کەسەی پاسۆپرتی دیپلۆماسی هەیە دەتوانیت بۆ 50 وڵات بەبێ ڤیزا گەشت بکات. جگە لەمانە هەڵگری پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان کارئاسانی زیاتریان بۆ دەکرێت و ئەگەری وەرگرتنی ڤیزایان زیاترە وەک لە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئاسایی. بەشێکی دیکە لەو کارئاسانییانەی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆت دەکات ئەوەیە، کە ئەوانەی خاوەنی ئەم جۆرە پاسپۆرتەن بەدوورن لە دەستگیرکردن و دادگاییکردن لەو وڵاتانەی گەشتی بۆ دەکەن، هاوکاری تایبەتییان دەکرێت لەکاتی گەشتەکاندا بۆ زامنکردنی ئەمنییەتی زیاتر بۆیان، هەروەها دەتوانن بەئاسانی هاتوچۆ بکەن و رێکارە رۆتینییەکانی نێو فڕۆکەخانە نەیانگرێتەوە.