بەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسداران، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران، دەیان موشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. خزمەتگوزاری فریاکەوتنی پزیشکی ئیسرائیل رایگەیاند: تیمەکانیان گەیشتوونەتە (١٠) ناوچە،  كە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووەو (١٨) کەس بریندار بوون.  بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، موشەکەکان ناوچەكانی تەلئەبیب و حەیفایان کردووەتە ئامانج . هاوكات ئاژانسی "فارس" بڵاویكردەوە:  شەپۆلی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 3" بە تاکتیکی نوێ ئەنجامدراوە، بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە موشەکی بالیستی دوور مەودا، کە بە سوتەمەنی شل و ڕەق کاردەکەن، لەگەڵ كڵاوەی جەنگی وێرانکەر كە  توانای پێشکەوتوو هەیە  لە تێپەڕاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن. وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بەیانی ئەمڕۆ كراونەتە  ئامانج ئەمانە بوون: ⦁ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن ⦁ ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆجی قەوارەی زایۆنی ⦁ بنکەكانی پاڵپشتی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دوژمن لە ئاستە جیاجیاکان. لەلایەکى دیکەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی جیددیی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ئەنجامداوە.  ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران هەموو بژاردەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و بەرژەوەندییەکان و گەلەکەی بە پشتبەستن بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان دەکات. لە کاتێکدا ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا، عەراقچی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی ئەم بەیانییە ترسناکن و کاردانەوەی بەردەوامی دەبێت.

  ئیدارەی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دامەزراندنی ئیدارەیەکی گشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ راگەیاند، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی سوریاش بڕیارەكە رەتدەكاتەوە. كردنەوەی فرۆكەخانەی قامیلشۆی راگەیاند پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (١٣٦) کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە دەرچووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئیدارەی گشتی نوێ، لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەربە  ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر دەبێت وهەموو بابەتە کارگێڕی و داراییەکان و کارمەندان بەپێی رێساکان یەکلایی دەکرێنەوە. بڕیارەکەش لە بەرواری دەرچوونی لە (٩)ی حوزەیرانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر جێبەجێکردنی بکەن. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی شارستانی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە ئێستادا  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ داخراوه، ئەم داخستنەش بەركارو پابەندکەرە بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان. ئاماژەی بەوەشكردووە: دەستەكەیان تاکە دەزگایە کە لەڕووی  یاسایی رێگەپێدراوە بە بەڕێوەبردن و كارپێكردنی فڕۆکەخانەکانی کۆماری عەرەبی سوریاو، رێکخستنی هاتوچۆی ئاسمانی لەناو ئاسمانی سوریادا هەیە. جەختیشدەكات لەوەی، فرۆكەخانەی قامیشلۆ داخراوەو بڕیاری کارکردن یان به کارهێنانی تەنیا لەلایەن دەستەكەوە دەردەچێت،  هەر هەوڵێکيش بۆ بەکارهێنانی بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندی فەرمی، پێشێلکردنی روونی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رێكخستنی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی ئاسمانییە.

  گروپى چەکدارى حوسییەکان دەڵێن ئەگەر ئەمریکا بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەشدارى هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات، ئەوا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان دەستپێدەکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو گروپە پێشتر ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە. لە بەیاننامەکەدا یاخیبووانی حوسی هەڵوێستی خۆیان دووپاتکردەوە و هێرشى ئیسرائیلیان ڕەتکردەوە، دەڵێن: دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر برایانمان لە غەززە، لوبنان، سوریا و هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی باجى خۆى دەبێت. حوسییەکان زیادیان کرد: ناتوانین لەبەرامبەر هیچ هێرش و دەستدرێژییەکی ئەمریکی بێدەنگ بین، هەر هێرشێک یان دەستدرێژییەکی ئەمریکی بۆ سەر ئێران، بۆ پشتیوانی لە دوژمنی ئیسرائیل، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە تەحەمول ناکرێت. "شەڕەکە لەگەڵ ئیسرائیلە، دەستدرێژکارەکەی دژی ئێران، لەگەڵ تاوانەکانی پێشووی دژی گەلی فەلەستین، هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر گەلانی لوبنان و سوریا، هەروەها دەستدرێژیەکانی بۆ سەر یەمەن، پاشان گۆڕاوە بۆ دەستدرێژییەکی هەمەلایەنە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەژێر ئاڵای گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەمە بەپێى بەیاننامەکەى ئەوان. وسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکداری پەیڕەوانی مەزهەبی زەیدین کە یەکێکە لە مەزهەبەکانی ئایینی شیعە لە ئیسلامدا. ئەم گرووپە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دروستبوو کە بە گوتەی خۆیان بەرەنگاری گەندەڵییە بەرفەراوانەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری یەمەن ببنەوە. ناوی ئەو گرووپە لە حوسێن ئەلحوسی دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە هاتووە. هەروەها بەخۆیان دەڵێن ئەنساروڵا یان یارانی خودا. دوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، حوسییەکان ئەم دروشمەیان هەڵبژارد، "اڵڵە و ئەکبەر - مردن بۆ ئەمەریکا - مردن بۆ ئیسرائیل - نەفرەت لە جووەکان- سەرکەوتن بۆ ئیسلام". ئەم گرووپە، وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان، خۆیان وەک بەشێک لە "میحوەری بەرخۆدان" دەزانن کە ئێران لە لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیان دەکات. لە کۆتایی ساڵی 2014 دا جەنگی نێوخۆیی لە یەمەن دەستیپێکرد، حوسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کرد. بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانییەوە سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتی شیعە لەسەر سنوورەکەی، سعودیە لە مانگی سێی ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دامەزراند و دەستیوەردایە جەنگەکەی ناو یەمەنەوە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات. حوسییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکوور و ناوچە گەورەکانی ناوەڕاستی یەمەنییان کرد، هاوکات حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەنیش چووە عەدەن.

ئەبو عەلی خەلیل، پاسەوانى تایبەت و هاورێى نزیکى حەسەن ن.ەس.روڵڵا لەعێراقەوە چووەتە ئێران ئەمڕۆ لەهێرشێکى ئیسرائیل لەگەڵ کوڕەکەی کوژراوە.   بەرپرسێکی باڵاى ئەمنی حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، پاسەوانەکەى حەسەن نەسروڵڵا، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لەکاتێکدا لە ئێران بووە، کوژراوە. ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئەبو عەلی خەلیل ناسراو بە ئەبو عەلی جەواد دوای ئەوەی لە عێراقی دراوسێوە چووەتە ئێران کوژراوە. ساڵانێکی زۆر ئەبو عەلی لە زۆربەی دەرکەوتنە گشتیەکانیدا لە پشتی نەسروڵڵا دەبینرا. دوای ئەوەی نەسروڵڵا لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەیروت کوژرا، پاسەوانەکەی کرایە بەرپرسی گۆڕەکەی لە بەیروت. ئەو بەرپرسەی حزبوڵا بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات، چونکە دەسەڵاتی ئەوەی نییە قسە لەگەڵ میدیاکان بکات، دەڵێت، ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە ئەبو عەلی کوژرا،  ئەمڕۆ ئەنجامدراوە. (ئێمە زۆرمان خۆشدەوێت، ان شاءاللە پێکەوە دەبین)، ئەمە دواقسەو پەیامی ئەبو عەلی، پاسەوانی تایبەتى نەسروڵڵابووە. لە ١٣ی حوزەیرانەوە ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و موشەکى و فرۆکەى بێ فرۆکەوانى کردوەتە سەر شوێنە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردەی باڵای سەربازی ئێران لەوان سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەی سپای پاسداران. هەروەها بووە هۆی تیرۆرکردنی نزیکەی ١٧ زانای ئەتۆمی ئێرانی، بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل.

  ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەشێوەیەکى بەردەوام و 24 کاتژمێری کراوەن و هیچ کێشەیەک دروست نەبووەـ ئەمەش بەپێى وتى کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، محەممەد مەحموودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاردانەوەکان لەسەر جەنگەکە قسەی کرد.  کونسوڵی ئێران لە سلێمانی وتى: دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بوەستن، ئێمەش هێرشەکانمان رادەگرین." لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش جەختى کردەوە خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکی شەڕەکەدا سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند.   محەممەد مەحموودیان باسی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرد و وتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکۆنەکردنی ئەم جەنگە هەڵوێستی خۆیان راگەیاند.   کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، "کراوەن و هیچ کێشەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست نەبووە."   رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "شێری راپەڕیو" راگەیاند و هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران.    لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ـی راگەیاند و بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 

  لە ماوەی نۆ ڕۆژی شەڕی بێ وێنەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەواڵگری ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر بە ئامانجگرتنی سەرکردە سەربازییە سەرەکییەکان، بەتایبەتی لەناو سوپای پاسداران و هەروەها "زانایانی ئەتۆمی " چڕکردەوە . لە 13ی حوزەیرانەوە، ئیسرائیل نزیکەی 17 زانای ناسراوی ئەتۆمی ئێرانی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کوشتووە، بەپێی ئەوەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئێرانییەکان کوژرانی زانای ناوەکی ئیتار تەباتەبایی و هاوسەرەکەییان لە ماڵەکەی خۆیان ڕاگەیاندووە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە هەفتەى ڕابردوو شوقەکەیان کردە ئامانج، بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی. پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئێران تیرۆرکردنی فێریدوون عەباسی، زانای ناوداری ناوکی و پێشتر وەک سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و هەروەها ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغاری، مامۆستای ئەندازیاری ئەتۆمی ڕاگەیاندبوو. بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، ئیسرائیل شەوی رابردوو "دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج"ی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج.   ئەو بەرپرسە سەربازییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "ئێمە لە یەکەم 24 کاژێری ئۆپەراسیۆنەکەماندا ئەسفەهانمان کردە ئامانج، بەڵام شەوی رابردوو زنجیرەی دووەمی هێرشەکانمان بۆ سەر ئەوێ ئەنجامدا، بەمەش دەستکەوتەکانمان گەورەتر کرد و زیانەکانمان لەسەر دامەزراوەکە زیاتر کرد."   ئەو بەرپرسە سەربازییە گوتیشی، بەئامانجکردنی دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج لە ئیسفەهان، "جگە لە چەند بنکەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج بووە کە لە رۆژانی رابردوودا توانیمان بە سەرکەوتوویی بیانکەینە ئامانج."

  لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەپۆلێکی زانیاری ناڕاست بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، دەیان پۆست و وێنەى ڤیدیۆیان دروستکردوە دژى یەکترى و بەدەیان ملیۆن بینەریشیان هەبووە. کەناڵى بى بى سى، راپۆرتێکى بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە شیکارییان بۆ کۆمەڵێک ڤیدیۆکردوە دەرکەوتووە کە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراون، ئەوانە شانازی بە توانا سەربازییەکانی ئێرانەوە دەکەن. سێ ڤیدیۆی ساختە کە زۆرترین بینەری هەبووە کە بی بی سی ڤێریفای دۆزیویەتیەوە، بە کۆی گشتی زیاتر لە 100 ملیۆن بینەری لە چەندین پلاتفۆرمدا کۆکردۆتەوە. هەروەها ئەکاونتەکانی لایەنگری ئیسرائیل زانیاری ناڕاستیان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکردۆتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بە دووبارە بڵاوکردنەوەی کلیپە کۆنەکانی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان لە ئێران، بە درۆ بانگەشەى ئەوەیان کردووە کە ئەوان ناڕەزایەتی زیادبوون لە دژی حکومەت و پشتیوانی لە نێو ئێرانییەکان بۆ هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل نیشان دەدەن. ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیران هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەو هۆیەوە چەندین هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. ڕێکخراوێک کە شیکاری وێنەی سەرچاوە کراوە دەکات، قەبارەی زانیارییە ناڕاستەکانی ئۆنلاین بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف دەکات و هەندێک لە "بەکارهێنەران و بەشداران"ی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە هەوڵدەدەن قازانج لە ململانێکان بکەن بە هاوبەشکردنی ناوەڕۆکی چەواشەکارانە کە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئۆنلاین داڕێژراوە. هەندێک ئەکاونت بوونەتە "سوپەر-بڵاوکەرەوە"ی زانیاری هەڵە، پاداشت دەکرێن بە گەشەیەکی بەرچاو لە ژمارەی فۆڵۆوەرەکانیان. یەکێک لە ئەکاونتەکانی لایەنگری ئێران کە هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرای لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران نییە -  فۆڵۆوەرەکانی لە X  ٧٠٠ هەزاربووە لە ١٣ی حوزەیرانەوە بۆ ١.٤ ملیۆن تا ١٩ی حوزەیران گەشەیان کردووە، کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ١٠٠% زیادیکردووە. گرتەیەکی دیکە کە گوایە لە درەنگانی شەودا بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی شاری ئیسرائیل. خاتوو سەلیبا وتی زۆرجار کلیپەکان هێرشەکانی شەوانە نیشان دەدەن، ئەمەش وایکردووە پشتڕاستکردنەوەیان بە تایبەتی قورس بێت. هەروەها ساختەکارییەکانی ئای ئای تیشکیان خستۆتە سەر بانگەشەى لەناوبردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئێف ٣٥، کە فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی دروستکراوی ئەمریکایە و توانای لێدانی ئامانجە زەمینی و ئاسمانییەکانی هەیە.  لیزا کاپلان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی شیکارانی ئەلیتیا بە بی بی سی ڤێریفای ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئەو هێرشە کلیپانە ڕاستەقینە بووایە ئێران 15%ی فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لەناو دەبرد. تا ئێستا هیچ گرتەیەکی فڕۆکەی ئێف-٣٥مان نەسەلماندووە کە خراوەتە خوارەوە.

  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەزمانێکى زۆر توند هێرش دەکاتە سەر نەتەنیاهۆو وەک هیتلەر ناویبرد، ڕاشیدەگەیەنێت بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران ئیدانە دەکەم، گومانم نییە گەلی ئێرانیش ئەم ڕۆژانەدا تێدەپەڕێت.  لەکۆبوونەوەى ڕێکخراوی لوتکەی هاوکاری ئیسلامی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکردو باسى لەشەڕى ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخى غەززەو سوریاى کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا ئەردۆغان وتى: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وادەکات سیاسیەتی وێرانکاریی بەردەوام بێت،  ئیسرائیل لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و کۆمەڵکوژى دەکات  نەتەنیاهۆ وەک هیتلەرەو کۆپییەکى ئەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، هێرشەکان لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چڕتر دەبوونەوە. حکومەتی نەتانیاهۆ ئامانجی تێکدانی پرۆسەی دانوستان بوو بە هێرشەکانی لە ١٣ی حوزەیران. وتیشى: ئیسرائیل لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە شانبەشانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بژی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، هەوڵدەدات شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە. وەک چۆن ئەو پریشکە کە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هیتلەرەوە داگیرسابوو، جیهانی ئاگری تێبەردا، تەماحەکانی زایۆنیستی نەتانیاهۆ جگە لە ڕاکێشانی جیهان بۆ کارەسات، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى خستەڕوو، بانگەواز بۆ ئەو وڵاتانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیل هەیە؛ نابێت کەس گرنگی بە قسە ژەهراویەکانی نەتانیاهۆ بدات کە بە ستایشەوە پێچراوەتەوە.  وتى: پێویستە لەم کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکەماندا کە نوێنەرایەتی دەنگ و ویژدانی ئومەت دەکات، بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان لە دژی سیاسەتی ئیسرائیل بە بیروڕای گشتی جیهان ڕابگەیەنین.

  سەرۆکى ڕووسیا، ڕایدەگەیەنێت مۆسکۆ چەندین جار ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە. لەچاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى عەرەبى، ڤلادمێر پوتین سەرۆکى ڕووسیا، سەبارەت بە پرسى ئێران دووپاتی کردەوە مۆسکۆ پشتیوانی لە مافی ئێران دەکات بۆ بەکارهێنانی ووزەى ئەتۆمی بۆ مەبەستى ئاشتیانه، ئاماژەى بەوەشدا ڕوسیا  ئامادەى پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویستە لەم بوارەدا. پوتین لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ چەندین جار بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە، جەختی لەسەر گرنگی وتووێژ بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوبەش کردەوە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕێڕەوی دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وتی: ئێمە پێمان وایە ئێران مافی خۆیەتی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاربهێنێت،  ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک وردەکاری هەیە کە دەتوانرێت یان پێویستە ڕێککەوتن لەسەر بکرێت. سەبارەت بە گرژییە بەردەوامەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، پوتین داوا دەکات نەرمی لە هەردوولاوە بنوێنرێت، وتى: ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان هەن. ناوبراو دەختى کردەوە ئێران و ئیسرائیل دەبێ لە دانوستانەکاندا نەرمی نیشان بدەن، ڕێگا و ئامراز هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ ئەم پرسە. سەرۆکى ڕوسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەوڵی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی نادات و ئاماژەی بەوەدا کە "دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەڵگەی نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە ئێران خاوەنی ئەو جۆرە چەکە بێت یان هەوڵی هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکی ئەتۆمییە". سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی لە هەر شوێنێکی جیهان و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بڕیارنامەیەکی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەرکردووە، ئەمەش بابەتێکی ئەوپەڕی گرنگییە و دەبێت بە جددی وەربگیرێت.

  هەپەگە-نەڕەچە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورک لەسەر هەرێم و تونێلەکانی گەریلا بە بەکار‌هێنانی هەموو جۆرە چەکێک بەردوامە، لە بەرانبەر هێرشکاندا گەریلا لە پێگەی خۆپارێزییدایە و ٤ درۆنی خستووەتە خوارەوە و دەستی بەسەر ٢ درۆنیشدا گرتووە. ڕاگەیاندراوەکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-نەڕەچە) بەم شێوەیەیە: "هێرشەکانی سوپای تورک لە ڕۆژئاوای زاپ و هەرێمی مەتینا لە دژی گەریلا بەردەوامە. لە نێوان ١٢-٢٠ـی حوزەیراندا ٥ جار بە بەتەقەمەنی قورس، ٤٥ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و گازی کیمیایی، ٤٣ جار بە حەفارە، سەدان جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن هێرشی سەر تونێلەکانی گەریلا کراوە. هێزەکانی گەریلامان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی ئەم هێرشانەیان دایەوە. هێرشی سەر هێزەکانمان و وەڵامدانەوەیان بەم شیوەیەیە؛ هێرشەکانی سوپای تورک؛ ١٥، ١٧ و ١٩ـی حوزەیران تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕژئاوای زاپ ٥ جار بە تەقەمەنی بۆردوومان کراون. لە نێوان ١٢-١٨ـی حوزەیران تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕژئاوای زاپ ٢٣ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و گازی کیمیایی بۆردوومان کران. لە نێوان ١١-١٤ـی حوزەیران تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شێلازێ، بێشیلی و دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا ٢٢ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کران. لە نێوان ١٢-١٩ـی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٤٣ جار هەوڵدار لە ڕێگەی حەفارە و ئامێری زەوی کونکردنەوە تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی داڕوخێندرێت. لە نێوان ١٢-٢٠ـی حوزەیران گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازێ، بێشیلی، سەری مەتینا، دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ، گرگاشێ، دەشتی کافیا، مژێ، گردی کون، گردی زەنگل، زێڤکێ، حەفتەباخ، سپیندارێ، لە هەرێمی گارە، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەری زینێ، سنین لە هەرێمی خواکوڕک بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کران. وەڵامدانەی هێزەکانمان؛ ١٣، ١٥، ١٦ و ١٩ـی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ هێزەکانی یەژا ستارمانەوە بە تەکنیک گورزییان لە ئامانجێک دا کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە پێگەی هێرشکردندا بوو. درۆنێکی سوپای تورک خرایە خوارەوە. ١٦، ١٧، ١٨ و ١٩ـی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە پێشەنگایەتی هێزەکانی یەژا ستارمان بە تەکنیک گورزیان لە ئامانجێک دا کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار لە پێگەی هێرشکردندا بوو. ١٢، ١٣، ١٤ و ١٦ـی حوزەیران لە هەرێمی مەتینا ئەو ئامانجانەی کە لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سەری مەتینا و بێشیلی لە پێگەی هێرشکردندا بوون و بانگەوازی  سوکایەتیکرنیان دژ بە هێزەکانمانیان دەکرد، بوونە ئامانجی هێزەکانمان بە پێشەنگایەتی یەژا ستار. ٣ درۆن خرایە خوارەوە، دەست بەسەر ٢ درۆنی دیکەدا گیرا."

  ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا دەستوەردانی سەربازی لە ململانێی ئیسرائیل و ئێران نەکات، ئەوە ئیسرائیل بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.  تۆڕی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل بریتییە لە پشتبەستن بە یەکەی 5101ـی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە 'شاڵداگ' ناسراوە. مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی ئەم یەکەیە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان بچنە ناو کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکی ئێران کە لە ژێرزەوی سووریا بوو. عامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "شوێنێکی هاوشێوەی دامەزراوەی فۆردۆ هەبووە، کە سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی، مووشەکی بالیستیی پێشکەوتوو و ورد، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئێران و پارەی ئێران بەرهەمدەهێنا." ئیسرائیل چەند جارێک لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردبووە سەر ئەو شوێنە نهێنییەی سووریا بەڵام نەیتوانی لەناوی ببات. بەڵام سەربازانی یەکەی شاڵداگ چوونە ناو ئەو شوێنەی لە ژێر زەوی بوو، بۆمبیان چاند و دواتر لە دوورەوە تەقاندیانەوە. ئەو شوێنەی سووریا 90 مەتر لە ژێر زەوی دروست کرابوو، وەک دامەزراوەی فۆردۆ، کە لەنێو شاخەکانی باشووری تاران هەڵکەوتووە. یادلین گوتیشی: "هێزی ئاسمانی پارێزگاریان لە سەربازانی دەوروبەری دەکرد، دواتر یەکەی شاڵداگ چوونەتە ژوورەوە و شوێنەکەیان لەناوبرد." ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرکەسێک بیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وێستگەی فۆردۆ. ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا دامەزراوەی فۆردۆ لەناوببات، ئاماژەی بەوەش دا، تواناکانی ئیسرائیل زۆر سنووردارە، دەتوانن بچنە ناو بەشێکی بچووکەوە، بەڵام ناتوانن بە قووڵی بچنە ناوەوەی دامەزراوەکە، ئەو توانایەیان نییە."

  رۆژنامەی" الشرق الاوسط" : دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی باڵاترین دادگای دەستوری لە عێراق، هەڕەشە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات لە وادەی خۆیدا، كە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی چەتری یاسایی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان. لە کاتێکدا دەستلەکارکێشانەوەی شەش دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی كتوپڕو تەمومژاوی دەرکەوت، راپۆرتە میدیا ناوخۆییەکان، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەیان گێڕایەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی دادگا، جاسم محەمەد، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە کۆبونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە مشتومڕاوییەکانی نێوان دادگای تێهەڵچونەوەو دادگای فیدراڵی.  بەڵام ئەو سیاسیانەی كە رۆژنامەكە دواندونی،  ئاماژەیان بەوە کردووە، هۆکارەکە، لە ناکۆکی نێوان سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر جاسم عومێری و دادوەر فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە، سەرچاوە دەگرێت. هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی ناوخۆیی و پێشگرتن لە تێکچونی سەقامگیری، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی لێكەوتەكانی روبەڕوبونەوەی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل. سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوەکردووە: هێزەکانی چوارچێوەکە ترسیان لە لێكەوتەكانی ئەو بۆشاییە هەیە کە لە ئەنجامی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵیەوە دروست دەبێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەکەی گوتوە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان لە لێکەوتەکانی دروستبوونی ئەو بۆشاییە هەیە کە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکانەوە دروستبووە و دەیانەوێت کۆنترۆڵی دۆخی ناوخۆی سیاسی بکەن و رێگری بکەن لە روودانی هەر رووداوێک، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە. پێنج شەممەی رابردوو شەش ئەنجامی هەمیشەیی و سێ ئەنجامی یەدەگی دادگای فیدراڵی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکشەشکرد.

  سەرۆکی بەشی هەواڵگری پۆلیسی پارێزگای قومی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی گوتووە، لەسەرەتای شەڕی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵمەتیان بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکەن دەستپێکردووە و لە هەشت رۆژدا 22 کەسیان دەستگیرکردووە. دەشڵێ، دەستگیرکراوەکان سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل کردووە و زانیاریان لەبارەی ئێرانەوە پێداون. هاوکات فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بوشەهر  دەڵێت، بەشی هەواڵگری هێزەکانیان ٩ کەسیان دەستگیرکردوە کە سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل کردوە و پشێویان ناوەتەوە و  بونەتە هۆکاری تێکدانی ئاسایش. لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، پۆلیسی ئێران هەڵمەتێکی لە شارەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل کردووە.

  دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت جێى سەرسوڕمانە کەهیشتا ئەو هەرگیز خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەست نەهێناوە، وتى: دەبوو چوار یان پێنج جار بەدەستم بهێنایە و دەبێت ئەو خەڵاتەم پێبدرێت. دواى ئەوەى کەمێک لەمەوبەر گەیشتە  ویلایەتی نیوجێرسی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان قسەى کردو وڵامى چەند پرسیارێکى لەسەر ئێران و ئیسرائیل دایەوە. ئەو لەسەرەتادا وتى: دەبێت خەڵاتی نۆبڵم بدەنێ بۆ ڕواندا و ئایا سەیری کۆنگۆت کردووە؟ دەتوانیت بڵێیت سربیا. دەتوانیت زۆریان بڵێیت. شەڕە گەورەکە هیندستان و پاکستان، ئەوانەم ڕاگرتووە، دەبوو چوار یان پێنج جار بەدەستم بهێنابا، ئەوان نایدەن، چونکە تەنها دەیدەن بە لیبراڵەکان. دۆناڵد ترەمپ لەیەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتی: گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین، بزانین لەدوای ئەوە چی روودەدات، وابزانم دوو هەفتە کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بزانین ئێرانییەکان بە هۆش دێنەوە یان نا، ئەو ماوەیە زۆرترین ماوەیە کە پێم داون.   سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە ئێران نزیکبووە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم، چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکى کەمیان ماوە بۆ ئەوەی چەکێکیان هەبێت. ترامپ وتی "زۆر قورس دەبێت" داوا لە ئیسرائیل بکرێت کۆتایی بە هێرشەکانی ئێران بهێنێت، چونکە ئیسرائیل لەڕووی شەڕەوە ئاستێکی باشی هەیە و پێموایە دەبوو بڵێیت ئێران کەمترین کاردانەوەى هەیە.

  لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرانى ئەوروپا وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە هەركات هێرشی ئیسرائیل وەستا ئەوكات دەست بە دانوستانەكان دەكەینەوە. ئەمشەو دوانى نزیکەى دوو کاتژمێر کۆبوونەوی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هات. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: ئێران ئامادەیە جارێكی تر بیر لە رێكارە دیپلۆماسییەکان بكاتەوە، توانا بەرگرییەکانیشی قابیلی دانوستان نییە.  ناوبراو هێماى بۆ ئەوەشکرد، بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ئاشتیانەو لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، ئەمڕۆ گفتوگۆیەكی جدیمان كرد لە كەشێكی رێزلێگیراودا. وتیشى: نیگەرانین لە ئیدانەکردنی هێرشە قێزەونەکانی ئیسرائیل، لەلایەن هەندێک وڵاتەوە. هەر لەو کۆنفرانسەدا، یۆهان وادپۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران مەترسییەکی گەورەیە و لە داهاتوو راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە.   وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتیشی: لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەم گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەمان کرد. هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد تەنیا گەلی ئێران دەتوانن چارەنوسی رژێم یەکلایی بکاتەوە. بەوتەى وەزیرەکەى فەرەنسا، عراقچی ئامادەیی دەربڕی هەموو دۆسیەكان بخاتە سەر مێزی دانوستان، وتیشى: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا دەتوانن بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوابخەن، نەک کۆتایی پێبهێنن.