وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگە جولەکەکانی بەریتانیا و بەلجیکا کرد کە بەخێرایی ئەو دوو وڵاتەبەجێبهێڵن، چونکە وەک پێشتر نەماوەو ئیسلامیە توندڕەوەکان باڵا دەستن. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ چەند میدیایەکى وڵاتەکەى، ئەمیچای شێکلی، وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە بارودۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورى لەناو گەلى بەریتانیاو بەلجیکادا بەرەو ئاستێکی نیگەرانی جددی تێکچووە. ئەمیچای شێکلی، وتى: بەلجیکا و بەریتانیا تا ڕادەیەکی زۆر ئاستیان دابەزیون، بەرەو خوارەوە دێن، ئەگەر گۆڕانکارییەکی سیاسی دراماتیک ڕوونەدات، هەردوو وڵات ڕووبەڕووی "داگیرکاریى ئیسلامییەکان دەبنەوە".  بە بڕوای ئەو وەزیرە، پەرەسەندنی کاریگەریی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، بارودۆخى ئەمنی و کولتووری ئەو کۆمەڵگایە ئەوروپیانەی خستۆتە مەترسییەوە و کۆمەڵگە جوولەکەکانیش بە لاوازی و بێ پارێزراو هێشتووەتەوە. وەزیرەکەى ئیسرائیل بەشێکی زۆری تاوانەکانی خستە سەر ئەوەی کە بە شکستی سیاسەتە فرە کولتورییەکانی ئەوروپا وەسفی کرد. ئەو ڕایگەیاند: فرە کولتوری لە ئەوروپا شکستی هێناوە و لەبری پەروەردەکردنی گشتگیری و ڕێزگرتنی یەکتر، ئەم سیاسەتانە بوونەتە هۆی بەهێزکردنی ئایدۆلۆژیای توندڕەویی.  ئەو تا ئەو شوێنە ڕۆیشت کە بڵێت گەلانی وەک بەریتانیا ئێستا "لەلایەن ئیسلامییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و تەنها ملکەچن"، بەرەنگارییەکی کەمی پێشکەش بەو شتە کردووە کە ئەو وەک ڕەوتێکی مەترسیدار سەیری دەکات. لێدوانەکانی ئەمیچای شێکلی پێشتر ڕەخنەی هەندێک ڕەوەندی جوولەکە و ڕێکخراوە جوولەکەکانی ئەوروپای لێکەوتەوە، دەڵێن ئەم جۆرە لێدوانانە دەتوانن ئاگرو بلێسەى تورەییەکان زیاتر دەکات، هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژە جوولەکە و بەرەوپێشبردنی یەکگرتن دەخاتە ژێر پرسیارەوە. 

وتەبێژى کۆشکی سپی جەختدەكات، بەر لە هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی، ئێران یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی نەگواستووەتەوە، دەڵێت: لە ژێر داروپەردودایە. کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، بە كەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاند: دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی بەدەست نەگەیشتووە کە یۆرانیۆمی پیتێنراو، پێش هێرشەکان گواسترابێتەوە، هەر زانیارییەكیش بە پێچەوانەوەی ئەوە، هەڵەیە.  وتيشى: سەبارەت بەوەی ئێستا چی لەو شوێنانەش هەیە، ئەوە لەژێر زەوی داپۆشراوە،  لە ئەنجامی سەرکەوتنی ئەو گورزە گەورەیەی شەوی شەممەی رابردوو ئاڕاستەی كرا. وتەكانی وتەبێژی كۆشكی سپی لەكاتێدایە، شارەزایان دەڵێن، رەنگە ئێران پێش هێرشەکە كەوتبێت،  بە بەتاڵکردنی کۆگاکانی ئەو پێگە ئەتۆمییانە كە بڕی نزیکەی (٤٠٠) کیلۆگرام یۆرانیۆمی تیادابووە، كە بە ئاستی لە (60%)  پیتێنراوە. بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سەرچاوە ئێرانییەکان پێشتر ئاشکرایان کردووە، یۆرانیۆمی پیتێنراویان لە پێگەی فۆردۆوە گواستووەتەوە بۆ شوێنی تر رۆژی چوارشەممە 25-06-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە لاهای - هۆڵەندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو بۆسەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، بووە هۆی "تەواو وێرانبوونیان" و بە خێرایی کۆتایی بە جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش هێنا.   سەرۆکی ئەمریکا زیانەکانی هێرشەکەی بە بۆمبە ئەتۆمییەکانی سەر هێرۆشیما و ناگاساکی لە ساڵی 1945 چواند و گوتی، "نامەوێت نموونەی هێرۆشیما و ناگاساکی بەکاربهێنم، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمان شت بوو. ئەوە کۆتایی بە جەنگێک هێنا."   ترەمپ جەختی کردەوە، "ئەمە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل - ئێران هێنا. ئەگەر ئێمە ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەمان وێران نەکردایە، ئەوا ئەوان ئێستاش لە شەڕدا دەبوون."   سەبارەت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە رۆژی سێشەممە لە میدیاکانی ئەمریکاوە دزەیان پێکرا و باسیان لەوە دەکرد کە هێرشەکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تەنیا بۆ چەند مانگێک دواخستووە، ترەمپ گوتی، "ئەوان [سەرچاوە هەواڵگرییەکان] بەڕاستی نازانن وردەکاریی زیانەکە چەندە." ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ناتوانرێت قەبارەی زیانەکانی سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە. هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردەوە، دامەزراوەی فۆردۆ "بە تەواوەتی وێران کراوە."  

  میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، ئێران ئاسمانی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا کردووەتەوە، ئەوەش دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دوای شەڕێکی 12 ڕۆژە. ئێران لە ١٣ی ئەم مانگەدا ئاسمانی خۆی داخست دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەستیپێکرد و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و ڕەوانەکردنى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسۆائیل وەڵامی دایەوە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا لە زاری مەجید ئێخوان، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە زاری مەجید ئەخەوانەوە بڵاویکردەوە، "ناوچەی ئاسمانی بەسەر نیوەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە، و تەنها بۆ گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە لە فڕۆکەخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەڵدەستن یان دەگەنە فڕۆکەخانەکان". بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، فڕۆکەخانەی مەشهەد یەکێکە لەو فڕۆکەخانانەی ئیسرائیل لە کاتی جەنگ بۆردومانی کرد، بەڵام ئەمڕۆ دەستی بە گەشتەکانی کردووەتەوە. گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە لەسەر ئاستی هەموو ئێران لەنێویاندا تاران، تا کاتێکی نادیار بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە. مەجید ئێخوان، رایگەیاند، دوای رەزامەندی لیژنەی هاوئاهەنگیی سەربازی و مەدەنی و رێکخراوی فڕۆکەوانی، پێداچوونەوە بە ئاسایش و سەلامەتی لە بارودۆخی ئێستای وڵاتدا، ئاسمانی نیوەی رۆژهەڵاتی وڵات بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ترانزێت و هەروەها گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی وڵات کرایەوە.   مەجید ئێخوان گوتی، "ئەو فڕۆکەخانانەی رێگەپێدراون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئێران گەشتیان تێدا بکرێت بریتین لە بۆجنوورد، سەبزەوار، مەشهەد، بیرجەند، زابۆل، زاهیدان، سەراوان، چابەهار، ئێرانشار، سەرخس، گۆناباد، جیرۆفت و جاسکە."

  بڕیارە ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەدژی دواکەوتنی مووچە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام هێزێکى زۆری ئەمنی بۆ رێگری لە خۆپیشاندانەکە بڵاوەی پێکراوە. مونیرە عەبدوڵا یەکێک لە ئەندامانى خوپیشاندانەکە دەڵێت: کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچە لەبەردەم بیناى بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن. هاوکات سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێگەنادەن خۆپیشاندان لە سلێمانی بكرێت، چونکە زانیارییان هەیە چەند دەستێك دەیەوێت خۆپیشاندانەكە تێكبدات و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. پەیامنێرى هاوڵاتى لە سلێمانى وتى: لەشەوى رابردووە، لە شەقامى سالم و چەند شوێنێکى سلێمانى هێزێکى زۆرى ئەمنى بڵاوەی پێکراوە بۆ رێگری لە خۆپیشاندانەکە و تائێستاش ئاسایش 13 کەسی لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکردووە کە دەیانەوێت بۆ مووچە خۆپیشاندان بکەن. شەوى ڕابردوش بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکیدا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات و دەڵێت: دەستگیرکردنى مامۆستایان ئەوپەڕی ترسە لە خەڵک و دەنگی ئەوانەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان قبوڵ نییە.

  وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت دواى ئەوەى لەشەڕى ئێران سەرکەوتوو بووین هیچ بیانوویەک نەماوە بوونى غەززەو پێویستە دەرگاى دۆزەخ بکەینەوەو حەماس بسڕدرێتەوە نەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، کە هاوکات ئەندامی کابینەی سیاسی و ئەمنییە، باس لەئاگربەست لەگەڵ ئێران و چۆنیەتى  ئۆپەراسیۆنەکە و بەردەوامی شەڕ لە کەرتی غەززە دەکات. ئامانجەکانی شەڕی غەززەی ڕوونکردەوە، دەڵێت: ئامانجەکان ڕووخانی حەماسە، من تازە لە کۆبوونەوەی حکومەت دەگەڕێمەوە. لەوێ بە سەرۆک وەزیرانم گوت: تۆ هەنگاوێکی مێژوویی لە ئێران ناوەو ئێران سەرکەوتوو بووین دەبێت دوژمنەکانمان لە غەززە لەناوببەین. جەختیشیکردەوە ئەوان توانای ئەوەیان هەیە دەروازەی دۆزەخیان لەسەر بکەنەوە، وتى: من باسی ئەندامانی حەماس دەکەم - نابێت ئەوان لەنێو زیندووەکاندا بن، هەزاران لەوانە، ڕەنگە زیاتریش پێویستە هەموویان بە بەرنامە هانیان بدەین کۆچ بکەن، خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئەمە بکەین. وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، باس لەوەدەکات ئێمە سەدان کوژراو بریندامان هەبووە لە غەززە دەمەوێت چالاکییەکانمان چڕتر بکەینەوە لەوێ، پێویستە هەنگاوێک بنرێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.

  شاندێکی نێودەوڵەتى، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی کە بە بانگەوازی ٢٧ی شوبات عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد، دەچێتە ئیستەنبوڵ. شاندەکە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و داواکاری فەرمی پێشکەش دەکات بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئاپۆ. شاندەکە بە ڕۆژەڤی پرۆسەکە دەچێتە ئیستەنبوڵ، لەم شاندەدا کەسانی ئەکادیمی و سەندیکایی و ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەر و پەرلەمانتار و زانا و فێمێنیست و نووسەر و لێکۆڵەر و سەرۆک شارەوانییەکان لە نەمسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کەتەلۆنیا، فەرەنسا، سویسرا و ژاپۆن، بەشدارن. سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە ١ ی تەمموزەوە دەست پێ دەکات. شاندەکە سەرەتا سەردانی نووسینگەی یاسایی سەدە دەکات و لەگەڵ پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبێتەوە. پاشان لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان کۆدەبێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆبوونەوانەدا بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن. شاندەکە لە ٢ی تەمموز لە هیل ئوتێلی تەقسیم مێزگردێک ڕێکدەخات. چاوەڕێ دەکرێت لە مێزگردەکەدا هەموو بەشداربووان قسەبکەن و بۆچوون و پێشنیارەکانیان دەربارەی پرۆسەکە بخەنەڕوو. چاوەڕێ دەکرێت دواتر نەخشەڕێگایەک ەربارەی پرۆسەکە ڕابگەیەنرێت. هەروەها شاندەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەم" داواکاری فەرمی پێشکەش دەکات بۆ سەردانکردنی ئیمراڵی.

  ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە لاهای، ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیەکی "باش" و "بنیاتنەر"یان ڕاگەیاند، هاوکات ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا ڕەزامەندى دەردەبڕێت بۆ ناردنی مووشەکی زیاتری پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا. زێلێنسکی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە، "باسمان لە ڕێگاکانی گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتی ڕاستەقینە" لە ئۆکرانیا کرد، ئەمەش دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا. ئەو کۆبوونەوەکەی بە "درێژخایەن و بنیاتنەر" وەسف کرد. بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، زیلێنسکی "لەو گفتوگۆیە ڕازییە و سوپاسگوزاری ترەمپە". ئەو بەرپرسە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، دووپاتی کردەوە کە کۆبوونەوەکە "بە باشی بەڕێوەچوو"، سەرەڕای ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان هەردوو سەرۆکەکە. سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بەجیا باسی لەوە کردووە کە کۆبوونەوەکە ٥٠ خولەکی خایاندووە. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا باسی لە "کۆبوونەوەیەکی باش" لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەندێک جار کاتێکی سەختمان بەسەر بردووە، بەڵام ئەو (زێلێنسکی) لەوە میهرەبانتر نەدەکرا. ترەمپ، ڕایگەیاند، ئەو چەکانە "زۆر قورسە دەستبکەوێت" بەڵام "بزانین دەتوانین هەندێکیان بخەینە بەردەست". هەروەها سەرکردەی ئەمریکا ئەگەری پێشکەشکردنی یارمەتی سەربازی زیاتری بە کیێڤ بە کراوەیی هێشتەوە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا کێشەی زۆری هەبووە بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییە وردەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی شەڕدا. بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە زێلێنسکی بە نیازە تاوتوێی توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ڕووسیا و کڕینی چەک لە واشنتۆن لەنێویاندا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بکات. هەمان سەرچاوه پێشبینی دەکات سەرۆکی ئۆکرانیا پرسی کەمکردنەوەی نرخی فرۆشتنی نەوتی ڕووسیا بوروژێنێت، که تا ئێستاش سەرچاوەیەکى سەرەکی داهاتی مۆسکۆیه.

  دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکەن و "رەنگە رێککەوتنێک بکەین."   رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لەبارەی کۆتاییهێنانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و چەند تەوەرێکی دیکە قسەی کرد.    سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و ئەمریکا گوتی، هەردوو لا لە جەنگەگە "ماندوو بوون" و داوای ئاگربەستیان کرد.    رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.    سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەو هێرشەی کردیانە سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان، پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەیان "چەندین دەیە" گەڕاندووەتەوە دواوە.    دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.    لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانیان، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "پێشتر لەلایەن ئێران لە هێرشەکە ئاگادارکرابووینەوە."    سەرۆکی ئەمریکا باس لە رۆڵی پووتین لە ئاگربەستەکە دەکات و دەڵێت، پووتین پەیوەندی پێوە کردووە و داوای کردووە لە جەنگەکە نێوەندگیری بکات، بەڵام ترەمپ پێی گوتووە، "تۆ ئاگاداری رووسیا بە." 

وەزارەتى دارایی وئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تیمی تەکنیکی لیستی مووچەی مانگی شەشى ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.                     لەڕاگەیەندراوێکیاندا، وەزارەتى دارایی دەڵێن: ڕۆژی چوارشەممە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥) لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. ئەمەش لەکاتێکدایە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە". باسی لەوەش کرد، "گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکەى کرد.  وتی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.  جەختى کردەوە هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین؟ مەسرور بارزانی گوتی، "سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە".

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی جددیان لەلایەن ناوبژیوانانەوە پێنەگەیشتووە کە ئاماژە بە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە هەڵوێستی حکومەتی ئیسرائیلدا بکات سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان. لە بەیاننامەیەکدا تاهیر نونو، ڕاوێژکارى حەماس ونیکردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ نێوەندگران نەوەستاوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە کە گۆڕانکارییەکی جددی لە هەڵوێستى بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هەبێت، بەوتەی ئەو، ئیرادەی سیاسیی نییە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە بۆ سەر خەڵکى غەززە. تاهیر نونو جەختیشی کردەوە کە حەماس هیچ ڕێککەوتنێک قبوڵ ناکات کە مەرجی ڕوونى بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکە لەخۆ نەگرێت، ئەو وتی: هەر ڕێککەوتنێک دەبێت چوار خاڵی بنەڕەتی لەخۆبگرێت، ئەوانیش وەستانی یەکجاری شەڕ و دەستدرێژی، کشانەوەی تەواوەتى و هەمەلایەنە لە کەرتی غەززە، ئاوەدانکردنەوە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ مرۆییەکان، هەروەها ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. بەبێ ئەمانە هەر ڕێککەوتنێک بێ مانایە". لەسەر بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەوەى وتى "بەمزوانە مژدەى رێککەوتنى غەززەو ئیسرائیل" دەبێت، تاهیر نونو ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە بە تەنیا لێدوان ڕازی نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە درک بەوە دەکەین کە ترامپ و ئەمریکا توانای ئەوەیان هەیە ناتانیاهۆ ناچار بکەن کۆتایی بە دەستدرێژییەکە بهێنن و شەڕی سەر غەززە ڕابگرن. بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێدوان نییە، بەڵکو کاری ڕاستەقینە و جدییە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە، 6 سەرباز و فەرماندەیەکیان کوژراون. ماڵپەڕی فەرمیی سوپای ئیسرائیل ناوی 5 سەرباز و فەرماندەیەکی هەمان هێزی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ناسنامەی حەوتەمین سەربازی بڵاونەکردووەتەوە، چونکە هەروەکو سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، خێزانی سەربازەکە رێگەیان نەداوە ناوی بڵاوبکرێتەوە.   بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی نزیکەی 20 مانگی جەنگی غەززەدا، زیاتر لە 430 سەربازی ئیسرائیلی لەو شەڕەدا کوژراون، کە بەهۆی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی چەکدارانی حەماسەوە بۆسەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.

  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە" دوای ئەوەى چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشیانکراوەتە سەر. بەرپرسانی ئێران و میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر بە کەمترین ئاستی زیانەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیان کەم کردبووەوە. ئیسماعیل بەقایی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ڕێکخراو و ئاژانسەکانی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکە کار لەسەر هەڵسەنگاندنێکی تەکنیکی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لێدانانەی کە فەرمانی پێکردووە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بووەتە هۆی "سڕینەوەی تەواوەتی"، تەنانەت دوای ئەوەی کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری سەرەتایی دۆزرایەوە کە زیانێکى کەمیان بەرکەوتووە. سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "هاوشێوەی هێرۆشیما" چواند و رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان بۆ "چەندین دەیە" پەکخستووە. هاوکات ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کاریگەریی هێرشەکان سنووردار بووە. سەبارەت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە رۆژی سێشەممە لە میدیاکانی ئەمریکاوە دزەیان پێکرا و باسیان لەوە دەکرد کە هێرشەکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تەنیا بۆ چەند مانگێک دواخستووە، ترەمپ گوتی، "ئەوان [سەرچاوە هەواڵگرییەکان] بەڕاستی نازانن وردەکاریی زیانەکە چەندە." ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ناتوانرێت قەبارەی زیانەکانی سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە.   هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردەوە، دامەزراوەی فۆردۆ "بە تەواوەتی وێران کراوە."   ترەمپ ئاشکرای کرد، ئیسرائیل دوای هێرشەکان سیخوڕی ناردووەتە نێو بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ و دەڵێت، "ئەوان کەسانیان هەیە کە دوای لێدانەکە چوونەتە ئەوێ و گوتوویانە بە تەواوەتی وێران بووە. ئیسرائیل ئێستا راپۆرتێک لەسەر ئەوە ئامادە دەکات."   سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئیسرائیلیشی کرد بۆ دانبەخۆداگرتنیان و گوتی: "زۆر شانازی بە ئیسرائیلەوە دەکەم،" و "نەتەنیاهوو دەبێت زۆر شانازیی بە خۆیەوە بکات."

  تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات، ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی) ئازاد بكەن و لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە بپارێزێت.  شەوی رابردوو، لە رێی پەیوەندی تەلەفونی بەجیا داوا لە هەردوو رێكخەری خۆپیشاندانەكە، عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی دەكرێت بچن سەردانی ئاسایش بكەن، پاش ئەوەی دەچن، ئیتر سۆراغیان نامێنێت. عادل حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە تۆڕی 19ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەوادەی دەستگیركراوان چوون بۆ سۆراغیان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، پێیان وتوون، "لای ئێمەن سبەینێ ئازادیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە". رۆژی شەممە، 21ی حوزەیران، دەستەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  داوایان  لە چین و توێژەكان كرد: ڕۆژی پێنجشەممە بێنە سەر شەقام و دژی گەندەڵی و نادادی و دواكەوتنی مووچە داوای مافی خۆیان بكەن. ئەمەو دوێنێ 24ی حوزەیران، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی تیمێكی ئێن ئارتی، (عەلی ساڵح، میر سەركەوت) لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران و پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كران. دەستگیركردنی تیمەكەی ئێن ئارتی هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندراوێكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی كە وتبووی، "ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نییە". داوا دەكەن، "خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەكانیان بەشێوەیەكی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێكی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو". لە بەرانبەردا، مامۆستایان و فەرمانبەران داواكەی لیژنەی ئەمنییان رەتكردەوە و رایانگەیاند راگەیاندراوەكەیان بۆ خۆپیشاندان ئاشتیانە وەك خۆیەتی. تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات، ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی) ئازاد بكەن و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنیی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە بپارێزن.  بە پێی پێودانگی مافەكانی مرۆڤ، یاسای ناوخۆی و دەستور، ئەو مافەی بە هاووڵاتیان داوە كە بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت بە لە بیروڕای خۆیان بكەن حكومەت رێز لەمافی ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕینیان بگرن، ئەمەش نیشاندەری ئەدای ئەو كۆمەڵگایە پیشان دەدات لە بواری مافەكانی مرۆڤدا بە گشتی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە". باسی لەوەش کرد، "گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکەى کرد.  وتی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.  جەختى کردەوە هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین؟ مەسرور بارزانی گوتی، "سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە".   سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، "کەمبوونەوەی داهات، جووڵەی بازرگانی و کەرتی تایبەتیش بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە بێگومان سەخت دەبێت، بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین".   مەسرور بارزانی زیاتر لەسەر ئەم پرسە قسەی کرد و گوتی، "بەغدا موڵکی تاکە لایەنێک نییە کە ئێمە بچین سواڵکەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ بن، هەموومان لەم وڵاتە دەبێت یەکسان بین. خۆشمان بە خاوەن دەسەڵات دەزانین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بگەین بە رێککەوتن و هەموو مافەکان بە یەکسانی و دادپەروەرانە دابەش بکرێت". بەشێکى دیکەى پەیامەکانى مەسرور بارزانى,,, سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەم قەیرانە بەرەو کۆتایی دەڕوات. چاومان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە کێشەی مووچە چارەسەر بکات، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق قسەم کرد و ئامادەن لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکەن. ژیان و مردنی ئێمە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەیەکەوەیە، شاندێکی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دێنە هەرێمی کوردستان. بەلێنتان پێدەدەم نایەڵین مووچەکانتان بفەوتێت مانگى پێنج و شەشیش، سکاڵای هەندێک لایەنی ناوخۆ ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی لە بابەتی مووچە .   بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین مافە دەستورییەكانمان كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە كەمبكرێتەوە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین. شاندێک بۆ چارەسەکردنی پرسی مووچە دێتە هەولێر، لە ئاستێکی باڵایە، هەژماری من لە سلێمانی بە خێرایی دەچێتەپێش. ئەوەى لەبەردەستمانە دەیدەین بەمووچە بەس نازانم بەش دەکات یان نا، لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتووین بەڵام لەسەر پۆستەکان کێشەمان هەیە.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردووداو کۆتایی شەڕ ئیسرائیل زیانێکی زۆری بەرکەوت. هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد سەرکەوتنێکی گەورەی لە ئێران بەدەستهێناوە و ئەگەر دامەزراوەکانی ئێرانی لە ناو نەبردایە،هەرگیز بەم دۆخە ڕازى نەدەبوو. لەمیانی دیدارێکی لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا دۆناڵد ترەمپ قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسانکردو لێرەدا گرینگترین تێبینییەکانی دەخەینەڕوو: ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەکۆتاییەکانى شەڕدا زەبرێکی زۆری بەرکەوتووە. ئیتر ڕێگە بە ئێرانییەکان نادەین هیچ یۆرانیۆمێک پیتاندن بکەن. ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەمان لە ئێران بەدەست هێنا ئەوەی لە ئێران ڕوویدا، لەناوبردنی تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو و پێموانییە ئەوان سەرکەوتوو بوون لە ڕزگارکردنی هیچ کەرەستەیەک. ئەگەر ئێمە ئیمکاناتەکانی ئێرانمان لەناو نەبردبایە، نەدەکرا لەگەڵ ئێرانییەکان بگەینە یەکلاییکردنەوە. لێدانمان بۆ سەر ئێران نایاب بوو، بەو پێیەی هەموو ئەو شتانەی لەناوبرد کە ئیسرائیل نەیتوانی لەناوی ببات. - زەحمەتە ئێران جارێکى دیکە بیر لەبەرنامەى ئەتۆمى بکاتەوە، زیانى دەیان ملیۆن دۆلارمان لێداون. - ئەگەر لەئێرانمان نەدایە هەرگیز بەم دۆخە ڕازى نەدەبوو، ئیسرائیل نەیدەتوانى بگاتە ئەو ناوچانەى ئێران ئێمە بۆردومانمان کردن. - ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان، ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل بە باشی بەڕێوەدەچێت، شانازی دەکەم بە پابەندبوونی ئێران و ئیسرائیل بە ئاگربەستەوە. - ئێران نەوتی هەیە و دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی مەزن، ئەوەی لە ئێران روویدا لەناوبردنی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو. سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها بڕوای خۆی دەربڕی کە بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشکەوتنی بەرچاو لە غەززە بەدەست دەهێنن و ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە مژدەی خۆش دەبێت سەبارەت بە غەززە.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردووداو کۆتایی شەڕ ئیسرائیل زیانێکی زۆری بەرکەوت. هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد سەرکەوتنێکی گەورەی لە ئێران بەدەستهێناوە و ئەگەر دامەزراوەکانی ئێرانی لە ناو نەبردایە،هەرگیز بەم دۆخە ڕازى نەدەبوو. لەمیانی دیدارێکی لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا دۆناڵد ترەمپ قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسانکردو لێرەدا گرینگترین تێبینییەکانی دەخەینەڕوو: ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەکۆتاییەکانى شەڕدا زەبرێکی زۆری بەرکەوتووە. ئیتر ڕێگە بە ئێرانییەکان نادەین هیچ یۆرانیۆمێک پیتاندن بکەن. ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەمان لە ئێران بەدەست هێنا ئەوەی لە ئێران ڕوویدا، لەناوبردنی تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو و پێموانییە ئەوان سەرکەوتوو بوون لە ڕزگارکردنی هیچ کەرەستەیەک. ئەگەر ئێمە ئیمکاناتەکانی ئێرانمان لەناو نەبردبایە، نەدەکرا لەگەڵ ئێرانییەکان بگەینە یەکلاییکردنەوە. لێدانمان بۆ سەر ئێران نایاب بوو، بەو پێیەی هەموو ئەو شتانەی لەناوبرد کە ئیسرائیل نەیتوانی لەناوی ببات. - زەحمەتە ئێران جارێکى دیکە بیر لەبەرنامەى ئەتۆمى بکاتەوە، زیانى دەیان ملیۆن دۆلارمان لێداون. - ئەگەر لەئێرانمان نەدایە هەرگیز بەم دۆخە ڕازى نەدەبوو، ئیسرائیل نەیدەتوانى بگاتە ئەو ناوچانەى ئێران ئێمە بۆردومانمان کردن. - ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان، ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل بە باشی بەڕێوەدەچێت، شانازی دەکەم بە پابەندبوونی ئێران و ئیسرائیل بە ئاگربەستەوە. - ئێران نەوتی هەیە و دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی مەزن، ئەوەی لە ئێران روویدا لەناوبردنی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو. سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها بڕوای خۆی دەربڕی کە بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشکەوتنی بەرچاو لە غەززە بەدەست دەهێنن و ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە مژدەی خۆش دەبێت سەبارەت بە غەززە.