لە کاتێکدا شەقامەکانی کەرتی غەززە پڕن لە داروپەردوو و پاشماوەى ڕوخاوى خانوو بینا بەرزەکان،، لەگەڵ سەدان تەرم کە لە وێرانکارییەکاندا داپۆشراون، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) تێچووی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی بە ٧٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە. هەر لەو ڕاپۆرتەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە ئەمرۆ ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە خەمڵاندنەکان ئاماژە بە بوونی لانیکەم ٥٥ ملیۆن تۆن داروپەردوو لە گەرەک و شوێنەجیاوازەکانى غەززە دەکەن. بەڵام جەختی لەوەش کردەوە  هەر لەئێستاوە ئاماژەی زۆر باش هەیە سەبارەت بە دابینکردنی بودجە بۆ بوژانەوەی غەززە، لە وڵاتانی عەرەبی و هاوبەشە ئەوروپییەکان و ئەمریکاوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە کە ئەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەتوانێت بۆ ماوەی دە ساڵ یان زیاتر درێژ بێتەوە. لای خۆیەوە بەرپرسێکی فەلەستینی لە شارەوانی غەززە ئەوەى ئاشکراکردووە کە ئیسرائیل نزیکەی 95%ی بارهەڵگر و ئامێرە قورسەکانی ناو کەرتی غەززەى لەناوبردووە،  هەروەها باسى لەوەشکرد، 193 هەزار بینا بە تەواوی بەهۆی شەڕەوە وێران بوون , و 16 نەخۆشخانە ئێستا بە شێوەیەکی سنووردار کاردەکەن. ئەمڕۆ پێنجەمین ڕۆژی ئاگربەستە، 735 ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر شەڕی کەرتی غەززە، ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی میسر، تورکیا و قەتەر، واژۆی لەسەر ڕێککەوتننامەی غەززە کرد، کە بووە هۆی ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاڵوگۆڕکردنی سەرجەم بارمتەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەندرۆ بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و دابينكردنى شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پابەندبوون بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە كێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و نابێت بابەتەکە بە سیاسی بکرێت. هەروەها بە گرنگییەوە باسی ڕێککەوتنی سێ لایەنییەکەی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێویستە ببێتە دەستپێکێک بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی پەرلەماندا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە کەرتە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتی بەئەنجامگەیشتنی هەردوو پڕۆژەی (هەژماری من) و (ڕووناکی). باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی و دەستخۆشی سەرکەوتنی ئەو چاکسازییانەی لە سەرۆکی حکوومەت کرد. هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردييەكان لە حەلەب دەڵێت: سەرەڕای وەستانی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هێشتا دۆخی گەڕەکە کوردییەکان ئارام بەخش نین.  ئاماژەی بە بەردەوامی دۆخی گەمارۆ و هەڵكشانی گرژییە ئەمنییەکانیش كردووە لەگەڵ توندكردنەوەی گەمارۆی سەربازی لە دەوری ئەو گەڕەکانە. نوری شێخۆ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ی راگەیاندووە: لەم دواییانەدا دەسەڵاتداران دە خاڵی سەربازییان زیادکردووەو چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە دیوی باکور و رۆژهەڵات و باشورو رۆژئاوا جێگیركردووە،  جگە لە زیادکردنی ژمارەی دەورییە ئاسمانییەکان لە دەرەوەی بازگە هاوبەشەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە: حەوت دەروازەی چوونە ژوورەوە بە داخراوی ماونەتەوە، لەکاتێکدا تەنها سێ دەروازە لە دوای وەستانی پێکدادانەکان کراونەتەوە.  جەختیشیکردەوە: گەمارۆدانەکە بەردەوامەو رۆژانە دانیشتوان روبەڕوی پەڵپگرتن دەبنەوە، لەوانە سوکایەتیکردن، دەستگیرکردن و پشکنینی جانتای ژنان. بەوتەی ناوبراو، گەڕەکە کوردییەکان بوونەتە زیندانێکی کراوە، دەشڵێت، دۆخی گرژی و دنەدان بەردەوامە سەرەڕای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکان، ئەمەش ترسی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لای هاوڵاتیان زیاتر كردووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان یەکە ژمێریارییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە سیستم کراوەتەوە و دەست بە ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 بکەن و ڕەچاوی لێبڕینی خانەنشینی بکرێت.  لیستی مووچەی مانگی نۆ لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ کراوە و هیچ گرفتێکی نییە. ئێستا کار لەسەر لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت، لە دوێنێوە یەکە ژمێریارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئێستا سیستم کراوەتەوە، دەتوانن لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ گەنجینەکان بنێرن. یەکە ژمێریارییەکان لەوەش ئاگادارکراونەتەوە کە وردبینی لە لێبڕینی خانەنشینی بکەنەوە و هەڵەکان ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی لیستی مووچە ئامادەبکرێت و بۆ بەغدا بنێردرێت. لەلایەکی دیکەوە یادگار جەبار، بەڕێوەبەری بایۆمەتری سلێمانی بە ئاڤا میدیای وت، پرۆسەی دانانی لیستی مووچەی فەرمانگەکان لە سیستمی پەیڕۆڵ سێ بۆ چوار ڕۆژی پێدەچێ. تا ئێستا تەنیا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بە پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت. لیستی مووچەی خانەنشینان و وەزارەتی شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە بە ئەکسڵ لیستی مووچەیان دەنێردرێت بۆ بەغدا. بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە بە پەیڕۆڵ ئامادە بکرێت. دوای ئامادەبوونی لیستی مووچەی مانگی 10 تیمێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لیستی ئەو خانەنشینانەی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن.

ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، دەڵێت: هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاشتی غەززە زۆر قورس دەبێت. دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە، قەتەر، کە یەکێک بوو لە نێوەندگیرە سەرەکییەکان، ڕایدەگەیەنێت کە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە قورس و پڕ لە ئاستەنگ دەبن. ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند کە دەبێت واقیعییانە سەیری دۆخەکە بکرێت. ئەو وتی: "ئەمە شەڕێک بووە کە دوو ساڵی خایاندووە و کاریگەرییەکانی بۆ دەیان ساڵی دیکە دەمێننەوە." سەرەڕای قورسیی قۆناغی داهاتوو، ئەنساری ئاماژەی بە لایەنە گەشەکانی قۆناغی یەکەم کرد، کە بریتین لە: گەڕانەوەی بارمتە زیندووەکان بۆ لای خێزانەکانیان. ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە بۆ ئەوەی بە شکۆوە بەخاک بسپێردرێن. ئەوەی کە خەڵکی غەززە دەتوانن "هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژن" بەهۆی وەستانی شەڕ و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی کردەوە کە "گفتوگۆ سەختەکان ئێستا دەستپێدەکەن." ئەو وتی کە گفتوگۆکانی قۆناغی دووەم بە ئەنقەست دواخران بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم. ئاستەنگەکانی داهاتوو بریتین لە: چۆنیەتیی پاراستن و بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە. دڵنیابوونەوە لەوەی شەڕ جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە. بەردەوامیدان بەو گفتوگۆیانەی کە لە شەرم شێخەوە دەستیان پێکردووە. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیر لە لوتکەی شەرم شێخ واژۆ کرا. وڵاتانی واژۆکەر بریتی بوون لە ئەمریکا، میسر، قەتەر، و تورکیا. ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەم سەرکردانەوە واژۆ کرا: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو ناوانە ئاشکرا دەکات کە دوای هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدن، هاوکات باس لە دابەشبوونێکیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەکرێت. موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەکە، رایگەیاند، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عەدنان زوورفی، قاسم ئەعرەجی، حەمید شەترانی، عەبدولحسێن عەبتان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، کاندیدە دیارەکانن. ناوبراو وتیشی، کێبڕکێکە زیاتر لەنێوان مالیکی و زوورفیدایە، بەتایبەت کە عەدنان زوورفی پەیوەندی فراوانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەیە، بەڵام چانسی سوودانی بۆ بەدەستهێنانی ویلایەتێکی دیکە کەمە. سەرچاوەیەکیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە ئاشکرای کردووە، چوارچێوەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە؛ یەکێکیان پشتیوانی مالیکی دەکەن و بەرەکەی دیکە پشتیوانی سوودانین.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و بە پشتیوانیکاری "تیرۆر" ناوی ئەمەریکا دەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم 2025، لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەربارەی ئێران لە شەرم شێخ ئاماژەی داوە "ئەمەریکا کە وەک گەورەترین دروستکەری تیرۆر و پشتیوانی ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، هیچ مافێکی تۆمەتبارکردنی وڵاتانی نییە." وەزارەتەکە، ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێدانی لەڕادەبەدەری چەک بەو ڕژێمە، وایکردووە ئەمەریکا ببێتە گەورەترین هۆکاری ناسەقامگیری و تێکدەری ئاسایشی ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە و قاسم سولەیمانی بە نموونە هێناوەتەوە، هاوکات ئەمەریکاشی بە دروستکاری داعش تۆمەتبار کردووە. هەروەها هەڵوێستی ئەمەریکای لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە بانگەشەیەکی بێنبەما ناوبردووە و ئاماژەی داوە، هەرگیز بەم قسانە ناتوانن تاوانە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پەلاماردانی خاکی ئێران و کوشتنی ڕۆڵەکانی ئێران، بشارنەوە؛ بە پێچەوانەوە بەرپرسیارەتی ئەمەریکا بۆ ئەو هەموو تاوانە قورستر دەکات و ڕق و کینەی قووڵی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکا بەرانبەر گەلی ئێران دەردەخات. هەروا ڕەخنەی لە هەوڵ و ڕۆڵی ترەمپ گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئارەزووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی و گفتۆگۆ، پێچەوانەی ڕەفتارەکانییەتی بەرانبەر گەلی ئێران، بۆ ئەمەش ئاماژەی داوە "چۆن دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانی سیاسیدا هێرش بکرێتە سەر شوێنی دانیشتووان و دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی وڵاتێک و زیاتر لە هەزار کەس، لەوانەش ئافرەت منداڵی بێتاوان بکوژرێن و پاشان بانگەشەی دۆستایەتی ئاشتیی بکرێت" لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئیرانییەکان بە پشتبەستن بە کولتوور و مێژووی دەوڵەمەندی خۆیان، خاوەن لۆجیک، گفتوگۆ و هەڵسوکەوتن، لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی شکۆمەندی و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، بە ئازایەتیی و بێدوودڵی، بەرگریی لە سەربەخۆیی دەکەین."

سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە سوریا شایستەیە لە ئاسایش و ئارامیدا بژی و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات". ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، وتی: ئێمە لە دوای گەیشتنمانەوە بۆ دیمەشق ئیسرائیلمان وروژاندووە و نامانەوێت مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە و هیچ وڵاتێکی دیکە دروست بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی کۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ناردنی پەیام نییە، "بەڵکو مەبەست لێی ڕاگەیاندنی شەڕە". بەڵام ڕوونیکردەوە کە دیمەشق "نایەوێت شەڕ بکات".  ئەوەشى خستوەتەڕوو کە "ئیسرائیل دەبێت لە هەر خاکێک بکشێتەوە کە لە دوای ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داگیری کردبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا کراوە دەبێت بەڕووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕێز لە سەروەری وڵاتەکەی بگرن. جگە لەوەش، شەرع باسى لەوەکردووە کە ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە وێرانکرابوو، لە پێشینەی کارەکانی دەوڵەتە، ئەوەش ئاشکرایکرد کە تێچووی ئەم پرۆسەیە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. ئەو پێی وابوو "جیهان ماوەی ١٤ ساڵە سەیری ئەم کارەساتە دەکات و نەیتوانیوە ڕێگری لەم تاوانە گەورەیە بکات، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ پشتیوانی سوریا بکات". هەروەها ڕوونیکردەوە کە "گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراون، ڕێگرن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە". گوتیشی، "تەواوی نەوەکانی سووریا تووشی زەبرێکی دەروونی گەورە بوون لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە ڕژێمی پێشوو بەڕێوەی بردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک سووری کوشتووە و چەندین ناوچە و ژێرخانی وێران کردووە، ملیۆنان کەسیش وەک پەنابەر لە دەرەوەی وڵات و ئاوارە ناوخۆییەکانی ئاوارە کردووە".

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان جەختدەکاتەوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەوادەى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت. جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن لە لێدوانێکیدا بۆ  ماڵپەرى سبەى رایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دواناخرێت و لە وادەى خۆى لە 11ى مانگى داهاتوودا بەڕێوەدەچێت". بڕیارە کەمتر لە مانگێکى دیکە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت و 10 رۆژە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستیپێکردووە. کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانى بۆ بەرێوەچوونى هەڵبژاردن تەواوکردووەو لە ئێستادا سەرقاڵى دابەشکردنى کارتى نوێی دەنگدانە بە ئامانجى بەشداریکردنى زۆرترین دەنگدەر لە هەڵبژاردندا. بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتووە، لە نێوان 23ى ئەیلول بۆ 12ى تشرینى یەکەم، ملیۆنێک و 265 هەزار کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە، لەکۆى 3 ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت. بەپێی ئامارەکان رێژەى دابەشکردنى کارتە نوێیەکان گەیشتووەتە 35.3%. ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى  56.7%، پاشان نەینەوا بەرێژەى 47.2%، دواتر ئەنبار بە رێژەى 42.8%. بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى. نەبراس ئەبو سودە جێگرى وتەبێژى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، "کۆمسیۆن ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی کارتی دەنگدەران. کارتەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە تەنها لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکاربهێنرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پەنجەمۆرى سێ رەهەندى، و دوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لەکار دەخرێت. جگە لەوەش، کارتەکە تەنها بە دەنگدەر یان ئەندامێکی خێزانەکە دەدرێت دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان لەسەر فۆرمى بەشەخۆراک". رونیشیکردەوە، "تاوانەکانی پەیوەست بە کارتی دەنگدەر دەکەونە ژێر بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای هەڵبژاردن ژمارە (12)ی ساڵی 2018 و هەموارکردنەوەی ژمارە (4)ی ساڵی 2023. ئەوانیش تاوانەکانی وەک: دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کارتی دەنگدەر، کڕین یان فرۆشتنی کارتی دەنگدەر، بەکارهێنانی کارتەکە بۆ دانانى کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان". ئەبو سودە ئاماژەی بەوەشکرد "سزای یاسایی لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە زیندانیکردن یان غەرامەکردن لەخۆبگرێت، ئەمەش بەپێی قورسی تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی کاندیدەکە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بێبەش دەکات".

ڕێکخراوی خێرخوازی هالۆ تراست کە بنکەکەی لە بەریتانیایە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئێستا سەرقاڵى ئەوەیە تیمێکی 100 کەسی پسپۆڕی هەڵگرتنەوەو تەقاندنەوەى بۆمب کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو غەززە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕە زۆرە تەقەمەنییە نەتەقیوانەی کە لە دوو ساڵ شەڕدا بەجێماوەو بوونەتە مایەى مەترسى بۆ سەر دانیشتوانى شارەکە. ئەمڕۆ دووشەممە قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى غەززە چووە بوارە جێبەجێکردنەوە و قۆناغى دووەم لە رێگایە کە چەکدانان و بەرێوەبردنى غەززە لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا چەندین خاڵى ناکۆک هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە ئازادکران ئەمڕۆ فەلەستینییەکان دوای ٧٣٧ ڕۆژ لە جەنگ جارێکی دیکە گوێیان لە ژیانێکى ئاسایی دەبێت، بۆ ماوەی دوو ساڵە دەنگی گریانی کۆرپەکانیش بەهۆی زەنگی بێکۆتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و بۆمبڕێژکراوەکانی ئیسرائیل و تەقینەوە و هاوار و گریانی بریندارەکانەوە نەدەبیسترا، هاوڵاتیان خەریکە ئەو دەنگە نیشتمانیانە فێر دەبنەوە کە ژیان دروست دەکەن. لە کۆی دەیان هەزار بۆمب کە هالۆ دەڵێت فڕێدراونەتە سەر خاکەکەو نەتەقیوەنەەوە، ئەوان دەڵێن لە 10%یان نەتەقیونەوە - بەڵام تەنها کاتێک ژمارەی ڕاستەقینەی دەزانێت کاتێک شانبەشانی کرێکارانی بیناسازی دەست بە کارکردن دەکەنەوە ئامارى دروستیان بۆ دەردەکەوێت. کارەکە مەترسیدارە، بەرپرسانى ئەو ڕێکخراوە  پێیان وایە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری غەززە لە ژێر داروپەردوودا نێژراوە، شارەزایانی فڕێدانی بۆمبەکانیان پێویستیان بە کارکردن دەبێت لەسەر سیستەمێکی بەهێزو پێشکەووتوو وەک ئەوەی لە سوریا ئەوکارەیان کردووە. بەهۆی ئەوەى پێدەچێت بەشێکى جەستەو تەرمى دانیشتوانى شارەکە کەوتبنە ژێر داروپەردوە ڕوخاوەکانەوەو نێژرابن لەژێرخاکدا، ڕێکخراوەکە لەگەڵ ئیمامێکدا کاردەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ڕەچاوی هەڵگرتنەوەى تەرم و لاشەکانیش بکەن و بۆ ڕێوڕەسمى پێویستى ئیسلامییان بۆ دەکرێت. ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە گەیاندنی شارەزاکانی بۆ ناو هەموو قوتابخانە و نەخۆشخانە و کەمپێک و پاککردنەوەیان لە تەقەمەنی ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن پاوەندى تێدبچێت.

بەوتەى بەرپرسێکى باڵا پێشبینى دەکرێت، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشت بدرێت و سوودانی بەڵێنەکەی بکاتە کردار.  هەفتەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوی کەوت بە وەزیرە کوردەکان و بەشێوەی زارەکی بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی پێدان، ئەمە لە کاتێکدایە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی سبەیدا نییە بەڵام ئەو بابەتە گرفت نییە و هاوشێوەی جارەکانی ڕابردووە.  محەممەد شیاع سوودانی ئێستا لە شەرمشێخی میسرە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی لووتکەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێککەوتننامەنی ئیسرائیل و حەماسی تیادا واژۆ دەکرێت، دەگەڕێتەوە و سبەی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.  بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بەمأپەرى ئاڤای وتووە: سوودانی بەڵێنی ناردنی مووچەی داوە، چاوەڕوانین سبەی بەڵێنەکەی بکاتە بڕیار و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارە بنێردرێت.  - لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بنێرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان دەڵێت، 120 ملیارەکە ئامادەیە، تەنانەت 120 ملیاری مانگی نۆش ئامادەیە، بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێت بە چەند کاتژمێرێک دەتوانین پارە بە کاش بە لقی هەولێری بانقی ناوەندی بدەین.

سەرۆک بارزانی لەگەڵ جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، دەستوور ڕێگەچارەی یەکجارییە بۆ ڕزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە. ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) کرد.  لە دیدارەکەدا جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیتنەوەی سەرۆک بارزانی نیشان دا و ئاماژەی بەوە كرد کە دوایین جار سەرۆک بارزانی بینیوە لە بەرەکانی جەنگ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016.  هەروەها ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و لەپێناو بەدیهێنانی ئارامی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆرستیانە بوونەوە کە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریان هەڵدا و بوونە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و جیهان.  لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆسی کرد و هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکای کرد کە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە کە ڕێگەچارەی یەکجارییە بۆ ڕزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەدوای چارەسەری گرفتەکانەوە بن و واز لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و کینە بەرانبەر بە یەکتری بێنن.  هەروەها سەرۆک بارزانی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر ئەو کات پەسەند و جێبەجێ کرابا، لە ئێستادا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو و جەختیشی لە دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کردەوە لە بارەی نەوت گاز و بە ئەرێنی وەسفی کرد و هیوای خواست ئەم ببێتە بناغەیەک بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان.  هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سووریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە شاری هاوینەهەواری شەرم ئەلشێخی میسر، لەوێ سەرۆکایەتی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستى ئاگربەستى شەڕى غەززە دەکات کە کۆمەڵێک سەرکردەی وڵاتانى جیهان بەشداریان تێدا کردووە . هێزی ئاسمانی یەک و فڕۆکە جەنگییەکانی میسریی یاوەریی فرۆکەکەى ترەمپیان کردوە کاتێک گەیشتوەتە ئاسمانى ناوچەکە. شەرم شێخ ئەو شوێنەیە کە هەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس و ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تێیدا کۆبوونەوە. هەر پەیوەست بەجێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى پرۆسەکە، باڵی سەربازی حەماس کە لیواکانی ئەلقەسامە، ناوی چوار بارمتەی کوژراوی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمەکانیان ڕادەستى ئیسرائیل دەکاتەوە. خاچی سوورى نێودەوڵەتىیش ڕایدەگەیەنێت تیمەکانیان لە ڕێگادان بۆ خاڵێکی کۆبوونەوە لە باشووری غەززە، کە "چەند تابووتێکی بارمتە کوژراوەکان" لە لایەن حەماسەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەو ڕادەستى ئەوان دەکرێت، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئەمنی شین بێت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازاد کران، چاوەڕوانیش دەکرێت 48 بارمتە ئازاد بکرێن لەو ژمارەیەش 20 بارمتەیە زیندوون.   سەرجەمیان جگە لە یەکێک لە بارمتەکان نەبێت لە نێو ئەو 251 کەسەدا بوون لە هێرشی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 رفێندرابوون و نزیکەی 1200 کەسی دیکە تێدا کوژران.

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، لە وتارێکدا بارزانی وتی، دەمانەوێت گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنین. جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: بە پشتیوانی خودا، بەپشتیوانی پێشمەرگە و کادیرانی ڕاستگۆی پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئێمە دڵیاین ئەم جارەش سەردەکەوین، بەڵام دەمانەوێت گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستیی عێراق بەدەست بهێنین. مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە، هەموو هەڵبژاردن گرنگە، بەڵام ئەمجارە ئێمە ئەم هەڵبژراندەمان بۆ ئەوەی کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بنێرینە بەغدا، تاوەکوو لەوێ داکۆکی لە مافی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەن. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کاندیدانەی هەڵبژێردراون خوشک و برای ئێوەنە، من باوەڕم وایە بە باشترین شێوە پارێزگاریی لە مافی خەلكی کوردستان دەکەن، هیوادارم سەرکەوتوو بن. مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، لایەنی دیکە هەوڵدەدەن لە جیاتی پارتی بچن پۆستی گرنگی حکوومەت یان پەرلەمان وەربگرن، ئێمەش بینیمان چەندین جار ئەگەر پارتی لەجێگایەک حزووری نەبێت و هەندێکی دیکە بچنە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، ئەوە مافی خەڵکی کوردستان پیشەل کراوە. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە نوێنەری خەڵکی کوردستان ئەوانەی کاندیدی پارتین سەرکەون، بۆیە گرنگە ئێوە بەشداریی کارای هەڵبژاردن بکەن. مەسرور بارزانی گوتیشی: دوێنێ سەرۆک بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد، پێویستە ئێمە لەسەر ڕێنمایی ئەو بەردەوام بین، کە لەسەرخۆ بانگەشە دەستپێبکەین، کە بەئاستێکی بەرز، ڕەوشتیی بەرزی پارتایەتی و ڕێبازی بارزانی کە شایەنی ئێوەیە. ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی دوو پەیامی هەبوو دەمەوێت دووبارەی بکەمەوە، پەیامی یەکەمی ئەوەیە پێویستە هەر پارتییەکی دڵسۆز دەبێت بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان، پەیامی دووەم ئەوەیە پارێزگاریی لە مافی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەن. بۆیە پێویستە پارتی پارێزگاری لە مافی خەڵکی کوردستان بکات.  دەشڵیت: پەیامی دووەمی سەرۆک بارزانی بۆ ناحەزانی پارتی بوو، بەسە خۆمادیکردن چونکە پارتی بە ئێوە ناشکێت. ڕاشیگەیاند، ئێمەش باوەڕمان وایە پارتی ناشکێت، چونکە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئێمەیە، ڕێبازی ئێمە پڕە لە قوربانیدان و ماندووبوونی پێشمەرگەی قارەمان خوێنی شەهیدان، کە کوردستانیان گەیاندە ئەم قۆناغە، بۆیە تاوەکوو ڕۆحی شەهیدان و دوعای بنەماڵەی شەهیدان و ئەو جەماوەرە لەگەڵ ئێمە بێت پارتی ناشکێت. مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، ئەو هەڵبژاردنە بۆیە گرنگە چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە بینیمان لە ماوەکانی رابردوو چەند ئاستەنگمان هاتە پێش، چەندین پلانیان بەرانبەر هەرێمی کوردستان گێڕا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو نەبین، سەرەڕای ئەو هەموو پلانە و قەیرانانە، نەک نەوەستاین بەڵکو بەرەو پێشەوە چووین. بەڵام گرنگە لەو شوێنەی شەڕی کوردستان دەکرێت، ئێمە شەڕی خۆمان ببەینە ئەو گۆڕەپانە. جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: خەڵکی دیکە شانزی بەوەدەکەن کە نەیانهێشتووە بەرنامەی حکوومەت بەرەو پێشەوە بچێت، ئێمەش شانازی بەوەدەکەین کە لگۆڕەپانی هەرێمی کوردستان هەموو کات لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دابین و هیچ کات سازشمان لەسەر مافی میللەتی خۆمان نەکردووە.  جێگریی سەرۆکی پارتی جەختیشی کردەوە، پێویستە ئێمە بەشدارییەکی بەهێزمان لەو جێگەیە هەبێت کە بەرگریی لە مافی دەستووری دەکرێت، تاوەکوو نەهێڵێن هیچ کەس کە هەربیروباوەڕێکی هەبێت نەتوانێت پلانەکانی خۆیان دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەوان پلانیانژ هەبووبێت دژایەتیمان بکەن، ئێمەش توانای ئەوەمان هەبووە، کە تواناکانمان بەشێک بووە بۆ زمەتی ئێوە، بەشەکەی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوان، ئەگەر لەوێندەر ئێمە بەهێز بین، بێگومان هەموو هێز و توانای ئێمە خزمەتکردنی کوردستان و  کە تاوەکوو ئێستا چەند پێشکەوتووە دوو ئەوەدەنی دیکە پێشکەوێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. باڵیۆزەکە ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانیی کرد بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ سلێمانی. نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13-10-2025 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيى له‌ ئيرفان سديق، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق كرد. لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، له‌ ديدارێكدا هەردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بووە، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە باس له‌ دوايين سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ توركيا و دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌و وڵاته‌ كرا، "باڵيۆزى به‌ريتانيا ستايشى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كردنه‌وه‌ى ئاسمانى توركيا به‌ڕووى گه‌شته‌ ئاسمانييه‌كاندا بۆ سلێمانى كرد." پێشهاته‌كان و دۆخى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سووريا و ره‌وشى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌گشتى، لايه‌نێكى ديدكه‌ى ديداره‌كه‌ بوون كه‌ كۆنسووڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.