بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)، فەرماندەی سەرەکی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی سوریا و هێزی سەرەکی بە سەرۆکایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی ئەو هێزەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت وەک گروپێکی یەکگرتوو لە سوپای نیشتمانیدا.   لێدوانەکانی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە سەرکردایەتی کورد و ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا پێنجشەممە لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی خراپدا بوو.   عەبدی وتی: ئێستا هەردوولا لەسەر "میکانیزمێک" بۆ یەکگرتنەوە ڕێککەوتوون. ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە باسی ژمارەیەکی زۆر و دەیان هەزار سەرباز و هەروەها هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو هێزانە ناتوانن وەک کوتلە بچووکەکانی تر بە تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو وەکو پێکهاتەی سەربازیی گەورە پەیوەست دەبن کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراون”.   تەواوی لێدوانەکانی عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا لە چەند خاڵێک خۆی دەبینییەوە کە ئەمانەن:   - هەندێک نەرمی لە هەڵوێستی تورکیادا هەیە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا. -  هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق لەسەر میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە سوپای سووریا ڕێککەوتوون. - دەیان هەزار لە هێزەكانی سووریای دیموکراتی دیموكرات و هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێککەوتنەکەدا بەشدار دەبن. - فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات پۆستی باڵاو گرنگ لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپای سووریا وەردەگرن. -  لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی سەربازی بۆ پەرەپێدانی میکانیزمی گونجاو. -  ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا هۆكاربوون لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە، نرخەکەی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا، بە بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو ٣ ٪ بەرز بووەوە. بەپێی بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕی (Gold Price) لە ئێستادا هەر ئۆنسەیەک زێڕ نرخەکەی دەکاتە ٤٣١٧ دۆلاری ئەمریکی، واتە ٥ ملیۆن و ٦٥٦ هەزار و ٣٥٧ دیناری عێراقی.

ماڵپەڕی ئاڤا میدیا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: بە بڕیاری مەسرور بارزانی ٢٠٪ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژەکانی پشدەر خەرج دەکرێت، لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: بەپشتیوانی قوباد تاڵەبانی پشدەر لە ٢٠٪ داهاتی کێلێ سوودمەند دەبێت. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی لە مانگی چواری ئەمساڵەوە بە فەرمی داوامان کرد کە بەشێکی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی قەزای پشدەر بگەڕێندرێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 20%ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژە وەستاوەکانی قەزای پشدەر" ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پرۆژانەی کە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە لە قەزای پشدەر وەستابوون، لەنێوان 30 تاوەکو 40 پرۆژە دەبوون. مەرزی کێلێ، دەروازەیەکی سنوورییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەروازەیەکی ستراتیژیی گرنگی بازرگانی دادەنرێت، دەکەوێتە نێوان قەڵادزێ و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (PUK Media) بڵاویكردەوە، یەکەم کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، رۆژی شەممە لە سلێمانی دەستپێدەکات.   کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: بە دروشمی "هێزی تۆین لە بەغداد" و بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکەمین کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی (٢٢٢)ی یەکێتی بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا بافڵ تاڵەبانی وتارێک پێشکەش دەکات.

بورهان ڕەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی داکۆکیکار لە لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی لیستی بەرەی گەلە سلێمانی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تیایدا باس لەوە دەکات کە ئەمڕۆ سەردانی مامۆستا عەطا محمد، بەڕێوەبەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کردووە لە سلێمانی.   ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیەتی:   ئەمڕۆ ٢٠٢٥/١٠/١٦، سەردانی بەڕێز مامۆستا عطا محمد بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانم کرد لەسلێمانی، دوای پیشوازی کردن گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانەی خوارەوە کرا: ١.  دەربارەی پێویستی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگە و سیکیوریتیانەی لە ڕووداوی لالەزاردا دەستگیرکراون، بەریزیان بەڵێنی کارئاسانی دا بۆ ئازادکردنیان.  ٢.  دەربارەی ئەو پارەیەی بۆ یانەی نەورۆز تەرخان کرابوو کە شەوی ڕووداوەکە دیارنەما، بەڕێزیان بەڵێنی بەدواداچوونی بابەتەکەی دا.  ٣.  هەروەها بەڕێزیان بەڵێنی دا بەتەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ گەراجی یانەی وەرزشی نەورپز.  ٤. دەربارەی نەگەڕانەوەی موڵک و ماڵی کاک حەمە چاوشین، بەڕێزیان بەڵێنی کارئاسانی دا کەلەزووترین کاتدا بگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەکەیان.  ٥.  دەربارەی هەندێ کامێراو کەلوپەلی زووم تی ڤی بەڕێزیان بەڵێنی بەدواداچوونی دا.  ٦.  لای خۆمانەوە، تەئکیدمان لەوە کردەوە کە ڕووداوی لالەزار بڕوام نیە بەدادگا چارەسەر بکرێت، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە، بەتەئکید پێویستی بە چارەسەری ڕەگ و ڕیشەیی هەیە بەمەبەستی ئاشتەواییەکی سەقامگیر. پارێزەر/ بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی داکۆکیکار لە لاهور جەنگی و هاوڕێکانی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی.  

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی حکومەت دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، دوای ئەوەی بزووتنەوەکەیان بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار کرد.   بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت، بەرپرسانی ئیسرائیل دواکەوتنی حەماس لە ڕادەستکردنی پاشماوەی ئەو بارمتانەی لە ناو کەرتی غەززە کوژراون ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بیانووانەیان قبوڵ نەکردووە کە بزووتنەوەکە پێشکەشی کردووە.   بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ناتوانێت بگاتە ئەو ١٩ کەسەی کە ڕادەست نەکراونەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی هەوڵ و کەرەستەی تایبەت بۆ دەرهێنانیان لە داروپەردووەکان کردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) ڕایگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی دەستەبەرکردنی پێداویستییە گەشەسەندووەکانی وزەی وڵاتەکەیە، عێراق گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبای فاو کە بە غاز کاردەکات و توانای دروستکردنی ٣ هەزار مێگاواتی هەیە.   بەپێی بڕگەکانی گرێبەستەکە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئەو غازەی کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەی کارەبا.

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، عێراق بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا.   بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەم هەنگاوە باوەڕی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی بنیاتنەر و هاوسەنگی عێراق لە پێشخستنی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا نیشان دەدات.   لە کۆبوونەوەکەدا عێراق لە کۆی گشتی ١٨٨ ئەندامی دەنگدەر ١٧٥ دەنگی بەدەستهێناوە.   عێراق پێشتر وەک ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ هەڵبژێردرا، لەم خولەشادا بۆ جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، هەر فەرمانبەرێک مووچەی مانگانەی سەروو ملیۆنێک و ٥٠٠هەزار دیناربێت، بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت.   ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: لە قۆناغەکانی داهاتوو گۆڕانکاریی گەورە بەسەر میکانیزمی دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییاندا دەهێنین، دادپەروەرانە نییە فەرمانبەرێک مووچەکەی سەروو ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دیناربێت بخرێتە ئاستی کەسێکەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی جێگیریی دارایی نییە.   دەشڵێت: سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە دامەزراوە، ئەو سەردەمە سەرچاوەکانی بژێویی خەڵک سنوورداربوون، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە تەواو جیاوازە، کەسانێک هەن مووچەکانیان نزیکە لە دوو ملیۆن دینار و بەشەخۆراکی مانگانەش وەردەگرن، ئەمەش دادپەروەرانە نییە.

کونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیەو  لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد، بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتە سەختەکاندا کردەوە. هاوکات، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئێمە ڕابردوویەکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتی ئەڵمانیا و کونسوڵخانەکەیان لە کوردستان بکەین، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا." هەروەها  ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا کرد لە شەڕی دژی داعش، کە بە هاوکارییەکی "ڕاستەوخۆ و کاریگەر" وەسفی کرد بۆ پاراستنی کوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی پتەو و پێشکەوتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک GIZ و THW کرد، کە لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، و پشتیوانیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆگرامەکانی "قودرە" و "کاش فۆر وۆرک" (پارە بەرامبەر کار)، کە جێگەی دەستخۆشییە. خاڵی هەرە گرنگی کۆنفرانسەکە، ڕاگەیاندنی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێ بوو. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە لێکگەیشتنێکی دیکە واژۆ کرا، کە بۆ یەکەمجارە ڕێکخراوی GIZ یاداشتێکی لەم شێوەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژۆ دەکات،" ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. لای خۆیەوە کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر پتەویی پەیوەندییە ئابووری، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگەی یاسایی بۆ ئەو گەنجە کارامانەی دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، هاوکات هاوکاریی ئەو کەسانەش دەکەن کە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا "ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیە" و لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا." لە لایەکی دیکەوە، کونسوڵی ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر پرۆگرامی پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی کە بە خواستی خۆیان لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئێمە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەین بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. لێرە، لە ڕێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ)، یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی دووبارە ئاوێتەی کۆمەڵگە ببنەوە و هەلی کاریان بۆ دابین بکەین." بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆگرامە، ناوبراو ئاشکرای کرد، ناوەندیی تایبەتیان لە شارەکانی هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووەتەوە.

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، 400 بەربژێر بەهۆى سەرپێچى رێنماییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون. جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان، 400 بەربژێر سزادراون، لەو ژمارەیە 291 بەربژێرى پیاو و 49 بەربژێرى ژن بوون. گوتیشى "60 بەربژێرى دیکە بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون". بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، حەوت هەزار و 768 بەربژێر پەسەندکراون، زیاتر لە 830 کەسیش لە بەربژێربوون دوورخراونەتەوە، کە بەگوتەى جومانە غەلاى زۆرینەیان بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و گەندەڵییەوە بووە. لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، باسى لەوەشکرد، ڕاهێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بەردەوامە و تاوەکو کۆتایى ئەم مانگە بە سێ قۆناغ ڕاهێنان بەسەرجەم کارمەندەکان دەکەن کە ژمارەیان 230 هەزارە. ئامادەکارییەکان لە کاتێکدایە، 13 ڕۆژە بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کاتژمێر حەوتى بەیانى ڕۆژى هەشتى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەردەوام بێت.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەقینەویەک لە نێوان شاری دێرەزوور و مەیادین ڕوویداوە و بە هۆیەوە سێ کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.  ئەمڕۆ پێنج شەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە پاسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریادا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نەوت کوژارون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.  بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، تەقینەوەکە لە ڕێگەی نێوان هەردوو شاری دێرەزوور و مەیادین، نزیک گوندی سەعلۆ لە دەشتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕوویداوە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە، بەڵام گومان دەکرێت شانەیەکی نووستوی سەر بە داعش ئەو تاوانەیان ئەنجام دابێت.  هەروەها باسی لەوەکردووە، دەستبەجێ هێز ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاگوزاریی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زیاد بکات.

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند، "دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین." پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر 30 بەربژێری هەیە چاوی لەوەیە زۆرترین کورسی هەولێر بەدەستبێنێت، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند: "نوێنەرانمان لە بەغدا بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەن.'' جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: ئێمە بۆ مانگێک خزمەتی بەربژێرانمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوار ساڵ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە خەونی گەلەکەمان ببێتە راستی.'' مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند: "لە کوردستان پارتی رکابەری نەماوە، ئەوەی ماوە لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکەین.'' مەسرور بارزانی دەڵێ :"بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، یان ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان رکابەری پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی  لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، رێگری لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەربەست و رێگرییەکان هەڵبگرین، جارێکی دیکە هەموو شتەکان بخەینەوە سەر رێگەی راست، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکان بەهێزتر بن، دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت." مەسرور بارزانی جەختی کردەوە :" نوێنەرانی پارتی دەبێ بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان بکەن لە عێراق، بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە ئەوانەن بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین .'' جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، :"بەشێوەیەکی شارستانییانە بانگەشە دەکەین، داواتان لێدەکەم لە ئاستی پارتیدا بانگەشە بکەن.'' مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەم سەرکەوتنانە کەس خێری پێ نەکردووین و منەتی کەسی تێدا نییە، ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، بەرهەمی ڕەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستکەوتی و جووتیار و مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و دایکا وباوک و خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەیە. بۆیە کەس منەتمان بەسەر نەکات، ئەوەی کردوومانە بەدەست و بازووی خۆمان بەسەتمان هێناوە. گوتیشی: من پەیامێکم بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەیە، پێش هەموو شتک سوپاستان دەکەم، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە هیچ لەو دەستکەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا، خوامان لەگەڵ بووە، دواتر هێزو بازووی ئێوە بووە هێزی بە ئێمە بەخشیوە و توانیوومانە سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین. جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت: بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی دیکە سەرکەوتن بۆ پارتی تۆمار بکەن، گوتیشی: دڵنیابن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ دەدات، خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات، خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی زۆرترین دەنگەکان بەدەست نەهێنیت، ئەوە دەنگانەی بۆ لایەنەکانی دیکە دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان، بۆیە دەبێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین تاوەکوو خزمەتی زیاتر بکەین.

کاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمرۆ 16/10/2025 لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە, عومرەکارێکی کورد بەناوی (مەلیحە ئەحمەد عەلی خان)، لە سنووری عەرعەری سعودیە کۆچی دوایی کرد. کاروان ستونی هەروەها گوتی، ئەم عومرەکارە خەڵکی کەلارە و تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبوە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بوە، بەداخەوە ئەمرۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوی سعودیە لە مەرزی عەرعەر کۆچی دوایی کردوە و دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پڕۆژە یاسای هەموارکراوی باری کەسیی ڕابگرێت، کە بەگوێرەی مەزهەبی جەعفەری داڕێژراوە ڕێکخراوەکە هۆشداریدا کە ئەم هەموارکردنە نوێیە یەکسانیی ژنان دەخاتە مەترسییەوە و وایان لێدەکات ببنە هاووڵاتی پلە دوو.  دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسیێتی دا، لە 27ـی ئاب پەرلەمانی عێراق حکومە شەرعییەکانی دیوانی وەقفی شیعی (لەسەر بنەمای فیقهی جەعفەری) بۆ هەمواری یاساکە پەسەند کرد. بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ، یاساکە لە پرسی هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و مافی منداڵ لە دایک بۆ باوک، جیاوازی لە دژی ژنان دەکات و دەسەڵاتێکی فراوان بە پیاوان دەدات. سارا سەنبەر، توێژەر لە ڕهیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند: "ئەم یاسایە جیاکاری دژی ژنان دەچەسپێنێت و پێگەی یاساییان دادەبەزێنێت، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە." بەگوێرەی هیومان ڕایتس وۆچ: ٠ یاساکە ڕێگە بە پیاوان دەدات بەبێ ڕەزامەندی یان ئاگاداریی ژنەکانیان، گرێبەستی هاوسەرگیری بگۆڕن بۆ ئەم یاسا نوێیە، هەروەها دەتوانن بەبێ ئاگادارکردنەوەی ژنەکانیان تەڵاقیان بدەن.  دوای تەمەنی حەوت ساڵی، مافی گواستنەوەی منداڵ بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ باوک دەبێت، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی منداڵەکە. ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەگوتەی دادوەرێک، یاساکە پێشێلکردنی دەستوورییە و مافەکان لەسەر بنەمای ئایین دەدات، نەک هاووڵڵاتیبوون، ئەمەش جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ژنانی مەزهەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات. نادیە مەحموود، هاوبەشی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ئامانی ژنان، ڕایگەیاند، یاساکە ژن بە هاووڵاتییەکی یەکسان دانانێت، بەڵکو بە شوێنکەوتەی پیاو و بەرپرسیار لە جێبەجێکردنی هەموو خواستیەکانی دادەنێت.