دوای هەفتەیەک لە پێکدادانی توند لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەسەختترین گرژیی نێوانیان دادەنرێت لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن. یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنەکە لە دەوحە ڕاگەیەنەرا. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ئاگربەستەکەی پشتڕاست کردەوە. ئاسیف، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە لە 25ـی تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەی زیاتر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە بەڕێوە بچێت." گفتوگۆکانی دەوحە بە نێوەندگیریی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوە چوون. ئامانج لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو دڵنیابوونە لە بەردەوامیی ئاگربەستەکە و جێبەجێ کردنی. پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، بەهۆی زیادبوونی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی تەحریک تاڵیبانی پاکستان، بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر سنوور، دەستیان پێ کرد. ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو چەکدارانە خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکاردەهێنن و لەوێوە هێرش دەکەنە سەرپاکستان و داوای لە کابول کردووە کۆنترۆڵیان بکات. بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە پەناگەی بۆ چەکداران دابین کردبێت و سوپای پاکستانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و داڵدەدانی چەکدارانی سەر بە داعش تۆمەتبار دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەفغانستان. گفتوگۆکانی دەوحە، بە بەشداریی وەزیری بەرگریی پاکستان خواجە محەممەد ئاسیف و هاوتا ئەفغانییەکەی، مەلا محەممەد یەعقوبەوە بەڕێوەچوون. گرژییەکان دوای هێرشێکی خۆکوژی، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی پاکستانی و برینداربوونی ١٣ی دیکە، پەرەیان سەند. هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم 2025، میدیاکانی سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە پاکستانییەکان، ئۆتۆمبیلێکی یاریزانانی تیمی 'کریکێت'ی ئەفغانستانیان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژراون. فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە." لە ڕاگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستاندا هاتووە "پاشنیوەڕۆی دوێنێ، هەینی، یاریزانانی تیمی کریکێتی ئەفغانستان، پاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی ناوخۆیی لەشاری شەرنە، بەرەو شاری ئەرگۆن دەگەڕانەوە کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستانەوە بۆمباران کران و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون."
بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرۆکی ڕووسیا داوایەکی قورسی لە ترەمپ کردووە کە چەندین ساڵە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، ئۆکرانیاش بە تووندی دژی ئەو هەنگاوەی ڕووسیایە. دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکیان ڕاگەیاندووە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای کردووە کە کیێڤ بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆنێتسک ڕادەست بکات، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە، وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ماوەی 11 ساڵە پووتین هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا دەدات و شکست دەهێنێت، و هێزەکانی ئۆکرانیا بە هەموو هێزیانەوە لەو ناوچانەدا جێگیر بوون کە بە بەربەستێکی سەرەکی دەزانن لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی ڕووسیا بەرەو پایتەختەکەیان. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکی ڕووسیا وتوویەتی، ئامادەیە دەستبەرداری بەشێک لە دوو ناوچەی دیکەی ئۆکرانیا بێت کە بەشێکی لێ داگیر کردووە، ئەوانیش زاپۆریژیا و خێرسۆنن، لە بەرامبەر کۆنترۆڵی تەواوی دۆنێتسک. بڕیارە ترەمپ لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە هەنگاریا لەگەڵ پووتین کۆبێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەمریکا کاروانێکی سەربازیی، کە پێکهاتبوو لە ٢٠ بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە گواسترایەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە ڕۆژئاواى کوردستان( باکووری پارێزگای حەسەکە)، کاروانەکە کەرەستەی سەربازیی و لۆجیستیی و سووتەمەنیی لەخۆ گرتبوو. گەیشتنی ئەم کاروانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە سووریا. هاوکات لە دووڕۆژى ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکییەوە، چەکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەک و سیستەمی ڕاداری پێشکەوتوو و کەرەستەی لۆجیستی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە گواستەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە باکووری حەسەکە، هەروەها دوو هەلیکۆپتەر و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی یاوەریی ئەم فڕۆکە بارهەڵگرە بوون. هێزەکانى سوریاى دیموکرات – هەسەدە بەشێکن لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و ئەمریکا و هاوپەیمانان لەگەڵ گەیاندنى چەک و تەقەمەنى و پێویستى سەربازیدا بە هەسەدە، ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژ بە داعش لە رؤژئاواى کوردستان ئەنجام دەدەن. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانان جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە ٨٥ فڕۆکە، ٣٢١ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) بە ناونیشانی "سەرۆکی ئاشتی"، ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی ٨ مانگدا کۆتایی بە ٨ جەنگ هێناوە. دوایین زیادکردنی لە لیستی کۆتایی هێنان بە جەنگەکاندا، ململانێی دوو ساڵەی ئیسرائیل و حەماسە، حەوتەکەی دیکەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، پاکستان و هیندستان، ڕواندا و کۆنگۆ، تایلەند و کەمبۆدیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، میسڕ و ئەسیوپیا، هەروەها سڕبیا و کۆسۆسڤۆ بوون. ژمارەیەک لەو ململانێیانە هەرچەندە لە ئەنجامی گرژییە درێژخایەنەکانەوە بوون، بەڵام تەنها چەند ڕۆژێک درێژەیان کێشاوە، هەروەها تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی بەردەوام دەبن یاخود نا. لێرەدا بە وردی باس لە ململانێکان و کۆتاییهاتنیان دەکەین: - ململانێی ئیسرائیل و حەماس دۆناڵد ترەم سوپاس و ستایشێکی بەرفراوانی لێکرا بەهۆی بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس،بە ئاڵوگۆڕ کردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی، بەڵام ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە پابەندبوونی هەردوولا هەیە بە ئاگربەستەوە، کە یەکێک لەو پابەندییانە چەک دانانی حەماس و پابەندبوونی حکومەتێکی نوێ لە غەززە. - ململانێی ئیسرائیل و ئێران ململانێیەکی ١٢ ڕۆژە بوو، لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئامانجەکانی لە ئێران پێکا، ترمپ دووپاتی کردەوە، پێش لێدانەکان لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ ئاگادار کراوەتەوە، پاشان ئەمریکا هێرشی بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامدا، کە ئەمەش هەنگاوێک بوو، بووە هۆی نزیک بوونەوە لە کۆتایی ململانێکان بەخێرایی. لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی: "بەفەرمی ئێران ئاگربەست دەستپێدەکات، پاش ١٢ کاتژمێر ئیسرائیل ئاگربەست دەستپێدەکات، دوای ٢٤ کاتژمێر بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت". - ململانێی پاکستان و هیندستان ساڵانێکە گرژی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە، بەڵام لە ٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی هیندستان هێرش دەکاتە سەر کشمیر شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا، پاش چوار ڕۆژ لە گرژی و پێکدادان، ترەمپ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاند کە هیندستان و پاکستان ڕێککەوتوون، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمە لە ئەنجامی شەوێکی درێژخایەنی دانوستانەکانە بە نێوەندگیری ئەمریکا، حکومەتی پاکستان سوپاسی ترەمپی کرد و دواتر پێشنیاری کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە دۆناڵد ترەمپ، بە ناونیشانی "دەستێوەردانی دیپلۆماسی یەکلاکەرەوە". - ململانێی ڕواندا و کۆنگۆ دوژمنایەتییەکی درێژخایەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتە هەڵگیرسا، پاش ئەوەی گرووپی (M23)ی ڕواندا لە ٢٧ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢، دەستیان بەسەر خاکی دەوڵەمەند بە کانزاکانی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرت. لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لە واشنتۆن واژۆکرد کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵە بوو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و ئەمریکا. - ململانێی تایلەند و کامبۆدیا لە ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکراوەیەکیدا وتی: "من پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی تایلەند دەکەم، بۆ ئەوەی داوای ئاگربەست بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت"، دوای چەند ڕۆژێک، هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج ڕێكکەوتن. - ململانێی ئەرمینیا و ئازەربایجان ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە دەستی پێ کردووە، هەروەها لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣، ئازەربایجان هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر کۆماری ئارتساخ دەستپێکردەوە لە ناوچەی قەرەباخ. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، سەرۆکی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند کە ئامادەن کۆتایی بە ململانێی نزیکای ٤٠ ساڵەی خۆیان بهێنن لەسەر ناوچەی قەرەباخ، وە لە ٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد. - ململانێی میسڕ و ئەسیوبیا بەنداوی گەورەی ڕێنیسانسی ئەسیوبیا لە هاوینی ئەمساڵدا تەواو بوو، وە حکومەتی میسڕ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئاوەی لە ڕووباری نیلەوە بەدەستی دەهێنێت ڕەنگە کاریگەری لەسەر دروست بێت بەهۆی بەنداوەکەوە، لەم بەینەدا ترەمپ بەڵێنی بە میسڕ دا کە ئەمریکا زۆر بە خێرایی کێشەکە چارەسەر بکات، میسڕ پێشوازی لە قسەکانی ترەمپ کرد.تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەڕمی لەنێوان میسڕ و ئەسیوپیا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەکراوە. - ململانێی سڕبیا و کۆسۆڤۆ ململانێی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ مێژوویەکی دێرینی هەیە، تازەترینیان کەلە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی تەواو بوونی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بەکارهێنانی تابلۆی بێلایەن بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سڕبیا لە کۆسۆڤۆ. لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی دوژمنایەتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، پاشان لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، سڕبیا تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی کۆسۆڤۆی ناساند و ڕێکەوتنیان واژۆکرد.
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی دایکانی ئاشتی نارد و وتی: لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت، لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکانی ئاشتی دەکەم و بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن. ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی دوای ١٢ ساڵ بە درووشمی “دایکان پێشەنگی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیین” سێیەمین کۆنفرانسی خۆی لە چاند ئامەد ئەنجام دەدات، لەگەڵ دایکانی ئاشتی، تەڤگەر ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپەی شار و ناوچەکان، هاوسەرۆکانی شارەوانی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی دایکانی ئاشتی کە گیانیان لەدەستداوە هەڵواسراوە، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ کۆنفرانسەکە نێردراوە خوێندرایەوە، پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: ” لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت. سڵاو لە دایکانی ئاشتی دەکەم کە خاوەنی ئەم هەڵوێستە سەربەرز و شکۆمەندن و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم. هاوشانی ناسنامەی دایکبوون دەبێت بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن. ژن چۆنی بوێت دەبێت بەو شێوەیە بژیت، بەڵام دەبێت بوێرییان بۆ ژیانێکی ئازاد هەبێت. ڕێزگرتنم لە ژنان لەسەر ڕەگەزی ‘دەبێت ئازادی بە بیرکردنەوە دەست پێبکات’ بنیاتناوە. ئێوە وەک دایکانی ئاشتی کە لە ڕیزی پێشەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەرگری لە ئاشتی و بەرخۆدانی ئاشتی دەکەن، هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادیی و ئاشتیمانیدا لە گۆڕەپانەکانی پێشەوەدا بەشداریتان کردووە. هەڵبەت وەک دایکان جێگەی ئێوە لە بەرخۆدانەکەماندا قسەی لەسەر ناکرێت، بەڵام من لەوباوەڕەدام کە دەبێت چوارچێوەی ژنبوون و دایکبوون بشكێنردێت کە کۆمەڵگەی نەریتی دەیسپەێنێت. دەبێت لەگەڵ ناسنامەی دایکبوون لە هەمانکاتدا بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێکۆشان بکەن. ئەم جوگرافیایە کە بۆ یەکەمجار کۆمەڵگەی دایکسالاری تێیدا سەریهەڵدا، لە هەمانکاتدا شوێنی یەکەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانە. بە کۆیلەکردنی ژن و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە هاوشانی یەکتر دەڕۆن. بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو، کۆیلایەتی بە دەرکەوتنی دەوڵەتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو بە کۆیلەکردنی ژنان هاتووەتە گۆڕێ. ئەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕوویانداوە سەرچاوەی ئەو پرسانەن کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین. ڕێگەی دەربازبوون لەم پرسە پێکەوە بنیاتنانی ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکە. بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی، کە لە ٢٧ـی شووباتدا کردمان، ئەرک و بەپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی تەڤگەری ژنان و دیکانی ئاشتی. دەبێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ. ڕێکخستنی ژیانێکی سۆسیالیستییانە لەسەر بنەمای کۆمیناڵی دیموکراتیک بە ئاشتی ڕێی تێچووە. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەوڵەکانیاندا. عەبدوڵا ئۆجالان.”
سەرۆک بارزانی: ئومێدەوارین حکومەتی هەرێم پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە
سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت. لە بارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە. شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئاینەکانی دیكهی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆک بارزانی لە میانی گوتارێکدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئاماژەی بەوە کرد، فەرھەنگی پێکەوەژیانمان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بە یەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھان داوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە زۆر خزمەتی کوردستان و مێژووەکەشی کردووە، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین. سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە بەردەوام بێت و پتر بچەسپێت. گوتیشی: پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵگنارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان. لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، دووژمنان بە ھەموو ڕێگەیەک دەیانەوێت کولتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو ئاداب و کولتووری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خوا و یەکبوونی ئێوە، ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەنێو دەبرێن. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: ئومێدەوارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە. لە بارەی گوتاری میانڕەوییەوە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە." سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوە دا، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن.
لەمەراسیمى ناساندنى لیستی کۆمەڵی دادگەری و کاندیدەکان لە بازنەکانی (سلێمانی - هەولێر - دهۆک) عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵ وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا چەند پەیامێکى خستەڕوو. لەبەشێکی وتارەکەیدا عەلى باپیر وتى: لەگەڵ هەموو لایەنەکانی موعارەزە قسەمانکرد بۆ هاوپەیمانی، بەتەنیا ماینەوە، هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هەر کاتێک بزانین پەرلەمان دیزاین دەکرێت، بایکۆتی دەکەین و هەمان هەڵوێستمان دەبێت، لەگەڵ خوا و خەڵکی خۆمان ڕاست دەکەین. سەرۆکی کۆمەڵ وتیشى: داوا دەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەبێ دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەكی دووبارە بكرێتەوە.
پارێزەرى کەیسی (لاهور شێخ جەنگیو هاوڕێکانی) ڕایدەگەیەنێت ئەو ڕونکردنەوەى بەناوى بنەماڵەى شێخ جەنگیەوە بڵاوکراوەتەوە لەسەر خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان دوورە لەڕاستیەوە، ئەو بنەماڵەیە هیچ ڕونکردنەوەیان نەبووە. پەیجى ڕەنگ لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردبویەوەو تیایدا ئەوەى خستبویەڕوو ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای UN لە شاری هەولێر، ژمارەیەک کەس کە خۆیان وەک لایەنگر و کادیری بەرەی گەل دەناسێنن گردبوونەوە و بە قسەی خۆیان و بەپێی ئەو دروشمانەی بەرزیانکردبوەوە داوای ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و چەکدارە دەستگیرکراوەکانی لالەزار دەکەن. ئێمە لەوە تێدەگەین کە ژمارەیەک کەس وەک دڵسۆزیی و وەفا بۆ شێخ لاهور و شێخ پۆڵاد بەشداریان لەو گردبوونەوەیە کردبوو، بەڵام لە بەرزکردنەوەی هەندێک دروشم و وێنە و لافیتە تێگەیشتین کە ئەمە زیاتر دەستێکی سیاسیی و ئەمنیی لەپشت بێت وەک لەوەی هەوڵێک بێت بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان. لە ڕاگەیەندراوێکیدا، بورهان ڕەشید ئەو ڕونکردنەوە بەدرۆ دەخاتەوەو دەڵێت: ئەمڕۆ ١٨-١٠-٢٠٢٥ ڕونکردنەوەیەک بڵاوکراوەتەوە، لەپەیج و ئەکاونتى (rang) بەناوى (ڕونکردنەوەیەک لە بنەماڵەى شێخ جەنگى) دواى ئەوەى ینەماڵەى شێخ جەنگى پەیوەندییان پێوەکردم، بەڕێزیان داوایانکرد ڕونکردنەوەیەکى پێویست لەوبارەیەوە بدەم کە ئەوان دوورو نزیک ئاگادارى ئەو ڕونکردنەوەیە نیین. بۆیە بۆ هەموولایەکى ڕوندەکەینەوە ئەو ڕونکردنەوەیەى لە پەیجى ناوبراو بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستى. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى بورهان ڕەشید.. ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕاى گشتى.. ئەمڕۆ ١٨-١٠-٢٠٢٥ ڕونکردنەوەیەک بڵاوکراوەتەوە، لەپەیج و ئەکاونتى (rang) بەناوى (ڕونکردنەوەیەک لە بنەماڵەى شێخ جەنگى) دواى ئەوەى ینەماڵەى شێخ جەنگى پەیوەندییان پێوەکردم، بەڕێزیان داوایانکرد ڕونکردنەوەیەکى پێویست لەوبارەیەوە بدەم کە ئەوان دوورو نزیک ئاگادارى ئەو ڕونکردنەوەیە نیین. بۆیە بۆ هەموولایەکى ڕوندەکەینەوە ئەو ڕونکردنەوەیەى لە پەیجى ناوبراو بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستى. هیوادارین کەسە پەیوەندیدارەکان بەم کێشەیە، بەشێوەیەکى عادیلانە لەڕەگ و ڕیشەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، کۆتایی بەناکۆکیەکان بهێنن، چونکە ئەوە لەبەرژەوەندى هەموولایەکدایەو زامنى چاکبونەوەى برینەکانە.
لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەندین پەیامی ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و عێراق کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا وتى: قەت حكومەتێك دانامەزرێ لەم كوردستانە تا ئێمە دڵنیا نەبین ئەو حكومەتەیە كە خەڵەتەكانی رابردوو دووبارە ناكاتەوە. سەرۆکی یەکێتی جەختی لەسەر پێویستی گۆڕانکاری کردەوە و وتی: "پێویستمان بە گۆڕانکاریی جددی هەیە". ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی کرد و ڕایگەیاند: "وەکو گاز، مەلەفی نەوتیشمان ڕزگار کرد". ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتی لەبەغداد كاردەكات بۆ تەواوی كوردستان و هەر یەكێتی بوو عیراقی ئاشتكردەوە. ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە حكومەت خزمەتی هاووڵاتیان بكات و ئێمە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان دەپارێزین. بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە کارنامەی یەکێتی ئاشکرایکرد، بەرنامەی یەكێتی خزمەتكردنە بەبێ جیاوازی و لە بەغداد كۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەهێنین. سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، پێویستمان بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری راستەقینەیە هەیە و دۆسیەی نەوتمان رزگاركرد.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ملیۆنان کەس لە نیویۆرکەوە بۆ سانفرانسیسکۆ بەشداریی لە خۆپیشاندان لە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بکەن. بزووتنەوەی 'نۆ کینگز' خۆپیشاندانەکە ڕێکدەخات لە دروشمەکەشیاندا دەڵێن: "سەرۆک پێی وایە دەسەڵاتەکەی ڕەهایە، بەڵام لە ئەمەریکا، ئێمە هیچ پاشایەکمان نییە و خۆمان ڕادەستی ئاژاوە و گەندەڵی و دڵڕەقی ناکەین." بریارە ئەمڕۆ شەممە، زیاتر لە دوو هەزار و 700 خۆپیشاندان لە شارەکانی گەورە و بچووکەکانی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، بەتایبەت لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە 'مارۆلۆگۆ' لە فلۆریدا کە پشووەکانی تێدا بەسەر دەبات. ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن: پێشبینی دەکەن ملیۆنان کەس بەشداریی بکەن. لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، یەکەم ڕۆژی گردبوونەوە کە لەلایەن خودی بزووتنەوەکەوە ڕێکخرابوو و نزیکەی 300 ڕێکخراو لەخۆگرتبوو، ملیۆنان کەس لە هەموو تەمەنەکان گردبوونەوە، ئەمەش بە گەورەترین خۆپیشاندان هەژمار کرا لەوکاتەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی. دۆناڵد ترەمپ کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا هەڕەشەی کرد بە هێزێکی زۆر وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە، ئەم هەفتەیە لە کەناڵی فۆکس نیوز گوتی "ئەوان من وەک پاشایەک نیشان دەدەن. من پاشا نیم." کاربەدەستانی پارتەکەی ترەمپ، ئیدانەی خۆپیشاندانەکانی داهاتوویان کرد و بە تیرۆر وەسفیان کرد. مایک جۆنسن سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو خۆپیشاندانەی بە "کۆبوونەوەیەکی ڕق و کینە لە دژی ئەمەریکا" وەسف کرد و جەختی کردەوە "گرەو دەکەم کە تیایاندا لایەنگرانی حەماس و ئەنتیفا دەبینن." کە بزووتنەوەی ئەنتیفا لە ئەمەریکایە و بەم دواییانە لەلایەن ترەمپ خرایە لیستی تیرۆرەوە. گلێن ئیڤی، نوێنەری دیموکراتەکانی میریلاند ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داهاتووی ئەمەریکادا، بۆیە تێدەگەم بۆچی نیگەرانن. لە بەرانبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکانی، دیدری شایفلینگ، بەرپرسی ڕێکخراوی مافە مەدەنی و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا و هاوبەشی ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکەیە گوتی: "ئێمە بێدەنگ نابین."
ژمارەیەک لە لایەنگرانى بەرەى گەل و كهسوكارى گیراوانى لالهزار، گردبونهوهیهكى ناڕهزاییان برده بهردهم نوێنهرایهتى ڕێكخراوى نهتهوهیهكگرتوهكانو سهربارى ڕهخنهگرتن لێیان لهو بێدهنگیهى ههڵیانبژاردوه بهرامبهر بهوهى لهسلێمانى ڕویدا، داوایانكرد، "ههرچى زوه بهدهنگ بێنو لاهور شێخ جهنگىو هاوڕێكانى بهزوترین كات ئازاد بكرێن". له گردبوونهوهی ئهندام و لایهنگرانی حزبهكهی لهبهردهم بارهگای نهتهوه یهكگرتووهكان له شاری ههولێر له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهنووسان، وتى: ئهو پهلاماره لهكاتێكدا ئهنجامدرا، لاهور شێخ جهنگى كاندیدى دهرچوى پهرلهمانى كوردستانهو سهرۆكى قهوارهیهو هاوكات ئهندامى ئهنجومهنى ئاسایشى ههرێمى كوردستانیشه. ناوبراو ئەوەشى ڕونكردهوه، *بهبێ حسابكردن بۆ ئارامی و ئاوهدانی شارێكی وهك سلێمانی. لهماوهی چوار كاتژمێردا به ههموو شێوهیهك ئاگربارانی ماڵهكهی و شوێن نیشتهجێبوونی ههڤاڵهكانیان كرد.، له ئهنجامدا چهندین كهس شههید و برینداربوون و لاهور شێخ جهنگی و سهدان كهس له ههڤاڵهكانی دهستگیركران. وتیشىى: ئهم دهستدرێژیكردنه به تۆمهت و بهڵگهی بێ بنهما ئهنجام دران، دوور له ئهركی دادگا و پۆلیس و ئاسایش، *لاهور شێخ جهنگی ئهندامی ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان و ئهندامی ههڵبژێردراوی پهرلهمانی كوردستان و سهرۆكی قهوارهی بهرهی گهله. بەشێکى دیکە لەپەیامەکانى گردبوونەوەکە.. *حكومهتی ههرێم لێكۆڵینهوه له فهرماندهكانی ئهو یهكانه بكات كه لهژێر فهرماندهیی *سهرۆكی حزبێك بهشداری ئهم تاوانهیان كردووه. *لایهنه پهیوهندیدارهكان رهشبگیری و گرتن و راوهدونانی ئهندام و لایهنگرانی بهرهی گهل بوهستێنن. *ئێستا به سهدان كهس له زیندانهكانی كۆماندۆ و دژهتیرۆر و ئاسایشدان و بهسهدان كهس ئاوارهی ههولێر و كهركوك و دهرهوهی وڵات بوون. دهست بهسهر كهناڵی زووم و كهلوپهلهكانیدا گیراوه. ماڵی لاهور شێخ و ئۆتێك لالهزار بهتهواوی وێران كراوه. *له دهرهوهی سلێمانیش چهندین باخ و ماڵ دهستیان بهسهردا گیراوه و تاڵان كراون، جگه له بردنی گوژمهیهكی گهورهی پارهی یانهی نهورۆز.
سیبپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی کردەوە کەهەسەدە ئامادەیە بچێتە ناو سوپای نوێی سوریا کە بڕیارە پێکبهێنرێت، بەڵام تەنها ئەگەر یەکگرتنەکە لەسەر بنەمای بنەمایەک بێت کە ڕێز لە ناسنامەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خەباتەکەی و قوربانیدانەکانی بگرێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزێت گەلی سوریا. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەو بەرپرسە حەمۆ تێڕوانینێکی گشتگیری لە دیدگای هێزەکان سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق خستەڕوو، باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی یەکگرتن لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ کرد. هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزێکی یەکگرتووی نەتەوەیی دەمێنێتەوە کە بەرگری لە هەموو سوورییەکان دەکات تا ئەو کاتەی سیستەمێکی دیموکراسی دادپەروەرانە بەدی دێت. سیبپان حەمۆ دەڵێت: ئێمە بەدوای یەکگرتن لە سوپای داهاتووی سوریادا دەگەڕێین، و پێمان وایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بناغەی بنیاتنانی سوپای نیشتمانی نوێن. لە ڕاستیدا سوپایەکی نیشتمانی سوریا بەبێ بەشداری هێزەکانی (هەسەدە) دروست نابێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ پەیوەست بوون بە سوپای نوێ ڕاگەیاندووە و ئەمەش ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانیان بە ڕێگریکردن یان خاوکردنەوەی پرۆسەی یەکگرتن تۆمەتبارکراون. ئەم تۆمەتانە بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە و لەسەر بنەمای ڕاستییەکان دانەنراون، وتى: بەپێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێت بچینە ناو سوپای نوێ، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵدەدەن پرۆسەی یەکگرتن بەپێی دیدگا تەسکەکان لێکبدەنەوە کە بە دیل دەمێننەوە بۆ عەقڵیەتی دەسەڵاتی پێشوو. ئەو فەرماندەیەى هەسەدە لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا هێما بۆ ئەوەدەکات سوریا بەبێ بەشداری هەمووان نابێتە زێدی هەمووان و ڕێگە نادەن دووبارەبوونەوەی ئەو سیاسەتە ئیستسنایانەی کە سوریاییەکان دەیان ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن. وتیشى: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە بوونی ئێمە لەناو سوپای سوریا پێشمەرجێکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام ئەم یەکگرتنە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوبەشی یەکتر بێت نەک بەپێی دیدگای هەندێک لایەنی دیمەشق کە پلانەکانیان لەسەر بنەمای دوورخستنەوە و تەسفیەکردنە. جەختى کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی گەلەکەمان وەک بنەمای هەر هەنگاوێک دەمێنێتەوە، دەشڵێت: تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێستا ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانی سوریا نەگرێتەبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی بەرگری لە بوون و ژیان و ناسنامەی گەلەکەمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دەمێنێتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە، هەزاران شەهیدمان کردە قوربانی بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان و لە هەوڵی بنیاتنانی نیشتمانێکی هاوبەش بۆ هەموو سوورییەکان. ئێمە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و بەردەوامیش دەبین لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر کە شایەنی قوربانیدانی گەلەکەمانە. ئەمڕۆ لە سایەی هێزەکانی (هەسەدە) لە ناوچەکانمان بە سەلامەتی و سەقامگیری دەژین، لە کاتێکدا باقی سوریا بەدەست ئاژاوەگێڕی و کوشتنی ڕۆژانە دەناڵێنێت.
لەڕاگەیەندراوێکیدا دەم پارتى، ڕایدەگەیەنێت دادگای سزا قورسەکانی ئاگری سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بەسەر پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە دیاربەکر بەردان ئۆزتورک دەرکردووە. دانیشتنی حوکمی ئەو دۆسیەیە، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن داواکاری گشتیی ئاگری دەستیپێکردبوو، دادگای باڵای تاوانەکانی ئاگری بەڕێوەچوو. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بۆ دیاربەکر ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، بەڵام پارێزەرەکەی ئامادەبوو. ئەو دادگایەی کە بڕیارەکەی لەسەر دۆسیەکە دەرکرد، بە تۆمەتی "یارمەتیدانی ڕێکخراوێک"، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی دیموکرات، بەردان ئۆزتورک، بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێک" ساڵ و ١٠ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند. هاوکات سیری ساکیک پەرلەمانتاری دەم پارتى، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند: لە ئاگری سزای توندی 40، 30، 24 ساڵ بەسەر 16 هاوڕێماندا درا کە بوونەتە ویژدانی ئەم شارە، ساڵانێکە خەریکی سیاسەتی دیموکراسی بوون، هەمووان دەیانناسن و خۆشیان دەوێن و زۆربەیان بەساڵاچوو و نەخۆشن". یەکێک لەوانە بەردان ئۆزتورک پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتە، ئەمانە کەسانێکن کە چەکیان هەڵنەگرتووە، کەسانێکن کە بە بیر و قسەی خۆیان شەڕیان کردووە. دەشڵێت: ئایا بەم شێوەیە ئیرادەی پێکەوە ژیان و داهاتوویەکی هاوبەشمان بەدەست دەهێنین؟ لەلایەک قسەی ئاشتی و برایەتی و دەستووری نوێ بەرز دەکرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە سزای ئاوا توند دەدرێت بەو کەسانەی خەریکی سیاسەتن، چ تێگەیشتنێک لە دادپەروەری و لە چ ویژدانێکدا جێدەبێتەوە؟
توێژینەوەیەکی ئەم دواییانەی پەیمانگای "توێژینەوەی ئۆتۆمبێل (CAR)" ئاشکرایکردووە، کە ئەو سوودانەی کە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بەدەستی دەهێنن بەم زووانە لە بازاڕی ئەوروپادا لە وڵاتانی دیکەدا ڕەنگدەداتەوە، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی کێبڕکێ لەناو بازاڕی چینیدا. توێژینەوەکە دەریخستووە کە بازاڕی ناوخۆیی چین شاهیدی شەڕێکی توندی نرخەکانە لە نێوان کۆمپانیاکانی وەک "BYD - MG - Great Wall". ئەم کێبڕکێیە هانی کۆمپانیاکان دەدات کە ئۆتۆمبێل بە نرخێکی بەرچاو کەمتر پێشکەش بکەن بە بەراورد بە نرخەکانیان لە بازاڕەکانی هەناردەکردن، وەک ئەڵمانیا. باجەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ بۆ بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی، ئەمەش توانای کۆمپانیا چینییەکان سنووردار دەکات بۆ کێبڕکێی ڕاستەوخۆ سەرەڕای تێچووی بەرهەمهێنانی بەرزتر. فێردیناند دودنهۆفەر، پسپۆڕی ئابووری، لە توێژینەوەیەکیدا پێشبینی دەکات ئەوروپا شاهیدی دابەزینی زیاتری نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بێت لە ئەنجامی فشاری کۆمپانیا چینییەکان، تەنانەت لەگەڵ بەردەوامبوونی باجەکانیشدا. دودنهۆفەر ڕوونیکردەوە کە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی چینی دەتوانن سوود لە تێچووەکانیان وەربگرن بە زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی لە کەرتی پاتریدا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی بازاڕکردن و فرۆشتن بۆ هەر یەکەیەک بە تێپەڕبوونی کات. هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری دامەزراندنی کارگەی نوێ لە چوارچێوەی ئەوروپا کرد بۆ بەهێزکردنی بوونی چین و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ. هاتنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆناو بازاڕ، بە نرخێکی کەمتر و تایبەتمەندی بەرز بووەتە هۆی زیادبوونی کێبڕکێ لە بازاڕەکانی جیهاندا، کۆمپانیا چینییەکان بە نرخێکی کەمتر ئۆتۆمبێل پێشکەش دەکەن بە بەراورد بە براندا جیهانییەکان و نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش کۆمپانیایەکانی دیکە ناچار دەکات کە بە ستراتیژی نرخەکانیاندا بچنەوە. ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکانی وەک ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵااتی ناوەڕاست، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە، کە بەکارهێنەران بەدوای ئۆتۆمبێلی گونجاودا دەگەڕێن، ئەم فراوانبوونەش پشکی بازاڕی کۆمپانیا چینییەکان لەبەرامبەر کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرزدەکاتەوە. ئۆتۆمبێلی چینی بووەتە ڕکابەرێکی دیار لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا، بەهۆی داهێنانی تەکنەلۆژی و نرخە گونجاوەکانیەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێشبینی دەکرێت کاریگەری چین لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشە بکات.
وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاشكرایكرد: بەرهەمهێنانی بەنزین بەگشتی كەمبووەتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: تەنیا هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بازرگانەكانن كەزۆربەیان نزیك لە خاوەنی پاڵاوگەكان و دەسەڵاتدارانن. بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند: لەشەوی ڕابردووەوە نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین موحەسەن و سۆپەر و نۆرماڵ ٥٠ دینار بەرزبوەتەوە، ئەوەشی ئاشكراكرد: ئاستی خواست لەسەر بەنزین تاوەکو ئێستا جێگیرە، بەڵام بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و بەگشتی لەدهۆک و هەولێر چەند ڕۆژێکە گرانبووە و ئێستا سلێمانیشی گرتووەتەوە. هاوكات، كەریم عەلی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بە شارپرێسی ووت: بەنزین لەهەرێمی كوردستان بازرگانیە، بۆیە لەگەڵ دروستبوونی بچوكترین هۆكار بۆ بازرگانەكان، كەزۆربەیان نزیكن لەخاوەن پاڵاوگەكان و دەسەڵاتدارانەوە، هەلەكە دەقۆزرێتەوە و نرخی بەنزین گران دەكرێت. جەختیش دەكاتەوە: بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین و دابەشكردنی نەوت بەنرخی گران، پێشێلكردنی تەواوی ڕێساو یاساكان و تەواوی ئەو ڕێكەوتنانەیە كەلەگەڵ حكومەتی عێراقی كراوە، بەو پێیەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەناوی بەكارهێنانی ناوخۆییەوە وەردەگیرێت، دەبێت سەرجەم جۆرەكانی سوتەمەنی بەنرخی پاڵپشتیكراو بدرێتە هاوڵاتیان.
