سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانى پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆى ئاگرەکەوە زیاتر لە هەزار و 500 دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانى ناوچەکە سوتاون. بەهۆى تەقەمەنی پاشماوەکانى جەنگى عێراق - ئێرانیش پێشنیوەرۆى ئەمڕۆ تواندراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی ناوچەکە دەڵێت، "تەندروستیی بریندارێک ناجێگیرە." هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن ڕاگەیاند، بەشێکى زۆرى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بەشێکى کەمى ماوە کە بەهۆى مین و پاشماوەى جەنگییەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن. ئاماژەى بەوەشکرد، بەدرێژایى شەوى رابردوو تیمەکانى پۆلیسى دارستانى سلێمانى، سەیدساق، شارەزوور، پێنجوێن، رێکخراوى ملەکەوە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لە ئەرکدابوون بۆ کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە و هیواشى خواست لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن. لە بارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکەش، هێمن ئیبراهیم، گوتى، تاوەکو ئێستا هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە رووننەبووەتەوە بەڵام پەراوى لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و دواى کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن. لەلایەکى دیکەوە سەردار ئەحمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ شەممە وتى، "نزیک کاتژمێر دەى ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا ئاگرەکە چیاکانی سنووری قەزای پێنجوێنی لە پارێزگای سلێمانی گرتبووەوە، لەوانە چیای کچێ، نزارا و کێلوو. لە ماوەى دوو رۆژى رابردوودا بەهۆى ئاگرەکە دوو هاونیشتمانى کە تیمى خۆبەخشبوون برینداربوون و رەوانەى نەخۆشخانە کراون و بەگوێرەى زانیارییەکان، یەکێک لە هاونیشتمانییەکان زیاتر لە 70%ى جەستەى سوتاوە و دۆخى تەندروستى جێگیرنییە. 17ی ئەم مانگە لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش بریندار بوون.
هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریی هاتوچۆی سلێمانی لە چیای ئەزمڕ کەوتەخوارەوە و لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانی و ئەفسەرێکی هاتوچۆ برینداربوون. هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لە چیای ئەزمڕ کەوتەخوارەوە بەوهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا، راستەوخۆ دوای ڕووداوەکە بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە هێلیکۆپتەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەچێت تەرمەکەی بهێنێتەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرێکە دەکەوێتەخوارەوە و دوو سەرنشینەکەی برینداردەبن. بەختیار محەمەد، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی وت، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە. تەرمى شۆفێرەکە لە پزیشکی دادە و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەی شار چارەسەریان بۆ دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کە بە رووداوی هەڵدێران لە شاخی هەڕووتە کەوتبووەخوارەوە، هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریی سلێمانی بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە کەوتەخوارەوە. یەکێک لە بریندارەکانی هێلیکۆپتەرەکە عەمید حسێن فەیزوڵا، لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانییە و بریندارەکەی دیکە ئەفسەرێکی هاتوچۆیە و تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە. چۆنیەتیی رووداوەکە لە زاری یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکە ئەحمەد رەسوڵ لە دایکبووی 1973ـیە، شەوی رابردوو پاش تەواوبوونی لە کارەکەی لە یەکێک لە تاوەرەکانی چیای ئەزمڕ، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت، ئەوە بەگوێرەی گێڕانەوەی قودسی ئیسماعیل، کە کەسوکاری قوربانییەکەیە. قودسی ئیسماعیل دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 12.00 ئاشكرابوو لە چیای هەڕووتەی ئەزمڕ بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کەوتووەتەخوارەوە و گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، لەبەر سەختیی شوێنی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلەکە، پاش هەماهەنگی لەنێوان ئاسایش و پۆلیس و هاتوچۆی سلێمانی، بڕیاردرا بە هێلیکۆپتەر تەرمەکە بهێننەخوارەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرە فریاگوزارییەکە لەکاتی نیشتنەوەدا بۆ هاریکاری وهێنانەوەی تەرمی هاونیشتمانییەکە کەوتووەتە خوارەوە. پاش وەرگرتنەوەی تەرمی هاونیشتمانیەکەش لە پزیشکی داد، کەسوکارەکەی راستەوخۆ دەیبەن بۆ گۆڕستانی گوندی خەمزە و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
"چاوێکم لەسەر عێراق بوو،" ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بەو رستەیە گرنگیی عێراقی بۆ وڵاتەکەی دەربڕی، ئەمەش ئەو کاتەی کە لە کۆتایی 2024 خۆی و هێزەکەى لە پارێزگای حەلەبەوە بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەڕۆیشتن بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد. ئەو دەڵێت، "چاودێریی دۆخی سەربازیی سووریام دەکرد لەگەڵ دەرهاویشتەکانی لەسەر عێراق." ئەحمەد شەرع کە هەشت مانگە بە فەرمی بووەتە سەرۆککۆماری سووریا، دەڵێت، "لە کاتی شەڕەکانمان لە سووریا و بەر لە گەیشتنمان بە دیمەشق، تێبینیی ئەوەمان کرد کە هەندێک لایەنی عێراقی دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە." ئەو گوتانەی ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەکەیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری عەرەب، کە لە 24ی ئاب لە دیمەشق کرا، بەڵام دەقی گفتوگۆکە تازە بڵاوکراوەتەوە. شەرع باسی دۆخی دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەریی لەسەر عێراق کرد. بە گوتەی ئەو، لە ناوخۆی عێراقدا گوشارێک لەسەر بڕیاربەدەستان هەبوو، کە دەبێت حکومەت زوو دەستوەربدات و ئاڵنگارییەکی گەورە هەیە، ئەگەرنا "باجێکی قورس دەدات،" ئەویش هەوڵی بە دڵنیاکردنەوەی عێراقی داوە. لەدیدارەکەدا، ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی سووریا دژی ڕژێمی پێشوو، زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دژی ئیرادەی خەڵکی سووریا وەستانەوە و کاتێک بۆ عێراق کشانەوە، دەستیان بە هێرشی ڕاگەیاندن لە دژمان کرد. - ئێمە داوای لێبووردن یان تۆڵەسەندنەوەمان نەکردووە، وەک ئەوەی دوای جەنگەکان ڕوودەدات، بەڵکو دەرگای سووریامان بۆ هەمووان کردەوە و وەک دەوڵەتێکی دراوسێ مامەڵەمان لەگەڵ عێراقدا کرد، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیی پێکەوە دەمانبەستێتەوە." - ئێستا عێراق لەبەردەم ئاستەنگدایە و لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەماندایە و ڕوون نییە چۆن بەڕێوەدەچێت گوشارێکی زۆریش لەسەر سوودانی هەیە و ئاماژەی نەرێنیش لە هەندێک لایەنەوە بەرامبەر سووریا هەیە. - زۆر لایەن هەوڵیان دەدا سوود لە دۆخی سووریا وەربگرن و بابەتی تائیفی لە عێراقدا بقۆزنەوە، بەڵام من ڕەتم کردەوە و مامەڵەی ڕاستەخۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق پێ باشتر بوو و تا ئێستا پابەندین پێوە. 8ی کانوونی یەکەمی 2024 بە فەرمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، کە پەیوەندیی هاومەزهەبی شیعەى لەگەڵ ئێران و زۆرینەی دەسەڵاتدارانى عێراق بەهێز بوو. سەرۆککۆماری سووریا گوتی، "پەیامێکی راستەوخۆ و بەپەلەم نارد بۆ سوودانی کە لە پەرلەمان بوو، بۆئەوەی بڕیارێک بدات. لەوە ترسام کە بڕیارێکی هەڵە بدات و بە ڤیدیۆیەکی خێرا هاوکاریم کرد، کاردانەوەی باش بوو بۆئەوەی تێڕوانینێکی ئەرێنیی بۆ دۆخی سووریا هەبێت." سنووری نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 605 کیلۆمەترە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، مەترسیی عێراق لەوە بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە دزە بکەنە ناو وڵاتەکەی. ئەحمەد شەرع گوتی، "ئەو پەیامە وایکرد عێراقییەکان دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و تەنیا رێکاریان پاراستنی سنوور بێت." رەخنەی سەرۆککۆماری سووریا ئاراستەی هەندێک لە لایەنی عێراقی بوو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و گوتی، "هەندێک لەو گرووپە چەکدارانەی بەڕوومان وەستانەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بوون. ئەوە یەکێک بوو لەو پرسانەی بە تەواوی لێی تێنەگەیشتم. کاتێکیش کشانەوە بۆ عێراق، لەوێ لەڕووی راگەیاندنەوە هێرشیان دەکردە سەرمان."
سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا ڕایدهگهیهنێت، دوای دهنگدان لهسهر لیستی باڵیۆزان، دهبێت گهندهڵكاران و ئهوانهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه، لهلیستهكه دوور بخرێنهوه. نوری مالیكی، سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا، لهبارهی پهسهندكردنی ناوی باڵیۆزانی عێراق لهوڵاتانی جیهان له پهیامێكدا ڕایگهیاندووه، دهنگدان لهسهر لیستی كاندیدان دهبێت بهجۆرێك بێت، گهندهڵكار و ئهوانهش دوور بخرێنهوه كه دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه. مالیكی راشیگهیاندووه، ساڵانێكه عێراق بهدهست لاوازیی و كهموكورتی كادری دیبلۆماسی باڵیۆزخانهكانی لهدهرهوه دهناڵێنێت، بۆیه پهسهندكردنی لیستی باڵیۆزان، كاردانهوهی بهدوای خۆیدا هێنا و داوا دهكهن ئهوانهی دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری دهیانگرێتهوه، ئهوانهشی گهندهڵن و دۆسیهی تاوانكارییان لهسهره، بهڕێككاری یاسایی و دهستپاكی و ئهمنیی دوور بخرێنهوه.
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی مۆریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم، 49 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسێکی باڵای هێزی پاسەوانی دەریایی مۆریتانیا کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە رایگەیاند، جگەلە گیانلەدەستدانی 49 کەس، هاوکات نزیکەی 100 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەو بەرپرسەی مۆریتانیا ئاشکراشیکرد، بەلەمەکە 160 کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە، کە زۆربەیان خەڵکی سینیگال و گامبیا بوون. گوتیشی، هێزەکانیان توانیویانە تەنیا 17 کەس لە مردن رزگاربکەن و گەڕان و پشکنین بەدوای ونبووەکاندا بەردەوامە. ساڵی رابردوو، مۆریتانیا رێککەوتنی پەنابەرانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکرد و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەگرێت و لە بەرامبەردا 210 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت. بەگوێرە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەو وڵاتە، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەوروپا تەنیا مانگی ئازاری ئەمساڵ هەزار و 200 پەنابەر لە مۆریتانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، هەڵمەتێکی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا سەدان کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکاندا دەستگیرکراون.
لە یەکەم کاردانەوەی بڕیاری سێ وڵاتی ئەورووپی بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر تاران، تمەن زیاتر دابەزی. بە کاراکردنی میکانزمی سناپ باک، ئێران 30 رۆژی لەبەردەمە، کە یان دەبێت بە مەرجی ئەورووپییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێت، یانیش بکەوێتەوە ژێر سزا ئابوورییە سەختە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش سڕکردنی هەموو پارە و سامانی وڵاتەکە لە دەرەوە. ئارمان ڤاشەقانی فەراحانی، دانیشتووی تارانە و دەڵێت: "بۆ هەر شوێنێک بڕۆیت بۆ کڕینی خواردن، جل، پارچەی یەدەگ، چارەسەری تەندروستی یان هەر شتێکی دیکە، یەکسەر پێت دەڵێن بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە بۆیە دەبێت پارەی زیاتر بدەیت." ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رێکارەکەیان چالاک کرد. بەرلین داوا لە تاران دەکات، ئەم 30 رۆژە بکاتە دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی و لەدەستی نەدات. یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئێران دەزانێت کە دەبێت ئێستا چی بکات. پێویستە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات، پابەندی دانوستاندن بێت و پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەکی سەلمێنراو کەمبکاتەوە." دوای راگەیاندنی کاراکردنی میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە هاوتا ئەورووپییەکانییەوە کرد و پێی گوتن، ئێران دەستەوەستان نابێت و دەکرێت ئەو هەنگاوەیان هاوئاهەنگیی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لاوازتر بکات. کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە پێمان راگەیاندوون کە ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا ئەو دەرەچەیەی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیمان کردووەتەوە، بە تەواوی زیانی بەردەکەوێت و رەنگە بوەستێنرێت. ئەگەر ئەوان میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا بکەن، هیچ واتایەکی تێدا نییە کە ئێران لەگەڵیان بەردەوام بێت لە کارکردن." رووسیا دەڵێت، بڕیاری ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دژی ئێران هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و تەنیا "چاوسوورکردنەوە و تەنگپێهەڵچنینە". دیمیتری پۆڵیانسکی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "بێگومان ئەمە کار دەکاتە سەر کەشی گشتیی پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە ئاڵۆز دەکات." رووسیا و چین پڕۆژە بڕیارێکی هاوبەشیان پێشكێش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە بۆ ئەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لەسەر ئێران درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێران ئەورووپییەکانی پێ رازی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا و بەریتانیا دەتوانن بە ڤیتۆ شکستی پێبێنن. رووسیا و چین ناتوانن بڕیاری سەپاندنەوەی سزاکان ڤیتۆ بکەن، چونکە ناخرێتە دەنگدانەوە، بەڵکو 30 رۆژ لە دوای تۆمەتبارکردنی ئێران بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی، خۆکارانە سزاکان کارا دەبنەوە.
شاندی ئیمرالی کە دوێنێ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبووەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێن ورە و تەندروستییەکی زۆر باشی هەیە ئاپۆ ڕایگەیاند، "کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن". عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە: "کێشەکەی ئێمە وەک برینێکی قووڵ بووە کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی تایبەت هەیە و بەو هەستیارییە پڕۆسەکەیان تائێستا بەڕێوە بردووە." هاوکات رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: "ئامانجمان ئەوە بوو کە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەیەکی پڕ ئازار." لە کۆتایی شاندەکە باس لەوە دەکەن کە ئۆجەلان، "دووبارە جەختی لەسەر باوەڕی گەورەی بە دۆستایەتی هەمیشەیی و ئاشتیی نێوان گەلان کردەوە." لێدوانی شاندی ئیمرالی بەم شێوەیەیە: "بۆ ڕۆژنامەگەری و جەماوەر." لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ لەگەڵ کاک ئۆجالان لە ئیمرالی کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریمان ئەنجامدا، کاک ئۆجالان تەندروستییەکی نایاب و ڕۆحی بەرز بوو. لە میانی دیدارەکەدا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کرد و بارودۆخی ئێستای کرد. ئەو ڕایگەیاند کە ئەو کێشەیەی ئێمە تووشی بووین ئەوەندە گەنگرین بووە کە پێویستی بە دەستێوەردانی نەشتەرگەری تایبەتمەند هەبووە، و ئەوان بەو وردبینییە وردە پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە بۆ ئەوەی بیگەیەننە ئەم ئاستە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجمان ئەوە بوو هەموو شتێک لە تواناماندا بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە بە ئازارە. ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن و ئەنجامەکان تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. جەختی لەسەر پێویستی قۆناغێکی نوێ کردەوە کە تێیدا هەنگاو بەپەلە لەسەر هەموو ڕەهەندەکان بنرێت. ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا کە حەزی ئەو هەمیشە بۆ یەکگرتن بووە لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تێگەیشتن و ئامێزگرتنی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە سوودی بۆ هەموومان و هەموومان بۆ تورکیە دەبێت. ڕوونە کە سادەکردنەوە یان نەزانینی ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی بازنەی سیاسی و ڕۆژنامەوانییەوە زیان بەم پرۆسەیە دەگەیەنێت. هەر بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە باوەڕی گەورەی خۆی بە دۆستایەتیی هەمیشەیی و ئاشتی نێوان گەلان دەربڕی. لەگەڵ ڕێز و ڕێزدا شاندی ئیمرالی پارتی دیموکرات
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، جەخت لە گرنگی لە گرنگی ئاشتەوایی یەپەگە لەگەڵ دیمەشق دەكاتەوەو دەڵێت: زۆر حزبی کوردی سوریا هەن دۆستی تورکیان و دەیانەوێت هاوکاری تورکیا بکەن. هاکان فیدان، لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ کەناڵی (TGRT News) رایگەیاند: لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە یەپەگە لەگەڵ دیمەشق ئاشتەوایی بکات، هەمووان پێکەوە سوریایەکی نوێ دابمەزرێنن، یەک هێزی چەکدار هەبێت، رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ناسنامە و زمانی گروپەکان جیاوازەكان و نوێنەرایەتی یەکسانیان لە ئیدارەدا هەبێت، ئەمەیە ئەوەیە كە ئێمە داوای دەكەین. فیدان وتیشی: کاتێک ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش تا دێت روونتر دەبێتەوە، کاتێک مافی گەلانی دەرەوەی سنورەکانمان كە هاوبەشی برایەتیمان هەیە لەگەڵیان، بەتایبەتی کوردو تورکمان و عەرەب، دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە بەرپرسیارێتی و ئەرکی مێژوویی ئێمەیە دەستی هاوکاریان بۆ درێژ بکەین و هێزێکی کاریگەر بین بۆ پاراستنی سیستم و ئاسایش، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر بە خوشک و براکانمان. وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: تەنها یەپەگە نییە لە سوریا؛ زۆر حزبی کوردی لە سوریا هەن دۆستی تورکیان و دەخوان هاوکاری تورکیا بکەن، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوکارەکانمان کۆبونەتەوەو وتویانە، ئێمە دەچینە ئەنقەرە، بۆ ئەوەی ئەنقەرە بێت و هاوکارمان بێت، ئەمە خاڵێکی گرنگە، ئێمە پشتگیری لە چالاکییەکانی ئەو لایەنانە دەکەین کە کێشە بۆ کەس دروست ناکەن.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی خولی 22ی پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک ئەوەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ئاماژەی پێ دابوو دەبێت کار بە پێدانی مافی هیوا بکرێت و دەڵێت: "نابێت بیر لەوە بکەینەوە کێ لەوە سوودمەند دەبێت، 10 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تێپەڕیووە". بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیازەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی بۆ حەوتەمین جار کۆبووەوە و میوانداریی سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد. بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا گوتی، بە دڵنیاییەوە پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا جێبەجێبکرێت، چونکە 10 ساڵی تەواوە دادگای ئەوروپا ئەو بڕیارەی داوە و جێبەجێنەکراوە. لە ئازاری 2014 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد، رێکخستنەوەی یاسایی ئەنجامبدات و مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بدات. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە سەرەتای بانگەوازەکانی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، داوای کرد ئۆجەلان، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئارنچ داواشی کرد، وڵاتەکەی بڕیارەکانی دیکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێبکات. لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەدا، پێویستە هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە ئازادبکرێن. ئارنچ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە هاوشێوەی هەنگاوەکەی باخچەلی، هەنگاوی بوێرانە بنێت و پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەى ژمارەیەک یاسا بکات. سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان گوتیشی، لێبوردنی گشتیی هەنگاوێکی پێویستە و تورکیا پێویستی بەوەیە، دەستوورێکی ئازادیخوازانە دابنێت. ئارنچ باسی لە سەردەمی سیاسەتکردنی لەگەڵ لەیلا زانا، خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان کرد و گوتیشی، پێویستە ئەو سیاسییانەی روویان لە دەرەوەی تورکیا کردووە، بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هیکمەت چەتین (1997-1999)، عومەر ئیزگی (2000-2002)، بولەنت ئارنچ (2002-2007)، کۆکسال تۆپتان (2007-2009)، مەهمەت عەلی شاهین (2009-2011)، جەمیل چیچەک (2011-2015)، ئیسمەت یەڵماز (1ـی تەمموزی 2015-17ی تشرینی دووەمی 2015)، ئیسماعیل کاهرەمان (2015-2018)، بینالی یڵدرم (2018-2019) و مستەفا شێنتۆپ (2019-2023) سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو. هیکمەت چەتین ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زەحمەتە لێبوردن بۆ ئەو گەریلایانە دەربچێت چەکیان بەکارهێناوە و گوتی: "نزیکەی 15-20 چەکداری پەکەکە دەتواندرێت ڕەوانەی وڵاتی سێیەم بۆ نمونە سوید، نەرویج، دانمارک و وڵاتانی باشووری ئەفریقا بکرێن". عومەر ئیزگی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاساکان هەموار بکاتەو ە دەستور بگۆڕێت، بەڵام نابێت دەست بۆ سێ مادە نەگۆڕەکەی دەستوور و مادەی شەشی دەستور ببدرێت، دەڵێت: "دەکرێت مادەی 66ـی دەستوور بگۆڕێت کە دەڵێت هەر کەسێک لەسەر خاکی تورکیا بژی و هاوڵاتی تورکیا بێت، تورکە". عومەر ئیزگی هاوکات باسی لەوەشکرد هەر گەریلایەک بەشداریی لە چالاکی چەکداریدا کردبێت لە بەرامبەر تورکیا دەبێت سزای ئەنجامدانی ئەم کارەی بدات. بولەنت ئارنچ سوپاسی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیای بۆ دەستپێشخەرییەکە بە گرنگ زانی و ستایشی ڕۆڵی دەم پارتیشی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و نیشاندانی نیازپاکی خۆی و دەڵێت: "ئەگەر بەم بوێرییە زۆرەوە باخچەلی دەستپێشخەرییەکەی پێشکەش نەکردبووایە، ئێستا نەدەگەیشتینە ئەم قۆناغە". بولەنت ئارنچ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد بە قسەی هەستبزوێن چارەسەر ناکرێت و هێشتا بەشێک لە سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارانی کورد لە زینداندان و دەڵێت: "پێویستە زەمینە بۆ هاتنەوەی ئەو سیاسییە کوردانەیش خۆش بکرێت کە بە هۆی گوشارەکانەوە تورکیایان جێ هێشتووە".
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە و رایانگەیاند، هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی نەهێڵین ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەپێی راگەیێندراوی ئەو سێ وڵاتە، لە ئەمڕۆوە میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا دەکەن. بەپێی زانیارییەکان، نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە کە بە وڵاتانی E3 ناسراون، سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە جنێڤ کۆبوونەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەڵام بەبێ هیچ پێشکەوتنێک و پابەندبوونێک لەلایەن ئێرانەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیرانى ئەو سێ وڵاتە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان لە بڕیارەکەیان ئاگادارکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، هیوادارن ئێران تا کۆتایی مانگی ئەیلول بەشداری بکات بۆ پێشکەشکردنی بەڵێنەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە قەناعەتیان پێبکات بۆ دواخستنی کردەوەی کۆنکرێتی. گەڕاندنەوەی سزاکان لە ڕێگەی ئەو میکانیزمەی کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە ڕەسەنەکەدا دامەزرابوو، کە بە "سناپباک" ناسراوە، ئەنجام دەدرێت و ئامانجیشی گەڕاندنەوەی خێرای هەموو ئەو سزایانەیە کە پێش ڕێککەوتنەکە کاری پێکرابوون، بەبێ ئەوەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕووسیا و چینیشەوە بتوانن ڤیتۆی بڕیارەکە بکەن. پرۆسەکە کاتێک دەست پێدەکات کە یەکێک (یان زیاتر) لە وڵاتانی واژۆکەری ڕێککەوتنەکە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش لە "پێشێلکردنی بەرچاوی بەڵێنەکان" لەلایەن ئێرانەوە ئاگادار دەکەنەوە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلى سوریا جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەزموونی "چەپڵە لێدان و بژی سەرکردە" دووبارە ناکەینەوە. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى ئەلعەرەبیە محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنى گەل لە سوریا دەڵێت: بڕیارێکی فەرمی دەرچووە کە ڕێگری دەکات لە کاندیدکردنی هەر لایەنێکی سەر بە ڕژێمی ئەسەد، یان لایەنگرێکی میلیشیای حزبوڵڵا لە لوبنان و داعش و ئەوانەی لەلایەن دەسەڵاتە بیانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن ناتوانن خۆیان کاندید بکەن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا. ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ئەحمەد شەراع سەرۆکی سوریا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سیستەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی واژۆ کرد. بەڵام هەندێک ناڕوونی هەیە سەبارەت بەوەی کێ وەک کاندید وەردەگیرێت. پرسیارەکە ئەوەیە: بەگریمانەیەک کە لایەنگرێکی ڕژێمی پێشوو ڕەتکردنەوەی خۆی لە ڕابردوو ڕابگەیەنێت، ئایا کاندیدبوونی لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی گەلدا قبوڵ دەکرێت؟ تەنانەت ئەگەر تەوبە و بێتاوانی خۆی ڕابگەیەنێت، قبوڵ ناکرێ. تیرۆر واتە هەر کەسێک کە دەستەکانی بە خوێنی بێتاوانی سوریا پەڵەدار بێت، یان پاڵپشتی حزبوڵڵای لوبنان و میلیشیا تائیفییە سنووربەزێنەکان و جوداخوازان و پاشماوەکانی ڕژێم و داعش بکات. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا محەمەد تەها دەڵێت: ئێمە لیژنەیەکی سەربەخۆین کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی و شەفافیەت و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە. ئێمە ڕێگە بە هیچ سەرپێچییەک نادەین. ئێمە لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەین، هەرکەسێک بن، تا ئەو کاتەی گەیشتنی مەجلیسێکی گەل مسۆگەر دەکەین کە بەڕاستی نوێنەرایەتی گەلی سوریا بکات، مەجلیسێک کە بە بوێری و لێهاتوویی زانستی و کردەیی و بوێری و تێگەیشتنێکی قووڵی سیاسی تایبەتمەندە. ئەم مەجلیسە وای لێدەکات بتوانێت ڕۆڵی مەبەستی خۆی بەجێبهێنێت. سەبارەت بە ئەرکەکانی ئەنجومەن سەبارەت بە یاسا و ڕێساکانی یاسادانان و دەستوور چین؟، ناوبراو ئەوەدەخاتەڕوو کە ئەنجومەن کۆمەڵێک ئەرکی یاسادانان لە ئەستۆ دەگرێت، لەوانە داڕشتن و پەسەندکردنی ڕەشنووسی دەستوور، داڕشتنی یاسا و ڕێساکانی بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەو لقانەی کە ماونەتەوە، و ئەنجامدانی ڕۆڵی نوێنەرایەتی و چاودێری بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا. ئەنجومەن ڕۆڵی خۆی بە تەواوی جێبەجێ دەکات بۆ دڵنیابوون لە پرۆسەی بیناسازی و گەشەپێدان.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بگاتەسلیێمانى و بەشدارى کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات بکات و دواتریش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى کۆببێتەوە، بەڵام ئەو سەردانە ئەنجامنەدراو هیچ بەرپرسێکى باڵاى پارتیش لەکۆنفرانسەکە ئامادەنەبوون. ئەمڕۆ دووەم رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو کە چەندین سەرکردەی ناوخۆیی و جیهانی تیادا بەشداربوون. پێشتر لەمیدیاکان وابڵاوکرایەوە ئەمڕۆ بۆ بەشدارى لەو کۆنفرانسە شاندێکى باڵاى پارتى بەسەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم بگاتە سلێمانى، بەڵام ئەو سەردانە ئەنجامنەدراو تائیستاش بەفەرمى هیچ زانیارى وڕونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە نەدراوە. لەیەکێک لە بانێڵەکانى ئەمڕۆدا بریاربوو هۆشیار زێباری یەکێکبێت لە پانێڵیستەکانی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە سلێمانی، بەڵام ناوبراو بەشدارینەکردو ئامادەنەبوو، هیچ ڕونکردنەوەیەکیشى نەداوە. ئەمڕۆ هەریەکە لە فەرید زەهران، سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی و عەبدول لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتاریان پێشکەشکرد.
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە پێویستە کورد بەشێک بن لەسوریاى نوێ و بەشداربن لەپرۆسەى سیاسى، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەتى دیمشق. لەپانێڵێکدا لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت ساڵح موسلیم ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) وتارێکى پێشکەشکردو باسى بارودۆخى سوریا و پرسى ئاشتى و ئۆجەلان و چەند بابەتێکى دیکەى کرد. لەبەشێکیدا وتى: هەموو پێکهاتەکان دەیانەوێت شەریکى بڕیاردانى سیاسى و بڕیاربەدەستبن لەحکومەتى دیمشق، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەت، دەڵێت: پێویستە کورد بەشێک بن لەسوریاى نوێ و بەشداربن لەپرۆسەى سیاسى، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەتى دیمشق. ساڵح موسلیم هێماى بۆ ئەوەکرد کە لەئیدلب و ناوچەکانى دیکە گروپەکان و پاشماوەکانى داعش کۆبونەتەوەو هەوڵى ئەوەدەدەن لەناومان ببەن. وتیشى: داعش و گروپەجیهادى و سەلەفیەکان نایانەوێت سەقامگیرى لەسوریاو ڕۆژئاواى کوردستان هەبێت. ساڵح موسلیم ئەوەشى خستەڕوو بەرەو ڕۆژهەڵاتێکى نوێ هەنگاودەنێین، داعش و گروپەکانى دیکەش هێشتا هەڕەشەن و ڵاتانى دیکەیان لەپشتە، هەوڵدەدەن ئەزمونەکەمان لەڕۆئاواى کوردستان سەرکەوتوونەبێت. ناوبراو دەشڵێت: فەلسەفەى ئۆجەلانمان جێبەجێکردو قوربانیماندا، توانیمان نمونەیەکى نوێ لەسوریا پێشکەش بکەین، وتى: ئەزموونێکى نوێمان هەیە کەهیچ کەسێک پێشبینى نەدەکرد ئەوە ڕووبدات. بەشێکى دیکە لە قسەکانى ساڵح موسلیم، لە كۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆشیال دیموكراتی وڵاتانی عەرەبی: ــ لە رۆژئاوای كوردستان ئەزمونێكی ناوازەمان هەیە. ــ روبەڕوی گروپی جیهادی سەلەفی بوینەتەوە. ــ توانیومانە بەگری لە پرۆژەكەمان بكەین و سودمان فەلسەفەی ئۆجەلان كردووە. ـ ـلە رۆژهەڵاتی سوریا مۆدلێكی دیموكراسی ناوازەمان بۆ پێكەوە ژیان دروستكردووە. ــ ئەزمونی ئێمە ئەزمونێكی تایبەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە ناوچەیەكی وەك سوريا كە زۆر كەس چاوەڕێی نەدەكرد. ــ لەگەڵ هەموو ئەو گەمارۆ و هێرشانەی كراوەتە سەر ژێرخانی ناوچەكانمان لەلایەن توركیاوە، بەڵام بە یەكێتی و یەكگرتویمان خۆڕاگرین. ـ ئێمە دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینەبین لە رەنگرێژكردنی ئایندەی وڵاتەكەمان بین. ـ ئەو ناناوەندییەی ئێمە دەمانەوێت دەكرێت پرۆژەی ئاشتی بێت بۆ سوریاو ناوچەكەش. ـ ئێمەش هەموو شێوازەكانی ئەو كۆمەڵكوژیانەمان بینیوە كە روبەڕوی فەلەستینیەكان بووەتەوە .
پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند لەدانیشتنى ئەمڕۆدا دادگاى سلێمانى جارێکى دیکە پرۆسەى دادبینیی شاسوار عەبدولواحیدى دواخست بۆ 02-09-2025. ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئابی ٢٠٢٥، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، هاوڵاتیانیش بۆ پشتیوانی سەرۆکی جوڵانەوەکە لەناو دادگای سلێمانی ئامادە بوون. پەیامنێری هاوڵاتیش رایگەیاند، دادگای سلێمانی بۆ جاری دووەم دادگاییکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکەی بۆ سێشەممە ٢ـی ٩ دواخست. شەوی ١٢ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەلایەن هێزێکی پۆلیسەوە لەماڵەکەى خۆى لەسلێمانى دەستگیرکرا. پێنجشەممە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٥، دواى نۆ رۆژ لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بردرایە بەردەم دادگا و وتەی لێوەرگیرا، ناوبراو لەبەردەم دادوەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون رەتکردەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر، کوردەوان جەمال سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایگەیاند: دایکى و هاوسەرەکەى بینیویانەو بارودۆخى تەندروستى تێکچووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگرى دەکرێت و چاودێرییەکى وردو پاسەوانیەتێکى زۆرى لەسەرە نەتوانراوە بیبین. بەڵام دوابەدواى ئەوە پۆلیس ئەو قسانەى ڕەتکردەوە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاند، دەنگۆی تێکچوونی رەوشی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید ناڕاستە، لە ئێستادا ناوبراو لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییە و رەوشی تەندروستی جێگیرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابیئ 2025، وەزارەتی پەروەردە نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، سۆران و ڕاپەرین، خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە و ڕۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایانی دیاریی کرد. لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ڕۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ڕۆژی دەستبەکاربوونەوەی 'موباشەرە'ـی مامۆستایانی ناوەندەکانی خوێندنی حکوومیە. ئاماژە بەوەکراوە، ئەو مامۆستایانەی وەکوو چاودێر لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیین، هەمان ڕۆژیان بۆ دەستبەکاربوونەوە بۆ هەژمار دەکرێت.