میلیشیاكانی عێراق جەختدەكەن، دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و، بە بژاردەیەكی ستراتیژی دەزانن و سازشی لەسەر ناكەن. ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنی میلیشیاى حزبوڵای عێراق، لە پەیامێكدا لە سەكۆی "ئێكس" رایگەیاندووە: با هەموو جیهان بزانێت، چەكەكانمان سپاردەی ئیمامی مەهدیە و بڕیاری وازهێنانیش لێی، تەنها بەدەستی ئەوە. راشیگەیاندووە: زەحمەترین دۆخ كە كەسانی شەرفمەندو ئازاد پێیدا تێپەڕبن ئەوەیە، گوێیان لە داوێن پیس بێت باس لە پاكێتی و شەرەف بكات، لە شورەییەكانی دونیاش ئەوەیە، ناپیاو و ژنانی بڕیار لەوە بدەن، چەكی بەرەنگاری دەبێت چۆن بێت. ئەو بەرپرسەی میلیشیای حزبوڵا دەشڵَێت: پێویستە ئەوانەی گومانی باشیان پێدەبەین، قسە لەسەر چەكی داگیركەری ئەمریكاو بنكەكانی بكەن، باس لە چەكی داگیركەری توركیا بكەن لە وڵات، باس لە چەكی پێشمەرگە بكەن، كە پەیوەیستە بە قەوارەی زایۆنی. ئەم لێدوانەى عەسكەری دوای ئەوە دێت، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، رۆژی هەینی جەختی لە بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتوو کردەوەو، داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و داماڵینی چەکەکانی کردن، لە چەند رۆژی رابردوشدا، نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، جارێكی تر داوای لە بەرپرسان كرد، سنورێك بۆ گەندەڵی دابنێن و چەك لە دەستی دەوڵەتدا كۆبكەنەوەو، رێگە لە دەستوەردانی دەرەكی بگرن.
بۆ ساڵی داهاتوو ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانی لە سوریا و بڕی 130 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات، پشکی شێری ئەو یارمەتییەش بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێت. لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2026 ئەمەریکا زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی راهێنان و پڕچەککردنی دژە داعش (CTEF) لە سوریا تەرخان دەکات بۆ یارمەتیی و پاڵپشتی هێزە هاوپەیمانەکانی لە سوریا، بەشێکی زۆری ئەو پاڵپشتییەش وەک ساڵانی رابردوو بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێت. بودجەکەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی لە سوریا بۆ شەڕی رووبەڕووبونەوەی شانە نوستوو و نهێنییەکانی داعش، پاراستنی کامپەکانی وەک هۆل و رۆژ، زیندانەکانی داعش و هەر پرۆسەیەکی دیکەی پەیوەست بەو بابەتانە تەرخان دەکرێن. لە بەیاننامەکەیدا، ئەمڕۆ شەممە، 5ی حوزەیران، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا پابەندە بە "شکستی بەردەوام"ی داعش، بە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی "هاوبەشی متمانەپێکراو" بۆ پاراستنی فشاری بەردەوام لەسەر ئەو گروپە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەرهەڵدانەوەی ئەو گروپە مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا، بۆ گەلانی عێراق و سوریا و لوبنان و بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. واشنتۆن بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و سوپای سوریای ئازاد کە بنکەیان لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و ئوردن و عێراقە. ئەمەریکا دەڵێت، ئەم پاڵپشتییە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
لە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێدا هاتوە؛ لە ساڵانی ڕابردوش كە بە دەیان جار بە درۆن و موشەك هەرێم کراوەتە ئامانج و ئاراستە و سەرچاوەی موشەك و درۆنەكانیش دیار بون، هیچ کەسێکیش لەسەر ئەو کارە سزا نەدراوە، هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەسەر هێرشيکانی ئەمدواییە، ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، وەڵامی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەداتەوە، کە وتوبوی "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە." لە رونکردنەوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی وەکردوە، ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە، لە كاتی بونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لە پێناو زانینی ڕاستییەکان و دوبارەنەبونەوەی هەرەشەکان و سزادانی ئەنجامدەرانی ریوشوێنی جدیی و پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام وەک دەردەکەویت جۆرێک لە خۆدزینەوە و پەردەپۆشکردن هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردوە، لە ساڵانی ڕابردوش كە بە دەیان جار بە درۆن و موشەك هەریم کراوەتە ئامانج و ئاراستە و سەرچاوەی موشەك و درۆنەكانیش دیار بون، بەڵگەی پێویستیش لەبەردەستدا بون، بەڵام لەسەر ئەو تاوانانە كەس سزا ندرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر. دەقی رونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم؛ ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن. لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر. ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە. لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئاژانسی هەواڵی میهر، ڕایگەیاند، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس، نووسیویەتی، ئەمەریکا دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانیدا، بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتوون. عەلی ئەکبەر ویلایەتی, لە پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "حکوومەتی ئەمەریکا هێرشی سەربازیی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، کە بۆ بەرنامەی ئاشتییانە کاریان تێدا دەکرا. ئەم هێرشە، زیانێکی زۆری لەو دامەزراوانە دا و ئێمە بە توندی سەرکۆنەی دەکەین. حکوومەتی ئەمەریکا بەرانبەر بەم هێرشە نایاسایی و تاوانکارییە، بەرپرسە و دەبێت قەرەبووی ماددی و مەعنەویمان بکاتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت." ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئێسلامیی ئێران، لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "کۆماری ئیسلامیی ئێران، مافی یاسایی خۆی بۆ لێپرسینەوە لە دەستدرێژکاران بەکار دەهێنێت و ڕێکارە دیبلۆماسییەکان بۆ بەدواداچوونی ئەو دوژمنکارییە و دادگاییکردنی تاوانکاران، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکار دەهێنێت." بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا بە فڕۆکەی جۆری بی 2، هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان بۆمباران کرد.
وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەڵامی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە و تۆمەتبارکردنى حەشدى شەعبى بە هێرشە درۆنییەکان سەرکۆنە دەکات. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتى "تۆمەتبارکردنى دامەزراوەیەکى ئەمنیی فەرمى، لەژێر هەر پاساوێکدا بێت رەتکراوەیە، سەرکۆنەى دەکەین و داوای پێدانی بەڵگە بەلایەنی حکومەتی فەرمی دەکەین". شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە بە درۆن هێرشکرابێتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل لە هەولێر و دەشڵێت، "ئەو هێرشانە لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن". سەباح نوعمان جەختیکردووەتەوە "حکومەتی عێراق بە دامەزراوە ئەمنییەکانییەوە، دووپاتیانکردووەتەوە دوودڵ نابن لە گرتنەبەرى رێکارى یاسایی توند بەرامبەر ئەوانەى هەوڵى تێکدانى سەقامگیرى دەدەن لە تەواوى عێراق". دەشڵێت، ئاڵنگارییەکانی ئێستا دەخوازن، هەماهەنگی و هاوکاریی لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە هەبێت لەبری پەنابردن بۆ میدیا و بە راپۆرت و لێدوان دەرفەت بدەن بەوانەی لە بۆسەدان بۆ سوکایەتی بە دامەزراوەکانی عێراق. وەزارەتی ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردبوو "لە چەند میدیایەکی ئەلیکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی پێنجشەممە لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل، هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە راستییەوە، نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەیە و نە ئۆپراسیۆنی وەهاش ئەنجامدراون". وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "شەوی پێنجشەممە درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتەخوارەوە. ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجامدەدرێن". بەپێویستى زانى بوو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا دابینکردنی هەندێک جۆری چەکی بۆ کیێڤ ڕاگرتووە بۆ ئەوەی گرنگی بە بەهێزکردنی بەرگری سوپاى ئیسرائیل بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر هاوتا ڕووسییەکەی سەبارەت بە شەڕەکە. دوو ڕۆژلەمەوبەر کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ناردنی هەندێک چەکی سەرەکی بۆ ئۆکراینا ڕادەگرێت، لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بەڵێن بە ئۆکراینا درابوو ئەو چەکانەیان بۆ دەنێردرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکەی واشنتۆن بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکانەوە بووە، چونکە بەڵێنەکانی واشنتۆن ئێستا لە هێزی سەربازیی خۆی زیاترە، بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ لێدانی ئێران، لایەنگرانی تووشی شۆک کردووە، کە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بە نەشیاو دەزانن. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەستنی دابینکردنی چەکی سەرەکی بۆ ئۆکرانیا هەندێکیشی توڕە کردووە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئاڵناگرى گەورەو سەرەکی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێتەوە ئەوەیە کە بەڵێنەکانی واشنتۆن لە بواری بەرگریدا لە سەرانسەری جیهاندا لە هێزی سەربازیی خۆی زیاترە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دۆخە سەرکردایەتی ئەمریکا ناچار دەکات "بەدوای سازش"دا بگەڕێت و لەنێوان "ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوە" جیاوازدا هەڵبژێرێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، "زۆر ناڕەحەت بووە" لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕوسیەکەی سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕایگەیاند، پوتین تەنها دەیەوێت "بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک". راگرتنی گەیاندنی هاوکاریی سەربازی، لەنێویاندا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، گورزێکی گەورە دەبێ بۆ ئۆکراینا، لەکاتێکدا رووبەڕووی هەندێک لە گەورەترین هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی رووسیا لە جەنگە سێ ساڵییەکەدا دەبێتەوە. ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی: "ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دراوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکەوە دابنرێن، ئەوەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانی و هاوکاریی سەربازیی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان." کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانکارییەکی ئەگەری لە کاری لەپێشینەی ئیدارەی ترەمپ، کە گوشاری خستووەتە سەر رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی خێراتر بکەن. میدیای ئەمریکا دەڵێت، مووشەکەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، گولـلەتۆپ و مووشەکەکانی هێڵفایەر لەنێو ئەو چەکانەدان کە ناردنیان راگیراوە. مایکڵ مەکفۆڵ، کە لە ساڵی 2012 تاوەکو پێش دەستپێکردنی جەنگی کریمیا لە ساڵی 2014 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە رووسیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئیدارەی ترەمپ تەنانەت گەیاندنی پاتریۆتیش رادەگرێت؟" هەفتەی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و وادەرکەوت وەڵامێکی ناڕوونی لە سەرۆکی ئەمریکاوە وەرگرتبێت سەبارەت بە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.
هەریەکە لە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئادانا و ئانتالیا و سەرۆکی شارەوانیی سەمسووری باکووری کوردستان، کە هەرسێکیان سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ن دەستگیر کران. گرژییەکانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا تا دێت قووڵتر دەبنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەریەک لە زەیدان کەرەلار، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەدەنە، عەبدوڵڕەحمان توتدێرە، سەرۆکی شارەوانیی ئەدیامان و موهیتتین بۆچێک، سەرۆکی گەورە شارەوانیی گەورەی ئەنتاڵیا لەگەڵ 15 کەسی دیکە کە سەربە جەهەپەن، بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران. بەیانیی شەممە 5ی تەممووزی 2025 لە چوارچیوەی دۆسیەیەکی "گەندەڵیی دارایی"دا، هەریەکە لە زەیدان کاراڵار، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئادانا و عەبدولڕەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانیی سەمسووری باکووری کوردستان دەستگیر کران. هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 13 کەسی دیکە دەرچووە. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئانتاڵیاش لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی "گەندەڵیی دارایی"دا سێ کەسی دەستگیر کرد کە یەکێکیان موهیتیت بۆجەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنتاڵیایە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ی تورکیادا زەیدان کاراڵار 46.72%ی دەنگەکان، موهیتیت بۆجەک 71.48%ی دەنگەکان و عەبدولڕەحمان توتدەرە 49.74%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. ئەم پرۆسەیە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ لەگەڵ 100 ئەندامی دیکەی جەهەپە لەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کران.
ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد دوای چەند کاتژمێرێک لە دانانی پارێزگاری نوێ، درەنگی شەوی رابردوو بەکۆی دەنگ پارێزگاری پێشووی گەڕاندەوە و پارێزگاری نوێی لابرد. ماوەی چەند رۆژێکە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد هەر فریای کۆبوونەوەی لابردنی پارێزگار و دانانی پارێزگار نوێ دەکەوێت، ئەوەش ناڕەزایی لایەنە سیاسیە عێراقییەکانی لێکەوتووەتەوە. دەوڵەتی یاسا لابردنی پارێزگاری پێشووی رەتکردووەتەوە و دەڵێ، هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری بەغداد رەتدەکەنەوە بەبێ ئەوەی ئەم بابەتە بەفەرمی لەلایەن ئەوانەی پەسەندبکرێت. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگاکە کۆبووەوە و دەنگیدا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە عەبدولمتەلیب عەلەوی پارێزگاری بەغداد و هەڵبژاردنی حەیدەر موحان فەیاز بە پارێزگاری نوێ، بەڵام لابردنی پارێزگارەکەی پێشوو زۆری نەخایاند و درەنگی شەوی رابردوو ئەنجومەکە بەکۆی دەنگ عەبدولمتەلیب عەلەوی پارێزگاری پێشووی گەڕاندەوە و حەیدەر موحان فەیاز پارێزگاری نوێ لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئێران ڕازی نەبووە بە پشکنینی شوێنە ئەتۆمییەکانی و وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەنگە لە شوێنێکی جیاوازەوە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. هاوکات دوێنێ تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی لەڕێگەی وشکانییەوە ئێرانیان بەجێ هێشت و گەڕانەوە بێ ئەوەی بتوانن بچنە نێو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پێی وایە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پاش هێرشەکانی ئەمریکا تووشی پاشەکشەی هەمیشەیی بووە، هەرچەندە ڕەنگە تاران لە شوێنێکی جیاواز دەست پێ بکاتەوە. ترامپ باسی لەوەش کرد، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی کۆشکی سپی دەکات و پرسی ئێران تاوتوێ دەکەن. ترەمپ زیادی کرد: ڕەنگە پێویست بکات لە شوێنێکی جیاوازەوە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. کێشەیەک دەبێت ئەگەر دووبارە دەستپێبکەنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگە نادات تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ئامادەیە لەگەڵیدا کۆببێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە. بەقایی زیادی کرد: بیروڕای گشتی ئەوەندە توڕەیە کە ئێستا تەنانەت کەس ناوێرێت باسی دانوستان یان دیپلۆماسی بکات. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دوایین پشکنەری مانەوەی خۆی لە ئێران کشاوەتەوە لە کاتێکدا قەیرانی گەڕانەوەیان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومانکراون توندتر بووە. ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی یۆرانیۆم دەوڵەمەند دەکات و تاران پێداگری دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
كاوە ڕەش/ بەریتانیا دوابەدوای لێكۆڵینەوەو ڕاپۆرتێكی نهێنی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، كەئاشكرای كردوە، كەلەزۆرێك لەماركێتە بچوكەكانی ناو شەقامە گشتیەكانی بەریتانیا، بازرگانی بەجگەرەو توتن و ڤایبی نایاساییەوە دەكرێت، تیمی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسای هەڵمەت دەبەنەسەر جەندین ماركێت، كەزۆربەیان كوردن. هاوكات لەگەڵ هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی جگەرەو ڤایپی نایاسایی، تیمی پەیامنێرانی بی بی سی، یاوەری هێزەكانی پۆلیس دەكەن، بۆ نیشاندانی ئەو شوێنانەی كاریان فرۆشتنی جگەرەو تووتنی نایاساییە، لەناو ماركێتەكانی بەریتانیا. لەكاتی پشكنین و لێكۆڵینەوەی پۆلیس لەماركێتەكان، كەبەشێكیان تونێلیان لەژێر ماركێتەكان درستكردووە بۆ شاردنەوەی جگەرەو شتی نایاسایی، خاوەن دووكانە كوردەكان ڕێگری دەكەن لەتیمی ڕیپۆرتەرو كامێرامانەكان، ڕووبەڕووی كامێرامان و پەیامنێران دەبنەوەو دەیانەوێ بەتورەییەوە كامێراكە ڕابگرن و دەست دەخەنە سەر ڕووی كامێراكەو بەری دەدەنەوە. كوردەكان بەتووڕییەوە هێرش دەكەنە سەر ڕیپۆرتەرو كامێرامانەكان، هاوار دەكەن دەڵێن; نابێت ئەوانە تۆماربكرێن. لەبەرامبەردا تیمە ڕۆژنامەوانییەكە دەڵێن كەئەوان مافی خۆیان و گشتیە، كەكاری خۆیان بكەن و تۆماری هەڵمەتی دەستبەرداگرتنی ئەوكارە نایاساییە بكەن لەكاتی پشكنیدا، تەنها لەتونێلێكدا كەكوردەكان لەژێر ماركێتەكان درووستیان كردبوو بەبەهای هەزاران پاوەند، پاكەت جگەرە دەدۆزنەوە. یەكێك لەستافی دووكانەكان بەپێكەنینەوە دەڵێ، ئەو پاكەتانە هیچ نیە تەنها نرخەكەی زۆریەكەی ٥ بۆ ١٠ هەزار پاوەندە دەبیت. ستافەكە دەڵێت، پاكەت و جگەڕە كەس ناكوژێ، ئێوە بڕۆنە دووكانی حەلاق و خوردنگەكان، هەموویان دەرمان و جگەرە دەفرۆشن، تیمەکانی ستانداردی بازرگانی دەڵێن; بەشێك لەو ماركێتانە پەیوەندیان لەگەڵ چەندین باندی تاوانکاریی ڕێکخراوا هەیە, کە گومانیان لێدەکرێت، سەرچاوەی دابینكردنی جگەرەو توتن و ڤایپی نایاسایی بن بۆ فرۆشگایانە. تیمەكە دەڵێن; ئەو قازانجانەی كە لە ماركێتەكان بەدەستدەهێنرێت، هاوتای قازانجی فرۆشتنی ماددەی هێرۆین و کۆکاینە. تیمیەكانی ستانداردە بازرگانییەکان ئەو پرسەیان بەشەڕ لەنێوان خۆیان و ماركێتەكان وەسف کردووە، چونكە بەگوتەی ئەوان جگە لەفرۆشتنی شتی نایاسایی سەدان لەو پەناخوازانەی كەمافی کارکردنیان لەبەریتانیا نیە، لەوێ کاردەكەن و لەهۆتێلەكان نیشتەجێین. HMRC حوكمەتیش دەڵێت; لانیکەم ٢.٢ ملیار پاوەند لەداهات، لەبەشی باج و گومرگی بەریتانیا، بەهۆی ماركێتەكانەوە لەدەست دەچێت لەو وڵاتە. لەوەڵامی ڕاپۆرتی بی بی سی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ئیڤێت کوپەر ڕایگەیاندووە، شەرمەزارییەكى گەورەیە کەباندە تاوانبارەکان هەوڵی خراپ بەکارهێنانی شەقامە گشتیەكان دەدەن بەهۆی ئەكاڕە نایاسانەوە. بەگوتەی وزیری ناوخۆ، حکومەتی بەریتانیا، لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە ژمارەی هەڵکوتانە سەر شوێن کارە نایاساییەکان و دەستگیرکردنی ستاف و كرێكاری نایاسایی بە ڕێژەی 50% زیادکردووە.
بڕیارە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆببێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سوریا و عێراق. سەرچاوەیەکی نزیک له "هەسەدە" که پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له شەڕی دژ داعش هەیە، ئاشکرای کردووە، کۆبونەوەكه بەم زووانه بەڕێوەدەچێت، رەنگه له ماوەی چه ند رۆژێک یان هەفتەیەکدا ئەنجامبدرێت. سەرچاوەكە بە ماڵپەڕی "العربیة.نت"ی راگەیاندووە: باراک لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات، میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی (١٠)ی ئازار، کە لە نێوان عەبدی و سەرۆکایەتیی سوریا ئەنجامدراوە، گفتوگۆ دەکات. ئاماژەی بەوەشداوە: رەنگە نوێنەری ئەمەریکا هانی، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاوە بدات بۆ ئەوەی رێککەوتنی پێشوویان نوێ بکەنەوە، یان پێشنیازی رێککەوتنێکی نوێ بکرێت بە پاڵپشتی فەرەنسا. باراک لەگەڵ عەبدی چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێ دەکات، دیارترینیان بەردەوامی هاوکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکراتە سەبارەت بە شەڕی داعش و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا. سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، نێردەی ئەمریکا پێشتر لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە مەترسی خۆی بۆ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات دەربڕیوە سەبارەت بە هەرەسهێنانی دۆخی ئەمنی سوریا، دوای جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی داعش. تا ئێستا شوێنی کۆبوونەوەی باراک و عەبدی دیاری نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێدەچێت لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی کە پێشتر عەبدی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە هەولێر ئەنجامداوە، لەنێویاندا کۆبونەوەی لەوێ لەگەڵ جان نۆێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆتایی مانگی نیساندا. سەرچاوەكە راشیگەیاندووە: پێدەچێت نوێنەری ئەمریکا سەردانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات لە بنکەکانیان لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە ناوچەیەکە بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموكراتەوە کۆنترۆڵکراوە، بەشێک لە پارێزگاکانی حەلەب و دەیرەزورو تەواوی پارێزگاکانی حەسەکەو رەقە لەخۆدەگرێت، جگە لە دوو شارۆچکە، کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکراون.
ئەمڕۆ، بەرگریى شارستانیى سۆران گەڕانێکى گشتگیر بۆ دۆزینەوەى تەرمى مامۆستا ئاڤێستا دەکات، کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ کەوتە ناو زێی گەورەوە و تاوەكو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. بەرگریی شارستانیی ئیدارەى سۆران، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ، لە کۆتا رۆژى سێیەم مانگى گەڕانەکانیان، هەڵمەتێکى گشتگیر و چڕ بە بەشدارى 100 کارمەند و ئەفسەر کە دابەشکراون بۆ 20 تیم، دەکەن بۆ دۆزینەوەى تەرمى مامۆستا ئاڤێستا. روونیشیکردووەتەوە، ئەم هەڵمەتە دەبێتە دوایەمین رۆژى گەڕانیان، ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەکى فەرمى ئەو دۆسییەیە دادەخەن و کۆتایی بە گەڕان و پشکنینەکانیان دەهێنن. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لەو هەڵمەتەدا تەواوى تواناکانیان لە رووى مرۆیی و ئامێر و کەرەستە بەردەستەکان بەکاردەهێنن. مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ، بەگوێرەی گێڕانەوەی کەسوکارەکەی، لە پێنجی نیسانى 2025 لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت و سەیران چووبوونە دەرەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی براکەی لەناو زێی گەورە لە سنووری مێرگەسۆر، خۆی دەکەوێتە ناو رووبارەکەوە تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی 14ی ئیسرائیل، ڕێککەوتنەکە خشتەیەک بۆ ئازادکردنی 10 زیندانی زیندووی ئیسرائیلی لە بەرامبەر هەزار زیندانی فەلەستینی پێشنیار دەکات. وردەکارییەکانی پێشنیاری ئەمریکی بۆ ماوەى ئاگربەستەکە بەم شێوەیە: - ئازادکردنی 10 زیندانی زیندوو ئیسرائیلی و 18 تەرمی زیندانییە ئیسرائیلییەکان و حەماس ناسنامەی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە ئازاد دەکرێن. زیندانییە کوژراوەکانی ئیسرائیل بە سێ وەجبەی جیاواز لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا ئازاد دەکرێن، ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەبێ ئاهەنگ و نمایش ئەنجام دەدرێت. خشتەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان و تەرمەکان بەم شێوەیە دەبێت، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە: ڕۆژی یەکەم: هەشن بارمتەی زیندوو ئازاد دەکرێت. ڕۆژی حەوتەم: پێنج تەرم ڕادەست دەکرێت. ڕۆژی ٣٠ (مانگێک): پێنج تەرمی دیکە ڕادەست دەکرێت. ڕۆژی ٥٠: دوو بارمتەی زیندوو ئازاد دەکرێت. ڕۆژی ٦٠ (کۆتایی دوومانگ): هەشت تەرم ڕادەست دەکرێت. لە بەرامبەردا لانیکەم هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن کە زیاتر لە ١٠٠ کەسیان سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە. لە پێشنیازەکەدا هاتووە کە دەیان هەزار بارهەڵگری بارهەڵگر بە هاوکاری لە ماوەی ئاگربەستدا دەچنە ناو کەرتی غەززە. ئیسرائیل لەم کاتەدا دەستبەرداری بەردەوامی کارکردنی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە باشووری کەرتی غەززە نابێت. بەپێی ئەو پێشنیازە، دوای ئازادکردنی هەشت دیل، سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری غەززە دەکشێتەوە، بەپێی نەخشە ڕێککەوتنەکان. هەروەها کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشوور لە ڕۆژی حەوتەمدا ئەنجام دەدرێت، بەپێی نەخشە ڕێککەوتنەکان. سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەرتی غەززە ڕادەگرێت. هەروەها گەشتە ئاسمانییەکان ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر ڕادەگیرێن، یان ١٢ کاتژمێر لەو ڕۆژانەی کە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئەنجام دەدرێت. ڕەنگە دانوستانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی ئاگربەست (٦٠ ڕۆژ) بەردەوام بن، بە مەرجێک بە نیازپاکی بەڕێوە بچێت. ئەمریکا دەبێتە گەرەنتی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە. لە کاتێکدا هیچ پابەندبوونێکی ئیسرائیل نییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەپێی ئەو کەناڵە ئیسرائیلییە. لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، دانوستانەکان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەست پێدەکات، کە باس لە چوار خاڵی سەرەکی دەکات: 1- ئاڵوگۆڕی زیندانیانی ماوەتەوە. 2- ڕێکخستنی ئەمنی درێژخایەن لە غەززە. 3- ڕێکخستنی "ڕۆژی دوای" لە ستریپ. 4- ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی. لە ڕۆژی دەیەمدا حەماس هەموو زانیاری و بەڵگەکان لەسەر ئەو زیندانیانەی کە ماون، جا لە ژیاندا بن یان مردوون، لەگەڵ ڕاپۆرتی پزیشکی دەخاتە ڕوو. لەبەرامبەردا ئیسرائیل زانیاری تەواو لەسەر ئەو زیندانییە فەلەستینییانە دەدات کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە لە غەززەوە دەستگیرکراون. ناوبژیوانان (ئەمریکا، میسر و قەتەر) گەرەنتی ئەوە دەدەن کە دانوستانی جددی لە ماوەی ئاگربەستەکەدا ئەنجام بدرێت. ماڵپەڕی ینێتی ئیسرائیلی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، حەماس "وەڵامێکی ئەرێنی"ی بە پێشنیاری ناوبژیوانان داوە بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ لە کەرتی غەززە. بەگوێرەی کەناڵی 11ی ئیسرائیل، دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە و چاوەڕێی وەڵامی حەماس دەکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (توث سۆشیال)ی خۆیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە غەززە و ڕایگەیاند، نێوەندگران پێشنیازی کۆتایی دەخەنەڕوو. ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارم حەماس ئەم ڕێککەوتنە قبوڵ بکات، چونکە شتەکان باشتر نابن، خراپتر دەبن.
سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات. دەشڵیت: له ههوڵهكانی ناتانیاهۆ له ناوچهكه بێدهنگ نابین. هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە 17ـەمین لوتکەی ڕێکخراوی سەرانی ئیکۆ، گوتی: سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات، پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ ڕاگرتنی دڕندەییەکانی بەرانبەر بە غەززە کە بەهۆیەوە نزیکەی 57 هەزار کەس بوونەتە قوربانی. لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەردۆغان، ڕایگەیاند: ئێمە لە یەکەم ڕۆژەوە ئەوەمان گوتووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران قبووڵنەکراوە و هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ناوچەکەمان پەلکێشی ناو کارەساتێکی گەورە نەبێت، هیوادارین ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات ببێتە مایەی ئارامی. دەشڵێت: پاشخانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، سووریا و ئێران، سیاسەتی ناچارکردنی گەلی فەڵەستینە بۆ ملکەچبوون. سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، ئێمە لە ئاست هەوڵەکانی دەسەڵاتی ناتانیاهۆ بۆ گۆڕینی ناوچەکە بە گۆمی خوێن بێدەنگ نابین. دوو هەفتە لەمەوبەرو لەکاتى شەڕى نێوان ئێران و ئیسرائیلیشدا ئەردۆغان هێرشى توندى کردە سەر سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل و بەهیلتەر ناوى برد. ئەو کاتە لەکۆبوونەوەى ڕێکخراوی لوتکەی هاوکاری ئیسلامی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکردو باسى لەشەڕى ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخى غەززەو سوریاى کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا ئەردۆغان وتى: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وادەکات سیاسیەتی وێرانکاریی بەردەوام بێت، ئیسرائیل لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و کۆمەڵکوژى دەکات نەتەنیاهۆ وەک هیتلەرەو کۆپییەکى ئەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، هێرشەکان لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چڕتر دەبوونەوە. حکومەتی نەتانیاهۆ ئامانجی تێکدانی پرۆسەی دانوستان بوو بە هێرشەکانی لە ١٣ی حوزەیران. وتیشى: ئیسرائیل لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە شانبەشانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بژی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، هەوڵدەدات شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە. وەک چۆن ئەو پریشکە کە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هیتلەرەوە داگیرسابوو، جیهانی ئاگری تێبەردا، تەماحەکانی زایۆنیستی نەتانیاهۆ جگە لە ڕاکێشانی جیهان بۆ کارەسات، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى خستەڕوو، بانگەواز بۆ ئەو وڵاتانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیل هەیە؛ نابێت کەس گرنگی بە قسە ژەهراویەکانی نەتانیاهۆ بدات کە بە ستایشەوە پێچراوەتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی پشکنەرەکانی ئێرانیان بەجێهێشت، ئەوەش دوای ئەوەی تاران بە فەرمی هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕاگرتن، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس. ئێران دوابەدوای شەڕێکی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە هێرشی بێ وێنەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و توندترکردنی گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانس لەخۆگرتبوو، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس ڕاگرت. ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە: "ئەندامانی تیمی پشکنینی ئاژانسەکە ئەمڕۆ بە سەلامەتی ئێرانیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ بارەگاکەی لە ڤیەننا، دوای ئەوەی بەدرێژایی ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییە لە تاران مانەوە". ناوبراو زیادی کرد: بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕافائیل گرۆسی، گرنگییەکی زۆری دانوستانەکانی نێوان ئاژانس و ئێرانی سەبارەت بە ڕێگاکانی دەستپێکردنەوەی چالاکییە جەوهەریەکانی چاودێری و پشتڕاستکردنەوە لە ئێران لە زووترین کاتدا دووپاتکردەوە. هاوکات ئاژانسى بلومبێرگ، بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوی چاودێریی ئەتۆمی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، پاش جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێ کە چاودێریی نێودەوڵەتی بە تاوان دەزانێت، دوایین پشکنەرەکانى خۆی لە ئێران کشاندووەتەوە. باسى لەوەشکردووە، کشانەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەو واتایەیە، تاوەکو ئێستا شوێنی 409 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوى ئێران کە نزیکە لە دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمیی، دیار نییە و 274 پشکنەری باوەڕپێکراوی ئاژانسەکە چیتر ناتوانن شوێنەکەی پشتڕاست بکەنەوە. ئێران ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو بە فەرمی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس ڕاگرت. ڕۆژی 25ی حوزەیران، ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەست، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی پەسەند کرد.
