سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیدی خۆی بۆ ئاییندەی کەرکووک خستەڕوو و وتی: "کەرکووکمان کردە نموونە بۆ هەموو شارەکانی عێراق و دەیکەینە نموونەی پێکەوەژیان." بافڵ جەلال تاڵەبانی کە کەرکووکی بە "چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال" ناوبرد، جەختی کردەوە: "لە دڵمەوە ئەوە دەڵێم کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک دەگرین، ئێمە کەس لەخۆمان جیاناکەینەوە و بەرگری لە هەمووتان دەکەین." ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2025، لە میانەی کەرنەڤاڵی جەماوەریی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکووک، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ڕابردوودا بە خەڵکی شارەکەیان دابوو، هاوکات پەیامی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی دیکە کرد. سەبارەت بە مافی چین و توێژەکان، تاڵەبانی دڵنیایی دایە جووتیاران و وتی: "مافی جووتیارەکانمان لە کەرکووک پارێزراوە." لەسەر پرسی خوێندنی کوردی-یش کە یەکێکە لە کێشە هەنووکەییەکانی شارەکە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "خوێندکارانی کەرکووک دەبێت بە کوردی بخوێنن و ئەوە مافی دەستووریی خۆیانە، قبووڵی ناکەین کەس ئەو مافەمان لێ زەوت بکات." بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى تاڵەبانى لە کەرکوک.. ــ دوو ساڵ لەمەوبەر وتمان ئەو موحافزە بۆگەنە گەندەڵە (مەبەستی راكان جبورییە) ئەخەین بە عەرزدا، خستمان. ــ وتمان یەكێتییەكی كەركوك ئەكەین بە موحافزی كەركوك، نیوەی دنیا بەرامبەرمان وەستا، خستمانن بە عەرزداو كردمان. ــئەو حوحافزە كە ناوی كاك رێبوارە بزانە چی كردووە لەم شارە، بزانە چۆن كەركوكی یەكڕێز كردووە، بە یەك چاو خزمەتی هەموو لایەك ئەكات. ــ بەو بودجەی كە سێ جار پارە هاتووە بۆ پرۆژە، جادەكانمان پاكن، ئاومان هەیە، كارەبامان هەیە، مەكتەبمان هەیە، خەستەخانەمان هەیە. ئەمانە وەعدبوون كە جێبەجێمان كرد. ــ بزانە چەند شەریكە دێت بۆ كەركوك.. ئەمڕۆ هەموو دنیا ئەیەوێ بیزنس لە كەركوك بكات.. ئەمە رێبازی مام جەلالە. ــ كەركوك نەوتە، كەركوك خاكە، كەركوك خوێنە، بەڵام كەركوك چەپكەگوڵەكەی مام جەلالە. ــ لایەن هەن كە تائێستا باسم نەكردوون، بەڵام ئیمڕۆ باسیان ئەكەم، ئەڵێن كەركوك بەشەڕ رزگار ئەكەین. نەگبەت كەركوك بە دیموكراسی رزگاركراوە.. بەم جەماوەرە كەركومان رزگاركرد نەك بە فشەی ئاسمانی درۆ. ــ حزبێك هەیە كە دوو كورسی هەیە لە كەركوك، لەزگاركردنی عێراقەوە تا ئەمڕۆ ئەم حزبە چی كردووە بۆ كەركوك؟ هەر گیرفانی خۆی پڕكردووە، بێزیان نەهات بێنە كەركوك، نەیانوێرا بێن بۆ كەركوك. هێشتا ئەڵێن "ناتوانن".
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی و نێودەوڵەتی CSIS لە واشنتن، ژمارەیەک وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکانی بڵاو کردووەتەوە کە دەریدەخەن ئێران بە شێوەیەکی فراوان، لە شاخێکی باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ژێرزەمینیە. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەم 2025، ناوەندە ئەمەریکییەکە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووتەوە و هاوپێچ ژمارەیەک وێنەی مانگە دەستکردەکانی لەگەڵدایە، کە نیشانی دەدەن ئێران، بەشێوەیەکی فراوان خەریکی دروستکردنی ژێرزمین و تونێلە لە شاخی "کولەنگ گاز"، لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز. بەمەش گومان لە خێرکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لێ دەکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وادیارە ئێران بە نیازە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ شوێنێکی بەهێزتر و پارێزراوتر بگوێزێتەوە، کە بۆمبارانکردنی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ئاسان نەبێت. ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە لێکگەیشتنی نافەرمیی نێوان واشنتن و تاران دەربارەی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و هاوکات گرژییە هەرێمییەکان لە کەنداو و لوبنان و دەریای سوور زیادیان کردووە، ئەمانەش پرسی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێرانیان لە جاران ئاڵۆزتر کردووە. ئەم هەنگاوەی ئێران، بووتە جێگەی پرسیاری ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە نیاز و پلانە ئەتۆمییەکانی ئێران، پسپۆران، لایانوایە، دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورە لە قووڵایی ئەو شاخەدا، گوڕانێکە لە پلانی ئێران لە پرۆژە ئەتۆمییە چاودێری کراوەکەیدا بۆ پرۆژەیەکی پارێزراوی سەخت، کە وا دەکات ئێران بتوانێت چالاکیییە ئەتۆمییەکانی دوور لە چاوی چاودێران یان وێرانکردنی، گەشە پێ بدات.
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕين پێشبینیی زیادبوونی کورسی و دەنگی حیزبەکەی دەکات لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. دەشڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، جێگرانی سەرۆکی پارتی دەچنە سلێمانی. عەلی حوسێن لەکاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "پەیاممان بۆ خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان ئەوەیە دەرفەت بدەنە ئێمە بۆ ئەوەی لە ئاستی خزمەتکردنی ئەوان بین، حیزب تاقیکراونەتەوە، پێمانوایە پارتی ئەمجارە تاقی بکرێتەوە و دەنگی پارتی زیاتر دەبێ لەو هەڵبژاردنەدا" بەرپرسەکەی پارتی لەبارەی رووداوەکانی لالەزار و بۆچوونی پارتی دەڵێ: "لێیدەگەڕێین یاسا سەروەر بێ". عەلی حوسێن: هەوڵدەدرێت پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێتە یەک پاکێج. عەلی حوسێن لەبارەی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی پارتی لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "رێژەی بەشداریی خەڵک حوکم دەکات، بەڵام لەو باوەڕەداین کورسی و دەنگمان زیاتر دەبێ، ئاسان نییە ژمارەی کورسیی پارتی دیاری بکەم لە سنووری سلێمانی." پارتی و یەکێتی پێش بانگەشەی هەڵبژاردن دانوستاندنیان کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، نەگەیشتوونەتە ئەنجام، عەلی حوسێن لەوبارەوە دەڵێ: "خەڵكێک هەیە شانازی بەوە دەکات پێکهێنانی حکومەتی دواخستووە، نابێ شانازی بێ حکومەت پێکنەهاتووە، زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانن.'' لەبارەی ئەو داوا و پۆستانەی یەکێتی داوای دەکات، عەلی حوسێن دەڵێ: "ئەو پەیامانەی هەیە تای هەڵبژاردنە، رەنگە مەبەستیان بووبێ حکومەت پێکنەهێنرێت بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەی بانگەشە و هەڵبژاردن، بەڵام ئەمە پێچەوانەیە و هەڵبژاردنی داهاتووش دەری دەخات.'' لەبارەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی عەلی حوسێن پێیوایە "لە ئاستی پێویست نییە" و دەشڵێت: "پڕۆژە و خزمەت لە ئاستی داوای خەڵك نییە واقیعێک هەیە ئیدارەی ئەو سنوورە لێی بەرپرسە لەڕووی داهاتەوە". لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی بە چ بەرنامە و بەڵێنێک داوای دەنگی خەڵکی سلێمانی دەکەن، بەرپرسەکەی پارتی گوتی، "دەبێ خەڵکی سلێمانی لەگەڵ لایەنی سیاسی جیابکرێنەوە، خەڵکێکی بێلایەن هەن، خەڵک هەیە لە لایەنەکان رازی نییە، حیزبەکان لە سلێمانی چەندین جار تاقیکراونەتەوە و سەرکەوتوو نەبوون، با دەنگدەران و خەڵکی سلێمانی ئەمجارە پارتی تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکە بکات.'' عەلی حوسێن لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی ئەوەی پارتی قبووڵی دەکات پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکرێتە یەک پاکێج؟ دەڵێت: "پارتی رەچاوی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەوڵدەدەن بیکەنە یەک پاکێج، دوو پاکێجی جیایە، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بکرێتە یەک، ئەنجامی هەڵبژاردن حوکم لەسەر ئەوە دەدات.'' لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ سلێمانی، عەلی حوسێن ئاشکرای دەکات: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو دێنە سلێمانی، خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان لەو شوێنەی مەبەستمانە بۆ بانگەشە کۆیان دەکەینەوە و بانگەشەیەکی فراوان لەو سنوورە دەکەین.'' پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی 36 بەربژێری هەیە، رکابەری لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بەشێکی 18 کورسییەکەی سلێمانی کە بەپێی بازنەی هەڵبژاردن بۆ پارێزگاکە دیاریکراوە.
زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە سەبارەت بە کشانەوەی گەریلاکانى تەڤگەری ئازادی، ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە تەڤگەری ئازادی دەیەوێت پڕۆسەکە بە دڵسۆزیەوە ئەنجام بدات و تاکلایەنەیە". دووڕۆژ لەمەوبەر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی ڕایدەگەیەنێت دهستمانكرد به ههنگاوی كشانهوهی ئهو هێزانهمان له توركیا كە لهبهردهم ئهگهری مهترسی پێكداداندان و زهمینه لهبارن بۆ ڕوودانی ئهگهری نهخوازراو، راشیدەگەیەنێت: كشانهوهكه له ناوچه سنورییهكانی توركیاوه بهرهو ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا دهكرێت. تەڤگەری ئازادیی (پارتی کرێکارانی کوردستان ) ئەوەشى ڕایگەیاند کە "هەموو هێزەکانی لە تورکیا دەکشێنێتەوە" بە مەبەستی گەیاندنی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" بۆ قۆناغی دووەم. وتەبێژى کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە بە باڵی سیاسی پەکەکە ناسراوە، ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە "تاکلایەنە" دراوە و ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی ڕێکخراوەکەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی. زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: ئەم لێدوانە دووپاتکردنەوە و نیشانەی ئەو جددییەی پەکەکەیە کە دەیەوێت بە دڵ و گیان ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات". هیوا هەروەها نائومێدی خۆی دەربڕی لە شکستی حکومەت لەپرۆسەکەدا. ئەو وتی "هیچ هەنگاوێک لەبارەی بابەته بنەڕه تییەکانی وەک ئازادی قسەکردن بە کوردی لەپەرلەمان و باشترکردنی دۆخی ڕێبەبەر ئاپۆ نەنراوه" و داوای چاکسازی سیاسی لەئەنقەره دووپاتکردەوه . هەروەها وتەبێژی کەجەکە داوای لە تورکیا کرد و وتی: "دەمانەوێت پڕۆژەی ئاشتی بەپێی دیدگای ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکەین"، دەشڵێت: "دەبێت لایەنی تورکیا هەمان ئیرادە نیشان بدات و ڕێگە خۆش بکات بۆ گواستنەوە بۆ سیاسەتی دیموکراسی". وتیشى: سوپای تورکیا ناوچەیەکى بەرفراوانی لە عێراق و سووریا داگیر کردووە؛ ئەگەر ڕاستگۆیانە لە بیری ئاشتییدان دەبێت لەو بەشانە بکشێنەوە، ناتوانیت لەسەر ئاشتی قسە بکەیت و لە هەمان کاتدا ئۆپڕاسیۆنەکان فراوانتر بکەیت و بنکە سەربازییەکانت لە عێراق و سووریا زیاتر بکەیت. لەو بەیاننامەیەدا کە لە قەندیل خوێندراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا بە ئامانجی "دانانی بناغەی ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و برایانە" دراوە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی 20 فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای نزیکەی 11 ملیار دۆلارە ڕێککەوتوون. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. دوای کۆبوونەوەکە ستارمەر ڕایگەیاند: لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کردووە، دەشڵێت: ئەمە ڕێککەوتنێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ ماوەی ئەو هەموو ساڵە ئەو فڕۆکە جەنگیانە دروست دەکەین، بەمەش دەستی کار لە بەریتانیا زیاد دەکات. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ڕێککەوتنەکە لە 20 فڕۆکەی یورۆفایتەر پێکدێت، کە دەبێتە گەورەترین ڕێککەوتنی فڕۆکەی جەنگی، ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی تورکیا و هێزی ناتۆ لە ناوچەکەدا پتەوتر دەکات. ئەردۆغان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نوێی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ بەریتانیا کرد و دوای واژۆکردنەکە گوتی: "ئێمە ئەم ڕێککەوتنە وەک هێمایەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکە دەبینین. ئاژانسی فرانس پرێسی لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا دەیەوێت هێزی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە و هەوڵی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی ئەورووپا بە هاوبەشی لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە دەدات. ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی تورک ڕایگەیاندووە، بەریتانیا ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکە ڕادەستی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی ژمارەکەیان ئاشکرا بکات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە فەرەنسییە پێ دەچێت دوو فڕۆکە بێت. واشنتن لە ساڵی 2019دا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ڕووسیی S-400، ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوور خستەوە. هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی تورکیا سەردانی واشنتنی کرد و به مەبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.
حیکمەت هیجری، رابەری رۆحی تائیفەی دروزەکانی سوریا دەڵێت: مافی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵکی سوەیدا مافێکی رەهایەو پاشگەزبونەوەی نییە. هیجری لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "سکای نیوز عەرەبی" جەختیكردەوە: تێڕوانینيان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی تەواوە بۆ پارێزگای سوەیدا. ئاشكراشیكرد: ژمارەی رفێندراوەکانيان (600) کەسی تێپەڕاندووە کە لەنێویاندا ژن هەیەو حکومەت لە دیمەشق بەربەست بۆ هەر دانوستانێک دروست دەکات پەیوەست بێت بەوان. ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەت لە دیمەشق هێشتا پابەند نەبووە بە چۆڵکردنی گوندە زیانلێکەوتووەکان و پێداگری لەسەر شێواندنی راستییەکان دەکات. دواین لێدوانی رابەری دروزەكان لە كاتێكدایە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، هێزەکانی وڵاتەكەی لە باشوری سوریا و دەوروبەری "جبل الشیخ" كە کۆنترۆڵیان کردووە دەمێننەوە. ئاماژەی بەوەشدا: ئامانج لێی گەیشتنە بە رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا سەبارەت بە داماڵینی چەك لە باشوری رۆژئاوای سوریا و پاراستنی دروزەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان فهرمانێكى ههرێميى بۆ هێنانهكايهى ناحيهى بهردهقارهمان دەرکرد لە سنووری پارێزگای سلێمانی. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو فەرمانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، 27-10-2025 واژۆ کراوەو هەر ئەمڕۆش دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەردەقارەمان دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناحیەکە سەر بە قەزای بازیان دەبێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، هێنانهكايهى ناحيهکە "وهڵامدهرهوهى باشترى داوا و چاوهڕوانييهكانى هاووڵاتيیانى ناحيهكه و گوندهكانى ئهو سنووره دهبێت." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "هاوكار و يارمهتيدهره بۆ برهودان به خزمهتگوزارييه گشتييهكان و كاروبارى كارگێڕى لهو ناوچهيه."
هەرێم کەمال ئاغا، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر و سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رووداوی رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و یاسای بودجە، پێویستە پێش هەڵبژاردن مووچەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەکاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی رووداو، هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 بنەمایەکی باشە بۆ زیادکردنی داهاتی گەنجینەی دەوڵەت. بە گوتەی ئەو، "ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکان بێت، تایبەت بە داهاتی نێوخۆ، پێش هەڵبژاردن مووچەیەکی دیکە دێت. بەپێی رێککەوتنەکە و ئەو گفتوگۆیانەی کراون، دەبێت پێش هەڵبژاردن مووچە بێت و مووچەکانی دیکەش بە هەمان شێوە بنێردرێن." سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی، "لە ساڵی 2014وە دۆسیەی نەوت لەژێر دەستی خۆمان بوو، بەڵام نەمانتوانی ژێرخانێکی باشی ئابووریی بۆ دابنێین و حکومەت نەیتوانی مووچەی مووچەخۆران وەک پێویست بدات." هەرێمی کەمال ئاغا جەختی لەوە کردەوە، فەلسەفەی یەکێتی ئەوەیە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، "یەکێتی کێشەی پۆستی نییە، بەڵکو کێشەی شەراکەتێکی راستەقینەی هەیە کە بتوانێت لە بڕیاری سیاسی و ئابووریدا هاوبەش بێت." لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا گوتی، "سەرکردایەتیی یەکێتی تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لەوەی لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی راستەقینە دەبێت، بەشداریی حکومەت ناکات." سەبارەت بە دۆخی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرلیستی یەکێتی لە هەولێر باسی لەوە کرد کە دۆخیان باشە و ئەو سیاسەتەی کاری لەسەر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، هەمان ئەو ئاراستەیە بووە پێشتر باوەڕیان پێی هەبووە، پێیان وابووە "چارەسەری کێشەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان لە بەغدایە، نەک وڵاتانی دیکە."
هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان دوای بڕیاری تەڤگەری ئازادی بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بانگەوازییان لە دەوڵەت کرد، دەستبەجێ هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت. سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی تەڤگەری ئازادی کورد لە تورکیا و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان لە هۆتێل هیڵتۆنی ئەنقەرە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە. باقرخان لە بەشێکى ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەدا، ڕایگەیاند لە سەردەمێکدان کە دەتوانێ مێژووی تورکیا بگۆڕێت و گوتی: "ئەم ساتەوەختە بە ڕەنجی هەموو ئەوانەی دیموکراسییان دەوێت و ژیان دەپارێزن بەدیهات. دوای ڕێپێوانێکی دوورودرێژ بە هیوایەکی زۆرەوە گەیشتوینەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە. دوێنێ پێشهاتێکی مێژوویی ڕوویدا، بێگومان لەناکاو نەگەیشتینە ئەم قۆناغە. لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەڕێز باخچەلی لەژێر چەتری پەرلەماندا سڵاویکرد. ئەوی تر لە ٢٧ـی شوبات بوو. دەنگ لە ئیمراڵییەوە بەرزبووەوە، ڕێڕەوی ئەو شەڕوپێکدادانانەی گۆڕی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. بانگەوازکەی بەڕێز ئۆجالان لە پەکەکە، تەنها بانگەوازێک نەبوو؛ بوو بە ساتێکی یەکلاکەرەوە و بەشداری مێژوو بوو. هەروەها دوێنێ ساتەوەختێکی مێژوویی بوو، هاووڵاتیانمان بوون بە گەواهیدەری هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە و مانادار. پەکەکە پێشتر بڕیاری دا بوو کۆتایی بەوکارانە دەهێنێت کە بە ناویەوە دەکرێن، دوێنێش ڕایگەیاند لە گۆڕەپانی تورکیا دەکشێتەوە. بەمشێوەیەش بە هەموو جیهانی گوت، پێداگرن لە چارەسەری و ئاشتی. ئەم هەنگاوە لە هەمانکاتدا بردنەوەی سەدەی پێشمانە. سەدەی بیستەم لەم خاکە سەدەی شەڕ، ئازار، لەدەستدان و فرمێسک بوو. سەدەی بیست و یەک پێویستی بە سەدەی ئاشتی، خوشک-برایەتی، یەکسانی، ئاییندەی هاوبەش و کۆمارێکی دیموکراتیک هەیە. مێژوو ئەم دەرفەتەمان پێدەبەخشێت؛ نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین." لە بەردەوامی قسەکانییدا باقرخان گوتی: "ئەگەر بتوانین ئەم پرۆسەیە بە ڕاستی بەڕێوەببەین؛ تورکیا نموونەیەک بە جیهان دەدات کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێن، ئەمەش هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت و داهاتوو ڕۆشن دەکاتەوە. هەروەها دەربازی قۆناغێکی دیکەی یەکلاکەرەوە و گرنگ دەبین. واتە کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی یاسایی، سیاسی و گواستنەوە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بنرێت. ئەم قۆناغە سەختە بەڵام ماناداریشە. دەبێت پرۆسەکە بە ماف، بە ئازادی بەرەو پێش بچێت. پێویستە زمانی سیاسەت و دیموکراسی بەهێز بکرێت. دەبێت یاسا بنەمای ئاشتی و دادپەروەری داهاتوو بێت. هەم بڕیارەکەی دوێنێ کە ڕاگەیەندرا هەم لە هەنگاوەکانی دیکەدا، ڕۆڵی ئیرادەی بەڕێز ئۆجالان زۆر مەزنە و دیدگای ئاشتییەکەی ڕێگەی بۆ ئەمە کردۆتەوە. تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا هەڵوێستی وی هەمیشە لەگەڵ چارەسەری سیاسی بووە. تەنانەت لەم قۆناغەی پێی گەیشتووین، هەوڵدان، دووربینی، پێداگری و ڕۆڵی بەڕێز ئۆجالان لە بنیاتنانی ئاشتییدا یەکلاکەرەوەیە. بۆ ئەم پڕۆسەیە نەک تەنها لایەنێک بەڵکو دەوڵەت، دەسەڵاتدار، بیرۆکراسی ئەمنی، سیستەمی دادوەری و بەرپرسیارن. دەبێت هەموو لایەک دەستیان بخەنە ژێر بەردەکەوە. پێویستە هەمووان بەپێی ئیرادەی ئاشتی مامەڵە بکەن. کاردانەوە و گوتاری نەرێنی ڕابردوو پێویستە وەلا بنرێت، هۆشیاری و زمانی داهاتووی دیموکراسی بە بنەما وەربگیرێت. نەک هەستکردن بە دوژمنایەتی بەڵکو هەستکردن بە هاوڵاتیبوون، نەک پێناسەی هەڕەشە بەڵکو پێناسەی ماف دەبێت بکرێت." تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا گەواهیدەری ساتەوەختێکی مێژوویی بووە و گوتی: "ئەم ساتە شتێکی ئاسان نییە، بەڵکو بەرهەمی ئیرادەیەکی بەهێزە کە دەیان ساڵە بەردەوامە و بەرهەمی ئەو ڕەنجەیە. ئێستا دەربازی قۆناغێکی نوێ دەبین. ئەرکی ئێستامان ئەوەیە کە بە وردی و قووڵی لەم زەمینەیە بکۆڵینەوە و پێکەوە تورکیایەکی دیموکراتیک بنیات بنێین. بێگومان دامەزراندنی کۆمار شتێکی زۆر گرنگ و بەنرخە، بەڵام کۆمارێکی دیموکراتیک نەبوو. هەربۆیە پرسی دیموکراتیزەکردنی تورکیای چارەسەر نەکرد. سەد ساڵە پرسی مەزن ئەزموون دەکەین. ئیدی ئەم وڵاتە ئارامی نەماوە سەد ساڵی دیکە ئازار بچێژێت و لە نادادیدا بژی. بۆ ئەوەی دادپەروەری و یاسا لە سەدەی دووەمی کۆماردا پەرەی پێبدرێت، بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و تاجداراکردنی کۆمار بە دیموکراسی، ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. ئەگەر بە درووستی بخوێنینەوە، ئەو هەنگاوە مێژووییانەی لە یەک ساڵدا گیراونەتەبەر، دەرفەتی مەزنی بۆ کۆمار دەڕەخسێنن کە لە سەدەی دووەمدا دیموکراتیک ببێت. بنیاتنانی ئاشتی بە تێگەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کلیلی کردنەوەی دەرگای کۆمارێکی دیموکراتیکە. ئەم پرۆسەیە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گۆڕانی کەلتووری و کۆمەڵایەتییە. پێویستە لەگەڵ گۆڕینی هۆشیاری و کۆمەڵگە پێکەوە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن بنیات بنێین. بانگەوازمان بۆ ڕۆشنبیران، ئەکادیمییەکان و نووسەرانی تورکیا هەیە؛ وەک ئەگەرێکی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر کۆمەڵگەکانی تورکیا؛ سەرەڕای نیگەرانی و گومانەکان، خاوەندارێتی کردن لە ئاشتی زۆر بەنرخە. بانگەوازمان بۆ ژنان و دایکان؛ ترسناکترین برینی شەڕتان لە دڵتاندا ئەزموون کردووە و پێویستە وەک ژنان بنیاتنەری سەرەکی ئاشتی بین. بانگەوازمان بۆ گەنجان؛ زۆرترین باجتان داوە و لەو باوەڕداین ئەوەی لە تواناتان هەیە خاوەندارێتی لە ئاشتی دەکەن. بنیاتنانی ئاشتی زۆرترین ئەرکی لەسەر ئێوەیە. بانگەوازمان بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتداری؛ لەگەڵ قۆناغی نوێی پرۆسەکەدا زۆر گرنگە بە خێرایی هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنرێت بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە. جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە؛ کۆمەڵگە چاوەڕوانی لە ئیدارەی وڵات و پەرلەمان هەیە. دەبێت ئیدی دەنگی کۆمەڵگە ببیسترێت."
موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لەعێراق ئاشكرایكرد، بەهیچ جۆرێک بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردنێک ناکەم گەندەڵکارانی تێدابێت. موقتەدا سەدر جەخت لەسەر بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەکاتەوە و کەسانێک تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ دەدەن گومان بخەنە سەر بەردەوامیی بایکۆتەکەیان و ئاماژەی بەوەشدا، خەونێکى بینیوە، لێکدانەوەی وایە محەممەد سادق سەدریی باوکیشی لەگەڵ بڕیاری بایکۆتەکەیدایە. رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسینێکی لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا، بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدری باوکی, سەرکۆنەى بوونی جیاوازیی هەڵوێستی سیاسیی دەکەن، بەتایبەت بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوو و هەروەها بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئێستا. سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە باس لەوە دەکات، خەونێکی بینیوە و تیایدا پێشنوێژی بۆ ژمارەیەک نوێژخوێنان کردووە و هەندێکیان رووی قیبلەیان جیاواز بووە، ئەمەش دەشێت ئەو خەونە وا لێکبدرێتەوە باوکی رەزامەندە بە بڕیاری بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنێکدا کە بە گوتەی ئەو، "گەندەڵکاران تیایدا بەشدارن". موقتەدا سەدر دەڵێت: "هەروەها ئەو خەونە ئاماژەیە بۆ جیاوازی لەنێوان شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدر، لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینەکانی کە لە نەزانی بێت یان بە مەبەست بێت." لە 4ـی تەممووزی 2025، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت. لەو نووسینەدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، هەندێک هەوڵدەدەن گومان دروست بکەن لەبارەى بەردەوامبوونیان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و بە "درۆزن" ناویان دەبات. بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بکرێت، رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاریداوە بەشداریی نەکات و هەر ئەندامێکیشی بەربژێر بووبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە، لە ریزەکانی دووری خستنەوە.
سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێری یەكێتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە هیران، ڕایدەگەیەنێت: رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین لە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی، ناڕازین لەبەر پەراوێزخران و نادادپەروەری. زۆرینەیەکی گەورەی ئەم خەڵکە ناڕازییە لە رابردوودا بنکەی جەماوەری یەکێتی بوون. هەندێکیان لە خەمساردی و بێ بەرنامەیی و ناکۆکی ناوخۆیی ناو یەکێتی ناڕازی بوون. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک قوباد تاڵەبانی، پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە. ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا ئەوەش هاتووە: ئەگەر پێشتر لە یەکێتی ناڕازی بوون، ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە. هێزێکە سازش لەسەر خواست و داواکاریی خەڵکی ناڕازی ناکات. لە خەڵکی ناڕازی دەپرسم ئایا باشتر نییە لە جیاتی دابەشبوون یان بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، بە دەنگی خۆیان ئەو حیزبە بەهێزتر بکەن کە هێزی پێویستی هەیە لە کوردستان کۆتایی بە پەراوێزخستن بهێنێت و لە بەغداش کێشەکان چارەسەر بکات؟. قوباد تاڵەبانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات تا چەندین ساڵ لەمەوبەر جەماوەر و ئەندامان و کادرانی یەکێتی بە حەق گلەیی و رەخنەیان لە حیزبەکەیان هەبوو کە بۆچی سەرکردایەتییەکەی یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نییە، ئەیانوت بۆچی ئەو سەرکردایەتییە لە جەماوەرەکەی دوورکەوتووەتەوە. وتیشى: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی هەریر و خەلیفان ئاماژەم بەوەدا لەم چەند ساڵەدا لەژێر رۆشنایی رەخنەکانی جەماوەر و کادران، یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کاک بافڵ پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە. قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە. ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی.
میدیاى فهرمیى ئیسرائیل ئاشكرایكرد، سوپاى وڵاتهكهى لە 24 کاتژمێری ڕابردودا ژمارهیهك هێرشی یهك لهدواى یهكى ئەنجامداوهو بههۆیهوه سەرکردە دیارەکانی حزبوڵڵای لەلوبنان کردوەتە ئامانج. باس لهوهشكراوه، لەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لەمانگی 11ی ساڵی ڕابردوەوە، سوپای ئیسرائیل دەستی لەهێرشکردنەسەر ئامانجەکانی حزبوڵڵاو کادیرەکانی هەڵنەگرتوەو لەهێرشەکانی بۆسەر باشوری لوبنان بەردەوامە. کەناڵی 14ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بەشی هەواڵگریی بەوردی چاودێریی گۆڕانکارییەکانی لوبنان دەکاتو ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامدەبن، تائەوکاتەی حزبوڵڵا هەڕەشە لەسنوری باکورو هاوڵاتییانی ئیسرائیل بکات. کەناڵە ئیسرائیلیهكه نوسیویهتى، "لەماوەی ڕابردودا چوار کردەی جیاوازی سهربازیى لەچوار شوێنی جیاواز لەناو لوبنان ئەنجامدراون، کە بونەتە هۆی کوژرانی پێنج چەکداری حزبوڵڵا، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵێکدایە بۆ ڕێگریکردن لەدوبارە بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا لەباشور". ههروهك ئهوهش ئاشكراكراوه، "دیارترین ئەوکەسانەی کوژران بریتین لهزەین ئەلعابدین حوسێن فەتونی، كه سەرکردەی یەکەی دژە زرێپۆش بوه لەهێزی ڕەزوانی سەر بەحزبوڵڵا، محەممەد ئەکرەم عەرەبیە یەکێک لەسەرکردەکانی هێزی تایبەتی ڕەزوان". لهو ڕوهشهوه ئیسرائیل باسى لهوهكردوه، "عەرەبییە هەوڵی زۆری بۆ دوبارە نۆژەنکردنەوەی تواناکانی شەڕکردنی حزبوڵڵاداوەو بەشداریی لەهەوڵی چاککردنەوەی ژێرخانەکەیدا کردوە، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەناوچەی قلیعە لەباشوری لوبنان کوژرا". ئهوهش باسكراوه، "عەبد مەحمود ئەلسەید-یش كوژراوه لەناوچەی ناقورە، کە لەهەفتەکانی ڕابردودا ناوەندێکی سەرەکی چالاکییەکانی حزبوڵڵا بوە، عەلی حوسێن موسەوی، لەبیقاع کوژراوهو تۆمەتباره بەوەی قاچاخچی چەک بوە لەحزبوڵڵاو بازرگانی چەکو قاچاخچی کەرەستەی شەڕ بوە لەڕیزەکانی حزبوڵڵادا، تێوەگلاوە لەکڕینی چەکو گواستنەوەیان لەسوریاوە بۆ لوبنانو ڕۆڵێکی گرنگی هەبوە لەکارەکانی بونیادنانەوەو چەکدارکردنی حزبوڵڵادا".
دوای بڕیاری کۆمپانیای "تورکش ئێرڵاین" بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی، کۆمپانیایەکی دیکەی تورکی بە ناوی "ئەی جێت" (AJet) ڕایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەکات. کۆمپانیای "ئەی جێت" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە، یەکەم گەشتی نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی ئەنجام دەدات. بەپێی خشتەی گەشتەکانی کۆمپانیاکە، هەفتانە چوار گەشتی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن لە ئیستانبوڵەوە بۆ سلێمانی ئەنجام دەدرێت، کە دەکەونە ڕۆژانی (شەممە، یەکشەممە، سێشەممە، چوارشەممە). ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، حکومەتی تورکیا کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا کردەوە. لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش، کۆمپانیای "تورکش ئێرڵاین" ڕایگەیاندبوو کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە.
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئامارێکی نوێی لەبارەی هێرشەکانی ڕووسیاوە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا مۆسکۆ بە هەزاران پارچە چەک هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی. هاوکات، داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانە چڕبکەنەوە. لە گوتاری ڕۆژانەیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها لە دوایین هێرشی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت، سێ کەس کوژراون و 31 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە حەوتیان منداڵن. زێلێنسکی پەیامێکی ئاراستەی هاوپەیمانەکانی کرد و وتی: "پاراستن لە مەترسییەکی لەو شێوەیە تەنیا بە چڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان دەبێت، نابێت هیچ نەتەوەیەکی جیهان لەبەردەم ئەم مەترسییانەدا بەتەنیا جێبهێڵرێت." "تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا ڕووسیا بە نزیکەی هەزار و 200 درۆنی هێرشبەر و 50 موشەکی جۆراوجۆر، کە زۆربەیان بالیستیکن، هێرشیکردووەتەسەر ئۆکرانیا." ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ بە چڕی کیێڤی پایتەختیشی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش برینداربوون. تیمەکانی فریاگوزاری وێنەی ئاگرکوژێنەوەکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەرکەوتن خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە گەورانە بوون لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆن و مووشەکەکان لە ناوچەکانی دێسنیانسکی و دارنیتسکیی پایتەخت کەوتبوونەوە. هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووسیا لە هێرشەکەدا 9 مووشەکی بالیستیی پێشکەوتووی جۆری ئیسکەندەر-M و 62 درۆنی هێرشبەریی جۆری شاهیدی بەکارهێناوە. هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا توانیویانە 4 مووشەکی بالیستی و 50 لەو درۆنانە بخەنە خوارەوە. هەفتەی رابردوو، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پاکێجی نوێی سزایان بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا راگەیاند کە ئامانج لێی پەکخستنی ئابووریی جەنگی مۆسکۆ و کەمکردنەوەی توانای داراییەتی بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، 19 هەزار هاووڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕاندەوە. وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم گەڕاوانە لە ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو پێکدێن، لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی چاکسازیی ورد دا بوون بۆ ئامادەکردنەوەیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە، و جەختیشی کردەوە توانیویانە ڕێگری لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانیان بکەنەوە. عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ڕایگەیاند لە ساڵی 2021وە و لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکان لە 29 گەشتدا ئەنجامدراوە. گوتیشی: ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، پێشتر نزیکەی 31 هەزار و 500 هاووڵاتی عێراقی لەو کەمپەدا بوون. گوتەبێژەکە ڕوونیکردەوە گەڕاوەکان دوای پشکنینی ئەمنیی ورد، دەگوازرێنەوە بۆ "سەنتەری ئەمەل". لەو ناوەندەدا، بەپێی فۆرمێکی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی کە ئاستی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی دیاری دەکات، دابەش دەکرێن. دواتر، بەرنامەی چاکسازیی تایبەت بۆ هەر گروپێکی تەمەنی جیاواز (منداڵان، گەنجان، ژنان) جێبەجێ دەکرێت. گوتەبێژەکە دووپاتیکردەوە، 78 بەرنامەی جۆراوجۆری چاکسازی جێبەجێ کراون. ئەم بەرنامانە لەلایەن دامەزراوە حکوومییەکان، زانکۆکانی عێراق (وەک بەغدا و نەینەوا)، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. تیمی پسپۆڕی دەروونی و ئەفسەرانی ئەمنیی ڕاهێنراو، سەرپەرشتی ئامادەکاریی فیکری و دەروونی گەڕاوەکان دەکەن. گوتیشی: یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ڕێگریکردن بووە لە دروستبوونی هەر جۆرە پێکدادان و گرژییەک لەنێوان گەڕاوەکان و خەڵکی ناوچەکەدا، کە ئەمەش لە ڕێگەی بەرنامەکانی ئاشتەوایی نیشتمانییەوە مسۆگەر کراوە.
