بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتن بەستن بە ڕاپرسییەکان و وەرگرتنی بۆچونی کەسایەتییەکان هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕاگەیاند و داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن. رۆژی دووشەممە (٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و بڕیاردان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە، بە پشت بەستن بە ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، هاوکات ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانمان دەدەین بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن. دەشڵێت: هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبەردەم شکست و بێ متمانەیی دەنگدەرە. داوا لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاونیشتمانیان دەکەین، بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ئەم هەڵوێستەش گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ لەشکستی پڕۆسەی سیاسی و نەمانی متمانەی گشتی، کە پێویستی بە هێنانەدی شێوازێکی نوێی کاری سیاسی هەیە. بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات بۆ ئەوەی چیتر «هەڵبژاردن» نەبێتە شانۆگەری سەرکەوتنی کاستی دەسەڵاتدار و نائومێدی زیاتر بۆ بەرەی ناڕازی و خەڵک؛ بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەکات کە پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین و لەو ڕێگەیەوە نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین.

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان سەرەڕای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا لە بازنەی کەرکووک دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن. بەرپرسی مەڵبەندەکەیان دەڵێت، "دەنگمان بۆ بەربژێری ئەو لیستانەیە کە دەردەچن."   ئەمڕۆ دووشەممە 03-11-2025 عیماد کەرکووکی، بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزبەکەی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆت کراوە، بەڵام لەبەر پرسە نەتەوەییەکە لە کەرکووک بڕیاریان داوە دەنگ بدەن." عیماد کەرکووکی گوتی، "ئێمە کادر و دەنگدەرانی خۆمان ئازاد کردووە، بەڵام باشترە دەنگ بە بەربژێری لایەنێک بدرێت کە دەرچوونی مسۆگەر بێت، لەبەرئەوەی دەنگی کورد لەو بازنەیە نەفەوتێت." لە بازنەی کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کردووە. بەرپرسەکەی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "باشترە دەنگەکان بۆ ئەو لایەنانە بن کە دەرچوونی بەربژێریان مسۆگەرە، بۆئەوەی دەنگی کورد نەفەوتێت، ئێمەش کادر و لایەنگرانمان ئازاد کردووە دەنگ بە پارتی دەدەن یان یەکێتی، چونکە دەرچوونی بەربژێری ئەو دوو لایەنە مسۆگەرترە."

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند تاران تەنیا لە دەرفەتێکدا بیر لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا دەکاتەوە کە سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و واز لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بهێنێت. دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی واز لە پشتیوانی ئیسرائیل بهێنێت و سەربازەکانی لەم ناوچەیە بکشێننەوە و دەست لە دەستتێوەردان لەم ناوچەیە هەڵبگرن، ئەو کاتە دەکرێت بیر دەستپێکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەنەوە. خامنەیی دەشڵێت: ئەمەریکا جگە لە ملکەچبوون لایەنی بەرانبەر هیچی قبووڵ نییە، ئەمەش پێشتر لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکا هەست پێکراوە، بەڵام ئەم سەرۆکەیان بە ئاشکرا ئەوی پیشان داوە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وڵات بەهێز بێت و دوژمنەکەی هەست بەوە باکات کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم وڵاتە بەهێزە سوودی نابێت بەڵکوو زیانی دەبێت، ئەمە وڵات بەهێزتر دەکات. دوێنێ یەکشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاندبوو، تاران بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ واشنتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی "ئامادەیە، بەڵام و هەر گفتوگۆیەک لەسەر تواناکانی مووشەکی ڕەت دەکەینەوە. هەروەها گوتی، گفتوگۆکان دەکرێت دەست پێ بکەنەوە "هەر کاتێک ئەمەریکییەکان ئامادەبن بۆ دانوستان لەسەر بنەمای یەکسان و بەرژەوەندی هاوبەش. دیارە ئەوان پەلەیان نییە. ئێمەش پەلەمان نییە. بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباک)یان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنۆلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو".

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە موسڵ وتى: هەموو بڕیارێكی ستراتیژی عێراق دەبێت لە عێراق بدرێت، نەك لەم وڵات و ئەو وڵات. لە وتارێکی لە شاری مووسڵ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ستایشکردنی خۆڕاگریی خەڵکی نەینەوا، نەخشەڕێگا و پڕۆژەی حزبەکەی بۆ بونیادنانەوەی شارەکە و گەڕاندنەوەی شکۆی بۆ خستەڕوو و جەختی کردەوە کە بەبێ سەقامگیریی مووسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارەکەی بە ستایشکردنی مێژوو و قوربانیدانی مووسڵ دەستپێکرد و وتی: "مووسڵ هێمای هێز و خۆڕاگرییە، ئێمە شانازی بە خوێن و مێژووی مووسڵ دەکەین." ئاماژەی بەوەشکرد کە تیرۆرستانی قاعیدە و داعش نەیانتوانی ئەم شارە بڕوخێنن، چونکە "خەڵکی نەینەوا دیواری ئاسنین و خۆڕاگریین لە عێراق." ئەو نەینەوای بە "نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال" وەسف کرد کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، جەختیشی کردەوە کە "داینەمۆی نوێبوونەوەی عێراق مووسڵە" و "بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت." سەرۆکی یەکێتی دڵنیایی دایە خەڵکی نەینەوا کە "یەکێتیی پرۆژەی هەیە بۆ نوێبوونەوەی نەینەوا" و بەڵێنی دا: "ماڵ و گەڕەک و خەونەکانتان بونیاد دەنێینەوە." ئەو ڕایگەیاند کە دەزانن "هاووڵاتیانی نەینەوا نەهامەتی زۆریان چەشتووە،" بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان "بڕوایان بە دادپەروەرییە نەک تۆڵەکردنەوە." لەم چوارچێوەیەدا، بەڵێنی دا کە کار بۆ گەڕاندنەوەی مافی گیراوە بێتاوانەکانی نەینەوا دەکەن و پێویستە هەموو ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگییەکی تایبەتی بە دۆخی کوردانی ئێزدی دا و وتی: "کار بۆ گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی دەکەین" و "خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکان سەربەرزانە بژین" و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستە سەر گرنگیی زانست و خوێندن و ڕایگەیاند: "پێویستە گرنگی زیاتر بە زانکۆی مووسڵ بدرێت." بەڵێنی دا کە "کار بۆ پێشکەوتن و نوێکردنەوەی زانکۆی مووسڵ دەکەن" و پێشنیازی کرد: "داوای دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی مووسڵ و سلێمانی دەکەم" بۆ ئەوەی ببێتە پردێکی زانستی و ڕۆشنبیری. لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی سیاسیی ڕوونی ئاراستە کرد و وتی: "نەینەوا پێویستی بە سیاسەت و ڕێبازی مام جەلالە." جەختی لەسەر سەروەریی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە تەواوی بڕیارە ستراتیجییەکانی عێراق لە ناوخۆی وڵات بدرێت" و "نەینەوا شوێنی ئەجێندای هیچ لایەن و وڵاتێک نییە." دڵنیاییشی دا کە "یەکێتی لە نەینەوا نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان دەکات" و "لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا نوێنەرایەتی هەمووان دەکات.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان دەکاتەوە.  ئه‌مڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمه‌رانی کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "لە ڕووی بازرگانییەوە بۆ ئێمە گرنگە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین". سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەڵکەوتەی جوگرافیای شارەدێ و دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دا و گوتی: "ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاریش بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکەین." مەسرور بارزانی دوای کردنەوەی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە. شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێمە ئێستا بەرهەمی دەستی ئەوان دەبینین و لە سایەی زەحمەتی ئەوان ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە". مەسرور بارزانی گوتی، "جێی دڵخۆشییە کە لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو رێگەیە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێکوپێک دروستکراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن، ئەوەی لە دەستی حکومەت بێت بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین". درێژیی رێگەکە 2.5 کیلۆمەترە و تێچووەکەی زیاتر لە 35 ملیار دینارە. دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە هەردوو پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتیەوە، دەروازەیەکی بەردەوام پڕجووڵەی نێوان هەردوو پارێزگایە، کە لە ڕووی هاتوچۆی گەشتیارییەوە 24 کاتژمێرەیە و لە لایەنی بازرگانیشەوە ڕۆژانە لە کاتژمێری هەشتی بەیانییەوە تاوەکوو حەوتی ئێوارە جموجووڵی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکرێت. لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، پێشتر پارێزگاری ورمێ، ڕەزا ڕەحمانی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی تۆمارەکان لە ساڵی 2024دا بە قەبارەی هەشت ملیار دۆلار هەناردە و 19 ملیار دۆلار کاڵا بە ترانزێت هەناردەی سنووری هەرێمی کوردستان کراوە

ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: نابێت پرۆسەی ئاشتی  تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت.   راشیدەگەیەنێت، تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەكەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بكرێت، بۆچونەكانتان هەرچۆنێك بێت پێویستە بەشداری لە پرۆسەی چارەسەردا بكەن.  ئاماژەی بەوەدا، توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی روودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە روونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەحمەد تورک جەختیش دەكات، پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەوپێش دەچێت، حساباتەكانی بە وردی دەکات، تەنانەت رەخنەكانیش چاوەڕوانكراوەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، لە سەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش نەكرد، بەڵام لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات. باس لەوەش دەكات، لەکاتێکدا پێشتر لەناو دەوڵەتدا گروپێک هەبوون کە تێڕوانینی زۆر جیاوازیان هەبووە، ئێستا مەیلێکی بەهێز لەناو دەوڵەتدا هەیە كە باوەڕی وایە چارەسەر پێویستە بە هۆی كارلێكە ناوخۆیی و دەرەکییەكان، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیەو بەڕێز ئەردۆغان وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە. ئەحمەد تورك لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆک لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆبووەوە، دەمەوێت بە دیاریكراوی لەبارەی سوریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت،  پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکەین، بەڵام بە بۆچونی من، پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرین. لەبارەی هەوڵەكانی پێشوی ئاشتیش لە توركیا دەڵێت: بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبووە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبووە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دادگاییکردنی (کەجەکە)دا دەرکەوت.  ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکرد، پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەیە، هەروەها حکومەت لەو کاتەدا ئامادە نەبوو، ئێستا پرۆسەکە جیاوازە.

بەپێى ئامارێکى ڕێکخراوى هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۳۵ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشێکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەڵام شەڕڤانەکانی قەسەدە، هێرشەکانیان تێکشکاندووە. هەسەدە جەختی کردەوە کە چەکدارەکان بە ئاڕ پی جی هێرشیان کردووە بەڵام شەڕڤانەکانیان دەستبەجێ وەڵامی چەتەکانیان دایەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند، هیچ شەڕڤانێکیان بریندار نەبووە. دەڵێت: "لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بەهێزی شەڕڤانەکانمان، چەکدارەکان هەڵهاتوون، هێزەکانمان شوێنیان کەوتن و هەرێمەکەیان پاککردەوە، ئاسایش و ئارامییان بۆ هەرێمەکە گەڕاندەوە. هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە، بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی هاووڵاتیان، بێ دوودڵی وەڵامی بەهێزیان دەبێت. بڵاوبوونەوە و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانمان لە هەرێمەکە بەردەوام دەبێت، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمەکە و ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانە کاریگەرییان لەسەر هەوڵەکانمان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی ئاسایشی هەرێمەکە نابێت".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە حەماس و دەڵێت؛ ئەگەر ڕەفتارتان باش نەکەن لەناوتان دەبەم. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" پەخشکرا، ترەمپ هۆشداریی دایە حەماس و گوتی: "ئەگەر حەماس ڕەفتاری باش نەکات دەتوانێت دەستبەجێ بیسڕێتەوە، ئەوانیش ئەمە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت زۆر بەخێرایی چەک بە حەماس داماڵێت." ترەمپ ستایشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و بە "پیاوێکی زۆر بەتوانا" ناوی برد، هاوکات بەڵێنی دا یارمەتی بدات بۆ دەربازبوون لە کێشە یاساییەکانی. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "پێشتر کەس پشتگیریی نەکردووە، بەڵام من پشتگیریم لێکردووە." لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە "هەندێک لە کردەوەکانی ناتانیاهۆم بەدڵ نەبووە" و ئاماژەی بە سەپاندنی ئاگربەستەکەی غەززە کرد. مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، چەکداماڵینی غەززە، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو. ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبوو، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە. تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی گەڕاندووەتەوە. هەروەها بڕیارە سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو سێ تەرمە ئاشکرا بکات کە ئێوارەی یەکشەممە ڕادەست کرانەوە، لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی هەشت بارمتەی دیکە نادیارە. سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە، ڕووفاتی عومەر نیوترا، هاووڵاتیی ئەمەریکی-ئیسرائیلی کە وەک فەرماندەی کەتیبەیەکی تانک لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتی کردووە، لەنێو گەڕێنراوەکاندایە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕووفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت: سەرۆک مام جەلال زۆر جار دەیوت یەکێتی کە لە فڕۆکە و بۆمب و موشەک ناترسێت، لە رەخنەی رۆژنامەنوس و تەنانەت چەواشەکاری بە پلانی میدیای لایەنی رکابەریش ناترسێت.  قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی: لە کۆبونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی میدیاکار و کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئاماژەم بەوەدا راستە لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە، بەڵام هەڤاڵانی میدیاکاری ئێمە ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. دڵنیاشم کردنەوە کە وەک سەرۆک بافڵ لە هەولێر ئاماژەی پێدا یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و هەڤاڵ و کادرانی خۆی رادەوستێت.  راشیگەیاندووە: سوپاسیشم کردن کە لە رووماڵکردنی رووداوی چەند رۆژی لەمەوبەری هێرشکردنەسەر هەڤاڵانمان لە کاتی بانگەشەدا زۆر ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد. جەختیشيکردەوە: یەکێتی نەک تەنیا ئازادیی کاری رۆژنامەگەری مسۆگەر کردووە، بەڵکو رێگریش دەکات لەوەی لایەنی دیکە سنووری ئەو ئازادییە بەرتەسک بکاتەوە.

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامى ڕایگەیاند، لە بادینان دەسەڵات هیچ شتێک نەماوە بەرامبەر حیزبەکەى نەیکات و بارەگاى سووتاندووە و سەرکردەکانى "شەهید" کردووە. سەڵاحەدین بەهادین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەڵبەندی 3ـی حیزبەکەى گوتى "یەكگرتووەكانی بادینان بارەگایان سووتێنرا و خوێنیان ڕژا، بەڵام خۆڕاگر بوون". ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، تیشكیشى خستووەتەسەر ئەو ترسانەی دەسەڵات لە یەكگرتوو هەیەتی لە بادینان و گوتی "یەكگرتوو لە بادینان بەردەوامە لە خەباتی مەدەنی و كاری میانڕەوی، دەسەڵات هیچ نەما نەیكات بەرامبەر یەكگرتوو لە بادینان بارەگای سووتاند و سەركردە و کادری پێشكەوتووی لێ شەهید كرد". لەلایەکى دیکەوە ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە وتەیەکی بۆ بەشێک لە کادیرانی پێشکەوتوی سنوری مەڵبەندی بەردەرەشى حزبەکەى رایگەیاند: بارودۆخی عێراق جیاوازە و ئێمە وەکو یەکگرتوو لە بابەتی نیشتمانی و نەتەوایەتی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان کۆکین و لەگەڵیان دەبین، بەڵام لە بابەتی حزبی و سەفەقاتی بازرگانی و دروستکردنی کێشە بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران لەگەڵیان نابین، بۆ ئەم مەبەستە کاندیدانی یەکگرتوو یار و نەیار شایەدی دڵسۆزی و پاکی یان بۆ دەدەن و هەموو کەس دەیاناسێ.

لەڕاگەیەندراوێکیاندا، بەرەى گەل، سەرۆکی حکومەت لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لەشەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لەلەزاریاندا لە شاری سلێمانی. بەرەى گەل دەشڵێن:  ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن ، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیاندراوێک لە بەرەی گەلەوە ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لە شاری شەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لەلەزاریاندا لە شاری سلێمانی ، چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لەهەڤاڵەکانیان دەستگیرکرد، جگە لەوێران کردنی چەندین باڵەخانە و تاڵان کردنی، گوزمەیەک پارەی یانەی نەورۆزیشیان بەتاڵان برد. بۆیە ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن ، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت. بەرەی گەل

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی "بەبێ سلێمانی ناتەواوە." گوتیشی، "ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەم بێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەم دەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە." نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "کەموکوڕییەکانی ئەم ناوچە مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی و خەمێکی گەورەن بۆمان." هەروەها پارتیی بە "قەرزداری سلێمانی" زانی و گوتیشی، "وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای ئەم دەڤەرە دەکەین." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "شەقامێک لە هەڵەبجە یان زاخۆ دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. قوتابخانەیەک لە سەیدسادق یان هەریر دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێت، "دەبێت یەک زۆن هەبێت، ئەویش زۆنی کوردستانە." گوتیشی، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە، "نەیپرسی خوێنی کامتان سەوز و کامتان زەردە؟" نێچیرڤان بارزانی داوای لە لایەنگرانی پارتی لە سنووری سلێمانی کرد کە کار بکەن بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ و زیاتریش. جێگری پارتی باسی لەوە کرد، "ئەزموون سەلماندوویەتی، ئەوەی دەتوانێت خزمەتی کوردستان بکات، تەنیا و تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو چانسە بدەن بە پارتی بزانن چی دەکات." هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی پارتی، گوتی، "کوردستان کە لە ساڵی 2005 دەستووری عێراقی پەسند کرد، دەستووری عێراقی پەسند کرد؛ تەسلیمبوونی پەسند نەکردووە، بەڵکو سیستمی فیدراڵیی لە عێراق پەسند کردووە." نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی مەرکەزی، نەهێشتنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، واتە تەسلیمبوونی هەرێمی کوردستان. ئێستاش لەم رۆژەدا و لە شاری سلێمانی، لە شاری تەسلیم نەبوونەوە، لێرەوە بە دەنگی بەرز بە هەموو کەسێک دەڵێین، پارتی تەسلیم نابێت، گەلی کوردستان تەسلیم نابێت.

مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، ئەم شارە شاری پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی تێدایە، شانازی دەکەین کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە، ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان جێی شانازییە، هەقە ئێوەش شانازی بەو ڕەوشتەی خۆتان بکەن. باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتیان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی، کە بتوانن ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە ،پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات. هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە. مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتی، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت، بۆیە با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی دەکات.  یەکشەممە، 02 تشرینی دووەم، 2025، سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی پیشانگەی داهێنانەکانی زانایانی ئەتۆمیی لە ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێرانی کرد و جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئەمڕۆ لە بواری پیشەسازیی ئەتۆمی، بە تایبەتی دەرمانسازیی ئەتۆمیی، پێگەیەکی جیهانیی پێشکەوتووی هەیە." پزیشکیان، گوتی: زلهێزانی دنیا هەوڵ دەدەن ڕێگە بە وڵاتانی سەربەخۆی وەکوو ئێران، نەدەن دەستیان بە پیشەسازیی دەرمانیی ئەتۆمی بگات، بۆ ئەوەی خۆیان ئەو بەرهەمانە بە نرخی گران بە نەتەوە ژێردەستە و هەژارەکان بفرۆشن. سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زۆر پێویستە ئێران پەرە بەم پیشەسازییە مۆدێرن و گرنگە بدات، بەڵام دەبێت بە کوالیتی و جۆرێکی باش و گونجاو دروست بکرێت. ئێستا زانایانی ئێمە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی باری گوزەرانیاندا، دەستکەوتی گەورە و گرنگیان بەدەست هێناوە.  پزیشکیان، جەختی لەوە کردەوە "هەوڵەکانی ئێمە بۆ پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی تەنیا لە بواری دەرمانسازیی و ژینگە و کارەبا و خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکاندایە. هەمیشەش گوتوومانە ئێمە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین؛ بەڵام دوژمنان بە بانگەشەی ناڕاست دەیانەوێت ڕێگە لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران بگرن." سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی لە پێشخستن و گەشەپێدانی پیشەسازیی ئەتۆمیی دەکات. بە هەوڵ و تێکۆشانی زانایان و دارشتنی بەرنامەی ورد، دەتوانین ببینە هاوبەشێکی دیاری ئەم بازاڕە جیهانییە. چونکە داهاتووی وڵاتەکەمان پابەندی پێشکەوتنی زانستیی سەردەمە.