بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەو راگەیەندراوە رەتدەکەنەوە کە شەوى رابردوو بەناوى دەستەکەوە بڵاوکرایەوە و بە "هەڵوێستێکی سیاسیی دیزاینکراو" ناویدەبەن، باسى چەند دۆسییەیەکیش دەکەن کە دەستەکە خۆى لێ بێدەنگ کردوون. شەوى رابردوو، لە پەیجى فەرمیى دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تێیدا دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى بەوە تۆمەتبارکرابوون، رێگەیان بەسەردانى دەستەکەیان بۆ لاى دەستگیرکراوانى لالەزار نەداوە. ئاماژەبەوەشکرابوو، بەگوێرەى بەدواداچوون و زانیارییەکانیان کەسانێک لە رووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادەنین زانیاریی بڵاوبکەنەوە. بەڵام ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە کارگێڕانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرلەبەرى راگەیەندراوەکەى دەستەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردبوو چەندین جاری دیکە سەرنج و تێبنییان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە"کە نە ئاگامان لێی بووە نە پرسمان پێکراوە"، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەکە هیچ هەڵوێستیان نەنواندوە و هەموو جارێک داوای چارەسەریان کردووە. سەبارەت بەدەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار، لە پەیامەکەدا هاتووە "ئێمە یەکەم تیم بووین وەک دەستە سەردانی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانمان کرد، هەر لە رێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاسانکاری کرد بۆ سەردانی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان و هیچ رێگرییەک نەبووە". ئاماژەبەوەشکراوە، بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە هەموو ئاسانکارییەک بکرێت، بەڵام دەستەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەى دیسان نەیهێشت بگاتە یەکشەممە و راگەیەندراوى بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەش بۆچوونیان وایە "دەستەکە پێی گوتراوە ئەوە بکات". بەشێک لە کارگێڕانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەڕوونى و راشکاوى دەڵێن "ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، رەتدەکەینەوە و بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچوونى هەموو دەستە ناکات و تەنیا بۆچوونى لایەنێکی سیاسییە کە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆی بەکاردەهێنێت". باسیانلەوەکردووە، لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لەڕۆژی یەکەمی رووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی دیکەش هاوکاربوون و دەبوو دەستە رەچاوی ئەوەی بکردایە ئەو دۆسییە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و نابێت پەلەی تێدا بکرێت. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پرسیاریان لەبارەى دۆسییەکانى خورشید هەرکى، هەوڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەوان هێمن مامەند، دادگاییکردنی شێروان شێروانی و پەلاماردانى پارێزەر شوان سابر کردووە و دەڵێن؛ ئەو بەشەی ئەنجوومەنی کارگێری دەستە لە کوێ بوون؟. پرسیارى ئەوەشیان کردووە، "ئەی کاتێک ئەدهەم بارزانی رێگەی پێنەدرا بەشداری پرسەی دایکی بکات لەماڵ و زێدی خۆی و دەستبەسەر ماڵ و موڵکیدا گیراو پاسەوان و شۆفێرەکەی دەستگیرکران، بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێکی بۆ رایگشتی نەوت و بڵاونەکردەوە؟". هەروەها دۆسییەى هونەری رەشید ئاغایان بەبیرهێناوەتەوە "کە تاوەکو ئێستاش دادگایینەکراوە و کەس نازانێت قۆناغی لێکوڵینەوەی بەکوێ گەیشتووە، بۆدەستەکە هیچ ناڵێن؟ خۆ هەموو ئەوانە لەپێش روداوەکانی سلێمانی روویانداوە". لە کۆتایى پەیامەکەدا، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم هەڵسوکەوتانەى دەستەکە "ئامانجى لایەنێکی سیاسییە کە دەیەوێت ئەجێندای خۆی فەرز" بکات و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە.
جێگری هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، سەردانی باڵاترین دەسەڵاتی دروز لە لوبنان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە: لامەرکەزیەت چارەسەرە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ، ڕۆژی هەینی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شارۆچکەی شارۆن لە لوبنان سەردانی باڵاترین دەسەڵاتی دروزەکان، شێخ ئەبو یوسف ئەمین ئەلسەیغ، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆحانی کۆمەڵگەی تاکخودای دروزەکانی لە لوبنان کرد. بەرپرسانی کورد و دروز کە زۆرجار لەم دواییانەدا ناویان پێکەوە لە سوریا دەهێنرێت، لەم سەردانەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کورد و دروزەکانیان دوپاتکردوەتەوە. بەدران چیا کورد بۆ شێخى دروزەکان جەختی لەسەر ڕەسەنایەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل کردەوە، وتیشى: پێویستە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا و لوبنان لەم کاتەدا بەردەوامبێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە چەند مانگێکە لەسوریا ڕوودەدەن و کاردانەوەکانیان لەسەر ناوخۆی لوبنان. سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆحی دروزەکانی لوبنان سوپاسی کوردەکانی کرد بۆ هەڵوێستی کورد لە دژی کۆمەڵکوژی سوەیدا. هاوکات دەستخۆشى لە ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات کردو ئەزموون و فرەییەکەی بەرز نرخاند، لەوانەش بەشداری پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا، لەنێویاندا سوەیدا ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیری سوریا، کە بە وتەی ناوبراو بۆ ئاسایش و سەقامگیری لوبنان زۆر گرنگە. بەرپرسەکەى ئیدارەى خۆسەر دڵتەنگى خۆی لە ڕووداوە خوێناوییەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا دەربڕی و جەختی لەسەر هاوسۆزی خۆی لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکە کە کەوتنە قوربانی هێرشە سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئینتقالی سوریا. ناوبراو جەختی لە پێویستی یەکخستنی ڕیزەکانی سوریا بە گشتی و دروزەکان بە تایبەتی کردەوە، پێیوابوو هیچ چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا نییە جگە لە ڕێگەی سیستەمێکی حکومەتی لامەرکەزی و فرەیی کە هەموو پێکهاتەکان لە باوەش بگرێت و ڕێز لە تایبەتمەندی هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەیی و تائیفیەکان بگرێت.
ئەمریكا پێشنیازێكی نوێی بۆ چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەسەدە و حكومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق گەڵاڵە كردووە؛ بەشێك لە هێزە كوردییەكان تێكەڵ بە سوپای سووریا بكرێن و بەشێكی دیكەش لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە بمێننەوە. بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی زە نەشناڵ، واشنتن هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بۆ ڕێگریكردن لە هەڵكشانی گرژییەكان لە سووریا چڕكردووەتەوە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی زیادبوونی گرژی و ناكۆكییەكان و لێدوانی دژ بە یەكی هەسەدە و دیمەشق لە ماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوودا. ئەمریكا بۆچوونی وایە، سەرجەم هێزە چەكدارەكانی نێو هەسەدە نەچنە نێو سوپای سووریا و، بەشێكی ئەو هێزانە هەر لە ژێر فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی سووریای دیموكرات بمێننەوە، ئەوەش دوای دژایەتیی ئاشكرای دیمەشق بۆ لامەركەزیەتی ڕۆژئاوای كوردستان. ئەمریكا لەسەر داوای كشانەوەی هێزە كوردییەكان لە ناوچە عەرەب نشینەكانی ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕادەستكردنەوەی بە سیستمی بەرگریی حكومەتی سووریا، ڕژدە. هەروەها داواش دەكات وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی ئەو ناوچانە ڕابگرێت. بە وتەی دیپلۆماتكارە ئەمریكییەكان، تەنانەت ئەگەر ئەحمەد شەرع بەرامبەر داخوازیی كورد بۆ لامەركەزیەت، نەرمیش بنوێنێت، توركیا بەهیچ جۆرێك ڕازی نابێت و وەكو هەڕەشەیەكی ئەمنی، لە هەسەدە دەڕوانێت. حكومەتی ناوەندیی سووریا باس لەوە دەكات، ڕێگری لە چوونی بڕێكی زۆر مووشەكهاوێژ و چەكی مامناوەند كردووە كە بڕیاربووە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازرێتەوە، هاوكات ئەوەشی باسكردووە كە هەوڵێكی هێزە كوردییەكانی شكست پێهێناوە كە ویستوویانە سەنگەریی بەرگری لە دێرەزوور ببەزێنن، هەسەدەش ئەو هەواڵانە ڕەت دەكاتەوە و بە پڕوپاگەندە وەسفی دەكات.
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، پێشنیازێکی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیای، بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە مۆسکۆ رەتکردەوە و لە بەرامبەردا رایگەیاند کە پوتن دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ. رۆژی هەینی، ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین پێشنیازەکەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیای بۆ سەردانیکردنی مۆسکۆ بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی رەتکردەوە. زیلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مارسا راداتز، پەیامنێری تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی، بۆ یەکەمجار باسی لەو پێشنیازە کرد. زیلێنسکی لە وەڵامدا وتی: "ئەو (پوتن) دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ. من ناتوانم سەردانی مۆسکۆ بکەم لە کاتێکدا وڵاتەکەم رۆژانە رووبەڕووی بۆردومانی مووشەکی دەبێتەوە. ناتوانم بچمە پایتەختی ئەو تیرۆریستە". هەروەها وتی: "پوتن لەمە تێدەگات". چاوپێکەوتنەکە لە شوێنی کارگەیەکی ئەمریکی لە رۆژئاوای ئۆکراین ئەنجامدرا، کە بەم دواییانە کرابووە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی روسیا. سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوە کردەوە کە پوتن بە راستی بەدوای کۆبونەوەدا ناگەڕێت لە کاتێکدا بەردەوامە لە شەڕەکەی لە ئۆکراین. ئەو وتی کە پێشنیازەکەی پوتن تەنها ئامانج لێی "دواخستنی کۆبوونەوەکە" بووە و دووپاتیکردەوە کە خۆی ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک کۆببێتەوە. زیلێنسکی رونیکردەوە کە پوتن "یاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات" و وتی: "ئەگەر کەسێک نەیەوێت لە کاتی شەڕدا کۆببێتەوە، بێگومان دەتوانێت شتێک پێشنیار بکات کە نە لەلایەن من و نە لەلایەن کەسانی ترەوە قبوڵکراو نییە". ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، سەرۆک پوتن لە میانی کۆڕبەندی ئابووریی رۆژهەڵات لە ڕۆژی هەینیدا، ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ زیلێنسکی لە بەرزترین ئاستدا راگەیاندبوو و وتبووی: "ئەگەر سەرکردایەتیی ئۆکراین جددییە لە خواستی بۆ دانوستان، با بێن بۆ مۆسکۆ، ئێمەش %100 گەرەنتیی ئاسایشیان بۆ دابین دەکەین". پوتن جەختی لەوەش کردبووەوە کە روسیا ئامادەیە گەرەنتیی ئەمنی تەواو پێشکەش بە زیلێنسکی و شاندی یاوەری بکات ئەگەر بڕیاریاندا بێن بۆ پایتەختی روسیا.
دوای ئەوەی كەسێك بەناوی نوێنەری ڕەوەندی عێراقی لە ڕوسیا ڕایگەیاند، پێنج هەزار عیراقی لەنێو ریزەكانی هەردو سوپای روسیا و ئۆكرانیا لەدژی یەكدی دەجەنگن. باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ دەڵێت، "ئەوە بانگەشەیەکی ناراستە و هیچ بنەمایەکی نییە. هەروەها هیچ نوێنەرێکی فەرمی دەسەڵاتدار بۆ ڕەوەندی عێراقی لە ڕوسیا نیە". باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، کەسێک لە سۆشیال میدیا بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەمە "درۆیە و هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە." باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، "هیچ ڤیزایەکی هاتنە ژوورەوەی ڕووسیا نادات، کە ئەوکەسە لەو بانگەشە چەواشەکارانە ڕایگەیاندووە"، ئاماژەی بەوەش کرد "تاکە لایەنی ڕێگەپێدراو بۆ پێدانی ڤیزای چوونە ناو خاکی ڕووسیا، باڵیۆزخانەی ڕووسیایە لە بەغدا و کونسوڵخانەکانیەتی لە هەولێر و بەسرە." باڵیۆزخانەکە هەڵوێستی عێراقی لە بێلایەنی سەبارەت بە قەیرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دووپاتکردەوە، هەروەها داوای چارەسەری ئاشتیانە و کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەکات. لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزخانە ئەندامانی خەڵکی عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە لە ڕووسیادا هیچ نوێنەرێکی فەرمی ێگەپێدراوی پێکهاتەی عێراقی نییە، نە لە لایەنی عێراقییەوە و نە لە لایەنی ڕووسییەوە، هۆشداریشی دەدات، لە فریودان یان تێوەگلانیان لەو جۆرە تۆمەتانە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ هاتووە، هۆشداری دەدەینە خەڵکی عێراق ئەوانەی نیشتەجێی ڕووسیا یان دەرەوەی وڵاتن لەوەی بە بیانووی جۆراوجۆر بە بەشداریی لەو شەڕەدا نەکەن، داواشی کرد، وریا بن و خۆیان لە نێچیری ئەم تاکتیکە چەواشەکارانە بەدوور بگرن.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە سەرەتای ساڵی نوێوە سیستمێكی نوێ بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دەخاتەكار، كە تێیدا دەتوانرێت منداڵ دەستبەجێ دوای لەدایكبوونی كارتی نیشتمانی بۆ دروستبكرێت. ئەحمەد حەدید، بەڕێوەبەری رەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عیراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە سیستمێكی نوێ بۆ دروستكردنی كارتی نیشتمانی كاریپێدەكرێت و تێیدا بەشی وردبینی ناوەندی كارا دەكرێت، كە توانای وردبینكردنی مامەڵەی سەرجەم فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی هەیە كە ژمارەیان 328 فەرمانگەیە، لەگەڵ 21 بەشی تۆماركردنی ناوەندی و هەشت نووسینگە لە باڵیۆزخانەی عیراق ئەوەشی خستەڕو، لە سیستمە نوێیەكەدا خزمەتگوزاری و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاوڵاتییان دەستبەردەكرێت، هەروەها تێیدا منداڵ لەدوای لەدایكبوونی دەستبەجێ دەتوانرێت كارتی نیشتمانی بۆ دروستبكرێت، پێچەوانەی سیستمی ئێستا، كە ناتوانرێت كارتی نیشتمانی بۆ منداڵانی خوار 12 ساڵ دەربهێنرێت. وتیشی، بەپێی دوایین ئامار، تاكو رۆژی 1ی ئەیلول 46 ملیۆن و 241 هەزار و 111 هاوڵاتی كارتی نیشتمانییان بۆ دروستكراوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەو کەسانەی لەڕووداوەکەى لالەزار نادیارن بەشێکیان لەدژە تیرۆر یان کوماندۆی سلێمانین، ئەو ڕێگا نەدان و زانیاری پێ نەدانە بە کەس و کاریان وە بەدەستەی مافی مرۆڤ گومان هەڵدەگرێت. هەروەها باس لەوەشدەکەن پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەر داگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومی شەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پەیامێک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی و کەیسی ئارام قادر. بۆ/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان هەموو لایەک ئاگادارن کە نزیکەی پازدە ڕۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێری کردنی پێشهاتەکان و سۆراغکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە کەس و کاریان زانیاریان لە بارەوەیان نییە و بێ سەر و شوێنن. پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو کەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لە بارەوە نازانرێت. دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لەڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی ڕاگەیاند دواین لیستی ناوی بێ سەر و شوێنان کە نێر دراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لەلای ئێمە نین تەنها ئەو ئامارەی جاری پێشوو تر کە بە دەستەمان دابوو لەلای ئاسایشی سلێمانین. بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو کەسانەی نادیارن بەشێکیان لەدژە تیرۆر یان کوماندۆی سلێمانین، ئەو ڕێگا نەدان و زانیاری پێ نەدانە بە کەس و کاریان وە بەدەستەی مافی مرۆڤ گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵ یان بەکار هاتبێت لە کاتی دان پێدان بۆیە نایانەوێت کەس بیان بینت. پێویستە هەموو لایک بزانن ماوەی هەفتەیەکە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستە داوای کردووە کە تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستە د. مونا سەردانی بەشێک لەو ڕاگیراوانە بکات لەناویاندا لاهوری شیخ جەنگی، بەڵام دەزگاکانی ئەمنی سلێمانی ڕەتیان کردووە بە بیانووی ئەوەی کە تیمی دەستە پێشتر هاتووە پێویست ناکات دووبارە بێن لە کاتێکدا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات، ڕاستە پێشتر تیمێکی دەستە سەردانی بەشێک لە ڕاگیراوانی ئەم کەیسە کردبوو، بەڵام ڕێژەی ڕاگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێکی تر تیمی دەستە سەردانیان بکات تاوەکوو لەنزیکە وە هەموویان بیبینێت. بەپێی زانیارییەکانی دەستە و سکاڵای بەرەی گەل تا ئێستاش ڕۆژانە ئەندامانی ئەو حیزبە لە سلێمانی و ناوچەکانی تری ئەو سنوورە دەستگیر دەکرێن و هەڕەشەش لە هەندێک کەسی تری نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەکرێت. هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاو بکەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان. بابەتێکی تری پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەر داگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومی شەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە. لێرەوە داوا دەکەین دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ /سلێمانی هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەس و کاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون وە پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە. دەمانەوێت ئەوەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەینین دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای بینینی ئارام قادر سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی کردبوو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە. دووپاتی ئەوە دەکەینەوە دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاسای یە بەپێی ڕێکارە ڕێگە پێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکەین و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین و جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە کار ئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاری کردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانی سەربەخۆ. لێرەدا بە هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە ڕاپۆرتێکی وردمان نووسیوەلەسەر ئەم کەیسە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چوار سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرین. لە کۆتایدا داوا دەکەین کە لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم کەیسە، لە دەرەنجامەکانی خەڵکی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ٥/٩/٢٠٢٥
ئێوارەى ئەمڕۆ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس کۆبوونەوەو جەختییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و ژان نوێل بارۆ باس لە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کراوە. هەروەها مەترسی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە پرسێکی دیکە بوو کە گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە. مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە پەیوەندی مێژووی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردووە، هاوکات بەهۆی پشتگیری فەرەنسا لە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان ستایشی ئەو وڵاتەی کردووە. لەلایەکى دیکەوە، لەڕاگەیەندراوێکیاندا وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا ئەوەیانخستوەتە ڕوو، لەمەودوا لە پاریس شەقامى پێشمەرگە دەبێت جارێکى دیکە دانپێدانان و پشتیوانى هەمیشەیی فەرەنسا بۆ برا کوردەکان دووپاتکراوەتەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵى گەورەیان هەیووە. هەروەها دەشڵێت: لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرکردەى مێژوویی کورد، باسمان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق و کوردستان کرد، لەپێناو بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەکە کردوە. ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان بووە و لە سەردەمی ژەنەراڵ دیگۆل تا ئەمڕۆ هەموو کات فەرەنسا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان بووە و یەکەم وڵات بووە ڕێگەی داوە ئەنستیتۆی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.
ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک) لەبەرنامەی هێڵ سێی ئاریەن تیڤی هەڵسەنگاندن لەسەر دۆخی دوایی ئێران دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە: "لەو قۆناخەی شەڕدا لاوازییەکانی رژێم ئاشکرا بوو. تایبەت لە ناوخۆ و لە دەرەوە هێزە سێبەرەکانی یەك لە دوای یەك وەك پوڵی دۆمینە كەوتنە زەوی. بۆیە كەوتنی هەر هێزێكی پڕوکسی سەر بە رژێم؛ هەژمونی دەسەڵاتی لە دەرەوەی سنورەكانی بەرتەسكتر كرد". ئامەد شاهۆ تیشک دەخاتە سەر رێکارەکانی چارەسەری پرسەکانی ئێران و دەڵێت: "تەنیا چارەسەریەك كە دەتوانێت دۆخی ناوخۆی ئێران هێور و ئارام بكات، پێویستە ئێران روو لە دیموكراسی بكات. چون ئێران رووی لە رۆژئاوا کرد، میكانیزمی ماشەی لێ سەوز بوو. ئەگەر روو لە چین، مۆسكۆ و رۆژهەڵاتیش بكات، دەرئەنجامەکانی سوریا، عێراق، لوبنان و فەلەستین بەڕۆکی دەگرێت. ". ئەندامی مەجلیسی پەژاک تیشک دەخاتە سەر پێگەی گەلان و رۆڵیان لەچارەسەری کێشەکانی ناوخۆدا و دەڵێت: "گەلانی ئێران فاكتۆری هەرە بەهێزی گۆڕانكاری ناوخۆی ئێرانن. بەشێك لە بەرپرسان جەخت لە یەكگرتنی نەتەوەیی و نیشتمانی یا گەلان دەكەن، لەکاتێکدا ئەوە تەنیا دروشمێكە. چون گەلانی ئێران و لەناودا گەلی کورد بۆ خۆی داهێنەر و بونیادنەری دیموكراسییە. گەلان نوێنەرایەتی هێڵی سێهەم دەكەن. نابنە لایەنگری شەڕی سەپێنراو، یان مۆرەی بەکارهێنەر لەلایەن هیچ هێزێکەوە". ئامەد شاهۆ لەکۆتاییدا ئاماژە بە پڕۆژەی چارەسەری رێبەر ئاپۆ دەدات و دەڵێت: "پێویستە لەسەر بنەمای پرۆژەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كە ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ لە ئیمڕاڵییەوە تێكۆشانی نەبەزانەی بۆ دەکات، گەلی کورد و بە گشتی گەلانی ئێرانیش خاوەندارێتی لەو پڕۆژەیە بکەن و بە سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە كۆتایی بە زیهنیەتی فاشیزم و سیاسەتی لە سێدارەدان و ئاڵۆزی و شەڕانگێزی ناوخۆی ئێران بهێنن. واتا بەجێگەی میكانیزمی ماشە و میكانیزمی لەسێدارەدان، میكانیزمی یەكگرتن و یەکڕیزی گەلی كورد و گەلانی ئێران، ژیانێكی ئازاد و داهاتوویەكی روون و بەختەوەر گەرەنتی بکەن". دەقی چاوپێکەوتنەکە: ئامانجی دەستێوەردانەکان، تەسلیم گرتنی ئێرانە * لە ماوەی رابردودا و بەتایبەت لە دوومانگی رابردودا دەستێوەردانی دەرەكی لە ناوخۆی ئێران درووستبوو، دوای ئەوەی ئەو دەستێوەردانە دروست بوو ئێستا دۆخی ناوخۆی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ - یەكەم ئامانجی ئەو دەستێوەردانە ئەوەبوو كە ئێران تەسلیم وەربگیردرێت. بۆیە بژاردەی یەكەم هەوڵدرا بە رێگەی دیبلۆماسی ئەو مەرجانەی كە لە دەرەوە دەیانەوێت بەسەریدا بیسەپێنن بە رواڵەت ملی بۆ ئەو مەرجانە شل نەکرد، ئەوەیش بووە هۆكاری ئەوە تا لە دەرەوە بەڕێی سەربازی؛ ئیسرائیل – ئەمریكا هێرشی بکەنە سەر. واتا بە ئامانجگرتنی بەرپرسە سەرەكییەكانی سوپای پاسداران و ناوەندە سەربازی و زانا ئەتۆمی و ناوەندە ناوەکییەکان ویستیان رژێم لاواز بكەن، تا ئەو شەرت و مەرجانەی كە دەیانەوێت؛ بەسەریدا بسەپێنن. دواتر ویستیان بەڕێی سەرهەڵدانەوەی گەل و پەلكێشكردنی گەل بۆ سەر شەقام، زەخت و گوشارەكان لەسەر ئێران زیاتر بكەن تا بەو شێوەیە تەسلیمی وەربگرن. بەڵام لە ماوەی ئەو دوانزە رۆژەی شەڕدا ئەو پلانەی كە ئامانج كرابوو، دەستەبەر نەکرا، بۆیە ئیسرائیل – ئەمریكا بە خێرایی بابەتی ئاگربەست یان لەگەڵ ئێران راگەیاند. بەڵام لەو قۆناخەی شەڕدا ئێرانیش گەورەترین زەبری كوشندەی وەبەركەوت و بەشێوازێكی خافڵگیرانە هێرشكرایە سەری و لەیەکەمین گورزدا بەرپرسە یەكەمەكانی سوپای پاسداران و زانا ئەتۆمییەکان كوژران. دواتر ناوەندە ئەتۆمییەكانی رژێم کە تا ئێستا شانازی پێ دەکرد و بە سوپای پاسداران كە لەناوخۆ و دەرەوە شەڵاتی پێدەكرد گورزێكی كوشندەیان وەبەركەوت، ئەوەش هێز و تواناکانی ئێرانی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد. واتە سەلمێندرا كە سیستەمی ولایەتی موتلەقەی فەقی لە هەموو بوارەكانی ئایدۆلۆژی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، تەندروستی و دیبلۆماسی لەداڕماندایە و رژێم رەوایەتی نێو کۆمەڵگەدا نەماوە و ئیدی گەل و کۆمەڵگە دەسەڵاتداری ئەو رژێمە قبووڵ ناكەن. بۆیە لەو قۆناخەی شەردا لاوازییەکانی رژێم ئاشکرا بوو و تایبەت لە ناوخۆ و لە دەرەوە هێزە سێبەرەکانی یەك لە دوای یەك وەك پوڵی دۆمینە كەوتنە زەوی. بۆیە كەوتنی هەر هێزێكی نیابەتی سەر بە رژێم؛ هەژمونی دەسەڵاتی لە دەرەوەی سنورەكانی بەرتەسكتر كرد. چون ئەو هێزانە دەمامكێك بۆ پەردەپۆش کردنی پیلانەکانی رژێم بووە و بەو رێگەیە شەڕ و ئاژاوەگێڕییەكانی لە سنوورەكانی خۆی دوور خستوەتەوە. ئامرازێك لە دەرەوەی سنوورەكان و تەنانەت ناوخۆی ئێران لە دەستی نەماوە و پێش رای گشتی جیهان رووت و قووت کراوە. ئیدی راستی رژێم بۆ گەلانی ئێران روون بووەتەوە. بۆیە هەركەس بۆ دەستەبەر کردنی ماف و حقوقە سەرەتاییەكانی نێو خەبات و تێكۆشاندایە. دەوڵەتی ئێران بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک دەچێت * هەفتەی رابردوو هەر سێ دەوڵەتی ئەوروپی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا باسیان لە چالاككردنەوەی میكانیزمی ماشە بەرامبەر بە ئێران كرد، هۆكاری چی بوو كە چونە بڕیارێكی بەو شێوازە؟ هەڵبەتە ئێستا مانگێك دەرفەتیان داوە بە ئێران، بەڵام بۆچی دیسان باس لە چالاكردنی میكانیزمی ماشە دەكرێت؟ - دیارە تەوەرەی دیبلۆماسی رێكارێكە بۆ تەسلیم وەرگرتنی رژێم. بەم رێگەیەوە شەرت و مەرجەکانی ئەمریكا – ئەوروپا – ئیسرائیل بە سەر ئێراندا دەسەپێنن. رێكەوتننامەی بەرجام لەساڵی 1394 (2015) لەنێوان ئێران و 5+1 پێكهات. ئێران ئەوەی بە نەرمشێكی قارەمانانە و دەستكەوتێكی مێژوویی بەناو كرد. بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە لە 1397 (2018) ئەمریكا لەو رێكەوتننامەیە كشایەوە و گەماڕۆ ئابوورییەكان بۆ سەر ئێران گەڕایەوە. تەنانەت گەیشتە ئاستێك كە رژێمی رووبەڕووی قەیرانی ئابووری، سیاسی و دیپلوماسی کردەوە. دە ساڵەی بەرجام ئیدی تا مانگی رەزبەر كۆتایی پێدێت و بەو رێكەوتننامەیە دەیانەوێت رژێم تەسلیم وەربگرن. ئێران بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە پابەندی رێكەوتننامەی بەرجام و خاڵەکانی نەبووە. هاوکات لەبەر زیادبوونی رێژەی پیتاندنی یورانیۆم نیگەرانییەکانی ئەو هێزانەی زیاتر کردووە کە ئێران لەگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم نزیک بووەتەوە. لەهەمان کاتدا کردەوەکانی ئێران لە ناوچەكە مەترسی بۆ بەرژەوەندی ئەو هێزانە درووست کردووە. واتە رژێم دەستی لە نائارامی، پشێوی، پەرەپێدانی تیرۆر و تیرۆریزم لە ناوچەكەدا هەیە. بۆیە لەم قۆناخەدا زەختێكی جددی لەسەر بەڕێوە برا. هەر چۆن بینیان بەڕێگەی دیبلۆماسی ئەنجام دەستەبەر ناکەن، بژاردەی دەستێوەردانی سەربازی کارا کرا. ئەوەش وشیاری جددی بۆ ئێران بووە كە ئەگەر پابەندی شەرت و مەرجی هێزە نێودەوڵەتییەکان نەبێت و لەرەفتارەکانی پاشگەز نەبێتەوە، گەماڕۆکان لەسەری زیاتر بكرێت. بابەتێکی دیکە کە دوای شەڕی ئیسرائیل – ئێران رویدا، ئەوەبوو کە لە پەڕلەمان بڕیاری وەدەرنانی پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی لە ناوخۆی ئێران درا. ئەوەش بە واتای هاوكاری نەکردن لەگەڵ ئەو ناوەندەیە. بۆیە ئێران بەرەو رێگەیەكی مەترسیدارتر و هەڵدێرێکی ترسناک دەچێت و ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ هەموو لایەک. ئەمانە هەموویان دەستیان داوەتە لای یەك تا کاراکردنی میكانیزمی ماشە ببێتە رۆژەڤ و دەرەوەی تەسلیمیەت بژاردەیەک بۆ ئێران نەمێنێت. رژێم لەدژی هاوڵاتیان میکانیزمی لەسێدارەدان و قڕکردن بەڕێوە دەبات * بەرپرسانی ئێران باس لەوە دەكەن كە ئامادەن بچنە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان، تەنانەت لەگەڵ ئەمریكایشدا رازین بەوەی كەوا رێژەی ٣.٦٧ یۆرانیۆم بپیتێنن، بەڵام ئەگەر ئێران ئێستا بچێتە دانوستانەوە چی هەیە كە لەسەر مێزی گفتوگۆ باسی بكات؟ ئێستا ئێران چی رێگایەكی لەبەردەمدایە کە رووی لێ بكات؟ - ئێران دەیەوێت لەڕێگەی دانوستانەوە ئامانجەکانی دەستەبەر بکات، بەڵام ئەگەر لە پیلان و مەرامەكانی پاشگەز نەبێتەوە؛ هیچ دەستکەوتێک دەستەبەر ناكات. چونكە پێشتر پێنج خولی دانوستان نێوان ئەمریكا و ئێران بەڕێوەچوو. بەڵام لە خولی شەشەمدا هێرشی سەربازی کرایە سەر. دیار بوو ئێران دەیویست كات قازانج بكات و رای گشتی نێودەوڵەتی فریو بدات و شەرت و مەرجی خۆشی بەسەر ئەو هێزانەدا بسەپێنێت. داخۆ ئەو شەرت و مەرجانە چین كە ئێران دەبێت قەبووڵی بكات؟ سەرەتا پێویستە کۆتایی بە هاوکاری هێزە پروکسییەکان بێنێت. داخۆ ئێران ئامادەیە ئەو مەرجە قبووڵ بكات یان نا؟ هاوکات ئێران هەڕەشەی كشانەوە لە رێكەوتننامەی قەدەغەکاری پەرەپێدانی چەکی ناوەکی (NPT) دەكات. کشانەوە لەو رێکەوتننامە چی پەیامێك دەدات؟ بەو واتایەیە كە ئێران دەیەوێت بۆمبی ئەتۆمی دەستەبەر بكات. ئەمەش بابەتێکە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە رێگەپێدراو نییە. هاوکات ئێران بەربەستێکی گەورەیە لە بەرامبەر دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەناوخۆشدا ئێران بەرەو دیكتاتۆریەت و فاشیزم دەچێت. بۆیە بەرژەوەندی ئەمریكا – ئیسرائیل و ئەوروپا دەخاتە مەترسیەوە و هەڕەشەیەكی جددیە لەسەریان. دیارە ئەو سیاسەتانەی رژێم لەلایەن هێزی نێودەوڵەتیەکانەوە قەبووڵ ناكرێت. لە قۆناخێكدا ئێران باسی دانوستان دەكات دەبینین كە ترافیكێكی چڕی دیبلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵات دەستپێكردوە. لە روسیاوە بگرە تا چین، پاكستان، تورکیا و ... هتد ناو دانوستاندایە. ئەوە چی واتای هەیە؟ دیارە ئێران خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو زەخت و گوشار و سیاسەتانەی لە سەری بەڕێوە دەچێت ئامادە دەكات. بەڕوانگەی ئێمە تەنیا چارەسەریەك كە دەتوانێت دۆخی ناوخۆی ئێران هێور و ئارام بكات، پێویستە ئێران روو لە دیموكراسی بكات. چون ئێران رووی لە رۆژئاوا کرد، میكانیزمی ماشەی لێ سەوز بوو. ئەگەر روو لە چین، مۆسكۆ و رۆژهەڵاتیش (شرق) بكات، دەرئەنجامەکانی سوریا، عێراق، لوبنان و فەلەستین بەڕۆکی دەگرێت. لەو کات و ساتەدا پێویستە دەسەڵات لەیەکەمین هەنگاودا دانوستان لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ و دژبەران و نەتەوەكان دەست پێ بكات و هەوڵی چارەسەری پرسەكانی ناوخۆی ئێران لەگەڵ موخاتەبی خۆیدا بکات. كردەوەكانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی چەندە مەترسیدارن لەنێوخۆشدا دە ئەوەندە مەترسیدارن. واتا رژێم لەدژی هاوڵاتیانی خۆی میكانیزمی سێدارە، برسێتی، بێكاری، قڕكردن، توانەوە و میلیتاریزە کردن سەر گەل و كۆمەڵگە پەیڕەو دەكات. پێگەی ئێران لە ناوخۆ و لەدەرەوە ئەوەندە لاوازە کە سیاسەتەکانی لەبەرامبەر گەل و هێزی نێودەوڵەتی قەبووڵ ناكرێت. بۆیە ئەو رێگەیانەی كە لەبەردەم ئێران دانراون یا ئەوەیە تەسلیم ببێت یا جارێكی دیكە شەڕێكی ماڵوێرانكەر بەڕۆكی دەگرێت، یا هەوڵی چارەسەری پرس و کێشەکانی ناوخۆی ئێران بە رێبازی دیموکراتیک لەگەڵ گەلان بدات. دیارە ئێران بۆ رێگەی سێهەم ئامادە نییە. بەس داخۆ ئێران ئامادەیە تەسلیم ببێت، یان ئامادەیە شەڕ بکات، یان ئامادەیە پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەگەڵ گەلان دەستپێ بکات؟ ئێران چەندێك بتوانێت لەبەرامبەر ئەم بژاردانە بەرخۆدان بكات، داهاتودا باشتر بۆمان رووندەکاتەوە. شانسی زێڕینی ئێران بەندە بە بەجێهێنانی ویست و داخوازی رەوای گەلان * سەرەڕای ئەوەی كە دەوڵەتی ئێران هەم لە رۆژهەڵات و هەم لە رۆژئاوا رووبەڕوی شكست دەبێتەوە، كاریگەریەكانی ئەو سزایانەی كەوا بڕیارە لەسەر ئێران بەڕێوەبچێت چی كاریگەریەكی لەسەر گەلانی ئێران دەبێت؟ - بە تایبەت دوای ئەوەی لە ٢٨ی ئاب میكانیزمی ماشە كارا كراوە و مانگێك مۆڵەت دراوە تا؛ یەکەم؛ ئێران دانوستانی خۆی بەبێ شەرت و مەرج لەگەڵ ئەمریكا دەستپێ بكاتەوە. دووەم؛ گەرەنتی گەڕانەوەی پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بدات تا پشکنین بۆ ئەو ناوەندانە بکەن کە گومانی دروستكردنی چەكی ناوەكی لەسەرە. سێیەم؛ پشتگیریەكانی خۆی بۆ هێزە پڕوکسییەکان و نائارامیەكان لە ناوچەكە كۆتایی پێ بهێنێت. گەڕانەوەی ئەو گەمارۆیانە دوای مانگێک یەکەم؛ كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابوری نیشتمانی ئێران دەبێت، واتا ئیدی رژێم ناتوانێت نەوت بە دەرەوە بفرۆشێت، چون ئەمریكا سزای قورس بەسەر ئەو لایەنانەدا دەسەپێنێت. دووەم؛ كاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و خەباتی بانكی دەبێت. واتا ئیتر ئێران ئاڵوگۆڕەكانی بانكی لەئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر سنوردار دەبێت، ئەمە بۆخۆی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر گەل و ئابوری كۆمەڵگە دەبێت. سێیەم؛ هەڵاوسان لەم قۆناخەدا بەرز دەبێتەوە. لەو لاشەوە هێزی كڕینی پێداویستیەکان لەلای خەڵکەوە نامێنێ. چون نرخی كەل و پەلەكان زیاتر دەبێ. لە كەل و پەلی خواردەمەنی بگرە هەتا تەندروستی و پزیشكی و خانووبەرە لەهەموو بوارێكەوە تەنگەتاوی دروست دەبێت. چوارەم؛ دەبێتە هۆكاری بەرز بوونەوەی شاڵاوی بێكاری و لەباربردنی هەلی كار. ئەگەر دۆخی ئابوری نائارام و ناسەقامگیر بێت، هیچ سەرمایەدارێک ئامادەی سەرمایەگوزاری لەناوخۆی ئێران نابێ. لەو لاشەوە هەڵهاتنی مێشکەکان لەناوخۆی ئێراندا روو لە هەڵكشان دەكات. هەلی کار بە یەکجارەکی لەبار دەبرێت. گرانی بەڕۆکی کۆمەڵگە دەگرێت. هەلی کاریش نەبێ، دەرفەتی كڕینی پێداویستییەکانی ژیان نامێنێ. ئەوانەش دەبنە هۆی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری. واتا سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان جارێكی دیكە كارا دەبنەوە. بەتایبەت سەپاندنی گەماڕۆکان كاتەكەی جیاواز لەهەر سەردەمێکە. واتە هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی. ئەو کات زەحمەتە کە رژێم لەو دۆخەی تێیدایە بە ئاسانی لێ قوتار بێت. لە ئەگەری هەڵبژاردنی هەر بژاردەیەک لەلایەن ئێرانەوە گەل و كۆمەڵگە تەنگەتاو دەبێت. ئەوەش لەلایەن گەلانەوە مایەی قەبووڵ کردن نابێت و دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. ئەگەر رژێم گوێ لە ویست و داخوازی رەوای كۆمەڵگە نەگرێت، شانسی زێڕینی خۆی بە یەکجارەکی لەدەست دەدات. چارەسەری و مێزی دانوستانی گەلان لەسەر نرخ و بەهاکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە * دەتوانین ئەم قۆناخە بە قۆناخی فیناڵ هەم بۆ گەلان هەم بۆ وڵاتانی ئەوروپا و هەم بۆ ئێرانیش بە ناو بکەین؟ - ئەم مانگە هەم بۆ گەلانی ئێران هەم بۆ دەوڵەت و هەمیش هێزە نێودەوڵەتییەکان مانگێكی چارەنوسسازە. چونکە ئێرانیش رازی بێت ویست و داخوازی هێزە نێودەوڵەتییەکان قەبووڵ بکات، دەرفەتێکی ٦ مانگەی بۆ درێژ بکرێتەوە. داخۆ لەو شەش مانگەدا هەر شتێک وەک خۆی دەمێنێ؟ بێگومان ئاڵۆزییەکان زیاتر ببن. لەبەر ئەوەی ئێران وەك رابردوو بەهێز نییە و هەژمونی نەماوە. تەنانەت رەوایەتی لە هیچ بوارێكەوە لەنێو گەل و كۆمەڵگە نەماوە. بۆیە ناتوانێت سەروەری خۆی بە سەر گەل و كۆمەڵگەدا بسەپێنێت. چون گەل و كۆمەڵگە دەیەوێت داهاتووی روون و درەوشاوەی هەبێت و چارەنوسی خۆی دیار بکات. بۆیە ئەم مانگە بۆ گەلانی ئێران مانگێكە كە دەتوانێت ببێتە مانگی فیناڵ. چون شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئیتر خاوەن بەرهەم دەبێت. گەلان داهاتووی خۆیان لەو شۆڕشەدا دەبیننەوە. پارادیگما و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیكی خۆیان تێدا دەبینن. لەبەر ئەوەیە بە گەرم و گوڕی و جەسارەتەوە ئامێز بۆ شۆڕشی خۆی دەكاتەوە. دیارە گەل خاوەنداری لە میراسی خۆی دەکات. چون رژێم لەبەرامبەر ویست و داخوازییەکانی گەل رێزدار نەبووە و گوێی بەو داخوازییانەی نەداوە.
لەنێو دەستگیرکراوانی لالەزاری سلێمانیدا کەسێکی ئەمریکی هەیە. گوتەبێژی دەزگای ئاسایش دەڵێت، "ئەو کەسە بێ ئاگاداری وڵاتەکەی مەشقی بە هێزی نایاسایی کردووە". عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی برایان ویڵسن (Brian Wilson) لە شەوی رووداوەکەی لالەزاردا لە 22-08-2025 دەستگیرکراوە". وتەبێژی دەزگای ئاسایش وتی: پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ برایان ویڵسن دانی بەوەدا ناوە، کە خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە هاوکار بووە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی (هێزی دووپشک)". بە وتەی عەقید سەلام عەبدولخالق: "برایان ویڵسن وەکو کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بووە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت". بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025 دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و زیاتر لە 150 ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
بارزانی دووپاتی کردەوە، پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت. جەختی لەوە کردەوە، فەرەنسا و گەلی وڵاتەکە، هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان. هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، وتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی. مەسعود بارزانی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبوو. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی دۆزی گەلی کورد بووە، یەکەم وڵات بووە لە ئەورووپا کە رێگەی داوە ئینستیوتی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە. لە بارەی پێشمەرگەوە، بارزانی، ڕایگەیاند: "پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێزگرتنەی کە ئێوە ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگەتان کردووە، گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان دەکات". جەختی لەوە کردەوە، کوردستان هەمیشە جێگەی پێکەوەژیانە، پێشمەرگەش هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت. مەسعود بارزانی باسی لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی داعش کرد و گوتی: لە شەڕی دژی داعش 12 هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، پێشمەرگە لەو شەڕەدا سەروەرییەکی گەورەی بۆ خۆی و بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد. بارزانی سەرنجی خستە سەر پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا و ئاماژەی بەوە کرد، بە دڵنیاییەوە هەتا کوردێک مابێت هەمیشە سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا دەبێت، پەیوەندی نێوان ئەو دوو گەلەش بەهێزتر و بەردەوام دەبێت. لە بارەی هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد، مەسعود بارزانی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە کە هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد نەگۆڕاوە، هەر چەندە لەو وڵاتە چەندین سەرۆک گۆڕدراون، بەڵام هەڵوێستیان بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە. لە درێژەی قسەکانیدا، بارزانی باسی لە فرانسوا میتێران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کرد و گوتی: فرانسوا میتێران یەکەم سەرۆکی ئەورووپی بوو لە ساڵی 1992 پێشوازیی لێ کردم ئەمەش مایەی شانازی و سەربەزییە بۆ من، هەروەها یەکەم خانمی ئەورووپیش کە فرمێسکی بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان ڕشت، دانیال میتێران هاوژینی فرانسوا میتێران بوو، هەرگیز ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناکەین. مەسعود بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، فەرەنسا و گەلی وڵاتەکە هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان. گوتیشی: "بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی گەلی فەرەنسا و کوردستان". هەر لە بارەی ڕۆڵی پێشمەرگەوە سەرۆک بارزانی، ڕوونی کردەوە، پێشمەرگە بەرگریی لە هەموو عێراق دەکات دژی تیرۆرستان، ئەمەش شەڕەفێکی مەزنە کە ئەو ئەرکە پیرۆزە بەجێ دەهێنن و مایەی شانازییە. ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆێن'، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادرا و شەقامێکیش بە ناوی پێشمەرگە ناونرا. بەم بۆنەیەوە، ئەمڕۆ لە شارەکە، ڕێورەسم و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە چوون کە گوزارشت بوو لە ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پیشمەرگە و گەلی کوردستان، هەروەها شاندێکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەشدارییان لە چالاکییەکان کرد. لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک فەرەنسا، مانا و مەبەستی گەورەی لە پشتە، کە ناوی پێشمەرگە دێت لە بیرکردنەوەی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت. وەکو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات. فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە. بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە 1991 خاتوو دانیێل میتێران، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەهامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا هاتبوو. جارێكی دیكە زۆر سوپاس بۆ هەمووتان، ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە و تا ماوم ئەم ڕۆژە لەبیری من ناچێتەوە.
ڕۆژ بەڕۆژ تۆمەتەکان لەسەر تورکیا زیاد دەبن کە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی بەردانەوەى ئاوەوەو ڕێگرى دەکات لەگەیشتنى ئاوى پێویست بۆ ناو خاکى عێراق. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێراق ساڵانە پێویستی بە ٦٠ ملیار مەتر سێجا هەیە، لە کاتێکدا پشکی نێودەوڵەتی ٧٠ ملیار مەتر سێجایە. بەڵام تەنها ٢٠ ملیار مەتر سێجا وەردەگرێت سەرەڕای ئەوەی ئەنقەرە خاوەنی زیاتر لە ٥٢٠ بەنداوی پڕ لە ئاوە. حاتەم حەمدانی، سەرۆکی دامەزراوەی گەشەپێدانی کشتوکاڵی ئاوی ڕەوافد، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەرى ئەلعالەم جدید جەختی لەوە کردەوە یەدەگی ئاوی عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، کە ئێستا مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوە هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق پێویستی بە 60 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام پشکی نێودەوڵەتی 70 ملیار مەتر سێجایە، لەکاتێکدا تەنها 20 ملیار مەتر سێجا ئاو وەردەگرێت"، ڕەخنەی لە "لاوازی دانوستانکاری عێراقی لە بەدەستهێنانی پشکی دادپەروەرانەی وڵات" گرت. حاتەم حەمدانى، وتیشى: واقیعی ڕاستەقینەی تورکیا دیارەو بەردانەوەى ئاوو لەوە کەمترە کە باسی لێوە دەکرێت و سەردانە دووبارەکانی سەرکردە عێراقییەکان بۆ تورکیە تەنیا بۆ میدیایە. جەختى کردەوە، تورکیا بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات و ئەو دەنگۆیانەی باس لە قەیرانی ئاو لەوێ دەکەن درۆیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "520 بەنداوی پڕ لە ئاوی هەیە. ڕژانی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کە لە تورکیا سەرچاوە دەگرن، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٨٠% کەمی کردووە، لە کاتێکدا ئێران زۆربەی ئەو چەم و ڕووبارانەی بڕیوە کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕن. ڕۆژی ٢٥ی ئاب، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە شاری جددەی پایتەختی سعودیە، لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی، پرسی نەوت و ئاوی تاوتوێ کرد. لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە عێراق نەیتوانیوە ڕێگەچارەی یەکلاکەرەوە بۆ دووبارەبوونەوەی قەیرانی ئاوی بدۆزێتەوە. بۆتە موزایەدەیەک بۆ وڵاتانی سەرەوە، بەتایبەتی تورکیە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی ئاو بۆ ناو وڵات. ڕۆژی 7ی ئاب، ڕوقەیا ئەلنووری، ئەندامی پەرلەمانی نوێنەرایەتی بلۆکی ئێستای فورات ئاشکرایکرد، بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، 24 هەزار و 500 خێزان لە ناوخۆی عێراق ئاوارەبوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت شەش ڕێوشوێنی بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی ئاوارەبوون لە باشوور داناوە. ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی فورات زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، کە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە ئێستاوە بە ڕوونی دیارە لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێی دانیشتووان و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە. لە سەرەتای مانگی ئابدا، بەسرە دەیان حاڵەتی پەڵەی پێستی لە پارێزگاکە تۆمارکرد بەهۆی بەرزی چڕیی خوێ لە ئاوەکەدا. هاوکات حکومەتی خۆجێی پەنا بۆ سیستەمی "مارەشنا" دەبات، کە چارەسەرێکی پەچەیە کە بە وتەی پسپۆڕان چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە ناکات.
وا بڕیارە ئەمڕۆ شەقامێک لەنێو پارکی 'ئۆندرێ سیترۆی' شارى پاریسى فەرەنسا شەقامێک بەناوی پێشمەرگە ناوبنرێت. پێش مەراسیمەکە مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندى هەرێم سەردانى شارەوانى پاریسیان کرد، بارزانى بەڕۆژنامەنوسانى ڕایگەیاند: پەیوەندی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدەین. هەروەها وتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە. هاوکات ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم. یەکەم چاوپێکەوتنمان لە ساڵی 2015 بوو، لە کاتی شەڕی داعشدا. ئەو کات سەرۆک بارزانی ئاگاداری کردمەوە پێش ئەوەی سەردانی سنوور بکەم و پاشان گەیشتمە هەولێر. ئەمەش چەند مانگێک پێش کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس بوو. هیدالگۆ گوتی: "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسم کردن، ناوی ئەم ڕێڕەوەمان نا 'ڕێڕەوی پێشمەرگە' لە پاریس. چیرۆکی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی زۆر فاکتەری گرنگی لە مێژووی گەلی کورددا هەیە." لەمەراسیمەکەى ئەمڕۆدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا، بەتایبەت پاریسی پایتەخت لە ڕێوڕەسمەکە ئامادە دەبن، فەرەنسا مەبەستیەتی بە کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتەکە ڕێز لە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە کوردستان بنێت. پێش مەراسیمەکە ئان هیدالگۆ سەرۆکى شارەوانی پاریس دیارییەکى پێشەکەشی مەسعود بارزانی کرد، هاوکات بارزانیش ھەنگوینی کوردستان پێشکەشی سەرۆکى شارەوانی پاریس دەکات و دەڵێت: ھەنگوینی کوردستان باشترین ھەنگوینە. پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە "رێڕۆی پێشمەرگە" وەکو وەفایەک بۆ رۆڵی ئەو هێزە کوردییە لە تێکشکاندنی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندێکی یاوەری، لەوانە عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس ئامادەن و بەشداری لە کردنەوەی رێڕۆکەدا دەکەن.
کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، رۆژی هەینی، فەرمانێكی جێبەجێکاری واژۆ دەکات بە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەڵێنێک كە بەم دواییە داویەتی. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەكردووە: ترەمپ فەرمانێكی جێبەجێکردن واژۆ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوی مێژوویی وەزارەتی جەنگ، وەک ناوی دووەم بۆ وەزارەتی بەرگری. راشیگەیاندووە: ئەم ناوە زیادەیە جێگەی ناوە بنەڕەتیەكە دەگرێتەوە کاتێک رێکارە پێویستەکان بەتایبەتی لە کۆنگرێس تەواو دەبن. ترەمپ لەكاتی ئاشكراكردنی خواستی خۆی بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بە رۆژنامەنوسانی وت: ناوی بەرگری زیاد لە پێویست بەرگرییە، ئێمە دەمانەوێت هێرش بەریش بین. کۆشکی سپی لەبارەی خواستی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوەکە پاساوی ئەوە هێناوەتەوە، سەرۆک پێی وایە ئەم وەزارەتە دەبێت ناوێکی هەبێت کە رەنگدانەوەی هێزو توانای بێهاوتای خۆی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، جەختیشكردووە، ئەمریکا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا. بەگوێرەی کۆشکی سپی، ئامانجەكە چەسپاندنی ئاشتیە لەڕێگەی هێزەوەو، زامنكردنی ئەوەیە، جیهان جارێکی دیکە رێز لە ئەمریکا دەگرێت.
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکە رایگەیاند، مامەڵەی ئاکەپە-مەهەپە و بەڕێوەچوونی ئێستای کۆمیسیۆن بە گوێرەی پرۆسەکە نییە و وتی: "بەبێ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئێنتگراسیۆن ناکرێت، ئێنتگراسیۆنی بەو شێوە درێژەپێدانی ئاسمیلەکردن و کۆمەڵکوژییە." مستەفا کاراسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، کۆبوونەوەکەی ٢٨ی ئابی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە 'کۆبوونەوەیەک کە زۆر دواخرا' وەسف کرد و وتی: "لەم پرۆسەیەدا کە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد گرنگیەکی خۆی هەیە، دەبێت بە شێوەیەکی دروست لە ڕۆڵی سەرەکیی دانوستانکاری ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن. قەرەسوو ئاماژەی بەوەکرد کە دواخستنی پرۆسەکە جێگەی قبوڵکردن نییە و ڕایگەیاند کە ڕەخساندنی هەلومەرجی ئازاد و چالاک بۆ ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەیە بتوانێ کار بۆ بەرەو پێش چوونی چارەسەری بکات و وتی: "هەر هەنگاوێک کە دوابخرێت مەترسیە" و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد دەبێت چاوپێکەوەتنەکان بەپەلە ئەنجامبدرێن و ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە تەواوی ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات. مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕیوەبەری کەجەکە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە سووریا، وەڵامی پرسیارەکانی تەلەفزیۆنی مەدیا هەبەری وەڵامى دایەوە. پاش مانگێک لە ٢٨ی ئاب، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی سەردانی ڕێبەر ئاپۆی کرد. ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن؟ پێش ئەوەی باس لە سەر ئەم بابەتە بکەم، سەرەتا بەڕێزدارییەوە هەڤاڵان کەمال، خەیری، عاکیف و عەلی کە لە ڕۆژووی مەردندا ساڵی ١٩٨٢شەهید بوون، بەبیر دێنمەوە. بە دڵنیاییەوە خەون و هیواکانیان بە بەردەوامیدانی تێکۆشانی ئێمە بەدی دێت. شەهید بوونی ئەو هەڤاڵانە هەم بەهای مێژوویی بەرخۆدانی زیندانە، هەم ڕۆحی بەرخۆدانی زیندانە و بنەرەتی سەرهەڵدانی بەرخۆدانی زیندانە، هەروەها کاتێک بزووتنەوەکەمان کشایەوە، بوو بە پردێکی گرنگ لە تێکۆشانماندا و لە بابەتی یەکگرتنەوە و پەرەپێدانی تێکۆشانماندا ڕۆڵێکی گەورەی بینی. بەم شێوەیە هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا یادیان بەرز ڕادەگیردرێت. هەروەها بێریتان ئامەد کە لەم مانگەدا شەهید بوو بە ڕێزدارییەوە بەبیر دێنمەوە. دەیان ساڵ لە تێکۆشانی ئێمەدا ڕەوڵێکی گەورەی بوو، فەرماندەیی کرد، لەسەر هێڵی ئازادی ژن تێکۆشا، هەڤاڵێکی زۆر بەنرخی ئێمە بوو. بەهۆی کێشەی تەندروستیەوە شەهید بوو. دیسان سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی و سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم. هەروەها یەکێک لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی گەنجان بە ناوی چیا ڕزگار بە هۆی نەخۆشیەوە شەهید بوو. لە ناو تێکۆشانی ئێمەدا جێگەیەکی زۆر گرنگی هەبوو. به خرۆش و پێشەنگایەتی خۆیەوە، به شداریەکی گرنگی هەم له بزووتنەوەی گەنجان و هەم له تێکۆشانی ئێمەدا بە گشتی نواند. بە حورمەت و ڕێزدارییەوە بەبیری دەێنمەوە. هەروەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، ئەو دیدارەی کە ٢٨ـی ئاب ئەنجامدرا، دیدارێکی زۆر درەنگکەوتوو بوو. درەنگکەوتنی دیدارەکە بەم شێوەیە، بێگومان مامەڵەی دەسەڵاتی ئاکەپە نیشان دەدات. لە بابەتی لەو شێوەیە گرنگدا؛ ڕێبەرێتی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لە بابەتی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەریی پرسی کورددا هەنگاوی زۆر گرنگی نا، ئەو هەنگاوانەی نران کەس چاوەڕێی نەدەکرد و بۆ دیموکراتیزەکردن و چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا هیوایەکی ئافراند. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا درەنگکەوتنی دیدارەکان بەم شێوەیە بێگومان جێگەی قبووڵکردن نییە. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکییە، ڕێبەری گەلی کوردە، نوێنەری پرسی کوردە، نوێنەری دیموکراتیزەکردن تورکیایە. لەبەرئەوەی دیموکراتیزەکردن، بەهۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوە ڕوویداوە. هەربۆیە بابەتی دیموکراتیزەکردن تورکیاش بە نوێنەرایەتیی ڕێبەر ئاپۆ، بە تێکۆشانی ئەو، بە دانوستانەکانی ئەو لەگەڵ دەوڵەتدا دەتوانێت بێتە دی. بێگومان تێکۆشانی دیموکراتیک دەیان ساڵە درێژەی پێ دەدرێت، ئەزموونێکی هەیە. تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد ١٠٠ساڵە درێژەی هەیە، ئەزموونێکی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای هەموو ئەم ئەزموونانە دەیەوێت تورکیا دیموکراتیک بکات و پرسی کورد چارەسەر بکات. لە بابەتێکی هێندە گرنگدا، لە بابەتی پرسە بنەڕەتییەکانی تورکیادا کارەکتەرێکی سەرەکی، دانوستانکارێکی سەرەکیە، لێرەدا ڕاستینەیەکی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە ببینێت. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا دواخستنی دیدارەکە، نیشانەیەکی ئەوەیە کە مامەڵەیەکی جددی لەگەڵ پرۆسەکە ناکرێت. ئێمە بەم شێوەیە لەوە تێدەگەین. هەڵبەتە لە چارەسەریی پرسی کورددا هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ، لە بابەتی دیموکراتیزەکردنی تورکیادا هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ، لە بابەتی پرسەکانی تری تورکیادا هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ و قسەکانی زۆر گرنگن. هەربۆیە پێویستە مانگێک، ١٥ ڕۆژ ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بەردەوام دیدار لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا بکات، دیدار لەگەڵ لایەنە دیموکراتیکەکاندا بکات، لەگەڵ ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەوانان بتوانێت دیدار بکات، پێویستە بتوانێت لەگەڵ سیاسەتمەداران دیدار بکات. لەڕێی ئەم دیدارانەوە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا ڕاستترین ڕێگا، ئەو هەنگاوانە بخرێنە ڕوو کە پێویستە بنرێن. لەبەرئەوەی گفتوگۆ و دیدار، ڕێ و ڕێبازەکان بۆ سەرکەوتن دیاریدەکەن. ئەمەش پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرەو پێش دەبات. ئەگەر بەڕاستی دەوڵەت، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بێت، ئەوا پێویستە ئەم دیدارانە هێندە دوانەخەن. دواخستنی بە مانای مامەڵەی ناجددی دێت لەگەڵ پرۆسەکە. لە بارودۆخێکی وادا، کە ئەو هەموو کێشەیە لە تورکیا بوونیان هەیە، کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوەیە قووڵبوونەتەوە، لە کات و ساتی لەم شێوەیەدا پێویستە دەستوبرد بکرێت و پلان هەبێت. پێویستە لە کاتی خۆیدا هەنگاوی بەپەلە بنرێن. ئەگەر بەو شێوەیە نەکرێت، ئەوکات ڕووندەبێتەوە کە تێگەیشتنێکی دروست بۆ پرۆسەکە نییە، مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ ئەنجام نادرێت. یاخود هەوڵدەدرێت کە سەرقاڵی دروستبکرێت. واتا کاتەکەی درێژی بکەنەوە. ئاشکرایە، کە کاتی هەر شتێک درێژبکرێتەوە، مەترسیدار دەبێت. دیار نییە کە کات چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر کێشە لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، ئەو کێشەیە لەوانەیە دوایی پێ بێت، بڕزێت، لەوانەیە بچێتە قۆناغی جیاوازەوە. لەبەرئەوە چارەسەرکردنی کێشەکان لە کاتی خۆیدا، بەم مەبەستەش پەلەکردن لە دیدارەکان، بە تایبەت ڕێدان بە ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ زۆر زۆر گرنگە. لەمەوبەدوا مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە پێوەری مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەکە. بەوەوە دەبەسترێتەوە، ئاخۆ دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا زیاددەکەن یان نا. هەروەها گرنگترین شتیش ئەوەیە، کە هەلومەرجەکانی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ هەمواربکرێنەوە و هەنگاوی ڕوون و ئاشکرا بۆ ئازادیی ئەو بنرێت. هەربۆیە لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین.