وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە پڕۆژەی (هەژماری من) دوورخراوەتەوە." رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دوورخستنەوەی بانکەکەی راگەیاندووە و دەڵێت: "سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی، لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکارە بۆ دوورخستنەوەی بانکەکە." وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار. ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە. پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە، کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.  لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش). شایانی باسە لە ئێستادا زیاتر لە 900,000 مووچەخۆری حکومی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.

ئەمڕۆ براو خۆشكەكانی لاهور شێخ جەنگی (هیوا، ئاوات، ئاواز شێخ جەنگی) سەردانی لاهور شێخ جەنگییان كردووە، پێشتریش جەند جارێك هاوسەرەكەی سەردانی كردووە.  بەپێی بەدواداچوونەكان لاهور شێخ جەنگی داوای كتێبەكانی نەوشیروان مستەفای كردووەو ئەمڕۆ كتێبەكانی (بەدەم رێگاوە گوڵچنین، خولانەوە لەناو بازنەدا، لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، میراتی بابان لەنێوان بەرداشی رۆم و عەجەمدا) گەیەندراوەتە دەست لاهور شێخ جەنگی لە زیندان. ماوەی دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، سەرەتاى ئەم مانگە بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی تەواو بوووە.  هیوا شێخ جەنگی دەڵێت تا ئێستا نە پارێزەر و نە كەسوكاری (د. ئەحمەد فاتیح، موحسین خۆشناو، رێبوار حامید حاجی خالی) سەردانیان نەكردوون.  بۆیە داوا دەكەین ئەوانەی تا ئێستا سەردانیان نەكراوەو پارێزەر نەیانی بینیوە، رێگەیان پێبدرێت سەردانیان بكەن و ئێمەش و وەك خوشك و براكان سەردانی  پۆڵاد شێخ جەنگی بكەین.  شەوی 22ی ئاب، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، ئەو هێزە هێرشیکردە سەر هوتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی کە بەناوی هێزی دووپشک بوو دەستگیرکران. دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوەو گوتیان بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان هەبووەو کاریان لەسەر کردووە. نزیکەی 16 رۆژ بەسەر شەڕەکەی لالەزاردا تێپەڕیوە. سلێمان سندی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی دروست لەبارەی بێسەروشوێنەکانەوە نییە، نازانین چەندیان ماون و چەندیان مردوون". بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.

لەتۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک عادل باخەوان  سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: بارزانی لە پاریس پێی وتم هەرگیز ڕۆژئاوای کوردستان بەتەنیا بەجێناهێڵین. هەروەها وتیشى: پەیامم بۆ خێڵە عەرەبەکانی سوریا ناردوەو و بەڕاشکاوی پێموتوون : گەر هێرشبکەنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان، هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێگای قامیشلو دەگرینە بەر و خۆیشم یەکێک دەبم لەو پێشمەرگانە. دەشڵێت: یەکێک لەو بابەتە ستراتیژیانەی کە لەگەڵ بارزانیدا باسمکرد، داهاتووی ڕۆژئاڤای کوردستانبوو. کۆی ئاڵەنگاریەکانمان پێکەوە باسکرد و جەنابیان بەو ڕستەیی سەرەوە کۆتایی پێهێنا و وتی: ڕاستە ڕەنگە ئێمە لە هەندێک خاڵدا جیاوازبین، بەڵام هەرگیز ڕۆژئاوا بەتەنها بەجێناهێڵین.

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئۆرشەلیم/قودس، پێنج کەس کوژران. فریاگوزاریی ئیسرائیل دەڵێت، هەشت کەس گیانى لەدەستداوەو نزیکەى ١٥ کەسى دیکەش بریندارن  هەندێکیان دۆخیان ناجێگیرە، دوو کەس لەکوژراوەکان هێرشکەرانن.   پێشنیوەڕۆ ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە، 08-09-2025، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر شارۆچکەی ڕامۆت لە نزیک قودس، شەش کەس کوژراون و ١٥ کەسی دیکەش برینداربون، دوابەدوای هێرشەکەش سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی قەلەندییە لە باکوری قودسی ڕۆژهەڵات.   سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە حاخامێک لەنێو کوژراوەکاندا بووە، چوار لەو کەسانە هەر لەشوێنى ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوەو دووکەسی دیکەشیان بەهۆى سەختی برینەکانیان لەنەخۆشخانە مردوون. بزووتنەوەی حەماس  و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و لایەنە فەلەستینییەکان پشتیوانى ئەو هێرشەیانکردوەو دەڵێن ئەو ئۆپراسیۆنە وەڵامێکی سروشتیە بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی بارودۆخی لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوە ئەمنییەکان کۆکردەوە و دواتر گەیشتە شوێنی هێرشەکە. ڕایگەیاند "لە چەند بەرەیەکدا لە شەڕێکی توندداین دژی تیرۆر".  ئەو وتیشى: دەمەوێت سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری کوژراوەکان و بریندارەکان بکەم. بەدواداچوون و گەمارۆدانی ئەو گوندانەی تیرۆریستان لێیەوە سەریان هەڵداوە، بەردەوامە. حەماس لەناو دەبەین و هەموو بارمتەکانمان ئازاد دەکەین. ئەم بەیانییە لە جولەکە و سامریا بەداخەوە هێرشەکەمان پووچەڵ نەکردەوە. داوا لە سیستمی داد دەکەم بەشداری شەڕی تیرۆریزم بکات. دوابەدوای هێرشەکە، سەرجەم دەروازەکانی دەوروبەری قودس داخران و گەمارۆیەک بەسەر چەند گوندێکی شاری بینامیندا سەپێندرا، لەو ناوچەیەی تیرۆریستان لێیەوە هاتوون . هێزەکانی IDF بڵاوەپێکران و دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، بە هاوکاری پۆلیس. پۆلیسی ئیسرائیل لەبارەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە زانیاریی زۆری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گوتی دوو تەقەکەریان کوشتووە. واتە کۆی گشتیی کوژراوەکان بە تەقەکارانەوە، تاوەکو ئێستا 7 کەسن.   بەگوێرەی پۆلیس، دوو تەقەکەرەکە بە ئۆتۆمبێلێک چوونەتە چواڕیانی رامۆت، لەوێ تەقەیان لە وێستگەیەکی پاس کردووە کە خەڵکی تێدابووە. دواتر، پۆلیسێک و سڤیلێک کە چەکی پێبووە، تەقەیان لەو دوو کەسە کردووە.   پۆلیسی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "هێزێکی گەورەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە، یەکەی پووچەڵکردنەوەی بۆمب لەوە دڵنیا دەبنەوە ناوچەکە ئارام و سەلامەتە، تیمەکانی دادپزیشکیش بەڵگە کۆدەکەنەوە."

هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی نوێ لەبارەی بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو دەخاتە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە ئەگەر هەیە بگاتە 100 ملیار دینار. بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو یەکێکە لە سەرەکیترین بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی مووچە و بودجە.    پێشنیازە نوێیەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان 50%ـی رسوماتی دەزگا و دامەزراوە فیدراڵییەکان رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات کە رسوماتی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی، دەروازە سنوورییەکان و چەند دامەزراوەیەکی دیکە دەگرێتەوە.   پێشتر هەردوولا 100%ـی داهاتی رسوماتی ئەو دامەزراوانەیان بە شایستەی خۆیان دەزانی. وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای هەموو رسوماتەکەی دەکرد کە لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێ.   سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو پرسە لە هەرێمی کوردستان وتى: "بەگوێرەی ئەو پێشنیازە نوێیە، ئەگەر زۆرە بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراوی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە 60 بۆ 70 ملیار دینارەوە بگاتە 100 ملیار دینار."   ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتی داهاتی ساڵی 2024، داوای زیاتر لە 180 ملیار دیناری داهاتی هەرێمی کوردستانی دەکرد.   بەگوتەی دوو سەرچاوەی بەرپرس لە هەولێر و بەغدا، ئەو پێشنیازە نوێیەی هەرێمی کوردستان دراوەتە دەستەی راوێژکاریی یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بڕیارە لە راپۆرتێکدا بدرێتە محەممەد شیاع سوودانی و ئەگەر هەیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەبارەیەوە بدرێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنى سوریا، بڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێکى دیکە ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆببێتەوە. هەرچەندە هێشتا ڕۆژو شوێنى کۆبوونەکەش ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەمە دەبێتە سێیەک کۆبونەوەى ئەو دووبەرپرسە باڵایە، چونکە پێشتر دوو جارکۆبوونەتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریا، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا لەسوریا پاڵپشتی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دەکات. پێشتر ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریس چاوی بە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کەوت، چەند جارێکیش ئەو وەزیرەى ئیسرائیل سەرکردە ڕۆحییەکانى کۆمەڵگەی دروزەکانی ئیسرائیل کۆبوەتەوە. کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا پشتیوانى کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیری دەرەوەی سوریا و وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیلی کرد، کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە ئامادەبوونی تۆم باراک نوێنەری فەرەنسا بەڕێوەچوو. ئەم دیدارە لە دوای گەورەترین هەڵکشانی گرژى و ئاڵۆزى نێوان ئیسرائیل و سوریا هات، کە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە ئامانج کە کاروانەکانی سوپای سوریا و هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق کردە ئامانج، ئەمەش لە پاشخانی گرژییەکانی سوەیدا. نوێنەری ئەمەریکا لە سووریا دووپاتی کردەوە کە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان سووریا و ئیسرائیل هێشتا دوورە، سەرەڕای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بە نێوەندگیری ئەمریکا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانس و ئیڤێنتێکدا ڕایگەیاند هەڕەشەکانی داعش هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و لە ناوچە جێناکۆکەکان چالاکن، بەتایبەتی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق.  ئەو ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی هەرێم پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە لەسەر سنوورەکان. ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025 – د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانس و ئیڤێنتێکدا ڕایگەیاند، دڵخۆشم بە بەشداریکردن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و هاوبەشیکردنی بەها هاوبەشەکان. وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر بەردەوامی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و ئاماژەی بە سەردانە سەرکەوتووەکەی چەند مانگێک لەمەوبەری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەریکا کرد. بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد، ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێی بۆ دیپلۆماسیەت و بازرگانیی نێوان هەردوولا کردەوە و پەیامێکی ڕوونی نارد کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی جێگای متمانە، سەقامگیر و ئارامە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. سەبارەت بە سەقامگیری، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، هەڕەشەکانی داعش هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و لە ناوچە جێناکۆکەکان چالاکن، بەتایبەتی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق. ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی هەرێم پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە لەسەر سنوورەکان. ڕاشیگەیاند، بەداخەوە بەشێک لە میلیشیاکان هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان، دەبینین ئەوەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، چونکە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان زۆر گرنگە، دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکییەکان بکەین بۆ سەقامگیری ژێرخانەکەمان، هەروەها لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و هەماهەنگی هاوبەشی بکەین. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ سوپاسی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەریکا، کرد بۆ ڕۆڵی گرنگیان لە دروستکردنی دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمەکەی، ستایش کران بۆ هەوڵەکانیان لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. سوپاسگوزاریی خۆیشی ئاڕاستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم ئیڤێنتە. د. ڕێبەر ئەحمەد وەک وەزیری ناوخۆ، ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سەقامگیریدا ڕوون کردەوە، کە ئەمەش پۆلیس، بەرگریی شارستانی، ئاسایشی سنوورەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دەگرێتەوە.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، عێراق‌و هەرێم هاککراون‌و پێشبینی مەترسییەکی گەورە دەکرێت، ده‌شڵێت، "تەواوی داتاکانی کارتی نیشتمانیی عێراق، بەدانیشتوانی هەرێمیشه‌وه‌ لەلایەن گروپێکی دەرەکییەوە بردراون". هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی ئاشكرایكردوه‌، لەدوو ساڵی ڕابردودا، تەواوی داتاکانی کارتی نیشتمانیی عێراق، بەدانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشەوە بردراون. به‌وته‌ى ئه‌فه‌ندى، "ته‌واوى داتاكان لەلایەن گروپێکی دەرەکییەوە بردراون‌و دورنییە لەئاییندەیەکی نزیکدا لەدژی حکومەتی عێراق یان هەرێم بەکاربهێندرێن". جه‌ختیشكردوه‌ته‌وه‌، "پاراستنی داتاکان لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە سیستمەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە سەرپەرشتیدەکرێت".

ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەکانی خۆی لە دژی شاری غەززە نوێکردەوە، کە بۆردومانی قورسی ئیسرائیلی لەسەرە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش، ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی زۆر نزیک، لەبارەی پرسی غەززە دەگەینە ڕێککەوتن. ڕۆژی دووشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئیسرائیل کاتز لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ زریانێکی گەورە ئاسمانی شاری غەززە دەگرێت و سەقفی تاوەرە تیرۆریستییەکان دەلەرزێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە هۆشداری کۆتاییە بۆ ئەندامان و سەرکردەکانی حەماس لە غەززە و لە هۆتێلە لوکسەکانی دەرەوەی وڵات". لە درێژەدا وتی: بارمتەکان ئازاد بکەن و چەکەکانتان دابنێن، ئەگەرنا غەززە و لەناو دەچێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە سوپای ئیسرائیل "بەردەوامە لە کارکردن بەپێی پلانەکە، و ئامادەکاری دەکات بۆ فراوانکردنی بازنەی مانۆڕەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە ". لەلایەکى دیکەوە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای گەڕانەوەی لە یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لە نیوۆرک، ئەنجامیدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ڕێککەوتن لەبارەی دۆخی غەززە زۆر نزیکە، گوتیشی: ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، سەرۆکانی وڵاتانی ئەورووپا دەگەنە ئەمەریکا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکرێت، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ ڤلادمێر پوتن قسە دەکات. ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا هات کە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: لەگەڵ نێوەندگیرەکان گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، هاوکات بارمتەکان ئازاد بکرێن.

کێشە لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم بانکی تی بی ئەی دا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانی هێنایە سەرخەت و پەیامێکی ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) کرد. وەزارەت داوا دەکات TBI پابەند بێت بە گرێبەستەکانی. 27 ملیار دینار لە بانکەکە، بەڵام مووچەخۆران بێبەشن! بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، نزیکەی 24 هەزار مووچەخۆر لە سلێمانی چاوەڕێی مووچەکانیانن لە رێگەی بانکی TBI، لە کاتێکدا وەزارەت خۆی 27 ملیار دیناری بۆ ئەم مەبەستە گواستووەتەوە بۆ ژمێریاریی بانکەکە. سەرەڕای ئەم بڕە پارەیە، دەیان هاوڵاتی لەبەردەم ئامێرەکانی ATMـی TBI لە سلێمانی رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ناتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. پەیامەکەی وەزارەتی دارایی بۆ TBI: پابەندبوون بە گرێبەست: وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە بانکی TBI، وەک "تاکە بانکی حکومیی پرۆژەکە" (هەژماری من)، پێویستە رێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی بگرێت. دابینکردنی ستاف و پڕکردنەوەی ATM: داوا کراوە کە بانکی TBI "ستاڤ و تیمی پێویست بۆ پارە تێکردنەوەی ئامێرەکان" لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی دابین بکات. زیادکردنی کاتی دەوام: وەزارەت داوای لە لقەکانی TBI و ستافەکەی کردووە "زیاتر لەکاتی ئاسایی دەوام بکەن" و دڵنیابنەوە، کە هاوڵاتییان بەبێ کێشە مووچەکانیان بە دەستدەگات. وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخان: داوا لە TBI کراوە "وەبەرهێنانی زیاتر بکەن لە ژێرخانەکەیان" بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کێشانە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بە شێوەیەکی "بەردەوام و سەردەمییانە" لە پڕۆژەی "هەژماری من.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر دواکەوتنی مووچەی خانەنشینانی عێراق بڕیاری داوە هەریەکە لە تەیف سامی وەزیری دارایی و محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بکات. یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتى: بەفەرمی بانگهێشتنامە بۆ ئەو سێ لایەنە نێردراوە و ڕەنگە کۆبوونەوەکە لەم هەفتەیدا لەنێو لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بکرێت. ئەم مانگە مووچەی خانەنشینانی عێراق هەفتەیەک دوا کەوتووە و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و لەبەرانبەردا وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکی و حەواڵەی پارەوە هەبووە لە وەزارەتی دارایی و بابەتەکە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە و وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەی بودجە پارەی پێویستی لەبەردەستە بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان. لای خۆیەوە، ئەمیندارتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سندووقی خانەنشینی ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سندووقی خانەنشینی لەسەر بڕیاری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بووە، بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی کارپێکراو بۆ کارەکانی دەستەی خانەنشینی، لەبەر ڕۆشنایی ئەمەش وەزارەتی دارایی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی خانەنشینی ئامادەکردووە و بەپێی ڕەشنووسەکەش سندووقی خانەنشینی یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەستەی خانەنشینی، بۆیە پێویستە سندووقی خانەنشینی تاوەکوو دەرچوونی ڕێنمایی نوێ بۆ دەستەکە هەڵبوەشێتەوە. هەروەها ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە خراوەتە ژێر پێداچوونەوەی یاسایی و دواتر بە پێی چوارچێوەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ئاراستەی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ دەنگدان.

لەبنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە قەسرەکی باکوری شاری حەسەکە  مانۆڕی سەربازی هاوبەشی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بەڕێوەچوو. بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، لە شارۆچکەی تەل تەمر و لادێکانی فڕینی چڕ و پڕی هێلیکۆپتەری سەربازی هەبووە، دوابەدوای ئەوە فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، لە شەوی ڕابردوەوە  تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆش بەردەوام بوو. هەروەها دەنگی تەقینەوه له چوارچێوەی مانۆڕی هاوبەشی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکا بیستراوە.

سیاسەتمەداری ناسراوی عێراق عیزەت شابەندەر، هۆشداری دەدات کە "گەردەلوولێکی بێ وێنە" کە عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانی دەکاتە ئامانج لە ڕێگەدایە. لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) عیزەت شابەندەر سیاسەتمەداری دیاری عێراق  نوسیویەتی، گەردەلوولی داهاتوو، تەنانەت ئەگەر بەهەموو شوێنێکدا بسووڕێتەوە و مەیل و سەرگەردانیش بێت، لەو کاتەدا بێ وێنەیە، گەردەلوولێکی تووڕە و هەڵکشاوە، ئامانجیشی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکان بە موسڵمان، کریستیان، عەرەب، کورد، سوننە و شیعەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "باوەڕبوون بە خودا و پێغەمبەرەکانی و بەرگریی نیشتمانیی تۆکمە ئەو قەڵغانەیە کە لە خراپەکارییەکەی دەمانپارێزێت و ئاگرەکەی دەکوژێنێتەوە".   ئەمریکا لەماوەی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و پەسەند کردنی لە پەرلەمان، دەستەوەستان ناوەستێت و سزای ئابووریی تووند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت. شابەندەر سیاسەتمەدارێکی ناسراوە و پێشتر پەرلەمانتار بووە، ئەمساڵیش بە نوێنەرایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو جار سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریای کردووە بۆ تاوتوێ کردنی پرسە هاوبەشەکان و گەیاندنی پەیامی عێراق بە سووریا.  

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، مەرجیان بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی غەززە، چەکدانانی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی غەززە کورت و سادەن ئەوانیش؛ چەکدانانی تەواوەتی بزوتنەوەی حەماس و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان. جەدعون ساعر گوتیشی: دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن وڵاتانی دیکەوە سەقامگریی ناهێنێتە کایەوە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات و بەربەستیش لەبەردەم ئاگربەست دروستدەکات. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا و گوتی: ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن هەڵەیەکی گەورە دەکەن. لارس لۆکێ ڕاسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک لەهەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیگوتی: ئیسرائیل مافی ناڕەزایی دەربڕینی نییە بەرامبەر هەر دانپێدانانێکی دانیمارکی بە دەوڵەتی فەڵەستینی. لای خۆیەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ئەمەریکا پرەنسیپەکانی پێشنیازی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی بە حەماس گەیاندووە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانە. لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی کان لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ئامادەیە داگیرکردنی شاری غەززە ڕابگرێت، ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت.

سێ بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکاو ڕاوێژکارە باڵاکانی بە هێمنی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمى داهاتودا گەشت بکەن بۆ کۆریای باشوور بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی بازرگانی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن. کۆبونەوەى لوتکە کە بڕیارە لە نێوان کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم تا سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر لە شاری گیۆنگجو بەڕێوە بچێت، وەک دەرفەتێکی سەرەکی سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.  ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆی جددی لەبارەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە پەراوێزی ئەو کۆبونەوەیەدا باسکراوە، بەڵام هیچ پلانێک لە شوێنی خۆیدا نییەو ئەگەریش هەیە ئەو کۆبونەوەیە ڕونەدات. پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا چەند جارێک ڕایگەیاندبوو، بەنیازی ئەوە نییە لەگەڵ شی جین پینگ هاوتا چینیەکەیدا  کۆبونەوەی لوتکە ئەنجامبدات، بەڵام ئەگەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە پەکینەوە بۆ بێت ، ئەوا سەردانیکردنی  چین ڕەتناکاتەوە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مانگی ڕابردوو شی بانگهێشتی ترەمپ و هاوسەرەکەی کرد بۆ ئەوەی سەردانی چین بکەن، ئەمەش بانگهێشتنامەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەری کردەوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە. هێشتا وردەکارییەکان یەکلایی دەکرێنەوە و ڕوون نییە کە ئایا سەرۆکى ئەمریکا ترەمپ ڕەنگە وێستگەی دیکە لە گەشتەکەدا زیاد بکات یان نا. بەرپرسان ووتیان ئیدارەی ئەمریکا وەک دەرفەتێک سەیری دەکات بۆ سەرۆک بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ئابووری زیاتر لە ئەمریکادا بەدەستبهێنێت - شتێک کە بووەتە جێگەی سەرنجی سەرەکی گەشتەکانی ئەم دواییەی بۆ دەرەوەی وڵات، لەنێویاندا لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ سعودیە و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە سی ئێن ئێن-ی وتووە: “سەردانێک بۆ کۆریای باشوور گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کە تیشک دەخاتە سەر هاوکاری ئابووری”. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجەکانی دیکە بریتین لە گرنگیدان بە گفتوگۆکان لە دەوری بازرگانی، بەرگری و هاوکاری ئەتۆمی مەدەنی. سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان دەڵێن، لی جای میونگ سەرۆکی کۆریای باشوور بانگهێشتی ترەمپی کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ئاپێک لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو لەگەڵیدا کۆبووەوە و پێشنیاری کردووە کە ئەو شوێنە دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ترەمپ بۆ دیدار لەگەڵ کیم بڕەخسێنێت. ترامپ لەکاتی قسەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە سەرەتای ڕۆژەکەدا بە لیی ڕاگەیاند کە ئامادەیە لەگەڵ کیم کۆببێتەوە. ترەمپ سەبارەت بە سەرۆکی کۆریای باکوور ئیدیعای کرد: "من ئەوە دەکەم، گفتوگۆش دەکەین، ئەو حەز دەکات لەگەڵم کۆببێتەوە". "ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کۆبوونەوە لەگەڵیدا دەکەین، پەیوەندییەکانمان باشتر دەکەین."