سوشیلا کارکی سوێندی یاسایی خوارد و وەکو یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە نیپاڵ دەستبەکار بوو. کارکیی تەمەن 73 ساڵ کە بە پێداگرییەکەی لەسەر سەربەخۆیی و راستگۆیی ناسراوە، زۆرجار باسی لە پێویستیبوونی شەفافیەت و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە. رۆژی هەینی 12-09-2025 کیران پۆخارێل، راوێژکاری میدیایی سەرۆکایەتیی نیپاڵ رایگەیاند، "سەرۆک رام چاندرا پادێل، سوشیلا کارکی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکات." هەر ئەمڕۆش کارکی سوێندی یاسایی خوارد. نیپاڵ چەند رۆژێک بە زنجیرەیەک خۆپێشاندانی خوێناویدا تێپەڕی و تێیدا پەیکەری حکومەت هەژا. ئەوانەی خۆپێشاندانیان کرد، زۆرینەیان گەنج بوون و ناویان لەخۆ ناوە نەوەی زێد (Gen Z). نەوەی زێد هەڵبژاردنی کارکی بەلاوە پەسندە. کارکی بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەوان بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی کورت متمانەیان پێمە، تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت." ئەنیل کومار سینها، دادوەری پێشووی دادگەی باڵا کە لەگەڵ کارکی کاری کردووە، گوتی، "کارکی کەسێکی متمانەپێکراوە بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی کاتی؛ راستگۆییەکەی گومانی لەسەر نەبووە؛ کەسێک نییە بترسێنرێ یان بە ئاسانی کاریگەری لەسەر کارەکەی دروست بکرێت." لە گوتارێکدا کە سەرەتای ئەم ساڵ لە میدیاکانی نیپاڵ بڵاوکرایەوە، کارکی باسی لە گەندەڵی کرد و گوتی، "ئێمە لە هەموو شوێنێک دەیبینین، بەڵام قسە ناکەین. ئێستا پێویستە گەنجان قسە بکەن، پێشەنگ بن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەربکەون. ئەوەی لە 35 ساڵی رابردوودا بینیم کاریگەری نییە. من 100% لە بەرژەوەندی هاتنەپێشەوەی گەنجانم." ماوەی کارکی وەک سەرۆکی دادگەی باڵا لە 2016 بۆ 2017 کورت بوو بەڵام گرنگ بوو؛ پرسی جێندەریی وروژاند و لەسەر گەندەڵی رووبەڕووی سیاسەتڤانان بووەوە. کارکی لە کۆمەڵگایەکدا گەورە بووە کە ژنان بە دەگمەن دەچوونە نێو بواری یاسا.
سەرەڕای ناڕەزایی ئەمەریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە، بەڵام زۆرینە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەر و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بە مەرج دەنگیان بە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکاندا. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کرد و جاڕنامەی نیویۆرك بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین بێ بوونی بزووتنەوەی حەماس پەسند کرد. لە دانیشتنەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە لەبارەی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، 142 وڵات دەنگیان لە بەرژەوەندی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان دا، بەڵام 10 وڵات، سەرەکیترینیان ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەنگیاندا، 12 وڵاتیش دەنگیان نەدا. بە گوێرەی ئەو ڕەشنووسەی دەنگی پشتیوانی زۆرینەی وڵاتانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەستهێناوە، دەرفەتێکی دیکە و نوێ دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو وڵات و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێی فەڵەستین – ئیسرائیل؛ هاوکات دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت بەبێ بوون و مانەوەی حەماس بێت. هەر لە دەقی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، دەبێت بزووتنەوەی حەماس هەرچی زووە چەک دابنێت و پاداشت و دیارییە بۆ حەماس بۆ ئەوەی بارمتە ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ئازاد بکات و بگەڕێنێتەوە.
هەوڵە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە مانگی داهاتوودا، رەنگە روبەڕوی بەربەستێک بووبێتەوە: لیژنەی نۆبڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە ناکەوێتە ژێر هیچ کاریگەرییەکەوە. لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رونی ئارەزووی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەناوبانگە ئاشکرا کردووە، کە پێشتر باراک ئۆبامای رکابەری دیموکراتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی 2009 بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بردییەوە. ملیاردێرە 79 ساڵانەکە هەموو دەرفەتێکی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی بڵێت "شایەنی ئەوەیە"، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەش شەڕی کۆتایی پێهێناوە، سەرەڕای ئەوەی شەڕەکانی غەززە و ئۆکراین—کە دەڵێت دەیەوێت چارەسەریان بکات—هێشتا بەردەوامن. کریستیان بێرگ هارپڤیکن، سکرتێری لیژنەی نۆبڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە ئۆسلۆ وتی: "بێگومان تێبینی ئەوە دەکەین کەهەوڵێکی زۆری میدیایی لەسەر کاندیدی دیاریکراو هەیە، بەڵام ئەوە بەڕاستی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە نییە کە لە لیژنەکەدا بەڕێوەدەچن." وتیشی: "لیژنەکە هەموو پاڵێوراوێک بەپێی شایستەییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت." براوەی ئەمساڵ لە 10ی تشرینی یەکەمدا رادەگەیەنرێت. ترەمپ بانگەشەکانی خۆی بەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چەندین سەرکردەی بیانی، لە بنیامین نەتەنیاهۆی ئیسرائیلییەوە تا ئیلهام عەلیێڤی ئازەربایجانی، یان پاڵاوتوویانە یان پشتگیرییان لە پاڵاوتنەکەی کردووە. بەڵام، دەبوو زۆر خێرا بووبن بۆ خەڵاتی ئەمساڵ، چونکە وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوەکان 31ی کانوونی دووەم بوو، واتە تەنها ١١ ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ. هەر لەم بارەیەوە هارپڤیکن وتی: "پاڵێوراو بوون مەرج نییە دەستکەوتێکی گەورە بێت. دەستکەوتی گەورە ئەوەیە کە ببیتە براوە. لیستی ئەو کەسانەی دەتوانن کەسێک بپاڵێون زۆر درێژە." بەپێی رۆژنامەی دارایی "Dagens Naeringsliv"، ترەمپ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دارایی نەرویج، یەنس ستۆڵتنبێرگ (سکرتێری پێشووی ناتۆ)، باسی خەڵاتی ئاشتیی کردووە. هەرچەندە لیژنەی نۆبڵ لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە دیاری دەکرێت، بەڵام لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکانی بە سەربەخۆیی و دوور لە سیاسەتی حیزبی و حکومەتی کاربەدەست دەدات. نموونەی دیاریش ئەوەیە کە خەڵاتی ساڵی 2010ی بەخشییە Liu Xiaoboی دژبەری چینی، سەرەڕای هۆشدارییە نهێنییەکانی حکومەتی نەرویج، کە بووە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و ئۆسلۆ بۆ چەندین ساڵ. شارەزایان لە نەرویج پێیان وایە شانسی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە زۆر کەمە، چونکە سیاسەتی "ئەمریکای یەکەم"ی ترەمپ پێچەوانەی فرەلایەنییەتە کە ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، بەرگری لێدەکرد. هالڤارد لێیرا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای نەرویجی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (NUPI) وتی: "ئەم جۆرە فشارانە زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت. ئەگەر لیژنەکە ئێستا خەڵاتەکە بدات بە ترەمپ، بێگومان تۆمەتبار دەکرێت بە ملکەچبوون." لە مانگی ئابدا، سێ مێژوونووسی نۆبڵ لە وتارێکدا چەندین هۆکاریان خستەڕوو کە بۆچی نابێت سەرۆک ئەو خەڵاتە وەربگرێت، لەنێویاندا سەرسامییەکەی بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا. ئەوان نوسیبوویان: "پێویستە ئەندامانی لیژنەی نۆبڵ عەقڵیان لەدەست دابێت" (بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی بدەنێ).
وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا ئەنجامداوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند شانەیەک کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە هەیە. ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سەربازى سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی ورددا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل "لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا ئەو شانانەیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن یەکەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ٨٤٠ی سوپای قودسی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیسرائیل. هەروەها باسى لەوەکردوە "ئەم شانانە لەلایەن یەکەی ٨٤٠ەوە ئاڕاستە کراون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل". وتەبێژەکەى سوپا دەشلێت: لەماوەى مانگەکانى ئازار و نیسانى ڕابردوودا (٣و٤) دوو ئەندامى یەکەى ٨٤٠ لەسەر خاکى سوریا دەستگیرکراون، هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردنی شانەکانی دیکە کرد کە "بە ناوی یەکەی 840 لەلایەن کەسانی لوبنانی قاسم سەڵاح ئەلحوسێنی و محەمەد شوعەیبەوە کاردەکران، کە مانگی ڕابردوو لە لوبنان لەناوچوون". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان "لە کاریگەرترین گروپەکانی میحوەری قاچاخکردنی چەک لە ئێرانەوە بۆ کەناری ڕۆژئاوا و بەرەی باکوور". ئەڤیخای ڕوونیشیکردەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ئەندام دەرکەوت کە هەندێکیان نەیانزانیوە کار بۆ کێ دەکەن و دەڵێت، زۆرجار بۆ ئەو ئەرکە دامەزراون بەبێ ئەوەی پاڵنەری ڕاستەقینەی یەکەکە ئاشکرابکرێت و لە ڕێگەی بەرتیلدانی داراییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "کەمپەکانی سوپای سوریا لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە لەلایەن ئەم یەکەیە بەکارهێنراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای قودس دۆخی لوبنانییەکان و سوریاییەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی فێڵ و بەرتیلەوە وەریانبگرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".
بڕیارە هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى لە 15%ى قەرزى سەر هاونیشتمانییان دەربکات، کە لە کۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەوەدرا. بەگوێرەى زانیارییەکان، هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکە رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى 15% قەرزە حکومییەکانى سەر هاونیشتمانییان دەردەکات. هەربەگوێرەى زانیارییەکان، لە رێنماییەکاندا مەرجى لێخۆشبوونى لە 15% قەرزەکان، دانەوەى سەرجەم قەرزەکانى کەڵەکەبووە تاوەکو کۆتا رۆژى ئەمساڵ. لێبخۆشبوونەکە قەرزی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێکردن و گەشتیاری دەگرێتەوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، بەمەبەستى ئاسانکاریی دانەوەى پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) کە پێشتر بە هاونیشتمانییان دراوە بڕیاردرا بە لێخۆشبوونى 15٪ ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان. ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەوەشى راگەیاند، لێخۆشبوونەکە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بەرکاردەبێت. باسی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری و بازرگانی و قەرزی بچووک نەکراوە لە راگەیەندراوە فەرمییەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا باس لە پێنج جۆر قەرز و پێشینەکراوە و هیچ باسێک لە لێخۆشبوونى 15% پێشینەى هاوسەرگیرى، پێشینەى بازرگانى و قەرزى پرۆژە بچووکەکان نەکراوە و تاوەکو دەرکردنى رێنماییەکان نازانرێت لێخۆشبوونەکە ئەو قەرزانە دەگرێتەوە یاخود نا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە لێدوانێکدا، داوای کرد ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی وەک بەشێک لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر". هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان تا ساڵی 2028 و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتکردەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی تورکی، چەندین لێدوانی گرنگی لەسەر ئەمڕۆی سیاسەتی تورکیا دا، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتمەدارە کوردەکانەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا کە بە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، باخچەلی رایگەیاند: "ئاشتی باڵندەیەکی یەک باڵ نییە. بۆ ئەوەی ئاشتی بفڕێت، پێویستی بە باڵی دووەمە. باڵی یەکەمی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێبەجێ کرا، پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و چەکەکان دانران. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ئەوەی کە مەرجەکانی پێکەوەژیان چی بن." لەو چوارچێوەیەدا، بە ئاماژەدان بە ئەحمەد تورک وتی: "ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی مێردین بوو بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو کەسێکە کە بەشداریی کردووە لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا. لە دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی و بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە بەشداریی لە گەشەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتیدا دەکات." باخچەلی هەمان بۆچوونی بۆ ئەحمەد ئۆزەر (سەرۆکی پێشووی شارەوانیی وان) دووپاتکردەوە و وتی: "ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان رەفتاری نایاسایی هەبێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا هەندێک بۆچوونی پەیوەست بە پەکەکەی لەگەڵ رای گشتیدا باسکردووە، بابەتێکی ترە. ئەگەر تورکیا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت." سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، باخچەلی ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی: "دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان، لە 27ی شوباتدا راگەیەندراوێکی دەرکرد... پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەکەکان دانراون. بۆیە پەکەکە و پێکهاتەکانی سەر بەو رێکخراوە لە هەر کوێیەک بن، ناچارن ملکەچی ئۆجەلان بن، رێزی لێبگرن و بەپێی رێنماییەکانی بجوڵێنەوە." پشتگیری بۆ ئەردۆغان: رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی 2028دا بە تەواوی پشتگیریی کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان دەکەن. داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: وتی: "پێویستە رەگ و ریشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربهێنرێت. ئەگەر بەدەست من بووایە، لە ماوەی نیو کاتژمێردا هەموویان دادەخەم." لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە: داوای کرد تا مانگی تشرینی یەکەم، ئیدعانامەی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە ئامادە بکرێت و دادگاییکردنەکان دەستپێبکەن.
هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (10) رۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی نێردراوێکی ئەمریکییەوە، نامەیەکی توندی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە، هەڕەشەی بۆردومانكردنی (15) پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی كردووە لە بەغدادو چەند شارێکی تری عێراق، ئەگەر لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئازاد نەکرێت، ترەمپ لە نامەكەیدا بە روونی ئەو شوێنانەشی دەستنیشانكردبوو كە بۆردومان دەكرێن. ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو پاش زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە رفاندنی، دواجار سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا، ئازادکردنی ژنە توێژەرى ئیسرائیلی – رووسی، ئێلیزابێس تسورکۆڤیان راگەیاند. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسیبوى، "پاش چەند مانگێک لەهەوڵدانی گەورەی هێزە ئەمنییەکان، دواجار توانرا هاوڵاتییەکی رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئازاد بکرێت". ماڵپەری "ارم نیوز" كە ئەو زانیارییانەی لە زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراقەوە بڵاوكردووەتەوە، راشیگەیاندووە: سودانی دەستبەجێ دەستی بە جموجۆڵ كردووەو، جدیبونی هەڕەشەكانی بۆ سەرکردەكانی حەشدی شەعبی خستووەتەڕوو و (واسق بەتات)ی راوێژکاریشی رەوانەی لای (ئەبو حسێن ئەلحمێداوی) ئەمینداری گشتی كەتائیبی حیزبوڵای کردووەو، جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بەو قەیرانە کردووەتەوە بەهۆی کاردانەوە مەترسیدارەکانی بۆ سەر عێراق. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەکی، حمێداوی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لەچوارچێوەی رێککەوتنێک لەبەرامبەر ئازادکردنی کاپتن (عیماد ئەمهەز) ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەمە جگە لە ئازادکردنی کوڕەکەی حمێداوی و ژمارەیەک لە ئەندامانی كەتائبیی حزبوڵا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە دوای پێکدادانێکی چەکداری لەگەڵ پۆلیسی عێراق لە باشوری بەغداد دەستگیرکران، كە بەهۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرێكی گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغداد سەریهەڵداو سەر بەو گروپە بوو.
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ھیوامان بە گفتوگۆ ھەیە تا ڕێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەردەمە، وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن. پێشەوا ھەورامی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیاری ٥٥٠ ھەیە، لەم بڕیارە چەند مەرجێک بۆ حکومەتی ھەرێم دیاری کراوە، ئەوان داھاتی نانەوتی و ھەناردەکردنەوەی نەوتیی ھەرێمی کوردستان دەکەنە مەرجی ناردنی مووچە، ئەوە چارەسەری کێشەی ناردنی مووچەکانی ئەمساڵ دەکات، چونکە ناکرێت مووچەی چەند مانگێک ڕەوانە نەکرێت و بەو شێوەیە تەماشا بکەین و بێ دەنگ بین. وتەبێژی حکومەت جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئێمە ھیوامان بە گفتوگۆ ھەیە تا ڕێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەردەمە، ئەو وتیشى: وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و بەشدارینەکردن لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئەگەر گەیشتینە ئەو قۆناغە ئەوکات ھیچ گفتوگۆ نامینێت. لەبەشێکى دیکە قسەکانیدا هێماى بۆ ئەوەشکرد حکومەت ئەو داھاتەی لەبەردەستی دایە بە عادیلانە بەسەر خەڵکدا دابەشی دەکات، ئەوە باشترە لەوەی پێشێلی زیاتری مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و وەزیرێک بە کەیفی خۆی بیەوێت وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات. پێشەوا ھەورامی وتیشی "لە یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی ٢٩ زۆر بەئاشکرا باس لەوە کراوە گومرگ و باج ٥٠%ی بۆ عێراق بێت، ڕسومات ئەوانەی بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون ١٠٠%ی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ئەوانەی بەپێی یاسای عێراق جێبەجێ دەکرێن ئەوان ٥٠%ی بۆ عێراق دەبن، ئێمە لەوە کێشەمان نیە و لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە ١٠٠%ی ئەو داھاتەمان دەوێت." ھەورامی باسی لەوەش کرد "ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر ھەرێمی کوردستان نادات، تەنیا ڕایان وەردەگیرێت، ئەویش حکوومەتی عێراق داوای کردووە نەک ئێمە، تەنیا بەرچاوڕوونییە و دەدرێتە حکوومەتی عێراق، پێشتر دادگای فیدراڵی یەکلایی کردەوە، ئێستاش ئەنجوومەنی دەوڵەت، نازانین دواتریش چی لێ دێت، بۆیە دەستی دەستی پێدەکرێت، بەپێی یاسا ھەمووی دیاری کراوە وڕوون وئاشکرایە."
هاککەرەکانی تورکیا پەیوەندییان بە مۆبایلەکەى وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوەو ئەویش وەڵامیداونەتەوەو توانیویانە هاکى بکەن و وێنەیەکى شاشەى مۆبایلەکەو وەزیریشیان وەک بەڵگە بڵاوکردەوە. میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ یسرائیل کاتز وەزیرەکەى ئیسرائیل ئەو زانیاریانە پشتڕاستدەکاتەوەو ڕایگەیاند: پەیوەندیەکم پێوەکراوە بە هەڵە وەڵامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەم داوەتەوە، یەکسەر تەلەفۆنەکەم داخستووەو هیچ قسەیەکم نەکرد. ئەو تورکانەی کە پەیوەندییان بە مۆبایلەکەی وەزیرەوە کردوە، ژمارەی تەلەفۆنی وەزیرەکەیان بڵاوکردەوە. چەند مانگێکە بەرپرسانی ئیسرائیل بوونەتە ئامانجی هێرشی هاکەرەکان. کۆمپانیای ئەلیکترۆنی دریم دوو هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشێکی ئەلیکترۆنی ئاڵۆزی ئاشکرا کردووە کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە و بە قووڵی هاتۆتە ناو سیستەمی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و گەیشتووەتە ژوورەکانی دانوستان لە قاهیرە. بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆمپانیاکە، مەبەست لە هێرشەکە "تێکدانی پرۆسەی نێوەندگیری و متمانەی نێوان وڵاتان بووە". لە چوارچێوەی هێرشەکەدا، هاکەرە ئێرانییەکان توانیان بچنە ناو هەژماری ئیمەیڵی ڕاستەقینەی کارمەندێکی باڵیۆزخانەی عومان لە پاریس، بەمەش توانای ناردنی پەیامەکانیان بەدەستهێنا کە پێدەچێت نامەنووسی دیپلۆماسی فەرمی بێت. ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە گروپێکی هاکەری سەر بە ئێران بە ناوی "هەندەلا" ئیدیعای کرد کە توانیویانە بچنە ناو کۆمپیوتەرەکانی پۆلیسی ئیسرائیلەوە و زانیارییەکی هەستیار بە قەبارەی ٢.١ تێرابایت (٢١٠٠ گیگابایت) ببەنە دەرەوە. لەنێو ئەو بەڵگەنامانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دزەیان پێکراوە: فایلی لێکۆڵینەوەی نهێنی، لیستی تاوانبارانی سێکسی، پرۆفایلی پزیشکی و دەروونی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، مۆڵەتی دەمانچە و وێنەی پیشەیی ئەفسەرانی پۆلیس - کە پێدەچێت ڕاستەوخۆ لە سیستەمێکی نهێنی حکومەتەوە وەرگیراون. هاککەرەکان بەشێک لە زانیارییەکانیان لەسەر "تۆڕی تاریک" بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت هەڕەشەی ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی زیاتریش دەکەن بەم زووانە.
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات کرد و سوپاسی حکوومەت و خەڵک و سەرکردایەتیی ئیماراتی کرد کە هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆكایەتیی سەعید موبارەك ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان كرد. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختیان لە دۆستایەتی و هەڵوێستی سەركردایەتیی ئیمارات لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و سڵاوی حاكمی ئیمارات و سەركردایەتیی وڵاتەكەیان بە بارزانی گەیاند. هەروەها سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێم و ئەو دەرفەتانەی كە خراونەتە بەریان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بوارەكانی تر لە ئێستا و لە داهاتوو. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی حكومەت و خەڵك و سەركردایەتیی ئیماراتی كرد، هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە بە تایبەت لەكاتی هاتنی سەدان هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پتەوتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد. باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکە دا، بارودۆخی ناوچەكە بە گشتیی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
ئاژانسی هەواڵی قەتەر (QNA) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دوحەی پایتەختی قەتەر، یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو میوانداری لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بۆ تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل کە سێشەممەی ڕابردوو قەتەری کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە کەناڵی جەزیرە نێتی ڕاگەیاندوە، چاوەڕوانییەکان ئاماژەن بۆ بەشداریکردنی بەرفراوانی عەرەبی و ئیسلامی لە لوتکەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دادەڕێژرێت. شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تێیدا بەشداربووان بڕیار لەسەر ڕێڕەوی کارکردن دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، قەتەر داوا لە هاوبەشە ناوچەییەکانی ناکات بە هیچ شێوازێکی تایبەت وەڵام بدەنەوە. سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئەو هەڕەشانە قبوڵ ناکات کە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامێک لە ناوچەکەوە لەگەڵ هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات، هەرچەندە ئەوان هیچ مەترسییەکیان بۆ سەری دروست نەکردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامێکی ناوچەیی ئامادە دەکرێت و لەگەڵ هاوبەشەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم وەڵامە "ڕاستەقینە بێت و توانای وەستاندنی قسەی ناشرینەکانی ئیسرائیلی هەبێت". شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی زیادی کرد: پەیامێکی بەهێزمان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بیست سەبارەت بە بۆردومانەکەی ئیسرائیل و ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی کردەیی پەیڕەو بکرێت. ڕوونیشیکردەوە کە ناتانیاهۆ "هەوڵدەدات وتارێکی یاسایی پێشکەش بکات لەکاتێکدا خۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و کەرتی غەززە برسی دەکات"، جەختیشی کردەوە کە دەبێت ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، بەو پێیەی پێشتر لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە. هێرشەکەی ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بارەگای نیشتەجێبوونی ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس)ی لەدەوحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن چاودێرانی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە ئیدانە کرا، بەو پێیەی نوێنەرایەتی پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی قەتەر دەکات، پێشێلکردنی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، هەروەها هێرشکردنە سەر دەوڵەتێک کە ڕۆڵی نێوەندگیری لە ئاگربەستی نێوان دەوڵەتانی قەتەردا دەگێڕێت بەرخۆدانی فەلەستین و دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵوەشانەوەی بڕیاری ڕیگە پێدانی جەنگی لەعیراق بە دەنگی 261 كۆنگرێسمان بەرامبەر 167 دەنگ پەسەند كرد . ئەمرۆ پێنجشەممە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن رایگەیاند ، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگی عێراقی ساڵی 1991 و 2002ی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەو هەنگاوە وێستگەیەكی گرنگە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات. باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لەو هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا كردوەو دەڵێت لاپەڕەیەكی نووو لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات هەڵدەداتەوە لەسەر بنەمای رێزو بەرژەوەندی هاوبەش ، ئاماژە بەوەشكراوە كە چاوەڕوانن بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانیشەوە پەسەند بكرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی بە دەنگی زۆرینەی 261 بەرامبەر 167 پەرلەمانتار پەسەند كرد . ڕوونیشیکردەوە کە "هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگ ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیاسی و یاسایی جیاوازە لە واشنتۆن و نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ عێراق لەڕووی ئابووری، پەروەردە، وزە و ڕۆشنبیری.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی بەرگریی توركیاوە بڵاویکردەوە توركیا دەستیكردووە بە راهێنان و پێشكەشكردنی راوێژو پاڵپشتی تەكنیكی بە سوپای سوریا، ئەمە بەگوێرەی رێككەوتنێك كە مانگی رابردوو ئیمزا كراوە. بەپێی رێككەوتنی هاوكاری سەربازی ئیمزاكراوی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری كە لە مانگی ئابدا ئیمزا كراوە، توركیا راهێنانی سەربازی و چەك و كەلوپەلی لۆجستی پێشكەشی سوپای سوریا دەكات. ئەو راپۆرتانەی كە باسلەوە دەكەن، ئیسرائیل هێرشی كردوەتە سەر كەلوپەلی سەربازی توركیا لەناو سوریادا، راست نییەو هیچ گۆڕانكارییەك لە كارمەندو كەرەستە سەربازییەكانی توركیا لە باكوری سوریا روینەداوە.
عێراق لە ماوەی کانوونی دووەمی 2025 تا ئێستا، بە بەهای 66 ملیۆن دۆلار هێلکەی لە تورکیا هاوردە کردووە و بەمەش پلەی یەکەمی لە لیستی وڵاتانی هاوردەکاردا گرتووە. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی ئیجە، عێراق لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە هێلکەی لە تورکیاوە هاوردەکردووە بەهای 66 ملیۆن دۆلار. لە ماوەی نێوان کانووی دووەم تاوەکو ئابی ئەمساڵ. سەرەڕای بڕیاری ڕاگرتنی هاوردەکردنی هێلکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوورییەوە لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڵام لە ماوەی 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵ عێراق لە پلەی یەکەمی گرتووە لە ڕیزی ئەو وڵاتانەی هێلکەی لە تورکیاوە هاوردە کردووە. هەر بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، ڕووسیا بە 45 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە 17 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم و کازاخستان بە 16 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم دایە. ئیمارات و ئیتاڵیاش بە 15 و 14 ملیۆن دۆلار، بەدوای یەکدا لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمی لیستەکەدان.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمى کوردستان پابەندە بە رادەستکردنی داهاتەکان، بەڵام ئەمە دەبێت بەگوێرەی یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بێت، نەک بە حەز و ویستی کەسی. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، داوای 100%ی سەرجەم داهاتەکان دەکات، کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانە. پێشەوا هەورامانی لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا، روونیکردەوە، بەگوێرەی ماددەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتەکانی باج 50% و گومرگ 50% دەبێت. لەبارەى رسوماتەکانیش، ئەو رسوماتانەی بەگوێرەی یاسای هەرێم دیاریکراون، 100%ـیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و ئەو رسوماتانەش کە سەربە عێراق دیاریکراون، 50%ـیان بۆ حکومەتی فیدڕاڵ دەگەڕێتەوە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم ئامادەیە داهات بەم شێوازە رادەست بکات، چونکە ئەمە یاساکەیە. پێشەوا هەورامانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. هەورامانی گوتی: "لەمدواییەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت '100% سەرجەم داهاتەکانم دەوێت' واتە نایەوێت بە یاسا داهات وەربگیرێت، بەڵکو بە حەز و میزاجی کەسی." هەورامانی، ئەوەشى خستەڕوو، ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێم بووە بۆ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، جێبەجێکراوە. داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسادا بێت، نەوەک پەیڕەوکردنی "میزاجی کەسی و نیەتی سیاسی".