کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی ماوەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە 30 تانە لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممەش لە وەرگرتنی تانەکان بەردەوام دەبن. بیلال ئەکرەم عەباس، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەکەمی ماوەی تانە تۆمارکردن، زیاتر لە 30 تانە لەلایەن کاندید و لایەنەکان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراون. کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەش دەرفەت بە کاندید و لایەنەکان دراوە کە ئەگەر گومانیان لە ئەنجامەکان هەبێت تانە تۆمار بکەن، دواتریش لە حەوت ڕۆژدا کۆمیسیۆن وەڵامی تانەکان دەداتەوە.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان. ھاووڵاتیانی بەڕێز... ھەروەکو ئاگادارن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕێککەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢٥) لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند. ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئاکام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت. مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٨ـی١١ـی٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ترەمپ وتی، "کۆبوونەوەکەمان باشبوو و سعودیە وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات. ڕاشیگەیاند، پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "شازادەی جێنشینی سعودیە هاوڕێیەکی نزیکی منە و لە کۆشکی سپیدا ڕێزی زۆری لێدەگیرێت. کارکردن لەگەڵ سعودیە دەرفەتی نوێ بەڕووی ئەمریکا دەکاتەوە و ئێستا پەیوەندییەکانمان لە باشترین کاتیدایە". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ وتی، "سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار دەستیان بە وەبەرهێنان لە ئەمریکا کردووە و هیوادارم بەهای وەبەرهێنانیان لە وڵاتەکەماندا بگاتە یەک تریلیۆن دۆلار". ئاماژەی بەوەشکرد، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، هاوکات وتیشی، سعوودیە فڕۆکەی ئێف 35 لە ئەمریکا دەکڕێت و پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، باوەڕمان بە داهاتوویەکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا هەیە و دەتوانین بەهای وەبەرهێنانمان لەو وڵاتە بگەیەنینە یەک تریلیۆن دۆلار. لەلایەکی دیکە؛ وتیشی، بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کاردەکەن "بۆئەوەی بەمزوانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەینەوە و ببنە بەشێک لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکاندا پێویستە هێزە کوردستانییەکان پێکەوە بچنە بەغدا. ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستووری نییە." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک لەگفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ژیار گوڵ، رۆژنامەڤان و یەکێک لە مۆدێرەیتەرەکانی کۆڕبەندەکە باسیان لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گرژییەکانی ناوچەکە، بابەتی دەستوور و فیدراڵی، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و پرسەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد. نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەی ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان گوتی، "سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەو شێوەیە بووە، فاکتەری ئارامی بێت لە ناوچەکەدا." "دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە ئاشتی و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت و جەختی کردەوە کە بەغدا پابەندبێت بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە. سەبارەت بە رووداوەکانی ناوچەکە و ئەو شەڕانەی لە ناوچەکەدا روویانداوە، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، بەهۆیانەوە "ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بووە." گوتیشی، "ئەمریکا وڵاتێکی بەهێزە و دەتوانێت رۆڵی جیدی ببینێت لە چارەسەری ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن." پرسێکی دیکە بابەتی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ تاران بوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێرانی بە "دراوسێیەکی گرنگ" ناوبرد و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هیچ کات دژی ئێران پاڵپشتیی هیچ لایەنێکی نەکردووە و نایکات." سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەکی زۆر جیددییە، بەڵام بە شەو و ڕۆژێک ناگاتە ئەنجام و پێویستی بە کاتە، پێویستە هەموو لایەکمان یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگات بە ئەنجام. ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتیدا ئەوەیە، کە یارمەتی تورکیا و پەکەکە بدات بۆ ئەوەی هەردووکیان ڕێککەون، بەڵام جیددییەتێکی زۆر لە ئەنقەرە هەیە کە دەبێت پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەکاتەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی سووریا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، گەلی سووریا شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن، بە هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ سەر حوکم، ئەوا چانسێکی گەورەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە ئارامی و ئاساشی تێیدا بەرقەرار بێت. لە بارەی مەزوڵوم عەبدی و هێزەکانی سووریای دیموکرات، نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: ڕۆڵێکی گەرورەیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سووریا. نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، کە پێی وا نییە سیستەمی مەرکەزییەت لە سووریا، سیستەمێکی دروست بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە، چونکە سووریا فرەنەتەوەیی، فرەئایینی و فرەکولتوورە. دەشڵێت: پێویستە مۆدێلێکی نوێ لە سیستەمی حوکمڕانی لە سووریا جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە داخەوە بیرۆکەیەک لە حکوومەتی ئەو وڵاتە هەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی مەرکزی بەهێز، پێمان وانیە ئەو سیستە بتوانێت ئاییندەی وڵاتەکە بەرەو پاشتر ببات. لە بارەی ڕۆڵی تورکیا سەبارەت بە کێشەکانی سووریا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا زۆر حەز دەکات کێشەکانی ئەو وڵاتە چارە بکرێن، هەمیشە هەوڵەکانیشی بەو ئاراستەیەیە، بەڵام دەبێت حکوومەتی سووریا خۆی بگاتە بەو ئەنجامەی کە دەبێت مۆدێلێکی نوێ بۆ حوکمڕانی لە وڵاتەکەی جێبەجێ بکرێت. نێچیرڤان بارزانی، بۆچوونی خۆی لە بارەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەربڕی، بەڵام ئەوەی نەشاردەوە کە پێی واییە ئەو کارە کارێکی واقیعی نییە و دەبێت بیرۆکەیەکی دیکە بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت دیمەشق و هەسەدە کێشەکانیان بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارە بکەن. گوتیشی: پێمان وایە کە پێویستە هەندێک هەنگاو بە زووترین کات لە لایەن هەسەدەوە بنێرێت، چونکە تا ئێستا هەسەدە و دیمەشق هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان جێبەجێ نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە یارمەتیدەر و هاوکار بێت لە ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران کرد و ڕوونی کردەوە، ئێران دراوسێیەکی زۆر گرنگی ئێمەیە، سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ ئێران هەبێت. هاوکات دووپاتی کردەوە، هەرگیز سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوە نەبووە کە یارمەتی هیچ لایەک بدات دژی ئێران، ئەو وڵاتە پێشتر یارمەتی ئێمەیان داوە و بە سووپاسەوە دەڕوانییە هەموو یارمەتییەکانیان. دەقی گفتوگۆ تایبەتەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک: پرسیار: ئاڵوگۆڕییەکی زۆر لەم ناوچەیە هەبووە لە دوو ساڵی رابردوودا، لە لوبنانەوە بیگرە تاوەکو ئیسرائیل، سووریا، ئێران و عێراق. زۆرم پێخۆشە بزانم، کوردستان چۆن توانیویەتی خۆی لەم هەموو کێشەیە بپارێزێت؟ نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، پێشەکی من دەبێت سوپاسی رێکخەرانی [کۆڕبەندی] مێپس بکەم لە دهۆک، بەڕاستی دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ ئەم کۆبوونەوە و ئەم رێکخستنەی کە ئەمڕۆ بینیمان، خەڵکێکی زۆر بەشداری لەم کۆنفرانسە کرد، دەستخۆشی لە رێکخەرانی دەکەم، دەستخۆشی لە کاک مەسرور دەکەم. هەموو رێکخەرەکان کارێکی زۆر باشیان کردووە، زۆر سوپاسیش بۆ جەنابت، سنەییەکە موشکیلە نییە، بەپێچەوانەوە پێمان خۆشە، بۆ ئەوەی بیرمان بێتەوە. وەک سیاسەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە، فاکتەری ئارامی و ئاسایش بین لە ناوچەکە. بە پێچەوانەوە، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئێمە رۆڵمان لە عێراقیش هەبوو، لەگەڵ برایانمان لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان دا ئێمەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش نەبینە بەشێک لەو کێشانەی لە ناوچەکە روویاندا. سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وابووە کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. ئەمە سیاسەتێکە کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە و لەسەر ئەو سیاسەتەش دەمێنێتەوە. پرسیار: لە چەند مانگی رابردوودا ئیسرائیل پەلاماری ئێرانی دا، عێراق بە گشتی توانی خۆی لەم کێشەیە بپارێزێ، بەڵام ئاسمانی عێراق شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوو، هەروەها مووشەکەکانی ئێران بە ئاسمانی عێراقدا رۆیشتن. تۆ ئەم کێشەیە چۆن دەبینیت کە ئەمڕۆ لە ناوچەکە هەیە؟ نێچیرڤان بارزانی: وەک بنەما، پێمان وانییە ئەو کێشانەی هەن بە تووندوتیژی و چەک چارەسەر بکرێن. ئێمە پێمان وایە، ئەو کێشانەی کە هەن بەشێوەیەکی گشتی پێویستیان بە بیرکردنەوەیەکی دروست و گفتوگۆی جیدی هەیە. شەڕکردن لە ناوچەکە سەلماندی لە ماڵوێرانیی زیاتر هیچی دیکە بەدی نایەت. ئێمە ئەگەر سەیری بکەین، لە ئەنجامی ئەو شەڕانە ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بوو لە ناوچەکە؛ لە فەلەستین و شوێنەکانی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان وایە دەبێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. خۆشحاڵین بەوەی ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەم بابەتە. بڕیاری دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم بابەتە بڕیارێکی گرنگ بوو؛ ئەوەی کە سەرۆک ترەمپ دەستیپێکردووە. ئێمە هیوادارین ئەم هەوڵە بگاتە ئەنجام.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دهۆک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە سودانی دووپاتیکردووەتەوە مووچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان دەدرێت و بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش، هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ دەبێت. ئەمڕۆ سێشەممە 18-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەدا هەردوولا پیرۆزبایی "سەرکەوتنی پرۆسە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لەیەکدی کرد،" خوازیاربوون ببێتە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لەپێناو سەقامگیریی دۆخی عێراق و باشتربوونی دۆخی خزمەتگوازییە گشتییەکان لە عێراق. لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، جەخت لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، لەوبارەیەوە "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، دووپاتی کردەوە کە مووچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم ساڵ بەپێی رێککەوتنەکان دەدرێت، بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی لە چوارچێوەی بودجەی گشتيی فیدراڵ دەبێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە، هەردوولا پیرۆزباییان لە یەکتری کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەرێوەچوو و هەردوولا هیوایان خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بیت. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر یاسای هەڵبژاردن لەپێناو دادپەروەریی زیاتر پێویستی بە گۆڕین هەیە. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کران. جێگەی ئاماژەپێدانە لەو دیدارەدا هەریەک لە فوئاد حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەها ئەعرەجی و ئەحمەد ئەلئەسەدی و قوسەی مەحبوبە ئەندامانی هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردەوە و گەشەپێدان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێ، ئەگەر کۆمیسیۆنی پەرلەمان نەچێتە ئیمراڵی، پێویست بکات خۆی دەچێت. دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، باسی رۆژەڤی کرد. باخچەلی، ئاماژەی بە پێویستییەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کرد و رایگەیاند، یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان گوێی لێ بگرێت. باخچەلی گوت: "ئەگەر کۆمیسیۆن نەچێتە ئیمراڵی، ئەو لە چوون بۆ ئیمراڵی خۆی پاشدانادات". باخچەلی، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، رەخنەی لە ئیی پارتی گرت کە دژی پڕۆسەکەیە و گوتی، بۆچی ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' ئێوە بێزار دەکات. دەقی قسەکانی دەوڵەت باخچەڵی: کۆمیسیۆن 17یەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات. دوای ئەوە، ئەگەری هەیە ئەو شاندەی دەچێتە ئیمراڵی، پێکبهێندرێت و دەستنیشان بکرێت. دەبێت کۆتایی بەو مشتومڕانە بهێندرێت کە رۆژانێکە بەردەوامن لەبارەی 'ئایا بچنە ئیمراڵی یان نەچن؟'. ئەگەر بمانەوێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بە پێوەرێکی دروست و دڵسۆزانە بێتەدی، ئەوا هیچ مانایەک بۆ دواخستنی چوون بۆ ئیمراڵی نامێنێتەوە. ئەگەر پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە دانەنرێت، چۆن دەگەینە ئەنجام؟ چۆن پێشڤەچوون بەدەست دێت؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکهاتووە لەم چوارچێوەیەدا بڕیار نەدات، ئەگەر هیچ کەسێک ئارەزووی ئەو سەردانە نەکات، ئەگەر هەمووان پێداگیر بن لەسەر ئەوەی رۆڵی سێ مەیموونەکە بگێڕن، ئەوا بە راشکاوی دەیڵێم: من لەوە پاشگەز نابمەوە کە لەگەڵ سێ هاوڕێمدا، بە توانای خۆمان بچینە ئیمراڵی و لە دەوری مێزێک رووبەڕوو دابنیشین.
فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، لە وتارێکدا لە کۆڕبەندی مێپس 2025، گوتی: عێراق دەتوانێت ڕۆڵی یاریزانێکی سەرەکی لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، گوتیشی: دەستوور بنەمای بەڕێوەبردنی وڵات و کلیلی سەرەکیی چارەکردنی کێشەکانە. فایەق زیدان، لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و چەسپاندن یاسا، دەبێت ڕێگریی لە دەستوەردانە دەرکییەکان بکرێت. ڕادەستکردنی دەسەڵات لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتنی یاسادا بێت. بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەسەر ململانێ ئایدۆلۆجییەکاندا زال بکرێن و متمانەی نێوان حکوومەت و هاووڵاتی پتەو بکرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، هەروا گوتی: چاکسازیی ئیداری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و وزە و چەسپاندنی کۆڵەکەکانی سەقامگیریی، دەبنە مایەی بەهێزبوونی عێراق. فایەق زیدان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دادگای عێراق سەلماندوویەتی کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی هەیە و دەتوانێت لە چوارچێوەی دەستووردا، بێلایەنانە وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی دەوڵەت، ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس گوتی، "سیاسەتی خۆسەپاندن نە لە عێراق و نە لە جیهان سەرکەوتوو نەبووە." لە دەستپێکی کۆڕبەندی مێپس 2025، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیواخوازین ڕاسپاردەکانی کۆتایی ئەم کۆڕبەندەیە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت. رایگەیاند، "پەیماننامەی سایکس پیکۆ گۆڕانکارییەکەی گەورەی لە ناوچەکە دروست کرد. سایکس پیکۆ ئەمن و ئاسایشی بۆ ناوچەکە نەهێنا، لەو کاتەوە ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنین." سەرۆک بارزانی دەشڵێت، زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەڵام بەردوام بوون لەسەری "تاوانە" و "حەقە ئەو کێشانەی دێنە بەردەممان بۆ جیلی داهاتوو بەجێنەهێڵین." ئاماژەی بەوە دا، "ئەو هەلەی 2003 هاتە پێش هێشتا ماوە و دەبێت لەدەستی نەدەین." لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامدرا رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێچکەیەکی راست و دروست." لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تورکیا، سەرۆک بارزانی گوتی، "پشتیوانییەکی باشمان لێکردووە و بەردەوام دەبین." هەروەها لە سووریاش دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە پێش. سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە رووی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتوو بوو، لە هیچ شوێنێک نەمبیست کەشی هەڵبژاردن ناخۆش بکات. بەڵام هیوادام یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت." سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا لە مێپس 2025، گوتی: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیودارین لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆڕبەندە ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنێت، کە ئەم کۆڕبەندەی بۆ دەبەسترێت. گوتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی زۆر و مەترسیدار هەیە، ئومێدەوارین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببێتە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێ ڕووداو، گۆڕانکاریی و مێژوو دروست دەکەن. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، پەیماننی سایکس پیکۆ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا هێنا، ئەم سیستەمەی لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس پیکۆ هاتە کایەوە، بەداخەوە سەقامگیریی بۆ ناوچەکە نەهێنا، گرفتی گەورەی دروست کرد، تاوەکوو ئێستاش میللەتانی ئەم ناوچەیە بەدەست ئەم پەیماننامەیەوە دەناڵێنین. سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، پێویستە میللەتی ئەم ناوچەیە زۆر بە جددی بیربکەنەوە کێشەکە لە کوێیە، تاوەکوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، هیچ گونجاو نییە ئێمە بەیەکەوە بژین و ناتەبابین، ئەگەر گرفتەکان بدۆزینەوە و نیاز و ئیرادە هەبێت، چارەسەری کێشەکانیش زۆر ئاسان دەبن. سەرۆک بارزانی گوتیشی: زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەلام تاوانە لەسەر هەڵەکە بەردەوام بی، سیاسەتی خۆسەپاندن بەسەر هەموو جومگەکان سەرکەوتوو نەبووە، لە نە عێراق نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، نەوەی داهاتوو پێویستیان بەوەیە ژیانێکی خۆش و بەختەوەریان هەبێت، بۆیە نابێت ئەو کیشانەی ئێستا هەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبێڵین. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتی عێراق لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا، دوای ئەو لە شۆرشی 14ـی تەممووزی 1958 بڕگەیەک نووسرایەوە کە تێیدا هاتبوو (کورد و عەرەب لەو نیشتمانە هاوبەشن)، ئەمەش هێزێکی دیکەی بەخشییە عێراق و ڕۆژانێکی زۆر خۆش هاتە ئاراوە ژینگەیەکی ئارام دروست بوو، بەڵام دیسان ئەمە سەری نەگرت، لە 11ـی ئادار ڕێککەوتن لە نێوان سەرکردایەتی شۆرش و حکوومەتی عێراق کرا، پاش ماوەیەکی دیکە ئەوەش سەری نەگرت. لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی دەشڵێت: هیچ کاتێک سەرکردایەتی شۆرش هیچ دەرفەتێکی چارەسەری ئاشتیی لەدەست خۆی نەداوە، لە ساڵانی 1963، 64، 66، 70 و 91 هەرکات دەرفەتی ئاشتی هەبووبێت سەرکردایەتی شۆڕش دەستی بۆ درێژکردووە، ئێمە وەکوو کورد سەلماندوومانە ئاشتیی خوازین، ئەو شتانەی بەسەر ئێمەشدا هات بیرمان ناچێت بەڵام ئێمە تۆڵە ناکەینەوە، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین برایەتی ئێمە و عەرەب و پێکهاتەکان زۆر لەوە بەرزترە لەو کێشە و تاوانانەی لەلایەن حکوومەتەوە ئەنجام دەدرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماری کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-11-2025 لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی عێراق و سووریای کرد. ئەردۆغان لەبارەی عێراق و سووریا گوتی: "لە عێراقەوە هەتا سووریا؛ بە درێژایی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە داکۆکی لە ئاشتی، دادپەروەری، سەقامگیری، بەیەکەوە گەشەپێدان و بەیەکەوە سوودمەندبوون دەکەین". لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، کە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتی: "خۆشحاڵبووین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراقی دراوسێماندا، کە رۆژی 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، لە کەشێکی بێ کێشە و ئاشتییانە بەرێوەچوو. هیوادارین هەڵبژاردنەکە بۆ خەڵکی عێراق ببێتە مایەی خێر و دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە لەمەودواش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی برا عێراقییەکانمان". لەکاتێکدا ئەنقەرە بەردەوام پشتگیری لە حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەکات، ئەردۆغان گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە چاودێریی بەرەوپێشچوونی سووریا لە پەیوەندیی دەرەوە دەکەین. لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار، لەو باوەڕەداین دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی، پێکەوەیی و یەکگرتوویی سووریای دراوسێ، هەمان هەڵوێست و پێداگریمان هەیە". رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، دەرگای وڵاتەکەیان بەسەر ئاشتەوایی واڵا دەکەن.
شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی دەرچووی پارتی لە كەركوك وەڵامی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك دەداتەوە كە رایگەیاندبوو: هۆکارەکانی کەمکردنی کورسی کورد لەکەرکوک ئەوەیە پارتی دەنگی بەکۆتایی مەسیحی داوە شاخەوان عەبدوڵا وەڵامێک بۆ کاک ئاسۆ مامەند …. ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک کاک ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە باسکردنی هۆکاری کەمکردنی کورسی کورد لەکەرکوک باسی لەچەند هۆکارێک کرد کەبەداخەوە وەک هەمیشە ئامانج تەنها چەواشە کردنی خەڵکی کەرکوک و شاردنەوەی راستییەکانە ،بۆ راستکردنەوەی ئەم بابەتە خاڵ بەخاڵ وەڵامتان دەدەمەوە : یەکەم / کاک ئاسۆ لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکە دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی کورسی کوردو پارتی لەکەرکوک ئەوەیە پارتی دەنگی بەکۆتایی مەسیحی داوە ، منیش لێرەوە تەحدات دەکەم و بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیون لەحزبەکەی خۆتە و سەرۆکی کۆمسیونی عیراقیش بەهەمان شێوە لە یەکێتین فەرموو شریتی دەنگدەرانی کەرکوک بڵاوبکەنەوە بزانم کام دەنگدەری کەرکوک دەنگی بەکۆتایی مەسیحی داوە ، وەئەگەر پارتییەکانی کەرکوک دەنگیان بە کۆتای مەسیحی بدایا دەبو دەنگی پارتی کەم بکات نەک زیادبکات بە نزیکەی ١٠ هەزار دەنگ ، خۆ ئەگەر پارتیش لە شوێنێکی ترەوە و بەدەنگی دهۆک یان هەولیر یان هەرجێگایەک دەنگی بە کۆتایی مەسیحی دابێت ئەوە من سەدجار سوپاسی پارتی دەکەم چونکە کورسی کۆتایی مەسیحی لەژێر دەستی رەیان کلدانی دژە کورد دەرهێناو دژە کوردێک لەناو پەرلەمان کەم دەبێتەوە ، وابزانم هۆکاری نیگەرانییەکانی جەنابیشت ئەوەیە کە رەیان شکستی هێناوە نەک ئەوەی کورسی کورد کەمی کردبێت ، دووەم / کاک ئاسۆ باسی ئەوە دەکات گوایە یەکێکی تر لە هۆکاری نەهاتنەوەی خەڵک بۆ کەرکوک دروست کردنی ئەو قەرەباڵغی یە کە لەسەر رێگای هەولیر دروست بوە ، راستە لەوێ چەند کاژمیریک قەرەباڵغی دروست بو بەڵام دواجار خەڵک هات و رێژەیەکی کەم گەراوە ، بەڵام خۆ خەتی چەمچەماڵ و سلێمانی دانەخرابو فەرموو ئاماری گەراوەکانی ئەو سنورە بخەنە روو بزانە چەند هەزار نەهاتوەتەوە ئەوکات بۆت دەردەکەوێت هۆکارەکە شتێکی ترە نەک قەرەباڵغی ، هۆکاری سەرەکی نەگەرانەوەی خەڵک بەرێژەیەکی زۆر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ماوەی ٤ مانگە ڕەزامەندیمان هێناوە لە بەغداوە زەوی دابەش بکریت بەسەر ئەو خێزانانەی مادەی ١٤٠ یان کردوەو ٨٠٪ ی ئەو خەڵکەش ئەوانەن کە لە هەولیرو سلیمانین و لەسەردەمی بەعس تەرحیل کراون ، بەڵام یەک پارچە زەویتان دابەش نەکرد ، ئەوە ئەگەر پرۆژەیەکی نیشتەجێ بون بوایا دەجار ئیفرازاتان دەکردو تەسلیمی وەبەرهێنەرەکەتان دەکرد چونکە سودی بۆ خۆتان هەبوو . سێیەم / لەکاتی بانگەشە میدیاکانی ئێوە و بەتایبەتیش ئەوانەی سۆشیال میدیا کەمانگانەکەیان بەشەخسی لەلایەن جەنابتەوە پییان دەدرێت ئەوەندەی خەریکی شکاندنی پارتی و کاندیدەکانی پارتی بون ، نیو ئەوەندە خەریکی هوشیارکردنەوەی خەڵک بونایا و کاریان لەسەر مەترسی بەشداری نەکردنی کورد بکردیا دڵنیام خەڵک بەپیادەش رووی لەکەرکوک دەکرد ، بەتایبەتی ئەو هەموو پارەی لە دژایەتی پارتی و بەتایبەتی من سەرفکرا لەسۆشیال میدیاو بەکرێ گرتنی قەڵەم فرۆش بۆ ئەوەی دەرنەچین لەخەڵکە ڕەشو ڕوتەکەی خۆتان سەرفتان بکردایا کورسییەکی ترتان زیادی دەکرد . چوارەم / فەرموو جەنابت وەڵامی دەنگدەری کەرکوک بدەوە بزانم خێرە حزبەکەی حلبوسی واتە تەقەدوم لە لەداخستنی وێزگەکان تا رۆژی دواتر بەقودرەتی قادر دەنگەکانیان بەڕێژەی زیاتر لە ٢٠ بیست هەزار دەنگ لەسنوری حەویجە زیادی کردو ئەویش بوە هۆی ئەوەی ئەوان ببنە سێ کورسی لەسەر حسابی کورسی دووەمی پارتی . پێنجەم / خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک و دەوروبەری دڵنیادەکەمەوە پشتیوان بەخودای گەورە بەتەنهاش بین لەناو پەرلەمان ناهێڵین هیچ بڕیارێک لەدژی ئێوە لەپەرلەمان دەربچیت و بەنەفەسی سێ ساڵی ڕابردوو کاردەکەین بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکەو جێ بەجێ کردنی ئەو یاسایانەی لەخولی پێنجەم دەرچون لەگەرانەوەی زەوییەکان و یاساکانی تری ئەم خولە . شەشەم / کاک ئاسۆ پێم سەیرە ئێوە لەخولی چوار ٦ کورسیتان هەبو ئێستا ژمارەی کورسییەکانتان بوەتە چوار و کەچی خۆیشتان بەبراوە دەزانن تێبینی / هەرچەندە دەبوو ئەم ڕونکردنەوەیە برایانم لەمەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک /گەرمیان ئامادەی بکەن ، بەڵام من وەکو کوڕە کەرکوکییەک و نوێنەرێکی شارەکە وەڵامم داوەتەوە نەک وەک ئەرکی حزبیم کە لە سنووری پارێزگای بەغداو خانەقینە .
ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم سەرکردەکانی کۆبووەوە، سەرکردەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران پێکهێنرا، چوار پێوەریش بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران دانران. عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هەموو ئەو ناوانەی لە میدیاکان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناویان دەهێنرێت، ورد و ڕاست نین و لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەودا باسی هیچ ناوێک نەکراوە، بەڵکو بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوخۆیی درا تا هەڵسەنگاندن بۆ ناوی کاندیدەکان بکات، کاری لیژنەکەش ئەمڕۆ و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکردووە. ئەمشەو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیێنرا، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانیش چاوەڕێ دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا خولی تازەی پەرلەمان کۆببێتەوە، بۆیەش ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. ئەوەشی خستەڕوو، بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو لایەنانەی تیایدا بەشدارن، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە و مافی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بۆیە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەسەر چواری پێوەری سەرەکی کرد بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئەوانیش بریتین لە بەهێزی کەسایەتی، دەستپاکی، ئەزموون و بەردەوامی و پابەندبوون بەو ئاڕاستەی چوارچێوە دایدەڕێژێت. پەیوەست بە وادەی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیش، عامر فایز وتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بە یەک کۆبوونەوە یەکلایی نابێتەوە بەڵکو پێویستی بە دوو بۆ سێ دانیشتن و ڕاوێژیی ناوخۆیی زیاتر هەیە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دووشەمە، لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا – کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی دەیڤد تەفوری و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کارئاسانییەک پێشکەش بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات. لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیارە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشدارییەکی گەورەتر و کاریگەرتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوریی هەرێمدا هەبێت. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی نەوت و گاز. لەمبارەیەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران روونیکردەوە کە پێویستە لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، بە جۆرێک کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلابکاتەوە و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت. قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیکردەوە، ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گازی سروشتی لە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی بونیادی پیشەسازی و ئابوریی کوردستاندا بەکاربهێنرێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، هیوای خۆی دەربڕی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە ) و حکومەتی تورکیا بگەنە لێکتێگەیشتن کە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتى تەواو. ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەوەى خستەڕوو، بوونی هێز و گروپ و ئەندامانى پەکەکە لە شنگال و مەخموور و چیای قەندیل بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە. هاوکات فواد حسێن جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. ئەم لێدوانانەى وەزیرى دەرەوەى عێراق دوای ئەوە هات، پێشتر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشانەوەی خۆی لە ناوچەیەکی هەرێمى کوردشتان کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا کە "مەترسی ململانێی لێکەوتەوە" ڕاگەیاند، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەنقەرە بوو. شایانی باسە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند لە وەڵامی بانگەوازێکی دامەزرێنەری، عەبدوڵڵا ئۆجالان، دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی تورکیا، کە نزیکەی ٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا. هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.
نێچيرڤان بارزانى و ئۆسمان بايدهمير پرۆسەی ئاشتی تورکیا و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پرۆسەکەیان لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کرد. پاشنيوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 17ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له ديدارێكدا لهگهڵ سياسهتمهدارى كورد و سهرۆكى پێشووترى شارهوانيى دياربهكر، ئۆسمان بايدهمير، پرۆسهى ئاشتييان له توركيا تاوتوێ كرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى سهرخستنى پرۆسهى ئاشتى و جهختيان كردهوه كه ئاشتى له توركيا كاريگهريى ئهرێنيى بهسهر ناوچهكهوه دهبێت. لهمبارهيهوه نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردهوه كه نابێت دهرفهتى ئاشتى لهدهست بدرێت و ههمووان دهبێت كار بۆ سهرخستنى بكهن. لاى خۆيهوه بايدهمير سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى نێچيرڤان بارزانى له يارمهتيدان و كاركردنى لهپێناو سهرخستنى پرۆسهكهدا دەربڕی و داواى كرد لهسهر ههوڵهكانى بهردهوام بێت. ههڵبژاردنى ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق و دۆخى سووريا، تهوهرێكى ديكهى ديدارهكه بوو.
