دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕوسیادا لەسەر شەڕی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و دوو مەرجی دانا: ناتۆش بە هەمان شێوە و وڵاتانی ئەندامی ئەو وڵاتە باج بەسەر چیندا بسەپێنن. شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئامادەیە سزای گەورە بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت، بەڵام بەمەرجێک هەموو وڵاتانی ناتۆ ڕێکبکەون کە بەتەواوەتی کڕینی نەوتی ڕووسیا ڕابگرن و سزاکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "من ئامادەم سزای گەورە بەسەر ڕووسیادا بسەپێنم، کاتێک هەموو وڵاتانی ناتۆ لە کڕینی نەوتی ڕووسیا دەوەستن". ئاماژەی بەوەش کردووە، "کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن هەندێک وڵاتان شۆککە هێنەر بووە، و پێگەی دانوستانەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە." گوتیشی: وەک دەزانن، بردنەوەی ناتۆ لە دانوستانن و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیادا. زۆر کەم بووەتەوە، بەهەرحاڵ، من ئامادەم بڕۆم بۆ دانوستان هەر کاتێک ئێوە ئامادەبن. تەنیا بڵێن کەی؟. ترەمپ ڕاشیگەیاند، پێم وایە سەپاندنی 50% بۆ 100% باجی گومرگ بەسەر چیندا، بە تەواوی دەکشێتەوە، یارمەتییەکی گەورەش دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، دەشڵێت: چین کۆنترۆڵێکی بەهێزی هەیە، تەنانەت دەستەڵاتیشی بەسەر ڕووسیادا هەیە، بۆیە ئەم گومرگانە ئەم دەستەڵاتە دەشکێنن. گوتیشی: ئەمە جەنگی ترەمپ نییە، هەرگیز دەستی پێنەدەکرد ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئەمە جەنگی بایدن و زێلێنسکییە، من تەنیا لێرەم بۆ یارمەتیدانی ڕاگرتنی جەنگ و ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران ڕووسی و ئۆکرانی. ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ناتۆ وەک ئەوەی من بڵێم بیکات، جەنگەکە بە خێرایی کۆتایی دێت، ئەگەر نا، ئێوە تەنیا کاتی من و وزە و پارەی ئەمەریکا بەفیڕۆ دەدەن.
80 كۆچبەری كورد كە بەهۆی كونبوونی یەختەكەیان لە ناوەڕاستی دەریای ئیجە، ژیانیان كەوتبووە مەترسییەوە، لەلایەن پۆلیسی پاراستنی سنوورە ئاوییەكانی یەكێتیی ئەوروپاوە ڕزگار دەكرێن. درەنگانی شەوی ڕابردوو، یەختێكی كۆچبەران بە 80 سەرنشینەوە كە باس لەوە دەكرێت سەرجەمیان كوردن، لە دەریا ئیجە لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنانەوە تەقەیان لێ دەكرێت و یەختەكەیان كون دەبێت، بەهۆیەوە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە. ڕەنج پشدەری، چالاكوانی بواری مافی پەنابەران لە ئەوروپا ڕاگەیاند، دوای ڕووداوی تەقەكردنەكە، كۆچبەرەكان پەیوەندییان پێوە كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە كە ژیانیان لەمەترسیدایە. سەرچاوەیەك لە كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەلێت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە كۆچبەرەكان لەلایەن پۆلیسی پاراستنی سنوورە ئاوییەكانی یەكێتیی ئەوروپاوە ڕزگاركران.
میدیاکانى تورکیا ئەمڕۆ بڵاویاننکردەوە ئیسرائیل بە بێدەنگی و بەنهێنى وەجبەی دووەمی سیستمى دژە مووشەک و چەند جۆرێکى دیکەى چەک و کەرەستەى سەربازى گەیاندوەتە حکومەت و ئیدارەی قوبرسی یۆنانی، ئەمەش دوابەدوای هەڕەشەکانی تورکیاو زیادبوونى گرژیەکان. ئیدارەی قوبرسی یۆنانی بەهاوکارى ئیسرائیل سیستەمی بەرگری ئاسمانی "باراک ئێم ئێکس"ی لە سەر خاکی قوبرس جێگیر کردووەو ئامادەکاری دەکات بۆ بەرگریکردن لە بنکەی ئاسمانی خۆی لە پافۆس بە مووشەکەکانی باراک ئێم ئێکس کە لە ئیسرائیلەوە وەریگرتووە. ئەو سیستمە موشەکانەی بەرگری ئاسمانی لە ئیسرائیلەوە دەگەنە بەندەری لیماسۆڵ گەڕۆکن و وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی نزم پۆلێن دەکرێن. ئەم سیستەمە دەتوانێت لە یەک کاتدا چەندین فڕۆکە بکاتە ئامانج و لە دژی کۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێ فرؤکەوانەکان کاریگەرە. هەروەها ئەو مووشەکانە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئاسن دۆم"ی ئیسرائیل. وەزیری بەرگری قوبرس ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەى لە ژێر هەڕەشەی ٤٠ هەزار سەربازی تورکیا لە TRNC دایە و جەختی لەسەر پێویستی بەرنامەی چەکی نهێنی کردەوە. ئیسرائیل وەجبەی دووەمی مووشەکی بەرگری ئاسمانی باراک ئێم ئێکسی ڕادەست کرد، کە بەشێکە لە سیستەمی "قوببەى ئاسنین" کە چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی قوبرسی یۆنانەوە فەرمانی پێکرابوو. مووشەکەکانی بەرگری ئاسمانی لە بەرزایەکانى قوبرس کە یەکەم وەجبەیان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو گەیشتە ئەوێ جێگیرکراون، بڕیارە وەجبەى دوەمیش لە دەوروبەری بنکەی ئاسمانی ئەندرێاس پاپاندرۆ لە پافۆس جێگیر بکرێن.
ئەمڕۆ شەممە نەوەی نەوێ بڵاویکردەوە، "بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکەین و لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین." میدیای فەرمی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندووە کە بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دەکەن، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەکەیان لە زینداندایە. جوڵانەوەکە چوار بەڵێنی سەرەکی بە هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات. جوڵانەوەی نەوەی نوێ دووپاتیکردووەتەوە کە بەشداریی لە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی جوڵانەوەکەیان لە ئێستادا لە زینداندایە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانیان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا. جوڵانەوەی نەوەی نوێ چوار بەڵێنی سەرەکی بە هاوڵاتیان دەدات، کە بریتین لە: 1. تەوتینکردنی مووچە: سەرجەم مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بانکەکانەوە تەوتین دەکەن و بەمەش کۆتایی بە کێشەی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دەهێنن. 2. گۆڕینی نوێنەرانی کورد لە بەغداد: کارێک دەکەن کە ناهێڵن نوێنەرانی پێشتری هەرێمی کوردستان لە بەغداد، جارێکی تر نوێنەرایەتیی کورد بکەن لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقدا. 3. پێشینەی هاوسەرگیری: پێشینەی هاوسەرگیری (سولفەی زەواج) بۆ سەرجەم گەنجان دابین دەکەن. 4. قەرز و سولفە بۆ چین و توێژە جیاوازەکان: o قەرز بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بەهرەکان. o سولفەی عەقار بۆ سەرجەم کرێنشینانی هەرێمی کوردستان. هەموو ئەم قەرز و سولفانە لەڕێگەی حکومەتی عێراقی و بانکە عێراقییەکانەوە جێبەجێ دەکرێن.
نزیکەی 20 هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان مەترسیی کەمبوونەوەی مووچەکانیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کە لە ساڵی 2014 دەرچووە، لەبری یاسای خانەنشینی ساڵی 2007ی هەرێم. وەزارەتی دارایی عێراقیش وادەی بۆ حکومەتی هەرێم داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە تا کۆتایی ئەمساڵ. بەگوێرەی بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى کە لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینان دەستکەوتووە، نزیکەی بیست هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دەبێت، کە یاسایەکی نوێترە لەچاو یاسا کارپێکراوەکەی ئێستای هەرێم. وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە، کە تا کۆتایی ئەمساڵ پرسی خانەنشینانی پێشمەرگەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا چارەسەر بکرێت. تاوەکو ئێستا خانەنشینانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە داوایکردووە کە خانەنشینی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینی ساڵی 2007 بێت. هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە. بەدواداچوونەکان ئەوەیان دەرخستووە کە نزیکەی 20 هەزار پلەداری خانەنشینی پێشمەرگە، لە پلەکانی (ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و فەریق ڕوکن و فەریق)، مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی ئەوەیە کە لە یاساکەی عێراقدا دەرماڵەی مەترسی و هاوسەرگیری و منداڵ بوونی نییە. بەمەش مووچەی پلەدارەکان لەنێوان 500 هەزار دینار تاوەکو نزیکەی دوو ملیۆن دینار کەمدەبێتەوە. لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڕیاردراوە ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە بکرێت. پاشان گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.
نادین ئەیوب، یەکەم کچە فەلەستینی کە بەشداری پێشبڕکێی شاجوانی گەردوون دەکات، دەڵێت دەیەوێت پەیامێک بۆ جیهان بنێرێت کە فەلەستینیەکان تەنها گەلێکی ئازارچێشتوو نین، بەڵکو خەون و ئاوات و ناسنامەیەکیان هەیە. هاوکات لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە کە زیاتر لە ٢٣ مانگە بەردەوامە، ئەو کچە تەمەن ٢٧ ساڵە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو پێشبڕکێیەدا، کە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا لە تایلەند بەڕێوەبچێت. ئەیوب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە دوبەی وتی: ئێمە تەنها خەبات و ئازارەکانمان نین. هەروەها فەلەستینییەکان منداڵن کە دەیانەوێت بژین، هەروەها ژنانی خەون و ئارەزوویان هەیە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەشداریکردنیەوە دەیەوێت تیشک بخاتە سەر جوانی خاکەکەی و دەوڵەمەندی میراتەکەی و لە سەرووی هەمووشیانەوە وێنەی مرۆیی گەلەکەی. ئەو ژنە گەنجە پێستی سپی و قژ قاوەیی درێژە لە پێشبڕکێکانی جوانکاریدا پەروەردە نەبووە. لە نێوان کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو و ئەمریکا و کەنەدا گەورە بووە و ئێستا لە نێوان ڕامەڵڵا و عەممان و دوبەی دەژی. ئەو دەڵێت: پەیمانگایەکی ڕاهێنانم لە ئیمارات دامەزراند بۆ دروستکەرانی ناوەڕۆک لە بوارەکانی پەیوەست بە بەردەوامیی و زیرەکی دەستکرد، دایک و باوکم ئەکادیمی بوون، بۆیە پاڵپشتیان کردوم بۆ ئەوەی سەرنجم لەسەر خوێندنەکەم بێت. خاوەنی بڕوانامەی ئەدەبی ئینگلیزی و دەروونناسییە. لە ناوچەکانی فەلەستین وانە دەڵێتەوە و لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان کاردەکات، پێش ئەوەی ڕۆڵێکی لە نمایشێکی جلوبەرگدا لە ئیتاڵیا پێشکەش بکرێت، ئەمەش سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. دوای بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی، نادین ئەیوب بەشداری لە چالاکییە خێرخوازییەکان بۆ دامەزراوەکە کرد و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەشداری لە پێشبڕکێی شاجوانی زەویدا کرد، بەڵام ساڵی دواتر بەهۆی شەڕی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، لە بەشداریکردن لە شاجوانی گەردوون کشایەوە. لە کاتێکدا شەڕی وێرانکەر بەردەوامە، شاجوانی فەلەستین پێی وایە دەبێت دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی ئەمساڵدا "بۆ قسەکردن لەسەر فەلەستین و نمایشکردنی فەلەستین لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی". ئەو دەڵێت: گەلەکەمان پێویستی بە دەنگێکە. “ئێمە نامانەوێت ناسنامەکەمان بسڕدرێتەوە.” ئەیوب جەخت لەوە دەکاتەوە کە "نوێنەرایەتی وڵاتێک دەکات لە مافی خۆیدا"، کە نزیکەی ١٤٥ وڵات لە کۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پێدا دەنرێت. لە نیویۆرک، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی "بەیاننامەی نیویۆرک"ی پەسەند کرد، کە ئامانجی ئەوەیە پاڵنەرێکی نوێ بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل بدات و هەوڵدەدات "دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆی فەلەستین" دابمەزرێنێت. 142 وڵاتیش دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا و 10 وڵاتیش بە نەخێر دەنگیان دا.
سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند، هەر دەسەڵاتێک دوو ئەرکی سەرەتای هەیە، ئەویش پاراستنی خەڵک و دابینکردنی بژێوی ژیانیان. ئەمەش بنەمای سیاسەتی سوریا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بووە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەل ئەخباریە ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە ڕێبازێکی درێژخایەنە، دەست پێدەکات لەوەی کە لەبەردەستدایە و لەسەر بنەمای ئەولەویەتەکانە، جەختیشیکردووەتەوە ئەوەی کە لەبەردەستدایە سنووردار نییە. لشەراع ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا لە سوریا کار لەسەر چەند کەرتێک دەکرێت، لەوانە کشتوکاڵ. ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا نزیکەی 1150 هێڵی بەرهەمهێنانی نوێ زیادکراون، جگە لە دەستپێکردنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان. ڕوونیشی کردەوە کە ئیسرائیل پلانی داڕشتبوو بۆ دابەشکردنی سووریا و بیکاتە گۆڕەپانێکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەڵام بە ڕووخانی ئەو ڕژێمە سەری سوڕمابوو. ڕوونیشیکردەوە، ئیسرائیل ئەمەی بە لادان لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1974 دادەنێت، سەرەڕای پابەندبوونی سوریا بەو ڕێککەوتنە لە سەرەتاوە. شەراع جەختی لەوە کردەوە کە سوریا نایەوێت لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە حاڵەتێکی دڵەڕاوکێ و گرژیدا بێت و تۆپەکەش لە گۆرەپانی ئەو وڵاتانەیە کە ناکۆکی و نائارامی هاندەدەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە سوریا بەدوای پەیوەندییەکی هێمنانە لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان و ناوچەکەدا دەگەڕێت. لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا سەرۆکى سوریا ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکییەک لە سوەیدا لە نێوان بەدەوییەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی دروزەکان سەریهەڵدا و ئەو ناکۆکییە پەرەی سەند و بوو بە توندوتیژی. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەرکەکە ڕاگرتنی خوێنڕشتنە، هەروەها لیژنەکان پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە سووکایەتی یان دەستدرێژییان کردووە. سەبارەت بەڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەسەدە ئەحمەد شەرع دەڵێت: دانوستانەکان لەگەڵ هەسەدە بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێدەچێت جۆرێک لە دواکەوتن یان وەستان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا هەبێت. هەروەها ئاماژەى بەوەشدا، ئامانجمان بوو تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو بڕگەکانی جێبەجێ بکەین. له کۆتاییدا سوریا دەستبەردارى یەک بست له خاکی خۆی نابێت، ئەمەش سوێندێکه که لەبەردەم خەڵکدا سوێندمان خوارد: پێویسته هه موو خاکی سوریا بپارێزین و سوریا یه کگرتوو بکه ین".
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووان. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشناڵ) ڕایگەیاند: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا دۆخی ئەمنی لە تەواوی عێراق باشترە و هێرشی تیرۆریستی کەمتر بووەتەوە، بۆیە دەتوانێت وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشێت. زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی عێراق هاندەر بووە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری نەوت، بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن. سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری دەڵێت: حکوومەتی عێراق نیازێکی پاکی هەیە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی ئاشکرا نەکردووە. هاوکات وتیشى: حکومەتی عێراق نیازى پاکە، هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت. ئەوەشى باسکرد کە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە. ئاشکراشیکرد، عێراق لە هەموو شتێک زیاتر، پێویستی بە ژینگەیەکی باش و ئارام هەیە بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووەکان.
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی پشتێنەی کەرکوک نزیک هەفتەبازاڕ، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش برینداربوون سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەڕێگای بازنەیی کەرکووک ڕوویدا، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک وتى: پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش برینداربوون. بەپێی وتەی شاهێدحاڵەکان ،بارهەڵگرێک کە لەقەراغ ڕێگاکە وەستاوە و شۆفێرەکەی خەریکی خواردنی نانی بەیانی بووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ کەشەش سەرنشین و شۆفێرەکەی تێدابووە، کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرەکە، بەهۆی ڕووداوەکەوە پێنج کەس لەسەرنشینانی ئۆتۆمبێڵی ئۆپڵەکە گیانیان لەدەستداوە و سیانی دیکەش بەسەختی برینداربوونە.
بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند خەلیل حەییا، ڕێبەری بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە زیندووەو لەڕێوشوێنێکى ئەمنى توندا نوێژی پرسەی بۆ کوڕەکەی و حەمام و شەهیدانی دیکە لە دۆحە ئەنجامداوە. ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى لە بەیاننامەیەکدا حەماس دەڵێن: برا موجاهید دوکتور خەلیل حەییا، بەرپرسی باڵاى بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، نوێژی پرسەی بۆ کوڕە شەهیدەکەی، حەمام و شەهیدانی هەوڵی تیرۆری خیانەتکارانە لە دۆحە ئەنجامدا، ئەمەش دوابەدوای ڕێکخستنە ئەمنییەکانی تایبەت لە ویلایەتی قەتەر". وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە کوژرانی جیهاد ڕیاح حەسەن لاباد، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل ئەلحەیای پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەى رۆژی سێشەممە 09-09-2025 ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێکە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی بزووتنەوەکە. حەماس رایگەیاند، بەرپرسە فەلەستینییەکان کە بۆ دانوستاندنی ئاگربەست چووبوونە ئەوێ، رزگاریان بووە. لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی حەماسی کوشتووە، بەڵام بزووتنەوەکە هێشتا ژمارەیەک سەرکردەی ماون، کە ئامانجی ئیسرائیلن. لای خۆیەوە حەماس ڕایگەیاند کە شاندی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل ئەلحەیە لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان بووە. بەڵام کوڕەکەی بە ناوی حەمام و جیهاد لەباد بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلحەیە و سێ پاسەوان کە بریتین لە عەبدوڵڵا عەبدولواحید و موئامین حەسونە و ئەحمەد ئەلمەملوک کوژران. هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بێپێشینە و چاوەڕواننەکراو بوو، ئەوەش دەرخەری گۆڕانکاریی گەورەیە لە سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە. ئیسرائیل چیتر بە زمانی دیپلۆماسی و مۆدێلی رۆژئاوایی سیاسەت لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات، بەڵکو زمانی هێز و مۆدێلی رۆژهەڵاتی بەکاردەهێنێت، چونکە بەو شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل تێدەگەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى.
سوشیلا کارکی سوێندی یاسایی خوارد و وەکو یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە نیپاڵ دەستبەکار بوو. کارکیی تەمەن 73 ساڵ کە بە پێداگرییەکەی لەسەر سەربەخۆیی و راستگۆیی ناسراوە، زۆرجار باسی لە پێویستیبوونی شەفافیەت و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە. رۆژی هەینی 12-09-2025 کیران پۆخارێل، راوێژکاری میدیایی سەرۆکایەتیی نیپاڵ رایگەیاند، "سەرۆک رام چاندرا پادێل، سوشیلا کارکی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکات." هەر ئەمڕۆش کارکی سوێندی یاسایی خوارد. نیپاڵ چەند رۆژێک بە زنجیرەیەک خۆپێشاندانی خوێناویدا تێپەڕی و تێیدا پەیکەری حکومەت هەژا. ئەوانەی خۆپێشاندانیان کرد، زۆرینەیان گەنج بوون و ناویان لەخۆ ناوە نەوەی زێد (Gen Z). نەوەی زێد هەڵبژاردنی کارکی بەلاوە پەسندە. کارکی بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەوان بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی کورت متمانەیان پێمە، تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت." ئەنیل کومار سینها، دادوەری پێشووی دادگەی باڵا کە لەگەڵ کارکی کاری کردووە، گوتی، "کارکی کەسێکی متمانەپێکراوە بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی کاتی؛ راستگۆییەکەی گومانی لەسەر نەبووە؛ کەسێک نییە بترسێنرێ یان بە ئاسانی کاریگەری لەسەر کارەکەی دروست بکرێت." لە گوتارێکدا کە سەرەتای ئەم ساڵ لە میدیاکانی نیپاڵ بڵاوکرایەوە، کارکی باسی لە گەندەڵی کرد و گوتی، "ئێمە لە هەموو شوێنێک دەیبینین، بەڵام قسە ناکەین. ئێستا پێویستە گەنجان قسە بکەن، پێشەنگ بن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەربکەون. ئەوەی لە 35 ساڵی رابردوودا بینیم کاریگەری نییە. من 100% لە بەرژەوەندی هاتنەپێشەوەی گەنجانم." ماوەی کارکی وەک سەرۆکی دادگەی باڵا لە 2016 بۆ 2017 کورت بوو بەڵام گرنگ بوو؛ پرسی جێندەریی وروژاند و لەسەر گەندەڵی رووبەڕووی سیاسەتڤانان بووەوە. کارکی لە کۆمەڵگایەکدا گەورە بووە کە ژنان بە دەگمەن دەچوونە نێو بواری یاسا.
سەرەڕای ناڕەزایی ئەمەریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە، بەڵام زۆرینە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەر و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بە مەرج دەنگیان بە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکاندا. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کرد و جاڕنامەی نیویۆرك بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین بێ بوونی بزووتنەوەی حەماس پەسند کرد. لە دانیشتنەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە لەبارەی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، 142 وڵات دەنگیان لە بەرژەوەندی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان دا، بەڵام 10 وڵات، سەرەکیترینیان ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەنگیاندا، 12 وڵاتیش دەنگیان نەدا. بە گوێرەی ئەو ڕەشنووسەی دەنگی پشتیوانی زۆرینەی وڵاتانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەستهێناوە، دەرفەتێکی دیکە و نوێ دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو وڵات و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێی فەڵەستین – ئیسرائیل؛ هاوکات دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت بەبێ بوون و مانەوەی حەماس بێت. هەر لە دەقی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، دەبێت بزووتنەوەی حەماس هەرچی زووە چەک دابنێت و پاداشت و دیارییە بۆ حەماس بۆ ئەوەی بارمتە ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ئازاد بکات و بگەڕێنێتەوە.
هەوڵە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە مانگی داهاتوودا، رەنگە روبەڕوی بەربەستێک بووبێتەوە: لیژنەی نۆبڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە ناکەوێتە ژێر هیچ کاریگەرییەکەوە. لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رونی ئارەزووی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەناوبانگە ئاشکرا کردووە، کە پێشتر باراک ئۆبامای رکابەری دیموکراتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی 2009 بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بردییەوە. ملیاردێرە 79 ساڵانەکە هەموو دەرفەتێکی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی بڵێت "شایەنی ئەوەیە"، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەش شەڕی کۆتایی پێهێناوە، سەرەڕای ئەوەی شەڕەکانی غەززە و ئۆکراین—کە دەڵێت دەیەوێت چارەسەریان بکات—هێشتا بەردەوامن. کریستیان بێرگ هارپڤیکن، سکرتێری لیژنەی نۆبڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە ئۆسلۆ وتی: "بێگومان تێبینی ئەوە دەکەین کەهەوڵێکی زۆری میدیایی لەسەر کاندیدی دیاریکراو هەیە، بەڵام ئەوە بەڕاستی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە نییە کە لە لیژنەکەدا بەڕێوەدەچن." وتیشی: "لیژنەکە هەموو پاڵێوراوێک بەپێی شایستەییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت." براوەی ئەمساڵ لە 10ی تشرینی یەکەمدا رادەگەیەنرێت. ترەمپ بانگەشەکانی خۆی بەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چەندین سەرکردەی بیانی، لە بنیامین نەتەنیاهۆی ئیسرائیلییەوە تا ئیلهام عەلیێڤی ئازەربایجانی، یان پاڵاوتوویانە یان پشتگیرییان لە پاڵاوتنەکەی کردووە. بەڵام، دەبوو زۆر خێرا بووبن بۆ خەڵاتی ئەمساڵ، چونکە وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوەکان 31ی کانوونی دووەم بوو، واتە تەنها ١١ ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ. هەر لەم بارەیەوە هارپڤیکن وتی: "پاڵێوراو بوون مەرج نییە دەستکەوتێکی گەورە بێت. دەستکەوتی گەورە ئەوەیە کە ببیتە براوە. لیستی ئەو کەسانەی دەتوانن کەسێک بپاڵێون زۆر درێژە." بەپێی رۆژنامەی دارایی "Dagens Naeringsliv"، ترەمپ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دارایی نەرویج، یەنس ستۆڵتنبێرگ (سکرتێری پێشووی ناتۆ)، باسی خەڵاتی ئاشتیی کردووە. هەرچەندە لیژنەی نۆبڵ لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە دیاری دەکرێت، بەڵام لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکانی بە سەربەخۆیی و دوور لە سیاسەتی حیزبی و حکومەتی کاربەدەست دەدات. نموونەی دیاریش ئەوەیە کە خەڵاتی ساڵی 2010ی بەخشییە Liu Xiaoboی دژبەری چینی، سەرەڕای هۆشدارییە نهێنییەکانی حکومەتی نەرویج، کە بووە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و ئۆسلۆ بۆ چەندین ساڵ. شارەزایان لە نەرویج پێیان وایە شانسی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە زۆر کەمە، چونکە سیاسەتی "ئەمریکای یەکەم"ی ترەمپ پێچەوانەی فرەلایەنییەتە کە ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، بەرگری لێدەکرد. هالڤارد لێیرا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای نەرویجی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (NUPI) وتی: "ئەم جۆرە فشارانە زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت. ئەگەر لیژنەکە ئێستا خەڵاتەکە بدات بە ترەمپ، بێگومان تۆمەتبار دەکرێت بە ملکەچبوون." لە مانگی ئابدا، سێ مێژوونووسی نۆبڵ لە وتارێکدا چەندین هۆکاریان خستەڕوو کە بۆچی نابێت سەرۆک ئەو خەڵاتە وەربگرێت، لەنێویاندا سەرسامییەکەی بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا. ئەوان نوسیبوویان: "پێویستە ئەندامانی لیژنەی نۆبڵ عەقڵیان لەدەست دابێت" (بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی بدەنێ).
وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا ئەنجامداوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند شانەیەک کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە هەیە. ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سەربازى سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی ورددا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل "لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا ئەو شانانەیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن یەکەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ٨٤٠ی سوپای قودسی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیسرائیل. هەروەها باسى لەوەکردوە "ئەم شانانە لەلایەن یەکەی ٨٤٠ەوە ئاڕاستە کراون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل". وتەبێژەکەى سوپا دەشلێت: لەماوەى مانگەکانى ئازار و نیسانى ڕابردوودا (٣و٤) دوو ئەندامى یەکەى ٨٤٠ لەسەر خاکى سوریا دەستگیرکراون، هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردنی شانەکانی دیکە کرد کە "بە ناوی یەکەی 840 لەلایەن کەسانی لوبنانی قاسم سەڵاح ئەلحوسێنی و محەمەد شوعەیبەوە کاردەکران، کە مانگی ڕابردوو لە لوبنان لەناوچوون". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان "لە کاریگەرترین گروپەکانی میحوەری قاچاخکردنی چەک لە ئێرانەوە بۆ کەناری ڕۆژئاوا و بەرەی باکوور". ئەڤیخای ڕوونیشیکردەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ئەندام دەرکەوت کە هەندێکیان نەیانزانیوە کار بۆ کێ دەکەن و دەڵێت، زۆرجار بۆ ئەو ئەرکە دامەزراون بەبێ ئەوەی پاڵنەری ڕاستەقینەی یەکەکە ئاشکرابکرێت و لە ڕێگەی بەرتیلدانی داراییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "کەمپەکانی سوپای سوریا لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە لەلایەن ئەم یەکەیە بەکارهێنراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای قودس دۆخی لوبنانییەکان و سوریاییەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی فێڵ و بەرتیلەوە وەریانبگرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".
بڕیارە هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى لە 15%ى قەرزى سەر هاونیشتمانییان دەربکات، کە لە کۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەوەدرا. بەگوێرەى زانیارییەکان، هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکە رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى 15% قەرزە حکومییەکانى سەر هاونیشتمانییان دەردەکات. هەربەگوێرەى زانیارییەکان، لە رێنماییەکاندا مەرجى لێخۆشبوونى لە 15% قەرزەکان، دانەوەى سەرجەم قەرزەکانى کەڵەکەبووە تاوەکو کۆتا رۆژى ئەمساڵ. لێبخۆشبوونەکە قەرزی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێکردن و گەشتیاری دەگرێتەوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، بەمەبەستى ئاسانکاریی دانەوەى پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) کە پێشتر بە هاونیشتمانییان دراوە بڕیاردرا بە لێخۆشبوونى 15٪ ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان. ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەوەشى راگەیاند، لێخۆشبوونەکە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بەرکاردەبێت. باسی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری و بازرگانی و قەرزی بچووک نەکراوە لە راگەیەندراوە فەرمییەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا باس لە پێنج جۆر قەرز و پێشینەکراوە و هیچ باسێک لە لێخۆشبوونى 15% پێشینەى هاوسەرگیرى، پێشینەى بازرگانى و قەرزى پرۆژە بچووکەکان نەکراوە و تاوەکو دەرکردنى رێنماییەکان نازانرێت لێخۆشبوونەکە ئەو قەرزانە دەگرێتەوە یاخود نا.