سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هێڵە کاتییە دەستورییەکان بۆ پێکهێنانی پهرلهمان و حكومهت لە عێراق ڕوندهكاتهوه و دهڵێت، بهگوێرهی دهستور دهبێت 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستا ههڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، لهكاتێكدا خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردوە، بۆ ماوەی چوار ساڵی ڕۆژمێری بەردەوام دەبێت بۆیه دیاریكردنی 11ی 11ی 2025، وەک بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشێلکارییەکی ڕونه و لەسەر بنەمای هیچ دەستوری و یاسایی نییە دیارینهكراوه. فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئهمڕۆ دوشهممه له نوسینێكدا باسی لهوهكردوه، "گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە هەر چوار ساڵ جارێک، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە دەستوردا هاتووە، بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان بۆ عێراق لە ساڵی 2003ەوە دادەنرێت، پهرلهمانی عێراق کە یاساكان دهردهكات به (دایك) دادەنرێت کە حکومەت، نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لێیەوە پێکدێت، ئەندامانی پهرلهمان بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەپێی مادەی 49ی دەستور". ئاماژهی بهوهشكردوه، لە مادەی 56ی دەستوردا هاتوە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەبێت لە 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بە سەرنجدان بەوەی کە خولی ئێستا لە 9ی 1ی 2022 دەستیپێکردوە، بۆ ماوەی چوار ساڵی ڕۆژمێری بەردەوام دەبێت بەپێی مادەی 56/یەکەم، وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنەکان دەبێت 24ی تشرینی دوەمی 2025 بێت، بۆیە دیاریکردنی 11ی تشرینی دوەمی 2025، وەک بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێشێلکارییەکی ڕون پێکدەهێنێت، چونکە لەسەر بنەمای هیچ دەستوری و یاسایی نییە دیارینهكراوه. سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دهڵێت، لە ماددەی 20ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هاتوە، ماوەی تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سێ ڕۆژە لە بەرواری ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە. کۆمسیۆن پێویستە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وەڵامی تانەکان ئامادە بکات و پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری هەڵبژاردنەکان بکات، کە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا دوای وەرگرتنی تانەکان بڕیارێک دەربکات، دوای تەواوبونی ئەم وادانە، کۆمسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکان دەنێرێت بۆ دادگای فیدڕاڵی بۆ پەسەندکردن، دواتر کۆمیسیۆن سەرۆکی کۆمار ئاگادار دەکاتەوە، کە دواتر داوای کۆبونەوەی پەرلەمانی نوێ دەکات بە فەرمانی سەرۆکایەتی لە ماوەی (15 ڕۆژ) لە بەرواری پەسەندکردنەوە. پهیوهست به یهكهمین كۆبونهوهی پهرلهمانی عێراق، فائیق زێدان دهڵێت، "پەرلەمانی نوێ بە سەرۆکایەتی بهتهمهنترین پهرلهمانتار كۆدهبێتهوه بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردو جێگرەکەی، بەپێی مادەی (55)ی دەستور، پاشان بە پێی مادەی (٧٢/یەکەم/ب)ی دەستور، لە ماوەی (30 ڕۆژ) لە کاتی بانگهێشتکردنی، سەرۆکی کۆمار هەڵدەبژێرێت، دوای هەڵبژاردن، سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕادهسپێرێت بۆ پێکهێنانی حكومهت لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا، پاشان کاندیدەکە 30 ڕۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی کابینەکەیان بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی متمانە پێبدرێت، ئەوەش بەپێی مادەی (76)ی دەستور". ئهوهشی خستوهتهڕو، بە پشتبەستن بەو وادە دەستوریانە، کۆی ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی چوار مانگ، بهڵام دەتوانرێت ماوەی چوار مانگی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە ئەگەر یەکەم ڕۆژی هەر قۆناغێکی دەستوری بەکاربهێنرێت، نەک چاوەڕێ بکرێت تا زۆرترین وادە تەواو دەبێت.
هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده) بهرپرسێكی باڵای داعشیان له كهمپی هۆل دهستگیركرد، ئهو كهسه به رهگهز عێراقییه. ناوەندی راگەیاندنی هێزهکانی سووریای دیموکرات، ئهمڕۆ 8ی تشرینی دووهم بڵاویكردهوه، لە چوارچێوەی شەڕی بەردەوامی دژی تیرۆر و رێکخراوی داعش و هەوڵەکانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕە شاراوەکانی، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی (TOL) سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەرەبەیانی ئهمڕۆ لە کەمپی هۆل ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمنییان ئەنجامدا. هەسەدە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی داعش بە ناوی "بەها مسێری"، کە بە "ئەبو عەبدولڕەحمان" ناسراوە و بە رەگەز عێراقییە، دەستگیرکرا. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کەسی دەستگیرکراو رۆڵێکی سەرەکی لە چالاککردنی شانەکانی رێکخراوەکە لەناو کەمپەکەدا و بەڕێوەبردنی شانەکانی لە دەرەوەی کەمپەکەدا هەبووه. هەسەدە دهڵێت، بە دەستگیرکردنی ئەم کەسە گورزێکی کاریگەریان لە تواناکانی رێکخراوەکە داوه و بووە خاڵێکی گرنگ بۆ لەیەکجیاکردنەوەی زنجیرەی پەیوەندی، رێگەکانی دارایی و جمووجوڵەکانی.
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، رێپێوانێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو. عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زیندانی ئیمراڵییەوە پەیامێک بۆ رێپێوانی كۆڵن دەنێرێت و تیایدا دەڵێت: رێپێوانی كۆڵن تەنیا بۆ ئازادی من نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری پرسی کوردە، ئازادی من لە ئازادی گەلی کورد جیاناكرێتەوە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕێپێوانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵن، بەم جۆرەیە: 'ئازادی واتە دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان' "سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی و ئازادییە، بۆ هەموو دۆستانی خۆشەویست، بۆ هەموو هاوڕێ و هەڤاڵان. ئێوە لە سەرتاسەری ئەوروپاوە یەکتانگرت و ڕێپێوانی کۆڵنتان ئەنجامدا. ئەم هەنگاوەتان، زۆر گرنگە. ئەمە تەنها بۆ ئازادیی من نییە، بەڵکوو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی دۆزی کورد و تێکۆشانی ئاشتییەکی شکۆدارە. بەم هەنگاوەتان، پێداگریی و بوێریی و هیوا دەبەخشنە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە. ئازادیی من، دانەبڕاوە لە ئازادیی هاوبەش و دیموکراسیی گەلی کورد و گەلانی تورکیا. وەختێک دەڵێین ئازادی، مەبەستمان ئاشتی و دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسانە. بەم ڕێپێوانە، ئێوە داخوازییەکانمان بۆ چارەسەر و دیموکراسی و ئازادیی بە تەواوی جیهان ڕادەگەیەنن، کە بە ئیرادەوە هەوڵی پەرەپێدان و بەدیهێنانی دەدەین. سەرباری ناوبڕ و پچڕانەکان، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە، هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەر دەدەین. ئەم هەوڵانە دەیسەلمێنن کە خوشک_برایەتی لەسەر ئەم خاکانە ڕێی تێ دەچێت. 'ئەو هیوایەی نیوەناچڵ هێڵراوەتەوە، ئەمڕۆ دەبووژێتەوە' سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لە نیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبووژێتەوە. ڕاستییەکەی، ئەم پرۆسەیە تێپەڕینە لە پرۆسەی شۆڕشی نێگەتیڤەوە بۆ پرۆسەی شۆڕشی پۆزەتیڤ. پێویستە هەمووان وەک ڕاستییەکی گەردوونی و مێژوویی لەم خەسڵەتەی پرۆسەکە تێبگەن. بارێکی نایاسایی بەسەر دیاردەی کورد و تێکۆشانی کورددا سەپێنرا، ئێمە ئیتر تێدەپەڕین بەرەو زەمینەی یاسایی و لەسەر ئەم بنەمایە تێدەکۆشین. بەم ڕێپێوانە بەنرخەی ئێوە، تێکۆشانی چارەسەریی و ئاشتییانە بەرەوپێش دەچێت و دەپشکووێت. "قبووڵکردنی گەلی کورد لەڕێی دەستوورەوە، پەیوەستە بە داهاتووی دیموکراتیکی تورکیاوە" هاوڕێ و هەڤاڵانی هێژا! بۆ ئەوەی گەلی کورد بە شێوەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی کۆماردا قبووڵ بکرێت و بوونی خۆی وەک هاوڵاتییەکی یەکسان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک درێژە پێبدات، پێویستی بە داهاتوویەکی دیموکراتیکی تورکیا هەیە. هەروەها، بۆ ئەوەی کورد لە سووریا و لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سازشکردن لەسەر هەبوون و ئازادیی خۆیان، لەگەڵ هەموو ئایین و گەلاندا بە شێوەیەکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانە بژین، دەبێت پێشەنگایەتی بکەن. ئێمە ئەم دەنگەی ئێوە کە لە ئەوروپا بەرز دەبێتەوە، دەبیستین و دەزانین کە هەموو بەردەنگەکان ئەم دەنگە دەبیستن. لەبەر ئەوەی ئێوە بەهۆی ڕەفتارە نادیموکراتیکەکانەوە ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن، ئێوە ویژدانی چارەسەری و ئاشتین. هەموو هەوڵێکی ئێوە، هەنگاوێکە بۆ خوشک-برایەتی و ئاشتی نراوە. دڵنیام کە بەم ئیرادەیەی ئێوە، گەلی کورد و هەموو چەوساوەکان، دەگەنە داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک. بە خۆشەویستی و ڕێزێکی بێکۆتاییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان زیندانی ئیمراڵی، تشرینی دووەمی ٢٠٢٥".
نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، پرۆسەی دابەشکردنی نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی بنەسڵاوە، دارەتوو و کەسنەزان بەڕێوەدەچێت. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،دێت بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران و چین و توێژە شایستەکان. پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ بوو ڕاگیرابوو، بە بڕیارێکی مێژوویی سەرۆکی حکوومەت لە 27ـی ئاداری 2024 دەستیپێکردەوە. ئامانج لەم پرۆژەیە دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوونە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر سوودمەند نەبوون. پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە چەند قۆناغێک بەڕێوەچووە: قۆناغی یەکەم: لە 15ـی تەمموزی 2025، نزیکەی چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی بەحرکە دابەش کرا. لە مانگەکانی دواتردا، پرۆسەکە شارەوانییەکانی دیکەی وەک قوشتەپە و دارە شەکرانی گرتەوە و تا مانگی ئاب نزیکەی 8 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتبوو. هەروەها لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، زیاتر لە 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەنتەری شاری هەولێردا دابەشکرا. ئەم قۆناغە نوێیە کە سبەی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت، سێ شارەوانیی سەرەکی لە دەوروبەری هەولێر دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، تەنها لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە نزیکەی پێنج هەزار فەرمانبەر پارچە زەوی 200 مەتری وەردەگرن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە لە قۆناغی کۆتاییدان. پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان لە ڕێگەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی و سیستەمی کۆمپیوتەرییەوە بەڕێوەدەچێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و دادپەروەری. بە گشتی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی کابینەی 9ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی گوزەرانی فەرمانبەران و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاووڵاتییان.
ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، لاپەرەى تایبەتى پۆلاد شێخ جەنگى کارا کراوەتەوەو پەیامێکى ڤیدیۆویی و نوسینێکى پشتیوانى بۆ لیستى بەرەى گەل دەربڕیوە. لەبەشێکى پەیامەکەیدا هاتووە: لاهور شێخ جەنگی لەکاتی جەنگدا بوو بە قەڵغان بۆ گەل و نیشتیمان لە بەرەکانی جەنگدا هەمیشە لە پێشی پێشەوە بوو لە خۆشی و ناخۆشیدا پشتی لە گەلەکەی خۆی نەکرد. پۆلاد شێخ جەنگى براى لاهور شێخ جەنگى، هەر لەونوسینەیدا ئەوەش دەخاتەڕوو داواتان لێ دەکەین سبەینی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتە بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بە لیستی خۆرەکە لیستی بەرەی گەل ژمارە ٢٦١. دەقى نوسینەکەى,, لاهور شێخ جەنگی لە کاتی جەنگدا بوو بە قەڵغان بۆ گەل و نیشتیمان لە بەرەکانی جەنگدا هەمیشە لە پێشی پێشەوە بوو لە خۆشی و ناخۆشیدا پشتی لە گەلەکەی خۆی نەکرد لەژێر فشاری دوو دەوڵاتی ئیقلیمی هەرگیز ئامادە نەبوو کوردستان بەجێ بهێلێت ڕووبەڕوی هەموو دوژمنانی گەلەکەمان بوویەوە سبەینی ڕۆژی وەفایە داوا دەکەین لە هێزەکانی پێشمەرگە- پۆلیس- دژە تیرۆر- هێزە ئەمنیەکانی کوردستان خیانەتی ٢٢ی ئاب لەبیر نەکەن بر تانک- درۆن- دەبابە هێرشیان کردر سەر ڕۆڵەکانی خاک و نیشتیمان داواتان لێ دەکەین سبەینی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتە بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بە لیستی خۆرەکە لیستی بەرەی گەل ژمارە ٢٦١ بەرەی گەلەکەمان
نهبهرد عومهر، سهرپهرشتیاری دهستهی ههڵبژاردنهكانی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، پڕۆسهی ههڵبژاردن له كاتژمێر 7:00 بۆ 6:00ی ئێواره دهبێت و بههیچ شێوهیهك پڕۆسهكه درێژناكرێتهوه و ئامێرهكان تهنها لهو نێوهندهدا كاردهكهن، ههر وێستگهیهكی دهنگدانیش له 450 دهنگدهر بوهته 300 كهس. نهبهرد عومهر ئهمڕۆ شهممه له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، "چاودێرانی ناوخۆیی، لایهنه سیاسیهكان و چاودێرانی نێودهوڵهتی چاودێری پڕۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهكهن و ههمویان باجیان بۆ ئامادهكراوه و ناویان تۆماركراوه، بۆ ئهم ههڵبژاردنه پهنجهمۆر نهماوه و تهنها كارتی دهنگدان و ناسنامهیهكی دیكه كهوا بیسهلمێنێت خۆیهتی پێویسته بۆ دهنگدان، تاوهكو ڕۆژی ههڵبژاردنیش كارتی دهنگدان بهسهر دهنگدهراندا دابهشدهكرێت و ئهوانهی كارتهكانیان وهرنهگرتوه، دهتوانن وهری بگرنهوه". ئاماژهی بهوهشكرد، پڕۆسهی بانگهشه له ههرێمی كوردستان "زۆر باش" بهڕێوهچو، تهنها ههشت سهرپێچی تۆماركران و كاندیدهكان له نزیك بنكهكانی كۆمسیۆن بانگهشهیان كردوهو بهوهۆیهوه سزادراون. لهبارهی دهستپێكردنی بانگهشهی ههڵبژاردن، نهبهرد عومهر وتی، "پڕۆسهی ههڵبژاردن كاتژمێر 7:00ی بهیانی دهستپێدهكات و كاتژمێر 6:00 كۆتایی دێت و بههیچ شێوهیهك پڕۆسهكه درێژناكرێتهوه و ئامێرهكان لهنێوان 7 بۆ 6ی ئێواره پڕۆگرام كراون و دواتر كارناكهن، له تهواوی بنكهكانیش ئامێر ههن ئهگهر لهكاركهوتن دهتوانرێت بهكاربهێنرێت. ئهوهشی وت، " ههر وێستگهیهكی دهنگدانیش له 450 دهنگدهر بوهته 300 كهس بهوهش قهرهباڵغی لهسهر بنكهكان دروستنابێت و ئامێرهكان گهرم نابن، له ههڵبژاردنیش سبهینێش 270 ههزار كهس له هێزه ئهمنییهكان بهشداری دهنگدان دهكهن و 27 ههزار كهسیش ئاوارهن و له ههولێر و دهۆك دهنگدهدهن".
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرنوسەری چەند دەزگایەکی راگەیاندنی وڵاتەكەی رایگەیاند: ئەم پرۆسەیەى لە تورکیا دەگوزەرێت، لە ڕاستیدا پرۆسەی ئاشتی نێوان تورک و کورد نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکە لە نزیکەوە لەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری دەکرێت، بە راگەیاندنی ئەو رێکخراوە "تیرۆریستییە" دەستیپێکردووە کە شەڕی دەوڵەت دەکات و نیازی خۆی بۆ دانانی چەکەکانی راگەیاندووە، پرۆسەی دانوستان نییە. وتيشى: هیچ دانوستانێک لە نێوان ئەو رێکخراوەو دەوڵەتدا نییەو هەرگیز نەبووە، ئێمە لە لێدوانە گشتییەکانەوە دەزانین کە رێکخراوەکە بەدوای بەدیهێنانی داواکاری توندڕەو ناگەڕێت، بۆ نمونە، دەزانین کە هەندێک داواکاری وەک دامەزراندنی فیدراڵی، یان پێدانی ئیمتیازاتی دیاریکراو، یان پیادەكردنی زمانێکی فەرمی دیکە لە پاڵ زمانی تورکیدا، نەخراونەتەڕوو. وتیشی: ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا پارتی کرێکارانی کوردستان رێکخراوێکی چەکداری نەماوە، ئەوە بنەمای یاسایی بۆ پرسە بەهێزتر دەکات. جەختیشی كرد لەوەی، داڕشتنی یاسا ئاسانە؛ نوێنەری هەموو لایەنەکان ئامادە دەبن، خاڵی هاوبەش دەدۆزرێتەوە، و باوەڕم پێ بکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، دەتوانن هەر یاسایەکتان بوێت لە پەرلەمان لە ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژدا دەربکرێت، مەسەلەکە خودی داڕشتنی یاساکە نییە، بەڵکو دڵنیابوونە لەوەی پێشوەختە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و خەڵک ئامادەیە بۆ ئەو پرسە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ناوی سەرۆکی کاتی سوریا و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی لە لیستی سزادراوانی تیرۆری جیهانی دەرکرد، بڕیارەکە چەند رۆژێک پێش کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ و شەرع دەرچوو. دوێنێ هەینی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ناوی هەریەک لە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەدی جۆلانی) سەرۆکی پێشووی بەرەی نوسرە و دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی کاتی سوریا، ئەنەس خەتاب سەرکردەی پێشووی بەرەی نوسرە و تەحریر شام و وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتی سوریای لە لیستی سزای تیرۆریستانی جیهانیی دەرکرد. سڕینەوەی ناوی ئەو دوو بەرپرسەی سوریا لە لیستی سزاکان، پێش کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی هەفتەی داهاتووی نێوان ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ دێت، کە بڕیارە لە واشنتن چاویان بە یەکتری بکەوێت. دوای ئەمەریکا، بەریتانیاش ناوی ئەحمەد شەرعی لە لیستی سزاکانی تیرۆر دەرکرد، وەک کاردانەوەیەکی بەرامبەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر شەرع و سڕینەوەی ناوی لە لیستی تیرۆری جیهانی. لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا درا بۆ سڕینەوەی ناوی هەریەک لە سەرۆکی کاتی و وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزاکان، لە کۆبونەوەکەدا 14 ئەندام دەنگیان لە بەرژەوەندی بڕیارەکەدا و تەنها چین وەک یەک وڵات لە کۆی 15 ئەندامەکە بە بڕیارەکە رازی نەبوو. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە، بەپێی بەندی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی هەریەک لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریا لە لیستی سزای تیرۆریستان دەسڕدرینەوە، کە پێش گرتنە دەستی دەسەڵات و بەهۆی چالاکییان بەسەریاندا سەپێنرابوو. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو رێکارانە لە چوارچێوەیە زنجیرە بڕیارێکدایە بەرامبەر بەرپرسانی سوریا، ئەوەش دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا و دوای زیاتر لە نیو سەدە لە سەرکوتکاریی رژێمی ئەسەد.
مارک ساڤایا نوێنەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق بەرەو داهاتوویەکی بەهێز و دوور لە میلیشیاکان بەرەو پێشەوە دەڕوات. لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، ساڤایا وتی، “داهاتووی عێراق بەهۆی خەڵکە بەتوانا و زیندووەکەیەوە گەشاوە دەردەکەوێت، کە بەنرخترین سەرچاوەیە کە هەر نەتەوەیەک خاوەنی بێت.” ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وڵاتەکە لە ساتێکی سەرەکی لە گەشتە دیموکراسیەکەیدا، با ئەم زەبریە بپارێزین”. جەختیشی لەوە کردەوە “ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا وەستاوە لەکاتێکدا بەرەو ئایندەیەکی بەهێز و سەربەخۆ دەڕوات، دوور لە میلیشیاکانی سەر بە بیانییەکان”.
سبەینێ بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت و بێدەنگى هەڵبژاردن دەستپێدەکات، ئەوەش پێش چەند رۆژێکى کەم لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند"ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان لە کاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانى رۆژى شەممە دەستپێدەکات و تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت". جەختیشیکردووەتەوە "هەر چالاکییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن یان بانگەشەکردن لەلایەن کاندید یان لیستەکانەوە لەم ماوەیەدا پێشێلکارییەکی روونە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر". کۆمسیۆن دەڵێت "ئامانج لە ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەکان دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاوسەنگە کە رێگە بە دەنگدەران دەدات بە ئازادی بیربکەنەوە و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن بەبێ کاریگەری ". داواشی لە قەوارە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد "بە تەواوی پابەندی ڕێساکانی قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن بن بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان". وادەى هەڵبژاردن بڕیارە رۆژی (9ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەبچێت و زیاتر لە ملیۆنێک و 313 هەزار و 859 ئەندامى هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مافى دەنگدانیان هەیە. هەروەها رۆژى (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی گشتى بەڕێوەدەچێت و لەکۆى 29 ملیۆن کەس کە مافى دەنگدانیان هەیە، نزیکەى 21 ملیۆن و 223 هەزار و 319 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و دەتوانن بەشدارى بکەن. ژمارەى کاندیدەکان جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسییدا ئاماژەى بەوەکرد، ئامارى کۆتایی کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردن حەوت هەزار و 744 کاندیدە و 848 کاندید دووخراونەتەوە. کاندیدى هاوپەیمانێتییەکان زۆرترین ژمارەى کاندیدەکان پێکدەهێنن کە زیاترە لە 4 هەزار کاندیدە، پاشان حزبەکان بە زیاتر لە 3 هەزار کاندید، تاکەکەسى 75 کاندید، کە 22 کەسیان کێبڕکێی کورسییە گشتییەکان دەکەن، ئەوانەى تریش کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاکان دەکەن. هەروەها کاندیدى پێکهاتەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: 19 کاندیدى مەسیحى، 14 سابیئەى مەندائی، 7 کاندیدى ئێزیدى، 4 کاندیدى شەبەک، 9 کاندیدى فەیلى. لەناو پارێزگاکاندا بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید، پاشان نەینەوا بە هەزار و 47 کاندید، دهۆکیش کەمترین کاندیدى هەیە کە 59 کاندیدە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات: تورکیا دەستیکردووە بە داڕشتنی یاسایەک کە ڕێگە بە هەزاران گەریلا و هاوڵاتی مەدەنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات لە حەشارگەکانیان لە باکوری عێراق بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن. بەرپرسێکی باڵا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەیەکی ناو پارتێکی سیاسی کوردی لە تورکیا رایانگەیاندووە: یاسا پێشنیازکراوەکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات، بەڵام لێبوردنی گشتی ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە لەلایەن چەکدارانی پێشووەوە ئەنجام دراون. بەگوێرەی ئەو پلانانە، دەکرێت هەندێک لە سەرکردە گەریلاکان بنێردرێن بۆ وڵاتانی سێیەم. گەڕانەوەی گەریلاكانى پەکەکه و خێزانەکانیان بۆ تورکیا له بنکەکانیان له ناوچه شاخاوییەکانی باکوری عێراق، یه کێکه له دوا کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی که ساڵێک له مەوبەر دەستیپێکرد، بۆ کۆتاییهێنان به ململانێیەک که بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزيكەى 40 هه زار كەس. لەکاتێکدا بەرپرسان بەشێوەیەکی گشتی قسە لەسەر هەوڵەکانی ئاشتەوایی دەكەن، بەڵام ئەو وردەکارییەی ئەو دوو سەرچاوەیە ئاشکرایان کردووە پێشتر بڵاونەکراوەتەوە، لەوانەش پێشنیاز بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەریلاكان بە گروپی جیا جیاو بۆ رەوانەکردنی سەرکردەکانيان بۆ وڵاتانی سێیەم. ئەو بەرپرسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە روونکردنەوەی لەسەر دانوستانە هەستیارەکان داوەو داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، رایگەیاندووە: رەنگە ئەو یاسایەی كە ڕێگە بە گەڕانەوەیان دەدات لەم مانگەدا لە پەرلەمانی تورکیا بخرێتەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دواین وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند؛ یەكێتی هێزی ئێوەیە لە بەغداد و کەس ناتوانێت یەکێتی بکڕێت، یەكێتی تەنها حزبە لە بەغداد كاری پێدەكرێت و دەتوانێت كوردستان و عیراق بەرەوپێش دەبات. ئەمرۆ هەینی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بەشداری گەورەترین و دواین کەرنەڤاڵی حزبەکەی کرد و رایگەیاند یەکێتی لە بەرپرسیارێتی راناکات و حزبی گەنجانە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد دەچنە بەغداد بۆ مافەكانی خەڵک، هەر كەس لەم وڵاتە بژی ئەوان خزمەتی دەكەن بەبێ جیاوازی و ئەمەش جیاوازی یەکێتییە لەگەڵ حزبەکانی دیکە کە ئەوان تەنها خزمەتی لایەنگرانی خۆیان دەکەن. سەرۆکی یەکێتی وتیشی ئەوانەی سەر دەبابەی سەدام کەوتن بۆیان نییە باسی کوردایەتی بکەن، ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بازرگانیان دەکرد، دێن باسی کوردایەتی دەکەن. بافڵ جەلال تاڵەبانی بە توندی هێرشی کردە سەر ڕکابەرەکانیان و ڕووداوی 31ی ئابی 1996ی بە "ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی کورد" و "برینێک لەسەر دڵی هەموو کوردێک" ناوبرد و وتی: "کەس 31ی ئاب لەبیر ناکات." وتیشی: "دوای 31ی ئاب وتیان ئێمە و سەدام حسێن دوژمن نین. ئەوانەی دوای ئەنفال سواری تانکی بەعس بوون ناتوانن کەس ڕزگار بکەن. ئەوانەی خیانەتیان لە خەڵکی کوردستان کرد نابێت باسی کوردایەتیمان بۆ بکەن." سەرۆکی یەکێتی ڕکابەرەکانی بە "خاکفرۆش" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند: "خەڵکی کوردستان باش دەزانن کێ خاکەکەمان دەفرۆشێت و هەمووان باش دەزانن کێ خاکفرۆشە. لەئێستادا ئەوان خاکی کوردستان دەفرۆشن بە تورکیا." هەروەها وتی: "ئەوانەی بازرگانییان لەگەڵ داعش دەکرد ئێستا باسی کوردایەتی دەکەن. هەمووتان دەزانن کێ لە داگیرکردن و هێرشکردنە سەر گوندەکانمان خەتابارە." ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەیان دۆسیەی گەندەڵییان لە وڵاتان هەیە" و "خەڵک دەزانێت کێ کێشەی مووچەی درووستکرد." سەبارەت بە دۆخی سلێمانی و ئازادی، تاڵەبانی وتی: "ئەوان ناتوانن سلێمانی کۆنترۆڵ بکەن، چونکە لێرە ئازادی هەیە و هەموو کەس دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەربڕێت." ڕەخنەی توندی لە ڕکابەرەکانی گرت و وتی: "ئەوانەی زیندانەکان پڕ دەکەن لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و خەڵکی ئازادیخواز، نابێت باسی ئازادیمان بۆ بکەن. ئێمە بەرگری لە ئازادییەکان دەکەین و ڕێگری لە دەنگی ئازاد ناکەین."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، دەبێ یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی. هەروەها گوتی، هەڵبژاردن راستترین رێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیاری خۆی بدات. سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیامی ئەوەیان پێگەیشتووە کە بەهۆی ئەم هەڵبژاردنەوە رێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق دروستتر دەبێت. گوتیشی، "لەبەر دوو هۆکار بەشداری هەڵبژاردنمان کرد." بەرنامەی پارتی وەکو سەرۆک بارزانی باسی کرد، "ئەوەیە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، چونکە یاسای ئێستای هەڵبژاردن مافی هەموو لایەک بزر دەکات." دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خوای گەورە و میهرەبان خوشک و برایانی خۆشەویست، هەڤاڵانی بەڕێز.. خۆشحاڵیم وەسف ناکرێت کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام هەمووتان بەخێربێن سەر سەر و سەر چاوان.. خۆشەویستان ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەت و مەعنەویاتە بەرزەوە هەمیشە ئومێد بەخشە بۆ ئێمە، هەر وەکو ئاگادارن سێ-چوار رۆژمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، هەڵبژاردن راستترین رێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و رەئی خۆی بدات، بە نیسبەت ئێمە مەسەلەیەکی مەبدەئییە، ئێمە دەزانین لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکاندا نایەت چونکە پێشوەخت کورسییەکان دەستنیشان کراون، بەڵام لەبەر دوو هۆی سەرەکی بەشداربووین. یەکێکیان؛ زۆر لە دۆستان و هاوخەباتان لەناو عەرەبەکانیش دۆستەکانمان لە دەرەوەش هەموو داوایان کرد کە بەشداربین، پەیامی زۆر ئەرێنیمان پێگەیشت لە زۆربەی دۆستان و هاوخەباتانمان لە بەغدا، کە راستە ئەم هەڵبژاردنە کورسییەکان ناگۆڕێت بەڵام رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی عەمەلییەی سیاسیی عێراق بگەڕێنینەوە بۆ سەر رێچکەی راستی خۆی، کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆیە ئێمە بەشداربووین. لەگەڵ ئەو دۆست و هاوبیرانەی کە وا بیر دەکەنەوە عێراق پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتییە؛ ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و هەموو هەوڵێک دەدەین. هۆی دووەم؛ بۆ ئەوەی سەنگی پارتی پیشانی هەموو لایەک بدرێ. داواتان لێدەکەم هەرچەندە لەو قەناعەتەم کە ئێوە پێویستتان بە تەوسیە نییە بەڵام دەنگ بدەن بە لیستی 275 بۆ ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ ئەوانەی لە خەیاڵدا دەژین. هەڤاڵان.. پارتی بەرچاوی روونە، دەزانێ چی دەوێت و چ دەکات، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەو دەرفەتەی رەخساند کە لەگەڵ هاوخەباتان و دۆستانی ترمان بتوانین چارەسەری وەزعەکە بکەین و عەمەلییەتی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ رێگەی راستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داهاتوو: یەکەم: دەبێ یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی لەسەر ئەساسی لیستی حیزبی یان لیستی نیمچەکراوە. ئەم قانوونەی کە ئێستا هەیە نادادپەروەرە، قانوونێکە مافی هەموو لایەک بزر دەکات، تەنیا چەند لایەنێک کە بە کەیفی خۆیان دایانڕشتووە، لەبەرئەوە ئەم قانوونە بە کەڵکی ئەوە نایەت و کارێکی جیدی دەکەین بۆ ئەوەی بگۆڕدرێت. مەعقوول نییە کورسییەک لە هەولێر بە 40 هەزار دەنگ بێت و رێژەی بەشداربووان 70-80 لە سەد بێت، بەڵام لە پارێزگایەکی دیکە لە باشووری عێراق هەمان کورسی بە دوو هەزار دەنگ بێت و رێژەی بەشداربووانیش 20٪ و کەمتریش بێت. دووەم: هەوڵ دەدەین بۆ دامەزرانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، کە ئەمە زامنێک دەبێ بۆ مافی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش. یاسایەک بەپێی دەستوور بۆ باج و رسوومات دەربچێت. مادەی 140؛ نە لە بیر دەکرێت و نە وازی لێدێنین؛ دەبێ جێبەجێ بکرێت. لێرەدا دەمەوێ بەو خوشک و برایانە بڵێم کە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن؛ دڵنیابن ئێوە لەنێو دڵی ئێمەدان. دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور، بۆ ئەوەی ئیتر هیچ بەهانەیەک بەدەست ئەوانەی کە یاریی بە هەموو شتێک دەکەن لە بەغدا. قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران کراو و دێهات وێرانکراو، ئەمە ئەرکی عێراقە و دەبێ جێبەجێی بکات. لە هەمووی گرنگتر گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەر ئەو سێ بنەمایەی کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا لەدوای ساڵی 2003، ئەویش هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. پێش رووخانی رژێم، لە کۆنفرانسی لەندەن رێککەوتن لەسەر ئەم سێ بنەمایە کرا. رووحی دەستوور ئیلهامی لەو سێ بنەمایە وەرگرتووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە، ئیتر هیچ موشکیلەیەک نامێنێت لە سەرتاسەری عێراق، نە لە بەینی هەرێم و بەغدا و نە لە پارێزگاکانی تریش. گەڕانەوە بۆ دەستوور، ئێمە پابەندین بە دەستوور، کەس هێندەی ئێمە ماندوو نەبوو بەو دەستوورەوە، ئەو کاتەش من گوتم ئەم دەستوورە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیاتی تێدایە کە ئێمە تەیدی دەکەین. ئەگەر جێبەجێ کرابا؛ زۆرێک لەو مەشاکیلانەی کە روویانداوە؛ روویان نەدەدا. ئەگەر ئەو سێ بنەمایە گەڕانەوە و ئیلتیزان بە دەستوور کرا، ئیتر لە زوڵمی مەرکەزییەتی چەوسێنەر رزگارمان دەبێت و خەڵکی عێراق بە ئاسوودەیی دەژین، کەسی دیکە ناتوانێت بە میزاجی خۆی یاریی بە مووچە و بودجەی خەڵکی هەرێم بکات کە جگە لەوەی زوڵمێکی گەورەیە، ئیهانەیەکی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە. نابێ ئەوە دووبارە ببێتەوە. تەجرووبە دەریخستووە، حکومی عێراق تەنها بە یەک نەتەوە یان بە یەک پێکهاتە ناکرێ، دەبێ بە هاوبەشی بێت و شەریک بین، ئەگەر بیانەوێ عێراق سەقامگیر بێت و پێشبکەوێت و کێشەی نەمێنێت، گەڕانەوەیە بۆ هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. هەموو جوهدێک سەرف دەکەین بۆ ئەوەی ئەمە سەربگرێت. هەندێجار هەڕەشەی هەندێ کەسمان گوێ لێدەبێ یان هەندێ کەس وەەتەنیات بە خەڵکی تر دەفرۆشن، یان دەپرسن: ئایا ئێوە ئیلتیزامتان بە عێراق هەیە یان نا؟ وەکو ئەوەی عێراق موڵکی ئەوانە! لە کۆنفرانسی لەندەن، بناخەی ئەم عێراقەمان دانا و رۆڵی سەرەکیمان تێیدا بینی، لە رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری پێشـمەرگە و خەڵکی کوردستان رۆڵی سەرەکییان بینی. لە دامەزراندنی عێراق و دەستوور، خەڵکی کوردستان رۆڵی سەرەکییان بینی. بەڵێ ئێمە لەگەڵ عێراقین، عێراقێک کە شەریک بین، هاوسەنگ بین، هاوبەش بین، نەک عێراقێک کۆمەڵێک مافیا بیانەوێ داگیری بکەن و حوکمی بکەن. ئێمە لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی، فرە نەتەوەیی، فرە ئایینی و فرە مەزهەبین، ئێمە لەگەڵ عێراقی دیکتاتۆری نەبووین و ناشبین. ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیانە، ئەو فەرهەنگەی لە کوردستان بۆ ئێمە ماوەتەوە پێی سەربەرزین، لە هەموو یاد و شوێنێک کە باسی فەرهەنگی پێکەوەژیان دەکرێ لە کوردستان هەست بە سەربەرزییەکی گەورە دەکەین، دەبێ ئێمە ئەو فەرهەنگە بپارێزین و قووڵتری بکەین.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند، سەرەڕای هەنگاوە ڕژد و ئەرێنییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، بەڵام دەسەڵات و حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرانبەری کورد نەناوە و جدی نییە لە پرۆسەکەدا. ئایشەگول دۆغان ئەمڕۆ هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە گوتی: کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان ڕێگەیەکی نوێ دەکاتەوە و دەتوانێت کێشەیەکی مێژوویی سیاسی و دیموکراسی چارەسەر بکات. دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمان، ڕا و سەرنجی لایەنەکان و خەڵکی وەرگرتووە و بە بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە، گوتیشی: ئێمە بە پێویستی دەزانین هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنێکی سەرکەوتوو و باشە. گوتەبێژەکەی دەم پارتی داوای چاکسازیی یاسایی کرد و جەختی کردەوە کە ئێمە لە قۆناغێکی ڕاگوزەرداین و یاسامان بۆ ئەم قۆناغە پێویستە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایشەگول دۆغان ئاشکرای کرد کە پەکەکە هەنگاوی ئەرێنیی ناوە بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، بە سووتاندنی چەکەکانی و کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری کوردستان، بەڵام بە پێچەوانەوە دەسەڵات و حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و جدی لە بەرانبەردا بۆ کورد و پرۆسەی ئاشتی نەنێت. دۆغان گوتی: خەڵک نازانێت چی ڕوودەدات لە پرۆسەکەدا. سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، گوتەبێژی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی وروژاند کە، چەندین جار دەوڵەت باخچەلی (سەرۆکی مەهەپە) داوای کردووە کۆمیسیۆن بچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببێتەوە و گوێی لێ بگرێت، ئێمەش پرسیار دەکەین، بۆ کۆمیسیۆن لەگەڵ هەمووان کۆدەبێتەوە و گوێیان لێ دەگرێت، نازانین بۆ لەگەڵ ئۆجەلان کۆ نابێتەوە.
