تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) جەختی لە گرنگی بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، "ئەو ناوەی ئێمە بۆ ئەم پرۆسەیەمان ناوە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'. دەتوانین زۆر شت بخەینە ژێر ئەم ناونیشانە". لە شاری وان هاوسەرۆکی (دەم پارتی) قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسانکرد، وتى: یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بڕیاری پەکەکە بوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، دوابەدوای ئەوەش ڕێوڕەسمی ١١ی تەمووز بۆ سووتاندنی چەک بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە خاڵە زامنییەکانی ئەم پرۆسەیە. تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، دەشڵێن: لە چاوی خەڵکی جیهاندا، بە سووتاندنی چەک، هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی ئاشتی نرا کە جارێکی دیکە هەرگیز دووبارە نابێتەوە”. وتیشی: "بێ گومان دامەزراندنی کۆمسیۆن زۆر گرنگ و بەنرخە، کۆمسیۆن تا ئێستا چەندین دانیشتنی گرنگی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی کۆنکرێتیتر هەیە کە پێویستە بنرێت".
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان یاسا سەروەر نیەو عەنتەریەت كاری خۆی دەكات، پرۆژەكان بەپێی پلان ئەنجام نادرێن، ناڕێكیەكی زۆر لە جێبەجێكردنیدا دەبینرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ هەینى سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لەمیانەی كۆبونەوەی لەگەڵ ئەندازیارانی سنوری مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو، ڕایگەیاند: ئەندازیارانی ئێمە ڕێگەیان بەخۆیان نەداوە بەشداربن لەگەندەڵی، هەر ئەندازیارە دەتوانێت وڵات ئاوەدان بكاتەوە یا كاول بكات، هەر سەرنشینەی لای خۆیەوە كونێك بكاتە كەشتی، بێگومان ئەنجام غەرق بوونی كەشتیەكەیە. ئەو جەختى کرددوەتەوە ئەوان سەربەرزن كە سەرجەم چین و توێژەكانیان لەنێوشیاندا ئەندازیاران بەدڵسۆزی و دەستپاكی و ڕاستگۆی ناسراون، وتیشى: ڕۆژانێكیش بیریان لە خراپ بەكارهێنانی پلەو پۆستەكەیان نەكردۆتەوە لە پرۆژەكاندا، ئەمەش جێگەی شانازیمانە. لەبەشێكی دیكەی ووتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا: لە هەرێمی كوردستان یاسا سەروەر نیەو عەنتەریەت كاری خۆی دەكات، پرۆژەكان بەپێی پلان ئەنجام نادرێن، ناڕێكیەكی زۆر لە جێبەجێكردنیدا دەبینرێت. ئەو پێشى وایە بۆ ڕاستكردنەوەی چەوتیەكانیان ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵێك خەڵكی شارەزاو بەتواناو بوێرو ئەمانەت پارێزمان دەستنیشان كردووە لەلیستی ژمارە 278 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە خاوەنی بڕوانامەی باڵان لە بوارە جیاوازەكانداو پێویستە لەسەر هەموومان كاری دڵسۆزانەو لێبڕاوانە بكەین بۆ سەرخستنیان.
نووسینگەی یاسایی سەدە ڕاگەیاند ئەمڕۆ هەینى عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەنجام دا. نووسینگەی یاسایی سەدە لە بارەی ڕۆشتنی بنەماڵەی ئۆجەلان بۆ ئیمراڵی و ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زانیاری خستەڕوو. ئەمرۆ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا کردو کە عومەر ئۆجالانی برازای و پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتیشی تێدابووە. دەربارەی دیدارەکە، نووسینگەی یاسایی سەدە ئاماژەى بەوە کردوە، ئەمڕۆ (٣١ـی تشرینی یەکەم) ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دا. خانەوادەکەی ڕێبەر ئاپۆ پێکهاتبوون لە فاتیمە ئۆجالان، عومەر ئۆجالان، بەرفین ئۆجالان و عەلی ئۆجالان.
دۆناڵد ترەمپ، داوای لە ئەندامە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران کرد، کە رێگە بە تێپەڕاندنی یاسای بودجە بدەن و کۆتایی بە لەکارخستنی حکومەت بهێنن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘تروس سۆشیاڵ’ نووسیویەتی، “ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمارییەکان کار بە کارتی ترەمپ بکەن، کە بژاردەی ئەتۆمییە، بۆیە هەرئێستا کۆتایی بە رێگریکردن لە یاسای بودجە بهێنن”. ترەمپ بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، بژاردەكانی بەردەمتان رونن، دەتوانن لە ئەتۆمەوە دەستپێبكەن، دەستبەرداری لەكارخستنی حكومەت ببن، وتیشی، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسیا، زۆر بیری كردووەتەوە تا بژاردەی ئەتۆمی دیاریكردووە. تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجومەنی پیران هەیە، ئێستا کە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران پێکدەهێنن، لە 1ی تشرینی یەکەمەوە بەربەستیان بۆ تێپەڕاندنی یاساکە دروستکردووە و بەوهۆیەشەوە زیانێکی زۆر بە ئابوریی ئەمریکا کەوتووە، لەگەڵیدا زۆر کەرت و فەرمانگەی حکومی وەستاون لە کارکردن.
ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە لە کەنەدا لەگەڵ کوردستانییان کۆبووەوە، و بانگەوازی خاوەنداریکردن لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی کرد و وتی: "کورد بە ئومێدن، ڕێکخراون و لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئازادی نزیکن." لە شاری مۆنتریالی کەنەدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی(Fondation Kurde du Québec) کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و سرودی "ئەی ڕەقیب" دەستیپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداری هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد قەرەمووس بەڕێوەچوو، کە بۆ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ کوردستانییەکانی کەنەدا سەردانی وڵاتەکەی کردبوو، بابەتەکانی وەک پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستیپێکردووە، دانانی چەک لەلایەن پەکەکە و کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا تاوتوێ کران. قەرەمووس لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی گەلی کورد لە پڕۆسەکەدا و وتی: "کورد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێننەوە و شیکاری دەکەن، هەنگاو و ستراتیژی خۆیان بەپێی ئەوە دیاری دەکەن. ئەم کشانەوەیە، هەنگاوێکە بۆ ئەوە نراوە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک تێک نەچێت و سەرکەوتوو بێت. ئەمەش دەرخەری پەیوەستبوونی گەلی کوردە بە ڕێبەرێتییەوە." ئاماژەی بەوەدا کە کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان خەباتی ئازادی و دیموکراسی بەردەمی پێ دەدات و وتی: "کورد لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشوور باوەڕیان بە ڕێبەرێتیی هەیە؛ بە پارت و شەهیدەکانیانەوە پەیوەست ماونەتەوە. بێ ئومێد نین، بەڵکو زیاتر بە ئومێدن و ئێستا زیاتر لە ئازادی نزیک بوونەتەوە. نابێت گوێ بە پڕوپاگەندەی ئەو کەسانە بدرێت کە دەیانەوێت پڕۆسەی ئاشتی پووچەڵ بکەنەوە. کوردستانییان دەبێت یەکبگرن، دەبێت پشتگیری ئەو خەباتانە بکەن کە بەرەو ئازادی و ئاشتی دەڕۆن. ئێستا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاراکتەرێکی ڕێکخراو و چالاکن." چالاکییەکە بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کوردستانییان لەلایەن ئەحمەد قەرەمووسەوە کۆتایی هات.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە نوێترین فەتوادا، فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە ناشەرعی ناو دەبات. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فرۆشتنی کارتی دەنگدان و دەنگی دهنگدهران دهبێته هۆی تێكدانی پرۆسەی دەنگدان و بۆیه ئهنجوومهنی باڵای فەتوا به تێكڕای دهنگی ئهندامانییهوه، فرۆشتنی كارتی دهنگدان به حهرام دهزانێت و ئهو پارهیهش لهو ڕێگهیهوه بهدهست دێت حهرامه. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دهنگدان ئهمانهتە و له ئهستۆی هاووڵاتیاندایە و فرۆشتنی كارتی دهنگدان غهش و خیانهته له گهڵ و وڵات و سامانی گشتیی، خراپ بهكارهێنانی مافێكی شهرعی و یاساییه و هاوكاریكردنه بۆ تهزویركردن و گهیشتنی كهسانی ناشایسته و خراپ بۆ پهرلهمان و بهڕێوهبردنی وڵات. باسی لەوەش کرد، لە ڕووی یاساییەوە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت، هەر لەم سۆنگەیەوە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی زانیوە. دەقی فەتوای ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە: قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43) الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه. وبعد: دوای ئهوهی ژمارهیهك له مامۆستایان و هاوڵاتیان پرسیاریان كرد سهبارهت به حوكمی فرۆشتنی كارتی دهنگدان له پرۆسهی ههڵبژاردنهكاندا له عیراق و كوردستان، ئهنجوومهن له دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له ڕێككهوتی 21/10/2025 بهم شێوهیهی خوارهوه وهڵامی دانهوه: ئاشكرایه مهبهست له پرۆسهی ههڵبژاردن پێشخستنی وڵات و گۆڕانكاری و هێنانهدی دادپهروهی و نههێشتنی گهندهڵییه، بهڵام فرۆشتنی كارتی دهنگدان و دهنگی دهنگدهران دهبێته مایهی تێكدانی مهبهسته باڵاكانی ئهنجامدانی ئهم پرۆسهیه، بۆیه ئهنجوومهن به تێكڕای دهنگی ئهندامهكانی فرۆشتنی كارتی دهنگدان به حهرام دهزانێت و ئهو پارهیهش لهو ڕێگهیهوه بهدهست دێت حهرامه، بۆیه پێویسته به ههموو شێوهیهك موسڵمانان لێی دوور بكهونهوه لهبهر ئهم خاڵانهی خوارهوه: 1. دهنگدان ئهمانهتێكه له ئهستۆی هاووڵاتییان و بهزایهدانی ئهو ئهمانهته و فرۆشتنی كارتی دهنگدان غهش و خیانهته له گهل و وڵات و سامانی گشتی، خوای گهوره دهفهرموێت: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا) (سورة النساء: 58) ، ههروهها دهفهرموێ : (إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْخَائِنِينَ) (سورة الأنفال : 58). 2. خراپ بهكارهێنانی مافێكی شهرعی و یاساییه و هاوكاریكردنه بۆ تهزویركردن و گهیشتنی كهسانی ناشایسته و خراپ بۆ پهرلهمان و بهڕێوهبردنی وڵات. 3. له ڕووی یاساییشهوه پێچهوانهی یاسای ههڵبژاردنه و، یاسا ئهو كارهی به تاوان ههژمار كردووه. والله تعالی أعلم وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم ئهنجوومهنی باڵای فهتوا له كوردستان 29/ربیع الثانی/1447هـ= 21/10/2025م= 29/ ڕهزبهر/ 2725ك
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆك بارزانی لە شاری دهۆك لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر له دایكان و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگە و ئافرەتە تێكۆشەرەكانی پارێزگای دهۆك کۆبووەوە. هەر لەو ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانیەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی لەو كۆبوونەوەدا گوتارێكی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ڕایگەیاند،"جگە لە خودا ئێمە بۆ کەس خۆناچەمێنین، تەنیا بۆ دایكی شەهیدانی خانەوادەی شەهیدان دە جار خۆمان دەچەمێنین". هەروەها سەرۆك بارزانی باسی لە ڕۆڵی ئافرەتان بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد کرد و ڕایگەیاند: ڕۆڵی ئافرەتان ڕۆڵێكی کاریگەرە لە شۆڕشەكان. گوتیشی: لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ ئافرەت باوك بووە، دایك بووە، مامۆستا بووە و جووتیار بووە. لهم بارهوه، نموونەی ژمارەیەك ئافرەتی خۆڕاگر و قارەمانیشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و ڕایشیگەیاند: ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی کورد و ڕۆڵ و ئازایەتیی ئافرەتانی کورد ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی ئێمە بۆیە هەر چی بیڵێم کەمە دەرهەق بە دایكی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان. ڕاگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى دەشڵێت: سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بە چاكسازییەكانی سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئەوەی خستە ڕوو كە: ئەمرۆ ئێمە لە سەدەی بیست و یەکین، ڕەنگە هێشتا وەك پێویست مافی ئافرەتان دەستبەر نەکرابێت، بەڵام ئافرەت خۆشی خەباتی بێووچان بکات و دڵنیا بن بە هەموو شێوەیەك لە پشت ئێوە دەبم. لە بەشێكی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە مەترسی پیلانەکانی ئێستا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: پیلانی ئێستا و دوژمنایەتی ئێستا لەگەڵ میللەتی ئێمە زۆر مەترسیدارتر و گەورەترە لە هی ڕابردوو، ئێستا بە شێوەیەكی بەرنامەبۆدارژراو دەیانەوێت خەڵكی ئێمە و گەنجی ئێمە تووشی ماددەی هۆشبەر بێت، ئەمە گەورەترین مەترسییە، دەیانەوێت خەڵكی ئێمە تووشی بێئومێدی بکەن و هیچ سۆز و ئینتما بۆ نیشتمان نەمێنێت. لهم بارهیهوه سهرۆك بارزانی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: ئەرکی گەورە لەسەر شانی ئێوەیە، هەر ئافرەتێك منداڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا تێبگەیەنێت کە چ پیلانێكی مترسیدار لەسەر ئێمە هەیە، ئەگەر گەنجی ئێمە باوەڕی بە خۆی نەما، ئێمە هیچ دۆزێكمان نامێنێت. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بڕینی مووچەی خەڵكی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: مووچەی خەڵکی کوردستان قەزیەیەکی سیاسییە و وەك کارتێك بەکاریان هێنا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن، ئەمەش بە چاوساغی خەڵكێكی ناوخۆیی بوو کە ڕێگایان بۆ بەغدا خۆش کرد و ئهم سیاسهتهشیان لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە. هەروەها سەرۆك بارزانی جەختی لە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی ئێستا و داهاتوو کردەوە، کە خۆیان بە کەمتر نەبینن لە تاکی هەر کۆمەڵگەیەكی دیکە و دەبێت نەوەکانیشمان بەو شێوەیە پەروەردە بکرێن کە لە ئاستێكی بەرزی وریاییدا بن. هەر لەو گوتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە زەروورەتی مێژوویی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لە سەر وەختێكدا کە کورد تووشی نائومێدی ببوو، بەڵام بە دامەزراندنی پارتی ئومێد بۆ خەڵكی کوردستان گەڕایەوە و پارتی بەرپرسیاریەتیی مەزنی لە ئەستۆیە و لە بەرپرسیاریەتیی ڕاناکات و تەحەمولی دەکات.
تۆڕی هاوپەیمانی19، رایدەگەێنێت، محمەمەد قوربانی چالاكوانی دیاری شاری چەمچەماڵ، ماوەی دوو هەفتەیە دەستگیركراوەو تائیستایش هێزە ئەمنییەكانیش هیچ رونكردنەوەیەكیان بۆ رای گشتی نەداوە، پێویستە دەستبەجێ بە كەفالەت ئازادبكرێت. رەئوف قوربانی باوكی دەستگیركراوەكە بە تۆڕی 19ی ووت: كوڕەكەی خۆی چووە بۆ ئاسایش پاشان ئاگاداركراین كە دەستبەسەركراوە بەپێی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی. جەختیكردەوە "پێییان ووتوم چوارشەمە ئازاد دەكرێ، ئیتر نازانم بۆ ئەمڕۆ ئازادی ناكەن و دەڵێن چوارشەمە". باسی لەوەشكرد كە وەك بنەماڵەكەیان نەیان ویستووە هیچ رونكردنەوەیەك لەسەر دەستگیركردنی كورەكەیان بڵاوبكەنەوە، تاكو كەیسەكەی ئاڵۆزتر نەبێت و ئازادبكرێت، بەڵام دوو هەفتەیە تاكو ئێستا ئازاد نەكراوە. تۆڕی هاوپەیمانی19، داوادەكات محمەمەد قوربانی كەماوەی دوو هەفتەیە دەستگیركراوەو بەكەفالەت ئازادبكرێت، چونكە ئەو مادەییەی كەپێی دەستبەسەركراوە دەكرێت بەكەفالەتى كەسی تۆمەتبار ئازادبكرێت. محمەمەد قوربانی، چالاكوانێكی دیاری شاری چەمچەماڵە، بەردەوام لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان پۆستی رەخنەگرانە دەربارەی خراپی خزمەتگوزاری و بارودۆخی گشتی چەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە، پێشتریش چەند جارێك پەیوەندی بە تۆری 19 وە كردووە، رایگەیاندووە هەرچەندە خۆی ئەندامی یەکێتییە بەڵام بەهۆی بیروڕاکا فشاری لەسەر بووە.
هێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە) ناوی ۷٠ بەرپرسی باڵای سەربازی و تەواوی سێ فیرقەی سەربازی بۆ هەریەکە لە فیرقەی دێرەزور و فیرقەی حەسەکە و فیرقەی ڕەققە و هەر سێ لیوا تایبەتیەکەی هەسەدەش و هێزەکانی ناوخۆی ڕادەستی هێزەکانی ئەمەریکا کردوە بۆ ئەوەی تێکەڵی سوپای سووریا بکرێن. هێزەکانى ئەمریکاش ئەو ناوانەیان گەیاندیانە بەرپرسانی هەر دوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی دیمەشق، بەڕادەستکردنی ئەو ناوانە دیمەشق ناچار دەکرێ دان بەو هێزانەدا بنێ کە سەرجەمیان هەڵگری جنسیەی سورین. لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێ کە شەڕع ناچار بکرێ و دان بە بوونی ئەو هێزانە دابنێ و لە ڕیزی سوپا و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی جێیان بۆ بکاتەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربگرێت، لێرە بەدواوە ناوی هەسەدە نامێنێ و هێزەکانیان لە پاڵ ئاڵا زەردەکە، ئاڵای دەوڵەتی سوریاش لە سەر سینگیان دەدەن.
سەرۆکى کاتى سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئامادەم تا ئەو ماوەیەى ژیانم ماوە تەرخانى بکەم بۆ ئەوەى سوریا بەهێز بێت و من و هەموو ئەوانەی سوریایان خۆشەوێت بڕیارمانداوە ئاوەدانى بکەینەوە. لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری وەبەرهێنانی داهاتوو لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا توانیویەتی 28 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت. شەرع جەختی لەوە کردەوە کە یاساکانی وەبەرهێنان لە سووریا هەموار کراونەتەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بڕەخسێنن. یەکێک لە گرنگترین هەموارەکان، پێدانی مافی گواستنەوەی پارەیە بە وەبەرهێنەران بۆ دەرەوەی وڵات. سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، "دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سووریا زۆرن و لەلایەن ئابووریناسە پێشەنگەکانی جیهانەوە دانیپێدانراوە." ئاشکراشی کرد کە پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەشیان لەگەڵ بەحرەین و ئوردن هەیە، جگە لەو وەبەرهێنانانەی کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە ئەنجامدراون.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە کۆریای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییەوە (Air Force One) وردەکاریی گفتوگۆکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کرد. ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو" وەسف کرد و ئاماژەی بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی گرنگ و هاوئاهەنگی لەسەر دۆسییە هەستیارەکانی وەک ئۆکرانیا کرد. یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆبوونەوەکە، واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بوو لەبارەی کانزا دەگمەنەکان. ترەمپ ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنمان لەبارەی کانزا دەگمەنەکان لەگەڵ چین واژۆ کرد." ناوبراو ئاشکرای کرد کە "ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێکە و دەکرێت درێژبکرێتەوە." هاوکات، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کەمکردنەوەی باجی پەیوەست بە ماددەی فێنتانیل بۆ 10% و جەختی کردەوە کە ناکۆکیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات "چارەسەر کراوە." سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پرسی ئۆکرانیا بە فراوانی لە گفتوگۆکاندا باس کراوە. ترەمپ وتی: "لەگەڵ چین لەسەر دۆسییەی ئۆکرانیا کاردەکەین،" و ئاماژەی بەوەدا کە شی جینپینگ بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک. سەبارەت بە دیداری لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، ترەمپ ڕایگەیاند کە بەهۆی "سەرقاڵییەوە" نەیتوانیوە چاوی پێی بکەوێت، بەڵام حەز و ئارەزووی خۆی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر. ترەمپ وتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور." لە وەڵامی پرسیارێکدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە بابەتی تایوان بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراوە. وتی: "بابەتی تایوان هەرگیز نەهاتە پێشەوە. لە ڕاستیدا گفتوگۆی لەسەر نەکرا." لە کۆتاییدا، ترەمپ جارێکی تر کۆبوونەوەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا سەردانی چین بکات. هەروەها ستایشی شی جینپینگی کرد و بە "سەرکردەیەکی مەزنی وڵاتێکی زۆر بەهێز" ناویبرد، کە ئاماژەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران دەڵێت، هەوڵدەدەن بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆران خەرج بکرێت، هەروەها لە کۆتایی مانگی 11شدا، مووچەی مانگی تشرینی یەکەم بنێردرێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە سەرجەم مووچە دواخراوەکان لە ئەم ساڵدا خەرج بکرێن.'' ئەمڕۆ چوارشەممە 29-10-2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 9، 10، 11 و 12ـی ئەم ساڵی مووچەخۆران بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە و پێویستە عێراقیش ناردنی مووچە دواخراوەکانی کوردستان لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی خۆی رێکبخاتەوە.'' ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 8 مووچە دابەشکراوە. بەگوتەی رێباز حەملان، سوودانی بەڵێنی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە، سەرجەم مووچە دواخراوەکان لە ئەم ساڵدا خەرج بکرێن. بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''هەموو گوشارەکانمان چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی 11 و بەر لە هەڵبژاردن، مووچەی مانگی ئەیلوول بدرێت، هەروەها لە کۆتایی هەمان مانگدا، مووچەی مانگی 10ـش بنێردرێت.'' رێباز حەملان رەتیدەکاتەوە عێراق کێشەی نەختینەی هەبێ بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ''ئەی چۆن دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابین بکات، بەتایبەتی کاتێک تەنیا مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاترە و زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە.'' هەرچی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیران گوتی، ''بێگومان ناردنی ئەو دوو مووچەیەش دەبێ بکەوێتە مانگی 12. پلانەکەی ئێمە بەو شێوەیەیە، بەڵام هیوادارین عێراق بتوانێت پابەند بێت.'' رێباز حەملان لەبارەی ئەو 120 ملیار دینارەی کە مانگانە وەکو پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ گوتی: ''لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە کە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، مانگانە بەر لە هەر خەرجییەک، بەو داهاتەی بەردەستیانە، ئەو 120 ملیار دینارە کۆبکەنەوە''.
بڕیار وایە کاتژمێر ٠٥:٣٠ـی ئێوارەی سبەینێ، شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک کۆببنەوە. دوای داخستنی لە ٢٨ـی ئەم مانگە، کاتی کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک دیارییکرا. شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئامادە دەبن، پێکدێن لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار. شاندەکە سبەی کاتژمێر ٠٥:٣٠ـی ئێوارەی سبەینێ لە کۆشکی سەرۆککۆماریی (بەشتەپە) لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە. بڕیار وابوو، لە ٢٨ـی ئەم مانگە شاندەکە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوایەتەوە، بەڵام کاتەکەی دواخرا. ئەم کۆبوونەوەیە دوای هەنگاوە مێژووییەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی دێت کە بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نایان، بەشێک لە هێزەکانیان لەو ناوچانەی کە مەترسی پێکدادانیان هەیە کشاندەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا
سەرۆکی بارزانی لە دهۆک ڕایگەیاند، پارتی هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک و هاووڵاتییان هەبووە و هەر لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنیش هەر یەکەم بووە؛ هاوکات هیواشی خواست دوای هەڵبژاردن، دۆخەکە باش ببێت و بگۆڕدرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن. بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە شاری دهۆک لەگەڵ بەشێک لە جەماوەر و چینوتوێژەکانی شاری دهۆک کۆبووەوە. ڕاشیگەیاندووە، سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە چەند تەوەرێکی پەیوەست بە ڕەوشی ئێستا و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد. سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا لە ساڵی 1991 لە کاتی ڕاپەڕین کەس بیری لە هەڵبژاردن نەدەکردەوە و ئێمە باسمان لە هەڵبژاردن کرد. دووپاتیشی کردەوە، پارتی هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک و هاووڵاتیی هەبووە و پارتی هەر لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردن هەر یەکەم بووە. سەرۆک بارزانی باسی لەوە کردووە، پارتی هەمیشە خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و هیچ کاتێک لە بەرپرسیاریەتیی ڕاینەکردووە و بەرپرسیاریەتیشی نەخستووەتە ئەستۆی کەس، بە پێچەوانەوە بەرپرسیاریهتیی خەڵکی دیکەشی هەڵگرتووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک بارزانی هیوای خواست دوای هەڵبژاردن، دۆخەکە باش ببێت و بگۆڕدرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن؛ هاوکات سەرۆک بارزانی دووبارە سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ خۆڕاگرییان بەرانبەر هەموو پیلانەکان و نەناردنی مووچە و سەلماندییان کە بۆ هیچ شتێک سەردانانەوینن. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی باسی لە دەستووری عێراق کرد و ڕایگەیاند، ئەو دەستوورە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکرێن. هەر لەسەر بابەتی هەڵبژاردن، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، هەر هەڵبژاردنێک گرنگیی خۆی هەیە و دەبێت ئەمجارەش هێز و گەورەیی پێگەی پارتی نیشانی هەمووان بدەینەوە، هەر کەسێکیش ویژدانی هەبێت، دەزانێت مەسەلەی پاراستن و ئەرکی پاراستنی کوردستان لە ئەستۆی کێیە و دەشزانێت ئەو خزمەتەی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پەروەردە و تەندروستی، خزمەتگوزاری، ئاسایش، سەقامگیری، ئابووری، بووژانەوە، پێشخستنی ژێرخانی کوردستان و پرۆژەی ستراتیژی و پێشخستنی کەرتی ڕێگاوبان و گەشتیاریی کراوە، پارتی کردوویەتی کە ئەمانە بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون. هەروەها باسی لە پاراستنی ئاو و گرنگیی پرۆژەی بەنداو و پۆندەکان کرد کە بۆ داهاتووی کوردستان لە بواری ئاودا گرنگیی زۆریان هەیە و خەڵک لە داهاتوودا دەزانێت کە چ کارێکی گەورە کراوە. بارەگای بارزانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرهەنگ و کهلتووری پێکەوەژیان لە کوردستان تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی بوو و لەم بارەیەوە جەختی لە شانازیکردن بەم فەرهەنگە مەزنە لە کوردستان و زیاتر چەسپاندن و بەردەوامیدان بە بنەماکانی پێکەوەژیان کردەوە. هەروەها لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی باسی لە بەردەوامیی هەوڵەکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و هیواشی خواست هەر چی زووترە حکوومەتی نوێ پێکبهێندرێت. سەرۆک بارزانی داواشی کرد، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئارامی و هێمنی و دوور لە توندوتیژی بەڕێوە بچێت.
ماڵپەرى بەغدا ئەلیەومى عێراقى، ئەمڕۆ لەهەواڵێکدا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر بە نهێنی سەردانی بەغدادى کردوەو چاوی بە ژمارەیەکی بەرپرسی عێراقی کەوتوە. ئەم سەردانە نهێنیەشى دوای ئەوەیە 10 رۆژ لەمەوبەر وەک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق دیاریکراوە، بەپێى هەواڵى میدیا عێراقیەکە، لە میانەى کۆبونەوەکانیشیدا، بابەتى پرسی هەڵبژاردن و مانەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و ستراتیژی واشنتن تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکانی بووە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستینەکردووەتەوە، سەردانەکەی ساڤایا دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن ئەنجامدراوە، بە هۆی ئەوەی سەردانەکەی بۆ پرسی سیاسی هەستیار بووە و گفتوگۆ لەسەر ستراتیژی داهاتووی ئەمەریکا بۆ عێراق، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکانی دوای هەڵبژاردن کراوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرپرسانی عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، بە نهێنی سەردانی بەغدادی کردووە و زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراق ئەنجامداوە. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
