سەرۆکى هەرێمى کوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا دۆخى ئه‌منيى ناوچه‌كه‌ و دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى تاوتوێ دەکەن. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2025/9/2 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ باڵيۆز عه‌لى ڕزا گوينه‌ى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا و شاندێكى ياوه‌رى كرد. له‌ ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراقيان تاوتوێ كرد. هه‌ردوولا ستايشى ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوانيان كرد و جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شيان له‌ بواره‌ جياكاندا، كرده‌وه‌. دۆخى ئه‌منيى ناوچه‌كه‌ و دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى توركيا له‌ هه‌ولێر، ئاماده‌ى بوو.

ڕۆژنامەی الشرق الاوسط لەژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە سەرچاوەکان لە دیمەشق ڕایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی دووەم دەستپێدەکاتەوە، سەرەڕای پەرەسەندنی لێدوانەکانی بەرپرسانی کورد کە پابەندبوونیان بە لامەرکەزی دووپات دەکەنەوە. پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) جەختدەكاتەوە: رێگاکەیان دیالۆگ و دانوستانە لەگەڵ دیمەشق و چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانەیە، ئەوەش بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا بڵاویكردووەتەوە. ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەت دەکرێت لە دیمەشق لەسەر ئاستی بازنەی دووەمی سەرکردایەتی، سەرەڕای هەڵكشانی لێدوانی بەرپرسانی کورد کە پابەندبونی خۆیان بە نا ناوەندێتی دووپات کردەووتەوەو، دیمەشقیان بە کشانەوە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازار تۆمەتبار كردووە. ساڵح موسلیم، ئەندامی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) دوێنێ ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆسەری گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی لە سوریا قبوڵ ناکات و داوای چارەسەری دادپەروەرانەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر دیمەشق لامەرکەزی ڕەت بکاتەوە، ئێمە داوای سەربەخۆیی دەکەین". لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە دیمەشق جەخیتان كردووەتەوە، دانوستانەکانی نێوان حكومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو باسکردنی پرسە زۆر گرنگەکان هەنگاو دەنێت. بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، ئیلهام ئەحمەد لە دیمەشقەو گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەكرێت کە ماوەی دوو مانگە وەستاون، ئەوەش دووەمین سەردانی ئەو بەرپرسە کوردەیە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا بۆ پایتەخت.  سەرچاوەکان لە دیمەشق باسیان لە فشاری ئەمریکا و فەرەنسا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، هەرچەندە کۆبونەوەکانی ئەو بەرپرسە کوردە لە دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، بەڵام هەردوولادا خواستیان خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ گرنگی بەردەوامبونی دانوستانەکان، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، دوور لە فشاری دەرەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. هەڵوێستەکانی کورد لە لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا لە کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای لە چین دووپاتی کردەوە کە تورکیا دژی هەر هەوڵێک دەبێت بۆ هەڕەشەکردن لە یەکڕیزی سوریا، هەروەها پشتیوانیکردن لە پێشکەوتن و یەکڕیزی سیاسی سوریا "لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەماندایە". لە پەراوێزی لوتکەکەدا ئەردۆغان باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و پەرەپێدانی سوریا و پاراستنی یەکێتی سیاسی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی تورکیا.

بۆیەکەمجار دوێنێ دووشەممە ١ - ٩ چوار پارێزەر چونەتە زیندان و چاویان بە لاهور شێخ جەنگى کەوتووەو لەسەر تەندروستى خۆى و دۆسیەکەى و ئەو دانپێدانانەش کەبڵاوکرایەوە قسەى کردوە. بورهان ڕەشید یەکێک لەو چوار پارێزەرەى کە بینیویەتى و سەبارەت بەو یەکتر بینینە، دەڵێت: لەزیندانى ئاسایش چوینە لاى کاک لاهورو بینیومانەو ماوەى چل خولەک لاى ماینەوەو قسەمانکرد، هیچ لێدان و ئاسەوارێکى ئەشکەنجەى پێوە دیارنەبووەو تەندروستى زۆرباشە. ئەو پارێزەرەش وتی: کاک لاهور لەبارەى دۆسیەکەیەوە وتویەتى دۆسیەیەکى سیاسیە نەک یاسایی و دەستى دەرەکى تێدابووە، هەروەها وتى ئێمە لەماڵەوە دانیشتوین و هێزهاتوەتە سەرمان. سەبارەت بەودانپێدانانەش کە لەچەند ڕۆژى ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، بورهان ڕەشید یەکێک لەپارێزەرەکانى وتى: بەلێ ئەو دانپێدانانەى بینیوەو بەئێمەشى وتوە کە بەوشێوەیە نیەو لەداهاتوودا قسەى لەسەر دەکات و هێشتا دۆسیەکەى لێکۆڵینەوەى تێدا  دەکرێت و کۆتایی نەهاتووە. لەبارەى ئەوەى جگە لەپارێزەکانى کێى تر لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بورهان ڕەشید وتى: هیچ ئاگامان لەوەنییە کە هاوسەرەکەى یان خوشک و براکانى دیکەى سەردانیان کردبێت و بینیبێتیان. ماوەی (11) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، دوێنێ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەکرێت.  بە پێی بەدواداچوونەكان هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و  بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت. هیوا شێخ جەنگی برا گەورەی لاهور شێخ جەنگی زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە كە ئەمڕۆ پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام پۆڵاد و رێبوار و ئەوان پارێزەر نەیانی بینیوە، هیوا شێخ جەنگی ئەوەشی وت، كە ئەمڕۆ رێگەیان نەداوە خۆی و ئاوازی خوشكی لاهور شێخ جەنگی ببینن. وتیشی بەشێك لەو پارێزەرانەی كە لە هەولێرو لە كەناڵەكانەوە لێدوان دەدەن هیچ وەكالەتێكی لاهور شێخ جەنگیان نیەو رێگەپێدراویش نین بەناوی لاهورەوە قسە بكەن، ئێمە سوپاسیان دەكەین بەڵام ناتوانن بەناوی لاهور شێخ جەنگییەوە قسە بكەن و بنەماڵەكەشیان ئاگادار نین، دەتوانن وەك مافپەروەرێك قسە بكەن و بەرگری بكەن و ئێمە سوپاسیان دەكەین. 

دوای ساڵانێک لەڕاگرتنی هەناردەی نەوت، ئەمڕۆ سوریا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ڕاگەیاندەوەو بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی وزەی سوریاش ده‌ڵێت:"بارەکە بە 600 هەزار بەرمیل نەوتی قورس مەزەندە دەکرێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لەبەندەری ته‌رتوس لەباکوری ڕۆژئاوای وڵاتەوە بەکەشتی تانکەری (نیسوس کریستیانا) بۆ کۆمپانیای (پی سێرڤ ئینێرجی) نێردراوە". به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى وزه‌ى سوریا، "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزبونی سوریا لەبازاڕەکانی نەوتی دەرەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی نەوت‌و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی سوریا دوای زیاتر لە 10 ساڵ لەوێرانکارییەکانی بەهۆی شەڕەوە دوای ئەوەدێت، ئەمریکا کۆتایی بەباری نائاسایی بۆ سوریا هێناو سزاکانی لابرد. لەمانگی تەمموزی ڕابردودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سزای دەیان ساڵەی سەر سوریای هەڵگرت کە لەساڵانی 2004و 2011  سزاکان توندترکرایەوە، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا لەمانگی ئایاردا سزا ئابورییەکانی سەر دیمەشق کە مابوو هەڵیگرت. پێش دەستپێکردنی شەڕ لەسوریا لەساڵی 2011 سوریا ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. هەناردەی نەوتی خاو لەسوریاوە لەساڵی 2002دا گەیشتە لوتکەو نزیکەی 380 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا بوو، بەڵام بەرهەمهێنان دابەزیی‌و نزیکەی وەستان بوەوە، بەهۆی شەڕو ئاڵۆزیە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەک ڕاگەیاند، شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ بەندکردن سزادراوە.  دواى چوار جار دواخستن ئەمڕۆ سێ شەممە دادگای سلێمانی دانیشتنێکى دیکەى بۆ دۆسیەکە ئەنجامداو سزای پێنج مانگ بەندکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤیدا سەپاند،  ئەم سزایەی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکراوە، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە.  ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق کە لەبەردەم هۆڵی دادگا ئامادەبوون لەم بارەیەوە دەڵێن" سەرۆکی جووڵانەوەکەمان چ لە زیندان بێت یان دەرەوە، ئێمە بە شانازییەوە پشتیوانی دەکەین". باس لەوەش دەکەن دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بە سیاسیی کراوە و دوورە لە یاسا، هەروەها ئەم دۆسیەیە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی بەدوای خۆیدا هێناوە. رۆژی 12ـی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا. رۆژی 21ـی ئابی 2025 شاسوار عەبدولواحید برایە بەردەم دادوەری ووتەی لێوەرگیرا لەسەر ئەو سزایەی پێشتر دادگا بە غیابی بۆی دەرکردبوو. دواتر دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئەیلولی 2025) دواخرا، ئەمڕۆش دادگای بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 5 مانگ بۆ دەرکرد.  

محەممەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، مافی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان نییە. سێشەممە، 2ـی ئەیلوول 2025،  سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەماندا گوتی: بڕیاری سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، هەندێک نیگەرانیی بۆ هاووڵاتیان و بازاڕی وڵات دروست کردووە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە  ئەو سێ وڵاتە، بەهۆی پابەند نەبوونیان بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، مافی چالاککردنی میکانیزمی بڕگەی 37ـی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان نییە و لەبەر ئەم هۆیەش، بە شێوەیەکی نایاسایی پرۆسەی گەڕاندنەوەی بڕیارنامەکانیان دەست پێ کردووە، لەسەر ئەم بنەمایەش پێویستە ئێران هەنگاوێکی گونجاو بۆ ڕێگریی لەم کارە نایاساییەی لایەنە ئەوروپییەکان بنێت، تاوەکو ناچاریان بکات لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە. ڕاگەیاندنی بڕیاری یەکگرتوو بەرانبەر سەپاندنەوەی سزاکان قالیباف، ڕایگەیاند "هەڵوێستی ڕوون و دیاریکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سزاکان، بەم زووانە ڕادەگەیەنرێت و جێبەجێ دەکرێت." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە، ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵەیە کە بە پێچەوانەی ئەو هەوڵە زۆرانەی دوژمن دەیاندات، بڕیارنامەی کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێران نابێت.  قالیباف، هەروا گوتی: سزا ئابوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا پەیوەندییان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە. پێشتر ئەمەریکا زۆر سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندووە،  بەڵام کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێمە نەبووە. بە واتایەکی تر، ئەو بڕیارەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، هیچ سزایەکی ئابووریی نوێ بۆ سەر ئێران زیاد ناکات. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاشیگەیاند "سەرباریی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ڕێگریی لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکات و بازرگانی دەرەوەی ئێمە سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەکان، بە شێوەیەکی گونجاو بەردەوامە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەراورد بە سزا تاکلایەنەکانی ئەمەریکا، گەورە نین و چاودێریی و کۆنترۆڵی ورد ناکرێت." قالیباف گوتیشی: ڕەنگە هەندێک کەس و لایەن، سەپاندنەوەی سزاکان بە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیی سزاکانی ئەمەریکا بزانن و بانگەشەی ئەوە بکەن ئەم ژێرخانە یاساییە دەبێتە هۆی ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا کاریگەرتر لە جاران جێبەجێ بکرێن؛ بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە لە ڕووی یاساییەوە، سزا ئابوورییەکانی ئەورووپا هێندە کاریگەر نین و هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناگرنەوە. پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و زیادکردنی توانای سەربازیی ئێران  سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: ئەوەی بۆ ڕێگریی لە هێرشی دوژمن گرنگە، پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و زیادکردنی توانای سەربازیی ئێرانە. توانای بەرگریی ئێمە لە دۆخێکی باشدایە، لەبەر ئەوەش پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی لە بەرانبەر دوژمن و دروستکردنی کەشێکی دەروونیی ئارام بۆ خەڵک، لەلایەن هەموو بەرپرسان و چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بایەخێکی زۆری هەیە و لەم بوارەشدا ڕوونکردنەوەی ڕادەی کاریگەریی ڕاستەقینەی سەپاندنەوەی سزاکان، یەکجار گرنگە. قالیباف لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە هەموو بەرپرسانی وڵات، بە تایبەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتە جیاوازەکانی حکوومەت، شیکەرەوە و شارەزایانی بواری نێودەوڵەتی و ئابووری، بە وردی و شارەزایانە، ئەوە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە کە سەپاندنەوەی سزاکان، کاریگەریی ئەوتۆی نابێت؛ بەم جۆرە دەتوانین ڕێگریی لە هەوڵەکانی دوژمن بۆ شڵەژانی باری دەروونی دروستکردنی نائارامیی لە کۆمەڵگەدا بکەین و بارودۆخەکە بە سوودی خۆمان کۆنترۆڵ بکەین.

لەکاتێکدا  واشنتن پلانى داناوە بۆ سفکردنەوەى پێدانى هاوکاریی دارایی بە پێشمەرگە لە ساڵى داهاتوودا، وەزیری پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، دڵنیابوونەتەوە کە هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان  بەردەوام دەبێت. شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازیی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە. بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، وەزیرى پێشمەرگە لەبارەى دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چاکسازی و بونیادنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی رایگەیاندووە، "پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردووەتەوە". شۆڕش ئیسماعیل راشیگەیاندووە، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا". وەزیرى پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن. هاوکات کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، رایگەیاندووە، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی سەربازیی نیشتمانیی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.

ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕێکی سیستماتیکی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە غەززە بەڕێوە دەبات لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە سوپای  ئەنجامی دەدات. تا ئێستا ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس کوژراون. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هەوڵدەدەن گەمارۆی میدیایی بسەپێنن و کۆمەڵکوژییە بەردەوامەکانی ناوچەی فەلەستینی لێدراو تەمومژاوی بکەن. زیاتر لە 250 دەزگای ڕاگەیاندن لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە، ڕۆژی دووشەممە لاپەڕەی یەکەم و ماڵپەڕەکانیان ڕەشکردەوە و پەخشەکانیان پچڕاند بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە. پەیامنێرانی بێسنوور کە ئەو ناڕەزایەتییەیان ڕێکخستووە، ڕایگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا ٢٥٠ ڕۆژنامەنووسی لە کەرتی غەززە کوشتووە. سوپای ئیسرائیل ڕاستەوخۆ پەیامنێرانی ئەلجەزیرەیان کردوەت ئامانج. یازدە پەیامنێر و کامێرامان لە کەرتی غەززە لە هێرشە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیلدا کوژران، لەکاتێکدا بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی ئەرکە ڕۆژنامەوانییەکانیان سەرەڕای جینۆساید و برسێتی و ئاوارەبوون. هەندێکی دیکەش بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلەوە بە سەختی بریندار بوون. ئەو ڕۆژنامەنوسانەى کەناڵی جەزیرە لە نێو ڕۆژنامەنووساندا بریتین لە: ئەنەس ئەلشەریف، محەمەد قریقە، محەمەد نوفال، ئیبراهیم ئەلزاهر، حوسام شەبات، ئەحمەد ئەللوح، ئیسماعیل ئەلغول، ڕامی ئەلریفی، مستەفا توریا، حەمزە ئەلدەهدوح، و سامر ئەبودەقە. لە هەڵمەتەکانی سوپای ئیسرائیل، وایل ئەلدەهدوح، بەرپرسی نووسینگەی غەززەی ئەلجەزیرە، ئیسماعیل ئەبو عومەر، ڕۆژنامەنووس، ئەحمەد مەتار فۆتۆگرافەر و فادی ئەلواحیدی کامێرامان بریندار بوون. بەگوێرەی کەمپینێکی نێودەوڵەتی کە ڕۆژی دووشەممە دەستیپێکردووە، "بەم ڕێژەیە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بەم نزیکانە کەس نامێنێت کە ڕووماڵی هەواڵەکانی غەززە بکات و ئاگادارمان بکاتەوە لەوەی لەوێ ڕوودەدات،ئەمە تەنها شەڕێک نییە دژی غەززە، شەڕێکە دژی ڕۆژنامەگەری". ئەنەس شەریف ئێوارەی 10ی ئابی 2017، دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کە خێمەیەکی ڕۆژنامەنووسانی لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززە کردە ئامانج، کوژرا. لە وەسیەتنامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە هەموو شتێکی لە توانای خۆیدا کردووە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بڵێت. سامر ئەبودەقە، فۆتۆگرافەرو ڕۆژنامەنووس و مۆنتاژکاری ڤیدیۆ لە کەناڵی جەزیرە، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ پەیوەندی بە کەناڵی جەزیرەوە کرد، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە کاتی ڕووماڵکردنی بۆردومانێکی ئیسرائیلدا شەهید بوو کە قوتابخانەی فەرهانە لە خان یونس کرایە ئامانج. دوابەدوای کوژرانی پێنج ڕۆژنامەنووس لە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوودا، عیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل، پەشیمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو زیانە گیانیانەی خەڵکی سڤیل. سوپای ئیسرائیل بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشەکانی تەنها بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و گروپە چەکدارەکانی دیکە دەکاتە ئامانج و هەوڵدەدات زیان بە خەڵکی مەدەنی نەگەیەنێت.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، تورکیا سێ ڕێوشوێنی کردەیی گرتەبەر بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەک لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگری تورکیا هۆشداریی داوە. ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و دروستکردنی پەناگەی پێشکەوتوو بۆ پاراستن لە هەڕەشە ئەتۆمییەکان. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، سوپای تورکیا سیستەمی " Steel Dome "ی وەرگرتووە، کە لە 47 ئۆتۆمبێلی بەرگری ئاسمانی پێکهاتووە و بەهای نزیکەی نیو ملیار دۆلارە. لە میانی مەراسیمی گەیاندنی سیستمەکەدا، کە لە بارەگای کۆمپانیای تورکی ئاسێلسان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ململانێ گەرمانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە دەوروبەری تورکیا ڕوویانداوە ، گرنگیی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕاداریان نیشانداوە. ئەم پڕۆژەیە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە و لەلایەن کۆمپانیای ئەسەلسانەوە پەرەی پێدراوە، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تورکیا. سیستەمی بەرگری ئاسمانی فرە چین لەخۆدەگرێت کە لەڕێگەی تۆڕی یەکگرتووی سیستەمەکانی وەک سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و کۆنترۆڵکردنی کۆرکوت و سیستەمی بەرگری ئاسمانی مەودای مامناوەندی هیسار و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سابر و سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو دروستکراوە، بەپێی ماڵپەڕی بەرگری تورکیا ساونماتەر و ماڵپەڕی بەرهەمهێنەرەکە. کاتی هەستیار کەمتر لە مانگێک دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ئەکادیمیای هەواڵگری تورکیا، کە لێکۆڵینەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد و پێشنیاری ڕێوشوێنی بەپەلەی کرد بۆ ئامادەکاری بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ئەگەری لەگەڵ تەلئەبیب. لە نێو ئەو ڕاسپاردانەدا پێویستی دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی فرە چین بوو. هەرچەندە پڕۆژەی "قوبە ئاسنین" لە ساڵی ٢٠١٨ دەستی بە پەرەپێدانی کردووە، بەڵام ڕاگەیاندنی لەم کاتەدا پەیامێکی ڕوونە بۆ تەلئەبیب کە حکومەتی تورکیا و هێزە چەکدارەکان لە هەڵە و لاوازییەکانی هەردوولا فێربوون و کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کەموکوڕییەک و بەهێزکردنی لایەنە ئەرێنییەکان. هەروەها سیستەمی هێرشبەریش بە شێوەیەکی بەرچاو لە پلانەکانی تورکیادا دیارە. ڕۆکێتسان مووشەکی هایپەرسۆنیکی تایفون بلۆکی ٤ی درێژی ١٠ مەتر و ٧٢٠٠ کیلۆگرامی ڕاگەیاند، کە موراد ئاکینجی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە ڕێگرییەکی سەرەکی لە شەڕدا وەسفی کرد. پەناگە ئەتۆمییەکان یەکێک لە ڕاسپاردە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتی ئەکادیمیای هەواڵگری، کە لە ئێستادا حکومەتی تورکیا وەریدەگێڕێتە سەر هەنگاوی کردەیی، ڕاسپاردەی دروستکردنی پەناگەی پێشکەوتوو و بەباشی تەیار بۆ شەڕە نوێیەکان و پاراستن بوو لە هەڕەشە ئەتۆمییەکان. لە میانی کۆبوونەوەی حکومەتی تورکیا هەفتەی ڕابردوو، حکومەت بڕیاریدا کۆمپانیای تۆکی کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتییە و سەر بە وەزارەتی ژینگە و گەشەپێدانی شارەکانە، ڕاسپێرێت بۆ دروستکردنی ئەو پەناگانە. تۆکی ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە لە جێبەجێکردنی بینا بەرگەگرەکانی بوومەلەرزە، کوالیتی خۆی نیشان دەدات لە کاتی ئەو بوومەلەرزانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەی گرتەوە، دیارترینیان بوومەلەرزە بەناوبانگەکەی بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ویلایەتەکانی باشووری گرتەوە. ئەم پەناگانە لە ٨١ ویلایەتدا بە قۆناغ دروست دەکرێن و لە شارە گەورەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر فراوانتر دەبن بۆ ویلایەتی دیکە. هەروەها ئەگەری بەکارهێنانی وێستگەکانی میترۆ و نۆژەنکردنەوەی پەناگە کۆنەکان لەخۆدەگرن. بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دامەزراندنی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران و چۆن ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئاسانکارییان بۆ ئەرکەکانی کرد بۆ لەناوبردنی ئامانجە گرنگەکان و چاودێریکردن و تیرۆرکردنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئێران، تەرکیزێکی سەرەکی کردەوەکانی حکومەتی تورکیا بوو. لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا حکومەت سەرکەوتوو بوو لە چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر بانگهێشتی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و بەو هۆیەوە یەکێک لە کێشە درێژخایەنەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا چارەسەر بوو. لە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتی هەواڵگری، کە جەختی لەسەر گرنگی بەهێزی بەرەی ناوخۆ و هەر هۆکارێک کردەوە کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوخۆ هەبێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی وتارێکیدا بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنقەرەی پایتەخت، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت ڕێگە نادات دەرفەتی مێژوویی "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر" بە فیڕۆ بچێت، و بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو دەرفەتە نەهێڵێت هەڕەشەی "تیرۆریستی" و هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لەسەر ئەنقەرە دروستی کردووە، کە حکومەت تۆمەتباری دەکات بە ڕێکخستنی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦، لێکۆڵینەوەکان بووە هۆی دەستگیرکردنی ئیمین ئۆنەر، خاوەنی کۆمپانیای ئاسانی پیشەسازی بەرگری و گورکان ئۆکوموش، بەڕێوەبەری گشتی ئەو کۆمپانیایە، بە تۆمەتی سیخوڕی سەربازی و پەیوەستبوون بە بزووتنەوەی قەدەغەکراوی گولەن. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ، کە ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردۆتەوە، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی "سیخوڕی سەربازی" کە بەشێوەیەکی گشتی ناسراوە، دەرکەوتووە کە خاوەن و بەڕێوەبەری گشتی گروپەکە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار" و "سیخوڕی سەربازی" دەستگیرکراون، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی بواری کارکردنی گومانلێکراوان. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سندوقی بیمەی پارەی پاشەکەوتکراو بیمەی 10 کۆمپانیای کردووە کە لە ژێر دەستی گروپی ئاسان کاردەکەن. تورکیا هەوڵ دەدات ئامادەیی جیهانی خۆی بەهێز بکات و خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە هەر گۆڕانکارییەک لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە هاوسەنگی هێزدا جێگیر بکات. ئەمەش بە بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی و پەرەپێدانی پیشەسازییە بەرگرییەکانی و پاراستنی ئامادەیییەکی چالاکانەی دیپلۆماسی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و کارکردنی بەردەوام بۆ زیادکردنی توانا ئابوورییەکانی بەدەست دێت. بەرهەمی ناوخۆیی 1.3 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئامانجیشی داناوە بۆ ئەوەی بچێتە لیستی 10 ئابوورییە سەرەکییەکانی جیهانەوە.

جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند" دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەمدواییە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت". قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عیراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە پێویستیی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد و رایگەیاند، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی رویدا لە درێژەی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە. قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند وەک چۆن سلێمانی هەمیشە بە شاری ئازادی کاری سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەک شاری ئازادییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت. سەبارەت بە دەستگیرکراوانی روداوەکانی ئەم دوایە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت.

هاوڵاتى:  بەرەی گەل داوا لە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەكات، هەوڵی خۆیان بدەن بۆ دیاریكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی شەڕەكەی لالەزار. بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ دوشەممە، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و هاوکارانی پێشوازی لێكرا. لە کۆبونەوەکەدا باس لە ڕەوشی گیراوان و بێسەروشوێنانی شەڕەکەی لالەزار كراوەو وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، شادمان مەلا حەسەن داوای لە سەرۆکی دەستە کرد هەوڵی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنان و باشکردنی ڕەوشی گیراوەکان و دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە. بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەیامێك ئاراستەی کەسوکاری گیراوان ئەوانەی تاکو ئێستا چارەنوسیان نادیارە، كراوە كە پەیوەندی بە ناوەندەکانی دەستەی مافی مرۆڤ بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی لە ئاسایشی سلێمانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام تا ئێستا كەسوكارو خوشك و براو خێزانەكەی نەیان بینیوە، بڕیارە هاوسەرەكەی بیبینێت.  ماوەی (10) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی تەواو بوووە.  بە پێی بەدواداچوونەكان ئەمڕۆ هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و  بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت.

دوای 7 ساڵ، بکوژی رەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحیی برای لە زیندانی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.   ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 تەیب زەبیحی، کوڕی کەیوان زەبیحی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 31-08-2025، بکوژی کەیوان زەبیحیی باوکی و رەحیم زەبیحیی مامی، لە گرتووخانەی ناوەندی سنە لەسێدارە درا.   تەیب زەبیحی گوتی، "تاوانبار خزمێکی خۆمان بووە، ساڵی 2018 بەهۆی کێشەی داراییەوە باوکم و ماممی سووتاند و گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەر زوو تاوانەکە ئاشکرا بوو و تاوانبار دەستگیرکرا، دواتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دوێنێ سزاکەی جێبەجێ کرا."   لە 07-12-2018 رەحیم زەبیحی و براکەی بەناوی کەیوان زەبیحی، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان بە سووتاوی دۆزرانەوە، سەرەتا گومان دەکرا کە رووداوی هاتووچۆ بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت رووداوەکە بە ئەنقەست بووە.   دوای 24 کاژێر ئەکبەر عەباس پوور، خزمی ئەو دوو برایە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا.   بكوژەكە باسی لەوە کردبوو، "رۆژی رووداوەكە رەحیم زەبیحی ‌و براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەك ‌و لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداون‌، دواتر بۆ ماوەی یەك كاژێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون و دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكە ‌و بەنزینی پێدا كردوون سووتاندوونی."    رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتی‌ و بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە‌.   زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزموونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنان ‌و سیناریۆدا.   لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای کۆمیدی "ماڵەكەی مەعرووف" ناسرا، كە بینەرێکی زۆری هەبوو لە هەرێمی کوردستان، هەردوو ئەکتەری کۆمیدی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکییان لە درامەکەدا بینیوە.

سەرۆککۆماری تورکیا لە چین لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە، ئەردۆغان جەختی لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کردەوە و پوتنیش باسی لە هەماهەنگیی لە بواری وزەدا کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی رێکخراوی هاريکاریی شەنگهای لە چین، لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا بانگێشتی سەرۆکی رووسیای کردووە بۆ وڵاتەکەی و گوتوویەتی، لە دڵەوە چاوەڕوانە لە داهاتوودا، پوتن سەردانی وڵاتەکەی بکات. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا و کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێکدادان. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی و هاوبەشیی تورکیا و رووسیا لە بواری وزەدا کردووە. وەک میدیای تورکیا ئاماژەی بۆکردووە، ئەردۆغان و پوتن باسیان لە رەوشی غەززە و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووە و هەردوولاش کۆکبوون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی لە وڵاتانی قەفقاس، لە بەرژەوەندیی ئەنقەرە و مۆسکۆدایە.

ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی لە ئاسایشی سلێمانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام تا ئێستا كەسوكارو خوشك و براو خێزانەكەی نەیان بینیوە، بڕیارە هاوسەرەكەی بیبینێت.  ماوەی (10) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی تەواو بوووە.  بە پێی بەدواداچوونەكان ئەمڕۆ هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و  بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت. هیوا شێخ جەنگی برا گەورەی لاهور شێخ جەنگی زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە كە ئەمڕۆ پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام پۆڵاد و رێبوار و ئەوان پارێزەر نەیانی بینیوە، هیوا شێخ جەنگی ئەوەشی وت، كە ئەمڕۆ رێگەیان نەداوە خۆی و ئاوازی خوشكی لاهور شێخ جەنگی ببینن. وتیشی بەشێك لەو پارێزەرانەی كە لە هەولێرو لە كەناڵەكانەوە لێدوان دەدەن هیچ وەكالەتێكی لاهور شێخ جەنگیان نیەو رێگەپێدراویش نین بەناوی لاهورەوە قسە بكەن، ئێمە سوپاسیان دەكەین بەڵام ناتوانن بەناوی لاهور شێخ جەنگییەوە قسە بكەن و بنەماڵەكەشیان ئاگادار نین، دەتوانن وەك مافپەروەرێك قسە بكەن و بەرگری بكەن و ئێمە سوپاسیان دەكەین.  لە كاتی گرتنی لالەزاردا: - 3 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژران - 19 كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوون - 12 كەس هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی كوژران - 22 كەس لە هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی برینداربوون - 162 كەس لە لالەزار دەستگیركران 

ئاسۆ فەرەیدوون ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی شەڕەکەی لالەزار چەند داوایەکی لە بافڵ تاڵەبانی هەیە و نووسیویەتی: رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگریی یاساییان لێبکەن. دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تاوەکو متمانەی هاووڵاتییانیش زیاتربێت بە دادگەكانمان. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە .  دەقى نوسینەکە... نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز / بافڵ جەلال تاڵەبانی  سڵاو و رێزی بێ پایانم ... ساڵی ١٩٨٩ خوالێخۆشبووی خاڵم (موكەرەم تاڵەبانی) لەسەر ڕاسپاردەی حكومەتی ئەوكاتەی عێراق دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ بینینی خوالێخۆشبوان (مام جەلال) لەشاری لەندەن و (عەزیز محمد) لە شاری پراك ، بە مەبەستی دروستكردنی دەرچەیەك بۆ دانوستان لەدوای شاڵاوی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ . هەر لەوسات و وەختەدا ئامۆزایەكمان بەناوی (پیرۆت تاڵەبانی) لەگەڵ كاك (كەمال شاڵی) لای حكومەتی عێراق دەسگیركرابوون و حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەركرابوو ، (موكەرەم تاڵەبانی) داوای لێخۆشبوون و ئازادكردنی حوكمدراوەكانی لەلای رژێمی لەناوچوو كرد.   سەدام حسێن : ئەم گیراوانە تۆمەتبارن یان تاوانبار ؟ موكەرەم تاڵەبانی : بێگومان لە دیدی تۆدا تاوانبارن ، بۆیە هاتووم داوات لێ ئەكەم لێیان ببوریت و بیانبەخشیت . لەپاشان ، ئازاد كران .  *(لە بیرەوەریەكانی موكەرەم تاڵەبانیەوە)  ( الأمثال تضرب و لاتقاس)  لەو ڕووبەڕو بونەوەی شەوی ٢١/٢٢ مانگی ئاب ، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد ، شەوێكی كەم وێنەبوو كەبە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو . هەموو ئەوانەی لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە ، وە باوەڕمان وایەكە كە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی ئەدات . لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریەوە و بە حوكمی دۆستایەتی نێوانمان و وە بەو پێیەی جەنابتان جگە لەوەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن ، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیان ، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف و ئەركی هەیە ، وەك پارێزگاری پێشووی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، داواكارم لە بەرێزتان : ١/ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە  ، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن . ٢/لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان ، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان ، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە . ٣/ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، وون بوو و قوربانی و كوژراو لە ئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە ، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و ڕاستی مان و نەمانیان بە كەسوكار و خانەوادەكانیان بووترێت ، وە كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت ، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن . ٤/ رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبکەن و دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بە دادگاكانمان. ٥/ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە .  لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی کەلەڕابردوو ڕوویاندا ،  متمانەو خەمخۆری و سەقامگیری لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات ، جگە لە درووستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا . سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان. د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق