دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ئیسرائیل و حەماس بە ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی کردەوە. ترەمپ ڕایگەیاند "پێویستە حەماس بە زووترین کات تەرمی بارمتەکان، بەتایبەتی تەرمی دوو سەربازی ئەمەریکی کە لای حەماس ماوەتەوە، ڕادەست بکاتەوە." ناوبراو مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە حەماس و ڕوونیکردەوە، ئەگەر پابەند نەبن، ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر لە پرۆسەی ئاشتی غەززە بژاردەی دیکەیان دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە گەیشتن بە هەندێک لە تەرمەکان ئاسان نییە، بەڵام حەماس دەتوانێت ئەو تەرمانەی ئێستا لەژێر دەستیدایە بیانگەڕێنێتەوە، ئەگەر نا، ئەوا واتای ئەوەیە کە حەماس بابەتەکەی بە دانانی چەکەوە بەستووەتەوە." سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، پێشتر هەڵوێستی دادپەروەرانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە ڕاگەیاندووە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا. بەگوێرەی خاڵی چوارەمی پلانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەبێت حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام تا ئێستا حەماس تەرمی 16 بارمتەی کوژراو و 20 بارمتەی زیندووی ڕادەست کردووە، و تەرمی 13 بارمتەی دیکە ماوە. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، لە ئاگربەستی غەززەدا 59 وڵات بەشدارن، کە پێشتر هەرگیز ڕووداوێکی لەو شێوەیە نەبووە. ئێستا هەموویان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەبراهام، لەنێویاندا ئێرانیش هەیە. حەماس ڕایگەیاندووە، پابەندن بە ئاگربەستی غەززە و هەموو بارمتە زیندووەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە تەرمی بارمتەکانیشیان داوەتە دەستی ڕێکخراوی خاچی سوور. حەماس جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامن لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە.
بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: دهستمانكرد به ههنگاوی كشانهوهی ئهو هێزانهمان له توركیا كە لهبهردهم ئهگهری مهترسی پێكداداندان و زهمینه لهبارن بۆ ڕوودانی ئهگهری نهخوازراو، راشیدەگەیەنێت: كشانهوهكه له ناوچه سنورییهكانی توركیاوه بهرهو ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا دهكرێت. بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنورسیدا لە بناری قەندیل، هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی عەبدوڵا ئۆجەلان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە راگەیاندو، بەیاننامەی هەنگاوە لەلایەن سەبری ئۆك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە و هەروەها بێژین دەرسیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی یەژاستاری سەرحەد، دەڤرین پالو فەرماندەی فەرمانداری هەپەگە بە بەشداری ٢٥ گەریلا خوێندرایەوە. دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە: بۆ ڕای گشتیی دوای گهیشتنی شهڕ و پێكدادانهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست به ئاستی مهترسی زۆر جدی لهسهر ئایندهی كورد و توركیا، ساڵی ڕابردوو لهسهر بانگهوازییهكانی سهرۆككۆماری توركیا و سهرۆكی گشتی مەهەپە دهوڵهت باخچهلی و پاشان ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان پرۆسهیهك دهستی پێكرد و ئهم پرۆسهیهش كه به بانگهوازی “ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک”ـی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان له ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـدا به ناسنامهی خۆی گهیشت، به قۆناخێكی تا دواڕاده گرنگ و ههستیاردا دهگوزهرێت. ئێمهی لایهنی كورد لهلایهن خۆمانهوه له ماوهی ههشت مانگی ڕابردوودا لهسهر بنچینهی بانگهوازی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک ههنگاوی گهورهی مێژووییمان نا. دوابهدوای بانگهوازییهكه و له ڕۆژی ١ـی ئاداردا به ئامانجی بهرقهراركردنی زهمینهیهكی ئارام و ئاسووده بۆ گفتوگۆكردن ئاگربهستمان ڕاگهیاند. ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان به ڕێبازی گونجاو ئاراستهی نیشاندا و لهسهر ئهو بنهمایهش پەکەکە له ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا، ١٢ـیەمین كۆنگرهی خۆی سازدا و بڕیارماندا به كۆتاییهێنان به ههبوونی ڕێكخراوهیی پەکەکە و ستراتیژییهتی تێكۆشانی چهكداری و ئهو بڕیارهشمان لهسهر زیاد كرد كه تهنیا به سهرپهرشتی ڕاستهوخۆیانهی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان دهتوانرێت پراكتیزه بكرێن. دوای دوو مانگ و له ١١ـی تهمووزدا، دوای بانگهوازی بهدیمهنی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان گرووپی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک کە له ٣٠ كهس پێكهاتبوو و به پێشهنگایهتی هاوسهرۆكی كۆنسهی بهڕێوهبهری کەجەکە بهسێ هۆزات، له مهراسیمێكدا چهكهكانیان سووتاند و به ڕوونی و كرداریی ههڵوێست و به بڕیارداریمانەوە له كۆتاییهێنان به تێكۆشانی چهكداری سهلماند. ئهم ههنگاوه مێژووییانهی لایهنی كورد كه به پێشهنگایهتی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە ئهنجامی دان، كاریگهرییهكی قوڵی له كهشوههوای سیاسی و كۆمهڵایهتی توركیا كرد و گیان و ئیرادهیهكی نوێی له بواری ئاشتی و دیموكراتیزهبووندا خستهڕوو. ئهم ههڵوێسته بوێرانه و فیداكارانهیهی كورد كه ههمیشه لایهنگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووه، بهشێوهیهكی گشتی له ناوخۆ و دهرهوهی توركیاش پێشوازییهكی گهرمی لێكرا. سهرهڕای ههڵوێسته ناتهواوهكانی لایهنی بهرامبهر، ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان و بزووتنهوهی ئازادیخوازی كوردستان به ئامانجی وهلاوهنانی ههموو ئهو مهترسییه سهختانهی بهرۆكی كورد و توركیای گرتووه، بۆ ئهوهی بتوانرێت بناخهی ژیانی ئازادی، دیموكراتیک و برایهتی سهدهی داهاتوو دابنرێت و پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی به قۆناخی دووهم بگهیهندرێت، له ههوڵی ههنگاوی نوێی كردارییدایه. لهم چوارچێوهیهدا و لهسهر بنچینهی بهرنامه و بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ و به دهستووری ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان دهستمانكرد به ههنگاوی كشانهوهی ئهو هێزانهمان له توركیا لهبهردهم ئهگهری مهترسی پێكداداندان و زهمینه لهبارن بۆ ڕوودانی ئهگهری نهخوازراو. كشانهوهكه له ناوچه سنوورییهكانی توركیاوه بهرهو ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا دهكرێت و بهشێك لهو گرووپانهی گهیشتوون به ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا ئێستاكه لێره ئامادهن و بهشدارن لهم کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات لهو سهنگهرانهی ناوچه سنوورییهكانیشدا كه ئهگهری پێكدانان و ههر ئهگهرێكی نهخوازراویان لهسهره، ڕێوشوێنی هاوشێوه و سازهندانه گیراونهتهبهر. بێگومان پراكتیك دهبێته نیشاندهری ئاستی كاریگهری ئهم ههنگاوانهمان. بهڵام ئهم ههنگاوه كردارییانهشمان جارێكی تر بهبڕیاربوون و ههڵوێستی ڕوونمان سهبارهت به جێبهجێكردنی بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ دهسهلمێنێت. زۆر ڕوون و ئاشكرایه كه ئێمه پابهندین به بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ـوە و بهبڕیاریشین له جێبهجێكردنی دا. بهڵام بۆ جێبهجێكردنییان پێویسته دهستبهجێ ئهو ههنگاوه یاسایی و سیاسییانهی پرۆسهكه بنرێن كه مهرجی بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ـی پەکەکە بوون. بۆ ئهم مهبهسته پێویسته یاسای ڕاگوزەری تایبهت به پەکەکە به بنچینه وهربگیردرێت و بۆ بهشداریكردن له سیاسهتی دیموكراتییانهش دهستبهجێ یاساكانی پهیوهست به ئازادی پێویست و ئهنتیگراسیۆنی دیموكراتی دهربكرێن. بانگهوازییهكهمان بۆ تێكڕای گهلهكهمانه بهتایبهتیش ژنان و گهنجان. ڕۆژ؛ ڕۆژی چاوهڕوانیكردن نییه، ڕۆژی تێكۆشانی ڕێكخراوهییه بۆ بهدیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی. ههر بۆیه ههر كهسێك خۆی لهم ژیانهدا دهبینێتهوه پێویسته له ئاستی ههڵمهتی سهرتاسهریدا بۆ سهركهوتنی “پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی” تێبكۆشێت. مانیفێستی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک مسۆگهر سهردهكهوێت.
لە میانەی وتارێکدا لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی پەیوەست بە بەغداد و سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق. سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دەستکەوتەکانی گەلی کورد "بە خوێن بەدەستهاتووە" و جەختی لەوە کردەوە کە "ناحەزانی گەلەکەمان هەمیشە کێشە و گرفت دروست دەکەن". ناوبراو داوای کرد، کە پێویستە سنوورێک بۆ ئەو بڕیارانە دابنرێت کە لە بەغدادەوە دەردەچن و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "سۆسیالیستەکان لە هەر شوێنێک بن، ئازادی لەوێ بوونی هەبووە،" وەک ئاماژەیەک بۆ ئایدۆلۆژیای حیزبەکەی. سەبارەت بە سیستمی هەڵبژاردن، محەمەدی حاجی مەحموود داوایکرد پێداچوونەوە بە کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکرێت. ناوبراو پێشنیازی کرد، کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پێویستە هەموو عێراق بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن. لەم بارەیەوە وتی: "ئەگەر هەڵبژاردن یەک بازنە بێت، ئەوا وەک کورد دەتوانین نزیکەی 90 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنین،" کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد لە بەغداد. سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە "کۆنفیدراڵی تەنیا چارەسەرە بۆ پێکەوەژیان" و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی بۆ خۆی بێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد "بە خوێن بەدەستهاتووە" و "ناحەزانی گەلەکەمان هەمیشە کێشە و گرفت دروست دەکەن".
جێگری سەرۆکی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان هەموویان یەك لە دوای یەك دەبێت بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان، دەبێت خانەقین، مەخموور، زوممار و شنگال هەموویان بگەڕێندرێنەوە، هیچ بستێكی ئەم خاكە نابێت لە ژێر دەستی داگیرکەردا بمێنێت. ئەمڕۆ شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275 تایبەت بە بازنەکانی کەرکووک و گەرمیانی پارتی کرد. لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە "کەرکووک هەر دەگەڕێنینەوە باوەشی کوردستان و هەرگیز دەستبەرداری ئەو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە نابین." ڕایگەیاند "ئەوەی تا ئێستا لە کەرکووک کراوە، ئەوەی لە ناوچە جێناکۆکەکان بەرانبەر بە هەموو پێکهاتەکان کراوە، ستەمێکی گەورەیە و چیدیکە قبووڵ ناکەین. دەبینە پارێزەری مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە." دووپاتیشی کردەوە، پێویستە ماددەی 140 و هەموو ماددەکانی دیکەی تایبەت بە گەلی کورد، وەکوو خۆیان جێبەجێ بکرێن. جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275 تایبەت بە هەردوو مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدا و کەرکووکی پارتی، لە هەولێر؛ لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی پڕۆژەکان دەستکەوت نییە، ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکوومەت دەستکەوت نییە، شانازی پێوە بکرێت، شانازی بەوەوە دەکرێت، دڵسۆزی خەڵکەکەی خۆت بیت و ئامادەبیت خۆت بۆیان بکەیتە قوربانی." مەسرور بارزانی گوتیشی: پارتی بەرگریی لە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکات، نەک تەنیا کورد. داواشی لە حکوومەتی فیدراڵ کرد، خزمەتی هاووڵاتیی شارەکانی دیکەی عێراق بکات، چونکە وەکوو خۆی گوتی "ژیانیان سەختە و لە هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن."
ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانەیەک لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گوتنەوەی سروودێک لە یادی هەڵەبجە لەلایەن قوتابییانی قوتابخانەکەوە، سزا دران. "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی "ڕێی خەبات" لەلایەن گرووپێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. کچە قوتابییەکان ئەم سروودەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە خوێندبوو. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆ، پاش چەندین جار بانگران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و مانگانە بڕێک لە مووچەکەی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە کەم دەکرێتەوە. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی" لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دوورخراوەتەوە و ئێستا وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانەدا وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن هەموو مانگێک نزیکەی چوار ملیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکەنەوە. ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی، لە قۆناغەکانی یەکەمدا، بڕیاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دوورخستنەوەی تەواوی "زەیتوون کەهزادی" بوو لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام پاش پێداچوونەوە، ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە کۆتاییدا بوو بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە. شایانی باسە کە ژمارەیەک لە کچە قوتابییەکانی قوتابخانەی سەرەتایی فیردەوسی لە جوانڕۆ، زستانی ڕابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە هاوکاری یەکێک لە مامۆستاکانیان بە ناوی "مێهری خوسرەوی زادە"، سروودی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازانەی "ڕێی خەباتمان"یان پێکەوە خوێند. سروودی "ڕێی خەبات" یەکێکە لە سروودە ئازادیخوازانەکانە کە پەیامێکی خۆڕاگری، یەکێتی و هیوای داهاتوویەکی دادپەروەرانە دەگەیەنێت و هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بەرخۆدان و ناسنامەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی ئەژمار دەکرێت. جێبەجێکردنی ئەم سروودە لەلایەن دەزگا حکوومییەکانی ئێرانەوە بە کاردانەوەی ئەمنی و گوشار خستنە سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لەقەڵەم دراوە.
کۆشکی سپی فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا ماوەتەوە، کە یاسای قەیسەر توندترین سزایە بەسەر سووریادا سەپێنراوە. پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سووریایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە، ئەو سزایانەن کە بە پێی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بە کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان. 'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری گوت: بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕوونکردووەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە. سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیوەندی بە یاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردووە و داوای لێکردوون پاڵپشتیی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستووە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن. لە واشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن کە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیار وایە سبەینێ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنێن. لەو بارەیەوە گەریلاکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکەنەوە. ڕۆژی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بەڕێز عەبدولا ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بە ناونیشانی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد، پاشان لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازییەدا، پەکەکە لە ٥ بۆ ٧ـی ئایار، کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و چەندین بڕیاری گرنگی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی پرۆسەی ئاشتی پراکتیزە کرد. هەروەها لە ١١ـی تەممووز، گرووپێکی ٣٠ کەسی گەریلا بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات، وەک نیشاندانی نیازپاکییەک بۆ پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە مەراسێمێکی سیمبولیکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند.
بڕیارە مانگى ئازارى ساڵی داهاتوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەڕەنسادا، پرۆسەی دادگاییکردن پەیوەست بە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوەبچێت. دادگاییکردنەکە لە دادگای تاوانەکانی پاریس لەنێوان 16 بۆ 20ی ئازاردا ئەنجام دەدرێت. تۆمەتباری سەرەکی لەم دۆسیەیەدا جیهادییەکی فەڕەنسییە بە ناوی (سەبری سەید)، کە لەدایکبووی ساڵی 1984ی شاری تولوزە. سەید بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی دەکرێت، چونکە پێدەچێت لە ساڵی 2018 لە سووریا کوژرابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فەرمی لەسەر مردنی، دادگا بڕیاری داوە پرۆسەکە بەردەوام بێت. تۆمەتەکان: کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی بەپێی بڕیاری دادوەرانی لێکۆڵینەوە، سەبری سەید بەم تاوانانەی خوارەوە تۆمەتبار کراوە: تاوانی کۆمەڵکوژی و دژە مرۆڤایەتی: بە تایبەتی دژی چوار ژنی ئێزدی و حەوت منداڵەکەیان. کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ناوبراو ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزدیی کڕیوە بۆ ئەندامانی داعش بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ کاری سێکسی. مامەڵەی نامرۆڤانە: ژنە قوربانییەکان شایەتییان داوە کە خۆیان و منداڵەکانیان لە نان و ئاو بێبەش کراون، بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و وەک "کاڵای سێکسی" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. کلیمانس بیکتارت، پارێزەری ژنە ئێزدییەکان، ڕایگەیاندووە کە بریکارەکانی (قوربانییەکان) بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم دادگاییە دەکەن و هیواخوازن لە ڕێگەی دادگای فەڕەنساوە گوێیان لێبگیرێت و دادپەروەری بۆیان بەدیبێت. جگە لە دۆسیەی سەبری سەید، بڕیارە دوو کەسی دیکەش بە هەمان تۆمەت دادگایی بکرێن: (عەبدولناسر بن یوسف): بەرپرسێکی باڵای داعش بووە و ئەویش بە مردوو دادەنرێت. (سۆنیا مەجەری): هاوژینی پێشووی ناوبراوە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ فەڕەنسا. دادگاییکردنی سۆنیا مەجەری، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2027 بێت، دەبێتە یەکەم دادگایی کەسێکی فەڕەنسی کە خۆی ئامادەبێت و بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی سزای زیندانیی هەتاهەتایی ببێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دیپلۆماتکار ستیڤن فاگین پەیوەندیی بە ژەنەڕاڵ پاتریک فرانکەوە دەکات، ئەو بەرپرسە سەربازییە، کە ئەرکی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی پێسپێردراوە. ستیڤ فەیگن، کۆنسووڵی پێشووتری ئەمریکا لە هەولێر و هەڵسوڕێنەری پێشووی کاروباری باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغدا، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە راسپێردرا بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستی غەززە بکات. دوایین ئەرکی دیپلۆماتەکە، هەڵسوڕاندنی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغدا، کە لە کۆتایی ئایار تاوەکو کۆتایی ئابی ئەم ساڵ بوو. ئەمریکا نزیکەی 200 سەربازی خۆی ناردووەتە سەنتەرەکە، شانبەشانی هێزەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا، نوێنەرانی ئیمارات و ئوردن، و کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کارمەندانی مرۆیی کاردەکەن. ستیڤن فاگین کێیە و کارەکانی چی بووە؟ ستیڤن فاگین، ساڵى 2018 تاوەکو 2020 کونسوڵى ئەمریکا بوو لە هەولێر لە 2020 تاوەکو 2021 جێگرى سەرۆکى نێردەى ئەمریکا بووە لە بەغداد لە ساڵى 2022 وەک باڵیۆزى ئەمریکا لە یەمەن کارى کردووە لە 29ـى ئایار 2025 وەک کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق تاوەکو ئەمدواییانە کارى کردووە
سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت؛ سوپای کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی کە لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە سەروەری خاکی ئێران بکرێت. ئەمڕۆ هەیینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، حەبیبوڵڵا سەیاری سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند، توانای سەربازیی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، لە توانایدایە وەڵامی هەموو هێرشێکی سەربازی بداتەوە چ لە وشکانی، ئاسمانی یان سنوورە ئاوییەکانەوە بێت. هەروەها جەختیکردووەتەوە، سوپا گەرەنتی و بەهێزی مانەوەی داهاتووی ئێرانە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ هەیینی، عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس جەختیان لە بەردەوامی هاوکارییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە لە بواری بەرگری، تەکنیکی و پیشەسازیی سەربازی. بە گوێرەی ئیرنا، هەردوو لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان بە تایبەتی لە کەرتی وزە و پیشەسازی، هاوکات بە تێڕوانینی نوێوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان نەخشە ڕێگەی نوێ دابڕێژن بۆ برەودان بە هاوکارییەکانی نێوانیان لە بواری پیشەسازی سەربازی. لەلایەن خۆیەوە، دیمیتری پانتۆس سەرۆکی لیژنەی هاوکاریی و تەکنەلۆژیای بیلاڕووس، باسی لەوەکردوە، هاوبەشیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو وڵاتە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پێشەسازیدا بۆ ئەوان گرنگە و دەتوانن سوود لە ئەزموونی یەکتر ببینن بۆ زیاتر گەشەپێدان لە بوارەکانی تەکنیکی و بەرگریدا. لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تاران هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی، بە تایبەت لە ڕووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەک و سیستەمی پێشکەوتوو دەدات. بەرەبەیانی هەینی، 13ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، سوپای ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دەیان ناوچەی جیاجیای سەربازی و ئەمنی ئێران، لە نێویاندا کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیی و سەکۆی هەڵدانی مووچە و فڕۆکەخانەکانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون. ڕاگەیاندنی ئاگربەست دوای 12 ڕۆژ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمیركی بڵاویکردەوە، داعش لە ساڵی 2025دا هێرشەکانی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردووەتەوە، بە سود وەرگرتن لە کەمبونەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکاو ئەو ئاژاوەیەی دوای گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە هاتە ئاراوە. بەپێی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە رۆژنامەکە بینویەتی، تا کۆتایی مانگی ئابی رابردوو ئەو گروپە 117 هێرشی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا لە تەواوی ساڵی 2024 دا، تەنها 73 هێرشی ئەنجامداوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ زیادبونی چالاکییە سەربازییەکانی. تەنها لە مانگی ئابدا، حەوت ئەندامی هێزەكانی سوریای دیموکرات کوژران، هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلول هەشت هێرشی نوێی بەخۆیەوە بینی، کە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە دوو سەرباز گیانیان لەدەستدا. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆرێک لەو هێرشانە لە پارێزگای دەیرزور چڕبوونەتەوە کە زۆرینەی چەکدارانی داعشی تێدایە و بە نزیکەی سێ هەزار چەکداران مەزەندە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری گۆران تەل تامر، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە رایگەیاندووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گوڕی دایە داعش، رونیشیکردووەتەوە، ئەندامانی گروپەکە دەستیانکردووە بە هێرشی زیاتر. لە مانگی نیسانی رابردودا، ئەمریکا دەستیکرد بە کشانەوەی 500 سەرباز لە کۆی 2 هەزار سەربازەکەی لە سوریا کە زۆربەیان لە دەیرزوربوون، هاوکات ژمارەیەک لە بنکەکانی گواستووەتەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات. سەرکردەکانی هەسەدە جەختیان كردووە، گروپەکە شێوازی شەڕی خۆی گۆڕیوە و ئێستا لە رێگەی شانە بچوکەکانەوە کاردەکات کە لە پێنج ئەندام زیاتر نییە، هەندێکجار لە یەک ناوچە کاردەکەن بەبێ ئەوەی هەر شانەیەک ئەوی دیکە بناسێت. سیامەند عەلی، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاندووە: ئەو گروپە بچوکانە بە كەرەستەی سنوردارو بە تێچوی کەم ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدەن، هەر ئەندامێک تفەنگێکی کڵاشینکۆف و بۆمبێكی چاندنی پێیە. ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارانی ئەو گروپە چیتر وەک جاران جلوبەرگی سەربازی لەبەر ناکەن و ئاڵای رەش هەڵناگرن، بەڵکو بە ئاسانی لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا تێکەڵ دەبن، چونکە زۆربەیان سوریین.
گەورە ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان ڕەتیدەکاتەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، هیچ لێبوردنێکی گشتیی دەربکرێت و دەشڵێت، گۆڕانکاری لە هیچ ماددەیەکی دەستووری تورکیادا ناکرێت. محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، دەکرێت یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە دەربکرێت، کە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە، نەک گۆڕانکاریی لە یاسا گشتییەکان. ئوچوم، کە هاوکات بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکانە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەو یاسا تایبەتەی دەردەکرێت، کاتیی بێت و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت، واتە کاتێک دیاریدەکرێت و ئەو کەسانەی چەکیان داناوە و لەو ماوەیەدا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، لەو یاسایە سوودمەند دەبن، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەکەشدا، کەسی دیکە ناتوانێت سوود لە یاساکە ببینێت. ئوچوم، لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لە لێبوردنی گشتیی دەکەن، جەختیلەوەکردەوە، لێبوردنی گشتی و گۆڕانکاری لە یاسای سزادانیشدا لە پرسی ڕۆژدا نییە، نە ئیرادەیەکی لەو جۆرە هەیە و نە ئامادەکارییەکی لەو جۆرەش لە ئارادایە. لەبارەى چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکەش، ئوچوم گوتی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کادر و ئەندامانەی پەکەکە کە هیچ "تاوانێک"یان نەکردووە، جیاواز دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە "تاوان"ـی جۆراوجۆریان کردووە. واتە لەو یاسا تایبەتەی کە دەکرێت لەبارەى پەکەکە دەربکرێت، بەگوێرەی پلەبەندیی مامەڵە دەکرێت. ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان دەرگای بەڕووی هەر گۆڕانکارییەک لەبارەى ئەو ماددانەی دەستوور داخست، کە کورد چاوی خستووەتە سەریان و گوتی، پێویستە هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەردەکرێت، گونجاو بێت لەگەڵ دەستووردا، بۆیە ناکرێت هیچ گفتوگۆیەک لەبارەى گۆڕینی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور، ماددەکانی 42 و 66 بکرێت. چوار ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا باس لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت دەکات، لەوانەش؛ زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە. لە ماددەی 42ـی دەستووردا ئاماژەی بەوەدەکات؛ نابێت لە دەرەوەی زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکەی دایک لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بخوێندرێت. ماددەی 66ـی دەستووریش دەڵێت؛ هەر کەسێک بە ڕەگەزنامەکەیەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی تورک، تورکە، منداڵی دایک یان باوکێکی تورکیش، تورکە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاشکرای کرد؛ چاوەڕوان دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بە بەراورد بەم مانگە زیاد بکات. دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان واژۆ كرا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 27-9-2025، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستیپێکردەوە. میدیاکانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بڵاویانکردەوە: چاوەڕوان دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینى دووەمی داهاتوودا بگاتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەپێی ئەو سەرچاوەیە لەسەرەتای ئەم مانگەوە ڕۆژانە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێکی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی هەناردە کراوە.
لاهور شێخ جەنگى پێشترو لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا، کارو چالاکیەکانى لەهەردوو پەیجى (Lahur Sheikh Jangi Talabany) کە خاوەنى (ڤێریفایتە)، هەروەها پەیجى ( Lahur Sheikh Jangi Fans) سەحى شینى نییە بڵاودەکردەوە. پەیجى فەرمى (Lahur Sheikh Jangi Talabany) لەڕۆژى ٣١ حەوتدا کۆتا پۆستى تێداکراوە کە هەواڵى پێشوازییکرد لە ئەدریان ئایسلستەین كونسوڵى گشتی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمى تێدا بڵاوکراوەتەوە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ٢٤ - ١٠ هیچ پۆست و وێنەیەکى تێدابڵاوکراوەتەوە. بەڵام پەیجى ( Lahur Sheikh Jangi Fans) کۆتا پۆستى لە ڕۆژى ٢٤ ى ٨ تێدا کراوە کە دەڵێت بۆ یەکەمجار هاوژینەکەی لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی هێرشەکەی سەر لالەزار قسە بۆ رووداو دەکات، لەوکاتەوە هیچ پۆستێکى تێدا نەکراوە. لەدوێنێوە ٢٣ى ١٠ پەیجەکە کارا کراوەتەوەو دوو پۆستى تێدا کراوە، یەکێکیان وێنەیەکى لاهور شێخ جەنگیەو نوسینەکەى دەڵێت: بەپێوە وەستاوین بەپێوە دەمرین. پۆستى دووەمیان پەیامێکى ڤیدیۆیی ژینۆ محەمەد سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە هەولێر، کە دەڵێت پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی نابێتە کۆتا پەیام بەرەی گەل بەردەوامە.
دوو فڕۆكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دەباتە بنكەیەكی لە رۆژئاوای كوردستان. بەپێی هەواڵێكی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، دوو فڕۆكەی بارهەڵگری ئەمەریكا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كاردەكەن، بە باری چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و پشتیوانی لۆجیستییەوە لە بنكەی "خەراب جەیر" لە دەوروبەری رمێلان نیشتوونەتەوە كە دەكەوێتە باكوری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان. ئەو جموجوڵە نوێیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان. لە 21 ی ئەم مانگەش، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمەریكا كە دوو هێلیكۆپتەری سەربازیی دەیانپاراست، لە بنكەی "خەراب جەیر" لە رمێلان نیشتوونەتەوە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەكان، ئەو دوو فڕۆكە بارهەڵگرەی دواین جار لە بنكەكە نیشتوونەتەوە چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانییان هەڵگرتووە، لەگەڵ هاوكاری لۆجیستی بۆ هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، ئەو هاوكارییە سەربازییانەش ماوەیەكە زیادیانكردووە. پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەكە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە كرد وەك هاوبەشێكی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا. ساڵانێكە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرن، جگە لەوەی لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق- سوریا-ئوردن و لە بنكەی تەنەف جێگیربوون. سەرەڕای پشتیوانی دارایی، بەشێك لەو پاڵپشتییە داراییەی كە هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن، لە شێوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیدایە، كە لە چوارچێوەی كاروانە سەربازی و پاڵپشتییە لۆجستیدا و لە بنكەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەنرێنە بنكەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
