ئاوات شێخ جەنگى، خوشکى لاهور شێخ جەنگى لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەرى درەو باس لەڕووداوەکانى شەوى شەڕەکەى لالەزار دەکات و دەڵێت هەرگیز لەوباوەڕەدا نەبووم بافڵ کارێکى لەوشێوەیە بەرانبەر بەلاهور بکات. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو پێش شەڕەکە چەند جارێک بەتەلەفۆن و بەزمانى ئینگلیزى بافڵ و لاهور قسەیانکردوەو شەڕە جنێویان بوە. لەبەشێکى قسەکانیدا ئاوات شێخ جەنگى دەڵێـت: هەستەکەم دەستى دەرەکى لەوبابەتەدا هەبێت یان دەرمانى دژى ئێمە دراوەتە بافڵ، لەوانەیە نەخۆشیەکى توش بوبێت هەرگیزباوەڕناکەم ئەوە ئەوبێت و ئەو وەکو کوڕو براى ئێمەیە، هەتائێستاش نازانم چیە ڕودەدات وادەزانم خەوە. ئاوات وتى: سەعات سێ بافڵ تەلەفۆنى بۆ لاهورکردو دەیوت خۆت تەسلیم بکەو بوبە شەڕە جنێوو، چەندین جار لاهور دەیوت یەک کەس تەقەنەکات و باکەس نەکوژرێت. دڵنیام بافڵ لەوێ بوو سەداسەد دڵنیام لەوە گلەییم لێى هەیەو بەسەریەوەناچێت ئەوە، ئەگەر ئەو هاوارى لەمن بکردایە دەچووم بەدەمیەوە. گلەیشم لەقوباد هەیەو مەسجمان بۆ ناردو وەڵامى نەدایەوە، تەوارى کچیشم نامەى بۆ نارد وەڵامى نەدایەوە، بەڵام ئەمڕۆ ناردبووى بەدوایداو ئەمڕۆ چوەتە لاى قوباد. ئاماژە بۆ ئەوەدەکات دەوروبەرى سێ و نیوو کاتێکم زانى بە درۆن و تۆپ هێرشکراو بوبەحەشر، تەسەوەرم نەدەکردو لەوبڕوایەدا نەبووم بافڵ هەرگیز وابکات هەرگیز نەمدیبوو درۆن بتەقێتەوە ژمارەى زۆر زۆربون، دواى ئەوەى تەقەکان دەستیپێکرد نە رێبوارى حامیدى حاجى خالى نە کاک ئەحمەد ئەسەفم بینى. ئاوات شێخ جەنگى ئەوەش باسدەکات کە دواى چەند سەعاتێک پۆلاد بەفیشەکى بیکەیسى بریندراکرا، فیشەکەکە لەقاچى پۆلاد نەمابوو خۆى چارەسەرى خۆى دەکرد. دەشڵێت: دواى بەرگریەکى زۆر فیشەک لە لازار نەما، نامەیەکم نارد بۆ کچەکەم و هاوسەرەکەم وتم ئێمە تەواوبووین ئاگاتان لەمنداڵەکان بێت. وتیشى: هاوارم دەکرد و دەموت لاهور شەڕ ڕابگرن، دواى من چومە دەرەوە بەناو ئەو ئاگربارانەدا، کەڕۆشتم پێم هەڵکەوت لەدەستى پێشمەرگەیەک کە مردبوو، توشى حاڵەتێکى هیستریابووم بەوە، هاوارم لەوەهاب کرد و وتم دایکى بەیارم، کەس دەستلەمن نەدا بەتەمەنترین کەسى ناویان بووم. ئاوات دەڵێت: وەهاب هات وتم پۆلاد بریندارە وتى ئەى لاهور، وتم ئەو سەلامەتە خۆى چوو هێنایە دەرەوە، هەندێک لەدژەتیرۆرو کۆماندۆکان بەقۆناغە تەفەنگ دەیاندا لەپێشمەرگەکان، وتم پۆلاد نەزیفە، بیبەن بۆ نەخۆشخانە، هاوارم دەکرد کەس لێى نزیک نەبێتەوە، جەمالە ڕەشى پاسەوانى بافڵ وتى بەڵێن بێت کەس لێى نزیک نابێتەوە، ئاویان هێنا نەمهێشت بیدەنێ، وتم بەئەفسەرەکە ئەبێت خۆت بیخۆیتەوە نیوبتڵى خواردەو ئەوکات هێشتم بیدەن بەپۆلاد، بەخواستى من پۆلادیان بردە نەخۆشخانەى فاروق، ماستاو بۆ کەس ناکەم و منەتیشم بەکەس نییە، قوبادو بافڵ وەک لاهورن بۆمن، بەتایبەتى بافڵ خۆم لەتاران ئەمبردە پیاسە زۆر نزیک بووم لێیان.
بەرەی گەل لەبارەی دانپێدانانی گرووپەکەی لالەزار رایگەیاند: "خەڵک بەر لە ئێمە سیناریۆ لاواز و چەواشەکارییەکەی یەکێتی"یان رەتکردەوە. یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی بەرەی گەلیش دەڵێت: ''هەموو هەوڵە یاساییەکانمان خستووەتەگەڕ، تەنیا بە یاسا کار دەکەین''. ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی دەستگیرکراوانی لالەزاری بڵاوکردەوە، کە دەگوترێت سەر بە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلن. تێیدا باسی شێوازی هەوڵی ''تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان'' بە هاوکاریی ئەژی ئەمین دەکەن. رۆژی چوارشەممە، 27-08-2025، بەرەی گەل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: ''بەر لەوەی ئێمە سیناریۆ لاواز و چەواشەکارییەکەی یەکێتی رەتبکەینەوە و بە درۆی بخەینەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە شێوازێکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا بە درۆیان خستووەتەوە''. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ''ئەم سیناریۆیە لاواز و چەواشەکارییە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو تاوانە گەورە و قێزەونەی 22ی ئاب پەردەپۆش بکات''. بەرەی گەل داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکات، ''ئەم رەوشە خراپ و قێزەونە رابگرن، تاوەکو چیتر هەرێمەکەمان لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین نەبێت''. شادومان مەلا حەسەن، یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی بەرەی گەل راگەیاند: ''هەموو رێگە یاساییەکانمان گرتووەتەبەر، تەنیا بە یاسا کێشەکانمان چارەسەر دەکەین، پەنامان بردووەتە بەر یونامی''. ئەو ئەندامەی بەرەی گەل دەڵێت: ''داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت دەکەم، بێنە نێو بابەتەکە، هێشتا چارەنووسی بەشێکی زۆری گیراوان نازانرێت و دیار نییە''. بەرەبەیانیی رۆژی 22-08-2025 هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی ''چەند داواکراوێک'' هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی و دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیر کران.
بۆیەکەمجار هەڵەبجە وەک یەکەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان بەسەرجەم قەزاو ناحیەکانیەو گوندەکانیەوە، لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی لەسبەینێوە کارەبای هەڵەبجە دەکرێتە 24 کاتژمێرو دەچێتە ناو پرۆژەى ڕوناکیەوە. ١٥ى مانگى حەوتى ڕابردوو پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کارەبای پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتە 24 کاتژمێری. هەڵەبجەو ناوچەى هەورامان ژمارەى بەشداربووانى ٤١٦٠٠ ماڵ و دوکان و شوێنى بازرگانیەو لەپرۆژەى ڕوناکى تۆمارکراون، هەڵەبجە دواین پارێزگابوو کە پرۆژەى ڕوناکى تێدا دەستیپێکرد، بەڵام یەکەم پارێزگایە لەسەر ئاستى عێراق و کوردستان لەسبەینێوە کارەباکەى دەبێتە ٢٤ کاتژمێریی. پڕۆژەی ڕووناکی کە پڕۆژەیەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانە ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی لە پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێتە کار. لە ڕاگەیەندراوەکەی پڕۆژەکەدا هاتووە: “لەگەڵ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند “هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە”. ئەوەشی خستەڕوو کە پاش چوار مانگ، پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و کۆتایی ئەم مانگە تەواوی پارێزگاکە دەبێتە 24 کاتژمێری.
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی مەراسیمی چەکسووتاندنی گرووپی ئاشتی و دیموکراتیکی گەریلا بڵاوکردەوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە ئەنقەرە ئەنجام درا، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی مەراسیمی چەکسووتاندنی گرووپی ئاشتی و دیموکراتیکی گەریلا بڵاوکردەوە. لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی گشتی ئیهەدە، حوسەین کوچوکبالابان ڕایگەیاند چارەسەرنەکردنی پرسی کورد ڕێگرییەکی مەزنە لە پێش پرسی دیموکراسییدا لە تورکیا و ناوچەکەدا. کوچوکبالابان ئاماژەی بەوەشدا پرۆسەی چەکدانان نابێت تەنها لەڕووی ئاسایشەوە هەڵسەنگێندرێت و دەستنیشانی کرد پرۆسەکە پێویستی بە گۆڕانکاری یاسایی و سیاسیی هەیە و گوتی: "بۆ پێکهێنانی ئەم پرۆسەیە کە وەک دادپەروەری ڕاگووزەری پێناسەی دەکەین، پێویستە میکانیزمی پێویست دابنرێت، هەروەها بۆ ئەوەی پرۆسەکە وەرچەرخێت بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، زۆرگرنگە هەموو لایەنەکان بەشداری دانوستان بکەن." پێشنیار هاوسەرۆکی ئۆهەدە ئەکین یەتەر مۆرایش پێشنیارەکانی خۆی پێشکەشکرد، کە بۆ هاوکاریکردن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە ئامادەی کردبوو: "نەک تەنها لایەنەکانی شەڕ، پێویستە هەموو کۆمەڵگە بەشداری پرۆسەکە بکرێت؛ لە پرۆسەکانی بڕیارداندا پێویستە گرنگی بە بەشدارییەکی بەرفراوان بدرێت؛ میکانیزمی ئاشکرای کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و فرەڕەنگی بونیات بنرێن. مافی پەیوەندییەکانی سەرکردەی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان کە لە گرتووخانەی ئیمراڵی لە ئاستی بەرزی گۆشەگیریدایە، پێویستە بە جۆرێک ڕێکبخرێت کە توانای بەشداری چالاکانەی لە دانوستانەکاندا هەبێت، هەلومەرجی جەستەییشی بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان هەموار بکرێتەوە. پێویستە دەستوورێکی بنەڕەتیی نوێی دامەزرێنەر، هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی نوێ ئامادە بکرێت کە ڕێگە خۆشکەر بێت لەبەردەم گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە تورکیا، ئاشتی هەمیشەیی بکات و ئەمەش بە گوێرەی بەشداربوونی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێت. بەتایبەت داننان بە کلتوور و زمانی دایکی گەلی کورد، مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان، بە دەستووری بنەڕەتی مسۆگەر بکرێت. یاسای دژە دیموکراتیکی تێکۆشان دژی تیرۆر لاببرێت، هاوتەریب لەگەڵ پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، هەموارکردنەوەی یاسایی ئەنجام بدرێت. مامەڵەی جیاکارانە دژی زیندانیانی نەخۆش، بەتایبەت دژی زیندانیانی سیاسی، ڕێگری لێ بکرێت و یاسای پەیوەندیدار بە مافی هیواوە، دەستبەجێ هەموار بکرێتەوە. سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوە زیندانییەکان، هەموویان ئازاد بکرێن، ئەو سەرۆک شارەوانییانەی کە ئەرکەکەیان کۆتایی هاتووە، بگەڕێنرێنەوە سەر ئەرکەکانیان. بڕگە مەرجدارەکانی تورکیا لەسەر پەیمانە نێونەتەوەییەکانی وەکو مەرجی سەربەخۆیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پەیمانی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی مەدەنی وەک مەرجی خۆبەڕێوەبەری، پەیمانی مافەکانی منداڵ لاببرێن، کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کورد. پاڵپشتی لە پەیمانەکانی مافی مرۆڤ بکات وەکو پەیمان دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی مرۆڤ، دادگای تاوانە نێونەتەوەییەکان (دیوانی ڕۆما) و پەیمانی ئەستەنبوڵ. بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووری بنەڕەتی جێبەجێ بکرێن. ئەو شەڕڤانانەی کە چەکەکانیان داناوە، پێویستە بتوانن بەشداری لە ژیانی دیموکراتیک و سیاسەتی مەدەنی بکەن و ئاستەنگییەکانی بەردەم ئەم بابەتە لاببرێن." ڕاپۆرتی چاودێری لە ڕاپۆرتی چاودێریدا سەبارەت بە مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان ئەم زانیارییانە دراون: "مەراسیمەکە بە ٢٣ خولەک دواکەوتن، کاتژمێر ١١:٢٣ خولەک بە کاتی تورکیا دەستی پێکرد. وا ڕاگەیاندرا کە ئەم دواکەوتنە بەهۆی گۆڕینی شوێنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو، کە لیستی چەکەکەن و ناسنامەی شەڕڤانەکانیان وەردەگرت. مەراسیمەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە، بە گرووپی چەکدار، کە لە ٣٠ شەڕڤان ١٥ ژن، ١٥ پیاو پێکهاتبوو و هاوسەرۆکی کەجەکە بەسێ هۆزات (هوڵیا ئۆران) لە پێشەوە بوو، دەستی پێکرد. گرووپەکە یەکسەر ڕووی کردە ئەو پلاتفۆڕمەی، کە پێشتر ئامادە کرابوو، لەسەر ڕووی پشتەوەی پلاتفۆڕمەکە، وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندرا کە لە ئیمراڵی گیرابوو و پێشتر لە ڕاگەیاندندا بڵاوکرابوویەوە. دوای ئەوەی گرووپەکە لەسەر پلاتفۆڕمەکە جێگیر بوو، بەسێ هۆزات (هوڵیا ئۆران) و بەهزاد چارچەل (نەدیم سەڤەن) بە زمانی تورکی و کوردی دەقی ڕاگەیاندراوەکەیان بۆ ڕاگەیاندن و ڕای گشی خوێندەوە. لە هەمان کاتدا، دەقەکە لەناو ئامادەبووانیش بڵاوکرایەوە. دوای ئەوەی ڕاگەیاندراوەکە کۆتایی هات، وەک ئەو ڕیزەی کە لە ئەشکەوتەکەوە لێوەی هاتن، لە پێشدا بەسێ هۆزات، گرووپە ٣٠ کەسییەکە یەک بە یەک چەکەکانی خۆیان خستە نێو ئاگردانەکە. بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ناسنامەی ئەو شەڕڤانانەی کە چەکەکانیان دانا و لیستی ئەو چەکانەی کە لەناودەبرێن، بانگی نوێنەری دوو ڕێکخراو، هاوسەرۆکی گشتیی ئیهەدە حسێن کوچوک باڵەبان، سەرۆکی گشتیی ئۆهەدە ئەکین یەتەر مۆرای و سکرتێری گشتیی تیهەڤە چۆشکون ئوستەرجی کرا، دوای ئەوەی کە زانیاریی پێویستیان پێدرا، چوونە ئەو شوێنەی کە بۆیان دیاریکرابوو. لە گرووپەکەدا شەڕڤانێک کە دواتر ناویمان زانی تەکین موش (محمد دەمیرەر)، دوای ئەوەی چەکەکەی خستە ناو ئاگردانەکەوە، ڕووی کردە ئەو شوێنەی نوێنەرەکانی ئیهەدە، ئۆهەدە و تیهەڤەی لێبوو، زانیارییەکان لەسەر ناسنامەی ئەو شەڕڤانانەی چەکیان دانا و لیستی چەکەکانی لە دۆسیەیەکدا ڕادەستی شاندەکە کرد. لەوێ وتی، 'ئەوان دەیانەوێت لە چارەسەری پرسی کورددا، چیتر توندی نەمێنێت، لەبەرئەوە لێرە بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان دەسووتێنن، لێرە بەدواوە دەیانەوێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چارەسەریی پرسی کورددا زیاتر بە ڕۆڵی خۆیان هەڵستن، هەربۆیە بە گونجاویان زانیوە کە ئەم دۆسیەیە ڕادەستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن. دوای ئەوەی کە شەڕڤانان هەموویان چەکەکانیان خستە نێو ئاگردانەکەوە، بەسێ هۆزات (هولیا ئۆران) و بەهزاد چارچەل (نەدیم سەڤەن) لەبەردەم ئاگردانەکە، بە هاوکاریی ئەرکداران ئاگریان لە چەکەکان بەردا. دوای ئەوەی چەکەکان سووتێنران، بە ڕیز گرووپی ٣٠ شەڕڤانەکە بێ چەک ڕوویان کردەوە ئەشکەوتی جاسەنە کە لێوەی هاتبوون. مەراسیمەکە کاتژمێر ١٢:٠٠ کۆتایی هات. لە قسەکردنەکاندا لە شوێنەکە لەگەڵ کارمەندانی ڕاگەیاندن، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداران، باس لەوە کرا کە چەکەکان بە شێوەیەکی سیمبولی سووتێنران، بۆ چارسەریی پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیموکراتیک، ئەمە وەچەرخانێکی گرنگ بوو. شاندی چاودێری دوای مەراسیمەکە لە ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥، سەرەتا گەڕایەوە هەولێر، لەوێشەوە بە پاس ڕوویان کردەوە ئامەد. ١٢ـی تەممووزی ٢٠٢٥ کاتژمێر ٦:٠٠ ئەندامانی شاندەکە گەیشتنەوە ئامەد و لەوێوە هەریەکەیان گەڕانەوە ئەو شارانەی لێوەی هاتبوون."
هەرچەندە چەند جارێک وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە بۆ ناردنى ١٢٠ ملیار دینارەکە هیچ کێشەیەکیان نییەو ئامادەیە، بەڵام تائێستا نەنێردراوە بۆ بەغدا. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بەهۆکارى نەناردنى پارەکە دەڵێت: 120 ملیارەکەمان ئامادەبوو بڕیار بوو ئەمڕۆ بنێردرێ، بەڵام بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی کارەکە دواکەوتوە. عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو، دەبوو کاتژمێر (١٠)ى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە بڕی (١٢٠ ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی مانگی شەش بخەنە سەر ژمارە حسابی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی سبەی (٩٧٤ ملیار) دیناری موچە بێت. ئەو وتیشى: ئەم پارە هی مانگی (شەش) ە، ئامادەیە، ئەمڕۆ نەیانخستە سەر ژمارە حسابی بانکی ناوەندی هەولێر، بۆ نایکەن موچە بێت. دوێنێ 26ی ئابی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، له کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا دوای ناردنی 120 ملیار دینارەکە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووچەی مانگی 6ی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. ئاماژە بەوەش دراوە: "ئەنجوومەن لیژنە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان." لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقیش ڕاگەیاند: "هەر کات (ئیشعار)مان پێ بگات، پارە دەخەینە سەر هەژمای بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و کێشەی نەختینەمان نییە." پێشتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دا، ئێمەش ئامادەکاریی خۆمان دەست پێکردووە و 120 ملیار دینارەکەی داهاتمان ئامادەیه." ئاماژەی بەوەش دا:"بەپێی ڕێکارێک، بڕی 120 ملیار دینار دەخرێته سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق." سەرچاوەکەی داریی جەختی کردەوە، بۆ ناردنی 120 ملیار دینارەکە چاوەڕوانی نووسراوی ئەمیندارییەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن کە ئەمڕۆ نووسراوی بڕیاری خەرجکردنی مووچە ڕەوانەی دارایی بکات.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە لە شاری ڕەقە لە سووریا، ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات کە دەنگۆیەک هەیە بە هاوبەشی هێزەکانی سووریا و تورکیا لە دژی هەسەدە ڕێک دەخرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە یەنی شەفەق بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە ژمارەی تونێلەکانی زیاتر کردووە و ڕۆژانە تونێلەکانی فراوانتر دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیاندا بە زمانی هەڕەشەوە هۆشداری هێرشکردنە سەر هەسەدەیان داوە. بەپێی هەمان سەرچاوە، هەسەدە لە شاری ڕەقە چینی ژێرەوەی پارک، یاریگاکان و نەخۆشخانەکانی هەمووی کردووە بە تونێل، ئەم ماوەیە هەر خەریکی تونێل هەڵکەندن. دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بۆ هەسەدە نارد و وتی: "ئەگەر شمشێرەکە لە کاڵانەکەی دەربهێنرێت، ئیتر پێویست بە قەڵەم ناکات". لەچەند هەفتەى ڕابردوودا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ یەکەمجار زۆر بە تووندی هۆشداری دایە هەسەدە و وتی: ئاگامان لێیە خەریکی چین، تا زووە لەم ڕێگەیە بگەڕێنەوە، ئەگینا ئەنجامەکەی بە دڵی ئێوە نابێت. ماوەیەکە میدیاکانی تورکیا هەواڵی ئەوە بڵاودەکەنەوە، تورکیا و حکومەتی سووریا ئامادەکاری دەکەن بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی هەسەدە ڕێک بخەن، بەهۆی ئەوەی ئەوان "پابەندی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازار نەبوون کە دەبوو لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا تێکەڵ بکرێن".
ئاسایش ڕایدەگەیەنێت ئەمە دەقی دانپیادانانی چەکدارانی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی مین بڵاودەکاتەوە، کە پلانی هەڵگەڕانەوەی سەربازی و کودەتا و تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی کوردستان و سلێمانییان هەبوو. سێ لەو چەکدارانە راستەوخۆ کاریان بۆ لاهور شێخ جەنگی کردووە و سێ چەکداری دیکەیان لە ژێر فەرمانی ئەژی ئەمین دا بوون. چەکدارەکان کێ بوون و چۆن خۆیان ناساند: من کە ناوم رێنوار زریان فەتاحە لە 2014ـەوە لاى لاهور شێخ جەنگى دەوام دەکەم. من ناوم رێبوار قودرەت رەسوڵە ماڵم لە چوار قوڕنەیە خەڵکى شارى کۆیەم، مامۆستا و راهێنەرى چەکى قەناسم. من ناوم عومەر شێخ عەبدوڵایە مەوالیدم 1ى 1ى 1985ـم لە ساڵى 2016ـەوە بومەتە پاسەوانى لاهورى شێخ جەنگى. من ناوم بۆتان مستەفا حسێنە لە 10ى 6ـى 2022 لەدایکبووم و لە 19ى 1ـەوە چووم بۆ ئەنجوومەنى ئاسایش دواتر ئێمەیان برد بۆلاى ئەژى ئەمین. من ناوم حسێن رەحیم محەمەدە دانیشتووى قەزاى کەلارم ناسراوم بە ئەبو عەلى لە ساڵى 2024 مانگى 11 پەیوەندیم بە هێزەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشەوە کرد وە دامەزرام لاى هێزەکەى ئەژى ئەمین لە هەورازە نەفتە من موسلیم عەبدولڕەحمان محەمەد فەقێم لە دایکبووى 1ى 9ـى 2000، دانیشتووى سۆرانم ماوەى دوو ساڵە کارلەگەڵ ئەژى ئەمیندا دەکەم دامەزراوم لە ئەنجوومەنى ئاسایش لاى ئەژى ئەمین. دابینکردنی شوێن بۆ چەکدارەکان یەکێک لە چەدارەکان لەبارەی دابینکردنی شوێنەوە گوتی، "بۆ ماوەى 45 رۆژ دەبێت پلانێک دانراوە بۆ لێدان لە دەباشان و چەند شوێنێکى ئەمنى سلێمانى و کاک بافڵ هەروەها دەستپێکى پلانەکە سێ شوێنمان وەرگرت، کلیلەکانى کاک لاهور داى بەمن، هى چەند کەسێکى خۆی بوو یەکەمیان سیتى تاوەرز بوو و هى برادەرێکى خۆیبوو، کە دابینى کردبوو بۆی و کلیلەکەى داپێمان، دووەم شوێنیان هەوارى جوان بوو لە رێگەى کاک ئاکۆى برایەوە دابینکرابوو، سێیەمیان گوندى ئەڵمانى بوو لەرێگەى برادەرێکى کاک لاهورەوە دابینکرابوو. سەرەتا لە شوێنى یەکەمیان سیتى تاوەرز دەستمان کرد بە دانانى ئەساس و ناوماڵ و شت وەهەروەها دواى بەدواى تەواوبونى ئەساسى ناوماڵ و ئەوانە لەرێگەى ئەژى ئەمینەوە کەسێک هات شارەزا لەبوارى کامێراى چاودێرى دانان، هات دوو کامێرەى موتەتەور و پێشکەوتووی دانا کە لە سلێمانى نەبوو لەلایەن ئەژى ئەمینەوە نێردرابوو دانرا لەو شوقەیەى سیتى تاوەرز، بۆ ئەوەى چاودێرى جموجۆلەکانى دەباشان و کاک بافڵ بکات. هەروەها دوابەدواى ئەوە کامێرایەکى ترى چاودێرى هەرلەلایەن ئەژى ئەمینەوە نێردرابوو لەلایەن هەمان شەخسیەوە، کە شارەزایە لەبوارى کامێراى چاودێرى لە شوقەکانى هەوارى جوانى داندرا کامێراى چاودێرییەکان خەتى ئینتەرنێتى بۆ دانرابوو بۆ ئەوەى بتوانێ ئۆنڵاین هەمووکات سەیرى بکەى، گواسترایەوە بۆ کاک لاهور و ئەژى ئەمینیەوە بۆ ئەوەى هەمووکات بتوانن چاودێرى جموجۆلەکانى دەباشان و کاک بافڵ بکەن. چەکدارەکان چۆن نێردراون بۆ مەترکردن و چاودێری پەیوەندیم لەگەڵ لاهورى شێخ جەنگى و لالەزار هەبوو تەقریبەن 45 شەو پێش ئێستا تەلەفۆنێکى بۆمن کرد و گوتى، ئیشى زەروورم پێتە بێى بۆ ئێرە، لەرێگاش چەند جارێک تەلەفۆنى کرد و تەئکیدى کردەوە لەکوێم و لەرێگابووم. گەیشتمە لاى لاهور جەنگى و پێى گوتم، شوێنێک هەیە بچیت مەترى کەیت و بزانی، کە دەباشان و ماڵى بافڵ تاڵەبانى چەند لێرەوە دوورە. ئەوشەوەى کە یەکەم شەو بوو هاتین بۆ ئێرە لەگەڵ کەسێک هێنامى بۆ ئێرە ناوى رێنوار بوو من شوێنەکەم نەدەزانى و شارەزا نەبووم، هاتین بۆ ئێرە مەترمان کرد، لێرەوە بۆ دەباشان 600 بۆ 700 مەتربوو تەلەفۆنم بۆ کردەوە و پێم گوت، ئەوەندە دوورە، وتى باش بگەڕێنەوە. چاودێریی راستەخۆی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین و ئۆتۆمبێلەکەی زێرەڤانی من رۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە و بۆ جارى دووەم دیسان تەلەفۆنى کردەوە و وتى بێنەوە بۆ سلێمانى، کە هاتمەوە ئەم شتانەى ئەساس و ئەمانەى هەموو هێنابوو رێنوار، شوقەکەى تەخسیس کردبوو، دوو کامێراى چاودێرى دانابوو دانەیەک لە دەرەوە دانەیەک لە ژوورەوە، بۆ چاودێریکردنى ماڵى مام جەلال و بافڵ تاڵەبانى، کە لەرێى ئینتەرنێتەوە بە مۆبایل دەگوازرایەوە بۆ ئەژى ئەمین و لاهورى شێخ جەنگى هەردوکیان لەیەکاتدا سەیریان دەکرد و دەیانبینى. کاتژمێر 11ى شەوبوو کاک لاهور پەیوەدیى پێوەکردم، من بووم و رێبوارى حامیدى غالى، کاک لاهور خۆى کاک پۆلاد و ئەحمەد ئەسەف، حەمە هیدایەت ئەمانە چوون بۆ خانوەکە لە پارکى ئازادى لەوێ وەستاین دوا بەدواى ئەوە کاک لاهور هات بۆ لاى من گوتى، کەسێک دوو سایدەکەى پارکى ئازادى چاوەڕێت دەکات بچۆ بیهێنە. وتم: کێیە ؟ وتى: چالاکە. چالاک خوشکەزاى ئەژى ئەمینە و چوم بۆ ئەوێ چالاکم هەڵگرت لە دوو سایدەکەى پارکى ئازادى بەپێ بوو سەیارەى پێنەبوو، دواتر چالاک گوتى، بچۆ سەرەوە بۆ لاى ترافیکەکە چوم بۆ سەرەوە بۆ لاى ترافیکەکە، ئۆتۆمبێلێکی وەنەوشەى مۆدێل 2019 - 20 هات لە پشتى سەیارەکەى منەوە وەستا، منیش لاندکرۆزەرێکم پێبوو، ئەو وەنەوشەیە رەقەمەکەى ...... ژمارەى زێرەڤانی بوو، لەو سەیارەیە پێنج شەش کەسێک دابەزین هاتن بۆ سەیارەکەى لاى من سەرکەوتن، دواى ئەوە لەگەڵ ئەو کوڕانەیا هەموومان چووین بۆ شوێنى کۆبونەوەکەـ کە خانوێک بوو لەنزیک پارکى ئازادى ئەوان چوونە ژوورەوە من لەدەرەوە چاوەڕێم کرد. هێنانی کەسی شارەزای درۆن لە هەولێرەوە ئەو چەکدارە باسی ئەوەشیکرد، دوابەدواى ئەوە شەوێکی تریان کاک پۆڵاد بەچەند سەیارەیەکەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت، کە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت شەو هاتەوە و ئەژى ئەمین و چالاک و دوو کەسی لەگەڵ خۆى هێنابوو، کە شارەزاى بوارى درۆن بوون. ئەژی ئەمین لەلالەزار بوو دواى ئەوە لاهور شێخ جەنگى تەلەفۆنى کردەوە و چووین بۆ لالەزار، کە چووین بۆ لالەزار کۆبونەوەبوو، ئەژى ئەمین لەوێ بوو، حەمە هیدایەت و چالاک و پۆڵاد شێخ جەنگى لەوێ بوو، رێبوارى حامى حاجى غالى لەوێ بوو، لاهور خۆیشی لەوێ بوو، رێنواریش لەوێ بوو. بڕیار لە کوشتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی درا لەو کۆبونەوەیە کە بڕیاردرا چى بکرێ و چى نەکرێ، ئەوەبوو، بڕیاریاندا، کە بافڵ تاڵەبانى بە دوو قەناس لەیەک کاتدا تەقەى لێبکرێت. من و رێبوارى حامەى حاجى غالى دیاریکراین بۆ تەقەکردن، رێبوار یەکێک لە قەناسەکان و منیش قەناسەکەی دیکەم پێبوو. لەکۆبونەوەکە، کە باسیش کرا، ئەم خەریتەیان هێنا، کە خەریتەکەیان هێنا ئەمە دەباشان و ماڵى مام جەلال هەموو شوێنێکى تیابوو، خاڵەکان دیاریکرابوو بۆ جى پى ئێس، کە بە درۆنى خۆکوژى لەوشوێنانە بدرێت، کە هێز و مقەڕى تێدایە، کە پێویستە. پێش ئەم خەریتەیە، داواى لێکردین نەخشەیەکى بۆ بکێشین لەسەر وەرەقە و بە قەڵەم، بەڵام شتێکمان نووسینى، وتى پێویست ناکات من خەڵکى شارەزام هەیە و ئەمەى هێنا، ئەمە کە نوقتە بە نوقتە ماڵى مام جەلال دیاریکرد، لەکۆبونەوەکە بڕیاردرا بافڵ تاڵەبانى هەم بە قەناس لێبدرێ و هەم بە درۆنى خۆکوژیش لێبدرێت و بکوژرێت. پاش راهێنان لە هەورازە نەفتە رەوانەی ئۆکرانیایان کردم تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان وەرە بۆ مقەڕ لە هەورازە نەفتە، کاتێک چوومە هەورازە نەفتە، ئیدى یەکەم تەدریب، کە پێیان کردم لە جۆرى چەک بوو لە جۆرى چەکى چیچانى، کە مودەى 20 رۆژ بوو، دواى ماوەیەک، کە تەدریبەکەم کرد و فێرى چەکەکە بووم و دواى ئەوەى کە متمانەى تەواوى ئەوانم بەدەستهێنا، ئەژى ئەمین و چالاک عەلى هاتن بۆلام، وتیان ئۆفەرێکى، سەفەرێکى فێرکارى فڕینى درۆنت بۆ دێنینە پێشەوە تۆ بیکە، منیش رازی بووم، دواى ئەوە، کە سەفەرەکەمان رێکخست لێرە لە فڕۆکەخانەى هەولێر چوین بۆ تورکیا بە ترانزێت لەوێشەوە بۆ پۆلەندا، لە پۆلەندا بە وەرەقەیەکى تایبەت کە چوار نەفەرمان لەگەڵ بوو، من بووم، چالاک بوو، دوو هونەریشمان لەگەڵ بوو، کە لەوێ بە وەرەقەیەکى تایبەت فیزاى ئۆکرانیاشان لە پۆلەندا بۆ وەرگرتین، لەوێوە چوین بۆ ئۆکرانیا، لەوێ شوێنى حەوانەوەیان بۆ دابینکردین، لەناوچەى سەربازگەیەک بوو، کە لەگەڵ سەربازەکان فێرى فڕاندنى درۆنیان کردین. لەوێ فێرى هەڵدانى درۆنیان کردین، ئەو درۆنانەى کە خۆکوژین، ئەو درۆنانەى کە چۆن پێت بڵیم بۆمب هەڵدەدەنە خوارەوە، هەروەها هەڵدانی درۆنى دوور مەودایان فێرکردین، کە چۆن هەڵدەفرێت، ئەوانەبوو، کە لەو کۆرس و خولانەدا هەمووى فێربوین. دوای سێ مانگ لە راهێنان ئەژی ئەمین سەردانی کردین سێ مانگى سەرەتا هەر پەروەردەى چەکى ئاسایمان کرد و دواتر ئەژى ئەمین هات بۆلاى ئێمە و گوتى، دەبێت ئێوە خۆتان فێرى درۆنى خۆ کوژى بکەن، دواى ئەوە درۆنى ئۆکرانیان بۆ هێناین، کە خۆکوژى بوو. ئێمەش پەروەردەمان لەسەر کرد، دواتر ئەژى ئەمین کارگەیەکى درۆنى هەر لە هەورازە نەفتە درووستکرد. نوێدەکرێتەوە
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەقی نووسراوی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی لالەزار بڵاوکردەوە لەناویاندا فەرمانی دەستگیرکردنی سەلمان ئەمین نادر(ئەژی ئەمین)ى تێدایە. دەزگاى ئاسایش رایگەیاند، زنجیرەپلانێکى هاوبەش لەنێوان لاهور شێخ جەنگى و ئەژى ئەمین بۆ تێکدانى سەقامگیریى سلێمانى هەبووە. راشیگەیاند، ئامانجى پلانەکە دروستکردنى ئاژاوە و پشێوى و بە ئامانجگرتنى کەسایەتى ئەمنى، سیاسى و کارمەندى حکومى بووە. لەراگەیاندراوەکەی دەزگاى ئاسایش دا هاتووە: دادگا فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ژمارەیەک کەس دەرکردووە کە گومان دەکرێت دەستیان هەبووبێت لە سەرپەرشتى و رێکخستنى هەوڵەکان. ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێک لە فەرمانەکان بۆ دەستگیرکردنى لاهور شێخ جەنگى بوو.
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت دەکاتەوە، بەردەوام هانى هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیان داوە تا بگەنە ڕێککەوتنێکی تۆکمە سەبارەت دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێم. چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، نووسینگەى ڕاگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕەتیکردەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتی، لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە دابینکردنى مووچە کردبێت. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "دوێنێ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، لە بەرنامەیەکى ڕادیۆى دەنگى بزووتنەوەى گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیاى فەرمى کەناڵى (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەنێونیشانى بەرپرسى ئۆفیسى دەزگاى ستاندارد لە سلێمانى، بەناوى زانیارى، چەند تۆمەتێکى بەخشیوەتەوە، کە گوایە هەڤاڵ (هۆشیار زێبارى) ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتیمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنى مووچە!". مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت دەکاتەوە "سەرلەبەرى ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەى تۆمەت بەخشینەوەیەکى بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێبارى و مەکتەبى سیاسى پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کردووەتەوە لە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدڕاڵى." بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پارتی بەردەوام هانى هەردوو حکوومەتی داوە بۆ گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکى تۆکمە بۆ دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و ڕەخساندنى کەشێکى ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانى مووچەخۆر و هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان."
ژمارەیەک چالاکوان و هاوڵاتی نامەیەد دەدەنە فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و دەڵێن دەمانەوێت سەرنجی بەڕێزتان رابکێشین بۆ مەسەلەیەکی زۆر مەترسیدار کە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان-عێراق دەکات. ئەوەش بریتییە لە بەدبەکارهێنانی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی دراوە بە هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پشتیوانیی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی رێکخراوی تێرۆریستی داعش لەلایەن هێز و گرووپی دیکەوە. هەروەها ئەوەشدەخەنەڕوو هەوڵ بدەن ئەم چەکانە لەم هێزە تایبەتانە بسەندنەوە، لەبەرئەوەی لە پاکتاوکردنی کێشە ناوخۆییەکان بەکاری دەهێنن، کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئامانجە سەرەکیانەیە کە پێیان بەخشراوە. لەبەشێکى دیکەدا داوادەکەن لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەی بێ لایەن دابمەزرێنن بۆ کنەکردن و چاودێریکردنی بەدبەکارهێنانی ئەم چەک و تەقەمەنیانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە بەخشراون بە هێزەکانی پێشمەرگە. دەقى نامەکە.. بۆ فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەڕێزان، ئێمە وەکو ژمارەیەک چالاکوان و هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان - عێراقدا، دەمانەوێت سەرنجی بەڕێزتان رابکێشین بۆ مەسەلەیەکی زۆر مەترسیدار کە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان-عێراق دەکات. ئەوەش بریتییە لە بەدبەکارهێنانی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی دراوە بە هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پشتیوانیی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی رێکخراوی تێرۆریستی داعش لەلایەن هێز و گرووپی دیکەوە. لەمیانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییانە لەهەردوو پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی ئەو راستییە ئاشکرا بوو کە بەشێک لەم چەک و تەقەمەنیانە لەلایەن هیزە تایبەتەکانی وەکو زێرەڤانی و دژە تیرۆرو کۆماندۆوە کە سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارن بەکاردەهێنرێن بۆ پاکتاوکردنی حساباتی سیاسیی ناوخۆیی دژ بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی دیکە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا لادانێکی مەترسیدارە لەو ئامانجە سەرەکییەی ئەو چەک وتەقەمەنیانەی پێ بەخشراوە کە ئەویش روبەڕوبونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیە. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەو بەمجۆرەی ئێستای هەڕەشەیەکی جدییە کە ئەم دامەزراوە سەربازییە تایبەتانە وەکو هاوچەشنەکانیانی لێ بێت لە عێراقدا کە پابەند نین بە دامەزراوە شەرعیەکان و سەروەری یاساوە، ئەمەش بێ گومان ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاوڵاتیاندا دروست دەکات و بەها باڵاکانی دێمۆکراسی تەسکتر دەکاتەوە کە لەمێژەوە هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکانمان بانگەوازی بۆ دەکەن. لەبەر ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون داواکارین لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق: • هەوڵ بدەن ئەم چەکانە لەم هێزە تایبەتانە بسەندنەوە، لەبەرئەوەی لە پاکتاوکردنی کێشە ناوخۆییەکان بەکاری دەهێنن، کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئامانجە سەرەکیانەیە کە پێیان بەخشراوە. • پاڵپشتیی چاکسازیی کەرتی سەربازی بکەن، هەوڵ بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بدەن لەژێر یەک سەرکردایەتیی پیشەیی و نیشتیمانیدا دوور لە دەستێوەردانی حیزبی. هەروەها واز لە پڕ چەککردنی ئەم هێزە تایبەتانە بهێنن. • لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەی بێ لایەن دابمەزرێنن بۆ کنەکردن و چاودێریکردنی بەدبەکارهێنانی ئەم چەک و تەقەمەنیانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە بەخشراون بە هێزەکانی پێشمەرگە. ئێمە کاتێک ئەم مەترسی و داواکاریانەتان بۆ بەرز دەکەینەوە، پاڵپشتییە بەردەوامەکانتان بۆ بنبڕکردنی تێرۆر لەهەرێمی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین. بێ دەنگیتان لە ئاست ئەم لادانە ترسناکە، سەقامگیریی هەرێم و ئایندەی دێمۆکراسی لە هەرێمدا دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەوە. لەگەڵ رێزو سوپاسی بێ پایانماندا. ناوەکان: 1- خەبات عەبدوڵا .. نوسەرو رۆژنامەنووس 2- سەفوەت رشيد .. .مافپەروەر 3- د. لەتیف شيخ مستەفا ...مافپەروەر 4- مەحمود رەزائەمين .. چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 5- د. پەروین نوری عارف ... ئەکادیمی و پسپۆڕ لەمێژووی زارەکی 6- محمەد ساڵح سەليم ... مافپەروەر 7- محەمد کەريم محەمد ... ئابوریناس و چالاکی مەدەنی 8- نیهاد قازی ... چالاک لەبواری مافەکانی مرۆڤدا 9- کاوان فەرەج ... چالاکی مەدەنی 10- د. سالار باسيرە ... ئەکاديمي 11- د. گەشە حەفيد ... مافپەروەر 12- د. رازاو گوڵی ... مافپەروەر 13- تحسين قادر ... وەزیری پێشووتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان 14- نیاز عەبدوڵا ... رۆژنامەنووس و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ 15- شۆڕش ئەمين... چالاکی مەدەنی 16- پەروا عەلي ... چالاکی مەدەنی و ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان 17- عەبدوڵا کەريم مەحمود ... نوسەر و رۆژنامەنوس 18- ئاسۆ محەمەد شوانی... رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی 19- موجاهید محەمەد ئەمين ... مامۆستا 20- بابان جەعفەر ... چالاکی مەدەنی 21- د. کامەران قەرەداخی ... دکتۆری پسپۆڕ ومامۆستای زانکۆ 22- تاریق فاتيح ... سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی 23- عيماد حەميد عەلی ... مافپەروەر 24- کارزان فاضل ... مافپەروەر 25- ئارام جەمال ... چالاکی مەدەنی 26- شوان عەبدوڵا ... زیندانی سیاسی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعس 27- نێزيک حاجي ... چالاکی مەدەنی 28- د. شێرکو کرمانج ... توێژەرو ئەکادیمی 29- بابەکر دڕەیی ... مافپەروەرو چالاکی سیاسی 30- شوان محەمد ... رۆژنامەنوس 31- پەیمان عیزەدین ... مافپەروەر 32- ئەبوبەکر هەڵەدنی ... پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان 33- سەڵاح رەشيد ... وەزیری پێشوتری حکومەتی هەرێمی کوردستان 34- فەتاح زاخۆیی ... وەزیری پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان 35- د. سەروەر عەبدولڕەحمان ... سەرۆکی رێکخراوی پەی 36- دانا رەشيد ... چالاکی مەدەنی 37- ستارە عارف ... چالاکی مەدەنی 38- نەوروز عەباس ... چالاکی مەدەنی و رۆژنامەنوس 39- جەمال شێخ جەلال ... فەرمانبەری خانەنشين 40- بەهایدن ... هونەرمەندی شێوەکار 41- وەهاب واحيد ... مامۆستا 42- جيهاد محەمەد ئەمين ... چالاکوانی مەدەنی و پسپۆڕی پەروەردە 43- خاليد رەزا ئەمين ... قایمقامی پێشووتری ناوەندی پارێزگای سلێمانی 44- ئاراس محەمد غەريب ... بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین 45- رەهەند رەزا ... مافپەروەر 46- رێبوار حەمە ئەمين ... چالاکی مەدەنی 47- د. کاميل عومەر ... مامۆستای زانکۆ 48- محەمەد نوري ...رۆژنامەنوس 49- فەرەیدون سامان ... سەرنوسەری گۆڤاری زمان وزار 50- نەوزاد عەزيز ...نوسەرو توێژەری کۆمەڵایەتی 51- وریا عەبدوڵا رەسوڵ ... توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی 52- دەوەن مەعروف ... شاعیر و پێشمەرگەی دێرین 53- نەزیرە حارس ...چالاکی مەدەنی و پێشمەرگەی دێرین 54- کەريم ملا رەشيد ... نوسەرو وەرگێڕ 55- ئاسۆ حەيدەري ... زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین 56- ئیسماعيل حەمە ئەمين ...نوسەرو رۆماننووس 57- ئەیاد محەمد عەبدوڵا ... زیندانی سیاسی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعس 58- د. شێرکۆ محەمەد ئەمین ... ئەندامی پێشوتری پارلەمانی هەرێمی کوردستان 59- د. سارا موحسین ... ئەندامی پارلەمانی هەرێمی کوردستان 60- شوان داودی ... رۆژنامەنوس و ئەندامی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 61- ژوان ئەحمەد ... رۆژنامەنوس 62- سەرگوڵ قەرەداخی ... مافپەروەر 63- سەید ئەحمەد حەمە لاو ... رۆماننووس 64- هیوا سەعيد سەليم ... نووسەرو چالاکی سیاسی
تەلەفزیۆنى سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، شەش ئەندامی وەزارەتی بەرگری سوریا لە نزیک شاری ئەلکیسوا لە لادێکانی دیمەشق لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج کوژران. سەرچاوە سەربازییەکان بە تەلەفزیۆنی سووریایان ڕاگەیاندووە، یەکەکانی سوپا لە چیای ئەلمانیە، لە چوارچێوەی شوێنێکی سەربازی لە نزیک گوندی دێر عەلی، پێش بۆردومانی ئیسرائیل، مانۆڕی چەکی زرێپۆشیان ئەنجامداوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێوارەی دوێنێ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا، جەبەل ئەلمەنیە کە لە لایەک دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری جیادەکاتەوە و لە لایەکی دیکەش دەشتی حەورانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە شەش کارمەندی سوپا کوژراون کە ئەفسەرێکیان تێدایە. لای خۆیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل لە نزیک دیمەشقی پایتەخت لانیکەم سێ سەرباز کوژراون و باڵەخانەیەکی سەربازی سەر بە فیرقەی 44 لە ئەلکسوا کردە ئامانج. لای خۆیەوە کەناڵی ئەلئیخباریەی سوریا بڵاویکردەوە کە لە نزیک شاری ئەلکسوا لە لادێی دیمەشق کارمەندانی سوپای سوریا لە هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
لەژمارەى ئەمڕۆیدا رۆژى چوارشەممە، رۆژنامەى العرب ڕاپۆرتێکى لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان یەکێتى و پارتى دواى ڕوداوەکانى سلێمانى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو پارتى دیموکرات، یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئارامى کوردستان دەکات و یەکێتیش پێکدادانی هێزەکانى زێرقانی لە دژی خێڵی خورشید هەرکی بیری پارتى دەخاتەوە. ناکۆکییە سروشتییەکانی پەیوەندی نێوان هەردوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بۆ ماوەیەکی کورت بشاردرێتەوە، بەڵام بە هەر ڕووداوێکی سیاسیی بەرچاو یان شۆکێکی ئەمنی بە ئاشکرا دەتەقێتەوە، وەک ئەوەی کە بەم دواییە لە پارێزگای سلێمانی بینرا. کاردانەوەی لێکەوتەوە کە هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێشکەوتنە کەمییە دەکات کە بە ئاراستەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتە نوێیەکەی ئەنجام دراوە. بەپێى وتەى ڕۆژنامەکە، سەرکردە دیارەکانی هەرێمی کوردستان بە جددی دۆخەکەیان گرتووە و دەستیان کردووە بە جوڵە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی. سەرچاوەیەکی سیاسی بڵاویکردەوە، سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانی سلێمانی "لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بڕیارە لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆببێتەوە، دیارترینیان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حزبەیە. گرژییە نوێیەکان لەو ڕووداوە خوێناویانە سەرچاوە دەگرن کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای سلێمانی قەڵای یەکێتی ڕوویاندا. ئەم ڕووداوانە بریتی بوون لە بەکارهێنانی هێز بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و هاوبەشی پێشووی لە سەرکردایەتی حزبی، لەناو هۆتێلێکدا کە لەگەڵ ئەندامانی هێزەکەیدا بوو هەوڵى دەستگیرکردنیان دراو لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، لێدوانێکی نەرێنی سەبارەت بە ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی بڵاوکردەوە، هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە یەکێتی پۆستێکیان بڵاوکردەوە، کە بە فەرمانی "دەسەڵاتدارانی باڵا" کە بە هەڵمەتی میدیایی لە دژی یەکێتی ناوی دەبرد، ئیدانەیان کرد. بەڵام میدیا ناوخۆییەکانی دیکە ڕەهەندێکی جددیتریان بەو ناکۆکییە بەخشی کاتێک باسیان لەوە کرد کە یەکێتی لایەنەکانی ناو حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبار کردووە بە تێوەگلان لە هەوڵی کودەتا بەسەریدا و دەستێوەردانی ئەمریکی و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پرسە لە ئارادایە. ڕۆژی سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی بەغدا ئەمڕۆ لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە کە بە ئاگاداری وەسفی کردووە، ڕایگەیاندووە، هەوڵی نێوەندگیری بەهێز لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەدرێن بۆ ئەوەی میدیاکانی یەکێتی نەتوانن ئەو دانپێدانانە پەخش بکەن. ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار کە شێخ جەنگی لێی دەستگیرکرا، نوێنەرایەتی "دڵۆپ"ێکی دیکەی دەکرد کە جامەکەی ناکۆکییە شاراوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لێ ڕژا، دوای ئەوەی پارتی ڕکابەر و نەیارەکەی بە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە ئاسایشەکەی خستە ئەستۆی خۆی. ئەمەش لە بەیاننامەیەکدا هات کە لەلایەن حزبەکەی بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا هاتووە، کاردانەوەی ڕووداوەکانی هۆتێل، "کە گیانی خەڵکێکی زۆریان لێدەسەندرێتەوە، نیگەرانییەکی زۆری لای دانیشتوانی سلێمانی بەتایبەتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی دروستکردووە.
ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد باسی لەوەکرد حكومەتەکەی ئاکەپە لە ئامادەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەکە دەترسێ، چونکە رێبەرێتی ئامادەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئاشتییە و گوتی: "کۆمیسیۆن و کۆمەڵگەش ترس و نیگەرانیان لەوەیە ئاکەپە لە پرۆسەکە بکشێتەوە." هێلین ئومێد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بەناوی ئەندامی تەڤگەری ئازادییەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەدیا خەبەر تیڤی کردووە رایگەیاند: گەر ئەمجارەش ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پر لە توندوتیژی. تەواوى چاوپێکەوتنەکە.. سڵاو و خۆشەویستی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد و لە کەسێتی شەهیدانی فەرماندە نوورەدین سۆفی و کۆچەرۆ ئورفا و هەروەها شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارادا بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی مانگی ئابی بیرهێنایەوە. هێلین ئومێد دەربارەی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەمەی گوت: "پرۆسەکە بەرەوپێشەوە دەچێت، سەرنجی هەمووان بە تایبەت لەسەر کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەییە، نابێت کارەکانی کۆمیسیۆن جیاواز لە کارەکانی پرۆسەی گشتیی تەماشا بکرێت. لە پرۆسەیەکداین کە بە ڕەنج، قوڵبوونەوە و هێزی هزری ڕێبەر ئاپۆ ئافرێندراوە. پێکهێنانی کۆمیسیۆن و کارەکانیشی بەشێکن لە پرۆسەکە." 'کۆمەڵگە ترسی لەوەیە ئاکەپە لە پرۆسەکە بکشێتەوە' هێلین ئومێد ڕایگەیاند لە بابەتەکانی خاوەنداریکردن لە پرۆسەکە، ڕوبەڕوبوونەوەی واقع، خاوەنداریکردن لە ڕاستییەکان و گفتوگۆیەکی بوێرانە، ترس و نیگەرانی هەیە و دەستنیشانی کرد هۆکاری ترس و نیگەرانییەکانیش دەسەڵاتداری ئاکەپەیە. لەسەر ئەم بابەتە هێلین ئومێد ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "دۆخەکە لەبەر دوو هۆکار بەم شێوەیە؛ ڕابردوویەک لە ئارادایە. بە پرۆسەیەکی سیاسییدا تێپەڕین، دەرکەوت ئاکەپە خۆی سپاردووە بە کۆمەڵگەی کورد و خواستی خۆی ڕێکخراو بکات. واقعی ئاکەپە-ئەردۆغانمان بینی لە داوای ساڵانی دووهەزارەکانەوە بووە دەسەڵاتدار، بەڵێنی ئازادی دا بە کوردان، پرۆسەکە بە پێشکەوت، لەو پرۆسانەدا ڕۆڵیکی گێڕا، بەڵام دواتر زۆر بە زوویی، هەروەک دەگوترا 'دەمامکەکەیان کەوتەخوارەوە' و ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دا و کۆمەڵگەی کوردی و تورکیش ئەمەی بینی. تەماشاکە؛ توندوتیژی و ستەم تەنها لە دژی کوردان دەکرێت. دەمەوێت بڵێم، کەسانی بە ویژدانی کۆمەڵگەی تورکیا لەم بابەتەدا دەبێت زیاتر بە هەڵوێستی لێپرسینانەوە بجوڵێنەوە. ئەوە حەقیقەتێکە؛ ستەم کردن لە کۆمەڵگەی کوردی هاوکات کۆمەڵگەی تورکیش لەناو دەبات. یانی تورکەکان دەچەوسێنێتەوە و وادەکات دەنگی کۆمەڵگەی تورک دەرنەکەوێ. بە هەڕەشە دەترسێندرێت و بە بەردەوامی خەریکی بانگەشەیە بۆ شەڕ، ڕێکلامکردن بۆ چەک، گرتن، دەستەبەسەکردن و توندوتیژی پۆلیس و ... مەبەستم ئەوەیە: ئاکەپە خاوەن تۆمارێکی لەم شێوەیەیە. بۆیە هەمووان ترسێکییان هەیە، نیگەرانن لە پرۆسەکە بکشێتەوە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئاکەپە زۆر پراگماتیکانە دەجوڵێتەوە. ئەوەی ئەم پرۆسەیەیی خێراتر کردووە هەنگاوەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. هەمیشە ئاکەپە و حکومەت لەم بابەتەدا لاواز بوون. بۆچی؟ لەبەرئەوەی سەیری ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و دەیەوێت لەسەر ئەو بنەمایە پێگەی خۆی دیاری بکات. گەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت خواستێتی جارێکی دیکە کوردان سەرکەوت بکات. چونکە فێری ئەمە بووە و بەدەر لەمە ناتوانێت سیاسەتێکی دیکە بکات. دەڵێت شەڕ، توندوتیژی، فشار و ستەم و ئەمە وەک فرسەت دەبینێت، هەندێک ئەمە بە دیکتاتۆرێتی تاکڕەوی ناودێنن. هەموو بڕیارەکان لە لایەن یەک کەسەوە دەدرێت. دەسەڵاتێکی سیاسی لەم شێوەیە فۆرمی گرت. ئەمە گۆرەپانێکی ئاسوودە و بێ سەرێشەیە. سەپاندنی سیاسەتێکی لەم شێوەیە زۆر ئاسوودەیە. هەر بۆیە ترەمپ لەم ڕووەوە سەرسامی ئەردۆغانە. ڕەنگە پۆتینیش سەرسام بێت پێی، ئەویش بە هەمان شێوە دەوڵەتێکی هەواڵگری درووست کرد. قۆرخکاری و ناوەندگەرای پانتاییەکی سیاسی ئاسوودەیە بۆ ئاکەپە و لە ئێستاشدا نایەوێت لەم حکومکردنەی جیابێتەوە. دیموکراسی شێوازێکی سەختی حوکمڕانییە و سیستەمێکی سیاسییە کە تێیدا دەبێت بۆچوونی هەموانی قبوڵ بێت. بەدەر لەمەش بەمانای ئەوەدێت کۆمەڵگە خۆی بنکی ڕێکخستنی خۆی بونیات بنێت و سیاسەتی خۆی بکات. بەڵام ئەو زیهنییەتی لە بەرانبەرماندایە لەم ڕووەوە جێگەی باوەڕ نییە. بۆیە ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، هەندێکیش لەوانەی بەشداری کۆمیسیۆن بوون هەندێک بە ترس و نیگەرانیەوە قسەدەکەن. ترسیان لەوەیە گەر سبەی لە پرۆسەکە کشایەوە بڵێت؛ تۆ لە کۆمیسیۆنەکەدا فڵان شتت گوت و ئەندامی فڵان لایەنی، دەتوانێت جارێکی دیکە بیگرێت. یانی هیچ گەرەنتییەکی پرۆسەکە نییە. لە تورکیادا هیچ گەرەنتییەک نییە. 'ترسیان لە ئامادەیی ڕێبەر ئاپۆیە بۆ پرۆسەکە' لەلایەکی دیکەوە بەشداری بەهێزمان لە پرۆسەکەدا داخوازمان بوو بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ، ئەوەشمان ڕوونکردەوە تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەرێوەبەرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئەوانەمان کرد کە ڕێبەرێتی دوای لێکردین. یانی لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد. بەڵام لەولایشەوە دۆخێکی ئاوا لە ئارادایە، نزیکەی مانگێکە هیچ دیدارێکی ڕێبەر ئاپۆ نەکراوە، ڕاستە گوتمان گۆشەگیری هەندێک شکێندراوە. ڕاستە ڕێبەر ئاپۆ چەند دیدارێکی ئەنجام دا و بووە هۆکاری زیندووبوونەوەی هیواکان. بەڵام دیداری رێبەر ئاپۆ لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران و سیاسەتمەداراندا وەک پێویست نییە، هەرچەندە خۆی لە خۆدا ئەم دیدارانە بە مەرجی دەستووری ئەنجام دەدرێن. پێگەی دیلگرتن هێشتایش درێژەی هەیە. هەوڵدانی بە ئامرازکردن ئەمەیە، بیرکردنەوەی دەسەڵاتداری ئێستا ئەوەیە هەموو شتێک بکاتە ئامراز و لە بەرژوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. مەبەسمان لە سیستەمێکی سیاسییە کە هەموو بەهاکانی تێکوپەکان داوە. بۆیە هەوڵدەدات بەم شێوەیە نزیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە سەرناگرێت. خواستیانە واقعێکی لەو جۆرە بخوڵقێنن و هەموو شتەکان بەپێی خواستیان بەڕێوەبچێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە یارییەکی شەڕی تایبەتە. دووبارەی دەکەمەوە داڕێژەر و ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە و دەسەڵاتداریش لەگەڵ بیرۆکەکانییدا دانوستانی نەکرد. خۆ ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتییەکی بارزگان نییە، ڕێبەرمان کەسایەتییەکی مێژووییە. ناتوانن بە گوشار و سەپاندن لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک ببنەوە، یان لەڕێگەی فێڵ و ئیستیغلاکردنەوە بگەن بەو خواستەیان. باشە با بپرسین شتەکە ئاوایە؟ چونکە لە ئامادەیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەکە دەترسن، رێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە ئامادەیە. ئامادەیە بۆ سەروەربوونی سیاسەتێکی دیموکراتیک لە تورکیادا. کورد خرایە دەرەوەی کۆمارەوە، ئاشتەوای کوردان لەگەڵ کۆماردایە. مەبەستمان لە ئەنتێگراسیۆن خودی ئەم خاڵەیە. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک تەنها پەیوەندیدار نییە بە ئێمەوە، یانی مەبەستمان لە ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەوەنییە میلیتانە چەکدارەکان بێن بەشداری سیاسەت بن. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنداری لە کۆمار بکات و ببێتە پایەیەکی بنەڕەتی. بەڵام لەم بابەتەدا هێشتایش ئاستەنگی جددی هەیە، وەک ئەوەی لە ڕێگریکردن لە کوردی ئاخاوتنی دایکە نەزاهەت بینیمان لە کۆمیسیۆندا. داخۆ کۆماری تورکیای نوێ، کۆماری دیموکراتیک، کۆماری تورکیایەکی دیموکراتیک بەم شێوەیە دەتوانرێت درووست بکرێت؟ داوا لە هەموو کەسێک دەکەم جددیانە بیر لەم بابەتە بکاتەوە. ئەمە یاری منداڵان نیە؛ ٥٠ هەزار مرۆڤ بوون بە قوربانی!. دەتوانم ئەمە بڵێم، گەر ئەمجارەش ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پر لە توندوتیژی.
ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئاب) کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە ژمارەیەک سەرۆک سەرکردەو کەسایەتیی سیاسی لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن. لە یەکەم رۆژى کۆنفرانسەکەدا، یەکەمین کۆنگرەی ژنانی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی دەبەسترێت و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی سۆسیال دیموکرات هەڵدەبژێردرێت. کۆنفرانسەکە بڕیارە بۆ ماوەى چوار رۆژ بەردەوام بێت، چەندین وتار، بابەت و پانێڵی جیاواز لەسەر پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشكەش دەکرێت. کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت و د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەشداردەبێت. کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، کە تاوەکو 30ـی ئاب بەردەوام دەبێت، ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب و کورد و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە. هەروەها ئامانجیشی ئەوەیە، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی پرۆگرام و حوکمڕانی دیموکراتی بکرێت و لەو رێگەیەوە کار بۆ دامەزراندنی بناغە و دیدگایەکی سیاسی نوێ و پلانی ستراتیجیی سۆسیال دیموکراسی لە جیهانی عەرەبیدا دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت.
لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆخی غەززە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "لە غەززە دەستیپێکرد و لە غەززەش کۆتایی دێت." ئەم وتانە لەکاتێکدان کە سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کردەوە. ناتانیاهۆ لە بۆنەیەکدا لە قودس، قسەی لەسەر حەماس کرد و گوتی: "ئەو ئەهریمەنانە لەوێ بەجێناهێڵین، هەموو بارمتەکانمان ئازاد دەکەین، دڵنیا دەبینەوە لەوەی غەززە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نەکات." هەروەها ئاماژەی بەوەدا حکوومەتەکەی ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات و گوتی: "گوتم ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین و پێکەوە ئەو کارە دەکەین. ئێمە بەشێک لە خاکەکەمان، نیشتمانمان، بنیات دەنێین و دەستیان پێدەگرین و ئێمەش ئەوە دەکەین.” میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی ڕۆژی سێشەممە بەبێ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززە کۆتایی هاتووە، سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێک پێشتر حەماس لەسەری ڕێککەوتبوو. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە کەمتر لە سێ کاتژمێری خایاندووە و "دەنگدانی فەرمی تێدا نەبووە." لەلایەکی دیکەوە، یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، بە توندی هێرشی کردە سەر حکوومەت و ڕایگەیاند: "ئەو ڕاستییەی کە کابینەکە بەبێ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنی بارمتەگرتن کۆبووەوە، شەرمەزارییەکی دیکەی ئەخلاقییە بۆ حکوومەتی 7ـی ئۆکتۆبەر." لاپید جەختی لەوەش کردەوە، بە هەموو ڕاستگۆییەکەوە بە گەلی ئیسرائیل دەڵێم: ڕێککەوتنێک لەسەر مێزەکە هەیە، و ئەگەری هەیە بارمتەکان بگەڕێندرێتەوە سەر ماڵەکانیان و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران شەرمەزارییەکی نیشتمانییە، پرسی بارمتە نەوروژێنرا، کەواتە چی ئەوەندە بەپەلەیە بۆ ئەوان؟ لەم چوارچێوەیەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، سەدان هەزار ئیسرائیلی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ڕێککەوتنێکی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی ئەو 50 بارمتەیەیان کرد، کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن. ئەم خۆپیشاندانە بەرفراوانانە فشارێکی زۆر دەخەنە سەر حکوومەتی ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بگرێتەبەر.