کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، 400 بەربژێر بەهۆى سەرپێچى رێنماییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون. جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان، 400 بەربژێر سزادراون، لەو ژمارەیە 291 بەربژێرى پیاو و 49 بەربژێرى ژن بوون. گوتیشى "60 بەربژێرى دیکە بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون". بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، حەوت هەزار و 768 بەربژێر پەسەندکراون، زیاتر لە 830 کەسیش لە بەربژێربوون دوورخراونەتەوە، کە بەگوتەى جومانە غەلاى زۆرینەیان بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و گەندەڵییەوە بووە. لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، باسى لەوەشکرد، ڕاهێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بەردەوامە و تاوەکو کۆتایى ئەم مانگە بە سێ قۆناغ ڕاهێنان بەسەرجەم کارمەندەکان دەکەن کە ژمارەیان 230 هەزارە. ئامادەکارییەکان لە کاتێکدایە، 13 ڕۆژە بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کاتژمێر حەوتى بەیانى ڕۆژى هەشتى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەردەوام بێت.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەقینەویەک لە نێوان شاری دێرەزوور و مەیادین ڕوویداوە و بە هۆیەوە سێ کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.  ئەمڕۆ پێنج شەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە پاسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریادا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نەوت کوژارون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.  بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، تەقینەوەکە لە ڕێگەی نێوان هەردوو شاری دێرەزوور و مەیادین، نزیک گوندی سەعلۆ لە دەشتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕوویداوە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە، بەڵام گومان دەکرێت شانەیەکی نووستوی سەر بە داعش ئەو تاوانەیان ئەنجام دابێت.  هەروەها باسی لەوەکردووە، دەستبەجێ هێز ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاگوزاریی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زیاد بکات.

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند، "دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین." پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر 30 بەربژێری هەیە چاوی لەوەیە زۆرترین کورسی هەولێر بەدەستبێنێت، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند: "نوێنەرانمان لە بەغدا بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەن.'' جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: ئێمە بۆ مانگێک خزمەتی بەربژێرانمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوار ساڵ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە خەونی گەلەکەمان ببێتە راستی.'' مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند: "لە کوردستان پارتی رکابەری نەماوە، ئەوەی ماوە لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکەین.'' مەسرور بارزانی دەڵێ :"بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، یان ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان رکابەری پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی  لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، رێگری لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەربەست و رێگرییەکان هەڵبگرین، جارێکی دیکە هەموو شتەکان بخەینەوە سەر رێگەی راست، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکان بەهێزتر بن، دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت." مەسرور بارزانی جەختی کردەوە :" نوێنەرانی پارتی دەبێ بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان بکەن لە عێراق، بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە ئەوانەن بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین .'' جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، :"بەشێوەیەکی شارستانییانە بانگەشە دەکەین، داواتان لێدەکەم لە ئاستی پارتیدا بانگەشە بکەن.'' مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەم سەرکەوتنانە کەس خێری پێ نەکردووین و منەتی کەسی تێدا نییە، ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، بەرهەمی ڕەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستکەوتی و جووتیار و مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و دایکا وباوک و خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەیە. بۆیە کەس منەتمان بەسەر نەکات، ئەوەی کردوومانە بەدەست و بازووی خۆمان بەسەتمان هێناوە. گوتیشی: من پەیامێکم بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەیە، پێش هەموو شتک سوپاستان دەکەم، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە هیچ لەو دەستکەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا، خوامان لەگەڵ بووە، دواتر هێزو بازووی ئێوە بووە هێزی بە ئێمە بەخشیوە و توانیوومانە سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین. جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت: بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی دیکە سەرکەوتن بۆ پارتی تۆمار بکەن، گوتیشی: دڵنیابن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ دەدات، خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات، خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی زۆرترین دەنگەکان بەدەست نەهێنیت، ئەوە دەنگانەی بۆ لایەنەکانی دیکە دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان، بۆیە دەبێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین تاوەکوو خزمەتی زیاتر بکەین.

کاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمرۆ 16/10/2025 لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە, عومرەکارێکی کورد بەناوی (مەلیحە ئەحمەد عەلی خان)، لە سنووری عەرعەری سعودیە کۆچی دوایی کرد. کاروان ستونی هەروەها گوتی، ئەم عومرەکارە خەڵکی کەلارە و تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبوە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بوە، بەداخەوە ئەمرۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوی سعودیە لە مەرزی عەرعەر کۆچی دوایی کردوە و دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پڕۆژە یاسای هەموارکراوی باری کەسیی ڕابگرێت، کە بەگوێرەی مەزهەبی جەعفەری داڕێژراوە ڕێکخراوەکە هۆشداریدا کە ئەم هەموارکردنە نوێیە یەکسانیی ژنان دەخاتە مەترسییەوە و وایان لێدەکات ببنە هاووڵاتی پلە دوو.  دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسیێتی دا، لە 27ـی ئاب پەرلەمانی عێراق حکومە شەرعییەکانی دیوانی وەقفی شیعی (لەسەر بنەمای فیقهی جەعفەری) بۆ هەمواری یاساکە پەسەند کرد. بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ، یاساکە لە پرسی هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و مافی منداڵ لە دایک بۆ باوک، جیاوازی لە دژی ژنان دەکات و دەسەڵاتێکی فراوان بە پیاوان دەدات. سارا سەنبەر، توێژەر لە ڕهیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند: "ئەم یاسایە جیاکاری دژی ژنان دەچەسپێنێت و پێگەی یاساییان دادەبەزێنێت، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە." بەگوێرەی هیومان ڕایتس وۆچ: ٠ یاساکە ڕێگە بە پیاوان دەدات بەبێ ڕەزامەندی یان ئاگاداریی ژنەکانیان، گرێبەستی هاوسەرگیری بگۆڕن بۆ ئەم یاسا نوێیە، هەروەها دەتوانن بەبێ ئاگادارکردنەوەی ژنەکانیان تەڵاقیان بدەن.  دوای تەمەنی حەوت ساڵی، مافی گواستنەوەی منداڵ بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ باوک دەبێت، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی منداڵەکە. ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەگوتەی دادوەرێک، یاساکە پێشێلکردنی دەستوورییە و مافەکان لەسەر بنەمای ئایین دەدات، نەک هاووڵڵاتیبوون، ئەمەش جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ژنانی مەزهەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات. نادیە مەحموود، هاوبەشی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ئامانی ژنان، ڕایگەیاند، یاساکە ژن بە هاووڵاتییەکی یەکسان دانانێت، بەڵکو بە شوێنکەوتەی پیاو و بەرپرسیار لە جێبەجێکردنی هەموو خواستیەکانی دادەنێت.

هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەهەسەدە، بەهاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، لەدوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنیدا توانیویانە دووشانەى گروپى داعش دەستگیربکەن و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشیان دەستبەسەرداگرتووە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە میانی ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کە بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، شانەیەکی داعشیان لە گوندی ئەلبەریحە لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردە ئامانج و تیرۆریستێکیان دەستگیرکردوەکە سەلمێندرا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هێزەکانمان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە.  هەر لەو ئۆپرسیۆنەدا هێزەکانی بەشدار توانیویانە دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی لەو تیرۆریستە دەستگیرکراوەدا بگرن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئۆپەراسیۆنی دووەمیش لە گوندی ئەلسەبا لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامدرا، کە هێزەکانمان شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان هەڵوەشاندەوە و دوو ئەندامیان دەستگیرکردووە. دەشڵێن: ئەو دوو ئەندامە دەستگیرکراوە چەندین هێرشی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو کە هێزەکانمان و کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کردبووە ئامانج. هێزەکانمان هەوڵە بەردەوامەکانیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپات دەکەنەوە بۆ بنبڕکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە و وشککردنەوەی سەرچاوەى دارایی و ماددی و ڕێگریکردن لە هەر چالاکیەکی تیرۆریستی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیانى ناوچەکە بکات.

حکومەتی هەرێم سێ ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخان دەکات و یەکەم هۆڵی نەشتەرگەریی تایبەت بە شێرپەنجە لە سەر ئاستی عێراقدا لەو شارە دەکرێتەوە، تووشبوانی شێرپەنجە بە خۆرایی نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت. لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەرج دەکات. هاوکات، یەکەمین هۆڵی نەشتەرگەریی تایبەت بە شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی دەکرێتەوە، کە لەمەودوا بە خۆڕایی نەشتەرگەری بۆ تووشبووان ئەنجام دەدرێت. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی، کە لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە، بەشێکی تایبەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە. بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ماوەی ڕابردوودا نەتوانراوە ئەو بەشە بخرێتە کار، بەڵام "لە ئێستاوە لەو نەخۆشخانەیە بە خۆڕایی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت و ئیتر پێویستیان بە نەخۆشخانە تایبەتەکان نابێت بۆ نەشتەرگەری."

ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى ڕاوێژکاری باڵای حکومەتى ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، پارەی ئاوەدانکردنەوە ناچێتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ دەستێوەردانێک ناکات لەو پارەیەدا، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو  بەرنامەیەکیان هەیە پاداشت بدەنە ئەو کەسانەى کە هاوکارن لە دۆزینەوەو ناسینەوەى تەرمى ئیسرائیلییەکان لەکەرتى غەززەدا. ڕاوێژکاری باڵاکەى ئەمریکا ئەوەشى باسکردووە، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەڕۆن، وتیشى: ئێمە چووینە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززەوە، گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی کاریگەرانەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە. هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئاژانسى رۆیتەرزدا، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، پێکهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستیپێکردوەو دۆخەکە دوای دوو ساڵ لە شەڕی غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر هەستیار ماوەتەوە، وتیشى: هیچ کەسێک لە غەززە ناچار نابێت بچێتە دەرەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری لە غەززە دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەندەنوسیا.

چالاکوانێکی ئایینی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئیستەنبوڵ تیرۆرکرا، کەسوکارەکای گومان دەکەن ئێران دەستی لە تیرۆرکردنەکە هەبێت و بەرپرسانی تورکیاش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. مەسعود نەزەری، چالاکوانێکی ئایینی خەڵکی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لە جوانڕۆوە بۆ ئاڤا پشتڕاستی کردووەتەوە کە مەسعود نەزەری نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشتووە، دواتر چووەتە سووریا و پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانەوە کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک وازی لەو گرووپانە هێناوە و ڕووی کردووەتە ئیستەنبوڵی تورکیا. کەس و کاری مەسعود نەزەری گومان دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە تیرۆرکردنی کوڕەکەیاندا هەبێت، بەپێی قسەکانیان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێرییان کردووە. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی تورکیا هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە بڵاو نەکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆزینەوەی بکوژان بەردەوامن.

گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ مامۆستای ئایینی بە خۆڕایی گەشتی عومرەیان بۆ ڕێکخراوە، راشیگەیاند، پلانیان هەیە تاوەکو رەمەزانی داهاتوو گەشتی عومرە بۆ ١٠٠٠ مامۆستای ئاینی بە خۆڕایی رێکبخەن. کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەو مامۆستا ئایینییانە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەنێردرێن بۆ عومرە، وتیشی: لەسەر داوا و رێنمایی ئێمە دەبێت هەر کۆمپانیایەک، کە ١٥٠ کەس دەبات بۆ عومرە، مامۆستایەکی ئاینیش لەگەڵ خۆی ببات بە خۆڕایی. حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: بە مەبەستی هاوکاریکردنی مامۆستایانی ئایینی و زیاتر گرنگیپێدانیان، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، گەشتی عومرەمان بۆ زیاتر لە ٥٠٠ مامۆستای ئایینی بەبێ بەرامبەر رێکخستووە و تادێت ژمارەی مامۆستایانیش زیاد دەبێت. سەبارەت بە تیروپشک بۆ ناوی حاجییان کاروان ستوونی وتی: تاوەکو ئێستا وردبینی لە فۆڕمەکان تەواو نەبووە، هەندێک لە فۆڕمەکان کەموکورتیان تێدایە، هەندێکیش پێشتر حەجیان کردووە و فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، ناوی ئەو کەسانە دەردەهێندرێت دواتر تیروپشکەکە دەکرێت، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە نەکرێت، بە دڵنیاییەوە لە مانگی داهاتوودا دەکرێت.

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، بڕى ١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار وەک شایستەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ٢٠٢٥ خراوەتە سەر هەژمارى وەزارەتەکەیان بۆ ساڵى ٢٠٢٥.   هەر بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، سبەی لە هەولێردەست بەدابەشکردنى پارەکە دەکرێت و هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی و دهۆک پارەى جووتیاران دابەشدەکرێت، لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى پارەکە، وەزارەتەکە دەڵێت: بەگوێرەى ڕۆژى ڕادەستکردنى گەنمەکان ئەو جوتیارانەى لەیەک تاوەکو ٥٠ تۆن گەنمیان ڕادەستى سایلۆکان کردووە پارەى گەنمەکانیان پێدەدرێت.   جوتیارانی هەرێم لەمساڵدا نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمیان داوەتە سایلۆکان، کە گوژمەی شایستە داراییەکانیان زیاتر لە ٣١٠ ملیار دینارە و تاوەکو ئێستا ٥٧ ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە، بە خەرجکردنى ئەو ١٥ ملیار دینارەى کە سبەى دەست بەدابەشکردنى دەکرێت، ٧٢ ملیار دینار شایستەى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى ٢٠٢٥ خەرجکراوە کە دەکاتە، نزیکەى ٢٥٪ پارەى گەنمى جووتیاران.

دانوستانەکانی ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی هات، لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرکردەیەکی سووریا بوو بۆ ڕووسیا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی لەکارخراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەوزی کۆشکی گەورەی کرێملین کاتژمێر ٢:١٥ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد بەکاتی مۆسکۆ.   لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە سووریا هەوڵدەدات "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکبخاتەوە"، هاوکات سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ حەز دەکات لە قۆناغی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریادا پاڵپشتی سوریا بکات.   سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان باس لە پڕۆژەی تایبەت لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتوگوزار، و تەندروستی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ پێشنیاری کردووە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا کە لە سەردەمی سۆڤیەت دامەزراون و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی وزە، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لە سووریا.   جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هاوکاری لەگەڵ سووریا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، هەروەها مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.

ئەمڕۆ بەرواری ١٥ی شرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بورهان ڕەشید، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێکی پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وتی: بەشدار دەبین و بەردەوام دەبین.   لە پۆستەکەدا ئاماژەی بە ناردنی پەیامێک کردووە بۆ لاهور جەنگی لە زینداندا دەربارەی بەشداربوون یاخود بەشدار نەبوون لە هەڵبژاردندا، ئاماژەی بەوەش داوە کە لاهور جەنگی وەڵامی داوەتەوە و وتویەتی: بەڵێ، بەشدار دەبین و بەردەوام دەبین

ئێوارەى ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند بە فەرمی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی ئاسایی کردووەتەوە. فڕۆکەخانە دەڵێت: ''بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەشتیاران و هاونیشتمانیانمان دەکەین و هیوادارین لە زووترین کــاتـدا، سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان خشتەی گەشتەکانیان بۆ تورکیا و وڵاتانی تری ئەوروپا و جيهان رێکبخەنەوە''. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ئەمڕۆ ٢٠٢٥/١٠/١٥ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانی تورکیا ئاگاداری نامەی (NOTAM) لە سایتی جیهانی بڵاوکردنەوەی ئاگاداری نامە ئەلەکترۆنییەکانی (NOTAM) لابرد لەم ڕوانگەیەوە، ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانی تورکیا، گەشتە ئاسمانی یەکان و ئاسمانی ووڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاسایی کردەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەشتیاران و هاونیشتمانیانمان دەکەین و هیوادارین لە زووترین کــاتـدا، سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان خشتەی گەشتەکانیان بۆ تورکیا و ووڵاتانی تری ئەوروپا و جيهان ڕێکبخەنەوە.

بە فەرمانێکی وەزاریی وەزیری پێشمەرگە زیاتر لە 8700 پلەدارو و پێشمەرگە پلەکەیان بەرزکرایەوە و وەزیری پێشمەرگەش پیرۆزبایی لێکردن و رایگەیاند، دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و باشتکردنی ژیان و گوزەرانیان، ئەولەوییەتی کارەکانیانە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە خشتەی مانگی ئەیلوولی 2025، هەشت هەزار و 721 پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە. وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە داوە، دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، لە پێشینەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییە، هەروەها هەموو هەوڵەکان لەم پێناوەدا بەردەوام دەبن، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان شایستەبوونی پلەکانیان لە وادەی یاسایی و کارگێڕی خۆیدا بەرزبکرێتەوە. وەزیری پێشمەرگە، داوا دەکات، لە بەرانبەر بەرزکردنەوەی شایستەی پلەکانیان، پێویستە پێشمەرگە وەک هەمیشە لە ئەرکی پاراستنی خاک و سنوور و خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی دیسپلینی سەربازییانەی سەردەمی بەردەوام بن.