لەچوارچێوەى قۆناغى یەکەمى ئاگربەست و ئازادکردنى بارمتەکان، بڕیارە ئەمڕۆ حکومەتى ئیسرائیل لەچەند شوێنێکى جیاواز هەزار و ٧١٦ فەلەستینی ئازادبکات. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بەردەوامە، لەگەڵ رادەستکردنی حەوت بارمتەی دیکە لەلایەن حەماسەوە. هاوکات، لێدوان و هەڕەشەی دژبەیەک لەلایەن هەردوو لاوە، داهاتووی ئاگربەستەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز، ٢٥٠ فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودس و دەرەوەی وڵات ئازاد دەکرێن. پاسەکان بە یاوەریی کارمەندانی خاچی سوور دەستیان بە جووڵە کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو زیندانییە فەلەستینیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون و ئازاد دەکرێن. بزووتنەوەی حەماس حەوت بارمتەی دیکەی زیندووی رادەستی خاچی سوور کرد. میدیاکانی ئیسرائیلیش پشتڕاستیانکردەوە کە سوپا ئەو بارمتانەی وەرگرتووەتەوە. لە دیمەنێکدا ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەکەیەوە راستەوخۆ سەیری پرۆسەکەی کردووە. سەرباری رێککەوتنی ئاگربەست، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئامانجە سەربازییەکانیان کردەوە و رایگەیاند، "حەماس لە چەک دادەماڵین و تونێلەکانی غەززە لەناو دەبەین." لێدوانەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکە بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت و دەڵێت، "ئیسرائیل نەیتوانی بە هێز بارمتەکان ئازادبکات و ناچاربوو رێککەوتن بکات."
دواى ڕادەستکردنى یەکەم گروپى بارمتەکان، بزوتنەوەى حەماس ڕایگەیاند ئێمە هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی دیلەکانی داگیرکەر لە کاتێکدا دوژمن قێزەونترین تاوان بەرامبەر بە دیلەکانمان ئەنجام دەدات. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە غەززەن، دەستیپێکردوەو کەتیبەکانی عیززەدین قەسامیش ناوی ئەو 20 بارمتە ئیسرائیلییەی بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ ئازادیان دەکات. خاچی سووریش دەڵێت، 7 بارمتەی ئیسرائیلیان رادەست کراوە. کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور گەیشتنە غەززە بۆ وەرگرتنی بارمتەکان لە حەماس کە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن. حەماس ناوی 20 بارمتەی زیندووی ئاشکرا کردووە و ئەمڕۆ رادەستیان دەکاتەوە. ئیسرائیلیش دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی. بەرەبەیانى ئەمرۆ دووشەممە بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) بەیاننامەیەکى بڵاوکردەو تیایدا دەڵێت: داگیرکەری نەیتوانی بە زۆر دیلەکانی ئازاد بکات و ناچار بوو ملکەچی مەرجەکانی بەرخۆدان و گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردن بێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕووو کە ئەوان ئێمە هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی دیلەکانی داگیرکەر لە کاتێکدا دوژمن قێزەونترین تاوان بەرامبەر بە زیندانییەکانمان ئەنجام دەدات. هەر لەو بەیاننامەیەدا حەماس دەڵێن: پرسی زیندانیان تا ئەوکاتەی دوایین زیندانی ئازاد دەکرێت، لە پێشینەی کارەکانمان دەمێنێتەوە.
بەرەی گەل لەسەر ڕوداوەکانی لالەزار هێرشی توند دەکاتەسەر دەسەڵاتی دادوەری و دەڵێت، سەرۆکی دامەزراوەی دادوەری لەهەموو کەس زیاتر پێشێلی یاسا دەکات. بەرەی گەل لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" بەداخەوە لەعێراق و هەرێمی کوردستان یاسا و سەروەری یاسا لە ژێر گومانێکی یەکجار زۆردان، هێزی میلیشیایی واتە بونی یاسا و دەستور، سەرۆکی دامەزراوەی دادوەری لەهەموو کەس زیاتر پێشێلی یاسا دەکات، خۆی کردوە بە سیاسیەکی تەواو جوڵەپێکراو لەپێناو جێبەجێکردنی هەژمونە سیاسیە ئاراستەکراوەکان ". بەرەی گەل لەڕاگەیەنراوەکەیدا ئەوەشیخستەڕوو،" بەبەرچاوی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدڕال و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دامەزراوە دادوەری و تەواوی دامەزراوە بالاکانی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرۆکایەتی هەرێمەوە تاکو وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆک حیزبێک دەیان هەزار چەکدار جوڵە پێدەکات بەچەکی پێشکەوتو پەلاماری مالی کەسێکی ڕەسمی و سیاسی دەدات و بەئاگر و ئاسن کۆمەلکوژی ئەنجام دەدات ". بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت،" لەبەرمبەر ئەوەی تاوانبار دەستگیربکرێ یان لۆمە بکرێ، کەچی هەموی دەستی لەناو دەستی دەنێ و دەستی دەگوشێ، بۆیە تەواوی دامەزراوە رەسمی و دادوەری و سیاسیەکانی عێراق لەلای ئێمە لەژێر پرسیارن و زەحمەتە قەناعەت بەوەبێنین کە دامەزراوەی سەربەخۆی سیاسی و نیشتیمانین، بەڵکو بەپێچەوانەوە کۆی گشتیان لەژێر پرسیاری قوڕسی شەرعی بوندان ".
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی رۆژی پێنجشەممە 9-10-2025ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە کاتێکی گرنگ و هەستیاردا بوو. دڵشاد شەهاب ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد. دڵشاد شەهاب وتی: "پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لەو پرسانەی کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. پرۆسەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوا پرسێکی گرنگە کە دەوڵەتی تورکیا کاریگەری بەسەر پرسەکانەوە هەیە. بابەتی پەیوەندیی دووقۆڵی ئێمەش بابەتێکی بەردەوامە؛ سنوورێکی بەرفراوانمان هەیە، پەیوەندیی ئابووریمان هەیە، پەیوەندیی دیپلۆماسیمان هەیە، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە. هەموو ئەم پرسانە بابەتی گەرمی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ئەردۆغان بوون". دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە "پێشنیاز"ی بۆ بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوە بووە کە "لە دیمەشق بن و چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کەس فەرموویان لێبکات"؛ گوتیشی، "سووریا وڵاتێکە لەزۆر رووەوە لێکچوونی لەگەڵ عێراق هەیە؛ وڵاتێکی فرە ئایینە، فرە نەتەوەیە، فرە ئایینزایە، فرە پێکهاتەیە و بۆیە دەبێت ئەوان دەستپێشخەربن لەوەی کە دەرفەتی یەکسانبوون یان بوونی هەمووان لەوێ فەراهەم بکرێ. ئەمە سیاسەتی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسەی بەم ئاراستەیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا باسکردووە. ئەوانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت، سووریای ئێستا و ئایندە جێگەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا ببێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی براکانی ئێمەیە لە رۆژئاوا". دڵشاد شەهاب لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە لایەن تورکیایشەوە قسەی کرد و رایگەیاند، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە "هەوڵێکی بەردەوام و خەمێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. بڕیارەکە دراوە، ئەوی دیکە هەمووی بابەتی تەکنیکین". سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت بۆ دواکەوت؟ هیچ کێشەیەک هەیە؟ دڵشاد شەهاب ئەوەى خستەڕوو پێش چەند رۆژێک باسمان کرد، بەداخەوە ئێمە هێندەی لە تواناماندا بووە چووینەتە پێش، ئێمە لەسەر دیدگەیەکی هاوبەش بۆ حوکمڕانیی کوردستان کە هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە ژیانی سیاسی، یاسایی، ئابووری، کارگێڕی، پەیوەندییەکان، ئەمنی، هاوبەشییەکی راستەقینە، هاوبەشبوون لە بڕیاردان، هەموو ئەمانە لەو رێککەوتنە سیاسییەدا یان ئەو دیدگە هاوبەشەدا هەن. باوەڕی ئێمە وابوو کە ئەوە گرنگە، بناخەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناخی ئایندە، ئەم هەموو بەرچاوڕوونییە تێیدا خراوەتەڕوو،. هەروەها وتیشى: بەڵام ئیدی برادەران نەهاتنە پێش لەگەڵمان. لای پارتی هیچ کات نە دەرگەی گفتوگۆ دادەخرێ، نە دەرگەی گەیشتن بە ئەنجام دادەخرێت، دواجار ئێمە بەرپرسیارێتیمان لەم وڵاتە هەیە، هەموو رێگەیەکی دروستی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین، بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و شەرعییەت تازەکردنەوە.
تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سێ فیرقەو چەند لیوایەکی سەربازیی سوپا دەستپێدەكات بۆ ناو سوپای سوریا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تێکەڵ بەوەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێت، هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوەو بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستنیش، هێزێک نامێنێت بە ناوی (هەسەدە)، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسەندکراون. سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا وردەکاری ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئاشکرا کردووە کە لە نێوان حکومەتی سوریا و شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدراوە، لەمیانی کۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردوو كە لە دیمەشق بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە دیدارەکەی دیمەشقدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریاو، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئامادەی بوون. دواتر دیدارێکی دیکە لە نێوان شاندی هەسەدەو، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و حسێن سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی بەڕێوەچوو. ئەو سەرچاوەیە روونی کردووەتەوە: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بە نێوەندگیری ئەمەریکا بووەو رێككەوتون لەسەر ئەوەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەڕێی تێکەڵکردنی سێ فیرقە و چەند لیوایەکی سەربازیی سوپای هەسەدەوە بێت بۆ ناو سوپا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)یش تێکەڵ بە هێزەکانی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێت. ئاماژەی بەوەشداوە: هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوە لە ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، هاوشانی دامەزراندنی بەرپرس لەلایەن حکومەتی سوریاوە بە سازان، بەمەرجێک لە دانیشتوی ناوچەکە بن. بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستن، چیتر هێزێک نامێنێت بە ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان ئاسایش، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسەندکراون. عەبدی و شەرع رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ماوەیەكی كورتدا. سەرچاوەکە راشیگەیاندووە: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان سوریاو ئەمریکا بووەتە هۆی رەزامەندی حکومەتی سوریا بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. وتوشیەتی: سوپاو هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا دەکەن، دوای تەواوبونی یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەنە 120 ملیار دینار ڕادەستی بانکی ناوەندیی عێراقی لە هەولێر بکەن. دەشڵێت، هەر لەگەڵ گەیشتنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکەن. یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، چاوەڕێی بڕیاری بەغدا دەکەن بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، کە بڕیارە لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر بدەن، هاوکات ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار بە بانکی ناوەندیی عێراقی لە هەولێر نیشان دا. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆ (ئەیلوول)، ئاماژەی دا "وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچهخۆرانی ئامادە کردووە و هیچ کەموکورتییەک لە لیستی مووچەخۆراندا نییە." ڕوونیشی کردەوە، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت، تیمێکی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی مانگی نۆ. هەروەها دڵنیایی دا "هیچ دواکەوتنێک لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ئەوان مووچەیان درەنگ ناردووە و لە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووین."
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، لە دادگای سلێمانی بڕیار لەسەر دۆسییەی کوژرانی مێردمنداڵێک درا کە ساڵی رابردوو بە دەستڕێژی ئەندامێکی هێزەکانی کۆماندۆ کوژرا و بەپێی بڕیارەکەی دادگا، تاوانبار بە سزای بەندکردنی هەتاهەتایی سزادراوە. ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی دوو دۆسییەی کوشتن لەلایەن دوو کارمەندی هێزەکانی کۆماندۆوە بڕیاری لەسەردراوە، یەکەمیان سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ کارمەندێکی کۆماندۆ لەسەر کوژرانی مێردمنداڵێک بەناوی "شا رەوەندە بابا عەلی" کە ساڵی 2024 لە گەڕەکی راپەڕین کوژرا. دۆسییەی دوەەمیش پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر کارمەندێکی دیکەی کۆماندۆ بە تۆمەتی کوشتنی "ئاری چایچی" بەهەمان شێوە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی لە ساڵی 2024.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد. سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "بە پێویستی دەزانم هەندێک بگەڕێمەوە بۆ مێژوو، دەوڵەتی عێراق کە دامەزرا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، ئەمەش دوای ئەوە هات، دوای ئەوەی پەیماننامەی لۆزان و ڕێککەوتنی سیڤەر تێکچوو، تەنیا مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان کە ئایا لەگەڵ عێراق بن یاخود لەگەڵ تورکیا بن، تەنیا بە باشووری کوردستان درا، ئەوانی دیکە دابەش کران هەروەک هەموو ناوچەکە دابەش کران، ئەو کاتە کوردی باشوور دەنگیان دا کە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن، بەڵام بە مەرجێک کە هاوبەش بن لە حوکمدا، بەڵام بە داخەوە ئێمە نەوەک هەر نەبووینە شەریک، مافی هاووڵاتیشیمان نەبوو، دوای ئەوە مافی ژیانیشمان نەما، شەراکەتی ئێمە بووە ئەنفال، کیمیاباران و وێرانکردنی دێهاتمان، زۆر لەوە بە داختر دوای 2003، نانی ماڵ و منداڵی ئەو ئەنفالکراوان و کیمابارانکراوانەیان بڕی، لەبری ئەوەی قەرەبووی ئەو قوربانییانە بدەن". سەرۆک بارزانی ئومێدەوارە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی دیکە بۆ هەموو عێراق بێنێتە پێش و ئیتر ئەو هەڵانەی کە کراون دووبارە نەبنەوە. راشیگەیاند، "سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و زۆردارییەی کە لە خەڵکی کوردستان کرا، بەڵام مەردانە سەربەرزانە لە مەیدان وەستان و خۆیان نەچەماند و بەرگرییەکی مەردانەیان لە ماف و هەوڵی خۆیان کرد، لە هەر دەرفەتێک کە بۆ ئاشتی هاتبێتە پێش لە دەستیان نەداوە، لە ساڵەکانی 1963، 1964، 1966، 1970، 1990، لە هەموو ئەم مێژووانە گفتوگۆ کراوە بۆ ئاشتی، بەڵام لە ئەنجامدا بە داخەوە دووبارە شەڕ دەستیپێکردەوە، چونکە بڕوایان بە ماف و پێکەوە ژیان و دیموکراتی نەبوو، دروشمی شۆڕشی ئەیلوول (دیموکراتی بۆ عێراق، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) بوو ئەو کات، ئەو سەردەمە تەشخیسی پارتی زۆر ڕاست و دروست بووە، ئەگەر دیموکراتی لە عێراق نەبێ، نە کورد و نە عەرەب و نە تورکمان و نە هیچ دین و مەزهەبێک و ناتوانێت بە مافی خۆی شاد بێت". سەرۆک بارزانی وتی، "ساڵی 2003 دەرفەتی زێڕین بوو، بەعس رووخا و ئێمە بە نیەتێکی پاک چووینە بەغدا بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ دامەزرێنین لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان؛ بە هەموو توانایەکمان هەوڵماندا تا ئەو عێراقە دروست ببێت، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی 2005 دەستوور بنوسرێتەوە و کەس بەقەد ئێمە ماندوو نەبوو پێوەی، ئێمە ئەوکات وتمان دەستوور هەموو داوای ئێمە جێبەجێ ناکات، بەڵام تا ئاستێکی زۆر باشە و مافەکانمان دەستەبەر دەکات، لایەنی ئەرێنی زۆر لە نەرێنی باشترە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، زۆر گرفتی نێوان ئێمە و بەغدا ڕوویان نەدەدا، بەڵام بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوون". وتیشی، "هەرچەندە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێدەکرێت نا یەکسانە و سنووردار کراوە، لەبەر ئەوە ئومێدەوارین ئەم یاسایە لە داهاتوودا بگۆڕدرێت، دەمەوێ بۆ ئەو کەسانەی لە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان بوون و کێبڕکێیان دەکرد کە ئایا کێ زیاتر ئەزێتی کورد دەدات، بەبیریان دەهێنمەوە کە چەند بڕگەیەک هەیە لە دەستوور با بیخوێننەوە ئەوکات دەزانن کە هەرێم چەند غەدری لێکراوە". ئەوەشی خستەڕوو، "مادەی یەکەمی دەستوور دەڵێت، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی، دەوڵەتی مەرکەزی دوای 2003 نەما بەگوێرەی رێککەوتنەکان، هەر رەفتارێکیش مەرکەزی بێت نادەستوورییە". سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد، "مادەی سێ دەڵێت، عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە، ئایین و مەزهەبن، واتای ئەوەیە کە بەیەک پێکهاتە عێراق بەڕێوە ناچێت و دەبێت هەمووی هاوبەش بن". داواشی لە بەربژێران و لایەنگرانی پارتی کرد، هەڵبژاردنێکی زۆر هێمن بەڕێوەببەن، تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی ئێوەش دڕێندرا، ئێوە ئەو کارە مەکەن، بەرگری لە ستەملێکراو بکەن و دوور بن لە موزایدە هەر لە وتەکانیدا سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەشڵێت. "ئامۆژگاریی من بۆ ئەوانەی پیلانگێڕی دژی پارتی دەکەن، بەخۆیان بچنەوە، پارتی بە ئێوە ناشکێت و هەرێمـی کوردستان بە هاوپەیمانیی ئێوە ناشکێت". لە کۆتایی وتەکانیشیدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوەکردەوە، "دەمانەوێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و چارەسەری کێشەکان لە گەڕانەوەدایە بۆ دەستوور".
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد. سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردنێک گرنگە و هەر هەڵبژاردنێکیش لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دەبێت". ئاماژەی بەوەکرد، "خۆشحاڵم بەربژێری عەرەب و تورکمان لە لیستی پارتیدا هەن، ئامۆژگاریتان دەکەم یەک دەستبن، چونکە بەربژێرانی پارتی نوێنەری هەموو پارێزگایەکی عێراقن". سەرۆک مەسعود بارزانی وتی، "دەوڵەتی عێراق لەسەر بنچینەی هاوبەشی کورد و عەرەب دامەزرا، بەڵام ئێمە نەک نەبووینە هاوبەش مافی هاوڵاتیبوونیشمان نەبوو، بۆیە پێویستە نە ئێمە و نەئەوان هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە". وتیشی، "هیچ کاتێک دەرفەتی ئاشتیمان لەدەستنەداوە و هیچ دەستپێشخەرییەکی عێراقمان بۆ ئاشتی رەتنەکردووەتەوە". سەرۆک بارزانی باسی لە دەستووری عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا، "دەستووری عێراق باشە، بەڵام بێ کەموکوڕی نییە، هەروەها عێراق پابەند نییە بە دەستوور، ئەگەر کار بە دەستوور بکرایە زۆر کێشە لە عێراق روویان نەدەدا". جەختی لەوەشکردەوە، "یاسای هەڵبژاردن دادپەروەرانە نییە و دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت". راشیگەیاند، "بەپێی دەستوور سیستمی مەرکەزی لە عێراقدا نەماوە، هەروەها عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی مادەی 140 دەدزێتەوە، بەڵام گلەیش لە نوێنەرانی کورد دەکەم لە بەغدا کە مادەی 140یان ئیهمال کردووە و هەوڵێیان نەداوە بۆ جێبەجێکردنی". سەرۆک بارزانی دەڵێت، "زۆر باسی بابەتی نەوت و غاز دەکرێت، ئێمە زیاتر لە هەفتەیەک گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەم بابەتە، مادەی 111 باس لەوەدەکات، نەوت و غاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو پارێزگا و هەرێمەکان، ئێمە هیچ خیلافمان لەسەر ئەم مادەیە نییە، هەروەها مادەی 112ش دەڵێت، بە رێککەوتن یاخود بە یەکەوە داهاتی نەوت و بەرهەمەکانی بۆ هەموو خەڵک دەبێت، رێککەوتین بەیەکەوە بێت و هەرێم پێشێلکاری نەکردووە". باسی لەوەشکرد، "مادەی 115 و 121 کە باسی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام جێبەجێ نەکراون"، وەک مەسعود بارزانی تیشیکی خستەسەر، "ئەو دادگا فیدراڵییەی ئێستا هەیە، ئەو دادگایە نییە لە دەستووردا هاتووە". داواشی لە بەربژێران و لایەنگرانی پارتی کرد، هەڵبژاردنێکی زۆر هێمن بەڕێوەببەن، تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی ئێوەش دڕێندرا، ئێوە ئەو کارە مەکەن، بەرگری لە ستەملێکراو بکەن و دوور بن لە موزایدە هەر لە وتەکانیدا سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەشڵێت. "ئامۆژگاریی من بۆ ئەوانەی پیلانگێڕی دژی پارتی دەکەن، بەخۆیان بچنەوە، پارتی بە ئێوە ناشکێت و هەرێمـی کوردستان بە هاوپەیمانیی ئێوە ناشکێت". لە کۆتایی وتەکانیشیدا سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە، "دەمانەوێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و چارەسەری کێشەکان لە گەڕانەوەدایە بۆ دەستوور".
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى لەڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو حەماس بە ناوبژیوانان و ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ٢٠ بارمتە زیندوون ئەمشەو لەچەند جێگەیەکى جیاواز دەستدەکات بە ئازادکردنیان، سەبارەت بە تەرمى بارمتە مردووەکانیش ئەوەیان خستوەتەڕوو کە شوێنی هەندێک لە بارمتە کوژراوەکان نازانن. وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئیسرائیل دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات. ئوسامە حەمدان، بەرپرسی حەماس رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکە، بڕیارە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەیانیی رۆژی دووشەممە وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە دەستپێبکات". سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور، سەرپەرشتیی لووتکەی زیاتر لە 20 وڵات دەکەن. ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس بە ناوبژیوانان و ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، شوێنی هەندێک لە بارمتە کوژراوەکان نازانێت، ڕەنگە بەزەحمەت ئەو خشتەیەی 72 کاتژمێری بۆ گواستنەوەی تەرمەکان جێبەجێ بکات. هەروەها ئیسرائیل پێی وایە دیاریکردنی شوێنی تەرمەکان کاتێکی زیاتری دەوێت. بە وتەی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل کە قسەی لەگەڵ کەناڵى N12 کردووە، گەڕانەوەی بارمتەکان هەوڵێک نییە لەلایەن حەماسەوە بۆ وەستان بۆ ماوەیەک، بەڵکو ئامادەکارییەکی ڕاستەقینەیە لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی دیاریکردنی شوێنی بارمتە کوژراوەکان. هەمان بەرپرس ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی "گەورە"یە، لە ژێر نادڵنیایییەکی زۆردایە. بە وتەی ئەو، هەموو خشتە کاتییەکان بۆ ئیسرائیل ڕوون نین. مەزەندە دەکرێت کە قودس تەنها چەند کاتژمێرێک پێش گەڕانەوەی ڕاستەقینەیان زانیبێتی کەی بارمتەکان ئازاد دەکرێن. بەپێی یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن، بارمتەکان لە چەند خاڵێکەوە لە یەک کاتدا دەڕۆن. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە هەموو بارمتە زیندووەکان بگەنە هەمان خاڵی کۆبوونەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ وەرگرتنی هەموو بارمتەکان بە یەکجار . خاچی سوور کە شەوی ڕابردوو سەرۆکی وەفدەکەی بانگەوازێکی هەماهەنگی ئەنجامدا لەگەڵ ڕێکخەری زیندانییەکان و بێسەروشوێنەکان، گال هیرش، ئامادەیە بە نێوان ٦ بۆ ٨ ئۆتۆمبێلەوە بگاتە خاڵی کۆبوونەوەکە بۆ کۆکردنەوەی بارمتەکانى لاى حەماس.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتاربێژانی هەولێر بەڕێوەچوو. مەسرور بارزانی لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "مامۆستایانی ئاینی ڕۆلێکی گرنگیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە، هەروەها لە پێشخستنی زمان و ئەدەب و رۆشنبیری کوردیدا رۆلێکی کارایان هەبووە". ئاماژەی بەوەکرد، "مامۆستایانی ئایینی رۆلێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتیمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی لە بەیەکەوەژیانی ئایینی لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە". مەسرور بارزانی وتی، "بینییومانە مامۆستایان هاوشانی پێشمەرگە لەبەرانبەر ستەمکاران وەستاونەتەوە". وتیشی، "ئێمە بەوەوە جوانین كە رووی راستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێت وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆشبووێت نەك لێی بترسن".
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەی "ئووم ئەلنوور" لە شارۆچکەی عەنکاوە کردەوە و وتارێکی پێشکەشکرد. مەسرر بارزانی لەمیانەی وتارەکەیدا رایگەیاند، "ئەم کەنیسەیە دیارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم بەشێکی زۆریان ئاوارەی دەشتی نەینەوان، کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێیدا دەکەن". ئاماژەی بەوەکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە سەپێنراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان بتوانن بەسەربەرزی و بائارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و کەنیسەکانیان". مەسرور بارزانی وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی دەدات بە هەموو ئایینەکان و قوڵکردنەوەی بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەرخستنی پەیامی ئاشتیی و پێکەوەژیان لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند کە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئیسرائیل دوای قۆناغی گەڕاندنەوەی بارمتەکان، وێرانکردنی تەواوی تونێلە تیرۆریستییەکانی حەماسە لە غەززە. بەپێی پلانی ترەمپ، لەگەڵ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە شارەکانی غەززە، هێزێکی فرەنەتەوە لە میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات جێگەی دەگرێتەوە، کە لەلایەن ناوەندێکی فەرماندەیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکاوە لە ئیسرائیل هاوئاهەنگیی بۆ دەکرێت. کاتز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کارە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە رێگەی میکانیزمێکی نێودەوڵەتییەوە کە بە سەرۆکایەتی و چاودێری ئەمریکا دادەمەزرێت. وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە واتای سەرەکی جێبەجێکردنی بنەمای بێچەککردنی غەززە و پووچەڵکردنەوەی چەکەکانی حەماسە. کاتز راشیگەیاند: "رێنماییم بە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە ئامادە بکەن." ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکە بەیانیی رۆژی دووشەممە دەست بە ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکات، کە لە غەززە دەستبەسەرن، ئەمەش پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی پلانی ئاشتییەکەی بۆ ناوچەکە لە میسر بکات. وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئیسرائیل دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات. ئوسامە حەمدان، بەرپرسی حەماس رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکە، بڕیارە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەیانیی رۆژی دووشەممە وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە دەستپێبکات". سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور، سەرپەرشتیی لووتکەی زیاتر لە 20 وڵات دەکەن. رۆژی شەممە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەیرید کوشنەر، زاوای ترەمپ، سەردانی غەززەیان کرد.
لە هەرێمی کوردستان 29 هەزار خانەنشینی نوێ چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەتن، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغداد بکات. لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی یەکخستنی تەمەنی خانەنشینی لەگەڵ عێراق، زیاتر لە 27 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، لەگەڵ تەواوبوونی مامەڵەی دوو هەزار کەسی دیکە لەم مانگەدا، کۆی گشتیی ژمارەکە دەگاتە 29 هەزار خانەنشین. بەپێی یاساکە ئەو خانەنشینانەی 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، شایستەی وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەتن (ئیکرامیە) کە بریتییە لە 12 مووچەی تەواو. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوو شاندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن، لیستی ئەو خانەنشینانە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دۆسیەکانیان تەواودەبێت و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە". ئەمەش دوای ئەوەدێت، لیستی ئەو خانەنشینانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول خانەنشین دەبن و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام خەرجنەکراوە.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان کەنیسەی ئوم ئەلنووری لە عەنکاوە دەکاتەوە. ئەم کەنیسەیە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. ئەمڕۆ یەکشەممە،12ـی ئۆکتۆبەری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەی "ئووم ئەلنوور" لە شارۆچکەی عەنکاوە دەکاتەوە، کەنیسەى ئوم ئەلنوور لەسەر ڕووبەری شەش هەزار مەتر و گوژمەی پڕۆژەکە، بە چوار ملیار و 290 ملیۆن دینار لە عەنکاوە دروستکراوە. شوێنی هەزار کەس لەناو کەنیسەکەدا دەبێتەوە. بە گوتەی مەترانی کاتدرائی، کردنەوەی ئەو کەنیسەیە زۆر گرنگە بۆ کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. چەندین ئاینزای جیاواز لە هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە دەژین، ئەمەش سیمایەکی گەش و دیاری بەخشیووە بە پێکەوەژیان لە کوردستان. دوای هاتنی چەکدارانی داعش لە 2014 هەزاران مەسیحی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەشێکیان نەگەڕانەوە و بڕیاریاندا لێرە بژین. خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە ئاڤا میدیای وت، کەنیسەی ئوم ئەلنوور لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 دەستکرا بوو بە دروستکردنی، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لە کەنیسەکە وەستا بوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان فەرمانی کرد کەنیسەکە تەواو بکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان دەشڵێت: ڕووبەری کەنیسەی ئوم ئەلنوور نزیکەی پێنج هەزار مەتر دووجایە، جێگای زیاتر لە هەزار کەس دەبێتەوە. بۆ ئاوارە سریانییە ئەرسۆدۆکسەکان دروستکراوە. شارۆچکەی عەنکاوە تاکە شارۆچکەی هەرێمی کوردستانە کە ھیچ شارەدێ و گوندێکی نییە و کەوتووەتە ناو ناوەندی هەولێرەوە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا بووە شارۆچکە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە کلدان و ئاشووریین، کە زۆربەیان پەیوەستن بە کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی. لە هەرێمی کوردستان 151 کەنیسە، 76 مەزار، 10 دێری مەسیحییەکان هەیە.
